(دیوەکەی تری ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی)
قەرەنی قادری
ئامرازی ڕاگهیاندنی گشتی، بههۆی زانیاری، ڕاپۆرت و دهنگوباسهكانییهوه “فۆرم بە جیهانی زهینی ئێمه دەبەخشن،” بهڵام ئهو وێنهیهی كه ئهو ئامرازانه له زهینی ئێمهدا دروستی دهكهن، ئایا ئهمه تەواوی ڕاستیی ڕووداوهكانە؟ ئهوهمان لهبیر نهچێت، ڕاستییهكان ههمیشه ئهوه نین كه له تهلهڤزیۆندا نیشان دهدرێن، له ڕادیۆدا بڵاو دهكرێنهوه و له چاپهمهنییهكاندا دهنووسرێن. پێویسته به چاوێكی ڕهخنهگرانهوه سهیری ئهو پهیامانه بكهین، كه به ڕێگەی ئامرازهكانی ڕاگهیاندنی گشتییهوه پێمان دهگهن. ئەمە هەم هاووڵاتیان وشیار دەکاتەوە و هەمیش ئەو پەیامە بە ڕاگەیاندنەکان دەدات، کە هەندێک هێڵی سوور هەن و، دەبێ ئاگاداریان بن! بەڵام ڕاگەیاندن تەنیا هەر ئەوە نییە کە زانیاری و هەواڵ بڵاو بکاتەوە یان ئاڵقەی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان-ئەوەی لە دیموکراسیدا پێی دەڵێن دەسەڵاتی چوارەم- بێت، بەڵکوو دیوێکی تریشی هەیە و، هەروەها وەکوو “قڕژاڵ”یش بە دوو سەر دەڕوات.
دیوەکەی تری ڕاگەیاندن: جەنگی دەروونی
بەگشتی جەنگ بە دوو شێوە بەڕێوە دەچێت: لە مەیدانی “جەنگی ڕەق”دا و لە مەیدانی “هزری گشتی”دا. یان ئەوەتا دەکرێت پێکەوە (هاوشان) لەو دوو مەیدانەدا جەنگ بکرێت، یان بۆی هەیە بەجیا ڕوو بدات. ئێستا مەیدانی جەنگی دەروونی زۆر بەرفراوان بووە. ئەم جەنگەیش کاتی یان تاکتیکی نییە، بۆیە ناوی “سایکۆ ستراتیژی”یان لێ ناوە. واتە وەکوو جەنگێکی سەربەخۆ و ستراتیژیک باسی لێوە دەکەن، کە هەڵگری ستراتیژیی تایبەت بە خۆیەتی.
بههۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە بواری سیاسی، ئابووری و سوپایی، هەروەها تەقینەوەی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی یان تەقینەوەی زانیاری و دەستاودەستکردنی زانیاری، جەنگی دەروونی زۆر پەرەی گرتووە و، هەروەکوو جەنگ و شەڕەکانی تر، هەم بەرگریکارە و هەمیش هێرشبەر و تێکدەر. جەنگی دەروونی، کۆمەڵە شەڕێکە بەبێ خوێنڕشتن مەتەرێزەکان داگیر دەکات و ئاژاوە و چەندبەرەکی دەنێتەوە. جەنگی دەروونی دەورێکی گرنگ لە ململانێکاندا دەگێڕێت و شوێنێکی تایبەتی لە چەمکی “جەنگ”دا پێ دراوە.
جەنگی ڕەق یان جەنگی کلاسیک (هێزی سوپا، چەک و تەقەمەنی)مان هەیە، یان ئەو جەنگە کە تا ڕاددەیەک نوێیە، بڕەوی زۆرە، ڕۆژانەیە و، بە “جەنگی نەرم” ناوی دەرکردووە؛ بێ شک “جەنگی نەرم”یش شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە و فرەڕەهەندە، کە یەکێک لەوان “جەنگی دەروونی”یە.
لە گۆڕەپانی ئاڵۆز و پێچەڵپێچی جەنگی دەروونیدا باس لە ئەرنجی هێزی سوپای چەکدار، دەبابە (تانک)، زرێپۆش، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کڵاشنیکۆڤ و تەقەمەنی ناکرێت و شوێنیان نییە. ئەم جەنگە ڕێکخراوە و بههۆی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەوە، هەروەها کەرەسەی ئاشکرا و نهێنیی وەکوو سیخۆڕ، تابووری پێنجەم، خەڵکی لاواز، دەنگۆ، ئەوانەی بە ڕابردووە سەرقاڵن و بۆ وەڵامی پرسەکانی ڕۆژ (هەنووکەیی) برینەکانی دوێنێ دەکولێننەوە، هەواڵی چەواشە و درۆ بە مەبەستی لاوازکردن و ترساندنی لایەن یان لایەنەکانی بەرانبەر، هەروەها سەرقاڵکردنی گرووپی ئامانج بە شتی لاوەکی، بەلاڕێدابردن، نانەوەی ئاژاوە و چێکردنی چەندبەرەکی بەڕێوە دەچێت.
جەنگی دەروونی سێرە لە هزر و مێشکی مرۆڤەکان دەگرێت. هەندێک لە کارناسانی جەنگ بەگشتی و جەنگی دەروونی بەتایبەتی دەڵێن: “ئامانج لە جەنگی دەروونی بریتییە لە داگیرکردنی مەیدانێکی پازدە سانتیمەتریی نێوان دوو گوێی مرۆڤەکان.” بێ شک ئەو مەیدانە پانزدە سانتیمەترە کە دەکەوێتە نێوان دوو گوێ، “مێشک”ی مرۆڤەکانە. لە جەنگی دەروونیدا، خوێن ناڕشترێت، بەڵکوو سێرە لە مێشکی مرۆڤەکان دەگیرێت و دەبنە قوربانیی جەنگی دەروونی و بەلاڕێدا دەبرێن و، هاوسەنگیی مرۆڤەکان تێک دەچێت و، لە شوێنێکی ترەوە هەڵدەسووڕێندرێن.
ئامانجەکانی جەنگی دەروونی
یەکێک لە کۆڵەکەکانی جەنگی دەروونی، هاووڵاتیانن، بەڵام بۆ ئەوە دەبێ تایبەتمەندیی کۆمەڵگەکان بناسرێن؛ واتە دەبێ خاڵە لاوازەکانی (کێشەی نێوان گرووپە نەتەوەیییەکان، کێشە و ململانێی نێوان حزبەکان، گرفت لە نێوان ئایین و ئایینزاکان، کۆمەڵگەی ڕقاوی، تۆڵەئەستێن، سەرقاڵبوون بە شتی لاوەکی، پێکەوەهەڵنەکردن، نەبوون یان لاوازیی پێکەوەهەڵکردن، بۆ چارەسەری کێشەکان گەڕانەوەی بەردەوام بۆ ڕابردوو، لاوازیی سیاسی، وانەوەرنەگرتن لە مێژوو و…) دەستنیشان بکرێن، تا ئەم جەنگە بەڕێوە بچێت و بەئاکام بگات. بۆ ئەوەی ئەم جەنگە کارتێکەری و بەرهەمی هەبێت، دەبێ ناکۆکییەکانی کۆمەڵگەیەک وەکوو نەتەوەیی، حزبی، ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی چالاک بکرێن و دنەی هاوکێشەکان بدرێت، تا کۆمەڵگەی مەبەست لەبەریەک بترازێت.
ئاشنابوون بە تایبەتمەندیی دەروونی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە، لە مەرجە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی جەنگی دەروونییە تا بتواندرێت كاریگەری بخرێتە سەر ڕای گشتیی کۆمەڵگە. جەنگی دەروونی، هەم لەلایەن دوژمن و نەیارنمانەوە بە دژی ئێمە (نەتەوەی کورد) بەکار دەهێندرێت و هەمیش لە ناوخۆی خۆماندا دژبە یەکتر کەڵکی لێ وەردەگرین. بەداخەوە ئێمەی کوردیش خاڵی لاوازمان زۆرە و خۆراکی جەنگی دەروونین. هیچ شک لەوەیشدا نییە کە هەر خۆمان بەرپرسی شکست، هەڵدێر، هەڵە، ساتمە و کەموکورتییەکانی خۆمانین و، هیچ پێویست ناکات بۆ گەڕان بە دوای هۆکاری شکستەکانمان لە هاوکێشەی دەرەکی بگەڕێین؛ دەبێ فێر بین خۆمان بناسین و ددان بە هەڵەکانماندا بنێین!
هەواڵی ساختە، هەواڵی نادروست/ هەڵە و دەنگۆ
لە دۆخی ڕاپەڕین، شۆڕش، پاشاگەردانی و قەیراندا، بازاڕی هەواڵی ساختە (Fake news)، هەواڵی نادروست/ هەڵە (Disinformation) و دەنگۆ (Rumor) گەلێک گەرمە. ئەم جەنگە دەروونییە بە مەبەستی بەلاڕێدابردن، هەڵخەڵەتاندن، ماندووکردن، تووڕەکردن، دنەدان، دروستکردنی شک و سەرقاڵکردن بە شتی لاوەکییەوە بۆ ئەوەی زەین لەسەر شتی گەورە و سەرەکی بەلاڕێدا ببرێت، بەڕێوە دەچێت. بۆیە پێویستە وریا بین و خۆ لە بڵاوکردنەوەی هەر چەشنە “هەواڵ” و “زانیاری”یەک کە سەرچاوەکەی جێی متمانە نەبێت، بپارێزین و پەلە نەکەین! بۆیە پێویستە وریا بین تا بتوانین هەواڵی دروست لە هەواڵی “ساختە” و “نادروست” لێک جیا بکەینەوە. لە جیهانی ڕاگەیاندندا بەو جیاکردنەوەیە دەڵێن: “خوێندەواریی میدیایی” (media literacy).
لەم جیهانەدا کە ڕاگەیاندن دەوری گەلێک گرنگ لە ژیانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی ئێمەدا دەگێڕێت، ناسینی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، لە مەرجە گرنگەکانە؛ بۆیە خوێندەواریی میدیایی لە پێویستییەکانی ژیانمانە. خوێندەواریی میدیایی بریتییە لە لێهاتوویی و شارەزایی بۆ ناسینی چەشنەکانی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، هەروەها لێکجیاکردنەوەی کار و بەرهەم (زانیاری و دەنگوباس)ی ئەو کەرەسانەی کە بە هاووڵاتیانی دەدەن، هەروەها ئەوەی لە دەرەوەی ڕاگەیاندنەکان پێمان دەگەن. لە زانستی پەیوەندییەکاندا دەنگۆ وەکوو بابەتێکی ناڕەسمییە کە دەستاودەست دەکرێت و لقوپۆی لێ زیاد و کەم دەکرێت.
دەنگۆ، بریتییە لە بڵاوکردنەوەی بابەتێکی تایبەت بۆ ڕای خەڵک، کە ئەویش بە ڕێگەی تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر دەگوازرێتەوە. ئەو گواستنەوەیە، زارەکییە، بەبێ ئەوەی هەڵگری هیچ بەڵگەیەکی زانستی یان سەلمێندراو بێت.
“ژان نوێل کاپفێرێ” لە کتێبی “شایعە”دا باس لەوە دەکات: “دەنگۆ، باسێکی بەڕەسمینەکراوە دەربارەی پرسێکی تایبەت کە جێی سەرنج و نیگەرانیی هاووڵاتیانە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە.” هەردوو بۆچوون سەبارەت بە دەنگۆ، هیچ باسی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی ناکەن، بەڵکوو تەنیا باس لە گواستنەوەی “زارەکی”ی پرسەکە دەکەن.
دەنگۆ، خەنیمێکی بەهێزە بۆ کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و زۆر بەساناییش دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتیدا. گەر بێت و کەرەسەکانی ڕاگەیاندن زانیارییان سەبارەت بە دەنگۆ نەبێت و نەیناسن، دەتوانن هاووڵاتیان بەلاڕێدا بەرن؛ یان ئەگەر تێڕوانینی “instrumentalism” (ڕاگەیاندن تەنیا بە کەرەسەیەکی ڕووتوقووت)یان سەبارەت بە ڕاگەیاندن هەبێت و، کاریان تەنیا بڵاوکردنەوەی هەواڵ بێت و بیر لەوە بکرێتەوە کە چۆن ڕاوی بینەر، بیسەر و گوێگر بکرێت، ئەوە کێشەکە چەندقات دەکاتەوە. ئەو شێوە تێڕوانینە لە وڵاتی ئێمەدا زۆرە سەبارەت بە بەئامرازکردنی کەرەسەکانی ڕاگەیاندن. لە تێڕوانینی بەکەرەسەییکردندا، بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی دەکەوێتەوە پەراوێزەوە و ئەمەیش سەلامەتیی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە!
هەندێک لە کارناسانی کاروباری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەو ڕایەن، دەنگۆ بەرهەمی پەیوندیی زارەکی و باس و گفتوگۆی بەرفراوانی خەڵکە. لەو کۆمەڵگەیانەی کە بەشێکی زۆر لە پەیوەندییەکان زارەکی و نەریتین، دەنگۆ هەم لایەنگری زۆرە و هەمیش بەهێزە و کارتێکەریشی زۆرە. بەڵام دەنگۆ لە کاتی پاشاگەردانی، قەیران، لاوازیی حوکمڕانی، دانانی کەسی نەشیاو بۆ شوێنی شیاو و گونجاو، بڵاونەکردنەوەی تێروتەسەلی زانیاری یان مقەستکردن (سانسۆر)ی زانیاری و دەنگوباس، هەروەها بە بوونی گەندەڵیی ڕێکخراو (کارکردی گەندەڵی بەپێی مەنتقی فۆرمۆڵی ئابووریی خواست و خستنەڕوو) لە کۆمەڵگەدا، دەنگۆ هەم گەشە دەکات و هەمیش بازاڕەکەی ڕمێنی دەبێت. ڕێک لەو دۆخەدایە کە دەنگۆ بەو تایبەتمەندییانەوە ڕای گشتی چێ دەکات و ململانێ لەگەڵ هەواڵ و زانیاریدا دەکات. بەڵام لە پاڵ ئەمانەدا، دەنگۆ وەکوو بەشێک لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی هاووڵاتیان باسی لێوە دەکرێت، کە هۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانەی هاووڵاتیان بە ڕاگەیاندن و دامەزراوە حکوومییەکان. بەڵام کاتێک ناڕوونی زۆرتر بێت و زانیاری و هەواڵی گشتلایەن نەگاتە دەست هاووڵاتیان، هەم دەنگۆ بەهێزتر دەبێت و هەمیش کارتێکەرییەکەی لەناو هاووڵاتیاندا فرەتر دەبێت.
هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە کوردستانیشەوە، کانگەی بڵاوکردنەوەی دەنگۆن، کە سەرچاوەی بەشێکی هەرە زۆری ئەو دەنگۆ (پەتا)یە بۆ نەبوونی زانیاری و شەفافییەت دەگەڕێتەوە؛ کە ئەمەیشیان ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە حکوومەت و شێوازی حوکمڕانییەوە هەیە. “ئاڵڤین تافلێر” (١٩٢٨-٢٠١٦) لەو بارەیەوە دەڵێت: “لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە بزنفرۆشتنەوە بگرە تا دەگاتە سیاسەت، هەمووی نهێنییە!”
لە ڕۆژنامەوانیدا هەندێ بابەتی سەرەتایی هەن و ڕۆژنامەوان فێر دەکەن كە؛ هەواڵ چییە و بە چی دەڵێن دەنگۆ، هەروەها فێری ئەوەیان دەکەن کە چۆن لە ڕاپۆرتەکانیاندا ڕوونی بکەنەوە و بە بەڵگە پێشانی هاووڵاتیانی بدەن کە جیاوازی لە نێوان هەواڵ و دەنگۆ لە چیدایە تا ترس و دڵەڕاوکێ لەناو هاووڵاتیاندا چێ نەبێت.
“هەواڵ” (خەبەر)، بریتییە لە پەیامێکی بڵاوکراوە لە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی دەربارەی شتێک، دۆخێک یان ڕووداوێکی جێی سەرنج، کە تا ئێستا نەزانراوە؛ واتە گەیاندنی پەیامێک کە بە ڕێگەی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە بۆ هاووڵاتیان دەگوازرێتەوە. گەرچی لە جیهانی ڕاگەیاندندا هاوڕایی سەبارەت بەو مانایە لە هەواڵ هەیە، بەڵام دیسانەکەیش جێگەی باس و لێدوانە.
زانیاری
“زانیاری بریتییه له كۆمهڵه ڕاگهیاندنێك، كه ناوئاخنهكهیان باس له ڕوونكردنهوه، ڕاستكردنهوه، بیروڕا و بۆچوون، زانیاری سهبارهت سروشت و كۆمهڵگه، دهسهڵات، بڕیار و چۆنێتیی بڕیاردان، دهنگوباس، ڕاپۆرت و لێكۆڵینهوه، ڕهخنه، وێنه و ئامار، ههروهها حهز و ئاواتهكان دهكهن.” ههر به ڕێگەی زانیارییه كه هاووڵاتیان شارهزای كاروباری دهسهڵاتداران له بواری ناوچهیی، سهرانسهری و جیهانی دهبنهوه.
زانیارییه، كه دهرفهت بۆ بڕیاردان دێنێته كایهوه و یارمهتیی هاووڵاتیان دهدات، كه چۆن له ڕهوتی ههر چهشنه ههڵبژاردن و بڕیاردانێكدا بهشدار بن. لهبهر ئهوه زانیاری گهلێك گرنگه، بهڵام زانستیبوون و وردی له كاری ڕاگهیاندندا، گرنگتره. زانیاری بهپێی سروشتی خۆی بێلایهنه و باس له ناوهڕۆكی دیاردهكان دهكات، لهبهر ئهم هۆیه، پێویسته وهكوو دیاردهیهكی سهربهخۆ و بێلایهن سهیری بكرێت. دهڵێن “زانیاری خوێنێكی گهرمه كه لهناو لهشی كۆمهڵگهی دیموكراتیكدا له هاتوچۆدایه.” بەڵام پێویستە جەخت لەوەیش بکەمەوە کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر جار جیاوازی لە نێوان زانیاری و بۆچووندا نییە و تێکەڵ بەیەک دەکرێت. ئەمەیش یەکێکی ترە لە کێشە جددییەکانی ئێمە کە دەرفەت بۆ تێڕوانینی هەڵە، لێکدانەوە و بڕیاری هەڵە دێنێتە کایەوە. زانیاری بۆچوون نییە، بەڵکوو بۆچوون لە پزدانی خۆیدا زانیاریی تێدایە.
جیاوازی له نێوان زانیاری و دهنگوباس تا ڕاددهیهك ناڕوونه. ههندێك زانیاری دهتوانن دهنگوباس نهبن. بهڵام ئهوهی گرنگه و دهبێ بزاندرێت، زانیارییه كه بواری “بڕیاردان له ژیان”دا بۆ هاووڵاتیان دێنێته كایهوه، ههروهها یارمهتیی “ههڵبژاردن” و “دیاریكردنی بهرژهوهندی”ی هاووڵاتیانیش دهدات. ئهم چهمكه گرنگه، یهكێكە له بنهما سهرهكییهكانی دهوڵهتێكی دیموكراتیك، بهرپرس، وڵامدهر و كراوه. دهستپێڕاگهیشتنی هاووڵاتیان به زانیاری، ههروهها دهستاودهستكردنی زانیارییش به شێوهیهكی ئازاد، خوڵقێنهری كهشوههوایهكی ئازاده، كه لهوێدا دۆخێكی كراوه بۆ باس و لێدوان و لێكتێگهیشتن له نێوان هاووڵاتیان و دهسهڵاتدا دێنێته كایهوه. بهم شێوهیه هەم مەیدان لە هەواڵی ساختە، هەواڵی نادروست/ هەڵە، دەنگۆ و جەنگی دەروونی بەرتەسک دەبێتەوە و هەمیش ئهندامانی كۆمهڵگه (حكوومهت، هاووڵاتیان و ئامرازی ڕاگهیاندنی گشتی) له كهشوههوایهكی ژیرانه و ئاشتییانهدا پێكهوه دهپهیڤن.
تهنیا ئهخلاقی ڕۆژنامهوانییه، كه دهتوانێت دیرهگێكی بههێز بێت بۆ ئهوهی ڕۆژنامهوان* بڕهو به متمانه و بهرپرسیارێتیی خۆی بدات. له پێودانگی ڕۆژنامهوانیدا، ئهخلاقی ڕۆژنامهگهری، بهم شێوهیه لێك دراوهتهوه و، لهسهری ساخ بوونهتهوه: “بڵاوكردنهوهی ڕێكوپێك و دروستی زانیاری و دهنگوباس لهسهر بنهمای بیروڕای جیاواز، ههروهها بێڕێزی بهو كهسانه نهكات كه باسیان لێوه دهكات. ڕۆژنامهوان، بۆی نییه ههر لهخۆڕا شت بنووسێت و دروستیان بكات، درۆ بكات، بهرتیل وهربگرێت، خۆشهویستی یان ڕقی خۆی تێكهڵ به كارهكانی بكات و، لە کۆتاییدا، نابێ بكهوێته ژێر كارتێكهریی حكوومهت و هاووڵاتیانهوه.”
ئەوە زانیاریی دروستە کە یارمەتیی هاووڵاتیان دەدات تا دەوری وشیارانە لە کۆمەڵگەدا بگێڕن. هەر لەو ڕوانگەیەوەیە کە یونسکۆ ئەخلاق و زانیاریی دروست، لێک گرێ دەدات. یهکێک لهو بنهمایانهی که “یونسکۆ” بۆ ئهخلاقی ڕۆژنامهوانی، گهڵاڵهی کردووه بریتییه لهوهی: “گرنگترین ئامانجی پهیامنێرێک ئهوهیه که خزمهت به هاووڵاتیان بکات و زانیاریی دروستیان پێ بدات. “
ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی (تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ، چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی)، ئاڵقەی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیانە. لەبەر ئەوە، متمانە، بەرپرسیارێتی و ئەخلاق، دەبێ لە بنەما سەرەکییەکانی ئەم کەرەسانە بن. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، هێز و دەسەڵاتی هەیە، هەروەها دەتوانێت دەورێکی باش بۆ لۆبیگەری و دیپلۆماسی بڕەخسێنێت و هزر و فکریش بکاتە هێزێکی ماددی لە کۆمەڵگەدا و هاووڵاتیان لە دەوری بەرنامە و کۆمەڵە فکرێکی ستراتیژیدا ڕێک بخات و بیانکاتە هاوکێشەیەکی بەرپرس و وەڵامدەر!
تێبینی:
* من لە بری “ڕۆژنامەنووس”، “ڕۆژنامەوان” بەکار دێنم، چونکە لە زمانی کوردیدا پاشگری “وان” بە مانای لێهاتوویی و پسپۆریش دێت، وەکوو: مەلەوان، باخەوان و شاخەوان. زۆر کەس دەتوانن مەلە بکەن، بەڵام لەوانەیە ژمارەیەکی زۆر مەلەوان نەبن. بۆ مەلەوانبوونیش پێویستە مرۆڤ چەندان شێوازی مەلەکردن بزانێ، شارەزای ئاو و ڕووبار (مەندی و خۆڕێنیی ئاو) و سروشتی تری چۆم و گادەران بێت. زۆربەمان دەتوانین باخ و بێستان ئاو بدەین، بەڵام دەتوانین باخەوان نەبین. هەروەها بۆ لێکجیاکردنەوەیە لەگەڵ ژمارەیەک لە خەڵک کە لەوانەیە لە مانگێک یان دوو مانگدا دوو یان سێ “وتار” یان وتارۆک بنووسن و ناویان دەنێن رۆژنامەنووس.
بەپێی پێوەری باو لەناو جیهانی ڕۆژنامەوانیدا، ئەو كەسەی كە كار لەسەر ڕووداو، بەڵگە، وێنە و زانیاری دەكات و بیروڕای جیاواز سەبارەت بە ڕووداوێك كۆ دەكاتەوە و، بێلایەنانە و بە گوێرەی ئەخلاق و یاسای ڕۆژنامەوانی لە ئامرازەكانی ڕاگەیاندنی گشتیدا بڵاویان دەكاتەوە، ڕۆژنامەوانی پێ دەڵێن. دەكرێ لە سێ ڕوانگەوە سەیری ئەم واتایە بكرێت: یەكەم: ڕۆژنامەوان زانیاریی جۆراوجۆر و دەنگوباس كۆ دەكاتەوە و، لە كەرەسەكانی ڕاگەیاندندا بڵاویان دەكاتەوە. دووەم: بە ڕێگەی ئەم كاركردنەوە، مووچەی بژێویی خۆی دابین دەكات؛ واتە كاری فكری لە بەرانبەر مووچەدا. سێیەم: بۆ كارەكانی، دەبێ پشت بە ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی، یاسا و پێودانگی ڕۆژنامەگەری ببەستێت.