نووسەر: جۆزێف نای
وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: ته‌حسین ته‌ها
“جۆزێف نای” (Joseph Nye)، تیۆریسیه‌نی جه‌نگی نه‌رم و دیپلۆماسیی گشتی، له ڕێكه‌وتی 20ی ژوئه‌ن (حوزه‌یران)ی 2010 له یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانیی ئه‌نجومه‌نی بریتانیا به ناوی “هێزی نه‌رم و دیپلۆماسیی گشتی له سه‌ده‌ی 21” وتارێكی پێشكه‌ش كرد.
له گه‌ڕانه‌وه بۆ له‌نده‌ن و دیداری دۆستانی دێرینم خۆشحاڵم. ده‌بێ بڵێم، له‌وه‌ی كه هه‌ندێكتان هاتنه لای من و گوتتان ئه‌گه‌ر باسی مشتومڕئامێز بهێنمه گۆڕێ، دانیشتنه‌كه به‌جێ دێڵن، تووشی شۆك بووم. پێویسته سه‌ره‌تا سوپاسی ئه‌و لوتفه‌تان بكه‌م كه له ناساندنی مندا نیشانتان دا. ئه‌مه ئه‌و ڕۆژگاره‌م وه‌بیر دێنێته‌وه كه منداڵانم كه‌مته‌مه‌ن بوون و، كاتێ كه كه‌سێك په‌یوه‌ندیی به ماڵمانه‌وه ده‌كرد و ده‌یپرسی: “به‌ڕێز نای له‌وێیه؟” ئه‌وان له وه‌ڵامدا ده‌یانگوت: “به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌و، ئه‌و شته نییه كه به كه‌ڵكی ئێوه بێت.”
چه‌مكێكی ئه‌كادیمی
حه‌زم ده‌كرد ئه‌مشه‌و سه‌باره‌ت به هێزی نه‌رم و دیپلۆماسیی گشتی قسه‌تان بۆ بكه‌م. بینینی چۆنێتیی به‌لووتكه‌گه‌یشتنی چه‌مكێكی ئه‌كادیمی، زۆر سه‌رنجڕاكێشه. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌م كاتێ كه له ساڵی 1990 خه‌ریكی نووسینی په‌رتووكێك بووم، داڕشت؛ له‌و په‌رتووكه‌دا هه‌وڵم ده‌دا ڕوونی بكه‌مه‌وه كه بۆچی به ڕای من ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان به‌ره‌و نه‌مان نا‌چێت. هێزی سه‌ربازی و ئابووریم بۆ باسه‌كانم زیاد كرد، به‌ڵام وا هه‌ستم ده‌كرد شتێك كه‌مه. به‌شه ونبووه‌كه، توانای وڵاتێك بوو له گه‌یشتن به خواسته‌كانی خۆی له ڕێگه‌ی ڕاكێشكردن (جاذبیة)، نه‌ك به‌كارهێنانی زه‌بروزه‌نگ و سزادانه‌وه. من ئه‌م ڕاكێشكردنه‌م ناو نا “هێزی نه‌رم”.
هێزی نه‌رم چه‌مكێكی نوێ نییه و هه‌مان ڕه‌فتاری مرۆیییه. هه‌روه‌ك مارتین گوتی، ئه‌نجومه‌نی بریتانیا دۆزیویه‌تییه‌وه و له ساڵی 1934ه‌وه تاكوو ئێستا به‌باشی به‌كاری هێناوه و، ئێستاكه له حه‌فتا و پێنجه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا، ئاهه‌نگی بۆ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه گێڕاوه. ئه‌وه‌ی كه هیلاری كلینتۆن هێزی زیره‌ك (Smart Power)، یان تێكه‌ڵه‌ی هێزی ڕه‌ق و نه‌رم به سیاسه‌تێكی نوێ ناو ببات، زۆر شتێكی سه‌رنجڕاكێشه. سه‌روه‌ختێك هۆ جینتائۆ، ڕووی كرده نوێنه‌رانی هه‌ڤده‌یه‌مین خولی كۆنگره‌ی چین و، گوتی كه پێویسته چین زیاتر له جاران له‌سه‌ر هێزی نه‌رمی خۆی وه‌به‌رهێنان بكات. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه‌دا هات، بۆ من زۆر سه‌رنجڕاكێش بوو.
هێزی نه‌رم و ڕه‌خنه‌گره‌كانی
١- چه‌ند حاڵه‌تێك له مێژووی سوپا: مرۆڤه ڕه‌شبین و به‌دگومانه‌كان، به بێناوه‌ڕۆك سه‌یری هێزی نه‌رم ده‌كه‌ن و، هه‌مووی له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان، بابه‌تی بێكه‌ڵك و له‌م جۆره شتانه‌دا به یه‌ك شت داده‌نێن. به‌م دوایییه له په‌رتووكێكدا خوێندمه‌وه كه “هێزی نه‌رم یه‌كێكه له‌و بیرۆكه جوانه ئه‌كادیمییانه‌ی كه له زۆرێك له تاقیكردنه‌وه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا، كه‌وتووه. هیچ كاتێك سوپاكان، ته‌نانه‌ت به هۆی قووڵترین ڕاكێشه‌رییه كه‌لتوورییه‌كانه‌وه نه‌وه‌ستێنراون.” لێ ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، ئه‌م بانگه‌شه‌یه سه‌رله‌به‌ری هه‌ڵه‌یه. نموونه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له ساڵی 1762 هه‌یه. كاتێ كه فرێدریكی مه‌زن (Frederick the Great) گه‌مارۆ درا و، نزیك بوو بشكێت، سیزارینا ئێلیزابێت (Czarina Elizabeth) مرد و، سیزار پیتێر (Czar Peter)ی كوڕی، له شوێنی دانیشت. ئه‌و ڕێزێكی زۆری له پیتێری مه‌زن ده‌گرت. پیتێر سوپای ڕووسیای بانگ كرد و فرێدریكیش هه‌ڵهات. ئه‌مه حاڵه‌تێكه، كه تێیدا كاریگه‌ریی هێزی نه‌رم له‌سه‌ر سوپا به‌ته‌واوی دیاره.
ئه‌گه‌ر چاو له جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م بكه‌ن، ده‌زانن كه یه‌كێ له‌و هۆیانه‌ی كه ئه‌مریكییه‌كان له جیاتی ئه‌ڵمانیا، بوونه هاوپه‌یمانی بریتانیا- و وۆدرو ویلسۆن له‌م ڕێگه‌یه‌دا زۆر هه‌وڵی دا- هێزی ڕاكێشه‌ریی بریتانیا بوو. ئه‌و مێژوونووسانه‌ی كه پڕژاونه‌ته سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه، ڕاشكاوانه ڕایان گه‌یاندووه كه هێزی نه‌رم له‌و ڕۆژگاره‌دا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زۆرێك له سوپا گه‌وره‌كان هه‌بووه.
٢- قۆرخنه‌بوون بۆ (تایبه‌تنه‌بوون به) ده‌وڵه‌ته یاریكه‌ره‌كان له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا
مه‌به‌ستی من له هێزی نه‌رم چییه؟
هێز، توانای كاریگه‌ریدانانه له‌سه‌ر ئه‌وانی تر بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئاكامی خوازراو. ئێوه ده‌توانن له سێ ڕێگه‌وه هێز به‌كار بهێنن: له ڕێگه‌ی هه‌ڕه‌شه، له ڕێگه‌ی ته‌ماحكردن، له ڕێگه‌ی ڕاكێشكردنه‌وه كه ئه‌وانی تر ناچار ده‌كات ئه‌وه‌ی خۆشتان ده‌وێ، ئه‌وانیش خۆشیان بوێ. ئه‌گه‌ر ئێوه بتوانن ئه‌وانی تر وا لێ بكه‌ن كه داواكه‌تان قبووڵ بكه‌ن، ده‌توانن به‌شێكی گه‌وره له سیاسه‌تی نه‌خوازراوی “گۆچان و گێزه‌ر” لا به‌رن. بۆیه به ڕه‌چاوكردنی ئه‌م بابه‌ته، هێزی نه‌رم شتێك نییه كه به ده‌وڵه‌تێكی تایبه‌ت، یان په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه تایبه‌ت و سنوورداركراو بێ. ئه‌م باسه، له هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤه‌كاندا ڕه‌وانه. یه‌كێ له ڕێگه‌كانی پراكتیكبوونی، ئه‌وه‌یه كه هێزی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و به‌لاڕێدابردن، جیهانییه.
٣- به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت (قۆرخكراو)، هێزێكی ئه‌مریكی نییه
هه‌ندێ كه‌س ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌م لێ ده‌گرن كه هێزی نه‌رم تایبه‌ت به ئه‌مریكا ده‌زانم، به‌و هۆیه‌ی كه قسه له‌سه‌ر هێزی نه‌رم و جیهانیبوونی ئایدیا ئه‌مریكییه‌كان ده‌كه‌م. به‌ڵام ده‌قاوده‌ق پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه. من له نووسینه‌كانمدا هه‌وڵم داوه كه ئه‌مریكییه‌كان له‌وه ئاگادار بكه‌مه‌وه كه ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی دروست سوود له هێزی ڕه‌قی خۆیان وه‌رنه‌گرن، له‌وانه‌یه هێزی نه‌رمی خۆیان بدۆڕێنن. جگه له‌وه‌یش، هێزی نه‌رم ته‌نیا له‌به‌رده‌ستی ئه‌مریكییه‌كاندا نییه. ئه‌م قسه‌یه‌یه‌ی من ڕه‌نگه ڕاچڵه‌كێنه‌ر بێت، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی، له‌و باوه‌ڕه‌دام “ئوسامه بن لادن” كه هه‌وڵی زۆر ده‌درێ بۆ ده‌ستگیركردنی (ئه‌م وتاره به‌ر له كوشتننی بن لادن نووسراوه- وه‌رگێڕ)، به ڕادده‌یه‌كی زۆر به‌رچاو خاوه‌نی هێزی نه‌رمه. ئه‌و، ئه‌و كه‌سانه‌ی ناچار نه‌كرد كه هێرش بكه‌نه سه‌ر دوو تاوه‌ره‌كه و، شتێكیشی نه‌دانێ. ئه‌و، ئه‌وانی ته‌نیا به په‌یامێكی تێكده‌رانه ڕ‌اكێشا، كه به هه‌ر حاڵ به نموونه‌یه‌كی باش بۆ جه‌نگی نه‌رم دێته هه‌ژمار. هێزی نه‌رم، ئه‌مریكی نییه. ته‌نیا فۆرمێكی دیكه‌ی هێزه.
٤- هێزی نه‌رم، هاوواتایه‌ك نییه بۆ كه‌لتوور
هه‌ندێ كه‌س له‌و باوه‌ڕه‌دان كه له‌وانه‌یه هێزی نه‌رم هێزێك بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده گرنگ نییه. بۆ نموونه نیال فرگوسن (Niall Ferguson)، هێزی نه‌رمی به‌رمه‌بنای كه‌لتوور وه‌سف كردووه و، پێی وایه كه ئه‌م هێزه، وزه‌یه‌كی نانه‌ریتییه؛ به بۆچوونی ئه‌و، ئه‌م هێزه “باش و نه‌رم” بووه، كه ئه‌م بانگه‌شه‌یه دروسته. ئه‌مه‌ی كه هه‌ندێ كه‌س پێڵاوی “نایك”یان له‌پێدا بێ و قه‌میسی “مایكڵ جۆرده‌ن”یان له‌به‌ر كردبێ، چه‌ك بگرنه ده‌ست و سێره‌تان لێ بگرن، خۆی له خۆیدا هێز دروست ناكات. ئه‌مه ڕه‌خنه‌یه‌كی په‌شۆكاو و بێ ئه‌سڵ و ئه‌ساسه كه فه‌یله‌سووفان به “هه‌ڵه‌بێژی (سه‌فسه‌ته)ی هه‌ڵگر” ناوی ده‌به‌ن.
له نێوان هێز وه‌كوو سه‌رچاوه- ئه‌و شته‌ی كه ده‌توانین سوودی لێ وه‌رگرین- و هێز وه‌ك ڕه‌فتاردا، جیاوازی هه‌یه. ئه‌م هه‌قیقه‌ته كه كه‌لتوور وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك به شێوه‌ی ئۆتۆماتیكی له هه‌موو دۆخێك‌دا توانای به‌رهه‌مهێنانی هێزی نییه، شتێك نییه جگه له هه‌ڵه‌بێژیی هه‌ڵگر. ئه‌مه‌یان ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به هێزی نه‌رمه‌وه نییه، به‌ڵكوو له‌باره‌ی گشت به‌شه‌كانی هێزه‌وه ڕاسته. بۆ نموونه له‌به‌رده‌ستدابوونی سوپایه‌كی گه‌وره له تانك، ڕه‌نگه سه‌ركه‌وتنی به‌دوادا بێت؛ هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر جه‌نگه‌كه له بیابان هه‌ڵبگیرسێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له زۆنگاودا ڕوو بدات وای لێ نایه‌ت. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی كه به‌گشتی بۆ پێوانی هێز به‌كار ده‌هێنین، ڕه‌فتاری هێز دروست ناكات، ئه‌مه به نۆره‌ی خۆی، ئه‌و ئه‌نجامانه به‌رهه‌م دێنێ، كه ده‌مانه‌وێ.
سه‌رچاوه‌ی هێزی نه‌رم
١- گرنگیی ئه‌وه‌ی كه به‌رده‌نگ (موخاته‌ب)ی ئامانج بیر له چی ده‌كاته‌وه
كاتێ كه سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ هێزی نه‌رمدایه، به‌پێچه‌وانه‌ی هێزی ڕه‌قه‌وه، ئه‌وه‌ی كه چی به مێشكی به‌رده‌نگی ئامانجدا تێ ده‌په‌ڕێ، زۆر بایه‌خ په‌یدا ده‌كات. به هێزی ڕه‌ق، ئه‌گه‌ر بمه‌وێ پاره‌كه‌ت بدزم، ده‌توانم بتكوژم و ده‌سبه‌جێ پاره‌كه‌ت وه‌چنگ بێنم. ئه‌وه‌یش كه تۆ بیری لێ ده‌كه‌یته‌وه هیچ گرنگییه‌كی نییه. به‌ڵام به هێزی نه‌رم، ئه‌گه‌ر بمه‌وێ پاره‌كه‌ت بدزم، پێویسته قه‌ناعه‌تت پێ بهێنم كه من مامۆستایه‌كی ئایینیم و، ئه‌گه‌ر هه‌ژماری بانكییه‌كه‌ت بده‌ی به من، جیهان ڕزگار ده‌كه‌م. لێره‌دایه كه ئه‌وه‌ی تۆ بیری لێ ده‌كه‌یته‌وه بایه‌خ په‌یدا ده‌كات. له ئه‌نجامدا، هێزی نه‌رم وه‌ك سه‌مایه‌كه كه پێویستیی به یاوه‌ریی شه‌ریكێك هه‌یه.
٢- كه‌لتوور
هێزی نه‌رم و ئه‌و میتۆدانه‌ی كه كه‌لتوور، ده‌توانێ له ڕێگه‌یانه‌وه ببێته مایه‌ی سوودلێوه‌رگرتنی هێزی نه‌رم، به ڕه‌چاوكردنی ناوه‌ڕۆك، به‌توندی گۆڕانی به‌سه‌ردا دێ. ساموێل هانتینگتۆن، هاوكاری پێشووی من له زانكۆی هارڤارد، به “پێكدادانی شارستانییه‌ته‌كان” گوزارشتی له دۆخی ئێستای جیهان كرد. بۆ نموونه ئه‌و، جه‌نگی نێوان ده‌وڵه‌تانی كۆنفوشیووسی له ڕۆژاوا، ئیسلام له ڕۆژاوا و، هاوشێوه‌ی ئه‌مانه‌ی پێشبینیی كرد. به‌ڵام من پێم وایه كه ئه‌مه ڕاڤه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبینین، شتێكی جیایه له پێكدادانی شارستانییه‌ته‌كان. به‌ڵكوو ته‌نیا جه‌نگێكی ناوخۆیییه له شارستانییه‌تێكدا، واته شارستانییه‌تی ئیسلام. جه‌نگی ناوخۆیی له نێوان به‌شێكی گه‌وره له موسڵمانان كه دژی كوشتوبڕی ژنان و مناڵانن و، گرووپێكی بچووكی تردا، كه شوێنكه‌وتووانیان ناچار ده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ بیروباوه‌ڕی سه‌ده‌ی حه‌وته‌م و، ئه‌وه‌ی كه چۆن ده‌بێت مه‌زهه‌بێك ڕێك بخرێت.
له‌م حاڵه‌ته‌دا، ئێوه ده‌توانن بڵێن كه كۆمه‌ڵێك كات و شوێن هه‌ن كه هێزی نه‌رم، ڕه‌نگه كاریگه‌رییان تێدا هه‌بێت یان نه‌بێت. جاری وایه ئه‌م حاڵه‌تانه به شێوه‌ی جوگرافی دیاری ده‌كرێن. بۆ نموونه ته‌ماشای ئێران بكه‌ن. هه‌ندێ له خه‌ڵك وای بۆ ده‌چن كه به هێزی نه‌رم، ئێمه هه‌رگیز ناتوانین بۆ لای ئێران ڕابكێشرێین، چونكه مه‌ودایه‌كی كه‌لتووریی قووڵ له‌م به‌ینه‌دا هه‌یه. ئێوه هه‌رگیز توانای ئه‌وه‌تان نابێت بۆ لای پیاوانی ئایینی ڕابكێشرێن. به‌ڵام ده‌توانن بۆ لای توێژی گه‌نجتر ڕابكێشرێن. له‌م ڕووه‌وه ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ی كه هێزی نه‌رم ڕۆژاوایییه و، مه‌ودایه‌كی كه‌لتووریی چاره‌نه‌كراو هه‌یه، به‌ئاسانی ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه.
٣- سه‌رچاوه ئابوورییه‌كان
سه‌رچاوه ئابوورییه‌كان ده‌توانن هه‌م هێزم نه‌رم و هه‌میش هێزی ڕه‌ق به‌رهه‌م بهێنن. ئابوورییه‌كی سه‌ركه‌وتوو و ڕووه‌و گه‌شه، ئامرازێك بۆ به‌كارهێنانی گه‌مارۆكان ده‌خاته به‌رده‌ستتان، به‌ڵام ده‌توانێ مۆدێلێك بێت و ئه‌وانی تر ڕابكێشێت.
٤- هێزی سه‌ربازی وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك
هه‌ر به‌م شێوه‌یه ده‌توانین بڵێین هێزی سه‌ربازی- كه وه‌كوو سه‌رچاوه‌ی هێزی ڕه‌ق گرنگیی هه‌یه- ده‌توانێت هێزی نه‌رمیش به‌رهه‌م بهێنێت. نموونه‌یه‌كی باش كه ده‌توانین له‌مباره‌یه‌وه ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین، هاوكاریی به‌په‌له‌یه به هایتی و ڕۆڵگێڕانی سه‌ربازه‌كانه تیایدا. نموونه‌ی تر سه‌باره‌ت به سۆنامیی ساڵی 2004ه له ئه‌ندۆنیسیا. ڕاپرسییه‌كان نیشانی ده‌دا كه له سه‌دا 75ی خه‌ڵكی ئه‌ندۆنیسیا، به چاوێكی ئه‌رێنی ته‌ماشای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن. كاتێ هێرشمان كرده سه‌ر عێراق، ئه‌م ڕیژه‌یه بۆ له سه‌دا 15 دابه‌زی. دوای ئه‌وه‌ی یارمه‌تیی لێقه‌وماوانی سۆنامیمان دا، ئه‌م ئاماره گه‌یشته له سه‌دا 45 و، سوپا- له ئه‌سڵدا هێزی ده‌ریایی- بوو، كه ئه‌م یارمه‌تییانه‌ی وه‌ڕێ خست. كه‌واته سوپا، ده‌توانێ وه‌كوو سه‌رچاوه‌یه‌ك، ڕه‌فتاری هێزی ڕه‌ق، یان ڕه‌فتاری هێزی نه‌رم به‌رهه‌م بهێنێت.
٥- ستراتیژیی حكوومه‌ت
ئێمه ده‌بێت له گرنگیی چۆنێتیی گۆڕینی هێزی نه‌رم بۆ ستراتیژییه‌كی حكوومی، تێ بگه‌ین. له هه‌ندێ ڕووه‌وه، ئه‌م كاره زه‌حمه‌تتره له هێزی ڕه‌ق و، كاتێكی زیاتری ده‌وێ. هێزی نه‌رم په‌یوه‌ندی به سه‌رچاوه‌گه‌لێكه‌وه په‌یدا ده‌كات، كه به‌ته‌واوی له ژێرده‌ستی حكوومه‌تدا نین. هه‌روه‌ها له هه‌ندێ بارودۆخدا، به‌ئاسانی ناتوانرێ سوود له‌م سه‌رچاوانه وه‌ربگیرێت. قه‌رار نییه به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیی كۆریای باكوور ڕابگرم و، كیم جۆنگ (Kim Jong ll) ڕازی بكه‌م به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی بوه‌ستێنێت. له لایه‌كی تره‌وه ئه‌گه‌ر بمه‌وێ سه‌باره‌ت به باشتركردنی مافی مرۆڤ یان بازاڕی ئازاد، كارێك ببه‌مه پێش، بێ گومان هێزی نه‌رم له هێزی ڕه‌ق باشتر ده‌بێت. ئێمه له‌و په‌شیمانییه‌وه كه جه‌نگی عێراق هێنای، دركمان به‌مه كرد.
چۆنێتیی كاركردنی هێزی نه‌رم
١- مۆدێله ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆكان
چۆنێتیی كاركردنی هێزی نه‌رم، له بنه‌ڕه‌تدا له‌ژێر دوو مۆدێلدا پێناسه ده‌كرێ: ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ. له مۆدێلی ڕاسته‌وخۆدا باسه‌كه له‌سه‌ر نوخبه‌كانه، وه‌ك حاڵه‌تی سیزار پیتێر و فرێدریكی مه‌زن. نوخبه‌یه‌ك بۆ لای نوخبه‌یه‌كی تر ڕاده‌كێشرێ و كارێكیان بۆ ده‌كات و، له‌م جۆره كارانه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا، زۆربه‌ی جاران كاركردنی هێزی نه‌رم له دوو مۆدێلی دوو قۆناغیدا ده‌دۆزینه‌وه. ئێوه تێ ده‌كۆشن، به مه‌به‌ستی كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر حكوومه‌تی وڵاتێك، كاریگه‌ری بخه‌نه سه‌ر ڕای گشتیی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و وڵاته. ئه‌مه میتۆدێكی ناڕاسته‌وخۆیه.
چه‌ند نموونه‌یه‌ك له ژینگه‌یه‌كی ناكارامه‌دا
هێزی نه‌رم ژینگه‌یه‌كی كارامه بۆ داڕشتنی سیاسه‌ت دێنێته كایه‌وه. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به نۆره‌ی خۆی، ئه‌گه‌ر بێت و به شێوه‌یه‌كی نه‌شیاو ئه‌نجام بدرێ، ده‌توانێ ژینگه‌یه‌كی ناكارامه دروست بكات. جه‌نگی عێراق له ساڵی 2003، ده‌توانێت نموونه‌یه‌كی باش بێت بۆ ئه‌م بانگه‌شه‌یه. بۆش به‌نیاز بوو تا چواره‌مین به‌شی هێزی پیاده له ڕێگه‌ی توركیا و باكووری عێراقه‌وه ڕه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته بكات. جه‌ماوه‌رێتی (شه‌عبییه‌ت)ی ئه‌مریكا له توركیا به‌توندی دابه‌زیبوو و، ئێمه هێزێكی نه‌رمی زۆرمان له‌كیس دابوو؛ تا ڕادده‌یه‌ك كه ته‌نانه‌ت به یارمه‌تیی زۆری هێزی ڕه‌قیش، نه‌مانتوانی له ڕێگه‌ی توركیا و باكووری عێراقه‌وه سوپا بۆ ئه‌وێ بنێرین. له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بینین، نه‌بوونی هێزی نه‌رم و هاتنه‌دیی ژینگه‌یه‌كی ناكارامه، ده‌ستوه‌ردانی هێزی ڕه‌قی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌ر له‌و ساته‌وه‌خته‌دا، بۆش هیوادار بوو كه هاوڕێكه‌ی، ڤیسێنت فاكس (Vicente Fox)، سه‌رۆككۆماری مه‌كسیك، له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا پشتی بگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هێرشكردنه سه‌ر عێراق شه‌رعییه‌ت وه‌ربگرێت. سه‌رۆككۆمار فاكس، هه‌ستی ده‌كرد له‌وێوه كه ئه‌مریكا به ڕادده‌یه‌كی زۆر هێزی نه‌رمی خۆی له مه‌كسیك دۆڕاندووه، ناتوانێ ئه‌و كاره بكات. ئه‌مه‌یشیان نموونه‌یه‌كی تر بوو له ژینگه‌ی ناكارامه، كه بایه‌خی ڕێڕه‌وه ڕاسته‌وخۆوه‌كه زیاتر له جاران تۆخ ده‌كات.
٢- هێرشی پێچه‌وانه
ئیمڕۆكه پسپۆران و شرۆڤه‌كارانی سه‌ربازی، زیاتر له ڕابردوو له گرنگیی هێزی نه‌رم تێ گه‌یشتوون. دكتۆرینێكی به‌ناوبانگ كه ئێستاكه له سوپای ئه‌مریكادا هاتووه‌ته ڕۆژه‌ڤه‌وه، پێی ده‌گوترێ “هێرشی پێچه‌وانه”. له‌م دكتۆرینه‌دا به مه‌به‌ستی دابینكردنی ئاسایش، هێزی ڕه‌ق به‌كار ده‌هێنرێ و، دوای ئه‌وه هێزی نه‌رم دێته مه‌یدان و درێژه‌ی كاره‌كه ده‌گرێته ده‌ست؛ له ڕێگه‌ی به‌رنامه‌ی وه‌ك هاوكاریی مرۆڤدۆستانه، یان دروستكردنی قوتابخانه و نه‌خۆشخانه‌كان و، له‌م جۆره هه‌نگاوانه. ئێوه ده‌توانن له ناوه‌ڕۆكی قسه‌كانی ژه‌نه‌ڕاڵ ده‌یڤید پترایوس (David Petraeus)دا ئه‌مه ببینن: “ئێمه له عێراق ڕاشكاوانه گوتمان كه ئێوه خه‌ڵك ناكوژن، یان به‌ره‌و شۆڕشێكی پیشه‌سازی ناڕۆن.” له فیلمی دیكۆمێنتاریی “ژووری كۆنترۆڵ”، په‌یامنێرێكی ئه‌لجه‌زیره ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه هه‌ر ژه‌نه‌ڕاڵێك كه ستراتیژییه‌كی په‌یوه‌ندیكارانه‌ی نه‌بێت، هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا ستراتیژیی نییه. ئێمه له سه‌رده‌مێكدا به‌سه‌ر ده‌به‌ین كه ڕۆژ به ڕۆژ گرنگیی ڕۆڵی هێزی نه‌رم ته‌نانه‌ت له سوپادا، زیاتر ده‌بێت.
به‌كارهێنانی هێزی نه‌رم له ڕێگه‌ی دیپلۆماسیی گشتییه‌وه
١- گرنگیی په‌یوه‌ندییه دوولایه‌نه‌كان
مه‌ترسیی تێڕوانینی میلیتاریزمی له ڕادده‌به‌ده‌ر و مه‌ركه‌زییه‌تی حكوومی، هه‌موو كاتێك له ئارادایه. له سه‌رده‌می زانیارییه‌كان، هێز به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو دابه‌ش بووه و، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕابردوو له حاڵه‌ته هیراركی (زنجیره پله)یییه‌كه‌ی كه‌م بووه‌ته‌وه. ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه په‌یوه‌ندییه دوولایه‌نه‌كان له زۆر حاڵه‌تدا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو، له فه‌رمانپێكردن كاریگه‌رتره. به‌شداربوویه‌كی گه‌نج له چیكۆسلۆڤاكیا له كۆنفڕانسی ساڵزبورگ له‌مباره‌یه‌وه قسه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌و گوتی: “ئه‌مه باشترین ڕاگه‌یاندنه، چونكه ڕاگه‌یاندن نییه.” من له‌و باوه‌ڕه‌دام نهێنیی سه‌ركه‌وتنی ئێمه له‌مڕۆدا، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پێویسته چۆن له‌باره‌ی دیپلۆماسیی گشتییه‌وه بیر بكه‌ینه‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌یه.
نموونه‌یه‌كی ساده‌م بۆ دیپلۆماسیی نه‌ریتیی كابینه خستۆته ڕوو. وای دابنێن ده‌وڵه‌تی ژماره 1، ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ژماره 2دا په‌یوه‌ندیی هه‌یه. كاتێ ده‌وڵه‌تی ژماره 1 هه‌وڵ ده‌دات تاكوو ده‌وڵه‌تی ژماره 2 بخاته ژێر كاریگه‌رییه‌وه، ڕاستییه‌كه‌ی سوود له دیپلۆماسیی گشتیی نه‌ریتی وه‌رده‌گرێ. هه‌رچه‌نده ئه‌م ڕه‌وته به‌م ساكارییه نییه. ئیمڕۆكه كۆمه‌ڵێك فۆرمی جیاواز له په‌یوه‌ندیی نێوان كۆمه‌ڵگه‌كان هه‌ن، كه یه‌كجار ئاڵۆزن.
٢- هه‌وڵدان بۆ وه‌ستاندنی به‌كارهێنانی مینه زه‌مینییه‌كان
هه‌وڵدان بۆ به‌كارهێنانی مینه زه‌مینییه‌كان، ده‌كرێ وه‌ك نموونه‌یه‌ك تاووتوێ بكرێت. یه‌كێ له‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌بوو، واته جۆدی ویلیامز (Jody Williams)، كه دواجار خه‌ڵاتی “نۆبل”ی برده‌وه، له ده‌ستپێكی ڕێگه‌كه‌دا ته‌نیا چالاكڤانێكی خوازیاری ئاشتی بوو. ئه‌وه‌ی تریان كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر به‌ناوبانگ بوو به ناوی پڕێنسس دایانا (Princess Diana)، كه توانیی سه‌رنجی ڕۆژنامه و میدیاكان بۆ لای خۆی ڕابكێشێت و، گشت ده‌سه‌ڵات و ئیعتیباری خۆی له‌م ڕێگه‌یه‌دا خسته گه‌ڕ. هه‌روه‌ها له‌م ڕێیه‌دا هه‌ندێ ده‌وڵه‌ت هه‌بوون، كه ناتوانرێ به هێزه باڵاده‌سته‌كانی دونیا ناو ببردرێن: كه‌نه‌دا، نه‌رویج، سوودان و هتد. ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه “تێكچنراو”ه له كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تان، به‌هێزترین سیسته‌می بیرۆكراسی، تاكه هێزی باڵاده‌ستی جیهان، واته “پێنتاگۆن”ی تێك شكاند. ئه‌م حاڵه‌ته، شێوازێكی زۆر جێی سه‌رنجی له داڕشتنی سیاسه‌تدا وێنا كرد.
٣- دیپلۆماسیی گشتیی “نوێ”
بابه‌تێك هه‌یه كه به ناونیشانی دیپلۆماسیی گشتیی “نوێ” باسی لێوه ده‌كرێت و، به‌گشتی له ئاستی كۆمه‌ڵگه‌كاندا شیاوی تاووتوێكردنه. زۆر گرنگه كه فۆكو‌س بخرێته سه‌ر ئه‌م ئاسته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نیا فۆكو‌س بخه‌نه سه‌ر ئه‌و ئاسته، له‌بیری ده‌كه‌ن كه ئه‌و شته‌ی كه گرنگه، وێنه‌ی گشتییه. دیپلۆماسیی گشتیی نوێ به‌شێكی گرنگه له‌و وێنه‌یه، به‌ڵام نه‌ك هه‌مووی.
٤- ڕكابه‌ریی گێڕانه‌وه (حه‌كایه‌ت)
له سه‌رده‌می زانیارییه‌كاندا له‌گه‌ڵ “پارادۆكسی فراوانی” (Paradox of Plenty) دا به‌ره‌وڕووین. زانیارییه‌كان به‌زیاده‌وه له‌به‌رده‌ستدان به‌ڵام سه‌رچاوه ده‌گمه‌نه‌كان، “سه‌رنج” و “ئیعتیبار”ن. ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه ئه‌مڕۆكه زۆرێك له سیاسه‌تداڕشتنه جیهانییه‌كان، له‌سه‌ر ئیعتیبار ڕكابه‌ری ده‌كه‌ن. له ڕووی نه‌ریتییه‌وه، هه‌میشه ده‌گوترا له سیاسه‌ته نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا یاریكه‌رێك سه‌ر ده‌كه‌وێ، كه سوپاكه‌ی سه‌ر كه‌وێت. ئه‌مڕۆكه‌یش ئه‌وه گرنگه كه كامه لایه‌ن سه‌ر كه‌وێ، به‌ڵام ئه‌وه‌یش كه سه‌ربورده و چیڕۆكی كامه لایه‌ن سه‌ر كه‌وێ، زۆر گرنگه.
٥- ئیعتیبار
به‌م پێیه به‌كارهێنانی هێزی نه‌رم، به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت سه‌خته. ئیعتیبار گرنگییه‌كی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و، ئه‌و ڕێگه‌یانه‌ی كه ئێوه ده‌توانن له‌م ڕكابه‌رییه‌دا بۆ سه‌رنجڕاكێشان، ئیداره‌ی ئیعتیباره‌كه بكه‌ن یاخود له‌ده‌ستی بده‌ن، تا ڕادده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ندیی به تواناتانه‌وه هه‌یه بۆ دروستكردنی ئه‌و ئیعتیباره.
٦- سێ ڕه‌هه‌ند له دیپلۆماسیی گشتی
یه‌كێكی تر له شێوازه‌كانی بیركردنه‌وه له‌باره‌ی دیپلۆماسیی گشتی ئه‌وه‌یه، كه وه‌كوو سێ بازنه‌ی هاوناوه‌ند یاخود سێ ڕه‌هه‌ندی جیاواز، وه‌كوو بووكه‌شووشه‌كانی ماتریۆشكای ڕووسی (Russian Matryoshka dolls) لێی بڕوانین. ناوه‌ندیترین بازنه و ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌ت كۆنترۆڵێكی زیاتری له‌سه‌ر هه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕۆژانه و په‌رچه‌كرداری خێرای له‌گه‌ڵدایه. ئه‌گه‌ر شتێك ڕوو بدات و ئێوه به‌خێرایی له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و حه‌كایه‌ته‌دا نه‌بن، كه‌سێكی تر ئه‌و فه‌زای زانیارییه پڕ ده‌كاته‌وه و، ئێوه تا هه‌تایه، ده‌بێ ڕۆڵی دۆڕاو بگێڕن. ئه‌گه‌ر ده‌نگۆیه‌كی پیس و چه‌په‌ڵ بره‌و بستێنێ، ده‌بێ هه‌میشه له دواوه بن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بزانن چۆن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه.
ڕه‌هه‌ندی دووه‌م، سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیی ستراتیژییه كه به شێوه‌ی مانگانه و ساڵانه و نه‌ك ڕۆژانه، هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ. له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا ئامانجه دیاریكراوه‌كان هه‌ن، له‌وانه: ڕێگه‌گرتن له بڵاو‌كردنه‌وه‌ی چه‌كی كۆكوژ، یان كۆنفڕانسی هه‌مواری په‌یمانی ڕێگه‌گرتن له چه‌كی كۆكوژ، یان كۆبوونه‌وه‌ی تاووتوێكردنی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا. هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌ندێ ڕێگه بدۆزنه‌وه تا له ده‌رگه‌یانه‌وه په‌یامێكی گونجاو و ناهاودژ ده‌ربهێنن. به‌شێك له‌وه له ده‌وڵه‌ته‌وه دێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام به‌شێكی گه‌وره‌تری، له لایه‌ن یاریكه‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
بازنه‌ی سێیه‌م، به‌ربڵاوترین بازنه‌یه. پێوانی، له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵ و ڕۆژ ئه‌نجام نادرێ، به‌ڵكوو “ده‌یه” بنه‌مای پێوانییه‌تی. له‌م ڕووه‌وه زۆربه‌ی جار به‌زه‌حمه‌ت ده‌پێورێ، به‌ڵام له هه‌ندێ ڕووه‌وه له‌چاو حاڵه‌ته‌كانی تر گرنگتره. ئه‌م بینایه، په‌یوه‌ندیگه‌لێكی پته‌و ده‌نه‌خشێنێ كه به‌دیهێنانی هه‌لومه‌رجی گشتیی هێزی نه‌رم به‌رهه‌ڤ ده‌كات و، تێیدا گرتنه‌به‌ری بڕیاره‌كانی سیاسه‌تدانان مومكین ده‌كات. ئێدوارد ئار موورۆ (Edward R Murrow)، سه‌رۆكی ئاژانسی زانیاریی ئه‌مریكا، كه له هه‌مان كاتدا په‌خشكه‌ره‌وه (بڵاكه‌ره‌وه)یه‌كی ناوداریشه، گوتی: “ئه‌گه‌ر بیر له پڕۆسه‌ی په‌خش بكه‌نه‌وه، تێ ده‌گه‌ن كه گرنگترین به‌ش، سێ هه‌نگاوی كۆتایییه. له‌م نێوه‌نده‌یشدا ئه‌وه په‌یوه‌ندیی ڕووبه‌ڕووی مرۆڤه‌كانه كه زیاتر له هه‌مووی بایه‌خی هه‌یه.” دڵنیابوون له‌وه‌ی كه له‌سه‌ر سێ هه‌نگاوی دوایی، وه‌به‌رهێنانێكی گه‌وره‌مان كردووه و وه‌ها په‌یوه‌ندیگه‌لێكیشمان ڕه‌خساندووه، زۆر ژیانییه.
٧- گرنگیی دروستكردنی په‌یوه‌ندییه درێژخایه‌نه‌كان
ئه‌نجامدانی، كارێكی ئاسان نییه و ئێوه هه‌موو كات دڵنیا نابن كه چی ده‌كه‌ن. نموونه‌یه‌كی جوانم له په‌رتووكه‌كه‌مدا له‌باره‌ی هێزی نه‌رمه‌وه نیشان داوه. له ساڵی 1958، ئه‌مریكییه‌كان و ڕووسه‌كان (یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت) به‌رنامه‌یه‌كی ئاڵوگۆڕی زۆر سنوورداریان خسته دانوستانه‌وه و، نزیكه‌ی 50 كه‌س، كه هه‌ر یه‌ك به ڕێگه‌ی خۆیاندا ده‌ڕۆیشتن، به‌شدارییان تێدا كرد. به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا زۆر نیگه‌ران بوون، كه ئه‌وانه‌ی له‌وێن، نه‌كا سیخوڕی كه‌ی. جی. بی بن و، له‌م جۆره نیگه‌رانییانه. یه‌كێ له نوێنه‌رانی سۆڤیه‌ت، كه‌سێك بوو به ناوی ئه‌لیكسانده‌ر ئاكۆلێف (Alexander Yakolev). ئه‌و له زانكۆی كۆلۆمبیا، به یاوه‌ریی پڕۆفیسۆرێك به ناوی ده‌یڤید ترومه‌ن (David Truman)، یه‌كێ له دیارترین نوێنه‌رانی پلۆرالیزم، ده‌یخوێند. یاكۆلێف پشتگیریی ئه‌م بیرۆكانه‌ی كرد و له سیسته‌می بیرۆكراسیی وڵاته‌كه‌ی به‌سه‌ر كه‌وت و، كاتێ كه نه‌وه‌ی گورباچۆف گه‌یشته ده‌سه‌ڵات، ئه‌و بووه پنتی سه‌رنجی گورباچۆف و، بووه هۆی فۆرمگرتنی دوو سیاسه‌تی پرێسترۆیكا (Perestroika) و گلاسنۆست (Glasnost). ئای له‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی سه‌رمایه! گه‌رچی دوو ده‌یه‌ی پێ چوو. كام نوێنه‌رتان بینیوه كه بۆ دوو ده‌یه له پۆستێكدا بمێنێته‌وه؟ له ئه‌مریكا به‌ده‌گمه‌ن ئه‌مه ڕوو ده‌دات. هه‌روه‌ها ئێوه نازانن كام یه‌ك له‌و 50 كه‌سه، مرۆڤێكی ڕاسته و كامه‌یان ئه‌و نییه. كه‌سێكی تر له هه‌مان گرووپدا، ڕاستییه‌كه‌ی سیخوڕی كه‌ی. جی. بی بوو، به‌ڵام ئێستاكه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه و لێره‌یه.
ئه‌مه نموونه‌یه‌كه كه دیاری ده‌كات كاتێ كه له‌مه‌ڕ دیپلۆماسیی گشتییه‌وه كاریگه‌رانه بیر ده‌كه‌ینه‌وه، بۆچی وه‌به‌رهێنان له بازنه‌ی سێیه‌مدا- سه‌رباری ئه‌وه‌ی پێوانی قورسه- زۆر ژیانییه. ئه‌مه‌یان تێڕوانینێكی جیاوازه بۆ ڕۆڵی دیپلۆماسیی گشتی. به‌م دوایییه به‌رپرسێكی پله‌به‌رزی پێشووی ئه‌مریكا پشتگیریی خۆی بۆ بۆردوومانكردنی ئێران ڕاگه‌یاندووه. ئه‌و گوتی: “تاكه ڕێگه‌یه‌ك كه ده‌توانێ به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران ڕابگرێت، بۆردوومانكردنی ئه‌و وڵاته‌یه.” هه‌واڵنێره‌كه له‌باره‌ی مه‌ترسیی به‌لاڕێداچوون و نامۆبوونی نه‌وه‌ی گه‌نجتری ئه‌و وڵاته پرسیاری كرد. ئه‌و له وه‌ڵامدا گوتی: “هیچ بایه‌خێكی نییه. ئێمه خه‌باتێكی دیپلۆماسیی گشتی ده‌گرینه به‌ر.” ئه‌م شێوازی بیركردنه‌وه‌یه له‌باره‌ی دیپلۆماسیی گشتی، سه‌رله‌به‌ری هه‌ڵه‌یه.
٨- تێڕوانینێكی جیاواز بۆ دیپلۆماسیی گشتی
ئێمه بۆ بیركردنه‌وه له دیپلۆماسیی گشتی، پێویستیمان به شێوازێكه كه ته‌واو جیاواز بێت. نابێت ته‌نیا له قاڵبی په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كاندا بیری لێ بكه‌ینه‌وه. كه‌سێك له‌مباره‌یه‌وه گوتی: “ناچاركردنی سوپا به ئه‌نجامدانی په‌یوه‌ندییه ستراتیژییه‌كان، تا ڕادده‌یه‌ك وه‌ك ئه‌وه وایه كه داوا له كرێكارێك بكه‌ین سه‌ركردایه‌تیی هێرشێكی ئاسمانی بكات، یان داوا له دیپلۆماتێك بكه‌ین نه‌خۆشخانه‌یه‌كی بیابانی به‌ڕێوه ببات.” پێویسته له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه كه‌لتوورییه‌كانه‌وه میدیای نوێ به دیپلۆماته‌كانمان بناسێنین، تا زانستێكی به‌ش به به‌ش و تێروته‌سه‌ڵ و خۆجێیی وه‌ده‌ست بهێنن و، چه‌ند ڕایه‌ڵه‌یه‌ك له په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپانه‌دا كه ئه‌وه‌نده دیار نین، دروست بكه‌ن. ئه‌مه شێوازێكی ته‌واو جیاوازه بۆ بیركردنه‌وه له‌باره‌ی دیپلۆماسیی گشتییه‌وه.
٩- په‌خش و په‌یوه‌ندیی چڕ‌وپڕ
وه‌ها نییه كه په‌خش و په‌یوه‌ندییه چڕوپڕه‌كان گرنگ نه‌بن؛ به‌ڵكوو زۆر گرنگن. ئیعتیباری په‌خش زۆر گرنگه. ناوبانگ و ئیعتیباری بی.بی.سی بۆ ئینگلته‌را، مایه‌ی دڵخۆشییه. نازانم ئێوه چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كیكوێت (Kikwete)، سه‌رۆككۆماری “تانزانیا”تان دیوه یان نه. له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا پرسیاریان لێ كرد كه به‌رنامه‌ڕێژیی ڕۆژانه‌ی چۆنه؟ ئه‌و گوتی كه ڕۆژه‌كه‌ی به گوێدان به هه‌واڵه‌كانی بی.بی.سی ده‌ست پێ ده‌كات و، دوای ئه‌وه گوێ بۆ هه‌واڵه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی تانزانیا ڕاده‌گرێت. ئه‌گه‌ر ئێوه بتوانن كارێكی له‌م جۆره بكه‌ن، ئه‌وا له به‌كارهێنانی هێزی نه‌رمی خۆتاندا زۆر سه‌ركه‌وتوو بوونه.
كرداری په‌خش هێشتایش گرنگیی خۆی هه‌یه. به‌ڵام یه‌كێ له سنووردارییه‌كانی په‌خش – ته‌نانه‌ت كاتێ وه‌ك بی.بی.سی باش بێت- ئه‌وه‌یه كه هه‌روا له ناوه‌ندێكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئه‌م په‌خشه هێشتا به شێوه‌ی ڕووبه‌ڕوو و په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه نییه. ئاگام له كار و هه‌نگاوه‌كانی بی.بی.سی، بۆ نموونه ئه‌و ویبلاگانه‌ی دروستی كردوو‌ن هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م ناوه‌ندێتی (مه‌ركه‌زییه‌ت)ه هه‌ر هه‌یه.
١٠- په‌یوه‌ندیی ڕایه‌ڵه‌یی
په‌یوه‌ندیی ڕایه‌ڵه‌یی، به ده‌سته‌واژه‌یه‌ك، جادده‌یه‌كی جووتسایده. په‌یوه‌ندییه‌كی ڕووبه‌ڕووه.
به‌هاكان له هه‌ر دوو لاوه جووڵه ده‌كه‌ن. په‌یوه‌ندییه‌كان و ئامانجه‌كان له بنه‌ڕه‌تدا خواسته‌كانی هه‌ردووكیان ده‌نوێننه‌وه. ئه‌مه بۆ هێزی نه‌رم زۆر گرنگه. ڕێكخراوه ناحكوومییه‌كان له‌م دیپلۆماسییه گشتییه نوێیه‌دا، نه‌رمییه‌كی زیاتر له خۆیان نیشان ده‌ده‌ن. كاتێ كه سیاسه‌تداڕێژییه‌كانی حكوومه‌ت، ده‌توانێ كاریگه‌ر بێت- بۆ نموونه ده‌توانێ یارمه‌تیی بره‌وپێدانی تۆڕ و ڕایه‌ڵه‌كان به درێژاییی سنووره‌كان بدات- هه‌وڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنیان زۆر ترسناكه.
من دڵنیام كه هه‌موومان كه‌سانێكین كه به عه‌ره‌بی وێبلاگمان نووسیوه و سوود له تویته‌ر وه‌رده‌گرین و، شتی له‌م بابه‌ته. ئه‌مانه هه‌موویان باشن، به‌ڵام كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره بۆ دیموكراسییه‌كان له ئارادایه. ئه‌گه‌ر وێبلاگنووسان شتێك بڵێن كه له ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌تدا بێت، ئه‌وسا چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا كه “له ئه‌فغانستان چی ده‌كه‌ین؟”، بابه‌تی ڕه‌خنه‌گرانه بنووسن، ئایا ئه‌مه نابێته هۆی كێشه‌یه‌ك له په‌رله‌مان یاخود كۆنگرێسدا؟ له ئه‌نجامدا حكوومه‌ت له نێوان ئه‌وه‌ی كه تا چ ڕادده‌یه‌ك گوشار بخاته سه‌ر جڵه‌وی كاروباره‌كان، یان تا كوێ به‌ڕه‌ڵڵای بكات، هه‌میشه له هاتوچۆدایه. خاڵی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یه: كاتێ كه ئه‌م پرسه بۆ سیاسه‌ته دیموكراتیكه ناوخۆیییه‌كان مه‌ته‌ڵ (لوغز)ێك بێت، ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی لێیه‌وه به‌رهه‌م دێن، زۆر گه‌وره‌ن.
١١- ڕه‌خنه‌گرتن له خۆ
ئه‌م ڕاستییه‌ی كه ئێمه ده‌توانین خۆمان بخه‌ینه ژێر ڕه‌خنه، به‌م واتایه‌یه كه ئیعتیبار به‌ده‌ست بهێنین. داهێنانی ئه‌م قه‌ڵه‌مڕه‌وه نوێیه، ئیعتیباره. ڕه‌خنه‌گرتن له خۆ، بۆ هێزی نه‌رم زۆر ژیانییه. كاتێ كه “هۆ جینتائۆ” گوتبووی كه چین حه‌ز ده‌كات، زیاتر له هێزی نه‌رمدا وه‌به‌رهێنان بكات، تا ئه‌و كاته‌ی كه په‌ره به‌م جۆره ئیعتیبار نه‌ده‌ن، له توانایاندا نابێت گشت ئامانجه‌كانیان بپێكن.
به‌م پێیه كۆمه‌ڵگه دیموكراتیكه‌كان خاوه‌نی ئه‌م خاڵه باشه‌ن، ئه‌گه‌ر ئێمه به قازانجی خۆمان یاری بكه‌ین. ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه ئێمه ده‌بێ ڕه‌خنه له خۆمان بگرین و، ڕێگه به گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بده‌ین ڕه‌خنه له حكوومه‌ته‌كانمان بگرن و، بیخه‌ینه پێش چاوی ئه‌وانی تره‌وه. له‌و دۆخه‌دا پارادۆكسی هه‌ڵقووڵاو له به‌كارهێنانی دیپلۆماسیی گشتی بۆ به‌رهه‌مهێنانی هێزی نه‌رم له سه‌رده‌می جیهانیی زانیارییه‌كاندا، ئه‌مه ده‌بێت كه لامه‌ركه‌زییه‌ت و كۆنترۆڵی كه‌مكراو، بۆ به‌رهه‌مهێنانی هێزی نه‌رم ڕۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌یه. زۆر ئه‌سته‌مه كه له حكوومه‌تدا ڕۆڵێك بگێڕن و، قرار بێت دژایه‌تیشی بكرێت، به‌ڵام پێویسته بزانن كه ئه‌زموون سه‌لماندوویه‌تی كه نهێنیی سه‌ركه‌وتنتان، هه‌ر ئه‌مه‌یه.
ئه‌نجامگیری
له ئه‌نجامدا هێز له چاخی جیهانیی زانیارییه‌كاندا، زیاتر له هه‌ر كاتێكی تر، به‌شێكی نه‌رمی ڕاكێشكردن له‌خۆ ده‌گرێ و، خاوه‌نی به‌شێكی ڕه‌قی هه‌ڕه‌شه و ته‌ماحكردنیشیه. ته‌نیا به‌شێكیان ناگرێته‌وه به‌ڵكوو هه‌ردووكی له‌خۆ ده‌گرێ. مه‌به‌ستی من له “هێزی زیره‌ك” (Smart power)، هه‌ر ئه‌مه‌یه. جاران وڵاتانی ئه‌تله‌سی، هێزی زیره‌كیان له ڕێگه‌ی جه‌نگی سارده‌وه و به موماره‌سه‌كردنی هه‌ر دوو هێزی ڕه‌ق و نه‌رم، به‌كار ده‌هێنا. هێزی ڕه‌قی ئێمه هێرشی سۆڤیه‌تی پووچه‌ڵ كرده‌وه، به‌ڵام ئه‌وه هێزی نه‌رمی ئێمه بوو كه پڕه‌نسیپه‌كانی كۆمۆنیزمی، له پشتی په‌رده‌ی ئاسنین ڕاگرت. ڕووخانی دیواری به‌رلین به هۆی تۆپخانه‌وه نه‌بوو، به‌ڵكوو به هۆی گورزی چه‌كوچه‌كان و بڵدۆزه‌ره‌كان بوو. ئه‌م ڕووداوه، نموونه‌یه‌كی زۆر گرنگه.
ئێمه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزمی سه‌روونه‌ته‌وه‌ییدا، وه‌ك هه‌نگاوه باشه‌كانی ڕابردوو كار ناكه‌ین، به‌ڵام قه‌رار وایه فێر ببین. قه‌رار وایه فێره توانای سوودوه‌رگرتن له جه‌نگاوه‌رانی هێزی زیره‌ك بین. هێزی ڕه‌ق له هه‌ندێ حاڵه‌تدا به‌كه‌ڵك دێت، به‌ڵام كاتێ كه قسه دێته سه‌ر “دڵ و مێشك”ی جه‌ماوه‌رێكی زۆر، هێزی نه‌رم ده‌كه‌وێته كار. له‌و دۆخه‌دا جه‌نگاوه‌رانی هێزی زیره‌ك، پێویستییان به دیپلۆماسییه‌كی گشتیی زیره‌كانه ده‌بێت. دیپلۆماسیی گشتیی زیره‌ك، به نۆره‌ی خۆی پێویستیی به‌وه‌یه له گرنگیی ئیعتیبار و ڕه‌خنه‌گرتن له خۆ و ڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م جۆره هێزه‌دا، تێ بگات.
ئه‌گه‌ر ئێمه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رده‌می به‌كارهێنانی پڕۆپاگه‌نده، نه‌ك به‌س له قه‌ناعه‌تپێهێناندا شكستمان هێناوه، به‌ڵكوو به‌ناچاری هێزی نه‌رمی خۆمان لاواز كردووه. هێزی نه‌رم، پشتی به تێگه‌یشتن له بیركردنه‌وه و زه‌ینییه‌تی ئه‌وانی تر به‌ستووه. باشترین دیپلۆماسیی گشتی ئه‌وه‌یه، كه له شه‌قامێكی جووتساید بچێت. زۆر سوپاس بۆ گوێگرتنتان.
سەرچاوە: