2017-08-07
په‌رتووك: "گه‌وره‌ترین وانه‌كانی ژیان
بیست وانه‌ی گرینگ بۆ ژیانێكی باشتر"
LIFE,S GREATEST LESSONS
20 things that matter
By Hal Urban
A Fireside BOOK, New York, 2003
هال ئوربەن: "بۆ به‌ده‌ستهێنانی شتێك، ده‌بێ له شتێكی تر خۆش بن. ئا ئه‌مه‌یه كرۆكی ژیان؛ چونكه هیچ مرۆڤێك ناتوانێ پێكه‌وه هه‌موو شته‌كان به‌ده‌ست بهێنێت. ئێمه ناچارین چاو له هه‌ندێ شت بپۆشین له پێناو شتی دیكه‌دا، ئه‌گه‌ر نا، هیچمان چنگ ناكه‌وێ."
- "شكست شتێكی ئاسایی و نۆرماڵه له ژیانی مرۆڤه‌كاندا. كه‌س نییه جارێك له جاران شكستی نه‌خواردبێت. له سه‌ركه‌وتووترین كه‌س بپرسن كه ئایا تا ئێستا تووشی شكست هاتووه، دڵنیا بن كه دوو وه‌ڵام وه‌رده‌گرن. یه‌كه‌م، یان زه‌رده‌خه‌نه، یان پێكه‌نینه. دووه‌م، ڕه‌نگه به ئێوه بڵێت كه له‌باره‌ی كامه شكستمهوه بدوێم؟ گرنگ ئه‌وه‌یه دوای شكست چی ده‌كه‌ن. شكست گه‌وره‌ترین مامۆستا و فێركاره."
ئه‌م په‌رتووكه (گه‌وره‌ترین وانه‌كانی ژیان) به‌رهه‌می نووسه‌ری ئه‌مریكی "هال ئوربهن"ه. له لایه‌ن "ڕه‌فیق وه‌ڵاتی"یه‌وه له فارسییه‌وه كراوه‌ته كوردی. ده‌زگه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی له ساڵی (2011) له چاپی داوه.
ناوه‌ڕۆكی په‌رتووكه‌كه پڕه له بابه‌تی گرنگ و به‌پێز و وانه‌ی گه‌وره بۆ ژیانی مرۆڤه‌كان؛ ئه‌و وانانه‌ی كه له وێستگه هه‌ستیاره‌كانی ته‌مه‌نی مرۆڤدا، ده‌كرێ به باشترین شێوه سوودیان لێ وه‌ربگیرێت و بخرێنه نێو به‌رنامه‌ی پراكتیكیی ژیانه‌وه. به جێبه‌جێكردن و پێڕه‌وكردنی ئه‌م وانانه، تاك ژیانێكی سهركهوتووانهتری ده‌بێت و، ئه‌مه‌یش به‌شێكه له‌و زانسته‌ی كه پێی ده‌ڵێن "په‌ره‌پێدانی مرۆیی".
بایه‌خ و گرنگیی ئه‌م په‌رتووكه له‌وێدا ده‌رده‌كه‌وێ كه بزانین بابه‌ته‌كانی كه له دووتوێی ئه‌م په‌رتووكه‌دا هه‌ن، ده‌شێ له سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی تاك و كۆمه‌ڵگه‌دا به‌كار بێن و ببنه خاڵی وه‌رچه‌رخان له ئاكار و كرده‌وه و گه‌شه‌كردنی مرۆڤه‌كاندا. ئوربهن وه‌ك مامۆستایه‌ك له پێشه‌كیی په‌رتووكه‌كه‌یدا ده‌ڵی: "باوه‌ڕێكی به‌هێزم به خاڵێك هه‌یه- ڕه‌وشتی باش، به‌ستێنی كۆمه‌ڵگه‌ی باشه. هیوادارم ئێوه‌یش به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م په‌رتووكه، بچنه ڕێزی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه كۆمهڵگهتان به به‌رزی ڕابگرن، شارستانییهتهكهتان بناسێنن و په‌ره به فهزیڵهتهكانی بده‌ن."
"مارتین تاپێر" له‌باره‌ی ئه‌م په‌رتووكه‌وه ده‌ڵێ: "ئه‌م په‌رتووكه له‌باره‌ی چاكه‌كانه- چاكه‌كانی ژیان و چاكه‌كانی خه‌ڵك و، له هه‌مووی گرنگتر ئه‌و چاكانه‌ی كه له ده‌روونتاندایه... ئه‌م په‌رتووكه هاوكاریتان ده‌كات تاكوو به مانای ڕاسته‌قینه‌ی وشه‌كه چێژ له ژیان وه‌ربگرن."
ئه‌م په‌رتووكه له‌م به‌شانه‌ی خواره‌وه پێك دێ، كه دواتر هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌كورتی باسی هه‌ندێ له‌و به‌شانه بكه‌ین كه پێمان وایه بۆ قۆناغی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه زۆر گرنگن و، پێویسته هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین:
وه‌ك ده‌بینین سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی ئه‌م په‌رتووكه، زۆر نایاب و زه‌روورین و له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه و ئه‌م قۆناغه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا ده‌گونجێن، به‌ڵام ئێمه باسی چه‌ند به‌شێكی ده‌كه‌ین:
له به‌شی یه‌كه‌مدا، هاڵ ئوربهن ده‌پڕژێته سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سه‌ركه‌وتن و پاره. له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه خودی پاره خراپ نییه و سه‌رچاوه‌ی ئههریمهنییهكان نییه، به‌ڵكوو ئاماژه به كتێبی پیرۆز ده‌كات و ده‌ڵێ: "نه‌خێر، خۆشه‌ویستیی پاره، ڕه‌گی هه‌موو ئههریمهنییهكانه. ئه‌م دووانه به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا جیاوازن." گه‌ر ته‌ماشایه‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بكه‌ین، خه‌ریكه "پاره" و پاره‌دار" ده‌بنه سه‌نته‌ری هه‌موو چاكه و سه‌ركه‌وتنه‌كان. وای لێ هاتووه بڵێین ئه‌گه‌ر كه‌سێك چه‌ندیش له بوارێكدا سه‌ركه‌وتوو بێت و چه‌ند مرۆڤێكی باش بێت، كه پاره‌ی نه‌بێت كه‌س ڕێزی لێ ناگرێ و، بهپێچهوانیشهوه كه‌سێك ئه‌گه‌ر هیچ چاكه و هونه‌ر و زانست و خه‌سڵه‌تێكی مرۆییی دیاریشی نه‌بێت، كه پاره‌ی هه‌بێت هه‌مووان ڕێزی ده‌گرن و له سه‌ره‌وه‌ی مه‌جلیسان دای ده‌نێن! ئوربهن ده‌ڵێ: "هه‌بوونی ماددییات واتای سه‌ركه‌وتن ناگه‌یه‌نێت. ئه‌م كه‌سانه له شته زه‌روورییه‌كان و ئه‌ركه‌كانیان خافڵ بوونه. خوویان گرتووه. بوونه‌ته كۆیله‌ی پاره‌ی زۆر، له‌م ڕه‌وته‌دا هه‌م زیانیان به خۆیان و هه‌م به ده‌وروبه‌ریان گه‌یاندووه. سه‌ركه‌وتن شتێكه، له به‌ده‌ستهێنانی ده‌رامه‌ت زیاتره..."
له به‌شی دووه‌مدا ئوربهن پێی وایه كه ژیان خۆی له خۆیدا سه‌خته و هه‌میشه دادوه‌رانه نییه. زۆر جار له ژیاندا ڕووداوی زۆر ناهه‌موار و ناخۆشمان بۆ دێته پێش كه شیرینیی ژیانمان لێ ده‌كه‌نه تاڵی. ئوربهن ده‌ڵێ: "جیهان، خۆی بۆ شادكردنمان ته‌رخان ناكات." پێویسته له‌م هه‌لومه‌رجه ناله‌باره‌ی كوردستاندا و به‌م قه‌یرانه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كاندا، ئه‌م ڕاستییه‌مان بۆ ده‌ربكه‌وێ كه ژیان بریتییه له به‌رزی و نزمی و خۆشی و ناخۆشی؛ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی نه‌هامه‌تی و نهگبهتییهكانی ئه‌م قۆناغه بگرین. بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژگار چۆكمان پێ دانه‌دات و كۆڵ نه‌ده‌ین و له كێشه و گیروگرفته‌كان سڵ نه‌كه‌ینه‌وه و به‌ره‌نگاریان ببینه‌وه. له‌م فه‌زا سیاسییه ته‌مومژاوی و نیگهرانكهرهی كوردستاندا، گوێ له قسه‌ی ئوربهن ده‌گرین و دان به‌وه‌دا ده‌نێین كه ژیان سه‌خته. ئه‌و له زاری "بوودا"وه ده‌ڵێ: "ژیان تێكه‌ڵه به ئێش و ئازار." ئوربهن ده‌ڵێ: "به‌گژداچوونی كێشه‌كانی ژیان و پێشوازیلێكردنیانه، كه مانا به ژیان ده‌به‌خشێت."
له به‌شی چواره‌مدا ئوربهن بهتێروتهسهڵی باس له‌وه ده‌كات و پێی وایه كه "به هه‌ڵبژاردن ده‌ژین، نه‌ك به شانس". ئوربهن ئه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه چۆن له زانكۆدا فێری ئه‌م وانه‌یه بووه: "ئازادی بۆ بڕیاردان، هێزی هه‌ڵبژاردن".
بۆ ئێمه، وه‌ك تاك و وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، زه‌روورییه فێری وانه‌ی بڕیاردان و هه‌ڵبژاردن بین. بڕیار و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ژیان له‌ده‌ست خۆماندایه. ئێمه‌ین بڕیار ده‌ده‌ین چۆن بژین: به‌خۆشی، یان ناخۆشی، به‌ژێرده‌ستی، یان سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌رزی، به‌كۆیله‌یی یان ئازادی و سه‌ربه‌ستی، به ڕه‌فتار و كرداری چاك، یان خراپ، به ...ئه‌مانه و چه‌ندین شتی تریش كه مرۆڤ خۆی بڕیاریان لێ ده‌دات و، له ژیانی تاكی، خێزانی، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری و... خۆیدا ده‌یگرێته به‌ر.
نووسه‌ر له شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێ: "ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن ده‌ژین. ژیانمان شانسی نییه. گرنگ ئه‌و شته نییه كه ڕوو ده‌دات، گرنگ ئه‌وه‌یه چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌دا كه ڕوو ده‌دات هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین." بۆیه هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكمان، چ باش چ خراپ، كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌كاته سه‌ر ژیانمان و، هه‌ر خۆیشمان به‌رپرسیارێتیی ئاكام و ئه‌نجامه‌كانیان هه‌ڵده‌گرین.
له به‌شی حه‌وته‌مدا نووسه‌ر ده‌چێته سه‌ر بابه‌تی "سوپاسیكردن". ئوربهن پێی وایه كه ئێمه ده‌بێ سوپاسگوزاری هه‌موو ئه‌و شتانه بین كه هه‌مانه. ئه‌و قسه‌یه‌كی "بێنجامین فڕانكڵین" ده‌گێڕێته‌وه: "هه‌رگیز قه‌دری ئاو نازانین، مه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ی كه بیره‌كه‌مان وشك ببێت." خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه له‌و ڕووه‌وه بۆ ئێمه گرنگه، كه ده‌زانین ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك هه‌ن كه هه‌رگیز قه‌دری چاكه‌ی خه‌ڵكی تر نازانن و، ڕۆژێك له ڕۆژان به خه‌یاڵیاندا نایه‌ت كه به‌رامبه‌ر باشی و چاكه‌ی ئه‌وانی تر ته‌نانه‌ت سوپاسێكی وشك و برینگیش بكه‌ن! ڕه‌نگه له ئاستی كاروباری تاكه‌كه‌سیدا و له هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تردا، زۆر جار چاكه‌مان به‌رامبه‌ر ده‌كرێ، كه‌چی ئێمه ناسوپاسگوزارانه تێ ده‌په‌ڕین و به‌بێمنه‌تی چاكه‌یان فه‌رامۆش ده‌كه‌ین. به‌ڕاستی له‌م سه‌رده‌مه‌دا سوپاسگوزاربوون و قه‌درزانینی چاكه‌ی ئه‌وانی تر به‌هایه‌كی به‌رز و باڵایه، كه ده‌بێته هۆی میهره‌بانی و خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندی و دڵسۆزی و متمانه‌یه‌كی زیاتری نێوان مرۆڤه‌كان و، گیانی چاكه‌كردن و هاوكاریكردن به‌هێز ده‌كات؛ به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه ناسوپاسی و قه‌درنه‌زانین تووی ڕق ده‌چینێت و، وا ده‌كات مرۆڤه‌كان هاوكاریی یه‌كتری نه‌كه‌ن و متمانه‌یان لاواز بێت. ئوربهن ده‌ڵێ: "گوتنی "سوپاست ده‌كه‌م"ێك كارێكی چه‌ند ئاسانه...كه‌سه‌كان پێویستییه‌كی زۆریان به‌وه‌یه كه سوپاسیان بكرێت."
له به‌شی هه‌شته‌مدا نووسه‌ر پێی وایه كه "مرۆڤه باشه‌كان ژیانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێز بنیات ده‌نێن"؛ ئه‌و له ئینجیلی مه‌تی (7:12) ده‌گوازێته‌وه كه: "چاوه‌ڕوانیت كه ئه‌وانی تر چ ڕهفتارێكت له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، هه‌مان ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بكه." با سه‌رێك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌تایبه‌ت "فه‌یسبووك"، بده‌ین و بزانین كه له‌و جه‌نجاڵییه و قه‌ره‌باڵغییه‌ی ئه‌وێدا چی ده‌گوزه‌رێ. گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین، مرۆڤه‌كان به هۆی ناته‌بایی و ناكۆكی له بیروڕای كه‌سی، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئایینی و...دا، چ گێچه‌ڵێك به یه‌كتری ده‌كه‌ن. با ته‌ماشا بكه‌ین چ بێڕێزییه‌ك به‌رامبه‌ر یه‌كتری نیشان ده‌ده‌ن و، چی قسه‌ی ناشرینه ئاراسته‌ی یه‌كتری ده‌كه‌ن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت ده‌ست له سیمبۆل و ڕه‌مزه نهتهوهیییهكانیشمان ناپارێزن و به‌وپه‌ڕی بێباكی و گوێنه‌دانه‌وه هێرشی ناڕه‌وا ده‌كه‌نه سه‌ر گشت پیرۆزییه‌كان و ڕه‌مزه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان. ته‌شهیر و ناوزڕاندن، بووته به‌شێك له كه‌لتووری ئه‌م خه‌ڵكه. له "فه‌زای مه‌جازی"دا شه‌ڕه‌جنێو و جنێوفرۆشتنه و پێشبڕكێیه له فڕێدانی قسه‌ی كرێت و ناشیرین؛ ده‌توانین بڵێین "جنێوبڕكێ"یه! ئوربهن ده‌ڵێ: "كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، به‌بێ ئه‌ده‌ب و نه‌زاكه‌ت، به‌رگه‌ی ناگیرێ و مه‌حاڵ ده‌بێت." ئه‌و قسه‌یه‌كی "ئه‌دمۆند بێرگ"، مافناسی ئینگلیزی ده‌هێنێته‌وه: "ئه‌ده‌ب و نه‌زاكه‌ت، له یاسا گرنگترن." ئوربهن پێی وایه كه ڕێزگرتن له‌وانی دی، كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌م و ده‌سكه‌وتی باشی به‌دوادا دێت بۆ نموونه: په‌یوه‌ندیی باش له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، كڕێنی ڕێزی خه‌ڵكی تر، باشبوونی هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سانی تر له‌گه‌ڵمان، بوونه خاوه‌نی ناوبانگێكی باش و هتد.
له به‌شی نۆیه‌مدا ئوربهن تیشك ده‌خاته سه‌ر به‌هایه‌كی زۆر گرنگ، كه ئه‌ویش "ڕاستگۆیی"یه. ئه‌و وای بۆ ده‌چێت كه "ڕاستگۆیی، هێشتا باشترین سیاسه‌ته." ڕه‌نگه هه‌ندێ خه‌ڵك درۆ و ده‌له‌سه و فرتوفێڵ و... به جۆره زیره‌كییه‌ك بزانن و شانازییشی پێوه بكه‌ن، به‌ڵام ڕه‌نگه بێ‌ئاگا بن له ده‌رنجام و عاقیبه‌تی خراپی ئه‌م عاده‌ته ناشیرینه. نووسه‌ر له زاری "ڕه‌مزی كلارك" (Ramsey Clark)ه‌وه ده‌گێڕیته‌وه كه: "ڕاستگۆیی باشترین سیاسه‌ته له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، په‌یوه‌ندیی نێوان تاكه‌كان، كار، بازرگانی، فێركردن، خێزان و كۆنتڕۆڵی تاوانه‌كاندا؛ چونكه هه‌قیقه‌ت و ڕاستی، ته‌نیا شتێكه كه كاریگه‌ری داده‌نێت و، ته‌نیا شتێكه كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و، ده‌توانین په‌یوه‌ندییه‌كی پایه‌دار بنیات بنێین." به‌م پێیه، له‌م په‌رتووكه‌دا جه‌ختێكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێته‌وه كه ڕاستی و ڕاستگۆیی، هه‌میشه باشتره و ئه‌نجامی باشتری ده‌بێت له ناڕاستگۆیی و درۆ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵكی تر و هتد. ئێمه له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیشماندا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه له زۆر كایه و بواردا و له ژماره‌یه‌كی زۆر له تاكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا، ناڕاستی، شوێنی ڕاستی و ڕاستگۆییی گرتۆته‌وه؛ هه‌ست ده‌كرێ بوار بۆ مرۆڤی ڕاستگۆ كه‌م بووه‌ته‌وه و خه‌ڵك "درۆیه‌كی شیرینیان پێ خۆشتره، له ڕاستییه‌كی تاڵ".
ئوربهن ده‌ڵێ: "نه‌بوونی ڕاستگۆیی، زیاتر له هه‌ر شتێكی تر ده‌بێته كۆسپ له به‌رده‌م ئه‌وه‌دا كه نه‌بین به‌و كه‌سه‌ی كه ده‌توانین و ده‌مانه‌وێت ئه‌و بین. هاوشێوه‌ی شێرپه‌نجه‌یه." ئه‌و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ناڕاستگۆیی، چه‌رخێكی پووچه‌ڵه و، مرۆڤێكی دهسهڵاتخوازمان لێ دروست ده‌كات. ئه‌و وای بۆ ده‌چێ كه ناڕاستگۆیی دواجار یه‌خه‌ی مرۆڤ ده‌گرێ و ناشاردرێته‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێو ده‌بات و، هه‌روه‌ها ڕێگه له سه‌ركه‌وتنمان ده‌گرێ. به‌ڵام قازانجه‌كانی ڕاستگۆییش له‌وانه‌دا ده‌بێنێته‌وه: ئاسووده‌یی و ئارامیی مێشك، ڕه‌وشت و ناوبانگ، په‌یوه‌ندی، یه‌كپارچه‌یی و یه‌كێتی، ته‌ندروستیی جه‌سته‌یی و زه‌ینی و هه‌بوونی ڕه‌سه‌نایه‌تی. به‌ڕاستی ئه‌م به‌شه‌ی په‌رتووكه‌كه، گرنگییه‌كی تایبه‌تی بۆ تاك و كۆمه‌ڵگه و هه‌ندێ له سیاسییه‌كانمان هه‌یه؛ ئه‌وان ده‌بێ له‌وه تێ بگه‌ن كه "ڕاستگۆیی، هێشتا باشترین سیاسه‌ته و، ناڕاستی و ناڕاستگۆییش زه‌رەر و زیانێكی زۆری بۆ خۆیان و ده‌وروبه‌ریان هه‌یه.
له به‌شی دوازده‌یه‌مدا نووسه‌ر باس له ئامانج ده‌كات، كه بێ گومان بۆ هه‌ر تاكێك و هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك و هه‌ر حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌تێك، دانانی ئامانجه‌كان ڕێڕه‌وێكی ڕاسته‌قینه‌یه به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن. نووسه‌ر قسه‌یه‌كی "ئیریل نایتینگل" ده‌گێڕێته‌وه كه ده‌ڵێ: "كه‌سانی خاوه‌ن ئامانج، له‌و ڕووه‌وه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنن چونكه ده‌زانن به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێن." ئوربهن له وه‌ڵامێكی خوێندكارێكی خۆیدا ده‌ڵێ: "ئامانجه‌كان خهونگهلێكن كه كاتی كۆتاییهاتنیان دیاره." ئه‌و پێی وایه هه‌موو ئامانجه‌كان، پێویسته كاتی پێكانیشیان دیار بێت، چونكه ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی گشتی دابنرێن، ڕه‌نگه قه‌ت نهپێكرێن. كاتێ هاوڕێیه‌ك به هاوڕێیه‌كی تر ده‌ڵێ "هه‌فته‌ی دابێ، یه‌كتر ده‌بینین"، ئه‌وه بێ گومان یه‌كتری نابینن، چونكه ڕۆژ و كات و شوێنیان دیاری نه‌كردووه. ئوربهن پێی وایه هه‌موو ئامانجه‌كان، ده‌بێ ڕوون و ئاشكرا و دیار بن، به كات و شوێنه‌وه؛ ئه‌گه‌ر نا، ناپێكرێن. ئه‌و ده‌ڵێ "ئامانج" و "ئاوات" دوو شتی زۆر جیاوازن... بۆ ئامانج، پێویسته هه‌وڵ بده‌ین و دیسپلینێكی به‌هێزمان هه‌بێ." ئێمه له ئاستی تاك و ته‌نانه‌ت له ئاستی سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتیشدا، پێویستیمان به‌وه‌یه كه ئامانجه‌كانمان دیار و ڕوون و ئاشكرا و دیاریكراو بن و، ته‌مومژاوی و ناڕوونییان تێدا نه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی بێنه دی.
به‌شی سێزده‌یه‌م، ته‌رخان كراوه بۆ هه‌وڵ و كۆشش و تێكۆشان. نووسه‌ر پێی وایه "تێكۆشان هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی نییه." كه‌س به خه‌ون و خه‌یاڵ و هیوا و ئاوات ناگاته هیچ شتێك؛ ته‌نیا هه‌وڵ و هیممه‌ت و خۆماندووكردنه، كه ئه‌نجامی ده‌بێت.
به‌شی چوارده‌یه‌م ئاماژه‌یه بۆ بابه‌تێكی بایه‌خدار و هه‌نووكه‌یی: بۆ به‌ده‌ستهێنانی شتێك، ده‌بێ له شتێكی تر خۆش بن. ئا ئه‌مه‌یه كرۆكی ژیان؛ چونكه هیچ مرۆڤێك ناتوانێ پێكه‌وه هه‌موو شته‌كان به‌ده‌ست بهێنێت. ئێمه ناچارین چاو له هه‌ندێ شت بپۆشین له پێناو شتی دیكه‌دا، ئه‌گه‌ر نا، هیچمان چنگ ناكه‌وێ. نووسه‌ر ئاماژه به قسه‌ی "ئێچ. لامار هانت" ده‌كات، كه گوتوویه‌تی: "بڕیار بده‌ن چیتان ده‌وێ، بڕیار بده‌ن كه بۆ گه‌یشتن به ئاواته‌كانتان، ئاماده‌ن چ شتێك له‌ده‌ست بده‌ن. ئهولهوییاتهكانتان ده‌ستنیشان بكه‌ن و ده‌ستبه‌كار بن!"
تاكی ئێمه، زۆر ده‌ترسێ له‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی هه‌یه‌تی له‌كیس بدات، به‌ڵام زۆر بیر له‌وه ناكاته‌وه كه چی به‌ده‌ست دێنێت. قه‌یناكات ئه‌گه‌ر شتێك له پێناوی شتێكی گه‌وره‌تر و باشتر له‌ده‌ست بده‌ین. ترسی ئێمه له دواڕۆژه، بۆیه جۆره هه‌ستێكی "كۆنسێرڤاتیستانه"مان تێدایه كه ناهێڵێ به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌شتر هه‌نگاو بنێین.
له به‌شی هه‌ژده‌یه‌مدا ئوربهن باسه‌كه‌ی ته‌رخان كردووه به قسه‌كردن له‌سه‌ر "شكست"؛ جا شكستی تاك بێ، یان شكستی تر. به ڕای نووسه‌ر، شكست شتێكی ئاسایی و نۆرماڵه له ژیانی مرۆڤه‌كاندا. كه‌س نییه جارێك له جاران شكستی نه‌خواردبێت. ئه‌و ده‌ڵێ: "له سه‌ركه‌وتووترین كه‌س بپرسن كه ئایا تا ئێستا تووشی شكست هاتووه، دڵنیا بن كه دوو وه‌ڵام وه‌رده‌گرن. یه‌كه‌م، یان زه‌رده‌خه‌نه، یان پێكه‌نینه. دووه‌م، ڕه‌نگه به ئێوه بڵێت كه له‌باره‌ی كامه شكستمهوه بدوێم؟" ئه‌و ده‌ڵێ: "گرنگ ئه‌وه‌یه دوای شكست چی ده‌كه‌ن." هه‌روه‌ها ده‌ڵێ كه شكست گه‌وره‌ترین مامۆستا و فێركاره.
له به‌شی بیسته‌مدا، نووسه‌ر باسێكی دیكه‌ی ورووژاندووه: مرۆڤی باش. ئه‌و ده‌ڵێ پڕه‌نسیپێكی گرنگ هه‌یه: مرۆڤێكی باش بن. ئوربهن پێی وایه كه باشبوون بنه‌ڕه‌تیترین كۆڵه‌كه‌ی سه‌لامه‌تیی عاتیفی و مه‌عنه‌ویی مرۆڤه. ئه‌و ده‌ڵێ كه ئێمه وه‌كوو مرۆڤ، پێویستیمان به‌وه‌یه كه باش بین. ئه‌و ده‌ڵێ: "په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان باشبوون و ته‌ندروستی و خۆشحاڵیدا هه‌یه. جێی داخه زۆربه‌ی خه‌ڵك به‌م گرنگییه ئاگادار نین."
پوخته:
نووسه‌ر له پێشه‌كیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له‌به‌ر چوار هۆ، ئه‌م په‌رتووكه‌ی نووسیوه: