پێنووس

ڕۆشنگەری چییە؟

نووسینی: ئیمانۆیل کانت[1](١٧٢٤-١٨٠٤)

وەرگێڕانی: ئازاد وەڵەدبەگی

پاش چاپکردنی وتارەکەی مندلسزۆن، وتارە بەناوبانگەکەی کانت لە ژمارەی دیسه‌مبەری ١٧٨٤ گۆڤاری برلینیشە موناتسشریف بە پێناسە بەناوبانگەکەی ئەو لەسەر ڕۆشنگەری، بڵاو کرایەوە. هەروەک چۆن لە یادداشتی کۆتاییی وتارەکەی کانتدا دەردەکەوێت، ئەو کاتە ئەو لەوە بێئاگا بووە کە مندلسزۆنیش خەریکە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

ڕۆشنگەری، دەرچوونی مرۆڤە لەو ناپێگەییشتووییە[2] خۆکردەی[3] کە لە ئەستۆی خۆیەتی. ناپێگەییشتووییش بێتوانایییە لە بەکارخستنی فام و زانینی خۆی بەبێ ڕێنماییی ئەوی تر. ئەم ناپێگەییشتوویییە، کەمتەرخەمییەکەی لە ئەستۆی خۆیەتی، کاتێک کە هۆکارەکەی کەمزانی نەبێ، بەڵکوو کەمبوونی ویست و ئازایەتی بێ، لە بەکارخستنی بەبێ ڕێنماییی ئەوی تر. “ئازا بە[4] لە بەکارخستنی زانینی خۆت!” ئەمەیە دروشمی ڕۆشنگەری.

تەمەڵی و ترسنۆکی، دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکان، سەرەڕای ئەوەی کە ماوەیەکی زۆرە، سروشت ئەوانی گەیاندووەتە قۆناغی پێگەییشتوویی[5] و لە ڕێنماییی ئەوی تر ڕزگاری کردوون، بەڵام بە ئارەزووی خۆیان لە هەموو تەمەنیان هەر بە ناپێگەییشتوویی بمێننەوە و، ئەوانی تر بەسادەیی و سانایی، بتوانن خۆیان بکەنە سەرپەرشتیاری ئەوان. ناپێگەییشتوویی، ئاسوودەیییە.

هەتا کتێبێک هەیە کە دەبێتە هۆکار بۆ زانینم، هەتا قەشەیەکی خەمڕەوێن هەیە کە لە جیاتی ویژدانی منە و، هەتا پزیشکێک هەیە کە دەڵێ دەبێ چ بخۆم و چ نەخۆم و… ئیتر بۆ خۆم بخەمە زەحمەتەوە، ئەگەر پارەکەی دەستەبەر بێ، من چ پێویستییەکم بە بیرکردنەوە هەیە؟ ئەوانی تر ئەم کارە جاڕزە بۆ من (و لە جیاتیی من) ئەنجام دەدەن.  بۆ ئەوەیش كه‌ بەشێکی هەرچی پتر لە خەڵک (لەوانەیش ڕەگەزی مێ بەتەواوی) هەنگاونان بەرەو پێگەییشتوویی، نەک تەنیا هەر بە دژوار، بەڵکوو بە مەترسیداریشی بزانن، ئەو سەرپەرشتیارانەی کە لە ڕووی خێرخوازییەوە ئەرکی چاودێریی باڵای ئەوانیان لە ئەستۆ گرتووە، لەم بارەیەوە زمینەسازیی (پێویست) دەکەن. ئەمانە پاش ئەوەی گیانلەبەرە دەستەمۆکانی خۆیانیان گەوجاند، زۆر بەوریایییەوە چاودێرییان دەکەن، کە نەکەن لە ڕەوڕەوەی[6] ساوایەتییان دەربچن، نەکەن لەو زیندانە دەربچن کە ئەوان بۆیان دروست کردوون. ئینجا بە گوێیاندا دەخوێنن، کە ئەگەر بەتەنیایی بڕۆنە دەرەوە، چ مەترسییەک هەڕەشەیان لێ دەکات. بەڵام ئەم مەترسییانە ئەوەندەیش کە دەڵێن گەورە نین، بەڵکوو بە چەند جارێک هەڵسوکەوت، سەرەنجام فێری شێوازی ڕێکردن دەبن. بەڵام نموونەیەکی ناکام بەسە بۆ ئەوەی کە هەمووان لە ئەزموونەکانی دواتر بترسێنێ.

بۆ هەر تاکێک دژوارە، بتوانێ بەتەنیایی خۆی لەو ناپێگەییشتوویییە دەرباز بکات، کە بووەتە سروشتی دووەمی ئەو. ئەو ئیدی تەنانەت خۆشیشی دەوێت و، بەڕاستی بێتوانایە لەوەی کە فام و زانینی خۆی بخاتە کار، چونکە هەرگیز هەلێکی لەو جۆرەیان پێ نەداوە. ڕێسا و بڕیارەکان (کە پێشتر دروستکراون) ئەم ئامرازە خودکارانەی بەکارهێنانی ئەقڵانی – و ڕەنگە خراپ بەکارهێنانی- توانا سروشتییەکانی ئەو، زنجیرەکانی ناپێگەییشتووییی هەمیشەییی ئەون و، ئەو کەسەش کە ئەم زنجیرانە فڕێ دەدات دەتوانێ بەسەر چاڵێکی تەسکدا بازێکی نادڵنیا بدات و ته‌واو، چونکە (فام و زانینی ئەو) لەگەڵ بزاوتێکی ئازادانەی لەم جۆرە ڕانەهاتووە. هەربۆیە، زۆر کەمن ئەوانەی کە توانیویانە بە پەروەردەکردنی زەینیان، خۆیان لە ناپێگەییشتوویی ڕزگار بکەن و پاشان هەنگاوی دڵنیا بنێن.

بەڵام ئەوەی کە گرووپێک[7] بتوانن خۆیان بگەیەننە ڕۆشنگەری، ڕێی تێ دەچێ و، ئەگەر لێیان گەڕێن ئەوا مسۆگەرە. چونکە هەمیشە چەند کەسێکی “خۆبیرکەرەوە”[8] –تەنانەت لەناو سەرپەرشتیارانی دانراو لەسەر خەڵکیشدا پەیدا دەبن، کە پاش ئەوەی تەوقی ناپێگەییشتووییی خۆیانیان فڕێ دا، ڕۆحی ڕێزگرتنی ئەقڵانی لە بەهاکان و ئامانجی بوونی مرۆیی، کە خۆبیرکردنەوەیە لە دەوروبەری خۆیاندا بڵاو دەکەنەوە. سەیر لەوەدایە کە هەمان ئەو گرووپەی کە لەمەو پێش بە دەستی ئەوان خرابوونە ژێر تەوق، ئێستا ئەگەر بە دەستی چەند کەس لەو سەرپەرشتیارانەی کە هێشتا خۆیان نەگەییشتوونەتە ڕۆشنگەری، هان بدرێن، ئەوان ناچار دەکات کە هەروا لەژێر تەوقی ناپیگەیشتووییدا بمێننەوە. بەڵێ، بەم جۆرە، چاندنی تۆوی دادوەرییە ناپوختەکان[9] زیانبارە، چونکە دادوەرییە ناپوختەکان سەرەنجام تۆڵە لەو کەسانە دەکەنەوە کە بنیاتیان ناون. هەربۆیە، گرووپەکان بەرە بەرە دەگەنە ڕۆشنگەری. ڕەنگە بە شۆڕشێک، دیکتاتۆرییەکی تاکەکەسی و زۆردارییەکی چاوچنۆکانە یان دەسەڵاتپەرەستانە، لەناو بچێت. بەڵام چاکسازیی ڕاستەقینەی شێوازی بیرکردنەوە بەدی نایەت و، دادوەرییە ناپوختە نوێیەکان لە پاڵ دادوەرییە ناپوختە کۆنەکان، دەبنە ئامرازی بەڕێوەبردنی جەماوەری بەربڵاوی هزردۆڕاوەکان.

بۆ گەییشتن بەم ڕۆشنگەرییە، پێویستیمان بە هیچ شتێکی تر نییە جگە لە ئازادی؛ تازە ئەویش کەمزیانترین جۆرەکەی، واتە: ئازادیی بەکارخستنی ئەقڵی خۆت لە کاروباری گشتی[10] بەتەواوەتی. بەڵام لە هەموو لایەکەوە گوێم لێ دەبێ کە هاوار دەکەن، ئەقڵ بەکار مەهێنن! پیاوی سەربازی دەڵێ: ئەقڵ بەکار مەهێنن! ڕاهێنان بکەن! بەرپرسی دارایی دەڵێ: ئەقڵ بەکار مەهێنن! پارە بدەن! قەشە دەڵێ: ئەقڵ بەکار مەهێنن! بڕوا بهێنن! (تەنیا تاکە سەروەرێک[11] هەیە کە دەڵێ: ئەقڵ بەکار بهێنن هەرچەند کە دەتانەوێت و لەسەر هەرچی کە حەزتان لێیەتی، بەڵام ملکەچ بن!)

ئەم شتانە هەموویان بەتەواوی، ئازادی سنووردار دەکەن. بەڵام کام سنووردانان دەبێتە بەربەست لەبەردەم ڕۆشنگەری؟ کامه‌یشیانە کە نەک هەر بەربەست نییە، بەڵکوو بەرەو پێشەوەی دەبات؟ من وەها وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەمەوە: دەبێ “بەکارهێنانی هەمەلایەنەی ئەقڵی خۆت” هەمیشە ئازاد بێت و ئەمە تاقە ئامرازێکە کە دەتوانێ مرۆڤ بە ڕۆشنگەری بگەیەنێت، بەڵام ئەگەر بەکارهێنانەکەت تایبەت[12] بێت، ڕەنگە تەسک و سنووردار بێت، بەبێ ئەوەی پێشکەوتنی ڕۆشنگەری لەم ڕووەوە تووشی دژوارییەکی تایبەت ببێت. تێگەییشتنی من لە “بەکارهێنانی ئەقڵی خۆت لە کاروباری گشتی” ئەو کەڵکوەرگرتنەیە کە کەسێک لە پێگەی “خاوەن زانست”[13] لە بەرامبەر گرووپی خوێنەرانیدا لە ئەقڵی خۆی دەیکات و، بەکارهێنانە تایبەتییەکەی بەو بەکارهێنانە ناو دەبەم، کە کەسێک بۆی هەبێ لە ئەقڵی خۆی بیکات، لە چوارچێوەی ئەو پۆستە کارگێڕی، یان شارستانییەی کە بۆ ماوەیەک پێی سپێردراوە.

بەڵام هەندێک لەو کاروبارانە کە بۆ ژیانی بەکۆمەڵ سوودبەخشن، میکانیزمی تایبەتیان پێویستە، کە بەو پێیە ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵگە، دەبێ (بەبێ نیشاندانی ویستی خۆیان) شێوازێکی ناچالاک[14] بگرنه‌بەر، هەتا حکوومەت بتوانێ بە کەڵکوەرگرتن لە سازانێکی ئاگایەنە (ئیرادی)،  ئەوان بەرەو ئامانجە گشتییەکان ڕێنمایی بکات، یان لانی کەم وا بکات، لە زیانگەیەناندن بەو ئامانجانە دووریان بخاتەوە. لە هەلومەرجێکی وەهادا ئیدی دەرفەتێک بۆ بەکارهێنانی ئەقڵ نییە، بەڵکوو تاک دەبێ ملکەچ بێت. بەڵام کاتێک کە هەر ئەم تاکە، کە بەشێکە لە کۆی گشتیی ئەو دەزگه‌یە، خۆی وەک ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگەیە لەبەرچاو دەگرێ و– تەنانەت وەک ئەندامێک لە کۆمەڵگەی مەدەنیی جیهانی، ئینجا دەتوانێ وەک کەسێکی خاوەنزانست کە بە نووسینەکانی، گرووپێک بە واتای تەواوی وشە، دەکاتە بەردەنگ (مخاطب)، ئەقڵ بەکار بهێنێت بەبێ ئەوەی زیانێک بەو کارانە بگات، کە ئەو وەک ئەندامێکی ناچالاک و پاسیڤ پێی سپێردراوە. کەواتە، ئەگەر کەسێکی سەربازی کە فەرمان لە فەرماندەرانی وەردەگرێت، لە کاتی خزمەت، بەئاشکرا دەربارەی بەئەنجامگەییشتن یا سوودبەخشبوونی مشتومڕ بکات، ئەوا ئەمە کارێکی زیانبارە. ئەو دەبێ ملکەچ بێت. بەڵام بەڕاستی ناتوانی ڕێی ئەوەی لێ بگریت کە لە پێگەی خاوەنزانست دەربارەی کەموکوڕییەکانی کاروباری جەنگ و سەربازی قسە بکات و لەگەڵ بەردەنگەکانی خۆی بیخاتە بەرباس، هەتا ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن.

هیچ هاووڵاتییەک، ناتوانێ خۆی لە دانی ئەو باجانە بدزێتەوە کە لەسەر شانیەتی. تەنانەت ڕەخنەگرتنی بوێرانەی ئەو، دەربارەی ئەم باجانە، ئەگەر دانی ئەم باجانە لە لایەن ئەوەوە ناچارییانە (ئیلزامی) بێت، ئەوا کارێکی تاوانکارانەیە و شایانی سزایە (تاوانکارانەیە چونکە دەتوانێ ئاژاوەگێڕانە بێت)؛ بەڵام ئەگەر هەر ئەم کەسە، لە پێگەی خاوەنزانست، بەئاشکرا نەگونجاوی و ستەمگەرانەبوونی ئەم باجانە سەرزەنشت بکات، ئەوا کارێکی پێچەوانەی ئەرکی هاووڵاتیبوونی خۆی ئەنجام نەداوە. هەروەک چۆن پیاوێکی ئایینی، دەبێ لەگەڵ قوتابیان و گرووپی باوەڕدارانی خۆی بەپێی “بنەماکانی ئایینزا”ی[15] کەلیسایی قسە بکات کە ئەو خزمەتگوزاریەتی؛ چونکە مەرجی ئەو بۆ قبووڵکردنی خزمەت، جگە لەمە شتێکی تر نەبووە. بەڵام لە پێگەی خاوەنزانست، ئازادیی تەواوی هەیە و تەنانەت لەسەریەتی کە هەموو بیری خێرخوازانە و شیاوی خۆی، دەربارەی کەموکوڕییەکانی ئەو بنەمایانە باس بکات و، ئەگەر پێشنیارێکی هەیە بۆ ڕێکخستنی ئەو ئایینزا و کەلیسایە، ئەوا لەگەڵ بەردەنگەکانی خۆی بیخاتە ڕوو و، لە کارێکی لەم جۆرەدا هیچ جێگه‌یەک بۆ هەستکردن بە ئازاری ویژدان نییە. چونکە ئەو شتەی کە ئەو بەپێی پیشە و لە پێگەی کارگوزاری کەلیسا فێری دەکات، بژاردەی ئازاد و دڵخوازانەی ئەو نییە، بەڵکوو ئەویان بە کرێ گرتووە هەتا بە ناو و فەرمانی ئەو کەسەی، کە ئەوی بە کرێ گرتووە، ئەو شتانە فێری خەڵک بکات. ئەو دەڵێ: کەلیسای ئێمە ئەوها و بەو جۆرە فێرتان دەکات و ئەو بەڵگانەیشی بۆ کارەکەی دەیهێنێتەوە ئەمانەن. پاشان قازانجە کردارییەکانی ئەو حوکمانەی کە لەسەریەتی باسیان بکات، بۆ گرووپی باوەڕدارانی خۆی باسی دەکات. چونکە –بەبێ ئەوەی ئەو حوکمانە بیروباوەڕی تەواوی خۆی بن،-ڕەنگە ڕاستییەک لەناویاندا شاراوە بێت. بەڵام ئەگەر لەو حوکمانە شتێکی وای بینی کە پێچەوانەی بیروباوەڕی دەروونیی خۆی بێت، ئیدی ناتوانێ بەویژدانەوە لەسەر کارەکەی خۆی بەردەوام بێت و دەبێ وازی لی بهێنێت.

بەم جۆرە، ئەگەر وانەبێژێکی ئەرکپێسپێردراو، ئەقڵی خۆی لە بەرامبەر گرووپی باوەڕداراندا بەکار بهێنێ، ئەمە تەنیا بەکارهێنانێکی تایبەتە، چونکە ئەم گردبوونەوەیە سەرەڕای گەورەیییەکەی، گردبوونەوەی پەیڕەوانی ئەو کەلیسایەیە، کە بە سەرنجدان بەوە، ئیتر ئەو وەک قەشە ئازاد نییە و، ناشبێ ئازاد بێت؛ بەڵکوو فەرمانبەرێکە کە بە ناو و فەرمانی ئەو کەسەی کە بە کرێی گرتووە کارێک ئەنجام دەدات. بەپێچەوانەوە، ئەو لە پێگەی کەسێکی خاوەنزانست و کەسێک کە بە نووسینەکانی لەگەڵ گرووپ بە واتای ڕاستەقینەی وشە، واتە لەگەڵ جیهان، قسە دەکات و وەک پیاوێکی ئایینی کە ئەقڵی خۆی لە کاروباری گشتیدا بەکار دەهێنێ، ئازادیی بێسنووری هەیە بۆ بەکارهێنانی ئەقڵی خۆی و قسەکردن بە ناوی خۆیەوە؛ چونکە ئەم بابەتە کە سەرپەرشتیارانی خەڵک (لە کاروباری ئایینی)، خۆی دەبێ کەسێکی ناپێگەییشتوو بێت، وتەیەکی چەواشەکارانەی نابەجێ و نائەقڵانییە، کە دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی هەمیشەییی شتە نائەقڵانییەکان.

بەڵام ئایا ناکرێ کە کۆمەڵێک لە پیاوانی ئایینی، بۆ وێنە کۆمەڵەیەکی کەلیسایی، یان کلاسیسێکی[16] باڵا (ئەو ناوەی کە هۆڵەندییەکان لەسەر کۆمەڵەیەکی لەو جۆرەیان داناوە)، ئەم مافەیەیان هەبێ لەناو خۆیاندا دەربارەی کۆمەڵێک لە بنەما سەقامگیرە ئایینییەکان ڕێک بکەون و سەرپەرشتیارییەکی هەمیشەیی لەسەر تاک تاکی ئەندامانیان و، لە ڕێگه‌ی ئەوانیشەوە لەسەر هەموو خەڵک بچەسپێنن و تەنانەت بیکەنە شتێکی هەمیشەیی؟ من دەڵێم نا، شتێکی ئەوها ناکرێ. پەیمانێک، کە بۆ هەمیشە ڕێ لە مرۆڤ بگرێت، بۆ گەییشتن بە ڕۆشنگەریی زیاتر، خۆی لە خۆیدا پووچ و بەتاڵە، تەنانەت ئەگەر بەرزترین دەسەڵاتەکان و ئەنجوومەنەکانی یاسادانان و شکۆمەندترین ڕێککەوتننامەکانی ئاشتی، مۆری پەسندیان لێ دابێت. هیچ سەردەمێک ناتوانێ بەو مەبەستە هاوڕا و هاوسۆز بێت، کە سەردەمی دواتر لەناو کۆتوبەندێک دابنێت، کە هەرگیز نەتوانێ ناسینەکانی (بەتایبەت ناسینێکی وەها کورتخایەن) پەرە پێ بدات و لە هەڵەکان بیپاڵێوێت و، بە شێوەیەکی گشتی لە شاڕێی ڕۆشنگەریدا بەرەو پێشەوە بچێت.

کارێکی لەم جۆرە، تاوانێکە دژ بە سروشتی مرۆیی، کە لە سەرەتای دروستی ئەم پێشڕەوییە لە شاڕێی ڕۆشنگەری، بە مەبەست و ئامانجی ئەو دانراوە و، نەوەکانی داهاتوو بەتەواوی ئەو مافەیان هەیە، کە بڕیاری سەرەڕۆیانە و ناڕەوای لەم جۆرە بەیەکجاری تووڕ هەڵدەن. پێوەری هەڵسەنگاندنی ئەو شتەی کە بە ناوی یاسا لەسەر خەڵک دادەنرێت، ئەوەیە کە ئایا ئەم خەڵکە هەرگیز یاسایەکی لەو جۆرەیان لەسەر خۆیان دادەنا یان نا؟ بەڵام بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و کورت و تا سەرهەڵدانی یاسایەکی باشتر، ئەم کارە دەکرێت هەتا بەو سیستەمەی کە دەیهێنێتە ئاراوە هەر هاووڵاتییەک و، بە تایبەت پیاوانی ئایینیی، ئازاد بن بەئاشکرا و بە سیفەتی خاوەنزانست، (بەرامبەر بە هەمووان) واتە لە ڕێگه‌ی نووسینەکانیان، دەربارەی هەڵە و کەموکوڕییەکانی بنیاتنانەوەی ئێستا و ئەو دامودەزگه‌یانەی[17] کە هەن بیر و ڕای خۆیان بخەنە ڕوو و، لە کاتێکدا “سیستەمی لەئارادابوو” هێشتا بەسەقامگیریی دەمێنێتەوە، بیر وڕ ای جۆراجۆر لە چەندایەتی و بۆچییەتیی ئەو کارانە ئەوەندە تاقی دەکرێنەوە، کە بتوانن بگەنە ڕایەکی هاوبەش (تەنانەت ئەگەر بە زۆرینەی دەنگەکانیش نەبێت) و، پاشان لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونە هاوبەشانە پێشنیارێک پێشکەش بە دەرگه‌ی شاهانە بکرێت هەتا پاڵپشتیی ئەو گرووپە لە بڕواداران بکات، کە لە نێوان خۆیاندا گەییشتوونەتە سازان لەسەر دیدگه‌یەکی دروستتر دەربارەی پێویستیی گۆڕان لە دامودەزگه‌کانی ئایینیی ئێستا، بەبێ ئەوەی ببنە بەربەست لە بەردەم ئەوانی تر، کە هێشتا هۆگری ڕێسا کۆنەکانن.

بەڵام هاوپەیمانبوون لەسەر دەستوورێکی ئایینیی سەقامگیر، کە هەرگیز کەس نەتوانێ گومانی لێ بکات، تەنانەت ئەگەر ئەم سازانە تەنیا بە درێژاییی ژیانی مرۆڤێکیش سنووردار بێت، ئەمە بەیەکجاری قەدەغەیە؛ چونکە لە سەردەمێکدا، مرۆڤایەتی لە پێشکەوتن بەرەو خێر و چاکەکاری دوور دەخاتەوە و زیان بە نەوەکانی ئاییندە دەگەیەنێت. هەڵبەت مرۆڤ دەتوانێ ڕۆشنگەریی خۆی دەربارەی ئەو شتەی کە دەبێ لێی ئاگادار بێت دوا بخات؛ بەڵام چاوپۆشیکردن لە ڕۆشنگەری، بۆ خۆی و بەتایبەت بۆ نەوەکانی داهاتوو، دەستدرێژیکردن و پێشێلکردنی مافی پیرۆزی مرۆیییە. ئەو یاسایەی کە خەڵک مافیان نییە دەربارەی خۆیان دای بنێن، ئەوا ڕەواترە کە پاشایش مافێکی لەم جۆرەی نەبێت.  چونکە هێزی یاسادانانی پاشا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەو ویستی گشتیی خەڵک لەگەڵ ویستی خۆی یەک دەخات و ڕەنگڕێژی دەکات. ئەگەر ئەو، تەنیا هەوڵی ئەوە بدات کە هەموو چاکسازییەکانی ئێستا، یان ئەوەی کە مەبەستێتی لەگەڵ سیستەمی شارستانیدا سازگار بێت، ئیدی دەتوانێ لێ گەڕێت ڕەعییەتەکانی خۆی بەئازادی، ئەو شتەی کە بۆ چاککردنی بارودۆخی خۆیان و ڕزگارییان بە پێویستی دەزانن ئەنجامی بدەن. ئیدی شتێکی دیکەیشی لە ئەستۆ نییە، جگە لە ڕێگریکردن لەو کەسانەی کە بە ئەنجامدانی توندوتیژی، دەیانەوێ ئەوانی تر لە هەوڵ و کۆششی هەمەلایەنە دوور بخەنەوە، بۆ ناسین و بەرەوپێشبردنی ئەو شتانەی کە خۆیان بۆ چاککردنی بارودۆخی خۆیان و ڕزگاربوونیان، بە پێویستی دەزانن. پۆستی باڵای پاشایەتی، ئەگەر نووسینی ڕەعییەتەکانی خۆی، کە بۆ گەییشتن بە بۆچوونێکی هاوبەش لەگەڵ یەکتر لە مشتومڕدان، بخاتە ژێر چاودێریی باڵای دەوڵەتەکەی خۆیەوە، ئەوا تووشی زیان دەبێت. چونکە ئەگەر لەو کاتەدا بە بۆچوونی هەرە باشی خۆی وا بکات، ئەوا ڕەخنەی لێ دەگرن کە: “زمانزانەکان لە قەیسەر فەرمان وەرناگرن”[18]– و تەنانەت لەوەیش زیاتر، ئەو کاتەی کە بەدەر لە ڕەعییەتەکانی دیکە، پشتیوانی لە سەرەڕۆییی مەعنەویی چەند ستەمکارێک بکات، ئەوا دەسەڵاتی باڵای خۆی سووک دەکات، ئەگەر دەست بۆ چاودێرییەکی لەو جۆرە ببات.

ئێستا ئەگەر بپرسن ئایا ئێمە هەنووکە لە چەرخێکدا دەژین کە گەییشتووەتە ڕۆشنایی؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە نەخێر. بەڵام لە چەرخی ڕۆشناییبەخشیندا بەڵێ. لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا، هەموو خەڵک لە پێگەیەکی وەهادا نین و ناتوانین ئەوان (لە پێگەیەکی لەو جۆرەدا) دابنێین – کە لە کاروباری ئایینی، بەبێ ڕێنماییی ئەوی تر ئەقڵی خۆی بەباشی و دڵنیایی بەکار ببات. هێشتا لەم کارەدا، کەموکوڕی زۆرە.

بەڵام هەندێ نیشانەی ڕوونمان بەدەستەوەیە، کە هەر ئێستا هەندێک دەرەتان لە بەرامبەریاندا دەکرێتەوە، کە لەو پانتایییەوە، ئازادانە بەرەو ئامانج بڕۆن و بەربەستەکانی ڕۆشنگەریی گشتی و، دەرچوونیان لە ناپێگەییشتوویی خۆکرد بەرە-بەرە کەمتر ببێت. لەم ڕوانگەیەوە، چەرخی ئێمە چەرخی ڕۆشناییبەخشین، یان (بە وتەیەکی تر) چەرخی فردریکە[19].

پاشایەک کە لە ئاستی خۆیدا نابینێ کە بڵێت: ئەو لەسەریەتی کە لە کاروباری ئایینی، نەک هەر خەڵک ناچار بە پەسندکردنی باوەڕێک نەکات، بەڵکوو لەم بابەتانەدا ئەوان بەتەواوی، ئازاد بهێڵێتەوە، پاشایەک کە ناونیشانی لووتبەرزانەی لێبووردەیی بە خۆی ڕەوا نابینێ و ڕەتی دەکاتەوە، بەڕاستی کە (پاشایەکی) ڕۆشنگەرە و، شایانی ئەوەیە کە خەڵکی جیهان و نەوە پێزانەکانی داهاتوو بەم ناوەوە ستایشی بکەن، چونکە ڕەگەزی مرۆڤی –لانی کەم تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندیی بە حکوومەتەوە هەیە-لە کۆیلایەتیی دەروونی ڕزگار کردووە و، ئازادیی بە هەمووان بەخشیوە هەتا لە هەموو کاروباری ویژدانیدا ملکەچی ئەقڵی خۆیان بن.

لە سەردەمی پاشایەکی لەم جۆرەدایە، کە پیاوانی ئایینیی پایەبەرز ڕێگه‌یان پێ دراوە لە پێگەی خاوەنزانست، بەبێ ئەوەی زیانێک بە ئەرکە پیشەیییەکانیان بگات، بەوپەڕی ئازادی و بەئاشکرا، ئەو بیر و بۆچوونانەی کە لێرە و لەوێ لەگەڵ بنەما پەسندکراوە ئایینییەکانیاندا ناسازە، لەگەڵ هەموو خەڵکی جیهاندا بیخەنە بەرباس هەتا بە مەحەکی ڕەخنە، هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. بەر لە پیاوانی ئایینی، ئەم مافە بە کەسانێک دراوە کە ئەرکە پیشەیییەکانیان دەست و پێیان نابەستێتەوە. ئەم ڕۆحی ئازادییە بۆ دەرەوەیش پەل دەکوتێت، تەنانەت بۆ ئەو شوێنانەیش، کە دەبێ لەگەڵ ئەو بەربەستانە بەرەوڕوو بێت، کە بە هۆی بوونی دەوڵەتێکی کارنەزانەوە سەریان هەڵداوە. چونکە لەبەرچاوی دەوڵەتێکی لەم جۆرەدا، نموونەیەکی ڕوونی وا دەخرێتە ڕوو، کە ئەگەر بێت و ئازادی بچەسپێت، ئەوا هیچ نیگەرانییەک بۆ تێکچوونی یەکێتیی نیشتمانی و سیستەمی گشتی لە ئارادا نییە. مرۆڤەکان ئەگەر بەئەنقەست ناچار نەکرێن، کە لە چوارچێوەی ئەقڵی کاڵوکرچدا بمێننەوە، ئەوا بەرە-بەرە خۆیان لەو دۆخە دەبەنە دەرەوە.

من لە ڕۆشنگەری، پتر لە هەر جێگه‌یەکی تر، پێم لەسەر “دەرچوونی مرۆڤ لە ناپێگەییشتوویی خۆکرد لە قەڵەمڕەوی پرسە ئایینییەکان” داگرتووە، چونکە حوکمڕانانی ئێمە لە بوارەکانی دیکەی وەک زانست و هونەرەکان، حەزیان لێ نییە کە ڕۆڵی سەرپەرشتیاری خەڵکەکەیان بگێڕن و، ئەوی تر ئەوەیە کە ناپێگەییشتوویی لە کاروباری ئایینی لە هەر جۆرێکی تر زیانبەخشترە و سووکایەتیی زیاتری تێدایە. بەڵام شێوازی بیرکردنەوەی سەرۆکی حکوومەتێک، کە پەرە بە ڕۆشنگەری لە قەڵەمڕەوی کاروباری ئایینی دەدات، لە هەموو ئەمانە پتر سەر دەکەوێ و باش دەزانێت، کە تەنانەت لە کاروباری یاسادانان هیچ مەترسیی تێدا نییە، ئەگەر ڕێگه‌ بە ڕەعییەتەکانی خۆی بدات، لە کاروباری گشتیدا ئەقڵی خۆیان بەکار بهێنن و بیر وبۆ چوونەکانیان دەربارەی شێوازەکانی باشتری یاسادانان، تەنانەت ڕەخنەگرتنی ڕاستگۆیانە لە یاساکانی بەردەست، لەگەڵ خەڵکی جیهاندا بخەنە بەرباس، ئێمە بۆ خۆمان نموونەیەکی شیاوی ستایش و بێوێنە و پرشنگداری پاشایەکی لەو جۆرەمان هەیە، کە لەم بوارەدا پێشڕەوی هەموو پاشاکانە.

بەڵام تەنیا کەسێک دەتوانێ بڵێت: ئەقڵ بەکار بهێنن! هەرچەندە و لە هەر بوارێکدا کە حەزتان لێیە، بەڵام ملکەچ بن! – قسەیەک کە تەنانەت کۆمارێکی ئازادیش ئازایەتیی ئەوەی نییە بیڵێت – کە خۆی ڕۆشنگەر بێت و لە سێبەرەکان نەترسێت و هاوکات بۆ پاراستنی دیسیپلینی گشتیی لەشکرێکی ڕێکخراو و بە ژمارە زۆر لەبن فەرمانیدا بن.

لێرەدا کاروباری مرۆیی ڕەوتێکی سەیر و چاوەڕواننەکراو بەخۆیەوە دەبینێت، کە ئەگەر بەتەواوی سەیر بکرێت، هەموو شتێک کەم تا زۆر، تێیدا دژبەیەکە. وا دەردەکەوێ کە ڕێژەیەکی زیاتر لە ئازادیی مەدەنی، بۆ ئازادیی ڕۆحیی خەڵک – سەرەڕای ئەوەی کە سنوورێکی تێنەپەڕیان بۆ دیاری دەکات – سوودمەند بێت و ڕێژەیەکی کەمتریش لە ئازادیی، کەشێکی وەهایان بۆ بخولقێنێت کە تێیدا بە هەموو تواناکانیانەوە گەشە بکەن.

پاشان، ئەو کاتەی کە سروشت لەژێر ئەم توێژاڵە ڕەقەوە  تۆوێک (= لە پەنای لەشکری ڕێکخراو و بە ژمارە زۆری پارێزەری دیسیپلینی گشتیی) بە دلۆڤانییەوە پەروەردە دەکات، واتە هۆگری و تامەزرۆییی خودیی مرۆڤ بۆ بیرکردنەوەی ئازاد بەرهەمدار بکات و گەشە پێ بدات، ئەمەیش بۆ خۆی بەرە-بەرە کاریگەریی لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی خەڵک دادەنێت (کە لە ئەنجامدا خەڵک بەردەوام لە پراکتیزە کردنی ئازادی بەتواناتر دەبن) و، سەرەنجام تەنانەت کار لەسەر بنەما بنەڕەتییەکانی دەوڵەت دەکات، کە ئیدی ئەویش وای بە باش دەزانێت لەگەڵ مرۆڤ، کە ئێستا ئیتر بووەتە بوونەوەرێکی پتر لە ماشینێک[20]، ڕەفتارێکی وا بگرێتە بەر کە شایستەی ئەو بێت*.

                                                            کۆنگیزبێرگ، پرووس

                                                            سی سپتەمبەری ١٧٨٤

سەرچاوە:

– کانت و دیگران، ڕوشن نگری چیست؟ نظریەها و تعریف ها، ترجمە: سیروس آرین پور، نشر آگە، تهران.

[1].Immanuel Kant

[2]. Unmundigkeit

[3]. Selbestverschuldet

[4] ) (sapere aude! ) بنەمای ئەم وتەیە بۆ شاعیر و وێژەوانی ڕۆمی (٦٥ پ.ز- ٨ پ.ز) دەگەڕێتەوە (نامیلکەکان، ١،٢،٤٠) “ئازا بە لە زانین!” کۆمەڵەی دۆستانی ڕاستی (Alethophilen  بە یۆنانی alethela= ڕاستی) کە لە ساڵی ١٧٣٦ بە مەبەستی پەرەپێدانی فەلسەفەی لایب نیتس- وڵف بنیات نرا، ئەم وتەیەی هۆراسیان هەر بەم واتایە، کردە دروشمی خۆیان. ئەوان دراوێكیان لەچاپ دا، کە نیوپەیکەرێکی ئەسینایی بە سەرەوە بوو، بە خودەیەکەوە کە نەخشی ڕوخساری لایب نیتس و وڵفی پێوە بوو و دەوراندەوری بە دروشمی sapere aude ڕازابووەوە.

[5] ) (naturaliter majomnes) واتە لە ڕووی جەستەوە پێگەییشتوو و گەورەیە، بەڵام لە ڕووی هزرییەوە هێشتا ناپێگەییشتوو و بچووکە.

[6] ) (Gangelwagen) سەوەتەیەکی تایەدارە کە منداڵی تێ دەخەن هەتا پێ بگرێ.

[7] ) (Publikuum) لە بەرامبەر تاک (Individuum) بە واتای ئەو مرۆڤانەی کە لە یەک شوێن، ناوچە یا وڵاتدان. لە سەدەی هەژدەیەم ئەم زاراوەیە لە جیاتی چەمکی ئەمڕۆیی (Offentlichkeit) (= بابەتی گشتی) بەکار دەچوو. یۆهان کریستۆف ئادلۆنگ (J.C.Adelung) ئەم چەمکە بەم جۆرە پێناسە دەکات: ١) ئاپۆرەی ئەم مرۆڤانەی کە لە شوێنێکی گشتیدا کۆ بوونەتەوە؛ ٢) هەموو خوێنەرانی نووسەرێک؛ ٣) هەموو ئەو هاوچەرخانەی کە لەگەڵ ئێمەدا دەژین.

[8] ) (Selbstdenkend) لە چەمکە سەرەکییەکانی وتارەکەی کانتە. مەبەست ئەو کەسانەیە کە خۆیان لە پەیڕەوکردنی ڕێسا و بڕیارە پێشوەختەکان دەبوێرن و، یان لە ڕێگه‌ی بەکارخستنی زانین و فامی خۆیان و بە “خۆبیرکردنەوە” کە ئامانجی بوونی مرۆڤە، دەست بە ڕۆشنگەری لە کاروباری جیهاندا دەکەن.

[9] ) (Voruteil) ئەم زاراوەیە پتر بە “پێش-دادوەری” وەرگێڕدراوە و، هەندێ جاریش بە زانستی پوخت و ئەوانی تر. پێش-دادوەری، سەرەڕای هاوتابوونی ڕواڵەتیی لەگەڵ هاوتا ناوەڕۆکییەکەی لە زمانە ئەورووپییەکان ) Vor-Uteil لە ئەڵمانی، Pre-Judgment لە ئینگلیزی، Pre-Jugment لە فەرەنسی)، دۆخی واتاییی ئەم زاراوەیە لە زمانە ڕەسەنەکانی خۆی ناگەیەنێت. ئێمە لێرەدا وامان بە باش زانی، بە “دادوەریی ناپوختە” وەری بگێڕین. (وەرگێڕی فارسی).

[10] ) der offentilche Gebrauch seiner Vernunft ( ئەو کەڵکەیە [  = بەکارخستن ] کە کەسێک لە پێگەی “کەسیی خۆی” و بە سیفەتی خاوەنزانست لە بەرامبەر گرووپی خوێنەرانیدا لە ئەقڵی خۆی وەری دەگرێت.

[11] ) مەبەست فردریکی گەورە، ئیمپراتۆری پرووسە.

[12] ) Privatgebruach ( ئەو کەڵکوەرگرتن=بەکارهێنانەیە کە کەسێک لە پێگەی بەرپرسێکی کارگێڕیی –بۆ وێنە ئەفسەر، فەرمانبەری فەرمانگە، یان قەشە- لە ئەقڵی خۆی دەیکات).

[13]. Gelehrter

[14]. Passiv

[15] ) Symbol  (لە چەمکی زانستی کەلامی مەسیحی، بەو بنەمایانە دەگوترێ کە قبووڵکردنیان نیشانەی باوەڕهێنانی باوەڕدارانە بەو ئایینزایەی کە مەبەستێتی).

[16] ) (Klassis) ئەنجوومەنی کەلیساکان لە هۆڵەندا کە لە کاروباری ئایینییدا مافی یاسادانانی هەیە.

[17]. Einrichtung

[18]. Caesar non est supra Grammaticos.

[19] ) ئاماژەیە بۆ گەشەکردنی کاری ڕۆشنگەریی لە سەردەمی پاشایەتیی فردریکی گەورە.

[20]) ئاماژەیە بە ژۆلین ئۆفرای دولامێتری (٥١- ١٧٠٩) و کتێبەکەی مرۆڤ-ماشین (L’homme-machin)، لیدن، ١٧٤٨.

* ئەمڕۆ، کە سیی مانگی سپتەمبەرە لە هەواڵە هەفتانەکانی بووشینگ (2)  لە ڕێکەوتی سێزدەی ئەم مانگە، ڕاگەیەندراوێكم خوێندەوە کە وەڵامی بەڕێز مندلسزۆن هەر بۆ ئەم پرسیارە لە ژمارەی ئەم مانگەی برلینیشە موناتسشریفت بڵاو دەبێتەوە. هێشتا ئەو وەڵامە بە دەستی من نەگەییشتووە و ڕەنگە لەو حاڵەتەدا لە ناردنی ئەمەیش خۆم دەبوارد. ئێستا ئەم نووسینە تەنیا بۆ ئەم ئەزموونە بەکار دێت کە بڕوانین دەستی ڕێکەوت، تا کوێ دەتوانێ هاوڕایی و هاوجۆرێتی بەدیاری بێنێت.

2) ئەو بڵاوکراوەی کە کانت لە پەراوێزی وتارەکەی بە ناوی هەواڵە هەفتانەکانی بووشینگ ناوی لێ دەبات، بە درێژاییی ساڵانی ٨٦-١٧٧٣ لە لایەن ئانتۆن فردریش بووشینگ (٩٣-١٧٢٤) لە بەرلین بڵاو دەکرایەوە.

image_pdfimage_print