2018-04-11
ناوی په‌رتووك: منداڵ له سیسته‌می سیاسی‌دا "بنه‌ماكانى شه‌رعییه‌تی سیاسی"
CHILDERN IN THE POLITICAL SYSTEM “ORIGINS OF POLITICAL LEGTIMACY “
نووسه‌ران: "دێڤد ئیستۆن" (DAVID EASTON)، پرۆفیسۆر له زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی شیكاگۆ (Chicago) له ئه‌مریكا و، "جاك ده‌نیس" (JACK DENNIS)، پرۆفیسۆر له زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی ویسكۆنسین (Wisconsin) له ئه‌مریكا.
پوخته‌ی په‌رتووكه‌كه:
ئه‌م په‌رتووكه به شێوه‌یه‌كی گشتی باس له بابه‌تێكی گرنگ و پڕبایه‌خی زانستی سیاسی ده‌كات، ئه‌ویش پێگه‌یاندنی سیاسییه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه فۆكه‌سی سه‌ره‌كیی ئه‌م كتێبه له‌سه‌ر پێگه‌یاندنی سیاسیی منداڵه؛ هه‌روه‌ها گرنگیی قۆناغی منداڵێتی له چوارچێوه‌ی سیسته‌می سیاسی‌دا ڕوون كراوه‌ته‌وه. پێناسه و بنه‌ماكانی پێگه‌یاندنی سیاسییش باس كراوه؛ بۆ نموونه له ڕوانگه‌ی "دێڤد ئیستۆن" و "جاك ده‌نیس"، پێگه‌یاندنی سیاسی "بریتییە لەو پرۆسە گەشەپێدانەی كە لە نێوانییهوه تاك و كەسەكان ئاڕاستە سیاسییەكانیان و شێوازی ڕەفتاریان وەردەگرن". كەواتە پێگەیاندنی سیاسی پرۆسەیەكە، بۆ ئەوەی تاكەكان ڕەفتارەكانیان و ئاڕاستە سیاسییەكانیان لە هه‌موو قۆناغە جیاوازەكانی ژیان گەشەی پێ بدرێت.
پێگەیاندنی سیاسی، لە قۆناغی منداڵییەوە دەست پێ دەكات؛ لە كاتێكدا كە منداڵ توانای هەیە لەگەڵ ژینگەی كۆمەڵایەتیی دەوروبەری خۆیدا پەیوەندی دروست بكات، كە دەربارەی نەتەوە و نیشانەكان و دروشمە سیاسییەكان، ئاراسته‌كانی بۆ دروست دەبێ. "دێڤد ئیستۆن" و "جاك دەنیس" پێیان وایە، منداڵ له‌و كاته‌وه دەست بە كرانەوە دەربارەی جیهانی سیاسی دەكات، كە توانای پرسیاركردنی هەبێت لەسەر ئەو شتانەی كەوا لە دەوروبەری ڕوو دەدەن و، بە نموونەیش باس له‌م كورتە چیرۆكەی خوارەوە ده‌كه‌ن :
_ منداڵ: باوكە بۆچی لەو شۆێنەدا ئۆتۆمبێلەكەت پارك ناكەی (ڕاناگری).
_ باوك: ناتوانین ئۆتۆمبێلەكە لەو شۆێنەدا پارك بكەین، لەبەر ئەوەی پێچەوانەی یاسایە. پۆلیسەكە لێ ناگەڕێت لێرەدا ئۆتۆمبێلەكە پارك بكەین.
هەر یەكە لە دێڤد ئیستۆن و جاك دەنیس پێیان وایە، ئەم پرسیار و وه‌ڵامه‌ی نێوان كوڕ و باوك، سەرەتایەكە بۆ كرانەوەی بیر و هزری منداڵ دەربارەی سیاسەت و جیهانی سیاسی. هەروەها پێیان وایە كە ئەم قۆناغە قۆناغێكە كە هەست و سۆز زیاتر بەسەریدا زاڵە و لایەنی مەعریفیی لەگەڵدا نییه.
به بۆچوونی "ئیستۆن" و "ده‌نیس"، جیهانی سیاسیی منداڵ پێش قۆناغی سەرەتایی دەست پێ دەكات و، لەو قۆناغەدا ڕووبەڕووی خێراترین گۆڕانكاری دەبنه‌وە و، پێیان وایە كە ساڵانی بنەڕەت و گرنگ بۆ دروستكردنی هاووڵاتیی چاك لە لایەن سیستەمی سیاسییەوە، لە نێوان ساڵانی سێیەم تا سێزدهیهمدایه. ئه‌وان چوار قۆناغ دەستنیشان ده‌كه‌ن، كە تیایدا ڕووداوە سیاسییەكان تێكەڵ بە هزر و بیری منداڵ دەبن:
1- بەسیاسیكردن : جووڵاندنی هەستیاريی منداڵە بۆ بواری سیاسی.
2- دەستنیشانكردن (التشخیص): بەكارهێنانی هەندێك ڕووی دەسەڵاتە وەكوو خاڵی پەیوەنديی نێوان منداڵ و سیستەم.
3- بەرزكردنەوەی دەسەڵات، تا بگاتە پلەی نموونه‌ییی باڵا: منداڵ لێره‌دا هه‌ستی خۆشه‌ویستی یان هه‌ستی ڕقلێبوونه‌وه‌ی لا دورست ده‌بێت به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات، لێره‌دا منداڵ زیاتر لایه‌نی عاتیفه و سۆز به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت نه‌ك به‌ره‌نجامی بیركردنه‌وه‌یه‌كی مه‌عریفی بێت.
4- دامەزراندن (التأسیس): لێرەدا هزری منداڵ، لە وێناكردنێكی كەسێتیی هەندێك لە كەسەكانی دەسەڵات، دەگوازرێتەوە بۆ وێناكردنی دامەزراوە سیاسییه‌كان.
بە هەر جۆرێك بێت، ئەم قۆناغە قۆناغێكی گرنگ و بنەڕەتیی پرۆسەی پێگەیاندنی سیاسییە؛ سەرەتایەكە بۆ دروستكردنی هاووڵاتیی باش، لە میانه‌ی فێركردنی منداڵ بە كۆمەڵێك بەها و ئاراستەی گرنگ، كه له دواجاردا ئه‌م به‌ها و ئاراستانه ڕەنگدانەوەی سەرەكیان دەبێت لەسەر كەسایەتی و ڕەفتاری كۆمەڵایەتی و سیاسیی تاك لە كۆمەڵگەدا. له دواجاریشدا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه كۆی بونیادی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می سیاسی به‌شه‌رعی بناسێنێ؛ ئه‌مه‌یش گرنگترین ئامرازه كه پشتگیری بۆ سیسته‌می سیاسی دروست ده‌كات.
هه‌روه‌ها له‌م په‌رتووكه‌دا چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانییش له ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ منداڵان كراوه و، ڕا و بۆچوونی چه‌ندین منداڵیان ده‌رباره‌ی حكوومه‌ت و سه‌رۆكی وڵات و دامه‌زراوه‌كانی تری ده‌وڵه‌ت وه‌رگرتووه.
ناوهڕۆك:
ناوه‌ڕۆكی ئه‌م په‌رتووكه، پێشه‌كی و پێنج به‌شی سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت، كه له چوارچێوه‌ی 425 لاپه‌ڕه‌دا له ساڵی 1969 نووسراوه و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه داڕێژراوه:
به‌شی یه‌كه‌م: له‌م به‌شه‌دا تیۆرییه سیاسییه‌كان بۆ پێگه‌یاندنی سیاسی، له سێ ته‌وه‌ردا باس كراوه:
1- له‌م ته‌وه‌ره‌دا باس له پێگه‌یاندن و سیسته‌می سیاسی كراوه.
2- له ته‌وه‌ری دووه‌مدا تیۆرییه په‌یوه‌ندیداره‌كان به پێگه‌یاندنی سیاسی باس كراوه.
3- له‌م تهوهرهیشدا تیۆرییه سیاسییه‌كانی پێگه‌یاندنی سیاسی باس كراوه.
به‌شی دووه‌م: له‌م به‌شه‌دا باس له پێگه‌یاندنه سهرهتایییهكانی تاك له ڕووی سیاسییه‌وه كراوه، وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ هێز و ده‌سه‌ڵاتی سیسته‌می سیاسی؛ ئه‌مه‌یش له دوو ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كیدا خراوه‌ته به‌ر باس:
1- ئاستی سه‌ره‌تاییی پێگه‌یاندنی سیاسی.
2- پێگه‌یاندن وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ بونیادی ده‌سه‌ڵات.
به‌شی سێیه‌م: له‌م به‌شه‌دا باس له كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی سیاسی كراوه كه له كاتی بینینی ئه‌و وێنانه‌دا منداڵ تێڕوانین و ئاشنایه‌تییه‌كی ده‌رباره‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات له سیسته‌می سیاسی‌دا لا دروست ده‌بێت، كه ئه‌مه‌یش له چوارچێوه‌ی نۆ ته‌وه‌ر و بابه‌تی جیاوازدا ڕوون كراوه‌ته‌وه:
1- وێنه و شێوازی حكوومه‌ت (GOVERNMENT).
2- ڕوانگه و ده‌ركه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی.
3- خودی كه‌سی سه‌رۆكی وڵات، وه‌ك خاڵێكی جه‌وهه‌ریی پێگه‌یاندنی سیاسی (لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه، زۆر جار كه‌سی سه‌رۆك فاكته‌رێكی به‌هێزه بۆ پێگه‌یاندنی سیاسیی تاك؛ بۆ نموونه منداڵ له سه‌ره‌تاوه و به‌تایبه‌ت له‌و كاته‌ی كه سه‌رۆكی وڵات ده‌ناسێت، زۆر به هه‌ڵسوكه‌وت و كرداره‌كانی سه‌رۆكی وڵات كاریگه‌ر ده‌بێت).
4- سه‌رۆك و سه‌رۆكایه‌تی.
5- منداڵ چۆن ده‌ڕوانێته پۆلیس؟
6- منداڵ چ هه‌ستێكی به‌رامبه‌ر پیاوانی پۆلیس هه‌یه؟
7- ده‌سه‌ڵات و هێز له كۆتایییهكانی قۆناغی منداڵی‌دا.
8- گۆڕانكاریی وێنه و شێوازه‌كان و پشتگیری له سیسته‌می سیاسی.
9- سه‌قامگیریی سیاسی و گۆڕانكاری له دوای قۆناغی منداڵی‌دا.
به‌شی چواره‌م: له‌م به‌شه‌دا له چوارچێوه‌ی سێ ته‌وه‌ری جیاوازدا باس له ئاسته‌كانی پشتگیری له قۆناغی منداڵی كراوه:
1- بڵاوبوونه‌وه و گه‌شه‌سه‌ندنی وێنه‌كان له ڕوانگه‌ی منداڵاندا.
2- پێشبینیی وه‌ڵامدانه‌وه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی.
3- پێشبینیی وه‌ڵامه كاریگه‌ره‌كان بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی.
به‌شی پێنجه‌م: له‌م به‌شه‌دا، له دوو ته‌وه‌ره‌دا باس له لایه‌نه پراكتیكی و جێبه‌جێكردنه‌كانی سیسته‌می سیاسی كراوه:
1- ڕۆڵی ئه‌ندامێتی له سیسته‌می سیاسی.
2- له چوارچێوه‌ی سیسته‌می سیاسیی ئه‌مریكادا.