پێنووس

بۆچی ئێران و ئیسرائیل لە لێواری هەڵدێر پاشەکشەیان کرد؟

ن: وەلی نەسر Vali Nasr

وەرگێڕانی: پێنووس

وەلی نەسر (VALI NASR)، ڕاوێژکاری پێشووی ئۆباما، لە گۆڤاری “فۆرن ئەفێرز” (Foreign Affairs)ی ئەمریكی نووسیویەتی: زنجیرە هێرش و دژەهێرشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە دوو هەفتەی یەکەمی مانگی نیساندا، دیدگەی ستراتیژیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە شێوەیەکی بەرچاو  گۆڕیوە. پێکدادانی سەربازیی ئەم دوایییەی نێوان هەردوو وڵات، جەنگی سێبەری نێوانیانی کە زیاتر لە دە ساڵە بەردەوام بوو، گەیاندە گۆڕەپانی پێکدادانێکی ئاشکرا.

لە درێژەی ئەم نووسینەدا هاتووە؛ ئێستا بەڕوونی دەرکەوتووە کە پەرەسەندنی کێبڕکێ و ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئاسایشی ناوچەکە و فاکتەری سەرەکیی بەرەوپێشچوونی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەیەکانی داهاتوودا لەقاڵب دەدات. هەر لایەنێک ئەوی تریان وەک دوژمنێکی خوێنی دەبینێت کە دەبێت لە ڕێگەی سەربازییەوە شکستی پێ بهێنرێت. کێبڕکێی مەترسیداری نێوان ئەو دووانە، ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا و ڕەنگە دواجار ببێتە هۆی ململانێیەکی بەرفراوان و ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ جەنگێک بە تێچوویەكی زۆرەوە. ئێستا ئەوە لە ئەستۆی واشنتۆنە کە ستراتیژیی دیپلۆماسی بگرێتە بەر بۆ هێورکردنەوەی ئەو گرژییانەی کە لە مانگی نیساندا، بووە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل و ئێران و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی.

هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر لەلایەن “حەماس”ەوە، ئەفسانەی نەدۆڕانی ئیسرائیلی لەناو برد و هەستی ئاسایشی لەم وڵاتەدا کەم کردەوە. ئیسرائیل بە هێرشێکی سەربازیی قورس بۆ سەر غەززە، وەڵامی ئەم هێرشەی داوەتەوە و هەوڵی لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکانی لە غەززە و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان و پاراستنی هاووڵاتیانی داوە. بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەم ئامانجانە بەدی نەهاتووە.

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی کونسوڵگەریی باڵیۆزخانەی ئێران، هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل لە غەززە، بەشێکی هۆکاری خواستی تەلئەبیب بوو بۆ ئەوەی ئەو بڕوایە دروست بکات کە هێرشێک بە قەبارەی ٧ی ئۆکتۆبەر، هەرگیز نابێت دووبارە بکرێتەوە. ئیسرائیل بە ئامانجگرتنی ژەنەڕاڵ زاهیدی لە باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، بەڕوونی ئەوەی خستە ڕوو کە تاران بە بەرپرسی سەرەکیی قەیرانی ئێستا دەزانێت. تەلئەبیب بە کوشتنی ئەم فەرماندە باڵایە سەربازییە لە باڵەخانەیەکی دیپلۆماسیدا، هەروەها ئامادەیی و توانای خۆی بۆ کوشتنی بەرپرسانی باڵای ئێران لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا نیشان دا.

سەرەڕای هێرشەکانی پێشووی ئیسرائیل بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لە سووریا، بەئامانجگرتنی ژێرخانی پیشەسازی و بنکە سەربازییەکان و کوشتنی زانایانی ئەتۆمی لە ناوخۆی ئێران، تاران بەگشتی خۆی لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ بۆ ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردوودا بەدوور گرتووە. دوایین جار کە ئێران لە کردەوەی بەرامبەردا لەگەڵ ئیسرائیل تێوە گلا، لە مانگی شوباتی ٢٠١٨ بوو؛ کاتێک ئیسرائیل لە کاردانەوە لە بەرامبەر هاتنی درۆنێكی ئێرانی بۆ ناو ئاسمانی وڵاتەکەی، پێگەکانی ئێرانی لە سووریا کردە ئامانج (ئێران ئەو بانگەشەیەی ڕەت كردۆتەوە). دواتر هێزەکانی سووریا فڕۆکەیەکی جۆری ئێف ١٦ی ئیسرائیلیان خستە خوارەوە. لەو کاتەوە ئێران خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بەدوور گرتووە و سەرنجی خۆی لەسەر دروستکردنی توانای سەربازی لە سووریا و دوورکەوتنەوە لەو کردەوانە چڕ کردووەتەوە کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژی لەگەڵ ئیسرائیل.

بەڵام کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێران، تاران ستراتیژیی خۆی گۆڕی. لە ڕوانگەی ئێرانەوە ئەم کارە هەنگاوێکی دنەدەرانەی بەرچاو بوو کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ بوو. سەرکردەکانی ئێران پێیان وا بوو ئەگەر ڕێگرییەکانیان نەگەڕێننەوە، ئیسرائیل نەک تەنیا لە سووریا، بەڵکوو لە لوبنان و تەنانەت ئێرانیش گرژییەکان زیاتر دەکات. بەڵام ڕەهەندەکانی کاردانەوەی ئێران هەم سەرسوڕهێنەر و هەم نیگەرانکەر بوون. تاران لە ڕێگەی نێوەندگرانی ئەوروپی و عەرەبییەوە ئەمریکای لە نیازی پلانی وەڵامدانەوەی خۆی ئاگادار کردبووەوە. پاشان ئێران بە هاوێشتنی سەدان درۆن و مووشەک بەرەو ئیسرائیل، بەڕوونی ئەوەی خستە ڕوو کە چیتر سیاسەتی سەبرگرتنی ستراتیژیی خۆی درێژە پێ نادات و هەر کات هێرشی بکرێتە سەری، وەڵامی دەداتەوە.

ئیسرائیل بە هاوکاریی ئوردن و بریتانیا و ئەمریکا زۆربەی ئەو مووشەکانەی خستە خوارەوە. ڕەنگە تاران چاوەڕوانی ئەنجامێکی لەو شێوەیەی کردبێت. مەبەستی ئێران ئەوە نەبوو کە پاڵ بە ئیسرائیلەوە بنێت بۆ دەستپێکردنی جەنگ، بەڵکوو تەنیا ویستی، خواستی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئاشکرا بکات. بەڵام ئیسرائیل تۆڵەی کردەوە و هێرشی مووشەکیی کردە سەر بنکەیەکی ئاسمانیی گرنگ لە ناوەندی ئێران. ئەم هێرشە سنووردار بوو و کۆتاییی بەم خولەی هێرشە بەرپەرچدانەوەیە هێنا، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوە پشتڕاستکردنەوەیەک بوو کە ئەو ڕێسایانەی کە ساڵانێک لە سایەیدا ئێران و ئیسرائیل جەنگیان بەڕێوە دەبرد، ئیتر سەرکەوتوو نین. هەر هێرشێک لەلایەن هەر لایەنێکەوە لە ئێستادا، وەڵامی ڕاستەوخۆی لایەنی بەرامبەر دێنێتە ئاراوە؛ ئەمەیش ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورەتر زیاد دەکات.

واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت خۆیان لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان بەدوور بگرن و تارانیش باش ئاگاداری ئەم بابەتەیە. ڕاستەوخۆ دوای هێرشی دیمەشق، ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستوەردانیان کرد بۆ ئەوەی قەیرانەکە نەگۆڕێت بۆ جەنگێکی سەرتاسەری. ئەمریکا دڵنیاییی دایە ئێران کە هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی نییە لەسەر پلانەکانی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە؛ ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نیگەرانە لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانی جەنگێکی فراوانتر لە ناوچەکەدا. دیپلۆماتکارانی عەرەبی و ئەوروپی کە پەیامی واشنتۆنیان هەڵگرتبوو، ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران قسەیان کرد. ئەوان داوایان لە تاران کرد کە هیچ وەڵامێک بۆ ئەو کارەی تەلئەبیب نەداتەوە، بەڵام جەختیان لەوە کردەوە کە ئەگەر بڕیار بێت وەڵامێک بدرێتەوە، پێویستە ورد بێت و ئەو ئامانجە چاوەڕوانكراوانەی کە هەڵدەبژێردرێن، پێویستە مەودا و ڕەهەندی سنوورداریان هەبێت بۆ ئەوەی گرژیی زیاتر نەهێننە ئاراوە. دوای ئەو تۆڵەسەندنەوەیەی ئێران، واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی ئەم جارە هەوڵەکانیان لەسەر ئیسرائیل چڕ کردەوە بۆ کەمکردنەوەی توندیی کاردانەوەی دژە تەلئەبیب.

ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە سەرکەوتوو بوون لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە و، بەڕوونی ئەوەیان خستە ڕوو کە ئەولەوییەتی باڵای ئەمریکا ئەوەیە کە جەنگی غەززە نەگۆڕێت بۆ جەنگێکی ناوچەیی و، پێی واشنتۆن ڕاکێشێت بۆ جەنگێک بە تێچوویەكی زۆرەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها ڕاستیی دڵخۆشکەر بۆ واشنتۆن ئەوەیە کە نە ئێران و نە ئیسرائیل خواستێکی ئەوتۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ نییە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم ئاگربەستە ناسکە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوام بێت، واشنتۆن دەبێت ڕۆڵی کارا ببینێت. ئەم وڵاتە پێویستە لە نزیکەوە هاوکاریی ئیسرائیل بکات بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی و بەهێزکردنی ئەو پێشکەوتنە دیپلۆماسییانەی کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ ئێران بەدەست هاتوون.

لە هەمان کاتیشدا، ئاسۆی پەرەسەندنێکی دیکەی مەترسیدار لە ناوچەکەدا لە ئارادایە. ئەگەر ئێران و هاوپەیمانەکانی هەست بکەن بەهۆی پەرەسەندنی قەیرانی مرۆیی لە غەززە یان بۆ پێشگرتن لە لەناوچوونی حەماس، دەبێت هەنگاوی بۆ  بنێن، ئەوا پریشکی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح دەتوانێت ئاگری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیکە لە نێوانیان هەڵگیرسێنێت. ئاگربەستی درێژخایەنی نێوان ئیسرائیل و حەماسیش دەتوانێت زەمینە بۆ گرژیی زیاتر خۆش بكا؛ بەو پێیەی ئیسرائیل دەتوانێت سەرنجی خۆی بخاتە سەر حزبوڵڵای لوبنان و جارێکی دیکە پێگەکانی ئێران لە سووریا بکاتە ئامانج. ئێران و ئیسرائیل ئامادە نین بۆ جەنگ، بەڵام ئەگەر بەردەوام بن لە سەیرکردنی یەکتری وەک هەڕەشەیەکی کوشندە کە تەنیا لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە بەرپەرچ بدرێتەوە، ئەوا ئەگەری ڕوودانی جەنگ لە داهاتوودا دەبێتە شتێکی حەتمی.

تێڕوانینی دوو وڵات بۆ جەنگێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگیی ئەمنیی ناوچەکە لە چەند ڕوویەکەوە. یەکەم گۆڕانکاری لە ڕێگەی پێشبڕکێی چەکدارییەوە دێت- دوای ئاڵوگۆڕی هێڕشی سەربازی لەم دوایییانەدا، ئێران و ئیسرائیل هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی چەکی پێشکەوتووی هێرشبەر و بەرگری، خێراتر دەکەن. بەو پێیەی كە ئێران و ئیسرائیل سنوورێکی هاوبەشیان نییە، پێ دەچێت جەنگی نێوان ئەو دووانە زیاتر لەوەی پێویستی بە تانک و تۆپ و سەرباز بێت، پێویستی بە مووشەک و درۆن هەیە و لە لایەنی ئیسرائیلیشەوە پێویستی بە فڕۆکەی جەنگی هەیە. کەڵەکەبوونی ئەو چەکانە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەم دوو دوژمنە زیاتر و وێرانکەرتر دەکات. ئەم دۆخە، جموجۆڵە سەربازییە ناسەقامگیرکەرەکانی ناوچەکە بەهێزتر دەکات. هەروەها تاران کە دەزانێت ڕەنگە نەتوانێت هاوسەنگی لە پێشبڕکێی چەکی ئاساییدا دروست بکات، ڕەنگە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی خێراتر بکات.

هەروەها هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن باڵادەستییەکی جوگرافی دەستەبەر بکەن. لە خولی ئەم دوایییەی هێرشەکاندا، کاریگەریی ڕێژەییی هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل نەک تەنیا بەند بوو بە توانای تەکنەلۆژییەوە بەڵکوو بەند بوو بە شوێنی هەڵدانی ئەو چەکانەیشەوە کە بەکار هێنراون. درۆن و مووشەکی ئێرانی، دەبوو بە تێپەڕین بە ئاسمانی عێراق و ئوردندا بگەنە ئیسرائیل و، ئەمەیش وێڕای کەمکردنەوەی ڕەهەندە سەرسوڕهێنەرەکە، ڕێگەی بە ئوردن و بریتانیا و ئەمریکا دا، پێش ئەوەی مووشەک و درۆنەکان بگەنە ئامانجە دیاریکراوەکان، ژمارەیەکی زۆر مووشەک بخەنە خوارەوە. لە لایەکی دیکەوە، پێ دەچێت ئیسرائیل هێرشەکەی لە ئاسمانی عێراقەوە تەنیا لەودیو سنووری ئێرانەوە ئەنجام دابێت.

ماوەیەکی زۆرە ئێران ستراتیژیی تەیارکردنی حزبوڵڵای لوبنان بە مووشەکی پێشکەوتوو لەسەر سنوور لەگەڵ ئیسرائیل پەیڕەو کردووە و هەوڵی داوە ڕێگری لە ئیسرائیل بکات و ڕێبازێکی هاوشێوە لە وڵاتانی دەوروبەری ئێران جێبەجێ بکات. تاران لە هێرشەکانی ئەم دوایییەدا توانای حزبوڵڵای بەکار نەهێنا، بەڵام ڕەنگە لە خولی داهاتوودا ئەم بژاردەیە بەکار بهێنێت. ڕەنگە ئێران توانای مووشەکی و درۆن لە سووریا فراوانتر بکات کە سنوورێکی هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. ئەم کارە مەترسییەکی بەرچاو بۆ سەر ئیسرائیل دروست دەکات و تەلئەبیب بە چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران و پێگەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان و سووریا وەڵامی ئەم هەنگاوانە دەداتەوە. بۆیە ڕەنگە ئەو هێزە ئەمریکییانەی کە هێشتا لە سووریا ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ڕەوانەی ئەرکێکی دیکە بکرێن و ئەویش بۆ ڕێگریکردن دەبێت لە بەهێزبوونی ئامادەییی سەربازیی ئێران، کە لەوانەیە ببێتە هۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

لە کاتێکدا ئێران توانای سەربازیی خۆی لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل بەهێزتر دەکات، ئیسڕائیل ڕەنگە چالاکیی هەواڵگری و ئامادەییی سەربازیی خۆی لەسەر سنوورەکانی ئێران لە ڕێوشوێنێکی بەرپەرچدانەوەیدا فراوانتر بکات. ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراقیش ئێستا بە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل دادەنرێت. پێ دەچێت ئیسرائیل شوێنپێی خۆی لەو ناوچانە فراوانتر بکات و ئەمەیش ببێتە هۆی گوشاری دیپلۆماسی و سەربازیی ئێران بۆ سەر باکۆ و هەولێر. لەو حاڵەتەدا ڕەنگە ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیی دیپلۆماسی و بەرگریی ئاسمانی، ڕوو لە ئەمریکا و تورکیا بکەن. ڕەنگە تورکیا بتوانێت نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئازەربایجان بکات، بەڵام تەنیا ئەمریکا دەتوانێت ناوچەکە بپارێزێت و، پێ دەچێت ئەم جۆرە پشتیوانییە پێویستی بە زیادبوونی ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا هەبێت.

ئەگەری فراوانبوونی هاوکارییەکانی ئیسرائیل لە کەنداوی فارس تەنانەت ڕەنگە لێکەوتەی دوورمەودای هەبێت. ئیسرائیل پەیوەندیی فەرمیی نزیکی لەگەڵ بەحرێن و ئیمارات هەیە و ئەو وڵاتانەیش هاوشانی عەرەبستان لە بواری هەواڵگری و ئەمنیدا لەگەڵ ئیسرائیل هاوکاری دەکەن. بەڵام ئیسرائیل هێشتا هیچ ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی لەم ناوچەیەدا نییە کە بتوانێت بۆ بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆ لە دژی ئێران بەکاری بهێنێت. تەنانەت پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، ئێران نیگەران بوو لە ڕێککەوتنێک بە نێوەندگیریی ئەمریکا کە پێگەیەک بە ئیسرائیل بدات لە سعوودیا کە بە ڕێککەوتنی بەرگریی ئەمریکا و ڕیاز پارێزراو دەبێت. لە کاتێکدا ڕای گشتیی سعوودیا لە دوای جەنگی غەززەوە بەتوندی دژایەتیی ئیسرائیلی کردووە، بۆیە ئاسۆیەكی ئاشتەواییی لەو شێوەیە، نزیک نییە. بەڵام ڕاگرتنی دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی نێوان ئیسرائیل و سعوودیا نابێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا و سعوودیا لە قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژیی خۆیان بوەستێنن. ئەم هاوبەشییە بەناچاری دەچێتە ناو ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل و لە هەمان کاتدا ئاسایشی وڵاتانی کەنداو دەخاتە مەترسییەوە؛ ئاواتە ئابوورییەکانیشیان لاواز دەکات.

بۆ ئەم وڵاتانە ئەگەری چوونە ناو پەیمانێکی بەرگری لەگەڵ واشنتۆن، وەك مەتەڵێك وایە (پرسێکی ئاڵۆز و ناڕوونە). ڕێککەوتنێکی لەم شێوەیە گەرەنتییەکی ئەمنی بۆ ئەوان دابین دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم وڵاتانە دەکاتە ئامانج لە هەر ململانێیەک لەگەڵ ئێراندا. مووشەکەکانی ئێران دەتوانن لە چەند چرکەیەکدا بگەنە کەناراوەکانیان. ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی هیچ شتێک ناگۆڕێت. ئەوەی ڕاستی بێت، پەیمانی بەرگری کاتێک سەرنجڕاکێش دەبێت، كە ئەمریکا و ئێران گرژییەکانی نێوانیان ئیدارە بکەن و  گرژییەکانیان کەم بکەنەوە.

بۆیە پێ دەچێت حکوومەتەکانی کەنداوی فارس هەوڵی مانەوە لە ناوچە خۆڵەمێشییەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لانی کەم بۆ ئێستا بدەن. بەڵام پاراستنی هاوسەنگییەکی لەو شێوەیە لەمەودوا قورستر دەبێت چونکە لەژێر گوشاری هەردوو لادا دەبن، بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر دەستی نەگاتە خاک و ئاسمانەکەیان. ئیسرائیل گوشار دەخاتە سەر واشنتۆن بۆ ئەوەی دەستڕۆیشتووییی خۆی لە پایتەختە عەرەبییەکان بۆ دەستەبەرکردنی هاوکارییەکان بەکار بهێنێت؛ هاوکات ئێران هەڕەشە لە حکوومەتە عەرەبییە هاوکارەکان دەکات سەبارەت بە دەرەنجامە نەرێنییەکانی ئەو جۆرە هاوکارییانە. هەروەها خەڵکی ئەو وڵاتە عەرەبییانەی لە جەنگی غەززە تووڕەن، گوشار دەخەنە سەر حکوومەتەکانیان بۆ ئەوەی هاوکاریی ئیسرائیل نەکەن.

ڕەنگە بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەمریکا ناچار بکات دەستبەرداری پلانەکانی کەمکردنەوەی ئامادەییی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. ئەگەر ئامانجی واشنتۆن خۆپاراستن بێت لە تێوەگلانی جەنگێکی ناوچەیی، دەبێت سەقامگیریی ناوچەکە مسۆگەر بکات. ڕەنگە هەڵبژاردنی غەریزیی واشنتۆن پشتبەستن بە هێزی سەربازی بێت بۆ ترساندنی ئێران، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم وڵاتە زیاتر لە هەموو شتێک پێویستی بە ستراتیژیی مەدەنی هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی ململانێکان. بۆ دەستپێکردن، واشنتۆن پێویستە هەموو دەسەڵاتی دیپلۆماسیی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە تەرخان بکات، پاشان هەوڵی جددی و بەردەوام بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەقامگیری فەڵەستین بدات.

 پێ دەچێت ئەم ئەنجامە بۆ دروستکردنی نەزمێکی ناوچەییی فراوانتر لە پێناو سنووردارکردنی پاڵنەرەکانی گرژی، کە لە ئێستادا بڕیارەکانی تاران و تەلئەبیب دیاری دەکەن، پێویست بێت. لە ڕاستیدا، جەنگی غەززە ئەو پاڵنەرانەی توندتر کردووە و تەنیا کۆتاییهێنان بەو پاڵنەرانە دەتوانێت ئاستی گرژییەکان کەم بکاتەوە.

جەنگی غەززە نابێت دەستپێکی جەنگێکی دیکە لە لوبنان بێت. پێویستە ئیسرائیل و حزبوڵڵا ئەو ئارامییە بگەڕێننەوە کە لە نێوان جەنگی ٢٠٠٦ و هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەردا پاراستبوویان. سەرکەوتن لەم بەرەیەدا، لەگەڵ هەنگاونان بەرەو چارەسەری سیاسیی پرسی فەڵەستین، بۆ ئاساییکردنەوەی ماناداری پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستان و، هەروەها نێوان ئیسرائیل و باقیی جیهانی عەرەبی، گرنگە.

دوا پارچەی ئەم پازڵە، خودی ئێرانە. بەڕێوەبردنی ئەو مەترسییەی کە ئێران بۆ ئیسرائیل دروستی دەکات، پێویستە لە تەنیا چەکدارکردنی ئیسرائیل و نیشاندانی ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا لە تاران، تێ پەڕێت. پێویستە ئەمریکا پاڵنەرێکی دیپلۆماسی، هاوشێوەی هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، بنێت، بۆ ئەوەی هێڵی سوور لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا بکێشێت. هەر لایەنێک هەر ئیستفزازێک کە پێیان وایە گرژییەکان زیاتر دەکات، ڕوونی بکاتەوە و بەم پێیەش ڕێککەوتنێکی نەنووسراو بکرێت بۆ ئەوەی ئەم هێڵە سوورانە نەبەزێنرێن. بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی لەو شێوەیە، پێویستە ئەمریکا و ئێران بە زیندووکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و پرسە ناوچەیییەکان، گرژییەکانی نێوان خۆیان کەم بکەنەوە. ئەم جۆرە وتووێژانە ساڵی ڕابردوو لە عومان دەستی پێ کرد، بەڵام دوای ٧ی ئۆکتۆبەر وازی لێ هێنرا. دەستپێکردنەوەی ئەم وتووێژانە کە دەتوانێت پلەی گەرمیی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دابەزێنێت، سوودی بۆ ئەمریکا دەبێت. کەمکردنەوەی بارگرژیی لەم شێوەیە، پێش ئەوەی ئەگەری هاتنەئارای هەر جۆرە پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەدی بێت، پێیوستییە.

 ڕەنگە تاکە خاڵی ئەرێنیی قەیرانی مانگی نیسان ئەوە بێت کە تاران و واشنتۆن بۆ ماوەی دوو هەفتە لە پشت دەرگە داخراوەکانەوە قسەیان کردووە. پەیوەندیی نێوانیان زۆر گرنگ بوو بۆ ڕێگریکردن لە کارەسات. ئەمریکا پێویستە ئەم کرانەوە دیپلۆماسییە بەکار بهێنێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگێکی تەواو، لە کاتێکدا کە پلانی خولی داهاتووی کارە دیپلۆماسییەکانی دادەنێت. واشنتۆن دەبێت لە چوارچێوەی کۆمەڵێک پرسی ناوچەیی، وەک هەڕەشەی حووسییەکان لە دژی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، مامەڵە لەگەڵ تاران بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت بنەمای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پێشوو بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان بەکار بهێنێت. ئێستا کاتی ئەوە نییە ئەمریکا بگەڕێتەوە سەر بژاردە سەربازییەکان وەک باشترین چارەسەری مومکین. دۆخی مەترسیداری ئەمنیی ناوچەکە پێویستی بەوەیە کە واشنتۆن تواناکانی سەرکردایەتیی ئەمریکا بەپراکتیکی (واقعی) پیادە بکات.

سەرچاوە:

https://www.foreignaffairs.com

image_pdfimage_print