پێنووس

چارەنووسی كورد و  سوننەكان لەژێر ھەژموونی ھێزە شیعەكاندا

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر-بەریتانیا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

كورد و سوننەكان بەدەستبەتاڵییەوە لە ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت ھاتنە دەرەوە

لە دوای ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و دواتریش پێكهێنانی حكوومەتی سوودانی، كورد و سوننەكان گەشبین بوون بەوەی حكوومەتی نوێ پابەندی ڕێككەوتنەكان دەبێت و خواست و داواكارییەكانیان كە ڕێككەوتنیان لەسەر كراوە، جێبەجێ دەكرێن. بەڵام لە دوای پێكهێنانی حكوومەتی سوودانی لە ئۆكتۆبه‌ری 2022دا لە ڕووی پراكتیكییەوە ھیچ ھەنگاوێكی گرنگ بە ئاراستەی پراكتیزەكردنی بەندەكانی ڕێككەوتنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت نەھاوێژراوە. ئەوەی تاكوو ئێستا دیارە، ئەو ڕێككەوتنە تەنیا لە خزمەتی لایەنە شیعەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئێراندا بووە. سەبارەت بە عەرەبە سوننەكان، ھیچ یەك لە داواكانیان كە پەیوەست بوون بە چارەسەركردنی دۆسیەی بێسەروشوێنبووەكان و دەركردنی یاسای لێخۆشبوون، ھەڵوەشاندنی یاسای ڕیشەكێشكردنی بەعس، كشانەوەی ھێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوەندی شارەكانی عەرەبە سوننەكان جێبەجێ نەكراون. لەمەیش مەترسیدارتر، لادانی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی گەورەترین ھێزی سوننەكان بووە لەلایەن دادگه‌ی دەستوورییەوە لە 14ی نۆڤەمبەری 2023 لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان. بێ گومان ئەمەیش ڕاستەوخۆ لەلایەن گرووپە شیعەكانه‌وه‌ پلانی بۆ دانرابوو.

دیارە بارودۆخی ھەرێمی كوردستان لە بارودۆخی سوننەكان باشتر نییە. بڕیار بوو دوای دروستكردنی حكوومەتی سوودانی، لە ماوەی 6 مانگدا یاسای نەوت و گاز بە ڕێككەوتن لەگەڵ ھەرێم پەسەند بكرێت؛ بەڵام تاكوو ئێستا ھیچ ھەنگاوێك نەھاوێژراوە. ھەروەھا لە یەكەم تاقیكردنەوەدا شیعەكان پشتیان لە ڕێككەوتنەكانیان  كرد؛ بەتایبەت سەبارەت بە پەسەندكردنی بوودجە، ھەوڵیان دا لە پێگەی ھەرێم بدەن. لە لایەكی تریشەوە، سەبارەت بە بەندی 140، ڕێككەوتننامەی شنگال و دەركردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، نەك ھەر ھیچ ھەنگاوێك نەھاوێژراوە، بەڵكوو ڕێك بەپێچەوانەی ڕێككەوتنەكان ھەنگاو دەنێن. لە شنگال لە نوێترین ھەنگاودا بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەستیان كردووە بە دروستكردنی لیوایەكی تری چەكداری سەر بە میلیشیا شيعەكان  لەناوچەكەدا و، بۆ ئەم مەبەستە ڕەزامەندیی حكوومەتی “سوودانی”یان وەرگرتووە. ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی ڕێككەوتنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، دەبوایە ھەموو میلیشیا چەكدارەكان لە شنگال دەركرابان. بە ھەمان ئاراستەیش، شیعەكان ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمیان ڕاگرتووە و بە پاسا و بیانووی جیاوازەوە گرفت بۆ ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دروست دەكەن. بە ھەمان ئاراستەیش دوای پەسەندكردنی بوودجەی سێ ساڵی، بە فرتوفێڵ بوودجەی ھەرێم بە ڕاددەیەك كەم كراوتەوە كە ڕیژەكەی ناگاتە 5% و سەڕەرای ئەمەیش بەغدا داوای داھاتی نانەوتیی 100% لە ھەرێم دەكات. ھەموو ئەمانەیش وای كردووە دوای پەسەندكردنی بوودجەی عێراق، نەك ھەر ھەرێم سوودمەند نەبێت یان پشكی خۆی وەرنەگرێت، بەڵكوو ئەوەی تا ئێستایش وەردەگرێت بە شێوەی قەرزە و دەبێت بیانداتەوە.

لادانی حەلبووسی  لەسەرۆكی پەرلەمان

بەپێی بڕیاری دادگه‌ی دەستووری لە 14ی نۆڤەمبەری 2023 حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لا درا و ئەندام پەرلەمانییەكەی ھەڵوەشێنرایه‌وه‌. ئەم بڕیارەی دادگه‌ لە كاتێكدایە، حەلبووسی زۆرترین دەنگی پێكھاتەی سوننەكانی لەگەڵدایە. بێ گومان ئەمە پێشھاتێكی زۆر مەترسیدارە و، دەكرێت كاریگەرییه‌كی زۆری ھەبێت لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا.  گومانی تێدا نییە بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی بە فەرمانی ئێران و ھێزە شيعەكان دەركراوە، بۆ ئەوەی گورزێكی مەزن لە ھەموو ئەو كەس و ھێزانە بدەن كە دژی ئێران و ھاوپەیمانەكانی كاریان كردووە. ھەر لەسەرەتاوە دیار بوو ئێران و گرووپە شیعەكان بەو ئاراستەیەدا ھەنگاو دەنێن و، مەبەستیانە لەناو سوننەكان كەسێك دەسەڵاتدار بێت ملكەچی بڕیار و سیاسەتەكانی ئێران بێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە حەلبووسی ڕۆڵێكی زۆری ھەبووە لە پێكھێنانی حكوومەتی سوودانی و گەیشتنی چوارچێوەی ھەماھەنگی به‌ دەسەڵات. ئەمەیش ئەو ڕاستییە دەردەخات كە كورد و سوننەكان چ ھەڵەیەكی گەوەریان كرد، چوونە پاڵ ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی سەر بە ئێران بۆ پێكھێنانی ئەم حكوومەتە، كە ئێستا لە دژیان بەكار دێت. وەك ئاماژەمان پێ كرد، تا ئێستایش تەنانەت یەك خاڵ لەو بەرنامەیەی كە له‌سه‌ری ڕێك كه‌وتوون، جێبەجێ نەكراوە. ئەم ھەنگاوە تەنیا مەترسی نییە بۆ سەر سوننەكان، بەڵكوو مەترسیی جددییش ھەیە بۆ سەر ھەرێمی كوردستان. لێرەدا لەوانەیە پرسیار ئەوە بێت: بۆچی ھێزە شیعەكان دژایەتیی حەلبووسییان دەكرد و لە ڕێگەی دادگه‌ی دەستوورییەوە لە پۆستەكەی لا درا؟ ڕاستییەکەی، زۆر ھۆكار و فاكتەر ھەن بۆ دەركردنی ئەم بڕیارە لەلایەن دادگه‌ی فیدراڵییەوە، بەتایبەت لەم كاتەدا، لەوانە:

  • ئێران و گرووپە میلیشیاكان “قەیرانی غەززە” وەك دەرفەتێكی زێڕین بەكار دەھێنن بۆ لێدان لە نەیارەكانیان لە عێراقدا؛ لەبەر ئەوەی ئێستا زۆربه‌ی فۆكه‌سی جیھانی و ھەرێمی لەسەر كەرتی غەززەیە و كەس ئاگای لە عێراق یان پرۆسەی سیاسی لە عێراق، نەماوە. بۆیە ئێران و ھێزە پرۆكسییەكان ئەمەیان بە دەرفەت زانی بۆ پاكتاوكردنی نەیارەكانیان؛ بەتایبەت جه‌نگی فەڵەستین و ئیسرائیل وای كردووە ئەمریكا زیاتر چاوی لەسەر ئەم جه‌نگە بێت و زیاتر ھەوڵ دەدات بازنەی جه‌نگەكە فراوان نەبێت. ھەر بۆیە، ئەمریكا ئێستا فۆكه‌سی زۆری نەماوە لەسەر سیاسەتی ھێزە شیعەكان لە عێراقدا؛ جا ئەمە دەرفەتە بۆ ھێزە شیعەكان بۆ ئەوەی لە نەیارەكانیان بدەن. بەتایبەت دڵنیان كە دەوڵەتانی عەرەبی و ئەمریكا لە ئێستادا زۆر گرنگی بە مەسەلەی پێكھاتەی سوننەكان یان لادانی حەلبووسی نادەن. ھەر بۆ زانین، ماوەیەك پێش ئێستایش فەرماندەی دژەتیرۆریش (وەهاب ئەلساعیدی)یان لەسەر كارەكەی لا درا كە كەسێكی نزیك بوو لە ئەمریكا.
  • ھێزە شیعەكان و ئێران لەبیریان ناچێت كە لە دوای ھەڵبژاردنەكانی 2021، حەلبووسی لەگەڵ پارتی و سەدر ھاوپەیمانیی پێك ھێنا بۆ دروستكردنی حكوومەت. بۆیە ھاوپەیمانەكانی ئێران لە دوای پێكھێنانی حكوومەت بەردەوام باسی ئەوەیان دەكرد، كە دەبێت كەسێكی دیكە لە جێگەی حەلبووسی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت. لەسەرەتادا ھەوڵیان دا لە ڕێگەی پەرلەمانەوە متمانە لە حەلبووسی وەربگرنه‌وه‌. بەڵام دواتر پیلانەكەیان گۆڕی و كارەكەیان بە دادگه‌ی دەستووری كرد بۆ ئەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی تۆمەتبار نەكرێت بەوەی دەستی تێدا ھەبووە. بێ گومان ئەم بڕیارەیش تۆڵەكردنەوە بوو لە حەلبووسی و، چاوترساندنی ئەو ھێزانەیە كە لە دەرەوەی سیاسەت و ئەجێندای ئێراندا كار دەكەن.
  • ھێزە شیعەكان زۆر مەبەستیانە بەدیلێكی نزیك لە ئێران لەناو پێكھاتەی سوننەكان بدۆزنەوە كە بۆ ئێستا و ئاییندە بتوانێت جێگەی حەلبووسی بگرێتەوە. دیارە حەلبووسی زیاتر لە ئەمریكا و دەوڵەتانی عەرەبی نزیك بوو. كەواتە ئێران مەبەستیەتی دڵنیا بێت لەوەی كە زۆربەی ئەوانەی لەناو پێكھاتەی سوننەكان بەھێزن، سەر بە خۆیان بن، نەك لایەنێكی تر. ئێستا ئەم سیاسەتە لەناو ھەرێمیش زۆر بەوردی پراكتیزە دەكرێت.
  • ئێران و ھاوپەیمانەكانی زۆر مەبەستیان بوو پێش پرۆسەی ھەڵبژاردنەكانی پارێزگاكان له‌ دێسەمبەری 2023، گورزێكی مەزن لە حەلبووسی و ھاوپەیمانەكانی بدەن بۆ ئەوەی كەمترین دەنگ لەناو پێكھاتەی سوننەكان دەستەبەر بكەن. بەڵام ئەم پیلانەی ھێزە شيعەكان سەری نەگرت. بەتایبەت بەپێی دەرەنجامی ھەڵبژاردنی پارێزگاكان، لیستەكەی حەلبووسی زۆرینەی دەنگی پێكھاتەی سوننەكانی بەدەست ھێناوە. گەورەترین سوپرایزیش بەغدا بووە كە لیستەكەی حەلبووسی پلەی یەكەمی بەدەست ھێناوە، كە ئەمه‌یش شیعەكانی تووڕە كردووە. بێ گومان ئەمە ئەوە دەردەخات لادانی حەلبووسی ھاوسۆزییەكی مەزنی لەناو پێكھاتەی سوننەكانی بۆ دروست كردووە و، دەكرێت كاریگەریی زۆری ھەبێت لەسەر ھاوكێشە سیاسییەكانی عێراق و بەھێزبوونی پێگەی حەلبووسی لە پرۆژەی سیاسیدا. تەنانەت لە مووسڵیش لیستەكەی نەجم جبووری، پارێزگاری پێشووی مووسڵ، كە لەژێر گوشاری ھێزە شیعەكاندا دەستی لە كار كێشایەوە، پلەی یەكەمی ھێناوە. ئەمەیش پێمان دەڵێت ئەوانەی لەلایەن ئێران و گرووپە شیعەكانه‌وه‌ لەناو پێكھاتەی سوننەكاندا دژایەتی دەكرێن، نەك ھەر پێگەی جەماوەرییان لاواز نابێت، بەڵكوو بەھێزتریش دەبێت.
  • بۆ لایەنە شیعەكان و ئێران زۆر گرنگە ھیچ ھێزێك یان كەسایەتییه‌كی كاریگەر لەناو پێكھاتەی سوننەكان دروست نەبێت كه‌ بتوانێت پێگە و ھێز بداتە پێكھاتەی سوننە لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا. لەبەر ئەمەیش، ئێران و ھاوپەیمانەكانی لە عێراق زیاتر ھەوڵ دەدەن ھەم كورد و ھەم سوننەكان زیاتر پەرشوبڵاو و پەرتەوازە بن، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە سیاسەت و ئەجێنداكانیان لە عێراقدا جێبەجێ بكەن. لەمەیش گرنگتر ئەوەیە ڕێگە نادەن ھیچ فیگەریكی مەزن و كاریگەر لەناو پێكھاتەی سوننەكان سەر ھەڵبدات كە دواتر ببێتە مەترسی لەسەر سیاسەتی ھێزە شيعەكان لە عێراقدا. بۆ نموونە لە سەردەمی “مالیکی”دا “ڕافع عیساوی” و “تارق هاشمی” كە دوو كەسایەتیی كاریگەری ناو پێكھاتەی سوننەكان بوون، بەئامانج گیران و بەپێی یاسای دژەتیرۆر لە پێگەیان درا. دواتریش بە شێوەی جیاواز هەر یەکە لە ئوسامە نوجەیفی و ساڵح موتڵەگ و محەممەد حەلبووسی بە هەمان دەرد بردران.

بەردەوامیی كێشەكانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا و قەیرانی مووچە

دیارە تا دێت گرژییەكانی نێوان ھەوڵێر و بەغدا توندتر دەبن و حكوومەتی عێراق بەردەوامە لە گوشارخستنە سەر ھەرێم و، ھەموو ڕێككەوتنەكانی پێكھێنانی حكوومەت بەلاوە نراوە. لەوانەیە ئەو  پرسیارە  بكرێت كه‌، بۆچی بەغدا ئامادە نییە كێشەكان لەگەڵ ھەرێم چارەسەر بكات؟ یان بۆچی بەغدا ئامادە نییە پرسی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بكات؟ یان ڕێگە بدات ھەرێم نەوتەكەی ھەناردە بكات؟ لە ڕاستیدا زۆر ھۆكار ھەن كە وا دەكات بەغدا بەردەوام بێت لە گوشارخستنە سەر ھەرێم و پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبێت، كە گرنگترین خاڵەكان ئەمانەن:

  • ھەر لە بنەڕەتەوە بەغدا و دەسەڵاتدارانی شيعە باوەڕیان بە سیستەمی فیدراڵی و بەندەكانی دەستوور نییە و دەیانەوێت دەسەڵاتەكان لە بەغدا كۆ بكەنەوە و، وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ ھەرێمدا بكرێت نەك وه‌ك قەوارەیەكی فیدراڵی و خودان دەسەڵات و تایبەتمەندیی خۆی.
  • بەغدا لەگەڵ ئەوە نییە ھەرێم لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە سەقامگیر بێت، ھەر بۆیە بە دروستكردنی كێشەی مووچە و نەناردنی بوودجە، بەغدا مەبەستیەتی ھەلومەرجێكی وا دروست بكات، كە نەك ھەر ھەرێم لە ڕووی ئابوورییەوە گەشە نەكات، بەڵكوو تووشی داڕمانێكی گەورەی ئابووری ببێت؛ بە شێوەیەك ببێتە فاكتەرێك بۆ تەسلیمبوونی بە بەغدا.
  • وەك چۆن لەناو سوننەكاندا ئێران و گرووپە شیعەكان ھەوڵ دەدەن لە پێگەی نەیارەكانیان بدەن، بە ھەمان شێوەیش ئەو سیاسەتە لەناو ھەرێمیش جێبەجێ دەكەن. بۆیە، ھێزە شيعەكان مەبەستیانە بە دروستكردنی كێشەی مووچە بۆ فەرمانبەران، شەقامی كوردی و خەڵك لە دژی حكوومەتی ھەرێم و بەتایبەتیش پارتی ھان بدرێت. ئەمە لە لایەك بۆ ئەوەی پێگەی ھەرێم لاواز ببێت و، لە لایەكی تریشەوە لەو ڕێگەیەوە لە پێگەی پارتی بدەن؛ بەو مانایەی ئەوان وای دەبینن لاوازبوونی پێگەی ھەرێم بە مانای لاوازبوونی پێگەی پارتییە.
  • ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەیانەوێت دژایەتیكردنی ھەرێم وەك بانگەشەیەك بۆ بەھێزكردنی پێگەكەیان بەكار بھێنن؛ بەتایبەت ماوەیەكی درێژە ھێزە شیعەكان ھەوڵ دەدەن شەقامی عەرەبی و شیعە بەو ئاراستەیەدا ببەن، كە سەرچاوەی ھەموو كێشەكانی عێراق، “ھەرێمی كوردستان”ە! بۆیە ئەوەی زیاتر دژایەتیی ھەرێم دەكات، زیاتر دەتوانێت پێگەكەی لەناو شەقامی شیعەدا بەھێز بكات!
  • ھەرێمی كوردستان دوو ھەڵبژاردنی گرنگی لە پێش بووە: یەكەمیان ھەڵبژاردنی پارێزگاكان بووە، كە لە 18ی دێسەمبەری 2023 ئەنجام درا، ھەروەھا بڕیاریشە لە 24ی كانوونی دووەمی 2024 ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، ئەگەر دوا نەخرێت. بۆیە لایەنە شیعەكان زۆر ھەوڵ دەدەن بە دروستكردنی قەیرانی دارایی لە ھەرێم، خەڵك لە دژی پارتی ھان بدەن، بۆ ئەوەی وا پیشان بدرێت كە پارتی بەرپرسیاری سەرەكییە لەو قەیرانەی كە لە كوردستان ھەیە. ئەمەیش بۆ ھاندانی خەلك بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنەكان پارتی سزا بدەن و دەنگ بە دۆستەكانی ئێران بدەن، چونكە ئەوان زۆر مەبەستیانە ھاوپەیمانەكانیان لە كوردستان دەسەڵات بگرنە دەست.
  • پرسی ڕاگرتنی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم تاكوو ئێستا زیاتر وا دەردەكەوێت كێشەیەكی سیاسی بێت، نەك فەننی و تەكنیكی. گومانی تێدا نییە كە بەرپرسانی بەغدا، بەتایبەت ھاوپەیمانەكانی ئێران، مەبەستیانە بە ھەر شێوەیەك بێت گرفت بۆ ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم دروست بكەن لە پێناوی چەند ئامانجێك، لەوانە: ھەرێمی کوردستان لەسەر پرسەكان سازشی زیاتر بۆ بەغدا بكات، دوورخستنەوەی ھەرێم وەك ئەكتەرێكی كاریگەر لە ڕووی ھەناردەكردنی نەوت، كەرتی وزە لە ھەرێم تووشی شكست ببێت بە شێوەیەك چیتر كۆمپانیا نەوتییەكان لە ھەرێم كار نەكەن، مەلەفی نەوت و گاز لەدەست ھەرێم دەربھێنن و، ھەرێم تووشی قەیرانێكی گەورەی ئابووری و سیاسی بكەن.

بژاردەكانی بەردەم كورد و سوننە

كورد و سوننەكان دوو پێكھاتەی سەرەكین لە عێراقدا، كە دەتوانم بڵێم ئێستا لە ڕووی پراكتیكییەوە لە دەرەوەی  پرۆسەی بڕیارداندان. واتە لە عێراقدا نە شەراكەت و ھاوبەشی ماوە، نە ھاوسەنگی ماوە لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا و نە تەوافق و سازان ماوە لە دەركردنی بڕیارەكاندا. واتە بەكورتی ئێستا عێراق لەلایەن ھاوپەیمانەكانی ئێرانەوە بەڕێوە دەبردرێت و دەستیان بەسەر ھەموو جومگه‌ گرنگەكانی دەوڵەتدا گرتووە و، بەكاریان دەھێنن بۆ بەھێزكردنی پێگەكەیان و لێدان لە نەیارەكانیان. لێرەدا لەوانەیە سوننەكان زیاتر كەوتبنە ژێر گوشاری ھێزە شیعەكان؛ لەبەر ئەوەی سوننەكان هیچ هه‌رێمێكی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان نییه‌. لەوەیش خراپتر ئەوەیە ھیچ ھێزێكی سەربازی نییە بیانپارێزێت. ئەم دوو فاكتەرە وای كردووە كە زۆر بەئاسانی بكەونە داوی گرووپەكانی سەر بە ئێران.

ھەم پارتی ھەم سوننەكان، بەتایبەت ھاوپەیمانیی سیادە، زەرەرمەندی یەكەمی ئەم سیاسەتەی گرووپە میلیشیاكانن. وەك ئاماژەمان پێ كرد، تاكوو ئێستایش یەك خاڵیش لە بەرنامەی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت پراكتیزە نەكراوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە كورد و سەننەوە ھەیە. نەك ھەر ئەمە، ئێستا لە ڕێگەی دامەزراوە سیاسی، یاسایی و سەربازییەكانەوە خەریكە لە گۆڕەپانی سیاسی دوور دەخرێنەوە. ئەمەیش بێ گومان چارەنووسی عێراق بەرەو ئاییندەیەكی تاریك و نادیار دەبات و، دوور نییە قەیرانێكی گەورەی لێ بكەوێتەوە. بۆیە پرسیار ئەوەیە: بژاردەكانی بەردەم كورد و سوننە كامانەن و چۆن دەتوانن خۆیان بپارێزن و دووبارە لە ڕوانگەیەكی بەھێزترەوە بگەڕێنەوە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق؟

  • یەكێك لە بژاردەكان ئەوەیە كە پارتی و سوننه‌كان، بەتایبەت ئەوانەی لە ئێران دوورن، هاوپەیمانی دروست بكه‌ن. ئەمە یەكێكە لەو فاكتەرانەی كە كاریگەریی دەبێت لەسەر دووبارە ڕاستكردنەوەی ئەو لاسەنگییەی لە حوکمڕانیی عێراقدا دروست بووە. وەك ئاماژەمان پێ كرد، ئێستا كورد و سوننەكان لەژێر گوشاری گەورەی گرووپە شيعەكاندان و چیدیکە بەشێک نین لەو هاوبەشییەی لە 2003 دەوڵەتی عێراقی لەسەر بنیات نرایەوە. كورد و سوننەكان بەبێ ھاوپەیمانی و یارمەتیدانی یەكتر زۆر بەئاسانی دەبنە قوربانیی گەمەی ھێزە شیعەكان و ھیچ شتێكیان دەست ناكەوێت. ھەروەھا زۆر گرنگە سوننەكان ھان بدرێن بۆ ئەوەی ھەرێمێكی تایبەت بە خۆیان دروست بكەن و، دەبێت كورد لەم بارەوە یارمەتییان بدات؛ چونكە دروستبوونی ھەرێمێكی سوننە ھەم دەرگه‌ بەسەر دابەشبوونی عێراقدا دەكاتەوە و، ھەم یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ھاوسەنگیی ھێز لە عێراقدا.
  • دروستكردنی ھاوپەیمانیی نوێ لەسەر ئاستی عێراق؛ بە شێوەیەك ئەو ھێز و لایانانە بگرێتە خۆ، كە بڕوایان بە شەراكەت و تەوافق و ھاوسەنگی ھەیە لە پرۆسەی سیاسیدا. زۆر گرنگە بۆ كورد و سوننەكان پاڵپشتیی سەدرییەكان بكەن، چونكە ئەمە یەكێك لەو كارتانەیه‌، كه‌ دەكرێت وەك ئەمرازی گوشار دژی لایەنەكانی تری شیعە بەكار بھێنرێت. دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین كە تاكوو ئێستا  تاكە لایەن كە دەتوانێت لەناو شەقامی شیعە ڕووبەڕووی چوارچێوەی ھەماھەنگی ببێتەوە، “سەدرییەكان”ن. ڕاستە ھاوپەیمانیكردن لەگەڵ سەدرییەكان سەختە، چونكە خودی سەدر كەسێكی میزاجییە و جێگەی باوەڕ نییە و بەردەوام سیاسەتەكانی گۆڕانی بەسەردا دێت و لە بڕیاردانیش پەلە دەكات و تاكڕەوە، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییەیش بزانین كە خاڵی ھەرە لاوازی چوارچێوەی ھەماھەنگی، سەدرییەكانن و ھەر ئەوانیش دەتوانن ڕووبەڕووی ھەژموونی گرووپە میلیشیایاكان ببنەوە. بە ھەمان شێوەیش، وەك چۆن ئێران ڕێگە نادات لەناو كورد و سوننەكان لایەنێك زاڵ ببێت و بەردەوام ھەوڵ دەدات پەرتەوازەیی لەناو ئەم دوو پێكھاتەدا دروست بكات، دەبێت كورد و سوننەكانیش ھەمان سیاسەت بەرامبەر شيعەكان بگرنە بەر و، دەبێت ھەموو ھەوڵێك بدرێت ناوماڵی شیعە پەرتەوازە بێت و لایەنێك بەسەر پرۆسەی سیاسیدا زاڵ نەبێت.
  • كشانەوە لە حكوومەتی ئێستا و ھەوڵدان بۆ ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی و، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، دەبێت یەكێكی تر بێت لەو كارتانەی كورد و سوننەكان لە دژی ئەم حكوومەتە بەكار بھێنن. لە ڕاستیدا ھەر لە سەرەتاوە دەبوایە كورد و سوننەكان بەشداریی ئەم حكوومەتەیان نەكردبایه‌ و دەیوانتوانی نیسابەكە تێك بدەن و دووبارە ھەڵبژاردنێكی تر لە عێراق ئەنجام بدرێت. بەڵام دوای كشانەوەی سەدر، پارتی و سوننەكان بەھۆی پێدانی ھەندێك بەڵێنی بێبنەما، دووبارە چوارچێوەی ھەماھەنگییان كردە دەسەڵاتی بێڕكابەر لە عێراقدا و، ئێستایش باجەكەی دەدەن. بۆیە، بۆ كورد زۆر گرنگە وادەیەك دابنێت بەوەی، یان دەبێت ئەو خاڵانەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە جێبەجێ بكرێت، یان دەبێت لەو حكوومەتە بكشێته‌وه‌. بەتایبەت دەبێت ھەرێم گوشار دروست بكات بە لایەنی كەم لەم قۆناغەدا پێداچوونەوە بە یاسای بوودجە بكرێت و گرفتی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بكرێت؛ ھەروەھا كار بكرێت بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز و ئەنجومەنی فیدراڵی.

بەڵام ئەگەر بەغدا ھەر سیاسەتی كاتكوشتن بگرێتە بەر، دەبێت كورد و بەتایبەت پارتی لە حكوومەتی ئێستا بكشێنه‌وه‌ و، لەگەڵ لایەنەكانی تر كار بكرێت بۆ ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی حكوومەتی سوودانی. ڕاستە سەبارەت بە كورد و سوننەكانیش پرسی كشانەوە ئاسان نییە، چونكە ھێز و و لایەنە سیاسییەكان یەكگرتوو و یەكھەڵوێست نین و لە ئەگەرێكی وەھادا لەناو كورددا تەنیا پارتی و لەناو سوننەكانیشدا تەنیا حەلبووسی و لەوانەیشە ھاوپەیمانیی سیادە بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر بكشێنەوە. ئەوانی تریش نەك ھەر دەمێننه‌وە، بەڵكوو بە ئەگەری زۆر پۆستەكانیشیان پڕ دەكەنەوە. بەڵام كشانەوە لە حكوومەت گورزیكی مەزن لە  حكوومەتی ئێستا دەدات، چونكە لەسەر ئاستی ھەرسێ پێكھاتە (سەدرییەكان، ھاوپەیمانیی سیادە و تەقەدوم و پارتی) كە زۆرینەی دەنگەكانی ھەڵبژاردنەكانیان بردووە، بە كشانەوەیان شەرعییەتی ئەم حكوومەتە دەكەوێتە ژێر پرسیاری جددییەوە و ناچارە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بكات. بەڵام نابێت لەبیری كەین، ئەم ھەنگاوە زیاتر ھاوپەیمانەكانی ئێران ھان دەدات بۆ دژایەتیكردنی كورد و بەكارھێنانی دادگه‌ی دەستووری لە دژی زۆر پرسی تری پەیوەست بە ھەرێم.

  • زۆر گرنگە ھێز و لایەنە سیاسییە كوردییەكان سیاسەت و بەرنامەی ھاوبەشیان ھەبێت لەسەر ئاستی بەغدا و پارێزگاكان بۆ بەھێزكردنی پێگەی ھەرێم و پاراستنی مافە دەستوورییەكانی. دەكرێت ھەڵبژاردنەكانی پارێزگاكان یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی لە كەركووك و مووسڵ سیاسەتێكی ھاوبەش بگرنە بەر بۆ ئەوەی له‌ كەركووك پارێزگارێكی كورد دابنێن؛ ھەرچەندە ئەم جارە كورد نەیتوانیوه‌ زۆرینەی كورسییەكانی كەركووك بباتەوە و تەنیا توانیی 7 كورسی مسۆگەر بکات. بۆیە لایەنە كوردییەكان ڕووبەڕووی زۆر سەختی دەبنەوە و ئەگەر پارتی و یەكێتی سیاسەتی ھاوبەش نەگرنە بەر، سەخت دەبێت بۆ ئەوەی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك دابنێن. تەنانەت ئێستا بەپێی دەرەنجامی ھەڵبژاردنەكانی پارێزگاكان بێت، ھەڕەشەی جددی لەسەر “ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركووك” ھەیە. بەتایبەت لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگی لایەنە عەرەبەكان بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز بووه‌تەوە. بەداخەوە تاكوو ئێستا لایەنە كوردییەكان نەك ھەر یەكگرتوو نەبوون و نین، بەڵكوو ھەر یەکەو سیاسەتی تایبەتی خۆی ھەیە و زۆربەیان لە جێگەی ئەوەی شەڕ بۆ مافە دەستوورییەكانی ھەرێم بكەن، خەریكی موزایەدەی سیاسین. تەنانەت ھەندێك لە ھێزە كوردییەكان، بەتایبەت یەكێتی، ڕوڵێكی زۆر خراپ دەگێڕن لە ھاندانی لایەنە شیعەكان بۆ دژایەتیكردنی مافە دەستوورییەكانی ھەرێم و ھەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا؛ ئەمە لە كاتێكدایە كە لایەنە دژبەرەكانی ھەرێم زۆر بەوردی كار و پلانەكانیان دژی ھەرێم بەڕێوە دەبەن.
gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

سوودانی و مالیکی… جەنگی سارد و زیاتریش

(دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، "ویلایەتی دووەم" یاساکانی جەنگەکە دەگۆڕێت)   ن: عەلی سەرای و:… زیاتر

1 week ago

حكوومەتی سوودانی: دوو پێشهاتی گەورە و كۆمەڵێك ئەگەر و سیناریۆ

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق كابینەی محەمەد… زیاتر

1 week ago

11 کەسایەتیی کاریگەر لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ

نووسەر: فۆریەن پۆلیســـی (foreignpolicy) وەرگێڕان: پێنووس ئەگەر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە بگاتە… زیاتر

2 weeks ago

یەکەم گەشتی سیسی بۆ ئەنقەرە؛ پەیوەندیی نێوان میسر و تورکیا دوای ١١ ساڵ چۆن گۆڕا؟

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس بڕیارە ڕۆژی 4ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، بە مەبەستی… زیاتر

2 weeks ago

سیناریۆ و ئەگەرەکانی پێکدادانی ئیسرائیل و ئێران: هاوکێشەکانی پاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە

د. پەرویز ڕەحیم قادر\ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی\ مامۆستای زانکۆ هەرچەند… زیاتر

3 weeks ago

ئاییندەى گۆڕاوە ستراتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەگەرى گەڕانەوەى ترامپ

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران ترامپ وەک مەتەڵێک بۆ… زیاتر

4 weeks ago