پێنووس

“ناڕازیبوونی ئەوروپییەکان لە دیموکراسی لە زیادبووندایە”

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی جیهانی، ناڕازیبوون لە دیموکراسی لە هەندێک ناوچەی ئەوروپادا کە حکوومەتەکان لە جێبەجێکردنی چاوەڕوانییە دیموکراسییەکانی هاووڵاتیاندا شکستیان هێناوە، وا بەرز دەبێتەوە.

نیشاندەر یاخود پێوەرەکانی تێڕوانین (تێگەیشتن)ی دیموکراسی (DPI) کە گەورەترین هەڵسەنگێنەری دیموکراسییە لە جیهاندا و ژمارەی ئەو کەسانەی بەشدارییان تێدا کردووە ٦٣ هەزار کەسە لە ٥٣ وڵاتەوە، لەنێویشیاندا ١٥ وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، لە نێوان مانگی شوبات و نیسانی ئەمساڵدا ڕاپرسییەکی ئەنجام دا.

بەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیه هەڕچەنده زۆربەی هاووڵاتیانی یەکێتیی ئەوروپا (57%) وڵاتەکەیان به دیموکراسی دەزانن، بەڵام له سێ وڵاتی فەڕەنسا، یۆنان و هەنگاریا، ئێستا زۆرینە پێیان وایه له دیموکراسیدا ناژین. تەنیا 31%ی هاووڵاتیانی هەنگاریا وڵاتەکەیان بە دیموکراسی دەزانن. لەم ساڵانەی دواییدا ئەم وڵاتە ناکۆکیی زۆری لەگەڵ بڕۆکسڵ هەبووە لەسەر پێشێلکردنی سەروەریی یاسا، بەتایبەتی لە کەیسەکانی وەک پەسەندکردنی یاسای دژە-ئێڵ جی بی تی، خنكاندنی میدیای سەربەخۆ و دەستوەردانی سیاسی لە کاروباری دادوەریدا. هەروەها ناڕازیبوون لای یۆنانییەکان لە زیادبووندایە و تەنیا 43%یان پێیان وایە وڵاتەکەیان دیموکراسییە.

یۆنان کە خۆی زێدی دیموکراسییە، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەریای ناوەڕاستەوە دێنە ئەم وڵاتە و پرۆسەی کەمکردنەوەی ئازادیی ڕاگەیاندن و دادگەییکردنی ڕۆژنامەنووسان و  نەیارانی حکوومەت، لەژێر چاودێریی ورددایە.

نزیکەی نیوەی بەشداربووانی فەڕەنسی (46%)، وڵاتەکەیان بە دیموکراسی زانیوە. نالەباریی دۆخی ئابووری، تووڕەییی کۆمەڵگە بەرامبەر بە چاکسازییەکانی یاسای خانەنشینی کە حکوومەتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن بە بەکارهێنانی ماددەی ٤٩.٣ی دەستوور پەسەندی کرد و بێمتمانەیی بە حکوومەت، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نیشاندەری تێگەیشتن بۆ دیموکراسی لەم وڵاتەدا.

لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، وەک ئەڵمانیا، کەلێنێکی گەورە هەیە لە نێوان چۆنایەتیی دیموکراسی لە ڕوانگەی کەسانی بەرجەستە (نوخبە) و لە ڕوانگەی خەڵکەوە، کە چەندە دیموکراسییە. ئەم بۆشایییە پێی دەوترێت کورتهێنانی دیموکراسیی هەستپێکراو (PDD). ئەم بۆشایییە لە یۆنان 51% و لە هەنگاریا بریتییە لە 50%. هەروەها لە ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٣ تا ئێستا ئەم پێوەرە بە ڕێژەی ٩% بۆ ٣٦% زیادی کردووە.

لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە ئەو باوەڕە کە حکوومەتەکان بەزۆری لە بەرژەوەندیی گرووپێكی تایبەتدا مامەڵە دەکەن نەک لە بەرژەوەندیی گشتیدا، لە سەرانسەری ئەوروپادا زیاتر بووە. بەتایبەت لە ئەڵمانیا کە ئەم باوەڕە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٣٤% بووە و لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتووەتە ٥٤%. ئەو بازدانە دراماتیکییەی لەسەدا ٢٠، ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە لە حکوومەتی هاوپەیمانیی سێقۆڵیی ئۆلاف شوڵتز، سەرۆکوەزیرانی سۆسیالیست بەرامبەر سەوزەکان و لیبراڵەکان، کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەسەڵاتیان هەیە. هاوبەشەکانی هاوپەیمانییەکە بێزارییان لە کۆمەڵێک پرسدا پەرە پێ داوە؛ لە بوودجەی پاڵپشتیی منداڵانەوە تا سیاسەتی ئابووری؛ ئەمەیش ڕەوایەتیی جەماوەریی حزبی سۆسیالیستییەکەی (SPD)یان دابەزاندووە.

پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە قەیرانی کۆچبەران

هەروەها نیشاندەرەکانی تێگەیشتن (تێڕوانین) بۆ دیموکراسی (DPI) ئامارێک دەخاتە ڕوو سەبارەت بە داواکاریی خەڵک لە ناوەندگەراییی حکوومەتە هەڵبژێردراوەکانیان. چاودێریی تەندروستی لە زۆرینەیەكی بچووكی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە (٨ لە کۆی ١٥) ئەولەوییەتی سەرەکییە. هەروەها بەرەنگاربوونەوەی هەژاری لە چەند وڵاتێکدا وەک نیگەرانییەک كە لە ئەولەوییەتێكی بەرزدایە سەیر دەکرێت و لە چوار وڵاتی ئەوروپی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، لە سەرووی لیستەکەدایە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پشکی ئەو کەسانەی پێیان وایە “کەمکردنەوەی وەرگرتنی کۆچبەران” دەبێت ئەولەوییەتی سەرەکیی حکوومەت بێت، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەم ڕەوتە، بەتایبەتی لە نەمسا، ئەڵمانیا، ئێرلەندا و فەڕەنسادا بەرچاوە. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆچبەری لەم وڵاتانەدا جێگەیەکی بەرزتری لە لیستی ئەولەوییەتەکاندا بەدەست هێناوە.

بە گوتەی 44%ی ئەڵمانییەکان، 40%ی نەمسایییەکان، 37%ی فەڕەنسییەکان و 31%ی ئێرلەندییەکانی بەشداربوو، کەمکردنەوەی کۆچبەران دەبێت لە سێ ئەولەوییەتە سەرەکییەکانی حکوومەتە هەڵبژێردراوەکانیان بێت. هەرچەندە کەمبوونەوەی کۆچبەران بووەتە یەکێک لە چاوەڕوانییە سەرەکییەکانی ئەڵمانییەکان لە حکوومەتەکەیان، بەڵام ئەولەوییەتی گرنگیدان بە گۆڕانی کەشوهەوا لەنێوانیاندا کەمی کردووە و ئێستا تەنیا 24%یان ئەم بابەتە بە یەکێک لە سێ ئەولەوییەتە سەرەکییەکان دەزانن.

بۆ زانیاریی زیاتر و دابەزاندنی ئیندکسی ساڵی ٢٠٢٤ بڕوانە:

https://www.allianceofdemocracies.org

file:///C:/Users/Lenovo/Downloads/DPI-2024.pdf

سەرچاوە:

https://parsi.euronews.com

image_pdfimage_print