پێنووس

پاڵنەرە پێچەوانەکان لە شیعەگەریی ئەمڕۆی عێراقدا

ن: “حارس حەسەن” (HARITH HASAN)

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

ئایا تائیفە و مەزهەب، هەڵگری ئاڵای گۆڕانی شۆڕشگێڕییە یان بەرگری لە دۆخی لەئارادا دەکات، یاخود تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان؟

ئێمە لە مانگی موحەڕەمی ساڵنامەی کۆچیداین، کە بە ماوەی ماتەمینی موسڵمانانی شیعە دادەنرێت. بە درێژاییی چەندان سەدە یادی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن دەکرێتەوە. سروت و ڕێوڕەسمەکان لە مانگی موحەڕەمدا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە پارێزگاریکردن و وزەبەخشین بە کۆمەڵی شیعە و یارمەتیدان بۆ بەردەوامبوونی گێڕانەوە و ئەفسانەکانی پەیوەست بە مەزهەبی شیعە و بڵاوکردنەوەی جیهانبینییەکانی.

لە مانگی موحەڕەمدا چەندان گرووپی ئایینی و ئایدیۆلۆژی و سیاسیی شیعە، کێبڕکێ دەکەن بۆ کاریگەریدانان لەسەر شێوەی ڕێوڕەسمەکان و بەخشینی مانا و حیکایەتی وا كە بیروباوەڕەکانیان بەرجەستە بکەن. ئەم گرووپ و ڕەوتانە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی جیاواز دەربارەی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن دەخەنە ڕوو و، دەیخەنە نێو چوارچێوەی کاروباری هەنووکەیی و واقعی ژیانی ئێستا. ئەمساڵ ئەم یادە لە کاتێکدا کرایەوە، شیعەگەری خەریکە دەبێتە شتێکی وەك بیروباوەڕ و دۆکترینی دەوڵەت، ئەگەر هێشتا نەبووبێت بە “ئایدیۆلۆژیای فەرمانڕەوا”.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەم دوایییانە ڕای گەیاند، جەژنی غەدیر پشووی نیشتمانییە، کە ئەو ڕۆژەیە پێغەمبەر موحەممەد لە خوتبەیەکدا ڕای گەیاند ئیمامی عەلی ئامۆزای، باوکی ئیمامی حوسێن، لە دوای خۆیدا دەبێت بە میراتگری. بە بۆچوونی شیعەکان عەلی کوڕی ئەبی تالیب ئیمامی یەکەمە و، گرووپە شیعییەکان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣وە، داوا دەکەن جەژنی غەدیر بکرێت بە جەژنێکی نیشتمانی. لە سەرەتای مانگی تەممووزدا سەرۆكوەزیران محەمەد شیاع سوودانی، لە یادی ڕۆژی غەدیردا لە بەردەم گەورە سیاسەتمەداران و پەرلەمانتار و بەرپرسانی دەوڵەتدا وتەیەکی پێشکەش کرد. ئەم گردبوونەوەیە لەلایەن “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە ڕێک خرابوو کە هاوپەیمانێتییەکی شیعەیە و فەرمانڕەوایەتیی عێراق دەکات. لە پشت سوودانییەوە لافیتەیەك هەڵواسرابوو ئەم دروشمەی لەسەر نووسرا بوو: “چوارچێوەی ئێمە هێزە و، غەدیر ڕێڕەوی کارکردنمانە.”

ئەمە نوێترین دەرکەوتەی دۆخەکەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا خێراتر بووە، بەوەی کە كایەی گشتی تا دێت هێما و وێنای شیعیی بەسەریدا زاڵ دەبێت. ڕەنگە ئەم مەیلە، ڕەنگدانەوەی واقعی دیمۆگرافیی عێراق بێت کە شیعە زۆرینەی دانیشتووانەکەی پێک دەهێنێت، بەڵام لە بنچینەدا مۆرکێکی سیاسییشی هەیە؛ دووپاتکردنەوەی شیعەیە بە ئاراستەی ململانێ لەسەر دەسەڵات و دەرکەوتنی پلەبەندییە پاوانخوازەکان، کە لەوەدا دەردەکەوێت هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی ڕەمزی فەزای گشتی کۆنتڕۆڵ بکەن و دووبارە ئەو سنوورەی لەوێدا قبووڵ کراوە، دیاری بکەنەوە.

ئەم پڕۆسەیەی “بەشیعەکردن”ی فەزای گشتی، ئەمڕۆکە تیشك دەخاتە سەر سێ ڕاستیی پەیوەست بە دەسەڵات لە عێراقدا: یەکەم، لە کاتێکدا گرووپە شیعییە سیاسی و ئایینی و چەکدارییەکان بەفەرمی لە ڕێکخستنی دابەشکردنی دەسەڵاتدا لەگەڵ کوتلە سوننە و کوردییەکاندا بەشدارن، بەڵام کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی ڕاستەقینە و کردارەکیی دەوڵەتیان مسۆگەر کردووە. هەر بۆیە زیاتر مەیلیان هەیە زاڵبوون و سەردەستیی خۆیان دەربخەن و کەمتر هەستیارییەکانی لایەنەکانی تر لەبەرچاو بگرن.

باشترین نموونەیش بۆ ئەمە، بڵاوبوونەوەی وێنەی کەسایەتییە شیعەکانە لە بەغدا؛ لەنێویاندا وێنەی دیواری و پەیکەرەکانی ئەبو مەهدی موهەندیس، کە سەرۆکی ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبی بوو؛ ئەو هێزەی هاوپەیمانێتییەكی گرووپە چەکدارییەکانە و لایەنە ئایینییە شیعییەکان تیایدا ڕۆڵی باڵایان هەیە، بە هەمان شێوە قاسم سلێمانی کە سەرکردایەتیی “فەیلەقی قودس”ی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەئەستۆدا بوو. هەردووکیان لە هێرشێکی درۆنەکانی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠دا کوژران. هەروەها ئەمە لە كۆنترۆڵكردنی بەرفراوانی فەرمانگەی ئەوقافی شیعەكان لەسەر ئەو مزگەوت و بینایانەی كە لەگەڵ ئەوقافی سوننیدا ناكۆكییان هەبوو، دیار دەكەوێت.

دووەم، ڕاستە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە زیادبوونی متمانەی شیعەکان لە بەرامبەر پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی دیکەدا نیشان دەدات، بەڵام هاوکات جۆرێك لە دڵەڕاوکێیش لە نێوان گرووپە ئیسلامییە شیعەکانی دەسەڵاتداردا ئاشکرا دەکات. ئەوانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی تشرین لە ماوەی نێوان ٢٠١٩-٢٠٢٠دا، کە هەژموونەکەیان لەناو کۆمەڵگەی شیعەدا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی بێوێنە بووەوە. بۆیە لایەنە شیعییە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێ بە هەوڵدان بۆ سەپاندنی بوونی خۆیان و بڵاوکردنەوەی وێنەی سیمبولەکانیان، بۆ ئەوەی سەرنج و تێڕوانینێك بۆ دەسەڵات و هێزە چەسپاوەکەی خۆیان دروست بێت، لەناو کۆمەڵگەدا هەستێکی ئاشناییی وا بورووژێنن، یارمەتیدەر بێت بۆ هێورکردنەوەی دڵەڕاوکێکەیان. هاوکات سەکۆ و کەسایەتییە میدیایییەکانی سەر بەم گرووپە شیعییانە، گوتارێکی پاوانخوازانەیان بەرهەم هێناوە بۆ ترساندنی هاووڵاتیانی شیعی، بەوەی کە ئەو دەسەڵاتەی هەیانە لەدەستی دەدەن و مەترسی دروست دەبێت پشێوی و ئاژاوە بێتە ئاراوە. کەسایەتییەکی ئایینیی ناسراوی شیعە لە وتەیەکیدا باسی لەم نیگەرانییانە کرد و وتی، ئەگەر مرۆڤ ناچار بوو ئەمڕۆ لە نێوان ژیان لە گەندەڵی یان لە ئاژاوەدا یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوا لەو کاتەدا گەندەڵییەکە باشترین خراپەکەیە.

سێیەم: ئەم جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی شیعە، لەو درزەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەناو ئۆردوگەی شیعەدا هەیە لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدری بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ەوە فراوانتر بوو. سیماکانی ئەم درزانە لە کێبڕکێی ڕەوانبێژیی نێوان ئەو دوو لایەنەدا دەرکەوتن، بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کامیان زیاتر بە پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانی شیعەوە پابەندە.

ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییەی سەدرییەکان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا دوای ئەوەی پەناخوازێکی عێراقی لە سوید قورئانی سووتاند، لەلایەن سەدرەوە هان درابوو وەک نیشاندانی پابەندبوونی بێسازشانەی خۆی بە ئیسلامەوە. لەم بۆنەیە و چەندان بۆنەی دیکەدا دەزگە میدیایییەکانی سەدری، ڕەخنەیان لە چوارچێوەی هەماهەنگی گرت، بەوەی کە ئامادەیە لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەی خۆیدا سازش بکات؛ ئەمە پەیامێکە سەدر دووبارەی کردەوە، کە لە دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو “وازی لە کاری سیاسی هێناوە” تا دێت زیاتر مەیلی بۆ پۆپۆلیزمی ئایینی دەڕوات. قسەکانی دەربارەی ڕێگرییەکانی نەیارانی “گەندەڵکار” بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، زۆر جار بە گوزارشت و دەربڕینی ئایینی و هەندێک جاریش بە “دواڕۆژبینی”یەوە دەلکێنرێن.

بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو قسە توندانەی سەدر، حزبی دەعوە کە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا فراکسیۆنێکی دیارە، داوای دەرکردنی یاسایەکی نوێ دەکات، ڕەخنەگرتن یان تووڕەکردنی پیاوە ئایینییە دیارەکانی شیعە وەك تاوان بناسێنێت. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە شوێنکەوتووانی ڕەوتی سەدر هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی حزبی دەعوە، بەهۆی تۆمەتی سووکایەتیکردن بە “محەمەد سادق سەدر”ی باوکی موقتەدا سەدر و دامەزرێنەری “ڕەوتی سەدری”یەوە. کێبڕکێی نێوان سەدرییەکان و ڕکابەرەکانیان، کێبڕکێیەکە تیایدا هەر لایەنێک هەوڵ دەدات کۆنزەرڤاتیڤتر (پارێزگارانەتر/ موحافزكارانەتر) و ئیسلامیتر و شیعەتر دەربکەوێت. بەڵام ئەمە زۆر جار هۆکارە ڕاستەقینەکانی دوژمنایەتی دەشارێتەوە، کە پەیوەستن بە ناڕەزاییی کەسی و ڕکابەریی نێوان گرووپەکان لەسەر دەسەڵات و سەرچاوەکان.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەو ڕێوڕەسمانەی لە مانگی موحەڕەمدا پەیڕەو کران، گوزارشت بوون لە گۆڕینی شیعەگەری بۆ ئایدیۆلۆژیایەك لە پێناو پاراستنی دۆخی ئێستا، هەرچەندە سەکۆیەك بوو بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی دۆخی هەنووكەیی. ئەمەیش لەوانەوە دەرکەوت کە لەسەر مینبەری حوسێنیدا شیعر و حیکایەتەکانی شەهیدکردنی حوسێن و هاوەڵانیان دەخوێندەوە؛ ئەوانەی کە چالاکییەکانیان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە؛ وەك عەممار حەکیم سەرکردەی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەوانەی دیکەیش کە لە خوێندنەوەکانیاندا ئەو پلاتفۆرمەیان بەکار هێناوە بۆ ڕەخنەگرتن لە دەستەبژێری دەسەڵاتدار و گەندەڵییەکانیان.

شیعەگەری لە عێراقدا، دوای چەندان ساڵ لە توندوتیژی و ململانێ لەسەر دەسەڵات، وەك زۆربەی شوناسە بەکۆمەڵەکان، لە کاتی ناسەقامگیری و نادڵنیایی و گرژییەکاندا، تووشی ناکۆکیی ناوخۆیی دەکرێت. بەمەیش تائیفەکە کەوتووەتە نێو دوو پاڵنەری دژبەیەك: یەکەمیان خۆناساندن و پۆلینکردنی خۆیەتی وەك هێزێکی شۆڕشگێڕ کە ئیلهامی لە مۆدێلی حوسێنەوە وەرگیراوە و، ئەوەی تریان ڕۆڵی مۆدیرنیەتی وەك بیروباوەڕی دۆخی ئێستا، کە ئۆلیگارشیی شیعەی دەسەڵاتداری عێراقە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاری و پاراستنی دۆخی ئێستا پەنای بۆ دەبات.

سەرچاوە:

https://carnegie-mec.org/diwan/90293?fbclid=IwAR3cKlNSf1JzOf-26SYe8tRhX74WvdIOdLtcfYPylIokS6DCuHWvUTHE80M

image_pdfimage_print