پێنووس

کاریگەریی ئازادیی زانیاری و شەفافییەت لەسەر کاراییی سیاسەتی پەرەسەندن

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران
پوختە
ئەم نووسینە بە پشتبەستن بە “پاڕادایمی حوکمڕانیی باش” بە ئاراستەی پەرەسەندنخوازی لە چوارچێوەی دیموکراسیدا، بە میتۆدی وەسف و شیکردنەوە، بە دیدێکی ئاسایش-تەوەر و پاتۆلۆژییانە، گرنگیی شەفافییەتی زانیاری، بە ڕەچاوکردنی زانست و یاسا، لە هەرێمی کوردستاندا تاوتوێ دەکات. هەروەها لە ڕووی کۆمەڵناسیی مێژوویییەوە، سەرنجی داوەتە بەستێن و ڕیشەکانی لاوازبوونی زانیاری لەناو کۆمەڵگەی کوردەواری و کەلتووری سیاسیی حکوومەت. لە ئاکامدا، جگە لە ڕوونکردنەوەی سنوورەکانی شەفافییەت، گەیشتۆتە ئەو دەرەنجامەی کە ئازادیی زانیاری و شەفافییەت، دەتوانێ شێوازی وەڵامگۆیی لە دۆخی نەریتی بۆ شێوازێکی نیزاممەند (سیستەماتیك) بە شێوەیەکی دوولایەنە بگۆڕێت و دواجار حوکمڕانییەکی باش لەسەر بنەمای متمانە و بەشداریساز دەبێت و، ڕێگەی پەرەسەندنیش هەموارتر دەبێت.
پێشەکی
لە جیهانی پڕ لە ڕکەبەرایەتیی ئەمڕۆدا، شەفافییەت بە مانای ڕێڕەوی ئازادانەی زانیاری و دەسگەیشتن بە هەواڵ و زانیاری و بەڵگەکان لە نێوان هاوبەرژەوەنداندا، بەبێ ئەوەی سنووری ئاسایشی نەتەوەیی تووشی گرێ بکات، بە شێوەیەکی یاسایی، سنووردار، ستاندەر و پێویست، کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر حوکمڕانیی باش (Good Governance) و پەرەسەندن دەبێت؛ بە جۆرێک کە یەکێک لە پڕەنسیپەکانی حوکمڕانییەکی باش و دەوڵەتداری (حكوومەت)ێكی پەسەند (Good Government)، هەبوونی شەفافییەت و حکوومەتێکی شووشەیی و ڕوونە کە دەبێتە بەستێنێکی لەبار بۆ گەشە و نمووی متمانە، بەشدارییەکی چالاکانە لە وارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، سازبوونی کەلتووری دیموکراسی، زەمینەیەکی هەموار بۆ چاکسازی، داکشاندنی ئاستی گەندەڵی، ڕاستکردنەوەی بەڕێوەبردنی هەڵە و پێشبینیی داهاتوو و دەرکردنی بڕیاری باش. لەو کەشەدا، بەپێی پێناسەی “فلۆرینی”، شەفافییەتی زانیاری، ئاستی وەڵامگۆییش بەرزتر دەکاتەوە. (Florini, 2002) بەم جۆرە ڕەوایەتیدان بە حکوومەت هەڵدەکشێ؛ “ئیمانوێل کانت” گوتەنی، شەفافییەت، وەک مافی خەڵک، شەرعییەت (ڕەوایەتی) دەداتە دەسەڵات.
هەرێمی کوردستان یەکێک لەو شوێنانەیە کە جگە لە حکوومەتەکەی، هەم خەڵک و هەم ئۆپۆزیسیۆنەکەی، کێشەی لێڵبوونی زانیاری و شەفافییەتیان هەیە؛ کە ئەمەیش بۆتە هۆی ئەوەی پەرەسەندن، لە ئاوێنەی حوکمڕانییەکی باش، بەدرەنگەوە دروست بێت. لەو ڕوانگەیەوە، وێڕای گەڕان بە دوای ڕیشەکانی نەبوونی زانیاری و شەفافییەت و میکانیزمی چارەسەرییەکەی، پرسیاری سەرەکیی ئەم نووسینە ئەوەیە کە، کاریگەریی شەفافییەت و ئازادیی زانیاری لەسەر ڕەوتی پەرەسەندن چییە؟ لە وەڵامێکی پێشینەیی و گریمانەییدا، پێ دەچێ ڕیشەی نەبوونی شەفافییەت بۆ کەلتووری کۆمەڵایەتی بگەڕێتەوە و، دواجار ئەم کەلتوورە بۆتە کەلتووری سیاسی و لە داهاتوودا کێشەی بۆ ڕەوتی پەرەسەندن دەنێتەوە. بەڵام ئەگەر ئەو کێشەیە بە شێوەیەکی پراکسیسی (بە فەڕەنسی: Praxis) چارە بکرێت، شەفافییەت و ئازادیی زانیاری، بە گوێرەی یاسا، وەک پڕەنسیپی حوکمڕانیی باش، ئاستی وەڵامگۆیی بەرز دەکەنەوە و لەو جۆرە زەوییەدا تۆوی متمانە و بەشدارییەکی چالاکانە دەتوانێ سەرمایەی کۆمەڵایەتی بڕوێنێ و دواجار داری پەرەسەندن بەر و سێبەر دەدات.
ناسینی پرس
بە شێوەیەکی گشتی، لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا زانیارییەکان ناڕاستن و ڕوانگەكانیش زیاتر ئەمنییەتین. تەنانەت کاتێک دەتەوێ توێژینەوەیەکی زانستییانە بە مەبەستی خزمەتکردن بە وڵاتەکە بکەی، بۆ داتایەکی ڕاست و دروست سەرگەردان و دەستەوەستان دەمێنییەوە. ڕاستییەکەی، کێشەی نەبوونی زانیاری و کزبوونی چرای شەفافییەت، زیاتر لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا هەیە. لەم جۆرە وڵاتانە، ناڕوونی و تاریکاییی زانیاری، تەنیا لەلایەن حکوومەت نییە، بەڵکوو حکوومەتیش بەئاسانی ناتوانێ ئامار و زانیارییەکی ورد و باوەڕپێکراو، بە مەبەستی ڕووپێوێکی گشتی و دانانی بەرنامەڕێژییەکی ورد و هەمەڕەهەند، لەناو کۆمەڵگەکەی خۆی وەربگرێت؛ ئەمەیش ڕیشەی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی هەیە کە تەشەنەی کردۆتە ناو سیاسەت و، دواجار گرێی بۆ ڕەوتی تێگەیشتن لە پەرەسەندنیش دروست کردووە.
کاتێک حکوومەت نەتوانێ ئاماری ورد و ڕاست بخاتە ڕوو و زانیاری و داتاکانی دیار و ڕوون نەبن، توێژەر ناتوانێ پۆتانسیەڵ و توانا شاراوەكانی وڵاتەکەی بەباشی بناسێت و گۆشە و خاڵە هەڕەشەدارەکانی لێ دیار نابن؛ بۆیە ناتوانێ لەسەر بنەمای داتا و ئاماری نادروست، بیرۆکەیەک بۆ پێشکەوتن بخاتە ڕوو. لە پەراوێزیشدا، کاتێک خەڵک حکوومەت بە هی خۆیان نەزانن، کەلتووری هاوکاریکردنی حکوومەتیان لاواز دەبێت؛ بۆیە سیاسەتدانەران بەرچاویان ڕوون نابێت. لەم دۆخەدا نەک هەر زانیارییەکان ڕوون نابن، بەڵکوو حکوومەت-نەتەوە [دەوڵەت-نەتەوە] لەناو ئەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا بە درەنگەوە دروست دەبێت، چونکە لە دەرەوەی لێکدانەوەی لیبڕاڵی و سۆسیالیستی، ژان ژاک ڕۆسۆ گوتەنی، “لەو جۆرە کۆمەڵگە ناسەرکەوتووانە هاووڵاتیان بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان لە بەرژەوەندیی گشتی بە گرنگتر دەزانن.” هەروەها ئەم جۆرە کەلتوورە کۆمەڵایەتی و کەلتوورە سیاسییە لە جیهانی پڕ ڕکەبەرایەتیی ئەمڕۆدا، بەبێ زانیاری و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاری، خێراڕەو و براوە نابێت و لە پێشبڕکێ لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو و ڕکەبەر بەجێ دەمێنێت. ئەم کەلتوورە نەرێنییە هۆکارێکە بۆ ئەوەی توێژەرانی بیانی و ناخۆماڵی، ئەگەرچی چوارچێوەی زانستییان بەهێزە و لە مەیدانی بەرینی جیهانیدا بیر دەکەنەوە، لەو جۆرە وڵاتانەدا نەتوانن سیاسەتێکی واقعی بۆ وڵاتەکە دابڕێژن، چونکە لەوانەیە ئەوانیش بە شێوەی ناوچەیی کار نەکەن. لە چەندان نموونەدا، زۆر جار ئەوە بینراوە و بیسراوە کە ڕاوێژکارانی دەرەکی، پرۆتاگۆراس-ئاسا (Protagoras)، واتە بە پارەیەکی زۆر وانەیان داوە و توێژینەوەیەکیشیان بۆ حکوومەتێکی پەرەنەسەندوو کردووە، کەچی ئەم توێژینەوەیە لە مەیدانی کار و کرداردا توانای پیادەکردنی نییە و زیاتر لەناو خانەی بلۆقی خەیاڵ لە هەوادا دەمێنێتەوە. بەشێک لە توێژەرانی خۆماڵییش، ئەگەر بە نوخبەی ڕاستەقینەیش بێنە هەژمار، ئەوانیش کێشەیەکیان هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر زانیارییەکان بەباشیش بێننە ناو سندووقی لێکۆڵینەوەی خۆیان، بەڵام هەر لەسەرەتادا بەهۆی نەبوونی زانیاریی پێویست، هەروەها تەتڵەنەکردنی زانیاریی ڕاست و لاواز لە یەکتری، لاڕێ دەبن و دەرچوو یاخود دەردراو (output)ی کارەکەیان لەنگ دەبێت.
شەفافییەت وەک پردی شووشەییی پەرەسەندن
لەم سەردەمەدا وڵاتانی خاوەن هەژموون و ئەزموونی پەرەسەندوو، وەک ئەمریکا، ناوەندی مەزنی زانیاریی وڵاتەکەیان، لە ڕێگەی ئینترنێتەوە، بردۆتە ناو هەموو زانکۆ و توێژگە و ماڵ و گیرفانێک. لە ڕوانگەی ئەو وڵاتانە، مافی زانیاری، پەیوەندیی بە لیبرالیزمەوە هەیە کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئابووریی سەرمایەداری. لە ڕووی گەشەسەندنی ئابوورییەوە، لە وڵاتێکدا تا زانیارییەکان شەفافتر و ڕوونتر بن، مەیدانی متمانە و بەشدارییەکی چالاکانە بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکی، پتر دەبێت. لە دیدی ئامارتیا سێن، بیرمەندی بەنگلادیشی، پەرەسەندن پەیوەندیی بە ئازادییەوە هەیە. (آمارتیا سن، 1396) کاتێک ئازادیی توێژینەوە و ئازادیی بیرۆکراسی، سیستەماتیک بکرێت و توێژەر لەناو مەیدانێکی بەرینی زانیاریدا کار بکات، دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەرێنی دەبن و لە مەیدانی واقعیشدا ئەو جۆرە لێکۆڵینەوە زانیاری-تەوەرە توانای پراکتیزە و پیادەکردنی دەبێت.
ئەگەر ئاوڕێک لە نموونەکانی ڕابردوو بدەینەوە، دەبینین کە کاریگەری و گرنگیی شەفافییەتی زانیاری لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانگەلێکی دارایی لەناو کۆمپانیا ئابوورییەکان پتر وەدەر کەوتووە. واتە، لە کەشێکی ڕوون و ئازاددا، مافی کۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەرمایەدانەر مسۆگەرتر دەبێت. بە واتایەکی ڕاشکاو، ڕوون و ڕەوانبوونی زانیارییەکان خزمەت بە گەشەی ئابووریی وڵات دەکات (Brown, Martinsson, 2014). بەڵام بەپێچەوانەوە، لەناو وڵاتە پێشنەکەوتووەکاندا، جگە لەوەی ناڕوونیی زانیارییەکان و سنوورداربوونی داتای پێویست پێش بە دروستبوونی حوکمڕانیی باش دەگرێت، قەیرانیشی بەدواوە دەبێت. هەروەها لەناو کۆمەڵگە پەرەنەسەندووەکاندا نەبوونی شەفافییەتی پێویست و زانیاریی کەم و هەڵە، بەتایبەتی لە کاتی ڕیسکدا، دەبێتە بەربەست لە بەردەم بەڕێوەبردنی قەیران و پڕۆسەی پەرەسەندن.
ئەگەر جاران لەناو کەشی کۆلۆنیالیزمدا وڵاتانی جیهان دابەشی دوو جۆری وەک “وڵاتانی ناوەند” و “وڵاتانی پەراوێز” دەکرا و “تیۆریی گرێدراوێتیی وڵاتانی دواکەوتوو بە وڵاتانی پێشکەوتوو” لەسەر زاران بوو، بە گوێرەی گوتەی ئەم تیۆریسیەنانە، وڵاتانی دواکەوتوو بوونەتە سەرچاوەی هەناردەکردنی ماددەی خاو بۆ وڵاتانی پیشەسازیی پەرەخواز، ئێستا دەتوانین بڵێین “گرێدراوێتیی دوولایەنە” زەقتر بۆتەوە و ڕێگەی پەرەسەندنی وڵاتانی پەرەنەسەندوو بە دەرگە و ڕێڕەوی ئەزموونی وڵاتانی پەرەسەندوودا دەڕوات. لەو بارەیەوە نموونەی وڵاتانی وەک کۆریا و ژاپۆن و تایوان، کە بە پشتیوانیی ئەمریکا لە جغزی وڵاتانی پەرەنەسەندوو دەرچوون، بەڵگەی جێی باس و سەرنجن. واتە، ئێستا وڵاتانی پەرەنەسەندوو دەتوانن جگە لە ئەزموونی چۆنێتیی پەرەسەندنی وڵاتانی پێشکەوتوو، سوود لە تەکنەلۆژیای وڵاتانی پەرەسەندوو وەربگرن. بۆ نموونە لە جیهانی گلۆبالیزەبووی ئەمڕۆدا وڵاتانی لە حاڵی پەرەسەندن دەتوانن، بەتەمای تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی بەرنامەی ئەلیکترۆنیی تایبەت، خۆیان لە سەکۆی پێشکەوتن نزیکتر بکەنەوە. لەو بارەوە دەتوانین نموونە بە وڵاتانی وەک ئیماڕات و سعوودیا بێنینەوە کە بەدرەنگەوە بۆیان دەرکەوت کە نابێ تەنیا بە هەناردەکردنی ماددەی خاو و هاوردەکردنی هێزی مرۆیی و سەرمایەی مرۆییی وڵاتانی پێشکەوتوو، بینای شووشەیی دروست بکەن؛ بەڵکوو گەیشتوونەتە ئەو بڕوا دروستەی کە پێویستە بە ڕێچکەی مالیزیادا بڕۆن و جگە لە گرنگیدان بە پەرەسەندنی فەرهەنگ، کەڵک لە تەکنەلۆژیای نوێ وەربگرن و دەوڵەتی ئەلیکترۆنی دابمەزرێنن.
ئەمڕۆکە، تەکنەلۆژیا و تۆڕە پەیوەندییەکانی گۆڕینەوەی زانیاری بە ئاراستەی پەرەسەندنی ئابووری، جۆرێک لە ئابووریی پشتبەستوو بە زانیاری، واتە “ئابووری دیجیتاڵ”یان، دروست کردووە. بەتایبەتی لە دەیەی 1990 بەو لاوە ستراکچەری ئابووریی جیهانی، کەوتە ژێر کاریگەریی گڵۆبالیزەیشن و شۆڕشی زانیاری. (Pohjola, 2002) بەڵام وڵاتانی پەرەنەسەندوو نەک هەر لەوە بێئاگان کە شۆڕشێکی مەزنی وەک شۆڕشی نەرمی “هۆشی دەسکرد” (Artificial Intelligence) وێڕای کێشە و قەیرانەکانی، لە خزمەتکردن بە مرۆڤایەتیدا بە خێرایییەکی پەڕجووئاسا کار دەکات و وەک گۆڕانێکی مەزن مرۆڤ و مێژوو دەباتە ناو قۆناغێکی دیکە؛ تەنانەت کۆمپیۆتەر و ئینترنێت لەو ماوە زۆرەی کە هاتوونەتە بەردەستی وڵاتانی پەرەنەسەندوو، بۆ پەرەدان بە زانست و دانانی سیستەمی بانکی و خۆشگوزەرانیی خەڵک بەکار نایەت. لەم جۆرە کۆمەڵگەیانە شۆڕشێکی وەک هۆشی دەسکردیش، لە جیاتی هەموارکردنی ڕێگەی پەرەسەندنی خێرا و گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردن، ڕەنگە قەیرانی ئابووری و دەردی کۆمەڵایەتیی پێوە بێت. بە واتایەک ئەم جۆرە تەکنەلۆژییانە بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو دەبنە هۆی پێشکەوتنی زیاتر و بۆ وڵاتانی دواکەوتوو تا ماوەیەک دەبنە قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، زانستی و تەنانەت کێشەی ئەمنی و سەربازییشی پێوەیە.
لاوازبوونی زانیاری و تۆڕی پەیوەندی لە هەرێمی کوردستان
خێراییی پەرەسەندنی هەندێک وڵات، ڕیشەی لە نۆڕمە فەرهەنگییەکانی ئەو وڵاتەدایە. بۆ نموونە، کارکردنی تیمی و هاوکاریی گرووپی و گرنگبوونی شتی گشتی لای ژاپۆنییەکان نۆڕمێکی نەریتیی کۆنە کە خێراییی داوەتە مەکینەی پەرەسەندنی دەروونی (Endogenous Development) لەو وڵاتەدا. بەڵام بەپێچەوانەوە، جگە لەوەی لە وڵاتانی پەرەنەسەندوو نۆڕم و نەریتەکان وەک پێویست یارمەتیدەری پەرەسەندن نین، تایبەتمەندییەکی وڵاتانی لە حاڵی پەرەسەندن یان وڵاتانی پەرەنەسەندوو، وێڕای کزبوونی زانست و نەریتی نەرێنی، ئەوەیە کە بەڕواڵەت جۆرە مۆدیرنیزمێکیان هاوردە کردووە و هاوتەریبی ئەو مۆدێرنیزمە دەوڵەتییە، کۆمەڵگەیەکی نەریتی و خاڵی لە فەرهەنگی مۆدێرنیتە، واتە، بەبێ ستراکچەی زەینی مۆدێرن، هەیە کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکییان پێکەوە نییە. لەو جۆرە کۆمەڵگەیەدا ئابوورییەکی نەریتی باوە؛ بە جۆرێک کە ئابووری و بەرهەمهێنان بەپێی نیازە کەسییەکانن. بە واتایەک، لەو وڵاتانەدا گرنگی بە ئابووریی نەتەوەیی نادرێت و تەنانەت ناسیۆنالیزم لە جیاتی ئەوەی ببێتە باوەڕێکی مەدەنی و گشتی و ماقووڵ، لە چواردیوارەی پرسێکی سیاسیدا تەسک کراوەتەوە. لەو جۆرە کۆمەڵگە دژبەرەدا ئابووری لەسەر بنەمای زانیاری بەسەختی دروست دەبێت و ڕەنگە هۆکاری ئەمنییش ڕۆڵی ژێرزەمینیی خۆی هەبێت. لەو جۆرە وڵاتانەدا، ئەگەر گەشەی ئابوورییش (Economic Growth) دروست بێت، ڕێگەی پەرەسەندن (Development) هەورازێکی ڕک دەبێت. هۆکارەکانی ئەو کێشەیە بۆ چەند شتێک دەگەڕێتەوە، کە یەکێکیان لاوازبوونی سیستەمی ئابوورییە؛ ئەوەی دیکە ڕیشەی بۆ ستراکچەری فەرهەنگیی وڵاتانی پەرەنەسەندوو دەگەڕێتەوە. یەکێک لەو کۆمەڵگە دژبەرانە “کۆمەڵگەی کوردی”یە لە هەرێمی کوردستان کە پێی هەر لەناو تەڵە و داوی کەلتووری پێش مۆدێرندا ماوەتەوە.
کۆمەڵگەی کوردی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک زۆر شوێنی پەرەنەسەندووی ناوچەکە، کێشەی زانست و گرفتی نەبوونی سیستەمی هەیە. ئەگەر لە ڕووی کەلتووری مێژوویی – کۆمەڵایەتییەوە سەیری هەڵسوکەوتی دەروونیی تاکی کورد بکەین، دەبینین لە ڕووی زانیاریپێدان وەک پێویست یارمەتیی حکوومەتەکەی خۆی نادات. هەروەها لە ڕووی کەلتووری سیاسیی حکوومەتیش، کە ڕیشەی لەناو کەلتوورە دەروونییەکەی کوردەواریدایە، دەبینین وەڵامگۆیی و شەفافییەت هێشتا سیستەماتیک نەبووە، بەڵکوو تەنیا لە قاڵبی ئەخلاقدا، لە ئاستی چەند سیاسەتمەدارێکی بەڕەوشتدا، ماوەتەوە. هەروەها ئامار و زانیارییە کەمەکانیش وەک پێویست یارمەتیی لێکۆڵەر و بیرمەندان نادەن. ئەو کەمە ئامار و زانیارییە لارەی کە هەیە، جگە لەوەی ناکرێ بۆ توێژینەوەیەکی ئاکادیمی پشتی پێ ببەسترێت، تەنانەت لە ڕووی میتۆدییشەوە تێراو و شێوازمەند نییە، بەڵکوو لە لڤڵێکی خوارتر و بەربڵاودا زیاتر لە کارێکی سادە و ناقووڵ دەچێت نەک کارێکی پۆلێنبەندکراو و میتۆدۆلۆژیکی پشتبەستوو بە زانست و توێژینەوەیەکی سیستەماتیک و فرەڕەهەند. کەواتە ئەم جۆرە زانیاری و داتایانە کە دەبنە دەرگەی چوونەژوورەوەی (input) سووڕی سیاسەتدانانی گشتی (Policy making)، ناتوانن لە دەرگەی هاتنەدەر یاخود دەرچووندا (output) بکرێنە سیاسەت و بەرنامەی پشتپێبەستراو و دڵنیاكەرەوە. ئەمە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە هەر سیاسەتێک لەو کۆڵانە تاریکانە دادەنرێت، دوای ماوەیەکی کورت، کوێرانە سەر لە دیواری بنبەست دەدات و دواتر سەرلەنوێ سیاسەتێکی دیکەی چاکسازیی بۆ دادەنرێت و ئەم جارە تەنیا بیر لەو هەڵانە دەکرێتەوە کە سیاسەتە بێبنەماکەی پێشوو لە ڕێڕەوی پیادەکردندا تووشی بووە؛ دواجار سیاسەتە نوێیەکەیش، وێڕای تێچووی ماددی و مەعنەوی، ئامانجئەنگێوە نابێت. ئەم جۆرە سیاسەتداڕشتنە تەنانەت بۆ ئەوە نابێ پێی بڵێین سیاسەتی ئەزموون و هەوڵ و هەڵە، چونکە لە بناواندا ڕیشەدۆزیی بۆ کێشەکە نەکردووە و گرفتەکە بەباشی نەناسراوە و زانیاریی لەبارەوە کەمە.
لە بەرەیەکی دیکەدا، ئەو داوایەی کە لەبارەی ئازادیی زانیاری و هەبوونی شەفافییەت لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن و ڕکەبەرانی دەسەڵات دەکرێت، زیاتر شەپۆلدروستکردنێکی پۆپۆلیستییە و ئەو شەپۆلسازییەیش ناچێتە قاڵبی ئۆپۆزیسیۆنێکی ساغ و پشتبەستوو بە زانستەوە، چونکە هێشتا ئەوانیش دان بەوە نانێن کە چ شتێک نابێ ئاشکرا و دیار بێت و چ شتێکیش دەبێ شەفاف و ڕوون بێت. بۆ نموونە بەبێ تێگەیشتن لە دۆخی سیاسی و ئاسایشیی کوردستان و بەبێ ئەوەی “سایلێنت دیپلۆماسی” بەهەند دابنێن، بە دیدێکی ناڕووناکبین و کەممەودابین، دەیانەوێ هەموو گرێبەستە نەفتییەکان بێنە سەر مۆنیتۆری تەلەڤزیۆنەکان و دانیشتنی ئاشکرای پەرلەمان. لە کاتێکدا ئەگەر سەرنج بدەینە زانکۆ پێشکەوتووەکانی وەڵاتانی پەرەسەندوو، دەبینین تەنانەت زانیاری لەبارەی هەموو زانستێک نادرێتە هەموو مامۆستا و قوتابییەکی هەمان زانکۆ. (کوردنەژاد، 2023) ڕاستییەکەی، ڤایرۆسی کۆڤید 19، دەبوو بووبا وانەیەک بۆ ئەم گوتەیە. بەو پێیەی کە ڤایرۆس مەیدانێکی بەرینی هەیە و جگە لە واری پزیشکی لە چەندان زانستی دیکەی وەک مێژوو، فەلەکناسی و کیمیا بەکار دێت، پتر لێکۆلینەوەی لەسەر دەکرێت؛ بە جۆرێک کە بەشێکی ئەو لێکۆڵینەوانە ئاشکرا نین و تەنانەت ئەگەر هەڵەی مرۆییشی لێ بکەوێتەوە، لەوانەیە پەردەپۆش بکرێت. لێرەدا دەردەکەوێ کە نە ڕکەبەرانی حکوومەت، کە جاڕ و کەڕەنای شەفافییەت لێ دەدەن، لە پڕەنسیپی شەفافییەت لەناو پاڕادایمی حوکمڕانیی پەسەند تێ گەییشتوون، نە حکوومەتیش توانیویەتی شەفافییەت و وەڵامگۆیی بکاتە سیستەم و، توێژگەی پەرەسەندن لەسەر بنەمای ناسین و زانیارییەکی ورد و دروست دابمەزرێنێت. هەروەها خەڵکیش کەلتووری “چەندکەسایەتییبوون”یان هەر ماوە، بە جۆرێک، تەنانەت ئاماری منداڵان و مردووانیان دەشارنەوە. لەو بارەیەوە، ئالوین تافلەر دەڵێ، لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە بزنفرۆشتنەوە تا دەگاتە سیاسەت، هەموو شتێک نهێنییە. (تافلر، 1402)
لەم وڵاتانەدا ئەوە نییە کە بەهرەی خاوەندارانیش پەیوەندیی بە شەفافییەت و گەیاندنی زانیاریی دوولایەنەوە هەبێت، بەڵکوو لە کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتیدا زانیاری و وەڵامگۆیی یەکلایەنەیە و، هەموو شتێک لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدایە. لە زۆر وڵاتی نامۆدێرندا، بەتایبەتی لە سەردەمی کۆندا، هەبوونی زانیاری مافی هاووڵاتیان نەبوو. بۆ نموونە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەتایبەتی لە ئابووریی کشتوکاڵدا، بۆ دابەشینی بەرهەم دەودوو هەبووە، بەڵام شەقڵی تایبەتی (مۆر) لە لای ئاغا بوو و خاوەندار مافی ئەوەی هەبوو بزانێت کە جووتیار چەندی هەیە. تەنانەت لە نیوەکاریشدا زەوی و کەڵ و تۆو هی ئاغا بوو و داچاندن و دروێنە بۆ وەرزێر. لە ئاژەڵدارییشدا، ئاغا دەبوو بزانێ مەختە و مەڕ لە چ دۆخێکدایە و بەپێی زانیارییەکانی ئاغا ساڵانە مەڕ و خوری لە مەڕدار وەردەگیرا؛ بۆیە زۆر جار خاوەن مەڕ هەوڵی ئەوەی دەدا هیچ شتێکی ئاشکرا نەبێت. (قادری، 2023) لەم دۆخەدا وەڵامگۆیی شتێکی یەکلایەنەیە؛ واتە تەنیا دەسەڵاتدار و خاوەندار مافی زانین و زانیاریی هەیە و مەڕدار و جووتیاریش، دەبێ لە بەرامبەریدا وەڵامگۆ بن. ئەمە هەموو ڕیشەی لەناو چینایەتیی کۆمەڵگەی کوردەواریدایە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئابوورییەوە هەیە. ئایدیۆلۆژیستە “ماویست”ەکانیش بە نیگایەکی تاکەڕەهەندی تەنیا ساز و سۆزیان بۆ مافی پاڵە و جووتیار هەبوو و بە نیگایەکی کۆمەڵناسیی مێژوویی، ئەم بابەتەیان لە کوردستان تاوتوێ نەکرد. ئەم کەلتوورە کوردەوارییە ئێستا لە سەردەمی گۆڕینی دێموگرافی و شارنشینیشدا خزیوەتە ناو کەلتووری سیاسی، بۆیە شەفافییەت لە دیدی پۆزیسیۆن و، ئۆپۆزیسیۆن لەسەر بنەمای زانیارییەکی ستاندەر و یاسامەند نییە، بۆیە وەڵامگۆییش بۆتە وەڵامگۆیییەکی یەکلایەنە. واتە هاووڵاتی لە بەرامبەر دەسەڵاتدا وەڵامگۆیە، بەڵام حکوومەت خۆی بە باوک دەزانێ و لە بەرامبەر هاووڵاتیاندا سیستەمی وەڵامگۆییی دانەمەزراندووە؛ لەو دۆخەدا تەنانەت حوکمڕان لە بەرامبەر پەرلەمان وەڵامدەر نابێت، لە کاتێکدا “حکوومەت شەرعییەت لە پەرلەمان وەردەگرێت”. (کوردنەژاد، 2022) هەروەها لە وڵاتانی پەرەنەسەندوو، زانیاری و ئامار زیاتر دەچێتە خانەی ئەمنی و تەنیا هێزە ئەمنییەکان گرنگی بە ئامار و زانیاری دەدەن. بەو حاڵەیش ئامارەکان زۆر ورد نین و لە ڕووی زانستییشەوە، کوالێتیی شیکاری زانیاری و ئامار، ئەوەندە زۆر و ڕاست نین تاکوو بتوانرێ سیاسەتێکی کۆک و ئاکامداریان لێ بەرهەم بێت. تەنانەت ئەگەر پسپۆڕانی ئامار و دێموگرافی لە وڵاتانی پێشکەوتوو بێنە ناو ئەو وڵاتە پەرەنەسەندووانە، لەبەر ئەوەی لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە ژێر پێستی کۆمەڵگە و کۆمەڵەی ئامانج ناناسن، توێژینەوەکەیان دەبێتە توێژینەوەیەکی تاکڕەهەندی و هەڵە؛ بە جۆرێک ئەگەر سیاسەت لەسەر بنەمای ئەو توێژینەوانە دابڕێژرێن، لە پیادەکردندا تووشی گرێ دەبن.
دەرەنجام
بەپێی ڕەگی کەلتووری دەروونی و نەریتیی کۆمەڵگە پەرەنەسەندووەکان، زانیاری و وەڵامگۆیی بە شێوەیەکی یەکلایەنە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدایە. لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا کەلتووری سیاسی لەسەر بنەمای ئەو کەلتوورە نەریتییە هەڵچنراوە، کە بۆتە هۆی ئەوەی حوکمڕانیی باش لەسەر پێچکە و پایەی شەفافییەت و وەڵامگۆیی ساز نەبێت. هەروەها لاوازبوونی زانست بۆتە هۆی ئەوەی وڵاتانی پەرەنەسەندوو نەتوانن سوود لە تەکنەلۆژیای نوێ وەربگرن. کۆی ئەم خەسارانە بوونەتە هۆی ئەوەی ڕەوتی پەرەسەندن تەنیا لەناو بژاردە هزرییەکاندا وەک تیۆر و دەق، تەنیا لە گۆشەیەکی پەراوێزخراودا، بمێنێتەوە.
بەپێی ناسینی ئەو گرفت و گرێیانە، سێ هێڵی سەرەکی بۆ پەرەسەندن گرنگن کە بریتین لە: 1) زانست، 2) هەماهەنگیی نێوان بژاردەکان و 3) جێبەجێکردن. ئەم سێ دێراوە، دەبێ بە زانیاری، شەفافییەت و سیستەمی وەڵامگۆیی تێراو بکرێن و بەرەو جۆگەلەی حوکمڕانیی باش و ڕووباری پەرەسەندندا بڕۆن. زانیارییەکان بریتین لە دەسەڵاتی چوارەم، وەک پایەیەکی دیموکراسی و ئازادیی زانیاری، شەفافییەتیش بەپێی یاسا دادەنرێت، هەروەها سیستەمی وەڵامگۆیی کە بە گوێگرتن لە ڕای گشتی و تێگەیشتن لە نیازە گشتییەکان لە هەمبەر خۆشگوزەرانیی خەڵکدا دێتە دی. لەم قۆناغەدا، ڕەنگە پڕۆسەی پەرەسەندن لە ڕوانگەی پاڕادایمی حوکمڕانیی باش و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و زانستی ڕۆژ و هاتنەمەیدانی بژاردەی شایستە و نیشتمانپەروەریی پشتبەستوو بە زانست، بتوانێت تا ڕاددەیەک چارەی ئەم کێشەیە بکات. لەو بارەوە هەندێک دەرمانی چارەسەری تریش هەن. بۆ نموونە:
– پێویستە یاسای مافی زانیاری بەتۆکمەیی و ڕەچاوکردنی ئاسایشی نەتەوەیی دابنرێت و خەڵکیش لە ماف و یاسای پەیوەندیدار بە خۆیان ئاگادار بن.
– پێویستە توێژەران و خەڵکی ئاسایی بە سوودوەرگرتن لە ئینترنێت دەستیان بە زانیارییەکان ڕابگات.
– پێویستە بە یاسا ئاستی دڵنیایی و متمانە لە نێوان خەڵک و حکوومەتدا بەرز بێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک لە پێدانی زانیاری، یارمەتیدەری حکوومەتی خۆیان بن.
– بەو پێیەی یەکێک لە کێشەکانی خەڵک، نزمبوونی ئاستی ئاگایی لەبارەی یاسایە نەک نەبوونی دەقی یاسا، بۆیە پێویستە دوای دانانی دەستوورێکی شایستە، چارتی مافی هاووڵاتی دابنرێت و بڵاو بکرێتەوە.
– پێویستە بە گوێرەی توانا و بەپێی پێویست سیستەمی ئامار و زانیاری، بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ببەسترێنەوە.
– پێویستە شێوازی وەڵامگۆیی لە چوارچێوەی ڕەوشت و ئەخلاق، ببێتە سیستەمی وەڵامدانەوە بەپێی یاسا و ڕەچاوکردنی ئاسایشی نەتەوەیی.

سەرچاوەکان
کوردی:
قادری، قەرەنی (2023)، دیمانە، هەولێر، خانەی هزریی کوردستان.
کوردنەژاد، حوسێن، (2022)، پێشنیار بۆ سیاسەت؛ سەبارەت بە شێوەی پێکەوە کارکردنی حکوومەت و پەرلەمان، هەولێر، ئەنیستیتۆی گەشەپێدان- کوردستان.
کوردنەژاد، حوسێن، (2023)، یادەشتەکانی ڕۆژ، هەولێر، ئەنیستیتۆی گەشەپێدان- کوردستان.
فارسی:
تافلر، ئالوین (1402)، موج سوم، ترجمه شهیندخت خوارزمی، تهران: نشر نو.
سن، آمارتیا (1396)، توسعه یعنی آزادی، ترجمه محمد سعید نوری نائینی، تهران: نشر نی.
ئینگلیزی:
Brown, J.R., Martinsson, G. (2014). “Financial Disclosure, Corporate Transparency, and Innovation”. Working Paper.
Florini, Ann. (2002). Increasing Transparency in Government, International Journal on World Peace 19: 3, 3-37.
Pohjola, Matti. (2002). “The New Economy: facts, impacts and policies”. Information Economics and Policy. www.elsevier.com/locate/iep.

image_pdfimage_print