بەرهەمی هزری

نەتەوە چییە؟ بەشی چوارەم و کۆتایی

ئێرنێست ڕێنان

کۆنفڕانسی سۆربۆن، ١١/٣/١٨٨٢

وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: پێنووس   28, 03, 2019

سێیەم

نەتەوە ڕوح و بنەمایەکی سۆزدارییە. بەڕاستی، ئەم دوو شتە دەبن بە یەك. ڕوح لە ڕابردوودایە، بنەمای سۆزداری لە کاتی ئێستادایە. ڕوح پێکهاتووە لە ميراتێکی دەوڵەمەند لە یادگارییەکان کە هەمووان خاوەنی ئەم ميراتەن؛ بنەمای سۆزداری واته‌ ڕەزامەندبوون بە کاتی ئێستا، واته‌ خولیای پێکەوەژیان، واته‌ ئیرادەیەکە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی ئەو ميراتەی کە ماوەتەوە نابێت دابەش بکرێت. بەڕێزان، مرۆڤ هه‌ر لە خۆیەوە پەیدا نەبووە. نەتەوە هەروەک تاکەکان، بەرهەمی مێژووێکی دوورودرێژە لە هەوڵدان، قوربانی و دڵسۆزی. بيروباوەڕی باوباپيرانمان لە هەموو شتەکان ڕەواتر بووە؛ ئێمە باوباپيرانمان دروستیان کردووین. مێژووێکی ئازایانمان هەبووە، پیاوانی مەزن هەبوون، سەرکەوتنی تێدا تۆمارکراوە (سەرکەوتنە ڕاستەقینەکانم مەبەستە)؛ ئا ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتییەیه‌ کە بناغەی بيرۆکەی نەتەوەیە. هەبوونی سەرکەوتنە هاوبەشەکان لە ڕابردوودا، هەبوونی ئیرادەیەکی هاوبەش لە کاتی ئێستادا؛ کاری مەزنی هاوبەش ئەنجام درابێت، هەروەها کاری مەزنیتریش بەڕێوە بێت، ئا ئەمانەن مەرجە سەره‌کییەکانی بوون بە “گەل”ن. تا ڕاددەیەك ئەو قوربانیدان و ئازارانەمان خۆش دەوێت. ماڵێک دروست دەکەین خۆشمان دەوێ، کەچی کاتێک ئەم ماڵە لە دوای خۆمان خاوەندارییەکەی دەگوازرێتەوە، پێمان خۆشه‌. ئەو گۆرانییەی سپارتە، زۆر بەسانایی سرودێکی کورتکراوەیە بۆ هەموو نیشتمانێك کە دەڵێت: “ئێمە ئەوەین کە ئێوە دروستتان کرد؛ لە داهاتوویشدا دەبینەوە بە ئێوە.”

لە ڕابردوودا، یەک ميراتی سەرکەوتن و پەشیمانیمان هەبوو کە دەبێت دابەشی بکەین، با لە داهاتوودا بەرنامەی هاوبەشمان هەبێت کە دەبێت بەدەستی بهێنین؛ پێکەوە ئازارمان چەشت، پێکەوە دڵخۆش بووین، پێکەوە هیوامان خواست. ئەم شتانەی سەرەوە، باشترن لە یەکخستنی گومرگ و باشترن لە سنوورەکان کە لەگەڵ هزرە ستراتیژییەکان بگونجێت؛ ئەم شتەیە کە ئێمە تێی دەگەین سەرەڕای جیاوازیی ڕەچەڵەکەکان و زمانەکان. پێشتر گوتم ئایا ئازارتان پێکەوە چەشتووە؟ بەڵێ، ئازارە هاوبەشەکان زیاتر لە خۆشيیەکان خەڵك یەك دەخەن. سەبارەت بە یادگارییە نەتەوەیییەکان، خەمەکان باشترن لە سەرکەوتنەکان، چونکە سەرکەوتنەکان ئەرک دەسەپێنێت؛ خەمەکان یارمەتیی هەوڵ و تێکۆشانەکان دەده‌ن.

نەتەوە هاریکارییەکی مەزنە، لە ڕێگه‌ی هەستی قوربانیدانه‌وه‌ دروست دەبێت و پاڵنەره‌ بۆ ئەوەی زیاتر خۆت بەخت بکەیت. نەتەوە مێژووێکی هەیە؛ نەتەوە لە ئێستادا کارێکی بەرجەستەیە کە ئەمانەن: ڕەزامەندی، ئارەزووێكی ئاشکرا بۆ ئەوەی ژیان پێکەوە بەردەوام بێت. داوای لێبووردن دەکەم بۆ بەکارهێنانی ئەو خەیاڵەتە، هەبوونی نەتەوە ڕیفراندۆمێكه‌ هەموو ڕۆژێك دووبارە دەبێتەوە؛ هەروەکوو هەبوونی تاکەکان ئاماژەیەکی هەمیشەیییە بۆ بەردەوامیی ژیان. ئەها! دەزانم ئەوە خەیاڵاتەی من وەکوو یاسا خودایییەکان نییە، دەزانم ئەم قسەیەم لە مافە مێژوویییە باسکراوەکان توندتر نییە. لە زنجيرەی بيرکردنەوەمدا، نەتەوە ئەو پاشایه‌تییه‌ نەماوە کە ماف بە خۆی بدات بە هەرێمێك بڵێت: “تۆ بەشێکی لە من و، دەتبەم.” لە ڕوانگەی ئێمەوە، هەرێمێك بریتییە لە دانیشتووانەکەی؛ ئەو کەسەی مافی هەیە ڕاوێژی پێ بکرێت بریتییە لە دانیشتووانەکەی. نەتەوە هەرگيز گرنگی بەوە نادات هەرێمێك بۆ دەوڵەتێك زیاد بکات، یان بەبێ ڕەزامەندی، ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كدا بگرێت. ئاواتی نەتەوەکان، بە هەموو شێوەیەك، تاكه‌ پێوەری ڕەوایییە؛ ئەو پێوەرەیە کە پێویستە هەردەم پەنای بۆ بەرین.

ئێمە ئایین و خەیاڵاتمان لەناو سیاسەتدا ڕاونا و بەدەر نا. باشە دوای ئەم شتانە، چی ماوەته‌وه‌؟ ئەوەی کە ماوەته‌وه‌، مرۆڤە، بە هەموو خولیاکانییەوەو بە هەموو پێویستییەکانییەوە. پێم دەڵێن لە کۆتاییدا، جیابوونەوە و پارچەپارچەبوونی نەتەوەکان دەرەنجامی ئەم سیستەمەیە؛ ئەم ڕێکخستنە دەخرێتە بەر هەڕەشەی (ئیرادە) کە دەرەنجامەکەی زۆر ڕوون نییە. گومانی تێدا نییە، هیچ بنەمایەك نابێت توندڕەویی تێدا بکرێت. ڕاستییه‌كه‌ی، ئه‌م بابه‌ته‌ لەسەر هەمووی و بە شێوەیەکی گشتی جێبەجێ ناکرێت. ئیرادەی مرۆڤەکان دەگۆڕێ؛ بەڵام چی هەیە نەگۆڕێت؟ نەتەوەکان شتێکی تاهەتایە نین. نەتەوە دەست پێ دەکەن و کۆتاییشیان پێ دێت. کۆنفيدراڵییەتی ئەوروپی، لەوانەیە جێی نەتەوەکان بگرێتەوە[1]. بەڵام لەم سەدەیەی ئێمەی تێدا دەژین، ڕوو نادات. لە کاتی ئێستادا، بوونی نەتەوەکان باشە و پێویستە. هەبوونی نەتەوەکان ئازادی دابین دەکات؛ لەوانەبوو ئەم ئازادییە لەدەست بچووبایە ئەگەر جیهان یەك یاسا و یەک دەسەڵاتی هەبووایە.

بە هۆی جیاوازییەکانەوە، کە هەندێکیان پێچەوانەی یەکترن، نەتەوەکان خزمەتی کارە هاوبەشەکانی شارستانی دەکەن؛ هەر نەتەوەیەك خاڵێك بۆ ئەو گەورە کۆنسێرتەی مرۆڤایەتی زیاد دەکات؛ ئەوە باڵاترین ڕاستییە کە پێی بگەین. کاتێك نەتەوەکان خۆیان جیا دەکەنەوە، لاواز دەبن. هەموو جارێك بە خۆم دەڵێم ئەمانە خراپترین مرۆڤەکانن: ئەو تاکەی کە خراپە بەڵام لە لایەن نەتەوەیەكه‌وه‌ بە باشە لە قەڵەم دراوە؛ ئەو تاکەی نان بە سەرکەوتنە درۆییەکان دەخوات؛ ئەو کەسەی کە دڵپيس، لووتبەرز، شەڕانییە؛ ئەو کەسەی ئۆقرە ناگرێت و شەڕخوازە. بەڵام ئەم هەموو بێسەروبەرییە ون دەبن، کاتێك بەکۆمەڵ دەبن. ئای مرۆڤی هەژار، چەندە ئازارت چەشتووە! هێشتا کام تاقیکردنەوەی تر چاوەڕێت دەکات! ئا‌ی مرۆڤ، دەتوانیت دانایی بكه‌یته‌ ڕێبەری خۆت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسییە بێژومارەکان ببیتەوە لەسەر ڕێگه‌ی خۆت!

بەڕێزان پوختی دەکەمەوە. مرۆڤ نە کۆیلەی ڕەچەڵەکییەتی، نە کۆیلەی زمانەکەیەتی، نە کۆیلەی ئایینەکەی، نە کۆیلەی ڕێڕەوە ڕووبارەکان، نە کۆیلەی ئاراستەی زنجيرەی چیاکانە. کۆبوونەوەیەکی گەورەی مرۆڤەکان کە ڕۆحێکی پاک و دڵێکی گەرمیان هەبێت، دروستکەری ويژدانێکی ئەخلاقین کە ناوی دەنێین نەتەوە. هەتاوەکوو ئەو ویژدانە ئەخلاقییە، هێزی خۆی بە شێوەی قوربانیدان دەسەلمێنێت، هەروەها تاك بەلاوە[2] بنێت لە پێناوی کۆمەڵگەدا، ئەو ويژدانە ڕەوایە و مافی هەبوونی هەیە. ئەگەر دەربارەی سنوورەکانی ئەم کۆمەڵگه‌یە گومانێك هەبوو، ڕاوێژ بەو خەڵکە کێشەلەسەرە بکەن. ئەو خەڵکە مافی ئەوەیان هەیە کە ڕای خۆیان لەسەر ئەو پرسە دەربڕن. ئەمەیە کە جێی گاڵتەی سیاسەتمدارە باڵاکانە؛ ئەو کەسانەی کە نابێت کەس دەستیان لێ بدات، کەچی ئەوانەن ژیان هەر بەهەڵەدا دەبەن؛ ئەو کەسانە لە لووتکەوە بە بنەما باڵاکانیانەوە، بە چاوێکی گوناحەوە لە ئێمەی خاکی دەڕوانن. “ڕاوێژکردن بە گەلەکان، مەحاڵە! چەند گەمژەن! ئەوەیە بيرۆکە لاوازەکانی فەڕەنسییەکان کە ديپلۆماسی و جەنگ وەلا دەنێن بۆ ڕێگه‌ی سادەی منداڵانە”[3].

چاوەڕێ بن بەڕێزان، با ئەو جۆرە سیاسەتمدارانه‌ حكوومه‌تدارییەکەی خۆیان تێپەڕێنن؛ ئێمە بەرگەی لووتبەرزیی بەهێزەکان دەگرین. لەوانەیە دوای ئەزموونە شکستخواردووەکەیان، بگەڕێنەوە بۆ چارەسەرە خاکی و تاقیکارییەکەی ئێمە. دەبێت لە سەردەمی دواکەوتووەکاندا فێری شتەکان ببیت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بيرۆکەکانت ڕاست دەرچن.

سەرچاوە:

http://www.bmlisieux.com

[1]– ئێرنست ڕێنان لە سەدەی نۆزدە باسی پەیدابوونی “یەكێتیی ئەوروپا”، یان “کۆنفيدراڵییەتی ئەوروپی”ی کردووە. هەرچەندە دوو جەنگی جیهانییش لە ئەوروپا و لە دوای کۆچی ڕێنان ڕوویان داوە، کەچی لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیستەوە ئەوروپا بەرەو یەكێتی دەڕوا.

[2]  مەبەستی بەرژوەندیی تاکەکەسییە.

[3]– نووسەر وەکوو ڕەخنەیەک و ڕستەیەکی گاڵتەئامێز ئاماژە بەو ڕستەیە دەدات.

gharani ghaderi

بڵاوکەدنەوە
Published by
gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

ئێران کارەکتەرێکی کاریگەرى سەر پرۆسەى سیاسیی عێراق

(خوێندنەوەیەک لە نزیکەوە بۆ پەیامی پێشوازییان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان) پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا… زیاتر

1 day ago

بۆچی ئێران و ئیسرائیل لە لێواری هەڵدێر پاشەکشەیان کرد؟

ن: وەلی نەسر Vali Nasr وەرگێڕانی: پێنووس وەلی نەسر (VALI NASR)، ڕاوێژکاری پێشووی ئۆباما، لە… زیاتر

3 days ago

لێكەوتە عێراقی و هەرێمایەتییەكانی “ئاشتەوایی”ی هەولێر و تاران

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق سەردانی بەڕێز… زیاتر

1 week ago

“ناڕازیبوونی ئەوروپییەکان لە دیموکراسی لە زیادبووندایە”

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی جیهانی، ناڕازیبوون لە دیموکراسی لە هەندێک ناوچەی ئەوروپادا… زیاتر

1 week ago

کۆبوونەوەیەکی نوێی نێوان تاران و واشنتۆن سەبارەت بە ئاگربەستی هەرێمایەتی و “ئەتۆمی”

ئێران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل: باشووری لوبنان غەززە نییە و حزبوڵڵا حەماس نییە! الجريدة، وەرگێڕانی پێنووس… زیاتر

2 weeks ago

کاریگەریی ئاشتی و پێکەوەژیانی سیاسی لەسەر گەشەپێدان

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران پوختە بەو پێیەی ئاشتی و گەشەپێدان (پەرەپێدان/ Development)… زیاتر

2 weeks ago