د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
لەم چەند ساڵەی دواییدا کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا لە گەشەکردن و قەبەبوونێکی خێرادایە، بەڵام بەداخەوە ئەو گەشەکردنە خێرایە، پەیوەست نەبووە بە بازاڕی کار؛ واتا بە پێداویستیی کەرتی گشتی (واتا حکوومەت) و کەرتی تایبەت، بۆیە دواجار دەبێتە جۆرێک لە کەڵەکەبوون کە دەکرێت ناوی بنێین “کەڵەکەبوونی دەرچووانی خوێندنی باڵا”. لەم سۆنگەیەوە، گرنگە بۆ خوازیارانی زانکۆ و پەیمانگەکان و، هەروەها کەرتی خوێندنی باڵا و حکوومەتیش کە لەو ڕاستییە بەخەبەر بن، کە ئێستا وەک جاران نییە کە دەرچووەکانی ئەم کەرتە، (ئینجا چ هی کۆلێژەکان بێت یان ماستەر و دکتۆرا) بەئاسانی لە بازاڕی کاردا ئیشیان دەست بکەوێت. بازاڕی کار و جۆری پیشەکان لە جیهاندا بە گۆڕانێکی خێرادا دەڕوات و لە ئێستاوە گۆڕانەکە دەستی پێ کردووە و ئێمەیشی گرتۆتەوە، بەڵام کەمتر دەرکی پێ دەکەین! مەبەستم لەو گۆڕانە ئەوەیە کە دەسکەوتنی ئیش و کار چیتر پەیوەست نابێت بە بڕوانامە (شەهادە) و تایتلی ئەکادیمیی بەرز (بەتایبەت بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان). بۆیە بیرکردنەوە لە پەرەپێدانی توانا و پیشە و بەهرەکان و خۆگۆنجاندن لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە خێرایانەی لە بازاڕی کاردا ڕوو دەدەن، سەنگی مەحەک دەبن بۆ بەها و پێگەی هەر ئیش و بڕوانامەیەک لە ئێستا و ئاییندەدا.
بڕوانامە و و تایتلی قەبە بۆ چییە، گەر نەتوانێ قەرەبووی ئەو ماندوبوونەی فێرخوازێک بکاتەوە کە ٢ تا ٤ ساڵی تەمەنی بۆ تەرخان دەکات، یان ئیشێکی شایستەی پێ دەست نەکەوێت! بەداخەوە بەو فۆڕمەی کە هەیە، من بەشێکی زۆری سەرقاڵبوون بە خوێندنی باڵا وەک بەهەدەردانی کات و ژیان دەبینم بۆ زۆرێک لە خەڵک! هەڵبەتە من قسەم لەسەر ئەوانە نییە کە بۆ پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە دوای شەهادە و تایتلی زانستی کەوتوون- هەرچەندە ئەمەیش دیسان دیوێکی نەرێنییە و وای کردووە ناو کایەی سیاسیی ئێمە، پڕ بێت لە هەڵگری شەهادەداری بێزانست و توانا کە بوونەتە مایەی بارگرانی و ناوبانگی خراپ بۆ ئە بوارە زانستییانە و ئەو کەسانەی کە خاوەن توانا و لێهاتوویین لە بوارەکەی خۆیاندا. ئەمە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی، یەکێک لە بەرپرسەکانی حکوومەت “بە نووسینگەی خۆی بڵێت “چیتر ماستەر و دکتۆرام ناوێت!” ڕاستیش دەکات چونکە زۆربەی ئەوانەی دەگەنە پێگە بەرزەکانی حزب و حکوومەت، ئەوانەن کە لینکی سیاسی و ئابووری و کۆمـەڵایەتیی بەهێزیان هەیە لەگەڵ دامەزراوە و بەرپرسە باڵاکانی حزب و حکوومەت و، بەشی زۆریشیان-نەک هەمووی- لە بواری خۆیاندا کۆڵەوارن. بۆ نموونە بە ڕاوێژکار دامەزراوە، کەچی بەکەڵک ڕاوێژ نایەت، کەسیش ڕاوێژی پێ ناکات؛ چونکە لە بنەڕەتدا بۆ ڕازیکردنی کەس و لایەنە سیاسییەکان دامەزراون.
بەپێی زۆربەی توێژینەوەکان، یاسا و ڕێساکانی بازاڕی کار لە جیهان و هەرێمی کوردستانیشدا بە گۆڕانێکی خێرادا دەڕۆن؛ بە جۆرێک کە تا چەند ساڵیکی تر ٥٠٪ی ئەو ئیشە کلاسیکییانەی ئێستا هەن، نامێنن. ئەمە ئێستا بەئاشکرا دەرکی پێ دەکرێت و لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا لێکەوتەی سیاسی و ئابوورییشی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی بێکاری نەک دەرفەتی کاری زیاتر؛ چونکە زۆروبۆریی خەڵکی شەهادەدار و ماستەر و دکتۆر وا دەکات، ئەمانە هەموو جۆرە ئیشیک نەکەن و ئاستی داواکارییان بەرز بێت؛ لە بەرامبەردا بازاڕی کار بە دوای دەستی کاری هەرزان و ئەو کەسانە دەگەڕێت کە پیشەیەک دەزانن، ئینجا گرنگ نییە بڕوانامەیان لە چ ئاستێکدایە یان هەر هەیانە. ئەمە وا دەکات چاوەڕێی دەستی کاری زیاتری بیانی بین، بەتایبەت لەو وڵاتانەی دەستی کاریان زۆر و هەرزانە وەک: هند، بەنگلادیش، سووریا و تورکیا، کە ئێستا بەشێکی زۆری دەستی کاریان لە هەرێمی کوردستاندا داگیر کردووە. ئەمانە تەنیا کارگوزار نین بەڵکوو لە بەشێکی زۆری کۆمپانیاكانی بزنس و هۆتێلەکان بەڕێوەبەرن و زۆربەی ئەوانەیشی کە وەری دەگرن، کارمەندی بیانین نەک کوردستانی.
لە ئەدەبیاتی زانستە سیاسییەکاندا هەڵاوسان و کەڵەکەبوونی ڕێژەی گەنجان، بەتایبەت دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان، بە هاوتابوون لەگەڵ نەبوونی دەرفەتی کار لە کەرتی گشتی و تایبەتدا و، هەروەها لاوازیی گەشەسەندنی ئابووری، زەنگێکی مەترسیدارە نەک هەر لەسەر زیادبوونی توندوتیژی، بەڵکوو لەسەر پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانییش لە هەرێمی کوردستاندا. بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە زانکۆ تەواو دەکەن و دەرفەتی کارکردنیان نییە، ڕێژەیان ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت. وەک دەزانین کۆمەڵگەی ئێمە، کۆمەڵگەیەکی گەنجە. مەبەست لە گەنج بەپێی زۆربەی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بریتییە لە تەمەنی 15-24 ساڵ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە تەمەنی گەنجی، وەکوو فاکتەرێکی دیمۆگرافی، ئەو تەمەنەیە کە دەکەوێتە نێوان 16-30 ساڵ. بەو پێوەرەیش کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی گەنجە؛ واتە گەشە دیمۆگرافییەكەی نیمچەبەرزە. بەپێی نوێترین توێژینەوە کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی رووداو ئەنجام دراوە، گەنجانی تەمەن 15-29 ساڵ ڕێژەی 28%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان پێك دەهێنن و ئەمەیش دەكاتە 1 ملیۆن و 727 هەزار و 903 كەس. ئەمە بێجگە لەوەی كە 35%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لە خوار تەمەنی 15 ساڵییەوەن كە دەكاتە 2 ملیۆن و 159هەزار و 879 كەس. واتا نزیكەی ٦٣٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە خوار تەمەنی ٣٠ ساڵیدان. ئەمەیش دەری دەخات کە، کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی گەنجە؛ گەشەی دانیشتووانی نیمچەبەرزە.
ئەوەی کاریگەریی ئەم دۆخەی زیاتریش کردووە، فاکتەری میدیا و سۆشیاڵ میدیان. بەپێی ڕووپێوێکی مەیدانی کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی رووداو ئەنجام دراوە، بەگشتی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و سۆشیاڵ میدیا لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە گەیشتووەتە 4 کاژێر و 42 خولەک؛ واتە زیاتر لە یەک لەسەر شەشی کاتی ئەو کەسانەی داگیر کردووە. لە ڕووی ڕەگەزیشەوە، ڕەگەزی نێر ڕۆژانە 5.07 کاتژمێر و ڕەگەزی مێ 3.82 کاتژمێر لەسەر ئینتەرنێتن. بەرزترین ڕێژەی بەکارهێنانیش لەنێو ئەوانەدایە کە سەڵتن و ڕۆژانە 5.91 کاتژمێژ بەکاری دەهێنن. لە ڕووی گرووپی تەمەنیشەوە، تاوەکوو تەمەنی مرۆڤەکان گەورەتر بێت، کاتەکانی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان کەمتر دەبێتەوە. ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیین، زۆرترین کاتی ڕۆژانەیان، کە 5.19 کاتژمێرە، بۆ بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان تەرخان دەكەن.
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کە، بوونی کۆمەڵگەیەکی گەنج و ڕێژەیەکی زۆری گەنجی بێکار کە نزیکەی ٦ سەعات بەبەردەوامی ئۆنلاینن، هەروەها ڕێژەیەکی زۆری دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان (ساڵانە ڕێژەیان نزیکەی ٤٠ هەزارە) لەگەڵ نەبوونی دەرفەتی کار لە کەرتی گشتی و سەختیی دەسکەوتنی کار لە کەرتی تایبەتدا، هەروەها بوونی جۆرێک لە گوتاری دینیی توندوتیژ، ئەمانە گشتی پێکەوە بە ئەگەری زۆر، سەر دەکێشێت بۆ بەرهەمهێنانی: توندوتیژیی سیاسی و کۆمەڵایەتی؛ بەتایبەت لە کاتی ململانێ سیاسییە ناوخۆیییەکاندا کە نەریتێکی بەردەوامی لایەنە سیاسییەکانە لە هەرێمی کوردستاندا لە کاتی بارگرژییەکاندا. ئەم ڕێژە زۆرەی درچووی زانکۆ و پەیمانگەکان و خاوەن بڕوانامەی باڵای بێکار، ئەگەری گواستنەوەی ململانێ سیاسییەکان بۆ توندوتیژی، چەند جار زیاد دەکەن تا ئاستی بەکارهێنان و بەڵاڕێدابردنی لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە، کە دوور نییە دواجار بە هەڵکوتانە سەر دامودەزگەکانی حکوومەت کۆتایی بێت!
ئەمانە و چەندان ئەگەری تر، هەمووی ئەگەری کراوەن و، دەشێت لە ئاییندەدا ڕوو بدەن ئەگەر مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ڕێژەی هەڵاوسانی گەنجان و فروانبوونی خێرای کەرتی خوێندنی باڵا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجاندا، بەتایبەتیش لەناو دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکاندا نەکرێت. تا ئەو ئاستەی ئەوەی لە ئێستا و ئاییندەدا هەڕەشە لە سەقامگیریی سیاسی و پڕۆسەی حوکمـڕانی دەکات لە هەرێمی کوردستاندا، نە ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانە، نە گوشاری حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانیشە، بەڵکوو ئەو لەشکرە گەنجە کەڵەکەبووە بێکارانەیە کە ساڵانە بە ڕێژەی نزیکەی ١٠٠ هەزار گەنج دێنە بازاڕی کارەوە بەبێ ئەوەی لە کەرتی گشتی و تایبەتدا جێگەیان ببێتەوە.