2017-03-29
ئاوه‌ز و شۆڕش
Reason and Revolution
"هێربێریت ماركیوز"
Herbert Marcuse
پێنووس: بۆ ناساندنی "هیربێرت ماركیۆز" (1898-1979) ئه‌وه‌نده به‌سه كه ناوبراو له‌و تاقمه فه‌یله‌سووفه چه‌پگه‌را ئه‌ڵمانییانه بوو كه له پاش زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی نازییه‌كان به‌سه‌ر ئه‌ڵمانیادا، بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆچی كرد و له ئه‌مریكادا درێژه‌ی به كار و به‌رنامه‌كانی به قوتابخانه‌ی فه‌لسه‌فی-كۆمه‌ڵایه‌تیی فرانكفۆرت دا. زۆربه‌ی فه‌یله‌سووفه‌كانی ئه‌م قوتابخانه‌یه، له‌و ماركسیستانه بوون كه له خه‌ون و خه‌یاڵی دروستكراوی ماركسیزم ڕزگاریان ببوو. له لایه‌ك له ماركسیزمی ڕێكخراو و فه‌رمیی ستالینی له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و ئاكامه خوێناوییه دژه مرۆیییه‌كانی، كه‌وتبوونه ناو ترس و دڵه‌ڕاوكێ و، له لایه‌كی تره‌وه له هاتنه‌سه‌ركاری تۆتالیتاریزمی نازیستی له وڵاته‌كه‌یان بێزار و شه‌رمه‌زار ببوون.
به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌و قوتابخانه‌یه، وه‌كوو "هانا ئارێنت"، ئه‌وه‌نده له ده‌سه‌ڵاتی تۆقێنه‌ر و سه‌ركوتكاری ستالینی بێزار ببوو، كه له ڕه‌خنه‌گرتن له ماركسیزیمی فه‌رمیی ستالینیدا هه‌ڵوێستێكی نزیك له هه‌ڵوێستی دژه‌ماركسیستیی گرته به‌ر. به‌ڵام "هێربێرت ماركیۆز"، به بنه‌ما فه‌لسه‌فی و دیالێكتیكی و ماركسیستییه‌كانی خۆی تا ڕادده‌یه‌ك هه‌ر وه‌فادار و پابه‌ند مایه‌وه. هه‌روه‌ها "ماركیۆز" ستالینیزم وه‌ك شوانێكی لاده‌ر له بنه‌ماكانی ماركسیزمی ڕاسته‌قینه ده‌ناسی و پێناسه‌ی ده‌كرد.
"هیربێرت ماركیۆز" له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا هێرشی توندی كرده سه‌ر كه‌لتووری به‌رخۆری و دژه‌ڕووناكبیری و به‌په‌له‌ی جیهانی سه‌رمایه‌داری. بۆیه ماركیۆز ئه‌و تیۆرییه‌ی خسته ڕوو، كه ئاستی به‌رهه‌مهێنان و ته‌كنه‌لۆژی و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووریی ئه‌مریكا، گه‌یشتۆته شوێنێك كه ئێستا ده‌توانێت به كه‌مترین ڕێژه‌ی كار، هه‌موو ئامراز و پێداویستییه‌كانی خۆراك و خۆشگوزه‌رانیی هاووڵاتیانی ده‌سته‌به‌ر بكات. به‌پێی بۆچوونی "ماركیۆز"، چیتر ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه پێویستیی به هه‌وڵی شه‌و و ڕۆژانه نییه و، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و چۆنێتیی دابه‌شكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه پیشه‌سازییه‌كان فۆرمێكی ته‌ندروستیی هه‌بێت، ئه‌وه هه‌ر تاكێك ده‌توانێت كه‌مترین كاتژمێری ڕۆژانه بۆ كاری به‌رهه‌مهێنان و زۆرترین كات بۆ به‌كارهێنان و ده‌ستكه‌وتنی خۆشییه‌كانی ژیان و حه‌ز و ویسته كه‌لتوورییه‌كانی ته‌رخان بكات. ئه‌م تیۆرییه له كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی پێشكه‌وتوودا، به‌تایبه‌ت له‌نێو ئه‌و ڕووناكبیرانه‌دا كه دژی كاری "له‌خۆنامۆبوو"ن، پێشوازییه‌كی به‌رفراوانی لێ كرا. تا ئه‌و ئاسته‌ی كه بۆ ماوه‌یه‌ك "ماركیۆز"، بوو به بت و پێشه‌وای ڕووناكبیرانی كۆمه‌ڵگه پیشه‌سازییه پێشكه‌وتووه‌كان. ئه‌م تیۆرییه‌ی ماركیۆز له دوو سه‌رچاوه‌وه هه‌ڵده‌قووڵێت: یه‌كێكیان چه‌مكی كاری له‌خۆنامۆبووی ماركس و هیگڵ و، ئه‌وه‌ی دیكه "فرۆیدیزم".
ئه‌م كتێبه به‌پێچه‌وانه‌ی دوو كتێبه‌كه‌ی تری ماركیۆز: "خۆشه‌ویستی و شارستانییه‌ت" و "مرۆڤی تاكره‌هه‌ند"، ماركیۆز ئه‌م كتێبه‌ی بۆ ئه‌كادیمی و زانكۆكان نووسیوه. ماركیۆز زیاتر ڕووی قسه‌ی له قوتابیانی زانكۆ و توێژه‌رانی فه‌لسه‌فه و كۆمه‌ڵناسییه. ئه‌م كتێبه له ڕوانگه‌ی ماركیۆزه‌وه، ناساندنی ڕاسته‌قینه و بێلایه‌نانه‌ی فه‌لسه‌فه و لۆژیكی دیالێكتیكی و به‌رگریكردنه لێیان، له هه‌مبه‌ر ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی كه ماركس و ماركسیزم، ده‌كه‌نه بنه‌مایه‌ك و زه‌مینه‌یه‌ك بۆ دروستكردنی ستالینیزم و، له لایه‌كی تره‌وه هیگڵ ده‌كه‌نه به‌ستێن و زه‌مینه‌ی دروستبوونی نازیزم.
ماركیۆز هه‌وڵ ده‌دات له‌م كتێبه‌دا، له سه‌ره‌تادا به به‌ڵگه‌ی زانستی و به‌پێی میتۆده باوه‌كانی فه‌لسه‌فه له جیهانی ڕۆژاوایی‌دا، فه‌لسه‌فه و لۆژیكی دیالێكتیكی هیگڵ بكاته بنه‌مای بنچینه‌ییی فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزم. دواتر هه‌وڵ ده‌دات به شرۆڤه و شیكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رهه‌مه‌كانی ماركس، ئه‌وه ده‌ربخات كه ماركس له هه‌ر جۆره "كۆمه‌ڵگه‌گه‌رایی" و "كۆمه‌ڵگه‌ته‌وه‌ری" بێزار بووه و، بۆ هیچ كه‌سێك ئه‌م مۆڵه‌ته‌ی نه‌خوڵقاندووه كه بیر و هزر و خۆشییه‌كان و ئازادییه‌كانی بكاته قوربانیی كۆمه‌ڵگه.
ماركیۆز به جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ڕه‌گه‌ز و ناوه‌ڕۆكه سه‌ره‌كی و گشتییه‌كان و بنه‌ماكانی به‌رهه‌مه‌كانی ماركس، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه ماركس خوازیاری ئه‌وه بووه كه مرۆڤی له‌خۆنامۆبوو، له كۆتوبه‌ندی كۆیلایه‌تیی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵگه سه‌رمایه‌دارییه‌كان ڕزگار بكات و، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێ بنیات بنێت كه ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ئازادكردنی تاك و ده‌سته‌به‌ركردنی زۆرترین ئامرازه‌كانی خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌كردنی تاك به تاكی ئه‌ندامه‌كانی بێت.
"ماركیۆز" ده‌ڵێت كه به بڕاوی ماركس، هه‌ر سیسته‌مێك كه له هه‌مبه‌ر خاوه‌ندارێتیی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیی ئه‌ندامه‌كانیدا گشتێكی ئه‌بستراكت (مجرد) و میتافیزیكی دروست بكات و، داوایان لێ بكات كه له تایبه‌تمه‌ندییه كه‌سییه‌كانیان له هه‌مبه‌ر ئه‌م گشته، پاشه‌كشه بكه‌ن و ده‌ستبه‌رداری بن، هیچ ڕه‌وایه‌تییه‌كی نییه. بۆیه تاكه‌كانی ئه‌و جۆره كۆمه‌ڵگه‌یه نه‌ك ته‌نیا پابه‌ندی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕیسا و یاسایانه نین، به‌ڵكوو ئه‌و مافه‌یشیان هه‌یه كه هه‌وڵی ڕووخانی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌و سیسته‌مه بده‌ن. زیاترین هه‌وڵی ماركیۆز له‌م كتێبه‌دا، بۆ ناساندنی وێنای مرۆییی ماركس و ڕه‌گه‌زه تاكگه‌رایییه‌كانی ماركسیزم ته‌رخان كراوه. ماركیۆز له جیهانی ڕۆژاوادا، وه‌كوو یه‌كێك له پسپۆرانی فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ ناسراوه و، زیاتری ئه‌و ناوبانگه هه‌ر له‌م كتێبه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
ماركیۆز له‌م به‌رهه‌مه‌دا بێجگه له ناساندنی وردی هیگڵ و ده‌زگه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی، ده‌یویست به‌پێچه‌وانه‌ی بیر و بۆچوونی هه‌ندێك له بیرمه‌ندان، ئه‌وه بسه‌لمێنێت كه ناوه‌ڕۆكی هزر و بیری هیگڵی، له نازیزم، فاشیزم و تۆتالیتاریزمی دژه‌كه‌لتووریی جه‌ماوه‌رییه‌وه دووره. هه‌روه‌ها هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كه ئه‌وه بخاته ڕوو، كه چه‌مكی ئازادی له ده‌زگه‌ی فه‌لسه‌فی و هزریی هیگڵدا تا ئه‌و ئاست و ڕادده‌یه گه‌وهه‌ری و ناوه‌ندییه، كه هیگڵ ده‌كاته دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی دژه‌ئازادی و سه‌ركوتكار. به بڕوای ماركیۆز، هیگڵ تا ئه‌و ڕادده‌یه پابه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیی تاك بووه، كه ته‌نانه‌ت ئازادكردنی تاكی مرۆییی له ڕێگه‌ی زه‌بروزه‌نگ و توندوتیژییه‌وه ڕه‌ت ده‌كرده‌وه.
بۆیه به بڕوای هیگڵ، ئازادی چه‌مكێكه كه مرۆڤ پێویسته له سه‌ره‌تادا بیناسێت و تێ بگات و پاشان داوای بكات؛ له پاش ئه‌وه‌یش بۆ به‌ده‌ستهێنانی، هه‌موو هه‌وڵێك بخاته گه‌ڕ. به‌پێی بیر و بۆچوونی "ماركیۆز"، نازیزم و فاشیزم، له كه‌لتووری دژه‌ڕۆشنبیری و جه‌ماوه‌ریی ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیاوه سه‌رچاوه ده‌گرێت و، به‌م پێیه‌یش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ ئایدیاڵیزمی ئه‌ڵمانیدا نییه، به‌ڵكوو له بنه‌مادا له‌گه‌ڵ ئایدیالیزمی دره‌وشاوه‌ی ئه‌ڵمانی و كه‌سایه‌تییه به‌رجه‌سته‌كانیدا، به‌تایبه‌ت هیگڵ، دوژمنایه‌تییان هه‌یه.
ئه‌م كتێبه، كه له دوو به‌شی سه‌ره‌كی و ده‌ره‌نجام پێك دێت به‌م شێوه‌یه:
به‌شی یه‌كه‌م: بنه‌ماكانی فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ
2- زه‌مینه‌ی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی
3- زه‌مینه‌ی فه‌لسه‌فی
باسی یه‌كه‌م: نووسراوه‌كانی خواناسانه‌ی سه‌ره‌تاییی هیگڵ
باسی دووه‌م: به‌ره‌و ده‌زگه‌ی فه‌لسه‌فی
باسی سێیه‌م: یه‌كه‌مین ده‌زگه‌ی فه‌لسه‌فیی هیگڵ
باسی چواره‌م: دیارده‌ناسی زه‌ین
باسی پێنجه‌م: زانستی لۆژیك
باسی شه‌شه‌م: فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
باسی حه‌وته‌م: فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو
به‌شی دووه‌م: سه‌رهه‌ڵدانی تیۆریی كۆمه‌ڵایه‌تی
باسی یه‌كه‌م: بنه‌ماكانی تیۆریی دیالێكتیكی كۆمه‌ڵگه
باسی دووه‌م: بنه‌ماكانی پۆزیتیڤیزم و سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵناسی
به‌شی سییه‌م: ده‌ره‌نجام
سه‌رچاوه بۆ داگرتن:
https://www.marxists.org/reference/archive/marcuse/works/reason/reason-and-revolution.pdf
Reason and Revolution: Hegel and the Rise of Social Theory is a 1941 book by philosopher Herbert Marcuse, in which Marcuse discusses the social theories of Georg Wilhelm Friedrich Hegel and Karl Marx.
وه‌رگێڕانی فارسی:
ماكوزه، هربریت، خرد و انقلاب" مترجم: محسن ثلاثی، تهران: نشر ثالث، 1388.