پێنووس

چی وای کرد تورکیا ستراتیژیی سەربازیی خۆی بەرامبەر پەکەکە بگۆڕێت؟

چی وای کرد تورکیا ستراتیژیی سەربازیی خۆی بەرامبەر پەکەکە بگۆڕێت؟

(گۆڕانی ستراتیژیی سەربازیی تورکیا بەرامبەر پەکەکە)

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

دەسپێک

هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان مێژوویەکی درێژیان هەیە، بەڵام بە هۆکاری دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ پەکەکە و پڕۆسەی ئاشتی و کرانەوەی دیموکراسی، کە “ئاکپارتی” لە سەرەتای هاتنی بۆ دەسەڵات بانگەشەی بۆ دەکرد، جۆرێک لە وەستانی بەخۆیەوە بینی، تاوەکوو لەبارچوونی پرۆسەی ئاشتی، ئیتر تورکیا دیسان لە ٢٤ تەموزی ٢٠١٤ دەستی کردەوە بە ئۆپەراسیۆنەکانی؛ بەڵام ئەو جارە چڕتر، بەتایبەت لە قەندیل، مەتینا، هەفتانین، ئاڤاشین، خواکوڕک، خنێرە و گارە.

گۆڕانی ستراتیژیی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی قەڵغانی فوڕات Operation Euphrates Shield  (2016) و لقی زەیتوون Operation Olive Branch  (2018) لە سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تریش لە دژی هێزەکانی پەیەدە و پەکەکە لە عەفرین دەستی پێ کرد. هەرچەندە ئەم دوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لایەنی جیۆپۆلیتیکی و میتۆدۆلۆژیای جێبەجێکردنی جیاوازیان هەیە، بەڵام هەردوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە هەمان ئامانجی ستراتیژییان هەبووە، کە بریتی بوو لە دەرکردنی پەکەکە و بچووکكردنەوەی ناوچەی نفووزی سەربازییان لە سووریا، لەگەڵ لێدان لە توانای سەربازیی هێزی مرۆیییان؛ هەروەها لاوازکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی هی ئەو وڵاتانەی کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە پاڵپشتیی پەیەدە و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن؛ چونکە ئەم پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە ڕۆڵی زۆری هەبوو لە بەخشینی جۆرێک لە شەرعییەت و پێگەی سیاسی و بەها ڕۆژاوایییەکان بە هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان، کە پەکەکە ئەگەر بەشێکیش نەبووبێت لەو هێزانە بەڵام وەک چەترێکی سەربازی و سیاسیی ئایدیۆلۆژی بوو بۆ هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان.

گۆڕان لە ستراتیژی و میکانیزمی مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ پەکەکە

دوای سەردەمێک لە شەڕی تورکیا و پەکەکە، نوخبەی سیاسیی سەربازیی تورکیا گەیشتە ئەو باوەڕەی کە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە بە هەمان میکانیزمە کلاسیکەکانی پێشوو، ستراتیژییەکی سەرکەوتوو نەبووە لە شکستپێهێنان و لاوازکردنی پەکەکە دژی بە تورکیا، بەڵکوو دەبێت ستراتیژیی تورکیا دژی پەکەکە لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی سێ گۆڕاوەی پەیوەندیدار بەیەکەوە دابڕێژرێت. ١) کارکردن لە ئاستی سیاسی و زەمینەڕەخساندن بۆ لێدانی پەکەکە لە ناوخۆی تورکیادا، ٢) کەڵکوەرگرتن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا، ٣) بەردەوامیدان بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە نەک تەنیا لەناو تورکیا، بەڵکوو لە دەرەوەی خاکی تورکیاش، وەک سووریا و عێراق.

لە دوای ٢٠١٤، بە شێوەیەکی گشتی هەموو بەهارێك ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدران، بەڵام کاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر هێز و ڕێکخستنەکانی پەکەکە نەبوو؛ چونکە سوپای تورکیا لە هاویندا هێرشەکانی دەست پێ دەکرد تا کۆتاییی پاییز و، پەکەکەی ناچار دەکرد لەو ناوچانەدا بکشێتەوە، بەڵام پەکەکە دیسان لە زستاندا دەگەڕایەوە شوێنی خۆی. ئیتر شەڕی تورکیا و پەکەکە هەمیشە لەو بازنەیەدا دەسووڕایەوە.

1 ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢

دوای هەرەسهێنانی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و تورکیا، پەکەکە ئەم جارەیان شەڕی بردەوە ناو تورکیا و، خەندەقی لە بەشێک لە شارەکاندا دروست کرد. ئەم دۆخە وای کرد تورکیا دواجار ستراتیژیی خۆی بگۆڕێت، ئەویش لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر پەکەکە لە ناوماڵی خۆیان؛ واتا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بنکە سەربازییەکانیان لە قەندیل و خواکوڕك  و ئاڤاشین و هتد. ئێستا تورکیا کە هێرش دەکاتە سەر پەکەکە، زستانانیش لە ناوچەکە ناکشێتەوە، بەڵکوو بنکەی سەربازی دادەمەزرێنێت. بۆ بەهاری داهاتوو دیسان ئۆپەراسیۆنێکی تری سەربازی دەست پێ دەکات و خاکی نوێ لە هەرێمی کوردستان داگیر دەکات و پەکەکە ناچار دەکات نزیک بێتەوە لە ناوچە سەربازییەکانی ژێردەستی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان، یان بێتە نزیک شارەکان. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئەم ستراتیژییە نوێیەی تورکیا- هەڵبەتە بە گوێرەی ڕاپۆرتە سەربازییەکانیش- سەرکەوتنی بەدەست هێناوە لە زیانگەیاندنی گیانیی زۆر و لاوازکردنی پەکەکە لە چیاکاندا؛ لە سەرێکی تریش قووڵکردنەوەی کێشەکانی پەکەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لە سنووری پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، مەزەندە دەکرێت لە نێوان چوار بۆ ١٠ هەزار سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبن. لە ئێستادا تورکیا پشتێنەیەکەی ئەمنیی سەربازی بە درێژاییی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە قووڵاییی ٢٠-٤٠ کم لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروست کردووە؛ بۆ نموونە تورکیا بە درێژاییی ٤٥-٥٠ کم هاتۆتە ناو سنووری ناحیەی باتیفا. بەپێی زانیارییەکانیش ئێستا تورکیا لە ٩ شوێن و بەرزاییی ستراتیژیی دەڤەری برادۆست لە پارێزگای هەولێر جێگیر بووە، کە تەنیا ٧ کم لە ناحیەی سیدەکانەوە دوورە. تورکیا ئامانجیەتی لەو سنوورەیش تا ناوچەی بەربزین بڕوات.

(سەیری نەخشەی ژمارە ١ بکە)

2 پشتێنەی ئەمنیی تورکیا لە زاخۆوە بۆ سۆران بە قووڵاییی ٤٠ کم

چەند هۆکارێک وایان کرد ئەو ستراتیژییەی تورکیا سەرکەوتوو بێت

یەکەمیان، پێشکەوتن لە وەبەرهێنانە تەکنەلۆژییەکانی تورکیا، بەتایبەت تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی، کە وای کردووە چاودێریی ئاسمانیی بەردەوامی پەکەکە بکرێت کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستن و چاودێریکردنی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هێرشەکانی پەکەکە؛ هەروەها چاودێریکردنی چالاکییەکانی پەکەکە لە چیا و شارەکانیشدا. ئەمە وای کردووە تورکیا لەناو شار و شوێنە گشتییەکاندا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، چەندان سەرکردەی پەکەکە بکاتە ئامانج.

دووەم، ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەناو هێزە چەکدارەکانی تورکیا بەرەو سوپایەکی پرۆفیشناڵتر کە بووە هۆی ئەوەی هێزی تایبەت و یەکەی کۆماندۆی پێویست هەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە؛ هەروەها پاککردنەوەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە جەنەڕاڵ و ئەفسەرانی گولەنیست. ئەمەیش هێزێکی زۆرتری بە حکوومەت بەخشی. سێیەم، زیادبوونی یەکگرتوویی و کۆنترۆڵی دەسەڵاتی مەدەنی بەسەر سەربازیدا کە “هاکان فیدان”ی ئێستای وەزیری دەرەوە ڕۆڵێکی باڵای هەبوو لەو بوارەدا. دەتوانین بڵێین کە فیدان توانیی گۆڕانکاریی گەورە لە هەیکەلی دەزگەی هەواڵگریدا بکات؛ ئەردۆغانی ڕازی کرد کە دەزگەی هەواڵگری، بە گشت بەشەکانی دەرەوە و ئاسایش و سوپا، لە ژێر ئیدارەی دەزگای هەواڵگری گشتیدا کۆبکاتەوە، ئەمەیش بازنەکانی نێوان ئاسایش و سوپای تێک دا کە چەند ساڵ بوو هەڕەشە بوون لەسەر حکوومەت و نوخبەی سیاسی لە تورکیا. ئەمە وای کردووە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە سنووربەزاندن لە عێراق و سووریا، دینامیکیی زیاتر و بەردەوامییان هەبێت.

چوارەم، ململانێ و کێشەکانی پارتی و هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەکەکە، هەروەها پێویستیی هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی نەوت و ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی. ئەمەیش بەشی خۆی کاریگەریی هەبوو لەسەر زیادبوونی کاریگەریی ئەو ستراتیژییەی تورکیا دژی پەکەکە. لە ڕاستیدا بە حوکمی پێگەی جیۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستان کە هیچ دەروازەیەکی تری نییە، ناچار بوون گەر هاوکاریی تورکیاش نەکەن بەڵام دژایەتییشی نەکەن. حکوومەتی عێراقیش جگە لە هەڵویستی سەرزارەکی شتێکی دیکە نەکردووە، بەڵکوو بەپێی هەندێک سەرچاوە لەوانەیە جۆرێک لە هەماهەنگییش لە نێوان تورکیا و عێراق هەبووبێت.

ئەگەر سەرنج بدەین، ئێستا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا دوو شوێنی گرنگی ستراتیژیی پەکەکە لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج کە بریتین لە خواکوڕک و قەندیل. پێشتر هێزەکانی تورکیا نزیکەی 500 کم چوارگۆشەیان لە خواکوڕک داگیر کردبوو. لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە لە مانگی ئازاری 2018وە ڕێڕەوێکی سەلامەتیان کردۆتەوە کە دەگاتە چیای قەندیل. لەم سۆنگەیەوە، ئەم جارە ستراتیژیی سەربازی تەنیا لاوازکردنی پەکەکە نییە، بەڵکوو ئامانجی، نەهێشتنی ئەو بنکە سەربازی و مۆڵگانەیە کە پەکەکە لەو ناوچانەدا هەیەتی. واتا، بە تێپەڕبوونی کات تاکتیکەکانی تورکیا لە عێراق گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ لە بۆردومانی ئاسمانی بۆ سەر کەمپە گومانلێکراوەکانی پەکەکەوە بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازیی نیمچەهەمیشەیی بە درێژاییی سنوورەکانی عێراق کە پێنج بنکەی سەرەکی و زیاتر لە 50 خاڵی پشکنینی تێدایە. بێجگە لەوە ئێستا هەر یەکە لە تورکیا و پەکەکەش شوێنی ململانێکانیان گواستۆتەوە؛ لە ناوچە شاخاوییە کەم دانیشتووەکانەوە بۆ ناوچە شارنشینەکان. ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە تورکیا بە شێوەیەکی دیفاکتۆ کۆنترۆڵی ناوچە سنوورییەکانی عێراق بکات.

بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم شەڕە بەتەواوی لە بەرژەوەندیی تورکیادا یەکلا بۆتەوە، بەڵکوو لەم قۆناغەدا دوو ئاڵنگاریی ستراتیژیی گرنگ بۆ تورکیا لە شەڕی دژی پەکەکەدا هەیە: ئاڵنگاریی یەکەم، تایبەتە بە وەڵامدانەوەی ئەو  پرسیارەی کە، ئایا پەکەکە لە دوای هەرەسهێنانیان لە قەندیل چۆن ستراتیژیی گشتیی خۆیان لە سووریا و عێراق دەگۆڕن؟ لەوەیش گرنگتر، ئاڵنگاریی ڕاستەقینە بۆ تورکیا ئەوەیە کە، ئایا پەکەکە دەتوانێت پەناگەیەکی دیکەی ئارام لە سووریا یان عێراق بدۆزێتەوە؟ ئاڵنگاریی دووەم بۆ تورکیا ئەوەیە کە، چۆن سوپای تورکیا دەتوانێت ئامادەییی سەربازیی خۆی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە ناوچەی قەندیل بپارێزێت؟ بەپێێ قسەکانی وەزیری بەرگریی تورکیا  بێت، تورکیا هێزی سەربازیی خۆی ناکشێنێتەوە تا بەتەواوی “پەکەکە لە عێراق شکستی پێ نەهێنرێت”؛ کە ئەمەیش زۆر سەختە بێتە دی. ئەمە بێجگە لە ئەگەری دروستبوونی کێشە لەگەڵ عێراق، ئەگەر تورکیا فۆرمێکی هەماهەنگی نەدۆزێتەوە کە بە هاوکاریی عێراق هێرشەکانی ئەنجام بدات.

ئێستا تورکیا خاوەنی نزیکەی ٣٥ بنکەی سەربازی جیاوازە لە  هەرێمی کوردستانو عێراق. بە بەراورد لەگەڵ ئۆپەڕاسیۆنه سەربازییەکانی پێشوو له دژی پەکەکه، بوونی هێزه سەربازییەکانی تورکیا له شوێنه جیاجیاکان، بۆشاییی زیاتری بۆ مانۆڕەکانی تورکیا ڕەخساندووە. بەڵام درێژەدان بە ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا، ڕەنگە دواجار پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا تێک بدات. بۆیە سەرکەوتنی ستراتیژیی نوێی بە ناوی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” بەشێکە لە ڕێککەوتنێکی ناوچەییی نێوان تورکیا و عێراق دژی پەکەکە. لە ئێستادا ئێران بێلایەنە بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا؛ نەک هەر ئەوە بەڵکوو ئەو وڵاتە گوشارەکانی لەسەر هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان زیاتر کردووە. ئەگەر ستراتیژیی سەربازیی تورکیا بتوانێت لە کورتخایەندا بۆ شکستپێهێنانی پەکەکە لە عێراق سەرکەوتوو بێت-کە ئەستەمە-،  ئەوا گەیشتن بە کۆدەنگییەک لە نێوان تورکیا و عێراق و ئێران ئاسانتر دەبێت.

بەپێچەوانەی سووریا، هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا ناگاتە ئاستی لەشکرکێشی بۆ سەر ناوچە فراوانەکان، دروستکردنی میلیشیا، یان دەوڵەتی پرۆتۆ proto-state-. بەڵام تورکیا لە ڕێگەی ئەم بنکە سەربازییانەوە ناوچەیەکی دیفاکتۆی ئەمنیی دروست کردووە و، شەڕی بردۆتەوە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق. تورکیا ئێستا تەنانەت ڕێگەوبانیش لە خاکی عێراق دروست دەکات بۆ ئەوەی بنکە سەربازییەکانی بەیەکەوە ببەستێتەوە و بتوانێت کۆنترۆڵی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی لە هێرشکردنە سەر پەکەکە کاریگەرتر بکات.

3 نەخشەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق

لێکەوتەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەسەر هەرێمی کوردستان

ئەو هێرشە بەردەوامانەی تورکیا و ئێران لە قووڵاییی خاکی هەرێمی کوردستان و لەناو شارەکاندا، ئەگەر پیلان و موئامەڕەیش نەبێت، بەڵام  ئەگەری یان پێویستیی جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانی عێراق بۆ چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان زیاد دەکەن؛ ئینجا ئەمە بە پاساوی پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق بێت، یان پاساوی بێتواناییی حکوومەتی هەرێم لە پاراستنیان، یانیش بە پاساوی ئەوەی حکوومەتی هەرێم مەترسی بۆ دراوسێکانی عێراق دروست دەکات. لە دوای ٢٠٠٣ هەرێمی کوردستان قەت وەک ئێستا ئەو گوشارە زۆرەی هەرسێ وڵاتی وەک تورکیا و ئێران و عێراقی لەسەر نەبووە.

ڕایەک هەیە، چ لە ئاستی خەڵک و هەندێک جار لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسییش،  بەتایبەت ئەوانەی نەیاری پارتی دیموکراتی کوردستانن،  پێیان وایە دەبێت هەرێمی کوردستان بەرەنگاری ئەم هێرشانەی تورکیا و ئێران ببێتەوە، یانیش سەنگەر لەم دوو وڵاتە بگرێت؛ کە بە ڕای من نەک تەنیا ئەو دوو حزبەی ئێستا دەسەڵاتدارن لە هەرێم، بەڵکوو هەر لایەنێکی تری کوردی بێتە سەر دەسەڵات و حوکم بگرێتە دەست، ناتوانێت ڕێگە بە هیچ بزووتنەوەیەکی چەکداریی دژی عێراق یان دراوسێکانی هەرێمی کوردستان بدات؛ چونکە هەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناغی شۆڕشی شاخدا نییە باکی بە هیچ نەبێت و هیچی نەبێت لەدەستی بدات، بەڵکوو هەرێمی کوردستان هاوشانی دەوڵەتێک ئیلتزاماتی سیاسی، یاسایی، دیپلۆماسی و ئابووریی هەیە لە ناوچەکەدا؛ هەر هیچ نەبێت نزیکەی ملیۆنێک مووچەخۆری هەیە کە دەبێت مووچەکانیان دابین بکات. هەر یەکە لە وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا بەئاسانی دەتوانن مەترسیی سیاسی، ئابووری و ئەمنی بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن، بە جۆرێک گەر لەباریشی نەبەن (مەبەستم قەوارەی هەرێمی کوردستانە) بەڵام وەک حووسییەکان و یەمەنی لێ بکەن.  لە ڕاستیدا هەرێمی کوردستان کارتی سیاسیی کەمی بەدەستە بۆ گوشارکردن لە تورکیا و ئێران، مەگەر عێراق بتوانێت، بەڵام ئێستا بەداخەوە عێراقیش ناتوانێت پارێزگاری لە سەروەریی خۆی بکات؛ بەڵام لەبەر ئەوەی عێراق دەوڵەتە، باشتر دەتوانێت مافە نێودەوڵەتییەکانی بەکار بهێنێت بە بەراورد قەوارەیەکی نادەوڵەتیی وەک هەرێمی کوردستان. کارتەکەی دیکەیش پرسی کوردە کە تا ئێستایش هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بەکاری بهێنێت.

ترسی سەرەکیی ڕژێمەکانی ئێستای ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە، هەرێمی کوردستان ببێتە بزوێنەر و ئیلهامبەخشی پرسی کورد لە ناوچەکەدا. ئەم کاریگەرییە لە ڕاستیدا دروست بووە؛ بۆ نموونە: لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ و عەفرین، لە کاتی هێرشی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان، یان لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان. ئەم هەماهەنگییە ئەگەرچی لەسەر ئاستی نوخبەی سیاسی لاوازە، بەڵام لەسەر ئاستی خەڵک و جەماوەردا بەهێزە. بۆیە دروستبوونی هەر هێزێکی کوردی، ئینجا دەوڵەت بێت یان دەوڵەت نەبێت، وەک پاڵپشتییەک بۆ پرسی کورد لە ناوچەکەدا وایە؛ بەڵام دەبێت ئەوەیش بزانین کە قەوارەیەکی وەک هەرێمی کوردستان، ناکرێت وەک سەرزەمینی شۆڕش و شەڕی چەکداری دژی دراوسێکانی هەرێمی کوردستان سەیری بکەین، چونکە هەرێمی کوردستان ئیلتیزاماتی سیاسی و یاساییی هەیە بەرامبەر هاووڵاتیانی خۆی و بەرامبەر دراوسێکانیشی، کە وا دەکات نەتوانێت بەئاشکرا پاڵپشتی لەو جووڵانەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە بکات کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕوو دەدەن.

خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە بزاڤە چەکدارییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان خەریکە دەبنە مەترسی و بارگرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چونکە هەر یەکە لە تورکیا و ئێران سوودی زۆریان لێ دەبینن بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ (استهلاک داخلي) و لەشکرکێشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان. بەتایبەت لە ئێستادا بزاڤە چەکدارییەکان چیدیکە فاکتەری پاراستنی پرسی کورد نین، بەقەد ئەوەی بوونەتە پاساوێک بۆ مانەوەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی وەک ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و ئاکپارتیی ئەردۆغان، کە سوودێکی زۆریان لەو هێزە چەکدارییە کوردییانە بینیوە. هەر یەکە لە جووڵانەوە مەدەنییەکانی ئێستای ئێران و هەدەپە لە تورکیا، کاریگەرییان زۆر زیاترە لە بەرەوپێشچوونی پرسی کورد لەو وڵاتانەدا و لەو هێزە چەکدارانەی کە لە شاخەکاندا شەڕی دەوڵەتی تورکیا و ئێران دەکەن؛ ئەمە جگە لەوەی بزووتنەوە چەکدارییەکانی دژی دەوڵەت لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەئاسانی دەخرێنە لیستی تیرۆر و هەمیشە دەبنە پاساوێکیش بەدەستی ئەو ڕژێمە دەوڵەتییانە بۆ داپڵۆسینی جووڵانەوە مەدەنییەکان. لەم سۆنگەیەوە، بەتایبەت دوای ئەو گۆڕانە خێرایەی لە هێرشە ئاسمانییەکاندا ڕووی داوە، کە مەبەستم بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە (درۆنەکان) لەلایەن هەر یەکە لە تورکیا و ئێران، بزووتنەوە چەکدارییەکان زیانی زۆریان بەردەکەوێت و بەرەو لاوازی دەچن. بۆیە سەرکردایەتیی کورد، بەتایبەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێت تا زووە پێداچوونەوە بە جووڵانەوە و خەباتی چەکداریدا بکەن.

image_pdfimage_print