پێنووس
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٦-٦-٢٠٢٣ لەسەر بانگهێشتی فەرمیی دەوڵەتی ئەڵمانیا، چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئەنجام دا. جێگەی ئاماژەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992وە نوێنەرایەتیی لە ئەڵمانیا هەیە و دەوڵەتی ئەڵمانیاش لە ساڵی 2009وە کۆنسوڵخانەی لە هەولێر کردووەتەوە. ئەوەی کە ئەم سەردانە گرنگ دەکات، سێ هۆکار یاخود هاوکێشەی سەرەکییە:
١- ئاستبەرزیی بەرپرسان و کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لە ئەڵمانیا.
٢- کات و دۆخی سەردانەكەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە پاش بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و، بەنایاسایی ناساندنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و، پاشان بڕیاری دەستەی نێوبژیكاریی نێودەوڵەتی لە پاریس و ڕاوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، باڵانسی هێز لە زیانی هەرێمی کوردستان و لە بەرژەوەندیی بەغدا تێک چووە.
٣-هاتنەئارای هاوکێشەی نوێ و بەتایبەتی بارودۆخی تایبەتی هەرێمایەتی و نێودەڵەتی لە پاش هێرشی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا.
بۆ وەبیرهێنانەوە، لە پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کە بەغدا گوشارەکانی لە دژی هەرێمی کوردستان چڕ کردبووەوە، ئەو کاتەیش نێچیرڤان بارزانی- کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو- لە ڕێکەوتی 18-12-2017 لە بەرلین لەگەڵ ئەنگێلا مێرکل، ڕاوێژکاری ئەوکاتی ئەڵمانیا کۆ بووەوە. ئەم کۆبوونەوەیە لە پاڵ کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆكکۆماری فەڕەنسا و پێشوازیكردنی لە کۆشکی ئێلیزە، توانیی ئابڵووقەکانی بەغدا بشکێنێت و گوشارەکانی بەغدا- بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشار و گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان- پێچەوانە بکاتەوە.
لە ئێستادا هەرچەندە دۆخەکە گۆڕاوە، بەڵام هاتنەئارای هاوکێشەی نوێ لە نێوان بەغدا و هەولێر لە لایەک و، گۆڕانی هاوکێشە جیۆئێکۆنۆمی و جیۆسیاسی و ئاسایشییەکانی ئەوروپا و ناوچەکە لە پاش هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و، بەم پێیەیش گۆڕینی سیاسەتی ئەڵمانیا لە ئاستی نێودەوڵەتی، گرنگیی ئەم سەردانە زیاتر دەکات.
بە شێوەیەکی گشتی بۆ ئەڵمانیا، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، بەتایبەتی لە جەنگی دژی داعش لە ڕێگەی بەهێزکردنی هێزەکانی پێشمەرگەوە گرنگیی تایبەتی هەیە، چونکە ئەم فاکتەرە جگە لەوەی کە ئاسایشی ئەڵمانیا لە ناوچەی دەرەوەی نزیکی خۆی دەپارێزێت، لە هەمان کاتیشدا بەهێزبوون و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان وا دەکات، کە کێشەی دووەمی ئەڵمانیا وەکوو دەوڵەتێکی ناوەندی، چ لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە و، چ لە ڕووی جوگرافییەوە، لە ئەوروپا کەمتر ببێتەوە، ئەویش پرسی کۆچبەری نایاسایی و پەنابەرانە کە بۆتە بەشێک لە سیاسەتی ناوخۆی ئەڵمانیا و تەنانەت پرسی هەرە سەرەکیی یەکێتیی ئەوروپا لە پاڵ هەڕەشەکانی ڕووسیا. بەم پێیەیش، بوونی ناوچە و دەسەڵات و جوگرافیایەکی پارێزراوی وەكوو هەرێمی كوردستان بۆ کۆچبەران و ئاستێکی قبووڵکراو و بەرز لە فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانی لە ناوچەکەدا، وا دەکات کە گوشارە ناوخۆیییەکانی سەر ئەڵمانیا و دەوڵەتانی دیکەی ئەوروپی کەمتر ببێتەوە؛ هەروەها حزبەکان و بەتایبەتی حکوومەتی ئەڵمانیا، ئەوە دەزانن کە بەبێ بوونی هەرێمی کوردستانێکی سەقامگیر، هەروەها هەبوونی هاوسەنگییەک لە نێوان بەغدا و هەولێر، ئەمەیان نایەتە دی.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، هەرچەندە ئەڵمانیا، وەکوو زۆربەی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی، لەگەڵ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان نەبووە و نییە و لەم چوارچێوەیەیشدا مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکا، بەڵام سیاسەتمەدار و ستراتیژیستە ڕۆژاوایی و ئەڵمانییەکان ئەو ڕاستییەیش باش تێ گەیشتوون کە لە لایەک عێراق دەوڵەتێکی لەرزۆک و ناسەقامگیرە و بەم پێیەیش لە پرسە ئاسایشییەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپییەکان ناتوانن بەتەواوی پشتی پێ ببەستن و، لە لایەکی دیکەیشەوە ئەو ڕاستییەیشیان بۆ دەرکەوتووە کە سیاسەتی بەغدا کە لەژێر کاریگەریی دەوڵەتانی هەرێمایەتی و بەتایبەتی ئێراندایە، مەرج نییە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ئابووری و ئاسایشی و ستراتیژییەکانی ئەو دەوڵەتانەدا بێت. بۆیە پەیوەندیی بەهێزی ئەڵمانیا لەگەڵ ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەکوو هەرێمی کوردستان، کە هەم خاوەن هێزێکی سەربازیی تاقیکراوەیە و هەمیش بەپێی دەستووری عێراق دانپێدانراوە و خاوەن ڕاددەیەک لە سەربەخۆییی سیاسییە و لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەوە ئاستی پێکەوەژیانی ئاشتییانە تیایدا بەرزتر و باڵاترە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت خودی بەغدا، دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت.
لە هەمان کاتیشدا، ئەزموونی ئەو وڵاتانە لەگەڵ بەغدا و عێراق لەم ساڵانەی دواییدا ئەوەی بۆ ئاشکرا کردوون کە ئەگەر لە ڕووی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەوە هەرێمی کوردستان پاڵپشتی نەکرێت یاخود نەپارێزرێت یان لانی کەم لە ڕووی سیاسی و تەنانەت ئابوورییەوە هاوسەنگییەکی ڕێژەیی لە نێوان بەغدا و هەولێر بوونی نەبێت، ئەوە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و تەنانەت سەربازی و ئاسایشییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
لەم نێوەندەیشدا پێ دەچێت و نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لێکدانەوەی بۆ ئەو ئامانجانەی ئەڵمانیا کردووە و لێرەوە دەیەوێت جارێکی تر، وەکوو پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەو هاوسەنگییە ڕاست بکاتەوە؛ چونکە بەپێچەوانەی گوتار و ململانێی بەشێک لە حزبە سیاسییەکان لە ئاستی میدیا و ڕای گشتی، زاڵبوونی بەغدا یاخود تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، پرسێک نییە تەنیا پەیوەندیی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکوو دوو هێزی سەرەکی و دەسەڵاتدارەوە هەبێت، بەڵکوو ئەم پرسە گرێدراو و پەیوەستە بە ژیان و ئاسایش وچارەنووس و داهاتووی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت کیانی هەرێمی کوردستانەوە.
لێرەوەیە کە ئاماژەکان و پێدراوەکانی ئەم سەردانە پێمان دەڵێت، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کەڵکوەرگرتن لە فاکتەرەکانی هێزی هەرێمی کوردستان، هەروەها خوێندنەوە بۆ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان و بەتایبەتی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەڵمانیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەوڵ دەدات جارێکی تر پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز بکاتەوە. لەم نێوەیشدا و پاش جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، پرسی ئاسایشی وزە بۆ ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپی گرنگییەکی ژیانیی هەیە، چ لە ڕووی دابینکردنەوە و چ لە ڕووی ئاسایشی ناوچەکانی بەرهەمهێن و گواستنەوەوە؛ کە ئەم پرسەیش لە ئێستادا کرۆکی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا پێک دێنێت.
کۆبەند
پرسی ئاوارە، پاشان پەنابەر و کۆچبەران، ئاسایشی وزە، جەنگی دژەتیرۆر و ئاسایش، هەروەها جێگیرکردن و بەردەوامیی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و تەنانەت پرسەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا یان ژینگە وەکوو كهمبوونهوهى ئاو و وشكهساڵى و بهبیابانبوون، کرۆکی ئەو بابەتانەن کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە لە ڕێگەیانەوە بەرژەوەندیی ئەڵمانیا بە هەرێمی کوردستانەوە گرێ بدات. ئەمەیش وا دەکات کە جارێکی دیکە نا-هاوسەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاست بکرێتەوە. ئێستا دەرفەتێکی گونجاوە بۆ هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ڕووداوەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا لە لایەک و گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەوروپییەکان بەگشتی و وەرچەرخان لە سیاسەتی دەرەکیی ئەڵمانیا بەتایبەتی، پاڵپشتی و پاراستنی هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لە ئاسایشی ئەو وڵاتانە و ئەڵمانیا، بەهۆی پێگە ئابووری و سیاسییەکەی لەناو وڵاتانی ئەوروپی و ڕۆژاواییدا؛ چونکە بەهۆی سەرقاڵییانەوە بە مەترسییەکانی ڕووسیا، هەروەها بەرزبوونەوەی ڕێژەی پەنابەران و پرسە ئابوورییەکان، نایانەوێت لە ناوچەکەدا هیچ بارگرژییەکی نوێ ڕوو بدات و بەتایبەتی ئاسایشی وزە بکەوێتە مەترسییەوە. جگە لەمانەیش ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئاسایشی ڕۆژاوای کوردستانیش دەستەبەر دەکات و؛ ئەمەیش بۆ ئەوروپییەکان، چ لە ڕووی پرسی جەنگی دژی تیرۆر و چ لە ڕووی پرسی پەنابەرانەوە، گرنگییەكی تایبەتی هەیە.
لەم نێوەندەیشدا، نابێت ڕۆڵ و پێگەی “نێچیرڤان بارزانی”یش لە ڕەنگرێژیی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتیکردنی کیانەکە پشگوێ بخرێت؛ بەم واتایە کە هەم لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هەمیش لە بارودۆخی تایبەتی ئێستای هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵ و پێگەیەکی کاریگەر و شوێندانەری هەبووە. بەڵام تاوەکوو ئێستا خاڵی لاوازی هەرێمی کوردستان، کە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی دەرەوە دابنێت و تەنانەت ببێتە هۆی لاوازکردنی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لێکترازان و ململانێی توندی حزبە سیاسییەکان و دۆخی ناجێگیری سیاسیی ناوخۆیییە. بۆیە ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش وەکوو پێویست سەرکەوتوو نابن و، بەم پێیەیش نا-هاوسەنگی لە نێوان بەغدا و هەولێر بەردەوام دەبێت و؛ ئەمەیش زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامیشدا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. بۆیە دەسکەوت و بەهێزیی هەرێمی کوردستان لە گرەوی یەکگرتوویی و کۆدەنگیی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە کەمکردنەوەی مەودای نێوان و حکوومەت و هاووڵاتیاندایە!