پێنووس
A vertical closeup shot of a peacock walking on the ground with its tail open

شەش پڕەنسیپ بۆ گەشە و بەهێزكردنی خاكەڕایی لە سەركردەكاندا

نووسەران: جێفری گێدمین* و جان دێم

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: تەحسین تەها

چ ڕوومان لە قەڵەمڕەوی بازرگانی بێت یان سیاسەت، لە دونیای وەرزشدا بین یان ڕابواردن و نومایش، گومانی تێدا نییە كە ئێمە لە سەردەمی خۆدەرخستندا بەسەر دەبەین. سەردەمێك كە ناوبانگ شان لە شانی سەركەوتن دەدات و پەنجەنیشانبوون (تابلۆبوون) مەزهەبێكی سەربەخۆیە. هەر ئەوەشە هانمان دەدات كە سەری خۆمان بە بای ترسناكی خۆویستی پڕ بكەین.

تۆماس چامۆرۆ- بلەید میوزیك، ئوستادی دەروونناسیی بازرگانی لە زانكۆی لەندەن جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە بەزۆری تانە و تەشەر (قسەڕەقی) و دەنگی نێر و غەریزەی نێرینەی ئالفا، یا پیاو-سالاری، لەگەڵ لێوەشاوەیی یا كاراییدا (هیچ نەبێ‌ بۆ ماوەیەكی كەم) بەهەڵە وەردەگرین. ڕەنگە هەر بەم هۆیە بێت كە ئەم هەموو پیاوە (ناكارامە)یە لە دەستگەیشتن بە پۆستە كارگێڕی و سەركردایەتییەكاندا وەپێش ئافرەتان دەكەون.

بەڵێ‌ چ زۆرن ئەو كتێب، وتار و توێژینەوانەی كە لە مەترسییەكانی هۆبریس یان خۆبەزڵزانین (تكبر) ئاگادارمان دەكەنەوە. هۆبریس وشەیەكە لە ڕەگی یۆنانی، بەمانای لەخۆباییبوون (غرور) و خۆبەزڵزانینی لەڕادەبەدەر. بەگشتیش كاتێ‌ ئەوانەی لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتدان لە هەڵسەنگاندنی تواناكانی خۆیاندا یەكجار موبالەغە دەكەن، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هیچ پەیوەندییەكیان بە واقیعەوە نییە.

بەڵێ‌، زۆرێك لە ئێمەمانان ئەوەشمان بینیوە كە چۆن پێچەوانەكەی، واتە خاكەڕایی، ئەمەگداری دەهێنێ‌ و یارمەتیدەرە بۆ دروستكردن و پتەوكردنی كاری بەكۆمەڵی بنیاتنەر و هەماهەنگی كارمەندان و، هەروەها جێگۆڕكێی كارمەندان كەم دەكاتەوە. جیم كالینز لە كتێبی “لە مامناوەندەوە بۆ بەرز” كە پڕفرۆشترین كتێبی ساڵی 2001 بوو، ئاماژە بە زۆر خاڵ سەبارەت بە بەڕێوەبەران دەدات، كە خاكەڕایییان دەنواند و سەركردایەتیكردنی خۆیان بەبێ‌ دەنگ و فەنگ و هێواش و، نەك بەشێوەی كاریزماتیك و موگناتیسی، بەكار دەهێنا.

لەگەڵ ئەوەشدا وا دێتە پێش چاو خەسڵەتی خاكەڕایی لە بەرنامەكانی گەشەپێدان و بەهێزكردنی سەركردەكاندا پشتگوێ‌ خرابێت و ئەم خەسڵەتە لەچاوی ئەو بەڕێوەبەرانەی كە لە چینەكانی خوارەوە هاتوون زۆربەی جار دەبێتە هۆی بەدحاڵیبوون. بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە چیمان پێ دەكرێ‌؟

یەكەم، با چەند شتێك ڕوون بكەینەوە. خاكەڕایی بەواتای میواندۆستی، ئەدەب، یان ڕەفتاری میهرەبان و دۆستانە نییە. خاكەڕایی هیچ پەیوەندییەكی بە ترسنۆكی و لاوازی و بێئیرادەیییەوە نییە. سەیر لەوەدایە كە پێویستیی بە دووركەوتنەوە لە ناوبانگ و پڕوپاگەندەش نییە. گەشانەوە و سەركەوتنی كۆمپانیاكان قەرزاری بازاڕكاران و بەتایبەت ئەو بازاڕكارانەیە كە خۆیان دەردەخەن. توێژینەوەكان پیشان دەدەن كە كێشە و گیروگرفتە جیددییەكان كاتێ‌ دێنە پێش كە حاڵەتی تاكگەراییی توند ئاوێتەی خۆشەیدایی یا نارسیسیزم دەبێت. (نارسیسیزم-یش لە پەیڤێكی تری یۆنانییەوە هاتووە كە دەگەڕێتەوە بۆ نارسیس-ی نیمچە خوا، كە بە بینینی ڕوخساری خۆی بووە عاشقی خۆی.)

خۆشەیدایی ئاوێتەیەكە لە هەستێكی موبالەغەئامێز لەبارەی تواناكان و دەستكەوتەكانی خۆی، هاوڕێ‌ لەگەڵ پێویستییەكی بەردەوام بە بایەخپێدان، پشتگیری و پێداهەڵگوتن. لەكاتێكدا كە دەكرێ‌ هەر كەسێك كە ڕەفتارێكی خۆپەسنانەی هەیە بە تۆزێ‌ چاوپۆشینەوە لەژێر ئەم مۆركە پێناسە بكرێ،‌ بەڵام بەڕای دەروونناسان، خۆشەیدایی سەبارەت بە هەندێ‌ كەس، جۆرێكە لە شێوانی كەسێتیی ڕواڵەتی و بۆ هەندێكی دیكەش كۆسپێكی ڕاستەقینەیە لە ڕێگەی بەرقەراركردنی پەیوەندیی تەندروستدا. تاكی خۆشەیدا (نارسیسیست) لە هەستی خۆئاگایی و هاودڵی (دڵسۆزی) بێبەشە. بەتوندی لە ڕەخنە یا ناڕەزایەتی دەڕەنجێ‌. ژن یا پیاوی خۆشەیدا زۆر جار كارەكانی خۆی بە پێداهەڵگوتن و ستایشكردنی موبالەغەئامێز بەڕووی خەڵكیدا دەدات و لە زۆر كاروباری جیاجیادا بانگەشەی “پسپۆڕی” و شارەزابوون دەكات. ئەگەر ئێوە لە دامەزراوەیەكدا كار دەكەن كە سەرۆكەكەی خەسڵەتی ئاوا لەخۆی پیشان دەدات، حەتمەن كارەكەتان زەحمەتە. (با كۆمپانیاكان و لیژنەكانی دامەزراندنی بەڕێوەبەر سەرنجی لێ بدەن.)

بەڵام سەرتر لە دامەزراندنی حاڵەتی ئاوا موبالەغەئامێز و یان وەپێشخستنیان، ئایا دامەزراوەكان دەتوانن و دەبێ‌ هەوڵ بدەن لە ئاستەكانی سەركردایەتیدا خاكەڕایییەكی زیاتر گەشە پێ‌ بدەن؟ ئەم ئامانجە لە چوارچێوەی بەرنامەیەكدا بۆ گەشەپێدانی سەركردەكان چۆن شێوە دەگرێت؟ بۆ دەستپێك پێشنیار دەكەین كە بەرنامەیەكی وانەخوێندن بە شەش پڕەنسیپ بخرێتەڕوو. ئەگەر ئێوە سەركردەیەكن كە لە گەشەكردندان، دەبێت وانەكانی خوارەوە فێر بن:

بزانن كە زۆر شت نازانن

لەبەرامبەر دنەدانی وەكو “ئوستادی جیهان”بووندا خۆڕاگر بن. دەكرێ‌ لە بوارێكدا شارەزا بن، بەڵام وەكو سەركردەیەك ئێوە بەپێی پێناسەكە، با تێڕوانینێكی گشتیتان هەبێت. پشت بەو كەسانە ببەستن كە لێهاتوویی و لێوەشاوەییی پێویستیان هەیە. لە قبووڵكردنی بیروڕاكان و پێدانی نوێنەرایەتیدا، وەختناس بن.

لەبەرامبەر عیشق بۆ پڕۆپاگەندەی خۆتان خۆڕاگر بن

هەموومان ئاواین. چ لە نووسینی بابەتێك بۆ چاپەمەنییەكان بێت و چ بمانەوێ‌ خۆمان هەڵسەنگێنین. زۆرترین جەخت لەسەر سەركەوتنی خۆمان دەكەینەوە. پاشانیش ئاسان و ڕەوان لەبیر دەكەین كە ڕاستییەكە ئەوەندەش كە پیشانمان داوە بێ‌ كەموكوڕی نەبووە. خواردنەوە بەخۆشیی سەركەوتنێك بێگومان دڵخۆشكەرە. بەڵام زۆر خواردنەوە مەستی و سەرخۆشی دەهێنێت. بینین لێل دەكات و داوەری و بڕیاردان عەیبدار دەكات.

هەرگیز ڕكابەر و ڕكابەرێتی بە كەم مەزانن

لەوانەیە مرۆڤێكی زیرەك، بەرزەفڕ و چاونەترس بن. بەڵام جیهان پڕە لە مرۆڤی پسپۆڕ و تێكۆشەر و داهێنەر و زیرەك. بە تەسەوڕی ئەوەی كە ئەوان و داهێنانەكانیان مەترسییەكی ئەوتۆ نین بۆ ئێوە، گاڵتە بە خۆتان مەكەن.

گیانی خزمەتكردن لە خۆتاندا دروست بكەن و بەهێزی بكەن

كارمەندان بەخێرایی هەست بەوە دەكەن كە سەركردەكانیان خۆیان بۆ یارمەتیدان لەپێناو سەركەوتنی ئەوان تەرخان دەكەن یا لەسەر حیسابی ئەوان بۆ سەركەوتنی تاكەكەسیی خۆیان تێدەكۆشن. كڕیاران و موراجیعەكانیش بە هەمان شێوە.

گوێ‌ بگرن. تەنانەت (و، بەتایبەت) بۆ بیروباوەڕی سەیروسەمەرە

تەنیا كاتێ‌ گوێ‌ بۆ قسەی ئەوانی تر بەڕاستی شل دەكەن كە لەو باوەڕەدا نەبن ڕای خۆتان لە خەڵكی تر باشترە یا دەتوانێ‌ باشتر بێت. بەڵام گەواهێكی پتەو بۆ ئەم كارە بوونی هەیە: داهێنەرانەترین و بەهادارترین بیروڕاكان بەگشتی لە دەستی چەپەوە دێنە قسە. لە كامەندێكەوە كە تۆزێ‌ سەیروسەمەرە دێتە پێش چاو و لەوانەیە لە دامەزراوەكەتاندا پۆستێكی بەرزیشی نەبێت.

زەوقی پەیجۆریتان هەبێت

بەردەوام بەدوای زانستە نوێیەكان و زانینیاندا بڕۆن. لە پەیجۆری سەبارەت بە كەسانی دەوروبەریشتان خافڵ مەبن. توێژینەوەكان هەندێ‌ پەیوەندییان لەنێوان پەیجۆری و زۆر لە سیفەتە پۆزەتیڤەكانی سەركردایەتیدا (وەكو زیرەكیی عاتیفی و كۆمەڵایەتی) دۆزیوەتەوە. بە گوێی هۆش و زیرەكی گوێ‌ لەم قسەیەی ئەنیشتاین بگرن:”من هیچ بەهرەیەكی تایبەتم نییە. تەنیا بەشێوەیەكی پڕ جۆش و خرۆش پەیجۆرم”.

ناتوانین ئەوە وێنا بكەین كە كەسێك كە ئەم شەش پڕەنسیپە بزانێ‌ و بەدڵ وەریانگرێ‌، سەركردەیەكی باش نەبێت.

بەڵام لە هەمان كاتدا، لەوێوە كە ڕەنگبێ‌ ڕێكخراوەكەتان هێشتا بەنیازی ئەوە نەبووبێت یارمەتیی سەركردەكانی بدات بۆ بەدەستهێنانی ئەم خۆوە زەینییانە، بەوپەڕی خاكەڕایییەوە دوو پێشنیاری خاكەڕایانە دەخەینە بەردەمتان.

یەكەم: خۆتان ناچار بە تاووتوێكردن (دیراسە)یەكی 360 پلەیی بكەن. وەرگرتنی بیروڕای بێناوی ئەو كەسانەی لە دەوروپشتی ئێوەن دەتوانێ‌ ئاوێنەیەك لەبەرامبەرتاندا بگرێ‌ كە حەزتان لێ‌ نەبێ‌ تەماشای بكەن. بەڵام هەروەك ئان لێندێرز نووسیویەتی:

“ستایشكردنی سەگەكەتان وەك گەواهێكی ڕاستگۆ وەرمەگرن لەسەر ئەوەی كە مرۆڤێكی نائاسایین”.

ڕاوەرگرتنی 360 پلەیی دوو سوودی هەیە: دەردەخات كە تا چ ڕادەیەك درك و تێگەیشتنی ئێوە بۆ سەركردایەتیكردنی خۆتان، جیاوازە لە تێگەیشتنی ئەوانی تر. (لە سەركردایەتیشدا، درك و تێگەیشتن هەمان واقیعن). ئەوەی تریش ئەوەیە كە مێتۆدێكی كردەییی بەنرخ لە بەدەستهێنانی بیروڕاكان و، گۆڕینی ڕەخنەكان بۆ بەرنامەیەك بۆ گەشە و پەرەپێدان، دەخاتە بەردەستتان.

دووەم: ئەوەی كە ڕاهێنەرێك بگرن. هەموومان خاڵی كوێرمان هەیە. ناشبێ‌ لە وەرگرتنی یارمەتی بۆ نەهێشتنیان شەرمەزار بین. ڕاپۆرتەكانی بڵاوكراوەی ئینتێرنێتیی “فەست كۆمپانی” پیشان دەدات كە لەسەدا 43 ی سەرۆكەكانی دەستەی بەڕێوەبردن و لەسەدا 71 ی بەڕێوەبەرە باڵاكانی جێبەجێكار دەڵێن كە لەگەڵ ڕاهێنەرێكدا كاریان كردووە. لەسەدا 92 ی ئەو سەركردانەش كە لەگەڵ ڕاهێنەرێكدا كاریان كردووە دەڵێن بەنیازن بۆ جارێكی تر لەگەڵ ڕاهێنەردا كار بكەن.

بڕیار بدەن كە خاكەڕایی لە خۆتاندا بەهێز بكەن و هێزەكەی لە دەوروبەری خۆتاندا ببینن و ستایشی بكەن. لە سەردانێكدا كە بەم دوایییە بۆ لۆس ئەنجلێس كردمان، سەرۆك و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یەكێ‌ لە ستۆدیۆ سەرەكییەكانی هۆلیۆد بە زیاتر لە 20 پسپۆڕی پڕۆفیشناڵ و قوتابیی زانكۆ باسی لە ئەزموونی خۆی كرد. جەختكردنەوە و ڕاسپاردەی ئەم سەركردەیە بۆ ئەندامانی گرووپەكە چی بوو؟ ئەو سەبارەت بە شكستەكان، لاوازییەكان و خاڵە كوێرەكانی خۆی قسەی كرد و گوتی چۆن چۆنی هەر لەمانەوە فێر بووە و سەركەوتنی بەدەست هێناوە و هەر كە ئەو بەو شێوازە باسی خۆی كردبوو بە قووڵی كاریگەریی خستە سەر گرووپەكە. قسەكانی ئەو باوەڕبەخۆبوون، ڕاستگۆیی و ئەقڵمەندیی بۆ ئەوانی تر دەگواستەوە.

ئەو نموونەی واقیعیی سەركردەیەك بوو كە دامەزراوەكانمان دەبێت لە گەشەپێدان و پەروەردەكردنیدا تێ‌ بكۆشن. ئەو سەركردەیەی كە دەزانێ‌ باشتر وایە ئێستاكە لەخۆیدا خاكەڕایی بەهێز بكات نەك ئەوەی دواتر ناچار ببێت تامی داوای لێبووردن و سووكایەتی بچێژێت.

سەرچاوە: https://ir.voanews.com

تێبینی:

* جێفری گێدمین سەرۆكی دامەزراوەی لێگاتوم و سەرۆكی پێشووی ڕادیۆ ئەورووپای ئازاد.

image_pdfimage_print