پێنووس
2024

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانکارییەکی دیکەی جیۆسیاسی: ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعوودیا و لێکەوتەکانی

 

د. پەرویز ڕەحیم قادر، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان و مامۆستای زانکۆ

لەم چەند ساڵەی دواییدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانکاریی گەورەی جیۆسیاسی بووە، کە بەشێکی لەژێر کاریگەریی ئاڵوگۆڕە جیۆسیاسییەکانی ناوخۆیی و داینامیزمی ئەم ناوچەیە بووە و، بەڵام بەشێکی گەورەی لەژێر شوێندانەریی گۆڕانکارییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی و ململانێی ئەکتەرە سەرووهەرێمییەکان، بەتایبەتی ڕووسیا و چین و ئەمریکا بووە. لەم نێوەندەیشدا سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی ناسراو بە “بەهاری عەرەبی” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەنجام و لێکەوتە نەرێنییەکانی بەپێچەوانەی پێشبینییەکان و پاشان دەرکەوتنی داعش و دەرچوونی دۆناڵد ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ لە ساڵی ٢٠١٥ و، پاشان بارگرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و بەتایبەتی کوشتنی قاسم سولەیمانی هەموویان و هێرشی حووسییەکان بە پاڵپشتیی ئێران بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیا (ئارامکۆ)، گۆڕانکاریی گەورە بوون. هەرچەندە ڕووداوی دیکەی وەکوو بڕینی پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و وڵاتانی عەرەبی و پاشان ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان یان ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی سعوودیا، لە پاش کوشتنی “جەمال قاشخچی” بە وەرچەرخانی گەورە دادەنرێت.

بەڵام ڕوودانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا و کەمبوونەوەی گرنگیی ناوچەکە بۆ ئەمریکا و سەرنجخستنە سەر ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە پاڵ گرنگیدانی واشنتۆن سەبارەت بە هەڕەشەکانی چین بۆ ئەمریکا، بووە هۆی بەرزبوونەوەی پێگەی چین لە ناوچەکە. هەر ئەمەیش وای کرد کە چین نێوەندگیریی نێوان ئێران و سعوودیا بکات و بیگەیەنێتە ئەنجام. ئەم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیا  و سووریا و وڵاتانی عەرەبی لە لایەکی ترەوە لە پاڵ ڕێککەوتنی ئابراهام لە نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبی (ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرێن، مەغریب و سوودان)، بە گرنگترین بوومەلەرزەی جیۆسیاسی لە ناوچەکەدا دادەنرێت.

 لەم نێوەندەیشدا پرسی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعوودیا بەرە بەرە لە هەواڵی پشتڕاستنەکراوە و دانوستانی نهێنی، هاتۆتە ڕۆژەڤی ناوەندە سیاسییەکان؛ هەردوو لا و بەتایبەتی ئەمریکا وەکوو نێوەندگیرێک کە پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ هەردوو لایەن هەیە، دەیەوێت ڕۆڵی ڕووسیا و ئێران و چین لە ناوچەکە لە ڕێگەی هێنانەئارای هاوسەنگییەکی نوێ لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمان سنووردار بکات، بۆ ئەوەی بە هەموو تواناوە بپرژێتە سەر جەنگی ئۆکراینا و مەترسییەکانی چین.

گۆڤاری “ئیسرائیل هیوم” بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بڵاوی کردەوە کە سعوودیا چوار مەرجی پێشوەختەی بۆ دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکادا داناوە بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل. هەروەها کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، گفتوگۆی چڕوپڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و سعوودیا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە و جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، شان بە شانی دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد و “بەرپرسانی زۆر باڵا”ی نزیک لە بن سەلمان ئەنجام دراوە. بە گوتەی ئەم بەرپرسە ئەمریکییە، ئەم چوار مەرجە پێشوەختە بۆ ڕیاز بریتین لە: “مافی هەبوونی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی ئاشتییانە”، “بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییە بەرگرییەکان لەگەڵ ئەمریکا”، “فراوانکردنی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا” و “کۆتاییهێنان بە ڕەخنەکانی ئەمریکا لە سعوودیا سەبارەت بە کوشتنی جەمال خاشقچی”. بەپێی هەواڵی میدیاکان، سعوودییەکان هەروەها داوایان لە کۆشکی سپی کردووە، بەشێک لەو گرێبەستانەی لە بواری چەک لەگەڵ ئەمریکا کارا بکاتەوە کە سعوودیا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی دابوو و دوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، وەستێندراون. هەروەها سعوودیا داوای بەستنی پەیماننامەی هاوپەیمانیی بەرگری لەگەڵ ئەمریکا کردووە و جگە لەمانەیش، داوای پاڵپشتیی واشنتۆن بۆ بەرنامە ئەتۆمییە مەدەنییەکانی ئەو وڵاتە دەکات.

هەرچەندە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیا، لە وتارەکەیدا لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی (١٩-٥-٢٠٢٣)دا ڕای گەیاند، فەڵەستین بۆ وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان وەک “پرسێکی ناوەندی” بووە و دەمێنێتەوە و، ئەم پرسە لە سەرووی ئەولەوییەتەکانی سعوودیایە. بەڵام، ئەوەی کە جێگەی سەرنجە لەو مەرجانەی کە دزەیان پێ کرا، هیچ باسێک لە چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستینییەکان، کە سعوودیا بەردەوام لە ڕابردوودا پێداگریی لەسەر دەکرد، نابینرێت. پێ دەچێت ئاشکرابوونی ئەم مەرجانە و دروستبوونی ڕەخنەیەکی فراوان لە جیهانی عەرەبی، بەتایبەتی لەنێو فەڵەستینییەکان و، مەترسیی بن سەلمان لە لەدەستدانی پێگەی ڕێبەرایەتیی جیهانی عەرەبی کە کاری بۆ دەکات، وای کرد کە سعوودیا ئەم داواکارییەیش وەکوو مەرجێک بخاتە بەرنامەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل؛ چونکە دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبی – پێشنیارێک لە ساڵی ٢٠٠٢ کە لەلایەن “کۆمکاری عەرەبی”یەوە پەسەند کرا و پێشنیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ جیهانی عەرەبی لە بەرامبەر دروستکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەسەر بنەمای سنوورەکان پێش ساڵی ١٩٦٧تا ئێستایش پشتگیرییەکی بەرفراوان لە سعوودیا و وڵاتانی موسوڵمان و عەرەبی هەیە.

هەر بۆیە و لەم چوارچێوەیەدا بوو، کە لە ڕێکەوتی ٢٤-٥-٢٠٢٣، کەناڵی 12ی ئیسرائیل ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تیایدا باس لەوە دەکرێت، بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعوودیا، واشنتۆن و ڕیاز داوایان لە حکوومەتی ئیسرائیل کردووە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ فەڵەستینییەکان دەست پێ بکاتەوە، کە دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین بەپێی سنوورەکانی پێش ساڵی ١٩٦٧. لە لایەکی تریشەوە، ئەمریکا داوای لە حکوومەتی ناتانیاهۆ کردووە کە پلانی چاکسازیی دادوەری هەڵبوەشێنێتەوە، کە ناڕەزایەتیی بەرفراوانی ئیسرائیل و نیگەرانیی کۆشکی سپیی لێ کەوتۆتەوە. ئەمەیش بە مەبەستی ئەوەی کە هەم ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەیکان لەگەڵ سعوودیا پشتیوانیی ناوخۆییی هەبێت و هەمیش دانوستانەکان لەگەڵ فەڵەستینییەکان ڕەوایەتی وەربگرێت، کە لە بەردەم مەترسی و بەربەستی ناڕەزایەتیی حزب و لایەنە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئیسرائیلدایە.

پاڵنەر و بەربەست و لێکەوتەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعوودیا

یەکەم– هەرچەندە ئیسرائیلییەکان بە هەواڵی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و تاران سەریان سوڕ ما و نائومێد بوون، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا لە ڕێکەوتی ٢٠-٤-٢٠٢٣، ڕای گەیاند، سعوودیا لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی یەمەن. هاوکات هۆشداریشی دا لەوەی، هاوبەشەکانی ئێران خۆیان “چارەڕەش” کردووە.  هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی، ناتانیاهۆ وتی: پێم وایە کە [ڕێککەوتنی ئێران و سعوودیا] ڕەنگە زیاتر پەیوەندیی بە خواستی کەمکردنەوە یان تەنانەت نەهێشتنی ململانێی درێژخایەن سەبارەت بە یەمەنەوە هەبێت. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەیش کرد: پێم وایە سەرکردەکانی سعوودیا واقعین و سەبارەت بەم بابەتانە لە وەهمدا ناژین، کە دوژمنەکانیان کێن و دۆستەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێن. لە لایەکی دیکەوە هۆشداریی لە شەریکایەتی لەگەڵ ئێران دا و وتی: ئەوانەی هاوبەشی لەگەڵ ئێران دەکەن، خۆیان بەدبەخت کردووە. سەیری لوبنان بکەن، سەیری یەمەن بکەن، سەیری سووریا بکەن، سەیری عێراق بکەن؛ “ئەمانە وڵاتانێکن کە نزیکن لە دۆخی وڵاتانی شکستخواردوو”. بەڵام ئیسرائیلییەکان هیوادارن بەهۆی کاریگەریی ئەمریکاوە، واشنتۆن ڕێوشوێنی لێکنزیککردنەوەی ڕیاز و تەلئەبیب بگرێتە بەر. هەروەها پێ دەچێت سعوودیا بۆ ئەم مەبەستە داواکاریی هەیە، کە ئەمریکا دەیەوێت جێبەجێی بکات. سعوودیا دەیەوێت چەک و تەقەمەنی بۆ هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە بکڕێت، کە ئیدارەی بایدن بەهۆی جەنگی یەمەنەوە ڕای گرتووە. لەم چوارچێوەیەدا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٤، جۆ بایدن ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سعوودیای، کردۆتە ئەولەوییەتی بەرنامەی كاری خۆی. هەرسێ لایەنی ئەم هاوکێشەیە هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەدەن، بەڵام ڕەچاوکردنی سیاسیی بارودۆخی ناوچەکە، تێچووی ئەم ڕێککەوتنەی بۆ سعوودیا بەرز کردۆتەوە.

دووەم– بایدن دەیەوێت لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوندییەکانی سعوودیا و ئیسرائیل، بەتەواوی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت؛ بەم واتایە کە لە هەمبەر ئێران جەمسەرێکی بەهێز دروست بکات و لەم ڕێگەیشەوە ئیسرائیل ڕۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بگێڕێت. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئەمریکا دەتوانێت سەرنج و تواناکانی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و سنووردارکردنی ڕووسیا لە ئۆکراینا چڕ بکاتەوە و وزە و تواناکانی، لەمە زیاتر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەخاتە گەڕ. لە لایەکی تریشەوە، ئیسرائیل بتوانێت لە ڕێگەی وڵاتانی عەرەبییەوە کێشە ناوخۆیییەکانی لەگەڵ فەڵەستینییەکان چارەسەر بکات و تەنانەت لە ڕووی ناوچەییشەوە وڵاتانی عەرەبی بتوانن مەترسییەکانی سەر ئیسرائیل بڕەوێننەوە و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل سەرنج بخاتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئێران لە بواری ئەتۆمی، مووشەکی و میلیشیاکانی، بەتایبەتی حزبوڵڵای لوبنان و حەماس و جیهادی ئیسلامی و هتد. ئەم هاوکێشەیەیش بە قازانجی وڵاتانی عەرەبی دەشکێتەوە کە ڕاستەوخۆ دژایەتیی ئێران ناکەن و لە هەمان کاتیشدا ئیسرائیل “ڕۆڵی لۆبی” بۆ ئەم وڵاتانە لە ئەمریکا دەگێڕێت و ئاسایشیان پارێزراو دەبێت. لە هەمان کاتیشدا وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە لە بازنەی ئاسایشی ئەمریکا دەمێننەوە و تەنیا لە بواری بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتی چین لە ماوەی مامناوەندا دەمێننەوە.

سێیەم-ناتانیاهۆ – دوای هەڵبژاردنی مانگی یەکی/ تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ و، گەڕانەوەی بۆ خولی شەشەم وەک سەرۆکوەزیران بۆ دەسەڵات – بەئاشکرا خواستی خۆی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕیاز ڕاگەیاند. لە مانگی یەکی ٢٠٢٢دا بە کەناڵی ئەلعەرەبییە کە سعوودیا خاوەندارێتیی دەکات، ڕای گەیاندبوو، ڕێککەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ شانشینی سعوودیا، “پێشکەوتنێکی دراماتیکییە” کە “بە شێوەیەکی وێنانەکراو ناوچەکەمان دەگۆڕێت”. بەم پێیە، ناتانیاهۆ دەیەوێت جارێکی دیکە لە نێوەندی کێشە سیاسییە ناوخۆیییەکانی ئیسرائیلدا دەسکەوتێکی گەورەی دیکە لە بواری سیاسەتی دەرەوە دەستەبەر بکات؛ چونکە ژینگەی سیاسیی ناوخۆییی ئیسرائیل بەهۆی بەرنامەی چاکسازیی دادوەری لەلایەن کابینەی توندڕەوەکانی هاوپەیمانیی ناتانیاهۆ، ڕووبەڕووی خۆپیشاندان لە شەقامەکان و ناڕازیبوونی ئەمریکا لە یاسا مشتومڕاوییەکانی ئیسرائیل بۆتەوە، و ئەمەیش هەلومەرجێکی نالەباری بۆ ناتانیاهۆ دروست کردووە، بۆیە ناتانیاهۆ پێویستیی بەم ڕێککەوتنە مێژوویییە هەیە. هەروەها ناتانیاهۆ دەیەوێت بە جێبەجێکردنی مەرج و داواکارییەکانی، بتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی بایدن پتەو بکات و پشتیوانیی ئیدارەکەی بایدن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و، هەروەها کابینەکەی دەستەبەر بکات. لەم نێوەندەیشدا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیا وا دەکات کە، پێگەی ناتانیاهۆ لە هاوکێشە هەرێمایەتی و ناوخۆیییەکانیش بەرز دەبێتەوە؛ چونکە لە دوای دەستبەکاربوونی حکوومەتی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم دەستیان کردبوو بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، تا ڕاددەیەکی زۆر پرۆسەکەیان ڕاگرت.

چوارەم– لە بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، سعوودیا دەیەوێت هاوبەشییە ئەمنییەکەی لەگەڵ واشنتۆن بۆ ئاستێکی باڵاتر بەرز بکاتەوە و بەم پێیەیش دەستڕاگەیشتنی سعوودیا بە پێشکەوتووترین سیستەمی چەکی ئەمریکی و ئیسرائیل مسۆگەر بكات و، هەروەها پەیمانی بەرگری و ڕێککەوتنی هاوکاریی ئەتۆمیی مەدەنی لەگەڵ ئەمریکا گرێ بدات. چونکە جۆ بایدن لە بەرنامەی هەڵبژاردنەکانیدا بە دروشمی “گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ سەر شانۆی جیهانی” و کۆتاییهێنان بەو بابەتەی کە بە گۆشەگیریی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ وەسفی کرد، سەرنجی زیاتری لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕۆژاوایییەکانی ئەمریکا چڕ کردەوە. بۆیە دوای هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، هەندێک لە چاودێران هۆشدارییان دا کە پشتگوێخستنی ئیدارەکەی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی ئەمریکا لەم ناوچە هەستیارەدا. ئەمەیش دڵەڕاوکێی ئاسایشیی لە وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی ئەمریکا، بەتایبەتی سعوودیا وڵاتانی دۆستی ئەمریکای لە ناوچەکەدا دروست کرد و هەر ئەمەیش وای کرد کە سعوودیا لە لایەک لە ڕووداوێکی کەموێنەدا بانگهێشتی سەرۆککۆماری چین بکات بۆ ڕیاز و لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ چین پەرە بە پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانیان بدەن و، لە لایەکی تریشەوە بە نێوەندگیری و لە ڕێگەی چینەوە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بکات بۆ ئەوەی مەترسییەکانی ئێران بڕەوێنێتەوە.

پێنجەم– بن سەلمان لە ڕێگەی ئەم ئاساییکردنەوەیە، دەیەوێت پێگەی لە جیهانی ئیسلامی و ناوچەكە بەرز بکاتەوە و وەکوو سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی دەربکەوێت، کە هەم ڕەچاوی مافی فەڵەستینییەکان بکات و ئەو دۆسیەیەی کە بە هەموو سەرکردە کاریزماکانی ڕابردووی عەرەبی چارەسەر نەکراوە، لەسەر دەستی ئەو چارەسەر بکرێت و هەمیش لە ئاستی ناوخۆیی بتوانێت بەدواداچوون بۆ سیاسەتەکانی لە بواری ڕیفۆرم لە سعوودیا و بەرەوپێشچوون و جێبەجێکردنی پرۆژە گەورەکانی (بەتایبەتی ڕوانگەی ٢٠٣٠) بکات کە ئەم هەنگاو و پرۆژانەیش پێویستیان بە سەقامگیری و پشتگیری و ئاسایش هەیە. هەروەها سعوودیا دەتوانێت سوودمەند بێت لە زیادکردنی بەشداریکردن و وەبەرهێنان لە پیشەسازییە تەکنەلۆژییەکانی ئیسرائیل بە گوێرەی پلانی پەرەپێدانی دیدگەی ٢٠٣٠. چونکە لە ڕاستیدا، کۆمپانیا و وەبەرهێنەران و بازرگانانی ئیسرائیل ڕۆڵیان هەیە لە بەرنامەی پەرەپێدانی ڕوانگەی ٢٠٣٠ کە بیرۆکەی زێڕینی محەمەد بن سەلمانە. بۆ نموونە، ئیسرائیل گرنگی بە دامەزراندنی شاری گەورەی “نیۆم (Neom)” لە کەنارەکانی دەریای سوور بدات، کە لە هەواڵێکی بێوێنەدا بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایان گەیاند، ناتانیاهۆ لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لەگەڵ محەمەد بن سەلمان کۆ بۆتەوە؛ هەرچەندە ڕیاز ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە.

هەروەها ئەم پەیوەندییە بازرگانییە گەشەسەندووانە دەتوانن پشتگیری لە هەوڵەکانی شانشینی سعوودیا بکەن بۆ هەمەچەشنکردنی سەرکەوتووانەی ئابوورییەکەی لە دەرەوەی فرۆشتنی نەوت. لە لایەکی تریشەوە دەرکەوتووە کە بازرگانە ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو هانی وەبەرهێنانی سعوودیایان داوە لە دامەزراوە ئیسرائیلییەکان.

بەڵام لەو دۆخەی کە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعوود هێشتا پاشای سعوودیایە، بەدوور دەزانرێت کە سعوودیا بەشداری لە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمەوە بکات؛ بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پابەندبوونی دەیان ساڵەی شا سەلمان بە پشتیوانیکردنی دۆزی فەڵەستین. هەروەها ئەم پرسە زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت، بەهۆی ڕۆڵی قورسی سەرکردایەتی لە جیهانی فراوانی عەرەبی-ئیسلامی کە دەگەڕێتەوە بۆ ڕیاز و، بەرگریی نەریتیی ئەو وڵاتە لە مافەکانی فەڵەستینییەکان. لە لایەکی تریشەوە، هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە، ڕەنگە دوای ئەوەی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین- کە دەوترێت زیاتر ئامادەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئیسرائیل- ببێتە پاشا، پەیوەندییەکان ئاسایی بکرێنەوە، بەڵام پێکهاتەی توندڕەوی حکوومەتە نوێیەکەی ناتانیاهۆ، دەتوانێت ببێتە بەربەست لە بەردەم هەر ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی، تەنانەت دوای سەردەمی محەمەد بن سەلمان.

شەشەم– ڕاستییەكەی، هەردوو دەوڵەتی سعوودیا و ئیسرائیل دەیانەوێت لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، مەترسییەکانی ئێران لەسەر خۆیان و وڵاتانی ناوچەکە بڕەوێننەوە و ئاسایشیان دەستەبەر بکەن. بۆ نموونە، ئیسرائیل بەردەوام ڕای گەیاندووە کە کەڵک لە هەموو ئامرازە مومکینەکانی بۆ ڕێگریکردن لە دەستکەوتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی وەردەگرێت. تەلئەبیب هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە ڕێوشوێنی زیاتر بخاتە بەرنامەی کارەوە بۆ ڕێگریکردن لەوەی کە بە “بڵاوبوونەوەی چەکی پێشکەوتوو” لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ناوی دەبات. هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو کە ماڵپەڕی بلومبێرگ لە ١٧-٢-٢٠٢٣ لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی بڵاو کردەوە، ئیسرائیل و سعوودیا هاوکارییە دووقۆڵییەکانیان، بۆ ئەوەی ناویان لێ ناوە “بەرەنگاربوونەوەی نیگەرانییە پەرەسەندووەکانی پەیوەست بە کۆماری ئیسلامی” فراوان دەکەن. بەپێی ئەم ڕاپۆرته، کە شەش سەڕچاوەی ئاگادار پشتڕاستیان کردۆتەوە، ئامانج لەو دانوستانانه پەڕهپێدانی پەیوەندییه سەربازی و هەواڵگرییه دووقۆڵییەکانه. ئەم ڕاپۆرتە هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە کردەوەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەمریکا پشتیوانی لە لێکنزیکبوونەوەی زیاتری هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دەکات. لە هەمان کاتدا، هەرچەندە ئیسرائیل هیوای خواستووە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیا ئاسایی ببێتەوە، بەڵام بەرپرسانی سعوودیا- لانی کەم لە میدیاکانەوە- بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تا دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین دروست نەبێت، ئەمە نایەتە دی.

حەفتەم– خاڵێکی زۆر گرنگ بەڵام شاراوە ئەوەیە کە بە قازانجی هەردوو کابینەی ناتانیاهۆ و بن سەلمانە کە ئەم ڕێککەوتنە لە سەردەمی ئیدارەی دیموکراتەکان بگاتە ئەنجام؛ چونکە لەم ڕێگەیەوە هەم حزب و لایەن و بەتایبەتی کابینەی توندڕەوەکانی ئیسرائیل و هەمیش خودی بن سەلمان، پشتیوانی و پاڵپشتیی هەردوو حزبی دیموکرات و کۆمارییەکان دەستەبەر دەکەن و لەم ڕێگەیشەوە گۆڕینی سەرۆککۆمار لە ٢٠٢٤ لە ئەمریکا هیج کاریگەرییەکی نەرێنی ناکاتە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرۆککۆمار و ئیدارەی نوێی ئەمریکا و، لەم ڕێگەیشەوە بەرژەوەندی و ئاسایشیان زیاتر دەستەبەر دەبێت. بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی ئێکسیۆس (AXIOS)، لە کاتێکدا کۆمارییەکانی کۆنگرێس بەگشتی پشتگیری لە ڕێککەوتنی سعوودیا و ئیسرائیل دەکەن، بەڵام زۆرێک لە دیموکراتەکان کە ڕەخنە لە حکوومەتی سعوودیا دەگرن، تەنیا لەگەڵ ڕێککەوتنێكدا دەبن كە لەژێر چاودێریی سەرۆکێکی دیموکراتەکاندا بکرێت. بە گوێرەی ئاکسیۆس، ئیسرائیل پێی وایە سعوودیا میحوەرێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ جیهانی عەرەبی و، لەمێژە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتە ئاسایی بکاتەوە، بەتایبەتی کە ڕێککەوتنی ئیبراهیم بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترامپ کراوە.

بە گوێرەی ئاکسیۆس، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل، بەربەستێکی دیکەی بەردەم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان، داواکاریی عەرەبستانە بۆ وەرگرتنی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە، کە “پیتاندنی یۆرانیۆم”یش دەگرێتەوە. ئەگەری پەرەپێدانی بەرنامەی وزەی ئەتۆمیی سعوودیا- لەوانەیش پیتاندنی سەربەخۆی یۆرانیۆم- نیگەرانییەکی جددییە بۆ ئیسرائیل، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، چەند ڕێگەچارەیەک هەیە کە دەکرێت بگیرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بەو پرسە. هەروەها پێ دەچێت هەر ڕێککەوتنێک داواکاریی سعوودیا لەسەر پرسی فەڵەستین لەخۆ بگرێت، کە ئیسرائیل دەبێت لەسەری ڕازی بێت، کە ئەمەیش بۆ ئیسرائیل زۆر ئەستەم و قورسە کە لە ئێستادا و بەم کابینە توندڕەوەی هاوپەیمانی ناتانیاهۆ، ئەم مەرجە قبووڵ بکرێت. هەرچەندە پێگەی هەواڵی “عەرەبی 48” لە زاری سەرچاوە سعوودیاکانەوە نووسیویەتی: لەنێو ئەو داواکارییانەی ڕیاز لە گفتوگۆکانی نێوان (بنیامین ناتانیاهۆ و ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیا، بە نێوەندگیریی بەحرێن) خراوەتە  ڕوو، “پێشکەشکردنی ئاسانکاری بووە “لە بەرژەوەندیی کەرتی ڕۆژاوا و “کشانەوەی سوپای ئیسرائیل” لە کەرتی ڕۆژاوا ” بۆ بەرژەوەندیی چالاکییەکانی دەزگەی ئاسایشی فەڵەستین”. کەناڵی ١٢ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل ڕای گەیاندووە کە، پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان بن سەلمان و ناتانیاهۆ و کۆهین، بە نێوەندگیریی بەحرێن و بە گوشاری ئەمریکا ئەنجام دراوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بن سەلمان چووەتە بەحرێن و، لە “مەنامە”وە وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل لە ڕێگەی عەبدوللەتیف ئەلزەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرێن ئەنجام دراوە. لە ڕاپۆرتی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل بە گێڕانەوە لە سەرچاوە سعوودییەکان کە ناو و بەرپرسیارێتییان ئاشکرا نەکراوە، “لەسەر داوای سعوودییەکان، بەحرێن وەک ناوبژیوان هەڵبژێردراوە”. سێ بەرپرسی ئەمریکی لە ١٥-٥-٢٠٢٣ بە “ماڵپەڕی ئاکسیۆس”یان ڕاگەیاندووە کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەوڵی ناساندنی دان شاپیرۆ، باڵیۆزی پێشووی ئەو وڵاتە لە ئیسرائیل، دەدات، وەک نوێنەری تایبەتی واشنتۆن بۆ ڕێککەوتنی ئیبراهیم بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا. پێشووتریش بۆ ئەم مەبەستە، برێت مەکگۆرک، ڕاوێژکاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامۆس هۆچشتاین، ڕاوێژکاری بایدن بۆ کاروباری وزە، لەگەڵ جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، چوونەتە سعوودیا و پاشان ئیسرائیل.

کۆبەند

پێ دەچێت پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل لە دوای کۆتاییهاتنی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپەوە (2021/2017) خاو بۆتەوە؛ چونکە دوای ئەوەی مەغریب، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بەشداریی لە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامدا کرد، تا ئێستا هیچ وڵاتێکی دیکە بۆ ئەم ڕێککەوتنە زیاد نەکراوە. بۆیە ناساندنی نوێنەری تایبەت لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ئەوە دەردەخات کە، ئیدارەی بایدن بەنیازە بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢٤ هەوڵەکان بگاتە ئەنجام. لەم چوارچێوەیەدا هەم ئەمریکا و هەمیش ئیسرائیل هەوڵ دەدەن کە ئیسرائیل لەگەڵ سعوودیا پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە، چونکە ئەمە بە دەرگەی هاتنەناوەوەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی و موسڵمان دەزانن. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی حکوومەتی ئێستای ئیسرائیل کە لەلایەن هاوپەیمانییەک لە لایەنە ڕاستڕەو و توندڕەوەکان بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران، پێک هێنراوە، ئەم ئاساییکردنەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا زۆر ئەستەم دێتە بەرچاو. سەرەڕای ئەوەیش پێ دەچێت پەیوەندییە نافەرمییەکانی نێوان ڕیاز و تەلئەبیب بەردەوام بێت لە گەشەکردن.

جگە لەمانەیش، ڕای گشتی لە سعوودیا و زۆر وڵاتی تری عەرەبی، بەتوندی دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئیسرائیل. محەممەد بن سەلمان وەک پاشای داهاتووی ئەم وڵاتە ڕەچاوی هەڵوێستی لایەنە ناوخۆیییەكان و ڕای گشتیی ناوچەیی لەبارەی پرسی فەڵەستین دەكات و مەترسییە سیاسییەکانی ڕێککەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵدەسەنگێنێت. ئەگەر و سیناریۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیا و ئیسرائیل، جارێکی دیکە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت. لەم نێوەیشدا، بەهۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیا، ئێران خۆی لە لێکەوتەکانی بەهێزبوونی ئەم جەمسەرە و ئاسەوارە نەرێنییەکانی پاراستووە و، سعوودیاش لە کاردانەوەی ئێران. بەڵام ئەگەری پێکدادان لە زۆنە خۆڵەمێشییەکان بەرزتر دەبێتەوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە عێراق و بەم پێیەیش هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لەم زۆنە خۆڵەمێشییە.

image_pdfimage_print