موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
جیهان به‌نیگه‌رانییه‌وه چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 14ی مایسی توركیای ده‌كرد؛ چونكه توركیا خاوه‌ن پێگه‌یه‌گی گرنگه له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهاندا، به‌تایبه‌ت له ڕووی سیاسی و ئاسایشه‌وه. پێش هه‌ڵبژارنه‌كان چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كرا كه‌وا بۆ ئه‌م جاره‌یان لانی كه‌م ئۆپۆزیسیۆن یه‌كێك له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ر كه‌وێت. به‌ڵام دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان، بۆ جاریكی دیكه ڕه‌جه‌ب تەییب ئه‌ردۆغان وه‌ك سه‌رۆككۆمار هه‌ڵبژێردرا و ئاك پارتی و هاوپه‌یمانیی كۆمار زۆرینه‌ی کورسییەکانی په‌رله‌مانیان به‌ده‌ست هێنا. دوای سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغان و ئاك پارتی و هاوپەیمانییه‌كه‌ی، ئه‌م پرسیارانه‌مان بۆ دروست بووه: ئایا سیاسه‌تی ناوخۆی توركیا بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵی داهاتوو چۆن دبێت؟ ئایا توركیا، به‌رامبه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان چ هه‌ڵوێستێك ده‌نوێنێت و چ سیاسه‌تێك دەگرێتە بەر؟ جگه له‌مانه، به‌گشتی ئه‌نقه‌ره چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كەدا ده‌كات؟ له بابه‌تی ئه‌م جاره‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌ینەوە.
لە پاش هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان، سیاسەتی ناوخۆی تورکیا لەم ٥ ساڵەدا چۆن دەبێت؟
توركیا به شێوه‌یه‌كی گشتی له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان كێشه و قه‌یران و گرفتی ناوخۆ بۆته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م قه‌یران و كێشانە هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م جاره‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و په‌رله‌مانی توركیا زۆر گرنگ بوون، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی وڵات‌دا. نه‌مانی متمانه‌ی خه‌ڵك به دراوی نیشتمانیی وڵات و به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسان و قه‌یرانی دارایی و به‌رزبوونەوەی ڕێژه‌ی بێكاری و ناسه‌قامگیریی سیاسی و ئاسایش له هه‌ندێك ناوچه‌ی توركیا، له سه‌رووی ئه‌و قه‌یرانه ناوخۆیییانه دێن كه به‌رۆكی توركیایان گرتووه. بێ گومان ئه‌و لایه‌نه‌ی كه له هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنێت، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت بۆ سه‌ر ژیانی سیاسیی وڵات. هه‌ر به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و په‌رله‌مانی توركیا، ڕه‌جه‌ب تەییب ئه‌ردۆغان و هاوپه‌یمانیی كۆمار سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا و ده‌توانن هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له ژیانی سیاسیی وڵات‌دا ئه‌نجام بده‌ن؛ چونكه له په‌رله‌مانیش توانییان ئه‌و زۆرینه‌یه به‌ده‌ست بێنن كه بتوانن هه‌موو جۆره یاسایه‌كی پێ ده‌ربكه‌ن. ئه‌مه خاڵێكی گرنگه له سیسته‌می سیاسیی ئێستای توركیادا، چونكه سه‌رۆككۆمار ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن زۆرێنه‌ی په‌رله‌مانه‌وه پاڵپشتیی لێ نه‌كرێت، ئه‌وه له‌وانه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك پلان و سیاسه‌ت شكست بهێنێت. به‌گشتی چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌ردۆغان بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵی داهاتوو له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی توركیا ئه‌م سیاسه‌تانه په‌یڕه‌و بكات:
- گه‌وره‌ترین گرفت كه به‌رۆكی توركیای گرتووه، قه‌یرانی دارایی و ئابوورییه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، ئه‌ردۆغان له دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه نافه‌رمییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له وتاری باڵكۆندا[1] به شێوه‌یه‌كی جددی ئاماژه‌ی به گرفته ئابووری و دارایییه‌كانی توركیای كرد. هه‌روه‌ها به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دا كه پلان و هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئابووری، ده‌بێته پێشه‌نگی كاره‌كانی لە ماوه‌ی پێنج ساڵی داهاتوودا. ئه‌ویش له ڕێگه‌ی ئاماده‌كردن و داڕشتنی پلانێكی ئابووریی تۆكمه كه تیایدا بتوانرێت له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتوودا چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ گرفتی ئابووری بدۆزرێته‌وه. هه‌ر بۆ نموونه ئه‌ردۆغان له وتاره‌كه‌یدا ڕای گه‌یاند كه، توانیویانه ڕێژه‌ی سووه‌كان بۆ (8.5%) دابه‌زێنن و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش كرد كه‌وا هه‌وڵ و كۆششه‌كانیان بۆ دابه‌زاندنی ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسانی ئابوورییش چڕ ده‌كه‌نه‌وه. جگه له‌مه، زیادكردنی ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ی توركیا بابه‌تێكی دیكه‌یه كه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌ردۆغان له وتارێكیدا كه له سێیه‌مین كۆنگره‌ی ئه‌نجومه‌نی هه‌نارده‌كا‌رانی توركیا (Türkiye İhracatçılar Meclisi 30. Olağan Kurulu) له ڕێكه‌وتی (17/06/2023) پێشكه‌شی كرد ڕای گه‌یاند، كار بۆ دابه‌زاندنی ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسان ده‌كه‌ن؛ هه‌روه‌ها ئامانجی سه‌ره‌كییان بۆ ئه‌مساڵ (2023) ئەوەیە كە قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی توركیا بگه‌یەننه 265 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی و، بۆ ساڵی 2024یش كار بۆ گه‌یاندنی ئه‌م ڕێژه‌یه بۆ 285 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی ده‌كه‌ن[2]. له لایه‌كی دیكەوە، له كاتی دیاریكردنی كابینه‌ی حكوومه‌تی ئه‌م جاره‌یان، ئه‌ردۆغان توانیی “موحه‌مه‌د شیمشاك” ڕازی بكات ببێته وه‌زیری گه‌نجینه و داراییی توركیا؛ چونكه شیمشاك جگه له‌وه‌ی كه كه‌سایه‌تییه‌كی ئابووری و سیاسیی كورده، له هه‌مان كاتدا كه‌سێكی به‌توانای بواری ئابووری و داراییی توركیایه. له پاڵ شیمشاك، ئه‌ردۆغان هه‌نگاوێكی دیكه‌ی گرنگی نا، ئه‌ویش بریتی بوو له‌و گۆڕانكارییه گرنگه‌ی كه له سه‌رۆكایه‌تیی بانكی ناوه‌ندنی توركیا ئه‌نجامی دا؛ ئه‌م گۆڕانكارییه بریتی بوو له دیاریكردنی “حافیزه غایه ئه‌ركان – Hafize Gaye Erkan” [3]كه ته‌مه‌نی چڵ و چوار ساڵه، وه‌ك سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندیی توركیا. ئه‌ركان یه‌كه‌م ئافره‌ت و گه‌نجترین كه‌سه له مێژووی توركیادا، ببێته سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندیی توركیا. جگه له‌مه، تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌ركان ئه‌وه‌یه كه له ئه‌مریكا بووه و له‌سه‌ر ئاستی ئابووری و دارایییه‌وه له‌م وڵاته‌دا ناوبانگی هه‌یه. به‌م شێوه‌یه ئه‌ردۆغان هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌وە ئەو په‌یامە به ئه‌مریكا بگه‌یەنێت، كه‌وا ئه‌نقه‌ره ئاماده‌یه هه‌ستیارترین دامه‌زراوه‌ی داراییی وڵات ڕاده‌ستی كه‌سێكی ئافره‌ت بكات كه له ئه‌مریكادا پێ گه‌یشتووه. به‌گشتی ئه‌ردۆغان داوای دوو شتی له شیمشاك و ئه‌ركان كردووه، ئه‌وانیش بریتین له دابه‌زاندنی ڕێژه‌ی سو‌و و هه‌ڵاوسان.
به‌ڵام پێ ناچێت ئه‌م جاره‌یان كاری ئه‌ردۆغان و حكوومه‌ته‌كه‌ی ئاوا ئاسان بێت، چونكه به‌ڕاستی گرفته ئابوورییه‌كه‌ی ئێستای توركیا، ته‌نیا له ڕێگه‌ی گرتنەبه‌ری چه‌ند ڕێوشوێنێك چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی له ئارادایه جۆره گوشارێكی نێوده‌وڵه‌تیی ئابوورییه كه له به‌رامبه‌ر توركیا په‌یڕه‌و ده‌كرێت. ئه‌مه‌یش بۆ چه‌ند هۆكارێكی دیكه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه گرنگترینیان نه‌مانی متمانه‌یه به ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی؛ هه‌روه‌ها ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له توركیا بابه‌تێكی دیكه‌یه كه لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌وروپییه‌كانی به‌جددی نیگه‌ران كردووە. هه‌رچه‌نده جیهان ناچاره دووباره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و حكوومه‌ته‌كه‌ی بكات، به‌ڵام ئه‌مه به مانای ئه‌وه نایەت، گوشاره ئابوورییه‌كانی سه‌ر توركیا كۆتایی‌یان پێ دێت. به‌پێچه‌وانه‌وه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت باری ئابووری و داراییی توركیا سه‌ختر بێت و به‌ڵگه‌یش بۆ ئه‌مه، دابه‌زینی به‌های لیره‌ی توركیایه بۆ نزمترین ئاستی له مێژووی توركیادا.
- كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی گرنگی توركیا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ كه ڕه‌نگه قه‌یرانی جددییش بۆ ئه‌نقه‌ره دروست بكات، دۆزی كورده له توركیا. چونكه له‌م بواره ئه‌م پرسیاره‌مان بۆ دروست ده‌بێت: ئایا ئه‌ردۆغان و هاوپه‌یمانیی كۆمار به‌رامبه‌ر به كورد چ جۆره سیاسه‌تێك ده‌گرنه به‌ر؟ به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی توركیا بكه‌ین له دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه چوار ناوی گرنگی كورد له كابینه نوێیه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان جێگیان بۆ كراوه‌ته‌وه، ئه‌وانیش بریتین له هه‌ر یه‌ك له “جه‌وده‌ت یەلماز”، جێگری سه‌رۆككۆماری توركیا (زازا‌یه)، “موحه‌مه‌د شیمشاك”، وه‌زیری گه‌نجینه و دارایی، “هاكان فیدان”، وه‌زیری ده‌ره‌وه و “فه‌خره‌دین كۆجا”، وه‌زیری ته‌ندروستی. به‌پێی ئه‌و ناوانه بێت كه له‌م كابینه‌ی حكوومه‌تی توركیا ئه‌ركیان پێ سپێردراوه، دۆزی كورد یه‌كێكه له‌و بابه‌ته هه‌ره گرنگانه‌ی كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌ردۆغان و هاوپه‌یمانیی كۆمار كاری له‌سه‌ر بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان شێواز و هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی ئه‌ردۆغان به‌راورد به ڕابردوو به‌رامبه‌ر به كورد جیاوازتره، چونكه ئه‌وه‌ی تێبینی كراوه، له قۆناغه‌كانی داهاتوودا ئه‌ردۆغان كار بۆ ئه‌وه ده‌كات كه خۆی له كورد نزیك بكاته‌وه و له هه‌مان كاتدا هه‌وڵ ده‌دات هه‌ده‌په لاواز بكات و له جه‌هه‌په دووری بخاته‌وه. واتا شه‌ڕه‌كه‌ی قۆناغی داهاتووی ئه‌ردۆغان، كاركردنه بۆ ڕاكێشانی ده‌نگده‌ری كورد بۆ خۆی و دوورخستنی له جه‌هه‌په؛ چونكه ئامانجی ئه‌ردۆغان به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانیی توركیا، به‌تایبه‌ت له گه‌وره شاره‌كانی وه‌كوو ئیستا‌نبووڵ و ئه‌نقه‌ره.
بێ گومان ئه‌مەیشیان خاڵێكی ئاوا ساده نییه؛ پێویستی به دروستكردنی متمانه‌یه له نێوان ئاك پارتی و ده‌نگده‌ری كورد، چونكه تا ئێستا به‌گشتی ده‌نگده‌ری كورد له توركیا له هه‌ڵوێستی ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ی نیگه‌رانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان به شێوه‌یه‌كی گشتی ڕای گه‌یاندووه كه‌وا “كێشه‌یه‌ك نییه به ناوی كێشه‌ی كورد له توركیا” و “هه‌ده‌په‌یش به ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناوزه‌د” ده‌كات. ته‌نانه‌ت هه‌نگاوی جددییش بۆ داخستنی هه‌ده‌په نراوه. له لایه‌كی دیكه‌وە ئاك پارتی به‌هۆی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییە‌ی كه له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په هه‌یه‌تی، ئه‌سته‌مه قۆناغی ئاشتی و كرانه‌وه به‌ڕووی دۆزی كورد له توركیا دووباره بكاته‌وه. ئه‌وه‌ی ئێستا پلانی بۆ داڕێژراوه، هه‌وڵێكه بۆ ڕاكێشانی ده‌نگی ده‌نگده‌ری كورد به‌ره‌و ئاك پارتی و هاوپه‌یمانیی كۆمار؛ به شێوه‌یه‌ك هه‌ده‌په و په‌كه‌كه له‌م هاوكێشه‌یه‌دا ڕۆڵیان نه‌بێت و به‌كورتی، هه‌وڵ ده‌درێت ئه‌و په‌یامه به هه‌موو لایه‌ك بگه‌یەنرێت كه‌وا هه‌ده‌په و په‌كه‌كه نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی كورد نین و به هیچ شێوه‌یه‌ك كورد له توركیا یه‌كسان نییه به هه‌ده‌په و په‌كه‌كه.
- درێژه‌دان به ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان له ناوچه سنوورییه‌كانی توركیا، به‌تایبه‌ت له ناوچه سنوورییه‌كانی توركیا – عێراق (هه‌رێمی كوردستان) و توركیا-سووریا. ئه‌ردۆغان به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له وتاری باڵكۆندا ئاماژه‌ی به‌م هه‌نگاو و پلانانه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی دا. كه‌واتە پاراستنی ئاسایشی ناوچه سنوورییه‌كان و دوورخستنه‌وه‌ی چالاكیی گرووپه چه‌كداره‌كان له‌م ناوچانه، له‌نێو ستراتیژییه‌ته وازنه‌هێنراوه‌كانی ئه‌ردۆغان ده‌بێت. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی توركیا له چوارچێوه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆره له توركیا. بێ گومان تێڕوانینی توركیا بۆ بابه‌تی تیرۆر ڕه‌نگه هه‌ندێگ ڕه‌هه‌ندی جیاواز له‌خۆ بگرێت؛ بۆ نموونه ته‌نانه‌ت ئه‌ردۆغان هه‌ده‌په‌یش وه‌ك هێزێكی تیرۆریست ده‌بینێت.
چه‌ندان ساڵه توركیا سه‌رقاڵی كۆنترۆڵكردنی ناوچه سنوورییه‌كانیه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له عێراق و سووریا، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه به‌ته‌واوه‌تی ئاسایشی ئه‌م ناوچانه دابین بكات. بۆیه جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئامانجه‌ی توركیا، هه‌ندێك سه‌خته و، چاوه‌ڕوانیش ناكرێت ئه‌م كێشه‌یه بنبڕ بكرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وەیشدا پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م پرسه له‌نێو ئه‌جێندای كاره ناوخۆیییه‌كانی توركیا له پێنج ساڵی داهاتوودا شوێنی خۆی بكاته‌وه.
- كێشەی په‌نابه‌ره بیانییه‌كان له توركیا گه‌یشتۆته ئاستێك خه‌ڵك لێی بێزار بووه و بۆته بارگرانییه‌كی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی؛ به‌تایبه‌ت په‌نابه‌ره سوورییه‌كان كه ژماره‌یان به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی كۆچ (Göç İdaresi Başkanlığı) كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیایه، بریتییه له (3.816.012)، كه ئه‌مه ژماره فه‌رمییه تۆماركراوه‌كه‌یه[4]؛ به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت ڕێژه‌یه‌كی دیكه‌یش هه‌بێت كه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی تۆمار نه‌كرابن.
ئه‌ردۆغان له وتاری باڵكۆندا ئاماژه‌ی به سیاسه‌تی حكوومه‌ته‌كه‌ی كرد له پێنج ساڵی داهاتوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه و ڕای گه‌یاند، كه‌وا به هاوكاریی قه‌ته‌ر پرۆژه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌نابه‌ره سوورییه‌كانیان هه‌یه بۆ سووریا به شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌سه‌ر خاكی سووریا له‌و ناوچانه‌ی كه ئارام و بێگرفتن. ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌وا په‌یامی ناڕه‌زاییی خه‌ڵك له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ گه‌یشتۆته ئه‌ردۆغان و هاوپه‌یمانێتییەكه‌ی؛ له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یشه كاری جددی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین په‌نابه‌ری سووری بنێرێته سووریا، به‌ڵام به شێوه‌یه‌ك ژیانیان نه‌كه‌وێته مه‌ترسی.
بوونی ئه‌م ژماره زۆره‌ی په‌نابه‌ره سوورییانه له توركیا، پێ ناچێت به چه‌ند ساڵێك چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه ئێستا گرفته‌كه گه‌یشتۆته ئاستێك كه له‌كۆنترۆڵ ده‌رچووه و بۆته هۆی لێكترازانی كۆمه‌ڵایه‌تی. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌م پرسه له پێنج ساڵی داهاتوودا ببێته بابه‌تی ڕۆژه‌ڤ و تاوتوێ و، مشتومڕی زۆری له‌باره‌وه بكرێت.
- ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن و كاركردن بۆ مانه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنێكی لاواز له توركیا، له كاره پێشینه‌كه‌كانی ئه‌ردۆغان ده‌بێت. یه‌كێك له هۆكاره‌كانی مانه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له ده‌سه‌ڵات، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لاوازیی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره، ئه‌ردۆغان له ڕووی سیاسییه‌وه كار بۆ لاوازتركردنی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ده‌كات؛ واتە كارێكی سه‌ره‌كیی حكوومه‌تی ئه‌م جاره‌ی ئه‌ردۆغان، زیادكردنی گوشاره‌كانه بۆ سه‌ر لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی توركیا.
ئاك پارتی له قۆناغه‌كانی ڕابردوو توانیویه‌تی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌لاوازی بهێڵێته‌وه و دووچاری چه‌ندان شكستیان بكات له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵانی ڕابردوودا. پێشبینی ده‌كرێت له قۆناغی داهاتوودا ئاك پارتی بتوانێ به‌رده‌وام بێت له لێدانی گورزی كوشنده به لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن نه‌یانتوانی سوود له خاڵه لاوازه‌كانی ئه‌ردۆغان و ئاك پارتی وه‌ربگرن له دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. ئه‌م شكسته‌ی ئۆپۆزیسیۆن ژێرخانێكی باشی ڕه‌خساند بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن لاوازتر بكات.
ئایا سیاسەتی تورکیا لە هەمبەر عێراق و هەرێمی کوردستان وەکوو ڕابردوو بەردەوام دەبێت، یان گۆڕانی بەسەردا دێت؟
عێراق و هه‌رێمی كوردستان دوو لایه‌نی سه‌ره‌كین و پێگه‌یه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیادا. بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌ردۆغان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه شوێنی هه‌ر یه‌ك له عێراق و هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له قۆناغی داهاتوودا:
- هه‌روه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كرد، بارودۆخی توركیا له ڕووی ئابووری و دارایییه‌وه زۆر خراپه و، ئه‌نقه‌ره پێویستی به بووژانه‌وه‌ی ئابووری هه‌یه، چونكه به شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار به‌های دراوی نیشتمانیی توركیا دابه‌زیوه و ئه‌م دابه‌زینه‌یش به‌رده‌وامه. هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسان له مانگی مایسی ڕابردوو گه‌یشتۆته ڕێژه‌ی (39.59)[5]. بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخه‌كه جگه له‌م ڕێوشوێنانه‌ی كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كرد، ئه‌ردۆغان له‌م بواره زۆر گرنگی به باشتركردن و فراوانتركردنی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره – به‌غدا له لایه‌ك و ئه‌نقه‌ره – هه‌ولێر له لایه‌كی دیكه ده‌دات. لایه‌نی ئابووری، خاڵێكی گرنگی به‌یه‌كگه‌یاندنی ئه‌نقه‌ره – به‌غدا – هه‌ولێره؛ ئه‌م هه‌نگاوه‌یش له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ر سێ لایه‌نه.
عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی، بازاڕێكی زۆر گرنگه بۆ ساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه توركییه‌كان. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا توركیا هه‌وڵ ده‌دات قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ عێراق بگه‌یەنێته به‌رزترین ئاستی. تاكه ده‌روازه‌یه‌كی سنوورییش كه له ڕێگه‌یه‌وه كه‌لوپه‌له توركییه‌كان ده‌گه‌یەنرێته عێراق، “ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل”ه، كه له‌ژێر كۆنترۆڵی هه‌رێمی كوردستانه. بۆیه باشتره بۆ ئه‌نقه‌ره، له بواری بازرگانی و ئابوورییه‌وه هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌ند وه‌ربگرێت ئه‌گه‌ر بیه‌وێ قه‌باره‌ی بازرگانیی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا فراوانتر بكات.
- پرسی گه‌یاندنی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، پرسێكی سه‌ره‌كیی دیكه ده‌بێت له قۆناغی داهاتوودا له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره – به‌غدا -هه‌ولێر. به‌تایبه‌ت دوای بڕیاری دادگەی نێوبژیكاریی نێوده‌وڵه‌تیی پاریس كه له ئه‌نجامیدا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ڕاگیرا، ژینگه‌یه‌ك و قۆناغێكی دیكه دروست بوو كه تیایدا خه‌ریكه دووباره هاوكێشه‌كان سه‌رله‌نوێ داده‌ڕێژرێن. به‌غدا هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕ كردۆتەوه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بنێردرێته بازاڕه‌كانی جیهان له ڕێگه‌ی توركیاوه؛ ئه‌م خاڵەیشی له بوودجه‌ی سێ ساڵی داهاتووی عێراقدا جێگیر كردۆته‌وه. به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌یش ده‌بینین، توركیا نایه‌وێت بكه‌وێته ژێر گوشاره‌كانی عێراق بۆ دووباره ده‌ستپێكردنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان؛ به شێوه‌یه‌ك كه زیانی بۆ ئه‌نقه‌ره و تا ڕادده‌یه‌كیش بۆ هه‌ولێر هه‌بێت. زیاتر له 80 ڕۆژه پرۆسه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان وه‌ستێنراوه، كه به‌هۆیه‌وه ئه‌نقه‌رەیش زیانی به‌رچاوی به‌ركه‌وتووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌نقه‌ره نایه‌وێت به‌ته‌واوه‌تی خۆی ڕاده‌ستی مه‌رجه‌كانی به‌غدا بكات. له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌رچه‌نده ڕاگرتنی پرۆسه‌كه زیانی گه‌یاندۆته هه‌رێمی كوردستانیش، به‌ڵام هه‌ولێر ده‌توانێ ئه‌م ده‌رفه‌ته بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی به‌كار بهێنێت، به‌تایبه‌ت كه تا ئێستا گرفتی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا یه‌كلا نه‌بۆته‌وه. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا و له دوای هه‌ڵبژاردنەوەی ڕه‌جه‌ب تەییب ئه‌ردۆغان وه‌ك سه‌رۆككۆماری توركیا و سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانیی كۆمار له هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی مایسی ڕابردوو، پێویسته هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان چڕ بكرێته‌وه له‌م بواره و به دوای بژارده‌ی تر بگه‌ڕێن له ئه‌گه‌ری پابه‌ندنه‌بوونی به‌غدا به جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی بوودجه. بۆیه به‌شداریكردنی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم، له ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنی ئه‌ردۆغان و دواتر سه‌ردانه فه‌رمییه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نقه‌ره، له‌م ڕووه‌وه زۆر گرنگه، چونكه ساڵانی ڕابردوو به‌داخه‌وه ڕاستییه‌كی تاڵ هه‌یه كه‌وا له كاتێكدا به‌غدا بوودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی بڕی، تاكه ده‌رچه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ تێپه‌ڕاندنی یاخود لانی كه‌م كه‌مكردنەوەی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌غدا، ئه‌نقه‌ره و خاكی توركیا بوو؛ كه له ڕێگه‌وه توانرا نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده بكرێت و ته‌نانه‌ت توركیا چه‌ند جاریش بڕه پاره‌یه‌كی وه‌ك قه‌رز، دایه هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پێ بدرێت.
- توركیا بۆ سه‌پاندنی مه‌رجانی خۆی به‌سه‌ر عێراق، كارتێكی گوشاری دیكه‌ی به‌هێزی له‌به‌رده‌ستدایه، ئه‌ویش بابه‌تی ئاوه. ئێستا جیهان به‌گشتی و عێراق به‌تایبه‌ت ڕووبه‌ڕووی گرفتێكی گه‌وره‌ی كه‌مئاوی بۆته‌وه و، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاوی عێراق به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له توركیاوه سه‌رچاوه ده‌گرێت، بۆیه ده‌بینین ئه‌نقه‌ره ئه‌م بابه‌ته‌ی به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر له دژی عێراق به‌كار هێناوه. ته‌نانه‌ت چه‌ندان به‌نداوی گه‌وره و بچووكی له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ئه‌و ئاوه دروست كردووه كه دێته خاكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان. هیچ گومان له‌سه‌ر ئه‌وه نییه كه‌وا توركیا كارتی ئاوی له دژی عێراق له قۆناغه‌كانی ڕابردوو به‌كار هێناوه و، پێشبینییش ده‌كرێت به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئه‌م كارته له دژی عێراق. كه‌واتە بابه‌تێكی دیكه كه له قۆناغی داهاتوو مشتومڕێكی زۆری له‌سه‌ر ده‌بێت، كێشه‌ی به‌ردانەوەی ئاوه له توركیاوه بۆ خاكی عێراق.
- پرسی ڕێگه‌نه‌دان به به‌كارهێنانی خاكی عێراق له‌لایه‌ن چه‌كدارانی په‌كه‌كه، بابه‌تێكی ستراتیژیی گرنگه كه ئه‌نقه‌ره له‌نزیكه‌وه و زۆر به‌جددی كاری له‌سه‌ر ده‌كات. هه‌ر له وتاری باڵكۆنیشدا ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به درێژه‌دان به ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای توركیای دا له دژی چه‌كدارانی په‌كه‌كه و گرووپه چه‌كداره‌كانی دیكه؛ واتە پرسی دابینكردنی ئاسایشی ناوچه سنوورییه‌كان له ئه‌وله‌وییه‌تی كاره‌كانی پێنج ساڵه‌ی داهاتووی حكوومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌بێت. له‌وانه‌یه عێراق ئه‌م پرسه وه‌ك گوشارێك له دژی توركیا به‌كار بهێنێت و هه‌وڵ بدات بەتایبه‌ت لە به‌رامبه‌ر گرفت و قه‌یرانی كه‌مئاویدا به‌كاری بهێنێت.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ناوچه سنوورییه‌كان كه‌وتۆته ژێر كۆنترۆڵی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه له بابه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه و گرووپه چه‌كداره‌كانی دیكه، ئه‌نقه‌ره پێویستی به یارمه‌تی و هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌ماهه‌نگیی ئه‌نقه‌ره نه‌كات له‌م بارەیه‌وه، زۆر سه‌خته توركیا بتوانێت ئه‌م ئامانجه‌ی بپێكێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه هه‌رێمی كوردستان له‌م ڕووه‌یشه‌وه ده‌توانێت به چه‌ندان شێواز یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفته. بۆ نموونه ده‌كرێ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكوه‌زیران، ناوبژی بكه‌ن بۆ به‌یه‌كگه‌یاندنی به‌رپرسانی حكوومەتی توركیا و لایه‌نه كوردییه‌كان له توركیا؛ چونكه به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان له ساڵانی ڕابردوویش هه‌وڵی ناوبژیكردنیان دابوو و تا ڕادده‌یه‌كی باشیش توانرا لایه‌نه‌كان به‌یه‌ك بگه‌یەنرێن.
سیاسەتی ئەردۆغان لە هەمبەر وڵاتانی عەرەبی و ئێران بەرەو کوێ دەچێت؟
په‌یوه‌ندیی حكوومه‌ته یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی ئاك پارتی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی به درێژاییی بیست ساڵی ڕابردوودا به چه‌ندان قۆناغی جیاوازدا تێ په‌ڕیوه. ته‌نانه‌ت له سه‌ره‌تای گه‌یشتنی ئاك پارتی به ده‌سه‌ڵات له توركیا، ئاك پارتی وه‌كوو مۆدێلێكی حزبی سیاسیی ڕاستڕه‌وی به‌رچاوی لێ هاتبوو له‌نێو وڵاتانی عه‌ره‌بیدا. به‌تایبه‌ت دوای ڕووداوه‌كانی به‌ناو “به‌هاری عه‌ره‌بی” له دوای ساڵی 2011 په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی به‌سه‌ردا هات. هه‌روه‌ها هه‌وڵی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی ساڵی 2016یش په‌یوه‌ندیی توركیای له‌گه‌ڵ هه‌ندێك وڵاتانی عه‌ره‌بی خسته قۆناغێكی زۆر جیاوازتر.
سه‌ره‌تا ڕووداوه‌كانی سووریا له ساڵی 2011 په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شقی گه‌یانده خراپترین ئاستی. په‌یوه‌ندییه‌كانیش به‌م شێوه خراپه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام بوو. به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا ئه‌نقه‌ره به نێوه‌ندگیریی مۆسكۆ، چه‌ندان دیداری گرنگی له‌گه‌ڵ سووریا ئه‌نجام دا. ته‌نانه‌ت ئێستا گۆڕانكاریی جه‌وهه‌ری ڕووی داوه و، ئه‌نقه‌ره گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی، كه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د ببه‌ستێت. ئه‌م پێشهاتانه، به‌تایبه‌ت دوای نزیكبوونه‌وه‌ی وڵاتانی وه‌كوو عه‌ره‌بستانی سعوودی و به‌حرێن و كوێت و میسر له سووریا و ئێران ڕووی داوه و، پێشبینییش ده‌كرێت ئه‌نقه‌ره له ماوه‌ی پێنج ساڵی داهاتوو كار بۆ ئاساییكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سووریا بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ته‌كانیش بێت؛ چونكه له‌وانه‌یه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی دیاریكردنی هاكان فیدان وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، بۆ ئه‌وه بێت كه فیدان وه‌كوو “سه‌رۆكی میتی توركیا” له ساڵانی ڕابردوو چه‌ندان جار له‌گه‌ڵ به‌رپرسه ئه‌منییه‌كانی سووریا كۆ بووەته‌وه و خاوه‌ن ژێرخانێكی باشه له دانانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سووریا. بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت توركیا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆكی وڵاتیش نه‌بێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیره‌كان له‌گه‌ڵ سووریا ئاسایی بكاته‌وه. بێ گومان ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ڕۆژاوا ده‌بێت.
له لایه‌كی دیكه توركیا هه‌وڵی دا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ میسر، چونكه دوای كوده‌تاكه‌ی ساڵی 2013 به‌سه‌ر “موحه‌مه‌د مورسی” له‌لایه‌ن “عه‌بدولفه‌تاح سیسی”یه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و میسر تێك چوو. به‌ڵام له دوو ساڵی ڕابردوودا توركیا كاری جددیی كرد بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ میسر ئاسایی بكاته‌وه. به‌ڵام قاهیره به هه‌مان شێوه خۆی له ئه‌نقه‌ره نزیك نه‌كردەوە؛ تەنانەت تورکیا وەک دەسپێشخەرییەک بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاهیرەدا ئاسایی بکاتەوە، بریاری دا بە دەرکردنی هەندێک سەرکردەی ئیخوان موسلمینی میسری و هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنی سەر بە ئیخوان، کە دوای کودەتاکەی سیسی ڕوویان لە تورکیا کردبو و، لەوێوە چالاکییەکانیان لە دژی میسر بەرێوەدەبرد، وەستاند.
ئێستا دوای هه‌وڵێكی زۆری ئه‌ردۆغان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی توركیا، كارى زۆر كرا بۆ ئاساییكردنەوەی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره – قاهیره؛ لە ئەنجامدا نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك به‌دی كرا و بۆ ئاساییكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو لا، له بنه‌مادا ڕێك كه‌وتن. چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له ماوه‌ی پێنج ساڵی داهاتوو په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره-قاهیره ئاسایی ببێته‌وه؛ چونكه ئه‌ردۆغان، به‌تایبه‌ت له ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست، نایه‌وێت زیاتر گوشاری بخرێته سه‌ر له لایه‌ك و، له لایه‌كی دیكه هه‌وڵ ده‌دات سوود له پێگه‌ی میسر وه‌ربگرێت وەك وڵاتێكى عەرەبیى بەرچاو كە خاوەن قورسايییه‌كی به‌رچاوه له ناوچه‌كه‌دا.
له لایه‌كی ديكە په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا – عه‌ره‌بستانی سعوودی، پێگەيەكى سەرەكیى هەيە لە ستراتيژيیەتى سياسەتى دەرەوەى توركيادا. پەيوەندیى ئەم دوو وڵاتە بە چەند قۆناغێكى جياوازدا تێ پەڕيوە و بەرزى و نزمیى زۆرى بەخۆيەوە بينيوە. بەڵام ئێستا توركيا بەجددى كار بۆ نزيكبوونەوە لە ڕياز دەكات، چونكە گەيشتۆتە ئەم ڕاستيیەی، كە ئەگەر توركيا بيەوێت شوێنى خۆى لە هاوكێشە سياسيیەكان بكاتەوە، ئەوە پێويستە خۆى لە هێزێكى وەك عەرەبستانى سعوودی نزیك بكاتەوە كە لە ڕووى سياسى و ئابووريیەوە خاوەن پێگە و قورسايییەكى بەرچاوە.
دواى قەيرانى كەنداو لە ساڵى 2017 كە لە نێوان قەتەر و وڵاتانى كەنداوى ديكەى وەكوو عەرەبستانى سعوودی، بەحرێن و ئيمارات سەرى هەڵدا، بەهۆى ئەوەى توركيا پشتگيریى لە قەتەر كرد، ئه‌نقه‌ره پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەم سێ وڵاتەى كەنداو تێك چوو. بەڵام لە ساڵى ٢٠٢١ەوە تا ئێستا هەوڵەكان چڕ كرايەوە بۆ ئەوەى پەيوەندييەكانى قەتەر و سێ وڵاتەكەى كەنداو ئاسایی بكرێته‌وه و لە كۆتاييدا پەيوەندييەكانى نێوانيان ئاسايى بووەوە. بێ گومان ئەمەيش كاريگەریى ڕاستەوخۆى هەبوو لەسەر باشبوون و ئاسايیبوونى پەيوەندیيەكانى نێوان توركيا و هەر يەك لە عەرەبستانى سعوودی، بەحرێن و ئيمارات. لەم چوارچێوەيەدا بەهۆى خراپیى بارى ئابووریى ئەنقەرە، چاوەڕوان دەكرێت پەيوەندييەكانى ئەنقەرە و وڵاتانى كەنداو بە شێوەيەكى گشتى باشتر بێت و پەيوەندييەكان فراونتر و قووڵتر بكرێنەوە، به‌تایبه‌ت له بواره‌كانی ئابووری، بازرگانی، وزه، ئاسایش و سیاسی؛ چونكه ئاسۆی ده‌ركه‌وتن و دروستبوونی هاوكێشه‌یه‌كی نوێ هه‌یه له ناوچه‌كه و، توركیاش ده‌یه‌وێت له‌م هاوكێشه نوێیه‌دا شوێنی خۆی بكاته‌وه.
جگه له وڵاتانی عه‌ره‌بی و كه‌نداو، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌رده‌وام زۆر گرنگیی به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران داوه؛ بۆچوونێكی به‌هێزیش هه‌یه له‌نێو سیاسه‌تمداره موحافزكاره‌كانی توركیا له‌باره‌ی نواندنی هه‌ڵوێستێكی ئه‌رێنی به‌رامبه‌ر ئێران، چونكه به بڕوای ئه‌وان ئێران وڵاتێكی موسڵمانه و، پێویسته پاڵپشتیی لێ بكرێت و نابێت دژایه‌تیی بكرێت. به‌ڵام دوای ساڵی 2003 و پاش ڕووداوه‌كانی یه‌مه‌ن و لوبنان و به ده‌ركه‌وتنی ڕۆڵی نه‌رێنیی ئێران و میلیشیا نزیكه‌كانی تاران له ناوچه‌كه، ئه‌نقه‌ره وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ لایه‌نه سوننییه‌كان، سیاسه‌تی خۆی به شێوه‌یه‌ك داڕشت كه ڕاسته‌وخۆ پاڵپشتیی له هێزه سوننه‌كان ده‌كرد له وڵاته جیاجیاكانی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت له عێراق و لیبیا و سووریا. پێشبینی ده‌كرێت له ماوه‌ی پێنج ساڵی داهاتوودا، توركیا په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌رەبی و كه‌نداو بدات و كاری هاوبه‌شی زیاتریان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بدات؛ جگه له‌مه ئه‌نقه‌ره ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی هه‌یه شوێنی خۆی له هاوكێشه نوێیه‌كه‌دا بكاتەوە كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی دروست ببێته‌وه. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووسیا و ئێران و هاوهه‌ڵوێستییان له هه‌ندێك پرسی هه‌رێمی و جیهانی و پشتگیریكردنی یه‌كتریان، بێ گومان كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر دیاریكردنی ئاراسته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره- تاران. به‌گشتی له قۆناغی داهاتوودا له‌وانه‌یه ئه‌ردۆغان زیاتر گرنگی به ئێران بدات و وه‌ك كارتێكی گوشار له دژی ئه‌مریكا به‌كاری بهێنێت.
كۆبه‌ند
ئه‌ردۆغان دوای ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه وه‌ك سه‌رۆككۆماری توركیا هه‌ڵبژێردرایەوە، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به سیاسه‌ته ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانیدا بچێته‌وه؛ چونكه پێشهاته‌كان دەریان خستووە كه‌وا هه‌ندێك له سیاسه‌ته ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی پێشووی ئاك پارتی هه‌ڵه بوونه، بۆیه ده‌بێت به له‌به‌رچاوگرتنی پێشهاته هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی توركیا دووباره دابڕێژرێته‌وه. ئه‌ردۆغانیش له وتاری باڵكۆندا ئاماژه‌ی به خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و گۆڕانكارییانه دا، كە له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌كیدا به‌ته‌مان ئه‌نجامی بده‌ن. به‌پێی كابینه‌ی حكوومه‌تی نوێی توركیا، لایه‌نی ئابووری و دارایی و كێشه‌ی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان و هه‌وڵدان بۆ ڕازیكردنی ده‌نگده‌ری كورد و دوورخستنه‌وه‌یان له هه‌ده‌په و په‌كه‌كه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، گرنگترین ئه‌و بابه‌تانه‌ن كه ئه‌ردۆغان له قۆناغی داهاتوودا كاریان له‌سه‌ر ده‌كات. به‌رامبه‌ر ئه‌مه، ئاساییكردنەوەی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو و عه‌ره‌بی و ئێران، كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سووریا، به شێوه‌یه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌نقه‌ره بپارێزێت، درێژه‌دان به ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی سنووری توركیا، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له ناوچه‌كه و جیهاندا، ڕۆڵوه‌رگرتن له هاوكێشه نوێیه‌كانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، كۆنترۆڵكردنی ڕێره‌و‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و غاز، به‌ستنه‌وه‌ی بازاڕی ڕۆژهه‌ڵات به ئه‌وروپا له ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان “ئاوریشم” و، درێژه‌دان به هه‌ڵوێستی توركیا به‌رامبه‌ر به قه‌یرانی ئۆكراینا، گرنگترینی ئه‌و بابه‌تانه‌ن كه له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كی، له ماوه‌ی پێنج ساڵی داهاتوودا توركیا كاریان له‌سه‌ر ده‌كات.
[1]. وتاری باڵكۆن ئه‌و وتارانه‌یه كه ئه‌ردۆغان دوای سه‌ركه‌وتنی حزبه‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كان، پێشكه‌شی ده‌كات. ئه‌م جۆره وتارانه له‌سه‌ر ئاستی جیهان باوه كه دوای سه‌ركه‌وتن پێشكه‌ش ده‌كڕێن و، بۆ یه‌كه‌م جار له توركیا له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2007 له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه پێشكه‌ش كرا. بۆ بینینی وتاری بالكۆن كه له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه له دوای سه‌ركه‌وتنی له خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی پێشكه‌شی كرد، سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://www.youtube.com/watch?v=YflVfjgoalY، ریكه‌وتی سه‌ردان: (15/06/2023).
[2]. بۆ گه‌یشتن به ته‌واوی لێدوانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان به زمانی توركی، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://www.youtube.com/watch?v=2EyNXYiR_aE ، رێكه‌وتی سه‌ردان: (17/06/2023).
[3]. بۆ زانیاریی زیاتر ده‌رباره‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی كه ئه‌ركان تیایدا كاری كردووه، سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی بانكی ناوه‌ندیی توركیا بكه‌ن له رێگه‌ی ئه‌م لینكه‌وه: https://www.tcmb.gov.tr/wps/wcm/connect/tr/tcmb+tr/main+page+site+area/yonetim+cv/dr+hafize+gaye+erkan ، رێكه‌وتی سه‌ردان: (17/06/2023).
[4]. بۆ گه‌یشتن به ژماره‌ی فه‌رمیی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان له توركیا، ده‌توانن له‌م لینكه‌وه سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی به‌رێوه‌بردنی كۆچ بكه‌ن: https://www.goc.gov.tr/gecici-korumamiz-altindaki-suriyeliler ، ریكه‌وتی سه‌ردان: (15/6/2023).
[5]. بۆ بینینی رێژه‌ی هه‌ڵاوسان به شێوه‌یه‌كی ورد، ده‌توانن له رێگه‌ی ئه‌م لینكه‌وه سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تیی ستراتیژی و بوودجه‌ی سه‌ر به سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا بكه‌ن: https://www.sbb.gov.tr/2023-yili-mayis-ayi-tuketici-ve-uretici-fiyat-gelismeleri/#:~:text=2023%20y%C4%B1l%C4%B1%20May%C4%B1s%20ay%C4%B1nda%20T%C3%9CFE,y%C3%BCzde%2039%2C59%20d%C3%BCzeyinde%20ger%C3%A7ekle%C5%9Fmi%C5%9Ftir. ، رێكه‌وتی سه‌ردان: (15/06/2023).