گردەوەکۆی: سەڵاح پایانیانی
ژمارەی لاپەڕە: ٣٣٤
چاپی یەکەم: ١٣٩٣ی هەتاوی _ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناساندنی: ساماڵ ئەحمەدی
ئەو کتێبەی لێرەدا دەمەوێ بیناسێنم، بەرگێکی پڕۆژەی گەورەی ئەدەبیات و فەرهەنگی زارەکیی موکریان، كۆكراوه و دانراوی توێژەر و فەرهەنگنووس، "سەڵاح پایانیانی"یە. فەرهەنگەکەی، فەرهەنگێکی هەمەلایەنی لە چەشنی ئینسایکلۆپیدیایە و تا ئێستا دوو بەشی ئەدەبیاتی زارەکیی منداڵان و ئەدەبیاتی زارەکیی ژنانی موکریانیشی لێ بووەتەوە. بەسەریەکەوە ئەو پڕۆژەیە تا ئێستا ١٢ بەرگی لێ گەییوەتە حاسڵات. هەگبەی ئەم پڕۆژەیە لە بیر و زەینی ژنان و پیاوانی بەساڵداچووی خاراوی ساردی و گەرمیی ژیانی نەتەوەی کورد ئاخنراوە، کە ئەوە سەروەت و سامانی لەبننەهاتووی نەتەوەکەمانە.
فەرهەنگی زارەکیی موکریان بۆ کەسانی ئەزموودە و شارەزای زمان و زانستەکان، کانگهیەکی دەوڵەمەندە، کە وشە، نێرتک (مەدخەل) و ژێرنێرتکەکانی، وەکوو کەرەستەی خاو و سەربەمۆری خۆماڵی بکەنە پێوانەی وشەسازی و زاراوەسازیی زانستە مۆدێرنەکان. چونکە زمان یەکێکه لە گرینگترین توخمەکانی ناسنامهی نەتەوە و، هەر نەتەوەیەک زمانی خۆی نەپارێزێت و لەگەڵ گۆڕانە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و فکرییەکانی دنیا بەرەوپێشەوەی نەبات، فەرهەنگی زمانی و ناسنامهی فەرهەنگیی خۆی لەدەست دەدات. ئەمڕۆ زمانی زیندوو، ئەو زمانەیە کە بتوانێت شان لە شانی زمانانی دنیا بدات و بۆ چەمک و زاراوە بەلەز و خێراکانی زانست و فکر، لەسەر پێوانەی خۆی هاوتا ڕۆ بنێت و ببێت بە زمانی زانست. هەر فەرهەنگێکی نەتەوەیی کە بیەوێت لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا ڕاوەستاو و گەشاوە بێت، دەبێ هەوڵ بدات زمانەکەی بگەیەنێتە ئاستی زمانی زانستەکان، ئەوەیشی تەنیا لەسەر پێوانەی زمانەکەی خۆی پێ دەکرێت.
لەو ١٢ بەرگەی تا ئێستا لە پڕۆژەی ئەدەبیات و فەرهەنگی زارەکیی موکریان بڵاو کراوەتەوە، ٦ بەرگیان بەپێی پیتەکانی ئەلفبێ دانراون و بەشی سەرەکیی پڕۆژەکەن و تا ئێستا لە ٦ بەرگدا ٧ پیتی لێ بڵاو کراوەتەوە. ٦ بەرگەکەی دیکەیشی بریتین لە: ١ــ کانی مرادان (کۆمەڵێک بەندوباوی فۆلکلۆری کوردەواری)؛ ٢ــ ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان: بەشی منداڵان؛ ٢ بەرگ؛ ٣ــ ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان: بەشی ژنان؛ ٤ــ فەرھەنگی جلوبەرگ و خشڵی ژنانی موکریان )بە ھاوکاریی لەیلا نوورانی)؛ ٥ــ فەرھەنگی زارەکیی موکریان: بەشی خوردوخۆراک.
لەم یادداشتەدا دەمەوێ زیاتر کتێبی "ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان: بەشی ژنان" بناسێنم، چونکە ناساندنی سەرلەبەری پڕۆژەکە لە تاقەتی یادداشتێکی کورتدا نییە.
تایبەتمەندیی هەرە بەرچاوی کتێبی "ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان: بەشی ژنان" ئەوە نیشان دەدات کە ژنی کورد لە هونەری زارەکیی کوردیدا دەنگ و ڕەنگی خۆی هەیە. سەرباری گەلێک کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی، کە تا ئێستایش بەئاسانی بوار بە دەکارهێنانی دەسەڵاتی ژن لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا نادەن، سەڵاح پایانیانی، خۆی گەیاندووەتەوە لای ئەو پیرەژنانەی ئەدەبیاتی زارەکیی ژنانی کوردەوارییان لە سینگی خۆیاندا هەڵگرتووە و ئەگەر سەڵاح فریایان نەکەوتبایە، لەگەڵ خۆیان دەیانبردنە بن گڵ، بەڵام ئێستا بوونەتە نەخشی سەر کتێب و ئیدی مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەر نەماوە.
کتێبی "ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان: بەشی ژنان"، لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانییە و پێک هاتووە لە:
١ــ پێشەکییەک کە پرۆفیسۆر ئەمیر حەسەنپوور لەژێر سەرناوی "دەنگ و ڕەنگی ژن لە هونەری زارەکیدا" لەسەر کتێبەکەی نووسیوە، ٢ـــ لایەلایە، ٣ــ منداڵلاواندنەوە (بۆ کچان، هاوبەش، بۆ کوڕان)، ٤ــ وردەقام، ٥ــ باللۆرە، ٦ــ مانگالاواندنەوە، ٧ــ مەشکە، ٨ــ حەیران، ٩ــ شینگێڕی،١٠ــ پاشکۆ، ١١ــ وشە و پێکهاتەکان، ١٢ــ ناوەکان، ١٣ــ سەرچاوەکان.
پرۆفیسۆر حەسەنپوور لە پێشەکیی کتێبەکەدا باسی سیستەمی "پیاومەزنی" لە کۆمەڵگەی کورددا دەکات، کە ئەو سیستەمە بواری بە ژن نەداوە بەئاشکرا و بەئازادی دەنگ و ڕەنگی خۆی هەڵبڕێت؛ بۆیە بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە ڕۆڵی ژنی کورد، پێشنیار دەکات ئەدەبیاتی زارەکی تەنیا لە دەقدا کورت نەکرێتەوە و دەبێ هەر دەقێک بە پێوەندییەکی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگیرێت.
ئەو دەقانەی لەم کتێبەدا هاتوون، هەموویان بە ئاواز و گۆرانی گوتراون و د. حەسەنپوور بە هونەری زارەکی ناساندوونی، کە تێیاندا "دەقی مۆسیقایی، یان "هەوا" لەگەڵ دەقی زمانی (وشەیی) تێکەڵاوە و ئەو دوو دەقانە پێکەوە هەست و مەعنا دەردەبڕن و ڕای دەگەیەنن. بەڵام لەو کتێبەدا دەقی "وشەیی" لە دەقی "مۆسیقایی" جوێ کراوەتەوە و وەک دەقی "ئەدەبی زارەکی" چاوی لێ کراوە."
سەڵاح پایانیانی سەرلەبەری ئەو دەقانەی لە زمان و دەنگی ژنان وەرگرتووە و تۆماری کردوون و پاشان هێناونییەتە سەر کاغەز. ناوەڕۆکی دەقەکانیش باسی ژنیان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا تێدایە. بۆیە سەرناوی "ئەدەبیاتی زارەکیی ژنانی" هەڵگرتووە. لەنێو ئەو دەقانەدا "لایەلایە" و "منداڵلاواندنەوە" و "شینگێڕی" لە هونەری زارەکیی کوردیدا ژن دای ناون و گوتوونی، بۆیە د، حەسەنپوور پێی وایە دەکرێ پێیان بڵێین "ژانری ژنانە". هەرچەند لە نموونەی وەکوو "بەیتی سەیدەوان"دا شینگێڕیی عەبدولعەزیز بۆ سەیدەوان لە لایەن پیاوەوە کراوە، بۆیە شینگێڕییش وەکوو ژانرەکانی دیکەی لەگوێن "حەیران و قەتار و وردەقام"، دەکرێ بە ژانرێکی هاوبەش دابنرێت، کە هەم ژن و هەم پیاو دای ناون و گوتوونی.
خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە دەقی ئەدەبی زارەکیی جوێکراوە لە ژانرەکانی حەیران و وردەقامی ژنان، ڕەنگە بۆ یەکەم جار بە شێوەی دەقی نووسراو وەبەرچاو دەکەون؛ بەتایبەت حەیران، کە تا ئێستا زیاتر بە ژانرێکی هونەریی دەشتی هەولێر ناسراوە و وا گوتراوە کە حەیران تەنیا لە دەشتی هەولێر گوتراوە و لە دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان لاسایی کراوەتەوە؛ هۆکاری هەرە گرینگی ئەو بۆچوونەیش ئەوەیە کە لە دەقی "وشەیی"ی حەیراندا زیاتر ناوی شوێن و ناوچەکانی دەشتی هەولێر هاتووە، کەچی لە دەقی "وشەیی"ی ئەو حەیرانانەی لەم کتێبەدا هاتوون و لە دەنگی ژن وەرگیراون، ناوی زۆر شوێن و ناوچەی موکریان هاتووە، وەکوو: "کاولەبڵباس"، "کێوی ئادێ"، "دەشتی مهاباتێ"، "دەشتی نەڵێنێ"، "سەری سیاقۆڵی"، "لە لای ڕەبەتێ" و هتد.
هەمان هۆکاری کە دەڤەری حەیران بە دەشتی هەولێر، بەتایبەتی ناوچەکانی کەندیناوە و قەراج دەناسێنێت، لەم کتێبەدا دەبێتە مڵۆزم لە بەردەم خۆیدا، چونکە لە حەیرانی ژنانی موکریانیشدا ناوی شوێنەکانی ناوچەی موکریان هاتووە و ئەوە ڕەنگە وا بخوازێت کە لێکۆڵینەوەی زیاتر لە جوگرافیای هونەر و ئەدەبیاتی زارەکیی حەیران بکرێت.
حەیران دەڵێم خۆزگە سوورەگوڵ بووم لە گوڵی دە کەسنەناسی
هەڵم دا لە "سپیڕێزی غەیلانیان"، پێشانپێش و بەرانبەر بە "کاولەبڵباسی"
کوڕان ناباین دە بەرقەدی پشتێندی، کچۆڵان ناباین دە بەر بەربەرووی دە کەراسی (بەشی ژنان: ٢٤٤)
**
ئەوساڵ حەیرانم سەربازە، بە دەستی تفەنگە و لە کەلەکەی دووربینە
دە تووخوداکەی مەچۆوە "سەرپۆلێ" دە داووکەمینە
وەرە دەشتی "مهاباتێ" لە یار کۆڵێ خۆت نیزیکی و گەلێک ئەمینە (بەشی ژنان: ٢٤٥)
**
دەڵێم حەیران بریا گوڵێک بام لەوی دە کەسنەناسی
شین ببام لە سەری هەباسی سڵەمانی
لە نێوانی مەنگوڕ و بڵباسی
نەوەڵڵا لە مۆڵەبەرانان، لە سەری قەندیلی مامەکۆییان
ئەگەر خەڵکی یارکۆڵەی من ناناسی
ئەوە هەموو بەیانان دێتە سەرڕێیە بە توێی دە کەراسی (بەشی ژنان: ٢٥٩).
لایەنێکی زۆر گرینگی کۆکردنەوەی ئەدەبیاتی زارەکیی ژنان ئەوەیە، کە سەڵاح پایانیانی ئەو دەقانەی ڕاستەوڕێ لە زاری ژنانەوە تۆمار کردووە، هەروەها ئەو دەقانە لە ڕوانگەی ژنانەوە ژیانی کۆمەڵگەی کوردەواری نیشان دەدەن و لەسەر زەویی زمانی کوردی، جیهانی ژنی کورد دادەمەزرێنن. واتا ئەو دەقانە داهێنانی ژنانن و ژنێتیی ژن و کۆکی و ناکۆکییەکانی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا نیشان دەدەن. ژنان لە لۆی هونەریی زمانی سروشتیی کوردیدا حەز و ئارەزوو و ئەڤین و ویستەکانیان دەردەبرن. پرۆفیسۆر حەسەنپوور لە پێشەکییەکەدا دەڵێت: "ئەو دەقانە باسی ژنیان تێدایە زۆر جار ژانری وا پێک دێنن، وەکوو "لایەلایە"، "شینگێڕی" و "منداڵلاواندنەوە"، کە دەکرێ وەکوو ژانری مۆسیقا، یان ژانری ئەدەبی ژنانەیان دابنێن. چونکە دانەر و بێژەریان ژنن (بەپێچەوانەی ژانری وەکوو حەیران و قەتار، کە پیاو و ژن دایان دەنێن و دەیانڵێن)." هەروەها باسی کۆمەڵیک بەرهەمی وا دەکات کە ژن دایان دەنێن، بەڵام پیاویش دەیانڵێت، وەکوو: بەیتی سوارۆ.
ئەوەی کە لەم کتێبەدا جێی سەرنجە، بێجگە لە ژانرە ژنانەکانی "لایەلایە"، "شینگێڕی" و "منداڵلاواندنەوە" و "مانگالاواندنەوە"، لە ژانرەکانی وەکوو وردەقام و حەیرانیشدا دەقی وا بەرچاو دەکەون کە بە وردبوونەوە لە تێم (بنەباس) و ناوەرۆکەکەیان دەتوانین بزانین کە ئەم دەقانە ژن دای ناون و باس لە کێشەکانی ژنان و ژنێتیی ژن دەکەن و تا ئێستایش نموونەی لەسەر کاغەز نووسراویان نەبووە، یان زۆر دەگمەن بووە.
لێرەدا باسەکە لە کورتی دەبڕمەوە، چونکە مەبەست لەم یادداشتە لێکدانەوەی ورد و شیکارییانەی دەق نییە و تەنیا مەبەستم ناساندنی ئەو کارە گرینگەیە کە سەڵاح پایانیانی کردوویەتی و پێویستە لە ناوچە و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستانیش ئەو سامانە نەتەوایەتییە تۆمار بکرێت و لە فەوتان ڕزگار بکرێت. لە پاشکۆی یادداشتەکەیشدا چەند نموونەیەک لە دەقی ئەدەبیاتی زارەکیی ژنانی موکریان دەخەمە بەرچاوی خوێنەر.
لایەلایە:
لانکۆڵی تۆ ڕادەژێنم لە لاماڵێ
بەسەر هەڵدەکێشم گۆشەی دە بەرماڵێ
ڕەبی دوژمنی دە تۆ لە پێست و لۆخ داماڵێ (بەشی ژنان: ٥٤)
*
لایی لایی ڕۆڵە لایی
بریا ڕۆڵە، ئەمن وەنەوشە بام لە لێوی جۆبە
دۆعات لێ ناکەم کۆرپە شیرینەکەم، سەد جاران تۆبە (بەشی ژنان: ٦٤)
...
منداڵلاواندنەوە (بۆ کچان):
قوربانت بم قوربانیلە
سێوە سوورەی سەر کانیلە
عالەم بۆ ماچی تۆ دیلە (بەشی ژنان: ٧٥)
*
کچەکەم جوانە لە دێیدا
کەوشی سووری لەپێیدا
کوڕان دەیبەن لە جێیدا
کاکی بزانێ لێی دەدا (بەشی ژنان: ٧٦)
*
کابانی خڕوخۆڵێ
لە سەربانان وەجووڵێ
بۆ کوڕان مەچۆ دە هۆڵێ
بابت چاوت دەکۆڵێ (بەشی ژنان: ٧٧)
...
منداڵلاواندنەوە (بۆ کوڕان):
ئەو کوڕەم دەکا گزەگزێ
خوایە زاڵم لێم نەدزێ
جەرگ و دڵم هەڵنەکزێ (بەشی ژنان: ٩٤)
*
کچان مەچن بۆ ناودار
کوڕم شێتە و کڵاولار
دەتانخا پشتەوقەفار (بەشی ژنان: ٩٢)
منداڵلاواندنەوە (هاوبەش بۆ کچ و کوڕ):
خودایە گیان خودایە
هەڵت کردووە چرایە
نەمخەیە تاریکایە (بەشی ژنان: ٨٠)
*
دەبەرت مرم لاوە
بەژنت گیابەند و خاوە
دایکت لێت بکا سڵاو (بەشی ژنان: ٨٠)
.....
وردەقام:
ئەگەر زانیبام بە زمانی بولبوول
قەتم نەدەکرد مێردی نابەدڵ (بەشی ژنان: ١٠٩)
*
ئەگەر بمخوازی بە چەپکی گوڵ بی
ئەگەر نەمخوازی نەمامی گڵ بی (بەشی ژنان: ١١١)
*
یاخوڵا ماممەلا عەمرت نەمێنێ
چارەی نابەدڵان چەند زوو پێک دێنێ
لە کاری خێریش خۆ دەگنخێنێ (بەشی ژنان: ١١١)
*
سەعاتی دەستت زێڕێکی پاکە
لە ترسی خەڵکی پێت دەڵێم کاکە (بەشی ژنان: ١١٥)
*
وەهام تێ مەگە سەرکوڵمم گەشە
وەکوو ماسییەکە نێوزگم ڕەشە (بەشی ژنان: ١٢٦)
.....
باللۆرە:
شوانی مەڕە کڵۆڵێ
مەڕی بێنە دۆڵێ
وێد دەدەم مەمکۆڵێ (بەشی ژنان: ١٧١)
*
شوانە مەحەتێنە
مەڕی هەڵمەستێنە
وەرە بمگەوزێنە (بەشی ژنان: ١٧٣)
حەیران:
حەیران وەرە چۆمەکەی گاگەش بابۆمەران زۆرە لە من بوار نادا
سواری ئەسپەکەی خۆت بە ڕکێفان لێ دە
ئەوە هەتا کیژ بووم لە ماڵی بابان نەتخواستم
ئەلحانیش گولەکەی دەمێردان لە بۆ تۆم تەڵاق نادا (بەشی ژنان: ٢٥٤)
...
شینگێڕی:
نەمزانی ئەگە کوڕەلاوێ من وا زوو دەمرێ
دەنا تاوڵێکم بۆ هەڵدەدا لە کەوییان و لە نەوییان لە سپیڕێزی دە غەیلانییان
ڕستەی دە پێشماڵێم بۆ داویتەوە سەر شۆڕابی دە شەنگەبییان
ئی دە پاشماڵێم بۆ داویتەوە سەر شاخی دە نێرییەکێوییان
جا هەتا سوار ببا لە ماینێ بۆر لە دەرەوەی کردباوە
تەقڵە دەگەڵ شەڕناخێوییان (بەشی ژنان: ٢٦٧)
هەرچەند لە سەرەوە گوتم مەبەستم تەنیا ناساندنی کتێبەکەیە و نامەوێ زۆری لەسەر بڕۆم و پێشم خۆشە خوێنەر پاش خوێندنەوەی کتێبەکە ڕاڤەی خۆی لەمەڕ کارەکەوە هەبێت، بەڵام لێرەدا بەحەیفم زانی ئیشارە بەوە نەکەم کە لە ژانرەکانی ''وردەقام'' و ''حەیران''دا ئەزموونی ژیانی ژنان و هەست و ڕامانیان لەمەڕ پێوەندییە کۆمەڵایەتی و جنسییەتییەکانەوە زیاتر وەدیار دەکەوێت و جودا لە لایەنی زمان، کە بە بۆچوونی من لەم پڕۆژەیەدا گرینگترین لایەنە، توێژەرانی بوارە جێندەری و کۆمەڵایەتییەکانیش دەتوانن دەقی ''وردەقام'' و ''حەیران''ی ژنان، کە لەم کتێبەدا وەکو کەرەستەی خاو خراونەتە بەردەست، بکەنە سەرچاوەی لێکۆڵینەوە لە ئەزموونی مێژووییی ژیانی ژنی کورد و بەراوردکردنی لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆی ژیانی ژنی کورد و، تەنانەت زمان و تێمی ئەدەبی نوێی ژنی کورد لەم سەردەمەی حازریدا.
لێرەدا پێویستە بڵێم، چاپی یەکەمی پڕۆژەی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان لەسەر ئەرکی دانەر و کۆکەرەوەی پڕۆژەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە. بە خۆشییەوە چاپی دووەمی لە لایەن "خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە" لە شاری "هەولێر"ی پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە کۆتاییی مانگی ٣ی ٢٠١٩دا بڵاو دەکرێتەوە.