محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران
پوختە
لە ئاسۆی پێشکەوتن و بەهێزبووندا، پایەیەکی سەرەکیی پەرەسەندنی بەردەوام (Sustainable development)، پەرەپێدانی زانستی جێبەجێکارییە لە ڕوانگەی حوکمڕانیی پشتبەستوو بە زانستەوە. لەو ڕاگوزەرەدا، ئامانجی ئەم نووسینە خستنەڕووی گرنگیی زانستی جێبەجێکاری و دۆزینەوەی زەمینە و هۆکارەکانی شکستی سیاسەت و نیشاندانی ڕێکارێکە بۆ چارەسەرکردن. لێکۆڵینەوە کە لە چوارچێوەی هزری سیاسی و زانستی سیاسەتی گشتی و تیۆری جێبەجێکاری، بە میتۆدی وەسفی و شیکاری ئەنجام دەدرێت. دەرەنجام دەگاتە ئەوەی کە لاوازبوونی زانستی جێبەجێکاری دەبێتە هۆی ئاستەنگ لە پێش سیاسەتەکان و، شیاوسالاری بە کلیلی چارەسەرکردن دادەنرێت.
پێشەکی
دیراسەی جێبەجێکاری، بەشێکی گرنگی زانستی سیاسەتی گشتی و زانستی دەوڵەتدارییە کە دەپڕژێتە سەر بابەتە کاریگەرەکانی سەر سیاسەت و زیاتر سەرنج دەداتە ئاستەنگەکانی پێش سیاسەت. لە قووڵاییی ئەو زانستەدا جێبەجێکردنی سیاسەت (Policy Implementation) و پراکتیکیکردنی بڕیار و کارپێکردن بە بەرنامەکان، بە یەکێک لە قۆناغە سەرەکی، درێژخایەن و سەختەکانی سووڕی سیاسەتدانان دادەنرێت کە لەلایەن دەسەڵاتەوە، بە مەبەستی پیادەکردنی ئایدیای سیاسەتی ئامانج و نیازەکانی خەڵک، ئەنجام دەدرێت. لەم ڕووەوە زانستی جێبەجێکاری لە پێشخستنی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی حکوومەت ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری هەیە. ئەگەر کۆمەڵگە و وڵاتێک دروشمی پەرەسەندن و بەهێزبوون هەڵبگرێت، پێویستە بە چاوێکی زانستی لە قۆناغی جێبەجێکردن و دامەزراوەکانی جێبەجێکار بڕوانێت. بە واتایەکی ڕوونتر، پەرەسەندن چەندان پایەی سەرەکیی هەن کە یەکێکیان “زانستی جێبەجێکاری”یە. زانستی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لێرەدا ڕۆڵی کاریگەری لە پێشخستنی جێبەجێکاری هەیە. بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە بەڕێوەبردنی نوێی دەوڵەتی هاتۆتە شوێنی بەڕێوەبردنی کلاسیکی دەوڵەتی، ئەو وڵاتانەی کە لە بەڕێوەبردنگەراییدا (Managerialism) سەر نەکەون، ناتوانن ببنە جێبەجێکاری سیاسەتەکان و دواجار نابنە هاوتای وڵاتانی پێشکەوتوو.
پرسی سەرەکی
بە سەرنجدان لە زانستی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و، هەروەها شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە زۆربەی وڵاتانی پەرەنەسەندوودا، دەبینین کە لەم وڵاتانەدا زانستی سیاسەتی گشتی (Poblic Policy) لە ئاستی چاوەڕوانیدا نییە. بۆ وێنە لەم وڵاتانە، ئەندازیاریی میکانیک لە زانکۆکان هەیە بەڵام زانکۆکان ناتوانن ئامێرێکی بچووک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزینی خراپ دابهێنن تاکوو نەخۆشییەکانی دروستبوو لە سورب (Lead) کەم بێتەوە. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەو وڵاتە هێزی پیشەسازیی بۆ پەرەسەندنی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی حکوومەت نییە. لە نموونەیەکی دیکەدا دەبینین، لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا زانستی ئابووری هەیە، لە هەمان کاتدا هەڵاوسانیش هەروا ڕوو لە هەڵکشانە. لەو جۆرە وڵاتانە، کەسایەتیی زانستیی جیهانی هەن، بەڵام ناتوانن لە مەیدانی کردەوەدا کار بە زانستەکەیان بکەن.
بەو سەرنجانەوە لە وڵاتانی پەرەنەسەندوو، دەبێ ئەو پرسیارە لە زەینی سیاسەتمەداراندا شکڵ بگرێت کە لە کاتێکدا زانستەکان لە ڕێی ئینترنێت و هۆشی دەستکرد (AI) بەئاسانی کەوتوونەتە بەردەست، بۆچی سیاسەتە گشتییەکان، هەرچەندە سیاسەتی دروست و بیریارییانە بن و لەگەڵ واقعدا بگونجێن و توانای كرداری (پراکتیکاڵ)یشیان هەبێت، بەڵام هێشتا بەتەواوی جێبەجێ ناکرێن یان لە کاتی پیادەکردندا شکست دەخۆن؟ وەڵامی ڕاست ئەوەیە کە، لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا، جگە لە لاوازبوونی سیاسەتی گشتی، زانستی جێبەجێکاری لاوازە و لەو وڵاتانەدا تەنها پشت بە دانانی سیاسەت و پلاندانان و یاساسازی دەبەستن و پێیان وایە ئەگەر سیاسەتێکی دروست دانرا، ئەوا لە پڕۆسەیەکی ئاساییدا سیاسەتەکان بەئاسانی جێبەجێ دەکرێن.
دەزگەی تیۆری
لەناو دەسەڵاتەکانی دەوڵەتدا دەسەڵاتی جێبەجێکاری باڵادەستە و دیارترە. بۆیە پێویستە ئەم دەسەڵاتە لە مەیدانی پراکتیکدا کردەوەی پشتبەستوو بە تیۆری زانستیی هەبێت. واتە، پێویستە بابەتێکی تیۆری کۆدبەندی بکرێت و دواتر بە شێوەیەکی سادە پیادە بکرێت؛ ئەمە لە چوارچێوەی پڕاکسیسدا (Praxis) دەبێتە ئەتەکێتی کار و مۆڕاڵ و دەگاتە دەرەنجامێکی پەسەند. (Kordnejad, 2023) بەپێی پێناسەی موولەر (Pierre Muller) سیاسەتی گشتی، زانستی دەوڵەتە لە مەیدانی پراکتیکدا. (malekmohamadi, 2019: 26) بەم ڕوانگەیە، سیاسەتی گشتی وەک بەشی ئەندازیاریی زانستە سیاسییەکان لەناو کۆمەڵەی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا دەچێتە ژێر تیۆریی ئەركگەرایی (Functionalism). (Hashemiyan, 2011: 141) چەمکی ئەركگەرایی بەرهەمی زانستی مۆدێرنە کە لە ئەمریکا پەیدا بووە. ئەم تیۆرییە دیراسەی کارکرد و ئەرکی دیاردەکان بە شێوەیەکی عەقڵانی و ئامانجدار دەکات و لە ئاکام و کاریگەرییەکان دەکۆڵێتەوە. لەناو سیستەمی دەوڵەتداریدا ئەركگەرایی سەرنج دەداتە ئەرک، کار، کارایی و کاریگەریی سیاسەت و جێبەجێکردن. جێبەجێکاری وەک پڕۆسەیەکی خەتی، چەندان گۆڕاو لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە: ستاندەر و ئامانج، سەرچاوەی پێویست، پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان دامەزراوەکان، لەباربوونی دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، دیدگەی جێبەجێکاران، تایبەتمەندییەکانی سیستەمی ئیداری. هەروەها جێبەجێکاری وەک سازگاربوونی سیاسی، واتا ئاستی بەڵێندارێتی، حەز و پشتگیریی ئەکتەران، کاریگەریی لەسەر سەرکەوتنی سیاسەتەکان هەیە. (Gioryan&Rabiemanjin,2002) ئەم نیشاندەرانە، نیشانەی وردەکاریی واری جێبەجێکردنن.
گرنگیی پەرەسەندنی جێبەجێکردن
هەلومەرجی جێبەجێکاری، ستراکچەری عەقڵی حوکمڕانی نیشان دەدات کە پشتیوانی لە بڕیار دەکات. (Hashemian, 2011: 144) ئەم ستراکچەرە عەقڵانییە دەبێتە هۆی پەرەسەندن و بەهێزبوونی وڵات. کەواتە پێویستە زانستی جێبەجێکردن بە شێوەیەکی شیاو پەرەی پێ بدرێت. گرنگیی پەرەسەندنی جێبەجێکارییەکی شایستە لەوەدایە کە تا زیاتر توانای جێبەجێکاری بەرز بێتەوە و دەسەڵاتی جێبەجێکار هێزی خۆی پتر نیشان بدات، متمانەی زیاتر ساز دەبێت و لەسەر بنەمای ئەو متمانەیە دەرگەی بەشدارییەکی باشتر دەکرێتەوە کە تێیدا جگە لەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سەرمایەی زانستی-فەرهەنگی گەشە دەکەن، ئاستی شەرعییەتی حکوومەتیش بەرزتر دەبێتەوە. جگە لەسەرخستنی سیاسەتەکان و پێکانی ئامانجی پەرەسەندن لە ڕێگەی جێبەجێکارییەکی زانستییانە، گرنگیی قۆناغی جێبەجێکردن لەناو پڕۆسەی سیاسەتداناندا لەوەدایە کە جێبەجێکردن هەندێک جار خۆی دەبێتە پێوەر و مێزانێک بۆ هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکە.
هۆیەکانی ناکاراییی پڕۆسەی جێبەجێکردن
زۆر جار لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا لەبەر ئەوەی پڕۆسەی جێبەجێکاری بەهەند دانانرێت، وا دەبینرێ کە هۆکاری شکستی سیاسەتێک، دەگەڕێتەوە بۆ ماک و ماهییەتی سیاسەتەکە، کەچی لە “وەرسووڕانێکی پاڕادیمی”دا ئەوە دەرکەوتووە کە هەمیشە کێشەکە لە سیاسەت و فۆڕمۆڵی بەرنامە (پلان)ەکەدا نییە، بەڵکوو کێشەی سەرەکی لەناو لاوازبوونی زانست و توانای جێبەجێکردندایە. لەو ڕووەوە، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی وڵاتانی پێشنەکەوتوو ئەوەیە کە، لە دونیای تیۆریدا گیر دەخۆن و ناتوانن زانستێک لەگەڵ واقعییەتی خۆیان نزیک بکەنەوە و تیۆرییەک بەسەر دۆخێکی واقعیدا ئەپڵای (Apply) بکەن. کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە هەندێک زانستی نەنووسراو هەن کە سینگ بە سینگ بە ئەزموون گواستراونەتەوە، بۆیە جێبەجێکردنی ئەو زانستانە لەناو پڕۆسەی کاردا پسپۆڕیی لە جێبەجێکاریدا دەوێ کە وڵاتانی پەرەنەسەندوو بەهەندی دانانێن.
کێشەیەکی دیکەی بەسەرەنجامنەگەیشتنی سیاسەتە دروستەکان، جگە لە نەرم و ڕێژەیینەبوونی دەزگە جێبەجێکارییەکان، ئەوەیە کە سیاسەتەکان بۆ ئاستێکی گشتی دادەڕێژرێن و توانای ئەوەیان نییە بێنە ئاستێکی ناوەندی بۆ ئەوەی ڕێکاری ورد و بەشبەش لە ئاستی خوارەوەدا بخەنە ڕوو. ئەوان پێناسەیان لە جێبەجێکردن ئەوەیە کە جێبەجێکار یاساکان پیادە دەکات؛ کە ئەمە تەنیا یەک ڕەهەندی جێبەجێکارییە لەناو چەندان ڕەهەندی ئاڵۆز و جۆراوجۆردا. هەر بۆیە کاتێک سیاسەتێک دادەنرێت، لە جیاتی ستراتیژ و دروستکردنی پلانی سیاسەتی، زیاتر یاسا و ڕێساگەلێک دادەنرێن و ناوی دەنێن سیاسەتی ستراتیژیک؛ لە کاتێکدا یاسا بۆ ئەوە دێت کە چوارچێوە بداتە سیاسەت و ستراتیژی، بۆ ئەوەی لە کاتی جێبەجێکردندا سیاسەتەکە تووشی کێشە نەبێت.
هەروەها یەکێک لە کێشەکانی جێبەجێکاری لە وڵاتانی پێشنەکەوتوو، جگە لە بیرۆکراسییەکی ناکارا و دەستوپێگر، بۆ گەندەڵی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیش دەگەڕێتەوە. کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە وڵاتانی پەرەنەسەندوو، هەروەک دەیەکانی پێش حەفتا و هەشتای زایینی، ڕۆڵی فەرماندەییی ڕاستەوخۆ دەگێڕن؛ بە واتایەک جێبەجێکردنی هەموو سیاسەتە ورد و درشتەکان بە گوێرەی مۆدێلی سەرەوە بۆ خوارەوە بە شێوەیەکی سانتراڵ دەگرنە دەست و، دەسەڵات نادەنە کەرت و لایەنەکانی دیکە و بەپێی جۆری سیاسەتەکە مۆدێلی خوارەوە بۆ سەرەوە و مۆدێڵی تێکەڵ ڕەچاو ناکەن. بە واتایەکی دیکە، ئەکتەرە جێبەجێکارەکان ڕۆڵیان لە سیاسەتدا نییە و بیرۆکراسیی ناوچەیی نابینرێت. کێشەیەکی دیاردەییی دیکە، کەمبوونی سەرمایە و هێزی مرۆییی کارامە و کادیری کارا و کەسانی فێرنەکراوی بێئەزموونن؛ هۆی سەرەکییشی ئەوەیە کە دانانی بەڕێوەبەرانی باڵا، نێوەنجی و خوارەوە لەسەر بنەمای وەفادارێتی و سیاسیکارییە کە ئەوانیش دەبنە هۆیەکی دیکەی شکستی سیاسەتەکان و، دواجار زیان لە ناوبانگی حکوومەت دەدەن و ئاستی شەرعییەتی سیستەمیش دادەبەزێنن.
کۆسپێکی دیکە، کێشەی سیاسییە کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بابەتی سیاسهتدانان هەیە. بۆ نموونە لە زۆر وڵاتی پەرەنەسەندوودا، هەرچەندە دەسەڵاتەکانیش لێکجیا کرابنەوە و پەرلەمانیش هەبێت، هێشتایش بۆچوون و بڕیاری تاکەکەس، حزبێکی دەسەڵاتدار یان ئۆلیگارشییەکی هاوبەرژەوەند بە شێوەیەکی تاکڕەوانە قسەی یەکەم دەکات.”لەم وڵاتانەدا لە جیاتی ئەوەی حکوومەت سیاسەت دابڕێژێت و بیرۆکراسیی حکوومەت ئەرکی پلانداڕشتن و پیادەکردنی لە ئەستۆدا بێت و پەرلەمان پڕۆژەکان پەسەند بکات، هەموو کارەکان دەکەونە ئەستۆی حکوومەت و، ئۆرگانێکی وەک پەرلەمان دەبێتە دامەزراوەیەکی سەربار و زیادە. (Kordnejad, 2023)
کێشەیەکی دیکە لاوازبوونی دۆخی فەرهەنگییە؛ بە جۆرێک کە بەڕێوەبەران چوونەتە ژێر کاریگەریی فەرهەنگی گشتی و، کەمتر بیر لە کاری گرووپی و ڕاوێژکاری لەگەڵ زانا و شارەزایان دەکەنەوە. واتە، پردێک لە نێوان زانست و بەڕێوەبردندا نییە. لە کاتێکدا یەکێک لە میتۆدەکانی زانستی جێبەجێکاری، دیمانەیەکی قووڵە بۆ ئەوەی تۆفانی هزری و تێراوکردنی تیۆری بە شێوەیەکی نووسراوی لێ بکەوێتەوە و ببێتە پڕۆسە و، دواجار ئاستی سیستەم بەرز بکاتەوە. جگە لەو کێشە گشتییانە چەندان کێشەی تەکنیکی، بیرۆکراسی، سەروەریی یاسا، لاوازبوونی دەسەڵات و هێزی حاکمییەت لەسەر هەموو وڵات و پرسگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دیکە (Howlett et al, 2015) هەن کە بوونەتە هۆی شکستی سیاسەت لە مەیدانی پراکتیکدا.
حوکمڕانیی پشتبەستوو بە زانست
ئێستا لە جیهانی پێشکەوتوودا حکوومەتی پشتبەستوو بە زانست، بۆتە باسێکی گرنگی ڕۆژ. لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبردنی زانست پسپۆرییەکی تایبەتە کە بە زانست و ئەزموون، شارەزاییی نوێ بەرهەم دێنێت و بەستێنی جێبەجێکردنێکی دروست هەموار دەکات و لە پراکتیکدا کارایی و کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت. نیشاندەرەکانی پەرەسەندنی جێبەجێکاریی هێگڵئاسا، پەیوەندیی خود (Subject) و بابەت(Object) ە؛ واتە نزیککردنەوەیەک لە نێوان زانست و واقع ساز بکرێت. واقع لە نیاز و پێداویستی پێک دێت؛ کاتێک نیاز چارەسەر نەبوو و پێداویستی دابین نەکرا، ئەوا نیشانەی ئەوەیە کە کەڵک لە زانست وەرنەگیراوە. بە واتایەک، دەکرێ بڵێین زانست ئامرازێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە؛ لە زگی زانستدا تەکنەلۆژیا لەدایک دەبێت بۆ ئەوەی نیازەکان فەراهەم بکات. کەواتە، دەبێ سیاسەت و بەڕێوەبردن و پلاندانان پشت بە زانست ببەستن بۆ ئەوەی نیازەکان دابین بکەن و کێشەکان چارەسەر بن. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە سەرەتا گفتوگۆ لەگەڵ ئەکتەرەکان و خەڵک بکرێت بۆ ئەوەی نیازە سەرەکییەکان دیاری بکرێن.
پەرەسەندنی بەردەوام بابەتێکی مرۆڤ-تەوەرە. واتە خۆشبژێویی کۆمەڵی مرۆڤ و باشترکردنی ژیان، بەردی بناغەی پەرەسەندنە. کاتێک نیازە سەرەتایی و سەرەکییەکانی خەڵک دابین کران، ئەوکات پڕۆسەی بیرکردنەوە بۆ پێشکەوتنی زیاتر دەکەوێتە ڕێ. نیشانەیەکی پەرەنەسەندووییی وڵاتان ئەوەیە کە لە جێبەجێکردندا پەکیان دەکەوێت و ناتوانن بگەنە ئامانج. لە کاتێکدا لەم سەردەمەدا شانسی وڵاتانی پەرەنەسەندوو بە سازکردنی سەکۆی پەرەسەندن لە ڕێگەی حوکمڕانیی پشتبەستوو بە زانست (Government informed by Knowledge) وەدی دێت. بە واتایەک، حوکمڕانیی پشتبەستوو بە زانست هەنگاوێکە بۆ ڕکەبەرایەتی و بەجێنەمان لە جیهانی پێشکەوتوودا. (Ali et al, 2018) لێرەدا زانستی جێبەجێکردن، لەناو بازنەی حوکمڕانیی پشتبەستوو بە زانست، بە پایەیەکی سەرەکیی پەرەسەندنی بەردەوام دێتە هەژمار. لێرەدا گرنگترین هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جێبەجێکردن و سەرخستنی سیاسەتەکان لە وڵاتانی پەرنەسەندوودا، ڕەچاوکردنی حوکمڕانیی پشتبەستوو بە زانستە “کە بەستێنی پەرەسەندن لەبار و هەموار دەکات.” (Foss, 2013) لەناو بابەتی پەرەسەندندا ئەوەی جێی سەرنجە ئەو بابەتانەن کە بە زانست وەدەست هاتوون و، پێویستە لە مەیدانی پراکتیکدا بەکار بێنەوە تاکوو دەرکەوتەکەیان ببێتە خۆشبژێوی بۆ کۆمەڵگە. واتە، ڕەهەندی دوایینی پەرەسەندن، پەیوەندیی بە بیرۆکراسییەوە هەیە.
نموونەی حوکمڕانیی پەسەند
لە نموونەی ئەرێنیی حوکمڕانیی باش، لەسەر بنەمای حوکمڕانییەکی پشتبەستوو بە زانست، “چۆن بیر بکەینەوە” دەبێتە شێوازی بەڕێوەبردن و “چی بکەین” دەبێتە پڕۆژەیەک کە لێکەوتی ئەو بیرکردنەوەیە. (Kordnejad, 2023) دواجار چۆنی جێبەجێ بکەین، دەبێتە کلیلی سەرکەوتن. ئەمەیش بە زانستی جێبەجێکردن دەکرێت. لەناو بیرۆکراسییەکی بەهێزدا نوخبە فکرییەکان بڕیار دەدەن؛ بۆیە پێویستە، جگە لە ژووری بیركردنەوە، مەیدانی هەڵە و ئەزموونیش بدرێتە زانایان، هەروەک چۆن لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک ژاپۆن، “میجی” ئەزموونی بەهەند دانا. هەروەها پێویستە دان بەوە دابنرێت کە ئازادیی توێژینەوە کلیلێکە بۆ پەرەسەندنی زانستی جێبەجێکاری. کەواتە، سیاسەتکاران نابێ لە نوخبە ئەکادیمییەکان نیگەران بن و پێیان وابێ شەرعییەتی ئەوان دەچێتە ژێر پرسیار. دەکرێ سیاسییەکان پسپۆڕ نەبن، بەڵام پێویستە بیرۆکراسی لە ڕووی زانستییەوە لە ئاستێکی بەرزدا بێت.
واتە، پێویستە کەسایەتییە زانستییەکان لە دەوری کەسایەتییە سیاسییەکان كۆ ببنەوە. بە واتایەکی دیکە، نابێ شەرعییەت وابەستەی سەرچاوەیەک بێت کە نیزامی سیاسی بباتە هەڵدێر. مەرجێکی سەرەکیی سەرکەوتنی سیاسەتەکان ئەوەیە، سیاسەت دەبێ بدرێتە دەستی کەسێکی شیاو کە لە زانستەکەدا پسپۆڕ بێت و ئیرادەی سیاسیی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکە هەبێت. بەپێچەوانەوە هەر کاتێک باشترین سیاسەت بدرێتە دەستی کەسێکی ناشارەزا لە جێبەجێکاریدا، ئەو سیاسەتە بە شێوازی هەوڵ و هەڵە دەچێتە پێش و لە کۆتاییدا، جگە لە تێچووی ماددی و مەعنەوی، ئەستەمە سەر کەوێ. بەو تێڕوانینە، لە دۆخە جیاوازەکاندا، دەبێ شەرعییەت لە ڕێگەی جێبەجێکردنی دروستی سیاسەتەکان دووبارە بەرهەم بێتەوە تاکوو بەڕۆژ (ئەپدێیت) بێتەوە. لەو کەشەدا هەماهەنگیی بژاردەکان پتەو دەبێت و هەبوونی زانیاری و کاریگەربوونی دەسەڵاتی چوارەم و ئازادی و شەفافییەتی پێویست، دەبنە هۆی وەڵامدەربوونی لایەنی جێبەجێکار و، دواجار نیازە گشتییەکان فەراهەم دەبن و ئەم جۆرە بەڕێوەبردنە ڕەزامەندیی ڕای گشتیی پێوە دەبێت. بەڵام لە نموونەی نەرێنیدا حوکمڕان لە پەرلەمان وەڵامدەر نییە و داهێنانی بیر و پڕۆژە و جێبەجێکردن هەمووی دەکەوێتە دەستی یەک لایەن. لەو جۆرە حوکمڕانییەدا سیاسەتدانان دەکەوێتە ئەستۆی لایەنی جێبەجێکار؛ لەو حاڵەتەدا ئەگەر ناوەڕۆکی سیاسەتەکە باشیش بێت، بەڵام چونکە زانستی جێبەجێکردن لاواز دەبێت، ئەوا سیاسەتە باشەکە شکست دەخوات.
دەرەنجام
یەکێک لە هۆکارەکانی چەقبەستووییی سیاسەتەکان لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا لاوازبوونی زانستی سیاسەتی گشتی و زانستی جێبەجێکردنە کە جگە لە شکستی سیاسەت، زیان لە شەرعییەتیش دەدات. لە بەرامبەردا پەرەسەندنی زانستی جێبەجێکردن وەک پایەی سەرەکیی پەرەسەندن، دەبێتە هۆی خێراتربوونی پڕۆسەی پێشکەوتن و ئەپدێیتبوونی شەرعییەتی سیاسی. یەکێک لە هۆیەکانی شکستی سیاسەتەکان لاوازبوونی سیستەمی بیرۆکراسییە. بۆیە پێداچوونەوە بە بیرۆکراسیی دەستوپێگر و وەڕزكەر گرنگە، چونکە زۆر جار بیرۆکراسی پڕۆسەی جێبەجێکردن پەک دەخات. لێرەدا بە مەبەستی ڕزگاربوون لە تەونی جاڵجاڵۆکەییی بیرۆکراسی و هاوتەریبکاریی بەرنامەکان، دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسەتدانانی گشتی کە لە پسپۆڕانی واری سیاسەتی گشتی پێک هاتبێ، ڕەنگە کارێکی بەسوود بێت. لە پەنای ئەو کارە، ڕەچاوکردنی شایستەسالاری بەپێی پێوەری پسپۆڕی و ئیرادی، گرنگیی خۆی دەبێت. بۆیە پێویستە حکوومەت لە جێبەجێکردندا ورد و دووربین بێت و ئەو پڕۆسە هەستیارە، کە کاریگەریی لەسەر شەرعییەتی سیاسی هەیە، بداتە دەستی پسپۆڕان.
سەرچاوەکان
Ali. I., Musawir. A. U., And Ali. M. (2018), ‘Impact of Knowledge sharing and absorptive on project performance: the moderating role of social processes”, Journal of Knowledge Management, 22(2).
Foss, N. J. 2013. Knowledge Governance: meaning, origins and implications. Handbook of Economic Organization: Integrating Economic and Organization Theory, 62.
Gioryan, H &Rabiemanjin. M, (2002), Decision making and determination of government policy, Tahran: Yakan Publications.
Hashemiyan. S.H, Rereading policy knowledge in the context of postmodernism: the implementation and evaluation of policies in the postmodern era, Methodology of Social Sciences and Humanities Journal, Vol. 17, No. 66, Spring 2011.
Howlett. Michael, Ramesh. M, and Wu. Xun, (2015), “Understanding the persistence of policy failures: The role of politics, governance and uncertainty”, Public Policy and Administration, 2015, Vol. 30(3–4).
Kordnejad. H. (2023) note of the day, www.irdk.org.
Malekmohammadi. H, (2019), Basics and Principles of Public Policy Making, Translated: Mohamad Karimkhan, kurdisatn, AhmadeXani.