پێنووس

دەستەبەندیی قەیرانە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران

پوختە

لەم وتارەدا وێڕای دوان لەسەر قەیرانە هەنووکەیییەکان، بەپێی کات و لەپێشینەكان (ئەولەویات)، قەیرانە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لە ناساندن، جۆر و تەوژمیان، پۆلێنبەندیی کراون و لە هیرارکییەکدا (Hierarchy) بە چاوێکی ئاییندەبینی پەیوەندیی نێوان قەیرانەکان و سیناریۆی داهاتوویان، بە میتۆدی وەسفی و شیکاری، کە سەرنجی داوەتە گۆڕاوە پەیوەندیدارەکانی وەک ستراکچەر، گۆڕاوی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، دیاری کراون. هەروەها بەپێی توانای سیستەم و گوشاری قەیرانەکان، سەرنج دراوەتە شێوازی بەرەنگاربوونەوە، کۆنتڕۆڵ و چارەسەرکردنیان. ئامانجی ئەم نووسینە لەوەدایە کە وەک هەنگاوی پێشینەی دانانی سیاسەت و بەڕێوەبردنی قەیران بە مەبەستی چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخە ئاڵۆزەکان بەرچاوڕوونییەک دروست دەکات.

پێشەکی

قەیران لە هەر شوێن و کاتێکدا، وەک شتێکی پێشبینینەکراو، بەڵام چاوەڕوانکراو، بە شێوەی کاتی سەر هەڵدەدەن و ئۆرگانیزمێک تووشی کێشە و لەرزە دەکەن. بە گوێرەی ئەزموون، جیهانی مرۆیی هەرچەندە زیاتر بەرەو پێشکەوتن بڕوات،کێشە و قەیرانیشی زیاتر دەبن. لەناو دۆخی قەیراناویدا نۆڕمە سەرەکی و بەرژەوەندییەکان تووشی هەڕەشە و مەترسی دەبن کە لەوانەیە زۆر جار کارەساتیان لێ بکەوێتەوە، بە جۆرێک کە هەندێک جار کاتی بڕیاردان تێیدا کەم و ئەستەمە. بەگشتی، پێشکەوتن و پێچەڵپێچبوونی کۆمەڵگە و دامەزراوەیەک قەیرانی کورت و درێژی تایبەت بە خۆی هەن؛ بە جۆرێک کە هەندێکیان لەدەست دەردەچن و هەندێکیان تووشی بەرپەرچ دێن و هەندێکیش پووچەڵ یان چارەسەر دەکرێن. هەروەها قەیرانەکان بزواون و بەردەوام دەگۆڕدرێن؛ بۆیە لە کاتی گۆڕانی دۆخی ئاساییدا پێویستە تاکتیک و ستراتیژییەکانیش بگۆڕێن. بە واتایەک، ئەگەرچی ناکرێ هەموو قەیرانەکان پەراوێز بخرێن یان چارەسەر بن، بەڵام هەندێک جار، ئەگەر بە شێوەیەکی عەقڵانی زووتر و خێراتر سیگناڵی هەڕەشەکان بەدروستی وەربگیرێن و قەیرانەکان، بە کەڵکوەرگرتن لە میكانیزمی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی بەڕێوە ببرێن، ڕەنگە نەک هەر چارە بکرێن، بەڵکوو خۆیان ببنە هەلی سەرکەوتن و زایینگەی پێشکەوتنی زیاتر. بەتایبەتی ئەگەر زانستی بەڕێوەبردنی قەیران بەهەند دابنرێت، ئەو قەیرانانەی کە بەرهەمی زۆردارێتیی ڕۆژگارن، زۆر جار دەبنە هۆی ڕێفۆرم و داهێنان.

ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردووی دوور بدەینەوە، ئەزموونی قەیران و گۆڕینی هەڕەشە بۆ هەل، بەبێ ئەوەی زانستی بەڕێوەبردنیش هەبووبێت، لەناو دوورگەی مێژووی ئەم ناوچەیەدا نێوان دوو ڕووبار [بین النهرین]) بەجوانی دیارە. بە جۆرێک کە ڕەنگە پەیدابوونی شارستانییەتی ڕووبارینی میزۆپۆتامیا بەرهەمی کەمبارانی و سنوورداربوونی سەرچاوەکانی ژیان لەم ناوچەیەدا بووبێت. واتا ئەم کەمێتییە وای کردووە بیر لە بەڕێوەبردنی باش بە کەمترین سەرچاوەوە بکرێتەوە. لەو سەردەمەدا، کە قەیرانەکان، بەهۆی زێدەخوازیی مرۆڤ، زۆرتر و ئاڵۆزتر بوونە و زانستیش گڵۆبالیزە  بووە (بەجیهانی كراوە)، پێویستە بە نیگایەکی شایستەسالارانە (Meritocratic) و بە زانستی بەڕێوەبردنی قەیران نەک هەر قەیرانەکان چارە بکرێن، بەڵکوو باری هەڕەشەیان بکرێتە هەل. لەو ناوەدا، لە هەنگاوی یەکەمدا، ناسین و جیاکردنەوەی جۆر و سەرەکبەندیی قەیرانەکان لە بەڕێوەبردنی قەیراندا یارمەتیدەر دەبن. بەپێچەوانەوە دادوەری و بڕیاری پێشوەختەی سیاسی، دەبێتە هۆی دانانی سیاسەتی ناکارا و سەرهەڵدانی زنجیرە قەیرانی نوێ و سەرشێوێنەر. جێی ئاماژەیە قەیران وێڕای هەڕەشەکانی، توانای دامەزراوە و ڕێبەرانیش تاقی دەکاتەوە. واتە، کاتێک قەیرانێک ڕوو دەدات چاوەڕوانیی ئەوە لە ڕێبەران دەکرێت خەڵک و دامەزراوەکەیان لە لێکەوتە نەرێنییەکانی قەیرانەکە بپارێزن و لە دۆخی قەیراناویدا وەڵامی بەجێ، کاریگەر و ڕەوا بخەنە ڕوو. (Ansell and Boin, 2019) ئەگەر ئەوان ئەو توانایەیان هەبوو، ئەوا ئاستی متمانە و مەشرووعییەتیشیان بەرزتر دەبێتەوە. مەرجێکی سەرەکیی ئەو توانایییەیش بەڕێوەبردنی زانستییانەی دامەزراوەکان و گرنگیدانە بە شایستەسالاری (مێریتۆكراسی)یەکی زانستتەوەر.

هەرێمی کوردستان بەپێی تایبەتمەندییە جیۆئێکۆنۆمیکی، جیۆپۆلیتیکی، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی، سەرەڕای دەسکەوت و شانسەکانی، ناسەقامی و كۆمەڵێك قەیرانی تووش بووە کە هەنگاوی بەرەو ئامانجگەی پەرەسەندنی لێ سست کردووە. بۆیە پێویستە ئەو قەیرانە کاریگەرانە بناسرێن و بەپێی گرنگییان پۆلێن بکرێن و ڕێچارەیان بۆ بدۆزرێتەوە. بەو دیدەوە، پرسیاری بابەتییانە ئەوەیە: لەم کاتەدا قەیرانە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان چین و چۆن پۆلێنبەندی دەکرێن و پەیوەندیی نێوان قەیرانەکان چییە و شێوازی چارەسەرکردنیان چۆن دەبێت؟ وەڵامی پێشینە ئەوەیە کە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان سێ جۆری ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتین و هەر یەکەیان وێڕای گرنگیی تایبەت بە خۆیان، پەیوەندییەکی ئۆرگانیکییان پێکەوە هەیە و ئەگەر هەر یەک لەو قەیرانانە نەناسرێن و چارەیان نەکرێت، ڕەنگە بەرەو خراپتربوون بڕۆن و ببنە هۆی پەیدابوونی قەیرانی دیکە.

قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان

لە واقعدا، هەبوونی قەیران لە وڵاتانی پێشکەوتوودا شتێکی ئاسایییە، کەواتە لە وڵاتێکی تازە ڕزگارکراو و تازە پێگەییشتووی وەک هەرێمی کوردستان، نابێ هەبوونی کێشە و قەیران بە شتێکی نانۆرماڵ لە قەڵەم بدرێت. ئەوەی گرنگ و پێویستە ئەوەیە کە کاریان لەسەر بکرێت. لەو ڕوانگەیەوە دەبێ بزانین کە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان زۆر و جۆراوجۆرن؛ بۆ نموونە بەشێکی قەیرانەکان ناوخۆیین و بەشێکی دیکەیان قەیرانی هەرێمی و نێودەوڵەتین. هەروەها پەیدابوونی هەندێک لە قەیرانەکانی دیکە بەهۆی پاڕادۆکسی سەردەمی نوێن کە چوونەتە ژێر کاریگەریی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی. ئەوەی لێرەدا مەبەستە، سەرەکبەندیی قەیرانە کاریگەر و گرنگەکانە بە نیگایەکی ئاسایشتەوەر (ئاسایشی نەتەوەیی، ئاسایشی مرۆیی؛ کە هەموو وارەکانی ئاسایش دەگرێتەوە). بەشێک لەو قەیرانانە لە کاتێکی دیاریکراودا چارەسەریان بۆ ناکرێت، بەڵکوو تەنیا ناسینیان گەرەکە. بەشێکی دیکەیان ئەگەر چارەسەریش نەبن ڕووبەڕووبوونەوەیان، بە کەمترین تێچوو، دەوێ بۆ ئەوەی زەڕ و زیانەکانیان کەمتر بکرێنەوە یان کۆنتڕۆڵ بکرێن. لێرەدا چوار بابەت جێی هەڵوەستەن: یەکیان ناسینی قەیران و، ئەوی تر پۆلێنبەندکردنی جۆر و تەوژمی قەیران و، سێیەمیان پەیوەندیی نێوان قەیرانەکانە. کاتێک ئەم هەنگاوە جێبەجێ کرا، ئەوکات لە قۆناغی چوارەمدا بەڕێوەبردنی قەیران و چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوە و کۆنتڕۆڵ و چارەسەرکردن یان گۆڕینی باری نەرێنیی قەیران بۆ باری ئەرێنی و بەئەمنینەبوونی قەیران بە شێوەی تایبەت دێتە بەر باس.

ئەلف) قەیرانی ناوخۆیی

١- قەیرانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە

ئەگەرچی کورد بە کەلتوور لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا سازاوە، بەڵام لە ناوخۆیدا هێشتا نەگەیشتۆتە قۆناغی پێکەوەژیان لەگەڵ دیدگە سیاسییە جیاوازەکان. تەنانەت لە هەلێکی وەک ڕێفراندۆم، کە دەیتوانی دیسکۆڕسی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بونیاد بنێت، لەلایەن چەند حزبێکەوە ئەو دیسکۆڕسە هەلساز و کارسازە، کە خاڵی هەستیاری کورد بوو، شێوێندرا. لە ڕاستیدا، لە مێژووی نزیکدا بەشێک لە قەیرانەکانی ئێستا ڕیشەیان لەناو بەربەرەکانێی حزبە کوردییەکاندایە، هۆیەکەیشی ئەوەیە کە کورد فریای دامەزراندنی سیستەم و دامەزراوەكان (موئەسەسات) نەکەوتووە. هەروەها چۆنێتیی دروستبوونی حزبی چەکدار پێش دروستبوونی دەوڵەت و حکوومەت لەناو کورددا، هەروەها نەبوونی فەرهەنگی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی تایبەتی حزبیی لێ کەوتەوە کە ڕکەبەرایەتییەکی ناتەندروستی لێ کەوتەوە و دواجار کێشەی حزبیی گەیاندە “شەڕی ناوخۆیی” و تێیدا گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان بەستێنی گەشەیان بۆ ڕەخسا. دوای نەمانی سیستەمی دووجەمسەریی هێز و، گۆڕانی جیۆپۆلیتیکی لەناو هارتلەند (دڵی زەوی)ی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، بەپێی بەرژەوەندیی ئەمریکا لە ڕۆژاوای ئاسیا، کە گەرەکییەتی لە هەندێک ناوچەدا کێشەی ناوخۆیی نەمێنێت، شەڕی ناوخۆ لە کوردستان وەستا و حزبە دەسەڵاتدارەکان تا ڕاددەیەک لە یەکتر نزیک بوونەوە. بەڵام دوای ئاشتیی نێوان ئەو حزبانە، هێشتا سیمای دوو-دەسەڵاتی (ناوچەیی-حزبی) بۆتە هۆی لاوازبوونی زیاتری هەرێمی کوردستان؛ بە جۆرێک کە سازدان و سازکردنی شێوەژیانی پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە لە هەرێمی کوردستان بۆتە قەیرانێکی هەڕەشاوی؛ بە جۆرێک کە بەهۆی هەبوونی ئەم قەیرانە کەلێنی نفووزی دەوڵەتانی دراوسێ، کە هەرێمی کوردستان بە خانەی شێرپەنجە ناو دەبەن و پێیان وایە ئەگەر ئەو خانە شێرپەنجەیە لەناو نەچێ، وەک دەوڵەتی ئازەربایجان دەبێتە بەڵا بۆیان، بەرین بووەوە. بە واتایەکی ڕوون و ڕاشکاو، قەیرانی ناوخۆیی، دەرکەی بۆ دروستبوونی قەیرانی هەرێمی کردۆتەوە و کاریگەریی لەسەر کایەی زلهێزانیش دەبێت. پێ دەچێ ئەم دۆخە جێی پەسەندی ویلایەتە یەکگرتووەکان نەبێت و، ئەمریکا ناچار بێت لە ڕێی خودی دوژمنانی ئەزموونی کورد، گوشاری جددی بۆ هەرێمی کوردستان بێنێت.

بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە وێڕای داهێنانی فەرهەنگی گفتوگۆ و زاڵکردنی دیسکۆڕسی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی حزبەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و یاساییکردنی واقع، ئەم قەیرانە دەتوانێ بارە نەرێنییەکەی بە جۆرێک بۆ باری ئەرێنی بگۆڕێ تاکوو کوردی پارچەکانی دیکە هەرێمی کوردستان بە “ئومولقوڕا” (ام القری)ی کوردستان دابنێن و تەنانەت لە دژی دەوڵەتی دەستوەردەر بێتە دەنگ. بەڵام نەبوونی زانستی بەڕێوەبردنی قەیران نەیتوانیوە باری ئەم هەڕەشەیە بۆ هەل لە قازانجی کورد بگۆڕێ. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو قەیرانە وا باشترە سەرۆکایەتیی کورد، کە پاڵپشتیی نێودەوڵەتیی جێمتمانە و بەهێزی هەیە، بە چاوی کۆمەڵناسیی سیاسی کار بکات و بەرژەوەندیی هێزەکان ڕەچاو بکات و لایەنەکان لێك نزیک بکاتەوە. هەروەها، بەو سەرنجەی کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە لاوازترین قۆناغی سیاسیی خۆیدایە، یەکێک لە گرنگترین سیاسەتەکان ئەوەیە کە هاوکاری هەندێک لایەن بێت تاکوو نفووزی بیانییەکانیان لەناودا کەمتر بکاتەوە. لە قۆناغی دیکەدا پێویستە لە ڕێگەی “تینک تانک” (ژووری فكری) و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان [زانای ڕاستەقینە و بیردار] کاری فەرهەنگی لەسەر دامەزراوەکان، حزبەکان، زانکۆ، قوتابخانە و تەنانەت تاکەکانیش بکات و لەسەر دیسکۆڕسی ڕێفراندۆم دانیشتنی زانستی ساز بکات. بە واتایەک، بە ڕوونکردنەوەی مێژوویی، فەرهەنگی ڕێفراندۆم بکاتە دیسکۆڕسێکی پیرۆز و ڕۆحی كەش یاخود       ژینگە (ئەتمۆسفێر)ی کوردی.

٢- قەیرانی شڵەژانی شوناس

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، لەناو کۆمەڵی کورددا دەمارگرژییەکی ئایینی، وردەكەلتووری، زاراوەیی، عەشیرەتی، هەروەها نزمبوونی ئاستی خوێندەواری هەیە و شوناسی توندڕەوانەی حزبی و نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بۆتە هۆی ئەوەی شوناسی نەتەوەیی و پڕۆسەی نەتەوەسازی بکەوێتە بەر هەڕەشە. لەم سەردەمەدا، لەناو ژینگەی پۆستمۆدێرنیزم و بەجیهانیبووندا شڵەژانی شوناس وەک ناوکی سیستەمی کۆمەڵایەتی، قەیرانێکی دەروونیی لێ هەستاوە کە بۆتە هۆی دروستبوونی کەلێن لە نێوان کۆمەڵ و حکوومەت.

ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین، ئانۆمی (Anomie) و گۆڕانی تێکتۆنیک (Tectonic)ی نەوەی تازە وای کردووە،گەنجی ئێستا نەزانێ کێیە و چییە. واتە تەنیا دەزانێ کە کوردە، بەڵام کوردێکی بێشوناس و وێڵ و سەرگەردان. گەنجی نوێی وێبگەردی پەروەردەی ئینترنێت کە بوونەتە خاوەنی شوناسێکی دیجیتاڵی و ئاستی ئومێد بە ژیانیان دابەزیوە، قەیرانێکی قورس دێننە ئارا و ئەگەر بیری لێ نەکرێتەوە، دۆخەکە بەرەو ئەنارشیبوون (فەوزا) دەڕوا. لەو قەیرانە گشتییەدا کورد کۆڵەمستێکی قورستری بەر دەکەوێ، چونکە وەک نەتەوەکانی دیکە پەیکەربەندییە فەرهەنگییەکەی بەهێز نییە و جارێ دەوڵەتێکی سەربەخۆی نییە.

بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە، وێڕای ئەوەی پێویستە حکوومەتی کوردستان بپارێزرێ و ڕۆڵی دەوڵەت ببینێ، پێویستە نوخبە سیاسییەکانی کورد نموونەی وڵاتانی پێشکەوتوو ببینین. بۆ وێنە ئەوە بزانن کە ژاپۆن و کۆریای باشوور باشترین پێشەسازی هەناردەی دەرەوە دەکەن، بەڵام فەرهەنگە ڕەسەنەکەی خۆیان دەپارێزن بۆ ئەوەی جیاوازیی نەتەوەییی خۆیان بهێڵێتەوە و تووشی قەیرانی شوناس نەبن. بەو نیگایە پێویستە، سیاسەتی فەرهەنگی بە میحوەرییەتی خۆدۆزینەوە و ئیتنکۆلۆژی دابڕێژرێتەوە. بۆ نموونە لە ڕێگەی پەروەردە و ڕاگەیاندن کەشێک ساز بکرێت کە نەوەی ئێستا شانازی بە قەبارەی كەلتووریی خۆیەوە بکات. بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت، زیاتر بڵاوکردنەوەی “ئەدەبیاتی زەرد”ە کە خۆئاگایییەکی درۆیین دەڕژێنێتە ناو مێشکی ئەو گەنجانەی کە ڕاددەی ئاگایییان لە جیهانی پێشکەوتوو زۆرە، بەڵام ئاستی زانستییان کەمە؛ بە جۆرێک خۆیان و واقعی وڵاتەکەیان ناناسن. بە واتایەک، لاوی کورد دەزانێ کە گەنجانی ئەڵمانیا چۆن و بە چ ستایلێک دەژین، بەڵام نازانێ ئەو ئەڵمانییانە چۆن گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە و ئەم جۆرە ستایلەی ژیانیان چۆن وەدەست هێناوە. ئەم تێڕوانینە ساویلکەیە قەیرانی شوناس دێنێتە ئارا و قەیرانی شوناسیش بەرە بەرە قەیرانی دیکەی پێوەیە. بۆ نموونە لەو دۆخەدا تاکی کورد خۆی بە کەمتر لە نەتەوەیەکی دیکە دەبینێتەوە. لەوانەیە ئەم ڕەوتە بگاتە ئەوەی “قەیرانی شوناس”، “قەیرانی مەشرووعییەت”یش ساز بکات و لە ئاکامدا بەهۆی دابەزینی متمانە ڕێژەی بەشداریی گشتی کەمتر بێتەوە و زیان بەر مەشرووعییەتی هەرێمی کوردستان بکەوێت.

٣- قەیرانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی

لە ڕووی ئابوورییەوە، یەکێک لە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە، “قەیرانی بەرهەمهێنانی نەتەوەیی” و “بەرهەمی خۆماڵی”یە، کە لە ئەنجامی نەبوونی دیدێکی دوورمەودا هاتۆتە ئاراوە. بۆ نموونە، لە کاتێکدا کە تا ئەندازەیەک توانای بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی هەیە، بەڵام پێشەسازیی کشتوکاڵی هێندە بەهێز نییە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێ وڵاتێکی دیکە وابەستەی خۆی بکات یان لانی کەم دەکارخستنی ناوخۆیی بەدامەزراوەیی بکات تاکوو ڕێژەی بێکاری و هەژاری داکشێ. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی لەدەستچوونی هەلەکان. هەروەها هەڵێنجانی تاکە بەرهێمێکی خۆڕسکی وەک نەفت و هەناردەکردنی و ڕەوگرتنی ئابوورییەکی ڕانتییەر، بەبێ دروستکردنی کارخانەی پەتڕوکیمیاوی، نیشانەی ئەوەیە کە وێڕای دانەنانی سیناریۆگەلی داهاتوو و گرنگینەدان بە پەرەسەندنی سەقامگیر، تەنانەت هەستان و دابەزینی نرخی نەفتیش لە جیهاندا ڕەچاو نەکراوە. ئەم قەیرانانە وای کردووە ڕێژەی وابەستەییی هەرێم بە وڵاتانی دەوروبەر زۆر بێت و لە تەڵە سیاسییەکاندا مەیدانی مانۆڕی لێ تەسک بێتەوە. ئەوەی تیمساحئاسا لە بۆسەیە ئەوەیە کە، ئەم قەیرانە لە ڕووداوە سیاسییەکانی داهاتوودا دەتوانێ قەیرانی دیکە تووشی هەرێم بکات؛ بۆ نموونە، لە پێچ و لۆفە سەختەکانی سیاسی، وەک ڕێفراندۆم، نەبوونی بەرهەمی خۆماڵی و وابەستەییی لەڕاددەبەدەر بە وڵاتانی دیکە، مەیدانی یاری لە کورد تەنگ دەکاتەوە. بەپێچەوانەوە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە ناوخۆیییە لە داهاتوودا ڕێگە لە قەیرانی هەرێمی دەگرێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە و ڕێگری لە قەیرانی گەورەتر، پێویستە کورد بەپێی ناسینی توانا و تاقەتی سیستەمی ئابووریی خۆی و ئامانجە کورت و دوورەکانی، پۆتانسیەل (توانا شاراوەکان)ی خۆی پەرە پێ بدات بۆ ئەوەی بتوانێ لە بەرهەمی ناوخۆییدا دەستی سەری هەبێت. بۆ نموونە بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە کوردستان، بەهۆی ڕەوتی بەرچاوی بەشاریبوون، لەو قۆناغەدا نییە کە بە هێزی زۆری کار کشتوکاڵ بکات، سەرمایە و تەکنەلۆژیا دەتوانێ پەرە بە کشتوکاڵەکەی بدات. بەم سەرنجە، پێویستە ڕێگە بۆ ئەم جۆرە وەبەرهێنانە بکرێتەوە، کە ئەمەیش وەک هەموو وارەکانی دیکە، لە ئیدارەدانی وەبەرهێناندا، پێویستی بە سەروەریی یاسا هەیە. چونکە جێگیرنەبوونی سیستەمی یاسایی و دامەزراوەیی، وای کردووە وەبەرهێنەر، حکوومەت و خەڵک نەتوانن لە چوارچێوەی یاسادا خۆیان ڕێک بخەن.

ب) قەیرانی هەرێمی

– قەیرانی دۆخی گوزەر

لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە لە حاڵی گوزەردایە، تووشی زۆرترین قەیران دەبێتەوە. واتە، گوزەری سیاسی بۆ قۆناغی ڕێفراندۆم و دەوڵەتسازی و دواتر نەتەوەسازی، کۆسپ و تەگەرەی زۆری تێدایە کە هەموویان ڕیشەیان لەناو قۆناغی گوزەردایە. ڕاستییەكەی، ئەم قەیرانانە شتی زاتی و سروشتین، چونکە پاڕادۆکسی بەرژەوەندیی تێدایە کە کاریگەریی لەسەر هەموو بابەتەکان هەیە. بە واتایەکی وردتر، بەرژەوەندیی کورد لەگەڵ بەرژەوەندیی وڵاتانی دەوروبەر دژبەرە. بەڵام بەپێچەوانەوە هەندێک وڵاتی دژبەر لەسەر دۆخ و دۆزی کورد بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە. ئەم پاڕادۆکسەی بەرژەوەندییە، خۆی قەیرانهێنە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە، سەرەتا پێویستە بە خوێندنەوەی زانستی سیاسی کار بکرێت، دواتر چەندان سیناریۆی دوور و نزیکی بۆ دابنرێن. بۆ وێنە، یەکێک لەو سیناریۆیانە ئەوەیە کە کورد بتوانێ کەلێن و بۆشاییی نێوان وڵاتانی دژبەری خۆی بدۆزێتەوە کە لەسەر دژایەتیی پرسی کورد کۆکن. دواتر کورد بتوانێ خۆی باوێتە ناو ئەو دەرزانە؛ بەو مەرجەی لە ڕێگەی خوێندنەوەیەکی ورد بەتەواوی بەسەر بابەتەکەدا زاڵ بێت و بتوانێ لەو ڕێگەیە پشتیوانیی هەرێمی وەدەست بێنێت و ببێتە هاوبەرژەوەندی وڵاتێکی زلهێز. بە واتایەکی ڕوونتر، پێویستە کورد بزانێ لەگەڵ کێ پەیڕەوی لە سیاسەتی جیۆئێکۆنۆمیک بکات و لەگەڵ کام وڵاتیشدا پەیڕەوی لە سیاسەتی جیۆپۆلیتیک بکات.

ئەگەر سەرنج بدەین، لە ئاستی ناوچەییدا دەبینین کە تورکیا لە ئەفریقادا وەبەرهێنان دەکات. هەروەها لە عێراق لە درزی نێوان شیعە و سوننی لەلایەن چەندان وڵاتی هەرێمی و نێودەوڵەتی کەڵکی سیاسی وەردەگیردرێت. کەواتە کوردیش دەتوانێ کەڵک لەو درزە ئاسایشی و سیاسییانەی دەوروبەر وەرگرێت؛ بۆ نموونە دەتوانێ لەناو کێشەی نێوان سعوودیا و عێراقدا خۆی وەک ئەکتەرێکی کاریگەر ببینێتەوە. تەنانەت لە وڵاتانی کەنار کەنداویشدا دەتوانێ یاری بکات. سیناریۆی دووەم ئەوەیە کە گرنگی بە هاوبەشیی بەرژەوەندیی ئابووری و فەرهەنگی بدرێت، چونکە لە هەندێک قۆناغدا لەوانەیە ئەم جۆرە هاوبەشییە دوورەدیمەنێك بۆ وڵاتانی دەوروبەر وێنا بکات تا کێشەی سیاسی کەمڕەنگ بکەنەوە. لەو سیناریۆیەدا لەوانەیە ڕێگەیەکی هەموار دروست بکرێت بۆ ئەوەی کورد بتوانێ هەنگاوێکی نەرم بەرەو ئامانج هەڵێنێ.

٢- قەیرانی حکوومەتی فیدڕاڵ و دەوڵەتی عێراق

بەهۆی ساختەیی و ناسروشتیبوون و دۆخی موزاییکی دەوڵەتی عێراق، هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ عێراقدا تووشی كۆمەڵێك کێشە و قەیرانی بەردەوام بووەتەوە؛ بە جۆرێک کە ئەستەمە بەم زووانە ئاسۆیەک بۆ چارەسەریی کێشەکانیان هەبێت. ئەم قەیرانانە هۆیەکن بۆ دزەكردنی قەیرانی هەرێمی و تەنانەت قەیرانی نێودەوڵەتی. بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە، پێویستە خوێندنەوەی زانستی بۆ چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قەیرانەکانی سنوور، پێشمەرگە و بوودجە بکرێت و بۆ هەر یەک لەو قەیرانانە چەند سیناریۆیەک دابنرێت. بۆ نموونە، سەرەکیترین سیناریۆ ئەوەیە کە بە تێگەیشتن لە دۆخی مەزهەبی و کەشی میلیشیاییی عێراق و ناسەربەخۆییی عێراق لە بڕیارداندا، هەرێمی کوردستان بەبێدەنگی و بە چرای کوژاوە ببێتە خاوەنی حکوومەتێکی بەهێز و، پشتیوانیی ناوچەیی بەدەست بێنێت و لە ڕێی بەستنەوەی دامەزراوەکانی خۆی بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانەوە، مامەڵە و پشتیوانیی نێودەوڵەتییش بەهێزتر بکات. هەروەها پێویستە کورد بۆشایییەکانی ناو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق باشتر بناسێ و کەڵک لەو بۆشایییانە وەربگرێت. بەم ڕوانگەیەوە دەتوانێ ڕۆڵێکی وا لە خۆی نیشان بدات بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە کارتی گوشار و کاریگەریی ناوچەیی و نێودەوڵەتییشی هەبێت. هەروەها لە هەنگاوی دووربینانەدا پێویستە کورد ئەو کەسایەتییانەی عەرەب، کە دان بە مافی کورد دەنێن، باشتر بناسێت و دۆستی وەک ئیسماعیل بێشکچی لەناویاندا پەیدا بکات بۆ ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ دیسکۆڕسی مافی کورد لەناو زینی خەڵکی غەیرەکوردیش زیاتر ساز بێت.

ت) قەیرانی نێودەوڵەتی

١- قەیرانی تێنەگەیشتن لە دۆخ و بزاوتی جیهان

بە دیدێکی بەرینتر، پێویستە ڕاشکاوانە بگوترێ کە ڕیشەی کێشە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە نە خۆی بەباشی، بە نیگایەکی کۆمەڵناسیی سیاسی و دەروونناسیی بەكۆمەڵ (جەمعی)، دەناسێ، نە کۆمەڵ و دەوڵەتانی جیهانیش وەک پێویست دەناسێت. لە کاتێکدا مۆنیتۆرینگ (شاشەی چاودێری)ی وڵاتانی دژبەری هەرێمی کوردستان، وێنە کۆمەڵناسی و دەروونناسییە گشتییەكەی کوردی بەباشی دەبینن و بەردەوام ڕووپێوی نوێی بۆ دەکەن و هەڵی دەسەنگێنن. بەڵام ئەوەی لەناو دەستەی نوخبەکانی کوردیدا دەبینرێت، وەک سەد ساڵی ڕابردوو، زیاتر بە نیگایەکی تاکڕەهەندی سەیری قەیرانەکان دەکرێت و گۆڕاوە جۆراوجۆرەکان هەڵنەسەنگێنراون، بۆیە زۆربەی نوخبەکان تووشی لێکدانەوەی هەڵە دەبن و دوای دۆڕان هۆکارەکان شی دەکرێنەوە. لە کاتێکدا سیستەمی نێودەوڵەتی لە دۆخی گڵۆباڵیزەی جیهاندا بە جۆرێکە کە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان لەسەر شوێنەکانی دیکە هەیە و تیژبینی و وریاییی پێشوەختەی لەسەر بنەمای زانست و زانیاری گەرەکە. بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین وەک بازنەیەکی ئاسایشی دەچێتە ژێر سێبەری قەیرانە نێودەوڵەتییەکان. بۆ نموونە ئەگەر ڕووسیا لە ئۆکراینا سەر بکەوێ، ڕەنگە هەلی باش بۆ کورد هەڵکەون کە دەبێ دیراسە بکرێن؛ یان بەپێچەوانەوە، دوور نییە قەیرانی نوێی مەترسیدار بۆ هەرێمی کوردستان دروست ببن. لە ئەگەری ئەو سیناریۆیە ترسێنەرەدا، دەستی وڵاتانی دژبەری کورد لە ناوچەکەدا ئەستوورتر دەبێت و قەیرانە هەرێمییەکان لەسەر کورد توندتر دەبن. بەو چاوە، پێویستە کورد بزانێت کە لە جیهان چ دەگوزەرێ و چ قەیرانگەلێک خەریکن سەر هەڵدەدەن و دەبێ چی بکات. تەنانەت بۆ قەیرانە گشتییەکانیش کە جیهانیان بەخۆیانەوە خەریک کردووە، بەشێکی زۆری بژاردەکانی کورد لێکدانەوەی سادەیان بۆ هەیە. بۆ نموونە هەر ئێستا زیرەكیی دەستکرد (AI) وێڕای هەموو ئەو خزمەتە مەزنەی کە بە گەشەی جیهان و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دەکات، كۆمەڵێك قەیرانیشی پێوەیە کە کاریگەریی لەسەر زۆر وار و بوار لە هەرێمی کوردستان دەبێت و، نابێ حکوومەت و نوخبە بیرمەندەکان لێی غافڵ بن.

دەرەنجام

لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە، قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان، لەو نموونانەی باسیان لێوە کراوە، زۆر زیاترن؛ بەڵام لەم نووسینەدا هەوڵ دراوە بە زمانێکی سادە و گۆیا سەرەکیترین و گرنگترین قەیرانە مەترسیدارەکانی سەر کوردستان و سیناریۆی داهاتوویان و چۆنێتیی چارەسەرکردنیان وەک نموونەی هۆشیارکەرەوە بخرێنە ڕوو. دەتوانین بڵێین قەیرانە ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی هیرارکی (زنجیرەپلەیی)یان پێکەوە هەیە. سەرەکیترین و بەردەستترینیان قەیرانی ناوخۆیین کە کورد خۆی بە دەستی خۆی دەتوانێ چارەسەریان بکات. ئەگەر هەر یەک لەو قەیرانانە نەناسرێن و بەرەنگاریان نەبنەوە، کۆنتڕۆڵ یان چارەیان بۆ نەکرێت، ڕەنگە بەرەو خراپتربوون بڕۆن و ببنە هۆی پەیدابوونی قەیرانی دیکە. بەتایبەتی قەیرانی ناوخۆیی، دەروازەی هاتنەژوورێی قەیرانەکانی دیکەیە. بەو نیگایە، لە قۆناغی یەکەمدا پێویستە قەیرانەکان بناسرێن و کارلێک و پەیوەندییەکانیان بدۆزرێتەوە و دواتر پۆلێنبەندی بکرێن و بە گوێرەی لەپێشینەكان (ئەولەویات) و گرنگایەتی، لە چوارچێوەی زانستی بەڕێوەبردنی قەیران، کاریان لەسەر بکرێت. ئەگەر ئەم قەیرانانە نەناسرێن و کاری پێشگیری، بەرەنگاربوونەوە، کۆنترۆڵ و چارەسەرییان بۆ نەکرێت، لەوانەیە قەیرانی دیکەیان بەدواوە بێت؛ لە هەمان کاتدا ئەگەر بە زانستی بەڕێوەبردن کاریان بۆ بکرێت، ڕەنگە بتوانرێ هەنگاوی هەلهێن هەڵبێن.

سەرچاوە

Ansell, C., & Boin, A. (2019). Taming deep uncertainty: The potential of pragmatist principles for understanding and improving strategic crisis management. Administration & Society, 51(7), 1079-1112.

image_pdfimage_print