پێنووس

بەهۆی گرنگیدانی جیهانی بە کێشەی ئیسڕائیل و فەڵەستین، پرسی کوردستان لەبیر کراوە

د. لوقمان ڕادپەی*

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

زیادبوون و پەرەسەندنی هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان لە عێراق و سووریا، هاوکات بێدەنگیی وڵاتان و میدیا جیهانییەکان کە لە چارەسەری کردەوەی شوێنەکانی دیکەدا پەلەیانە، ئاماژەیە بۆ دیامیکییەتێکی شێواو و نیگەرانكەر. پرسیار ئەوەیە: کوا تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جیهانی؟

جیهان، سەدەیەك زیاترە شایەتحاڵی خەباتی گەلانە بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس. بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا پێ دەچێت بەبەردەوام ڕۆشناییخستنەسەرەکە، خۆی لە هەندێك گێڕانەوە لا بدات؛ ئەمەیش وامان لێ دەکات بیر لە هۆکارەکانی پشت ئەم جیاوازییانە بکەینەوە. ئەگەر لە نێوان ئەم حاڵەتە و مەینەتییەکی دیکەی هاوشێوە لە هەمان ناوچەدا بەراورد بکرێت، شێواوییەکە زیاتر و قووڵتر دەبێت. لە کاتێکدا کە گرنگی و سەرنجێکی زۆر بە فەڵەستین دراوە، بەڵام ئەو ململانێیانەی ڕووبەڕووی نەتەوەی کورد و کوردستان بوونەتەوە، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەورەترین گرووپی نەتەوەییی بێدەوڵەتە، تا ڕاددەیەکی زۆر پشتگوێ خراون.

هیوا و ئاواتەکانی هەر یەکە لە کوردستان و فەڵەستین لە تەك گەلەکانیاندا، لە دەوری مافی سەرەکیی بڕیاردانی چارەنووسدا دەخولێنەوە، بەوەی کە پڕەنسیپێکە لە یاسای نێودەوڵەتیدا چەسپاوە و، دووپاتی دەکاتەوە مافی هەموو گەلێکە بەئازادی بڕیار لەسەر دۆخ و پێگەی سیاسیی خۆی بدات و بەدواداچوون بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی خۆی بکات. لە کاتێکدا کە پڕەنسیپەکە لەسەر کاغەز هاوسەنگ دەردەکەوێت، بەڵام نەك هەر تەنیا لە ڕووماڵی میدیایی و ڕاگەیەنراوە ڕۆژنامەوانییەکاندا بەڵکوو لە بواری ئەکادیمیشدا، جیاوازییەکی ڕوون و ئاشکرا لەنێوان سەرنج و گرنگیپێدانی فەڵەستین و کوردستاندا بەدی دەکرێت.

گەڕانێکی خێرا و سەرپێیی لە ئینتەرنێتدا، جیاوازییەکی بەرچاو ئاشکرا دەکات لە پارەدارکردنی توێژینەوە و سەرنجی ئەکادیمی بۆ پرسی فەڵەستین بە بەراورد لەگەڵ پرسی کوردستاندا. لە ماوەی حەوت دەیەی ڕابردوودا قەبارەی ئەو توێژینەوە و شیکردنەوە و مشتومڕانەی کە لەسەر فەڵەستین کراون، زۆر زیاتر بووە لە هەر ململانێیەکی دیکەی بڕیاردانی چارەنووس لەسەر ئاستی جیهاندا، بەتایبەت لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە. ئەم جیاوازییە لەو بڕیارنامە زۆر و زەبەندانەیشدا دەردەکەوێت کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی مافی مرۆڤەوە تایبەت بە پرسی فەڵەستین پەسەند کراون، بەپێچەوانەوە لە پرسی کوردستاندا یەك بڕیار دەرچووە–ئەویش بڕیارنامەی ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش بووە–کە لە مانگی نیسانی 1991 پەسەند کراوە و بەتەنیا تایبەتە بە باشووری کوردستان لە عێراق. ئەم نایەکسانییە ڕوون و ئاشکرایە لە سەرنجی نێودەوڵەتیدا زیاتر دەردەکەوێت، ئەگەر بێت و بەدواداچوون بۆ ژمارەی ئەو بڕیارنامانە بکرێت کە ئیسرائیلیان کردۆتە ئامانج؛ لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا ٢٠٠ بڕیارنامەی تێ پەڕاندووە. لە هەمان کاتدا مەینەتی و بارودۆخی نالەباری کورد لە سەرانسەری ئێران و سووریا و تورکیا تا ڕاددەیەکی زۆر لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تێبینی نەکراوە.

لە ساڵی 2005 و دوای دەیان ساڵ لە چەوساندنەوە و سەرکوتکردن لەلایەن دەوڵەتی عێراقییەوە، دەستووری عێراق دانپێدانانێکی دەستووریی دەگمەنی لە باشووری کوردستاندا بۆ کورد فراوان کرد و بڕگەی ئۆتۆنۆمی و نوێنەرایەتیی لە چوارچێوەی ئیدارەی فەرمانڕەواییی دەوڵەتدا پێ بەخشی. دەوڵەتە سەرکوتکەر و یەکگرتوو و ناسیۆنالیستەکانی دیکەی وەك ئێران و سووریا و تورکیا، سەرەڕای بەڵێنی پابەندبوونیان بە پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ، بەردەوامن لە ڕێگریکردن لەم دانپێدانانە.

تراژیدیاکان لە کوردستان بە قەبارەیەکی وا پەرەیان سەندووە، نابێت بە کەم سەیر بکرێن. زیانی گیانی لەوێ، زۆر زیاترە لە زیانەکانی ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین. لە یەکێك لە نموونەکاندا، ڕژێمی عێراق لە 16ی ئازاری 1988 لە ڕێگەی بەکارهێنانی ژەهرەگازەوە، بە یەك ڕۆژ، زیاتر لە 5 هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی کوردی لە باشووری کوردستان کۆمەڵکوژ کرد. لە تۆماری ڕژێمی ئێراندا کوشتنی سیستەماتیکی دەرەوەی دادگە و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز لە دژی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتوون، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر بەرز لە زیندانیانی سیاسیی کورد ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە. هەروەها پێشێلکارییەکانی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان لە دژی کورد بەربڵاون، کە لە سەردەمی “ڕژێمی پەهلەوی”یەوە دەستی پێ کردووە.

لە تورکیا، لەمێژە ناسنامەی کورد لە دەستووردا ڕەت کراوەتەوە؛ لە ساڵی ١٩٢٣ەوە. هەروەها میللەتی کورد لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکدا ڕووبەڕووی چەندان کۆمەڵکوژی بووەتەوە کە دەکرێت وەك جینۆساید هەژمار بکرێن. سەرکوتکردن لە بواری جۆراوجۆردا دەردەکەوێت. سەرۆكشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی کورد بە تۆمەتی سیاسی لا دەبرێن و دەستگیر دەکرێن و لە شوێنی ئەواندا بەرپرسانی دامەزراو لەلایەن حکوومەتەوە دانراون و مەرجە یاسایییەکانیان تێ پەڕاندووە؛ ئەمەیش گومانی خستۆتە سەر بێلایەنیی پرۆسەکە. لە باکووری کوردستان پەرلەمانتارە کوردەکان کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپادا کەوتنە بەر بەربەستێکی زۆری هەڵبژاردن و جیاکاری، بەکۆمەڵ پارێزبەندیی پەرلەمانیان لێ سەندرایەوە و سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنرا. لە سووریا، بەر لە شەڕی ناوخۆ کە درێژەی کێشاوە، سەدان هەزار کەسی کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان تووشی تەعریب و بێڕەگەزنامەیی بوونەتەوە.

بێدەنگیی ڕوون و ئاشکرای و نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی ئەم کردەوە بێشومارانەدا، بووەتە هۆی ئەوەی ڕەخنەگران پرسیاری خۆیان دەربارەی ڕۆڵی ئەو ڕێکخراوە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بنەما دیموکراسییەکان بورووژێنێنن.

ئەوەی بابەتەکە ئاڵۆزتر دەکات ئەوەیە کە کردەوەکانی تورکیا تەنیا لە سنوورەکانی خۆیدا نەبووە. ئەو وڵاتە سەروەریی عێراق و سووریای پێشێل کردووە، بەشێك لە ڕۆژاوای کوردستانی داگیر کردووە، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دەستدرێژیی کردووەتە سەر خانووبەرە و زەوی و موڵك و ماڵ، دیمۆگرافیای گۆڕیوە، جگە لەوەیش چەندان جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پەلاماری ناوچەکەی داوە و بەردەوام سەدان کەسی مەدەنیی کوردی لە هێزەکانی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان لە سووریا و عێراقدا کوشتووە. هەروەها باشووری کوردستان لە بەرامبەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی و هێرشی مووشەکیی ڕژێمی ئێران پارێزراو نییە و بنکە و گرووپ و هێزە کوردییە ناڕازییەکانی لەو ناوچەیەدا، بوون بە ئامانج.

ئەم پێشێلکارییانە کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی تێک دەدەن، زۆر کەم بوونەتە هۆی تووڕەییی نێودەوڵەتی. مرۆڤ تەنیا دەتوانێ پرسیاری ئەوە بکات کە ئایا سەروەریی عێراق و سووریا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە چاوێکی کەمتر شەرعی سەیر دەکرێت، بەو پێیەی وەڵامێکی نێودەوڵەتیی هاواهەنگ نەبووە؟ سکاڵاکانی دژ بە هێزەکانی تورکیا بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییی قەدەغەکراو لە دژی هێزە کوردییەکان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هیچ وەڵامێکی نیگەرانکەری لێ نەکەوتووەتەوە. دەبێت مرۆڤ پرسیار بکات کە ئایا ئەندامێتیی ناتۆ دەبێتە هۆی پێبەخشینی مافی ڕزگاربوون لە هەندێك سزا و بەبێ هیچ دەرەنجامێك یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکات؟ پێویستە هەموو قوربانییەکی مەدەنی لە میدیا جیهانییەکاندا ناونیشانێکی سەرەکی بێت، بەڵام زۆر جار ئەم جۆرە ڕووداوانە لەژێر ڕاداردا نامێنن.

جیاوازی لە گرنگیدانی نێودەوڵەتیدا ئەو کاتە کاریگەرتر دەبێت کە لەگەڵ دۆخی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا هاوتەریب بێت. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە: چ شتێك ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین جیا دەکاتەوە و بۆ پێگەیەکی جیهانی، بەرزی دەکاتەوە، لە کاتێکدا مەینەتی و دۆخی نالەباری کورد و دابەشبوونی کوردستان لە نێوان چوار وڵاتدا بۆ تەمومژاوییەکی ڕێژەیی دابەزیوە؟ ئیسرائیل ڕووبەڕووی تۆمەتی سەپاندنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی دژ بە فەڵەستینییەکان بووەتەوە. لە کاتێکدا ئەم بانگەشانە تا ئێستا جێی مشتومڕن، دەبێ چ ناوێك بە ڕژێمەکانی تورکیا، سووریا، ئێران و عێراقی پێش ٢٠٠٣وە بلکێنرێت کە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە مافەکانی کوردیان پێشێل و سەرکوت کردووە؟

پێویستە ئەوەمان لەبیر بێت کە هەموو گەلان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان هەیە. میدیا و ئەکادیمیا لە داڕشتنی گێڕانەوە و تێڕوانینەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن و، کاریگەرییەكی نائەنقەستیان هەیە لەسەر ئەو ململانێیانەی دانیان پێدا نراوە، ئەوانەیشی کە لە سێبەردا ماونەتەوە. حاڵەتی کوردستان نموونەیەکە لە نێوان ژمارەیەکی زۆری حاڵەتی دیکەدا، لەوانە هەرێمی پاپوای ڕۆژاوا، بەلوچستان، ڕۆهینگیا لە میانمار، ئۆیگۆرەکان لە شینجیانگ (چین) و گرووپە جۆراوجۆرە ڕەسەنەکان یان کەمینە ئایینییەکان لە ویلایەتەکانی هیندستان، پاکستان، ئەندۆنیسیا و ئەمریکای باشوور. بەڵام بۆ کورد لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و دادگەی نێودەوڵەتیدا هیچ پێگەیەك نییە. ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەکادیمیا و میدیای جیهانی پشتیوانی لە بڕیاردانی چارەنووسی فەڵەستین بکەن، نابێت لە بەردەم بۆچوونێکی هاوشێوە بۆ کوردستان هیچ بەربەستێك هەبێت.

ئەمە بەڵگەیە لەسەر هێزی میدیای جیهانی و پسپۆڕان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، بەمەبەست و ئاگاداری بێت یان نا، پرسی ئیسرائیل-فەڵەستینیان بە ئاراستەی پێشەوەی ئاگاییی نێودەوڵەتی بردووە و، وایان کردووە لە ئەجێندا و کارنامەی جیهانیدا بمێنێتەوە. بەڵام لە کاتێکدا ئەم میکانیزمە جیهانییانە سەرنج و جەخت دەخەنە سەر ئەم ململانێیە دیار و بەرچاوە، زۆربەی جار لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە دیارانەی بەگشتی هەسارەی زەوی تووشیان دەبێت، کەمتەرخەمن. نابێت ئەم ڕۆشناییخستنەسەرە کوێرمان بکات لە بەرامبەر ئەو کێشە دیارانەی چارەسەری بەپەلەیان پێویستە. دابەشبوونی هاوسەنگ و یەکسانی سەرنج و پشتیوانی لە تێکۆشانەکانی بڕیاردانی چارەنووسدا، زۆر گرنگە بۆ هاندان و پێشخستنی سیستەمێکی جیهانیی دادپەروەر و گشتگیر.

  • دکتۆر لوقمان ڕادپەی، توێژەرێکی سەربەخۆیە لە سکۆتلەندا. لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا چەندان جار لەسەر پێگەی یاساییی پرسی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووسی نەتەوەی کورد، نووسیویەتی.

سەرچاوە: https://www.internationalaffairs.org

image_pdfimage_print