پێنووس

خوێندنەوەیەك بۆ ڕێکكەوتنی شەراکەتی ستراتیژیی نێوان عێراق و فەڕەنسا

پرۆفيسۆر د. بڕیار شێرکۆ بابان

لە ڕێکەوتی ٣/١١/٢٠٢٣، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا لە کۆشكی ئێلیزێ کرد. خودی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە لە ئاستی لووتکەدا گرنگیی مێژووییی هەیە، بەتایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان. لەبەر سنوورداریی بابەتەکەمان، ناپڕژێینه‌ سه‌ر هەموو ڕەهەندە سیاسی، ئابووری و مێژوویییه‌كانی ئەم جۆرە سەردانانه‌. پەیوەندیی گەلی کوردستان و فەڕەنسا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە؛ لە پەیوەندییەکی بەرایی و مرۆیییەوە چەکەرەی کرد و ئێستا بۆتە پەیوەندییەکی لووتکەیی و ستراتیژی، تا ڕاددەیەک بەرژه‌وەندیی دوولایەنەیش بەرجەستە بووە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی دوای کۆبوونەوە دووقۆڵییەکە، ڕێزدار سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بە چەند خاڵێكی گرنگ کرد کە لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆماری فەڕەنسا تاوتوێ کراوە. یەکێك لەو خاڵانەی باس کرابوون، بابەتی ڕێکكەوتنی شەراکەتی ستراتیژیی نێوان عێراق و فەڕەنسا بوو. پرسی پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و عێراق فرەڕەهەندە. ئەگەر بێینە سەر باسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا، خۆی لە خۆیدا بابەتێکی فراوانە؛ ئینجا لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی عێراق و فەڕەنسا بێت، یان لە ڕوانگەی ئەو هێڵە ديپلۆماسییە ڕاستەوخۆیە بێت کە لە نێوان هەولێر و پاریسدا هەیە.

شایەنی گوتنە، لە ڕێکەوتی ٢٦/١/٢٠٢٣ بەڕێزان موحەممەد شياع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن واژۆیان لەسەر ڕێکكەوتنی شەراکەتی ستراتیژیی نێوان عێراق و فەڕەنسا کرد. ئەم ڕێکكەوتنە، یەكەم ڕێکكەوتنی نێوان فەڕەنسا و عێراق نییە، کۆتاییش نییە. بابەتەکەی ئەم جارەمان چوارچێوەیەکی دیاریکراوی هەیە؛ خوێندنەوەیەکە بۆ لایەنە جۆربەجۆرەکانی ئەو ڕێکكەوتنەی شەراکەتی‌ ستراتیژی، کە لە نێوان عێراق و فەڕەنسا واژۆ کراوە و، وا بڕیارە بەم نزیکانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.    

گوزەرێك بە ڕێکكەوتننامەکانی نێوان عێراق و فەڕەنسا

میزۆپۆتامیا و فەڕەنسا پەیوەندییەکی دێرین بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە؛ هەر لەو کاتەی کە عێراق پێک هاتبوو لە سێ ویلایەتی عوسمانی. سەد و پەنجا ساڵ زیاتر لەمەوپێش، خاتوو ئوژێنی، خێزانی ناپليۆنی سێیەم، ئيمپراتۆری فەڕەنسا، ئامێرێکی کاتژمێر و زەنگێكی کلێسای مەزنی پێشکەش بە مووسڵ کرد. ئەم دیارییە دێرینانه‌ تا داگیركردنی کلێسای “ساعە” له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ مابوون؛ چەکدارانی داعش-وەکوو زۆر سامانی که‌لتووری و مێژووییی مووسڵ- شێواندیان و لەناویان برد.

فەڕەنسا لە دروستبوونی عێراقی ئێستادا کاریگەرییەکی زۆری هەبووە و هەیە، بەتایبەتی لایەنێكی سەرەکی بووە لە ڕێکكەوتننامەکانی سايکس-بیکۆ (١٩١٦)، سيڤەر (١٩٢٠) و لۆزان (١٩٢٣) و هتد. لە دوای سەربەخۆبوونی عێراق لە ساڵی ١٩٣٢، سنووری ئێستای باکووری ڕۆژاوای عێراق بە چەند ڕێکكەوتننامەیه‌كی دوولایەنەی فەڕەنسا و عێراق داڕێژراوه‌. بۆ نموونە ڕێکكەوتننامەی ساڵی ١٩٣٣ دەربارەی جێبەجێکردنی بڕیاری ناوبژیوانی (تەحکیم)ی داڕشتنی سنووری سووری و عێراقی لەلایەن کۆمەڵەی گەلانه‌وه‌؛ لەو سەردەمەدا سووریا لەژێر ئینتداب (سه‌رپه‌رشتی)ی فەڕەنسادا بوو.

لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی پێشوو، دەیان ڕێکكەوتننامەی دوولایەنە واژۆ کرابوون کە زیاتر سروشتی تەکنیکی و زانستی و ئابوورییان هەبوو، بۆ نموونە: ڕێکكەوتنی دوولایەنە دەربارەی هاتوچۆی ئاسمانی لە ساڵی ١٩٦٦، ڕێکكەوتنی دوولایەنە دەربارەی هەماهەنگیی که‌لتووری لە ساڵی ١٩٦٩، دەربارەی سیستەمی کاروباری کۆمەڵایەتیی قوتابیان لە ساڵی ١٩٧٢، لە بواری هایدرۆکاربۆن لە ساڵی ١٩٧٢، لە بواری پاراستنی داهێنانی هزری لە ساڵی ١٩٧٢، لە بواری گەیاندن لە ساڵی ١٩٧٢، لە بواری تەلەڤزيۆنی ڕەنگاوڕەنگ لە ساڵی ١٩٧٤، لە بواری بەکارهێنانی وزەی ناوکی بۆ مەبەستی ئاشتییانە لە ساڵی ١٩٧٥، لە بواری کۆمپيوتەر لە ساڵی ١٩٧٥، لە بواری گەشتیاری لە ساڵی ١٩٨٠.

لە دوای (٢٠) ساڵ جه‌نگه‌ یەك لە دوای یه‌كه‌كانی عێراق لەگەڵ ئێران و کوێت و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە فەڕەنسا گەڕایەوە بۆ ڕێکكەوتنی دووقۆڵی لە بواری شوێنەوارناسی و مۆزه‌خانەناسی لە ساڵی ٢٠٠٠. چەند ساڵێك دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، فەڕەنسا دەیه‌وێ بە شێوه‌یه‌كی بەرفراوانتر بێتەوە ناو کایەی سياسیی عێراقه‌وه‌؛ بەتایبەتی لەسەردەمی نیکۆلا سارکۆزی، سەرۆکی فەڕەنسا، كۆمه‌ڵێك ڕێکكەوتنی دوولایەنە واژۆ کران، بۆ نموونە: دەربارەی ئاسایشی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٠٩، دەربارەی هاریکاری لە بواری بەرگری لە ساڵی ٢٠٠٩، دەربارەی هاندان و پاراستنی وەبەرهێنان لە ساڵی ٢٠١٠، دەربارەی شەراکەتی که‌لتووری و تەکنیکی و پەرەپێدان لە ساڵی ٢٠٠٩.

تایبەت بە هەرێمی کوردستان، سەرۆك مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و بەڕێز بێرنارد کۆشنەر، وەزیری پێشووی دەرەوە و کاروباری ئەوروپا، لە ١٥/١٠/٢٠١٠ واژۆیان لەسەر یاداشتنامەیەكی دوولایەنە کرد لە بواری  بازرگانی و ئابووری و که‌لتووری؛ کە ئەمەیش خۆی لە خۆیدا دەسکەوتێکی مێژوویییە بۆ هەرێمی کوردستان و بە هەردوو زمانی کوردی و فەڕەنسی داڕێژراوە. ئەو ڕێکكەوتننامانەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٩وە لە نێوان فەڕەنسا و عێراق واژۆ کراون، سروشتێکی گشتگيریان هەیە و تەواوکه‌ری یەکترن.  

پوختەی ڕێکكەوتنی شەراکەتی ستراتیژیی نێوان عێراق و فەڕەنسا

ڕێکكەوتننامەی شەراکەتی ستراتیژیی نێوان عێراق و فەڕەنسا دوای واژۆکردن لەلایەن سەرۆك ماکرۆن و سەرۆكوەزیران موحەمەد شياع سوودانی، پێویستیی بە پەسەندکردنە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقه‌وه‌ کە تاوەکوو نووسینی ئەم دێڕانە ئەم ڕێکكەوتنە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. ناوەڕۆکی ئەم ڕێکكەوتنە، پێک هاتووە لە شەش بەشی سەرەکی و (٥١) ماددە. سەرەتا وەکوو هەر ڕێکكەوتنێكی تر، بە ديباجەیەك دەست پێ دەکا. بەشی یەکەم تەرخان کراوە بۆ شەراکەت لە بواری سياسی و هاریکاریی ديپلۆماسی کە لە پێنج ماددە پێک هاتووە. دواتر بەشی دووەم، باس لە پرسێکی هاوبەشی هەستیار دەکات لە بواری بەرگری و ئاسایشی ناوخۆیی کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەکرێت ڕێکكەوتنی نهێنی بكرێت. ئەم بەشە دابەش کراوە بۆ چوار لق: کاروباری بەرگری و پرسی ئاسایشی ناوخۆیی و بابەتی دادوەری و پرسی کۆچبەری و، گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانیش لە چوارچێوەی بەرگری و ئاسایشی ناوخۆ وەکوو لقێك داڕێژراوە. پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تيرۆر و تاوانی نێودەوڵەتیی ڕێکخراو و پرسەکانی تری وەکوو تاوانی گەندەڵی و تاوانەکانی ئینتەرنێت و، بازرگانی بە مرۆڤ، ماددە هۆشبه‌ره‌كان، چەکی بێمۆڵەت و پارچە شوێنەوارییەکانیش باسیان لێوە کراوە.

 یەكێك لە درێژترین بەشەکان بریتییە لە لە بابەتی بازرگانی و ئابووری کە چواردە ماددەی بۆ تەرخان کراوە. چەندان بابەتی جۆراوجۆری تێدا باس کراوە و تیشک خراوەتە سەر هاندانی کارکردنی کۆمپانیا فەڕەنسییەکان لە عێراق و پاراستنیان لە بوارەکانی وزە و وزەی نوێبووەوە و پاراستنی ژینگە و ئاو و کەرتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و تەندروستی و ئاسانکاریی ئاڵوگۆڕی بانکی تا دەگاتە ميترۆی بەغدا و، پرسێکی هەستیاری وەکوو بەکارهێنانی وزەی ناوکی بۆ مەبەستی ئاشتییانه‌. وەک لە سەرەوە باسمان کرد، فەڕەنسا و عێراق لە ساڵی ١٩٧٥ ڕێکكەوتنیان دەربارەی بەکارهێنانی وزەی ناوکی بۆ مەبەستی ئاشتییانه‌ هەبووە. به‌كرده‌وه‌یش کاریان لەسەر ئەم ڕێکكەوتنە کردووه‌، تاوەکوو لە ساڵی ١٩٨١ کارتیاکەری ناوکیی تەممووز (وێستگه‌ی ناوكیی ته‌ممووز)، کە لە نزیك بەغدا بوو و لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە کاری لەسەر دەکرا، به‌هۆی ئۆپەراسيۆنێکی سەربازیی ئاسمانیی ئیسرائیله‌وه‌ بە ناوی “ئۆپێرا” تێک درا.   

فەڕەنسا بەگشتی زۆر گرنگی بە بابەتی که‌لتووری و ڕۆشنبيری دەدات، بۆیە بەشی چوارەم تەرخان کراوە بۆ بابەتی شەراکەت لە بواری زانستی و لێکۆڵینەوە و که‌لتووری. ئەم بەشەیش زۆر بابەتی لەخۆ گرتووە: هاندان، ڕاهێنان، خوێندن و توێژینەوە لە فەڕەنسا لە بوارە جیاجیاکاندا، هه‌تاوه‌كوو بابه‌تی توێژینەوە لە بواری وزەی ناوکی؛ هەروەها گرنگییەکی تایبەت دراوە بە فێربوونی زمانی فەڕەنسی لە عێراق و شوێنەوارناسی و گەشتیاری و بوارە جیاوازەکانی هونەر و وەرزش.

سەبارەت بە چۆنێتیی جێبەجێکردنی ئەم ڕێکكەوتنە، بەشی پێنجەمی بۆ دیاری کراوە. بە مەبەستی جێبەجێکردنی و، دروستکردنی پەیوەندییەکی ستراتیژیی درێژخایەن، لێژنەیەکی باڵا پێک دێت بە سەرۆکایەتیی هەردوو وەزیری دەرەوە. ئەم لێژنە باڵایە ڕوانگەی سیاسیی هاوبەش و میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێکكەوتنە دادەنێت. هەروەها چەندان لێژنەی دوولایەنەی پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەکان دادەمەزرێن بەم شێوەیە: یەکەم، لێژنەی هاریکاری لە بواری ئاسایشی ناوخۆیی، لە نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ، بەتایبەتی لە بواری به‌ره‌نگاربوونەوەی تيرۆر و تاوانە سنووربڕە ڕێکخراوەکان و ئاسایشی مەدەنی و ڕێکخستنی کۆچبەری. دووەم، لێژنەی به‌ره‌نگاربوونەوەی تيرۆر و هزری توندئاژۆ کە بەدواداچوون بۆ چەکدارە بیانییەکان بکات و، ئاڵوگۆڕی شارەزایی هەبێت دەربارەی ئاڵنگارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. سێیەم، لێژنەی تری پسپۆری دابمەزرێت بەپێی ئەولەوییەت؛ بۆ نموونە لە بواری وەبەرهێنان و وزە و وزەی نوێبووەوە و توێژینه‌وە و شوێنەوارناسی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتان و مافی منداڵان. چوارەم، ئاماژە بە لێژنەیەکی تایبەتمەند بە بەرگری دەکات، کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا و عێراق دامەزراوە. بە شێوەیەکی گشتی، ئەگەری پێکهێنانی لێژنەکان کراوەیە لە هەر بوارێك کە پێویست بێت و لە هەر ئاستێکدا بێت.

ڕێکكەوتنی شەراکەتی ستراتیژی و هەرێمی کوردستان

سەرەڕای ئەوەی دەقی ڕێکكەوتنەکە ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆی بۆ هەرێم و فيدراڵییەت نەکردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان بەدوور نییە لەم جۆرە شەراکەتی ستراتیژییە؛ لە لایەك، هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمی فيدراڵی عێراقە و لە لایەکی ترەوە هەرێم باشترین پەیوەندیی لەگەڵ فەڕەنسا هەیە تا دەگاتە ئاستی لووتکە.

ڕێکكەوتنی شەراکەتی ستراتیژی، بە سروشتی خۆی ڕێکكەوتنێکی سیاسییە؛ پابەندبوونی یاساییی تێدا نییە و هیچ سزایەکی ئەوتۆ لەخۆ ناگرێت. ئەم جۆرە ڕێکكەوتنە پێیان دەگوترێت “یاسای نەرم”  (Soft Law)، كه‌ بناغەیەکە بۆ ڕێکكەوتنی جۆری لە ئاستەکانی تری عێراق و هەرێمی کوردستان و تاوەکوو گرێبەست و یاداشتنامەی دوولایەنە.

ناکرێ ئەم جۆرە ڕێکكەوتنە بە بابەتێکی په‌یوه‌ندیدار به‌ هەرێمی کوردستانه‌وه‌ دانەنرێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، ئەم ڕێکكەوتنە سروشتێکی گشتگيری هەیە و، بە شێوەیەك داڕێژراوە کە گشت کەرتە گرنگەکان بگرێتەوە و چوارچێوەیەکی بنەمایی و یاسایییە بۆ ڕێکكەوتنە جێبەجێکارەکان و یاداشتەکانی لێكتێگەیشتن لە گشت ئاستەکانی حوکمڕانی، جا لە هەرێم بێت یان عێراق؛ بە شێوەیەك هەر ڕێکكەوتنێکی تر لە داهاتوودا لە نێوان هەرێم و فەڕەنسا واژۆ بکرێت، یان لە نێوان عێراق و فەڕەنسا واژۆ بکرێت، ئەوا لە سەرەتادا ئاماژە بەم ڕێکكەوتنە ستراتیژییە دەکرێت. بۆ نموونە یاداشتەکەی ساڵی ٢٠١٠ لە نێوان هەرێم و فەڕەنسا، بناغەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکكەوتنێکی پێشوو لە نێوان عێراق و فەڕەنسا کە ڕێکكەوتنی شەراکەت بوو دەربارەی هاریکاریی که‌لتووری و زانستی و تەکنیکی و پەرەپێدان، کە لە ڕێکەوتی ١٥/١١/٢٠٠٩ لە نێوان حکوومەتی فەڕەنسا و حکوومەتی عێراق واژۆ کرابوو. لە ديباجەی یاداشتەکەی هەرێم و فەڕەنسا، بەڕاشکاوی ئاماژە بەو ڕێکكەوتنەی نێوان عێراق و فەڕەنسا کراوە.

سیاسەتێکی دەرەکیی باڵای فەڕەنسی هەیە، ڕووەو ئاراستەی عێراقە. لە ساڵی ٢٠٠٩وە ئەم سیاسەتە دەستی پێ کردووە و، لە ڕێگه‌ی چەند ڕێکكەوتننامەیه‌كه‌وه‌ کە لە سەرەوە باسمان کردووە، بەرجەستە کراوە. ئەو ڕێکكەوتنانە سروشتێکی تەواوکارییان هەیە لەگەڵ یەکتردا. کۆتا ڕێکكەوتنی شەراکەتی ستراتیژی كه‌ له‌ ساڵی ٢٠٢٣ واژۆ كراوه‌، وەکوو یەکخستنی گشت ئەو ڕێکكەوتنانەیە کە پێشتر کاری لەسەر کراوە.

لە ڕێکەوتی ١٨/٩/٢٠٢٣، ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەقی ڕێکكەوتنە ستراتیژییەکە کرد. تاوەکوو ئێستا نازانرێت کەی ئەم ڕێکكەوتننامەیە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە یان لەوانەیە ڕەت بکرێتەوە و هه‌رگیز نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. چاوەڕێ دەکرێت هەرێمی کوردستان و لایەنە کوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆڵی ئەرێنی ببينن لە پەسەندکردنی ئەم ڕێکكەوتنە؛ کە سەرۆك ماكرۆن مەبەستێتی وەکوو دەستکەوتێکی سیاسی و ئابووری بۆ فەڕەنسا بەدەستی بهێنێت.

لە لایەکی ترەوە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێکكەوتنە، دەکرێ سوود لە پەیوەندییە لووتکەیییەکانی هەرێم و فەڕەنسا وەرگيرێت و، یاداشتی پاشکۆ بۆ ئەم ڕێکكەوتنە ستراتیژییە واژۆ بکرێت. دەقەکانی ئەم ڕێکكەوتنە ستراتیژییە تا ڕاددەیەك ڕێگەخۆشکەرە بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی لایەنە جۆرەبەجۆرەکانی ئەم ڕێکكەوتنە و تاوەکوو پێکهێنانی لێژنە و ئەنجومەنی هاوبەش لە نێوان هەرێم و عێراق و فەڕەنسا. پەیوەندییەکان بەردەوام پێویستیی بە دامەزراوه‌ییکردن و نوێکردنەوە و بەفەرمیکردن هەیە.

ئامانجەکانی ئەم ڕێکكەوتنە ستراتیژییە، بە لایەنی کەم، بەردەوامیی ديالۆگ و لێكتێگەیشتنە بە شێوەیەکی خولی لە نێوان حکوومەتە یەك لە دوای یەکەکانی عێراق و فەڕەنسا و، جێبەجێکردنی سنووردار نەکراوە بە کاتێکی دیاریکراو، بەڵکوو بۆ هەمیشەیە تاوەکوو لایەنێك داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات. هه‌روه‌ك ئاماژەمان پێ دا، ئەم ڕێکكەوتنە ڕێبەرێك و ماتۆڕی ڕێکكەوتنەکانی ترە؛ بناغەیەکە بۆ پێکهێنانی لێژنەی دوولایەنەی هاوبەش. پێویستە هەرێم بەشداریی کارای لەو لێژنە هاوبەشانەدا هەبێت.  

کۆبەند

ئەم ڕێکكەوتنەی شەراکەتی ستراتیژی، هەوڵێکە بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و فەڕەنسا. هەرچەندە لە سەرەتای دەقەکەدا چەند بنەمایەکی هاوبەش دووپات کراوەتەوە، بەڵام ئاراستەی کارکردنەکە بۆ ئەوەیە ئەم ڕێکكەوتنە زیاتر لە عێراق و بۆ بەرژەوەندیی عێراقییەکان جێبەجێ بکرێت. ئەم ڕێکكەوتنە دوولایەنە، ئامادەکارییە بۆ ڕێکكەوتنی کۆنکرێتی و پابەندکەر بۆ هەردوو لایەن. فەڕەنسا لە ڕێگه‌ی ئەم ڕێکكەوتنەوه‌، هەوڵ دەدات هەنگاوێک زیاتر لە پێش زلهێزە نێودەوڵەتییە ڕکابەرەکانییه‌وه‌ بێت. فەڕەنسا دەيەوێت لە ڕێگه‌ی ئەو پەیوەندییە لووتکەیییه‌ی لەگەڵ هەرێم هەیەتی، ئەم ڕێکكەوتنە سەر بخات و جێبەجێ بکرێت. بەرامبەر ئەم بابەتەیش، هەرێمی کوردستان پێویستە پلان و پرۆژە و میکانیزمی خۆی ئامادە بکات لە پێناوی جێبەجێکردنی ئەم ڕێکكەوتنە ستراتیژییە بۆ بەرژەوەندیی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و، بەشداریی کاریگەری لە لێژنە هاوبەشەکاندا هەبێت.  

image_pdfimage_print