موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
توركیا وه‌ك وڵاتێكی هه‌رێمی و موسڵمان كه له ناوچه‌كه‌دا خاوه‌ن پێگه و قورسایییهكی به‌رچاوه، ڕۆڵ و ههوڵوێستهكانی له هه‌ر قه‌یرانێكدا كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه و ده‌بێت. ئه‌نقه‌ره، به‌تایبه‌ت دوای ساڵی 2002، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی حزبی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاك پارتی) بۆ ده‌سه‌ڵات، تێڕوانین و ڕوانگه‌یه‌كی جیاوازتری هه‌بووه به‌رانبه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی موسڵمان و عه‌ره‌بی له جیهان. بۆیه هه‌ڵویسته فه‌رمییه‌كانی ئه‌نقه‌ره به‌رانبه‌ر قه‌یران و گرفته‌كانی ناوچه‌كه و جیهان، تا ڕادده‌یه‌كی به‌رچاو ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌یه. “كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین”یش وه‌ك قه‌یرانێكی جه‌وهه‌ری و بنه‌ڕه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، گرنگییه‌كی مێژوویی و ئیسلامی و مرۆییی تایبه‌تی هه‌یه بۆ توركیا. نووسه‌ره مێژوویی و ئیسلامییه موحافهزهكارهكانی توركیا، هه‌میشه شانازی به‌وه ده‌كه‌ن كه‌وا “له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا ڕێگه‌یان به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل نه‌داوه له فه‌ڵه‌ستین.” بۆیه له‌به‌ر ئه‌م گرنگییه مێژوویی و ئیسلامییه، ناكۆكی و ململانێكانی نێوان فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل گرنگییه‌كی مه‌عنه‌ویی هه‌یه بۆ ئه‌نقه‌ره.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا و له بارودۆخێكی زۆر سه‌ختی سیاسی و ئابووری و ئه‌منیدا كه توركیا تیایدایه، پاش هێرشه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بۆ قووڵایییه‌كانی ئیسرائیل له 7ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2023، قۆناغێكی هه‌ستیار ده‌ستی پێ كرد كه تیایدا ئاماژه‌كانی گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له ناوچه‌كه‌دا به‌ده‌ركه‌وت. ئه‌نقه‌ره‌یش بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی خۆی له هاوكێشه نوێیه‌كه‌دا بكاته‌وه، جموجۆڵێكی دیپلۆماسی و سیاسی و ئه‌منیی چڕی ده‌ست پێ كرد بۆ ئه‌وه‌ی قورسایی و پێگه‌ی خۆی له هاوكێشه نوێیه‌كه‌دا جێگیر بكات. چونكه له قۆناغه سهرهتایییهكانی قه‌یرانه‌كه‌ی 7ی تشرینی یه‌كه‌مدا، توركیا به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و ئیسرائیل و ته‌نانه‌ت وڵاته موسڵمانه‌كانی ناوچه‌كه‌وه، په‌راوێز خرا. به‌ڵام سه‌رۆككۆماری توركیا، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، بۆ ئه‌وه‌ی توركیا وه‌ك وڵاتێكی به‌هێز و كاریگه‌ر له هاوكێشه‌كه بمێنێته‌وه، چه‌ند هه‌نگاوێكی گرنگی نا، كه له خواره‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین بیانخه‌ینه ڕوو.
ئەم جەنگە چ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل دەبێت؟
توركیا یه‌كه‌م وڵاتی موسڵمان بوو كه له مانگی ئازاری ساڵی 1949 دانی به ئیسرائیل‌دا نا. واتا ژێرخانه مێژوویییهكهی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره – ته‌لئه‌بیب، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل. بۆیه توركیا بۆ ئیسرائیل نه‌ك ته‌نیا وه‌كوو وڵاتێكی كاریگه‌ری ناوچه‌كه گرنگه، به‌ڵكوو له ڕووه مهعنهوییهكهیش پێگه و مانایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، چونكه ئه‌نقه‌ره له كات و ساتێك‌دا ئیسرائیلی وه‌كوو ده‌وڵه‌ت ناسیوه، كه گرنگییه‌كی زۆری هه‌بووه بۆ ته‌لئه‌بیب. جگه له‌مه ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان بكه‌ین، ئه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا جووه‌كان به درێژاییی حوكمڕانیی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، زۆر ڕێزیان لێ گیراوه و یارمه‌تی دراون و ته‌نانه‌ت ده‌رگه‌كانی ئه‌م وڵاته به‌ڕووی ئه‌و جووانه كرایه‌وه كه ئه‌وكات كهوتبوونهتهوه به‌ر شاڵاوه‌كانی سته‌می وڵاتانی ئه‌وروپی. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، بۆ نموونه له سه‌رده‌می سوڵتان “بایه‌زیدی دووه‌م” له ساڵی 1492 (له ئیسپانیا) و له ساڵی 1497 (له پۆرتوگاڵ)، سه‌دان هه‌زار جوو به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی عوسمانی كۆچیان كرد و ده‌وڵه‌تی عوسمانییش پێشوازیی لێ كردن و به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه به‌رگرییان لێ كراوه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می سوڵتان “عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م” ڕێگه نه‌درا به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی جوو له‌سه‌ر خاكی فه‌ڵه‌ستین دابمه‌زرێت به‌ڵام پاراستنی جووه‌كان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه بۆ نزیكه‌ی زیاتر له چوار سه‌ده، به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ژێرخانی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی جووی دامه‌زراند كه له ساڵی 1948 به پاڵپشتیی بریتانیا به ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل كۆتایی هات.
كه‌واته ڕاستییه‌كی حاشاههڵنگهر هه‌یه، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه‌وا په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا-ئیسرائیل هه‌میشه گرنگ و ستراتیژی بووه بۆ ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ردوو لا و، ده‌توانین بڵێین هه‌ردوو لا كاریان كردووه و كار ده‌كه‌ن ئه‌م په‌یوه‌ندییه له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیاندا ئاراسته بكرێت.
به‌گشتی له دوای ساڵی 2002وه په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا-ئیسرائیل به‌رزی و نشێویی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه و به‌تایبه‌ت له ساڵانی (2008- 2009) له كاتی جه‌نگی غه‌ززه‌دا و دواتر له ساڵی 2010 به‌هۆی ڕووداوی كه‌شتیی ماڤی مه‌رمه‌را (Mavi Marmara) كه به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی یارمه‌تیی مرۆیی به‌ره‌و كه‌رتی غه‌ززه به‌ڕێ كه‌وتبوو، به‌ڵام له‌لایه‌ن سوپای ئیسرائیله‌وه هێرشی كرایه سه‌ر و له ئه‌نجامدا (10) هاووڵاتیی سیڤیلی تورك گیانیان له‌ده‌ست دا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌یش بریندار بوون. دوای ئه‌م ڕووداوانه په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا-ئیسرائیل گه‌یشته بنبه‌ست. به‌ڵام به‌هۆی پێشهات و ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه وه‌كوو ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تێكی فراوان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو و موسڵمان ئاسایی بكاته‌وه و تێچكوونی بارودۆخی ئابووری و داراییی توركیا و زیادبوونی گوشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر توركیا له لایه‌ك و دابه‌زینی ڕێژه‌ی پاڵپشتیی خه‌ڵك بۆ ئاك پارتی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی توركیا له لایه‌كی تره‌وه، “ئه‌ردۆغان”ی ناچار كرد بیر له ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا بكاته‌وه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له ساڵی 2021ه‌وه هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره-ته‌لئه‌بیب نرایه‌وه و چه‌ندان كۆبوونه‌وه‌ی ئاستبه‌رز له نێوان به‌رپرسانی توركیا و ئیسرائیل ده‌ستی پێ كرد. ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا له ئیسرائیل، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی ئیسرائیل بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی وه‌كوو ئیمارات و به‌حرێن. ته‌نانه‌ت ئیسرائیل ئه‌وه‌نده له وڵاتانی كه‌نداو و عه‌ره‌بی نزیك بووه‌وه، خه‌ریك بوو هه‌نگاوێكی مێژوویی بنێت ئه‌ویش له ڕێگه‌ی ئاساییكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سعوودی، چونكه شازاده‌ی جێنشیی عه‌ره‌بستانی سعوودی، موحه‌مه‌د بن سه‌لمان، له لێدوانێكی بۆ كه‌ناڵی فۆكس نیوزی ئه‌مریكی له مانگی ئه‌یلوولی ڕابردووودا ڕای گه‌یاند، “عه‌ره‌بستانی سعوودی ڕۆژ له دوای ڕۆژ نزیكتر ده‌بێت له ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.“
به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌م كه‌شوهه‌وایه ئه‌رێنییه، له‌ناكاو له‌گه‌ڵ هیرشه‌كانی (7)ی تشرینی یه‌كه‌م، لانی كه‌م هه‌ڵپه‌سێردرا. توركیاش وه‌ك وڵاتانی دیكه‌ی موسڵمان، سه‌ره‌تا هه‌وڵی دا بارودۆخه‌كه له نزیكه‌وه چاودێری بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی توند بنوێنێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ چڕتربوونی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه و گیانله‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌كی زۆری سیڤیل له لایه‌ك و ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تێكی ناڕه‌زایی دژی ئیسرائیل له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی توركیا له لایه‌كی دیكه، بارودۆخه‌كه ئاڵۆزتر لێ هات و ئه‌ردۆغان ناچار كرا هه‌ندێك لێدوانی توند له دژی ئیسرائیل بدات. بۆیه ده‌توانین بڵێین سیاسه‌تی توركیا به‌رانبه‌ر جه‌نگی ئیسرائیل-حه‌ماس ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی خواره‌وه له‌خۆ ده‌گرێت:
یه‌كه‌م: به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌نقه‌ره سه‌رجه‌م كارته‌كانی خۆی به‌رانبه‌ر ئیسرائیل ناسووتێنێت. واتا ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌ردۆغان هه‌ندێك لێدوانی توندیش له دژی ئیسرائیل بدات، به‌ڵام ئه‌وه به مانای ئه‌وه نایه‌ت توركیا به‌ته‌واوه‌تی دژایه‌تیی خۆی به‌رانبه‌ر ئیسرائیل ڕاگه‌یاندووه.
دووه‌م: ئه‌نقه‌ره سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆڵێكی به‌رچاوی له هاوكێشه نوێیه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌دا هه‌بێت، چونكه پێشبینی ده‌كرێت هه‌ندێك گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و جیهانی ڕوو بدات. بۆیه نایه‌وێ به‌ته‌واوی له ڕووداوه‌كان ببچڕێت و ڕۆڵی نه‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كانه‌وه له چوارچێوه‌ی شه‌ڕ و پێكدادان و ڕووداوه‌كان، ئه‌مریكا هیچ ڕۆڵێكی به توركیا نه‌دا. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یش بوو ئه‌نقه‌ره نیگه‌ران بوو و ده‌ستی به جموجۆڵ كرد بۆ ئه‌وه‌ی شوێنپێی خۆی له هاوكێشه نوێیه‌كه‌دا بكاته‌وه.
سێیه‌م: ئه‌نقه‌ره كار بۆ ئه‌وه ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ حه‌ماس له لایه‌ك و له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له لایه‌كی دیكه، بهێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی نێوه‌ندگیر بگێڕێت. به‌شداریكردنی توركیا له پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كان و ڕاگرتنی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان، به واتای چه‌سپاندنی قورساییی خۆی دێت له ناوچه‌كه‌دا و، وه‌كوو “كاره‌كته‌رێكی نێوده‌وڵه‌تیی ئاشتیسهپێن” خۆی پێشكه‌ش ده‌كات. به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م ئه‌ركه‌ی توركیا زۆر سه‌خت بێت، چونكه پێ ناچێت عه‌ره‌بستانی سعوودی و میسر وه‌كوو دوو وڵاتی موسڵمانی كاریگه‌ر و ڕكابه‌ری توركیا له ناوچه‌كه، ئاوا به‌ئاسانی گۆڕه‌پانه‌كه بۆ توركیا چۆڵ بكه‌ن.
چواره‌م: سه‌ره‌ڕای گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان توركیا و ئیسرائیل، به‌ڵام په‌یوه‌ندیی بازرگانی و ئابووریی نێوانیان به‌رده‌وامه و نه‌گه‌یشتۆته بنبه‌ست. ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌وا په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كان له ئه‌وله‌وییاتی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیایه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.
پێنجه‌م: توركیا به‌هۆی ئه‌وه‌ی وڵاتێكی موسڵمانه و له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی، ناڕه‌زایه‌تییه‌كی به‌رچاو به‌دی ده‌كرێت له دژی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه و به‌ئامانجكردنی كه‌سانی سڤیل له‌لایه‌ن سوپای ئیسرائیله‌وه، ئه‌نقه‌ره به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ست و سۆزی خه‌ڵك، هه‌ڵوێستی خۆی به‌رانبه‌ر به ڕووداوه‌كان ڕاگه‌یاندووه. بۆیه ده‌بینین جاروباریش هه‌ندێك لێدوانی دژ به به‌رپرسانی ئیسرائیل ده‌درێت؛ بۆ نموونه له 4ی تشرینی دووه‌م، ئه‌ردۆغان ڕای گه‌یاند، ” له‌مه‌و به‌دوا ناتانیاهۆ كه‌سێك نییه ئێمه به‌هه‌ندی وه‌ربگرین.” ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌م لێدوانه ورد بینه‌وه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌ردۆغان، “ناتانیاهۆ”ی كردۆته ئامانج نه‌ك ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل! هه‌ر وه‌ك له لای هه‌مووان دیاره كه‌وا ناتانیاهۆ كێشه‌ی زۆری هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی ئیسرائیل و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕووداوه‌كانی 7ی تشرینی یه‌كه‌م نه‌بووایه، زۆر سه‌خت بوو بیتوانیبا له ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه. بۆیه ئه‌م جۆره لێدوانانه‌ی ئه‌ردۆغان زیاتر بۆ به‌ده‌سهێنانی ڕه‌زامه‌ندیی شه‌قامی توركییه.
شه‌شه‌م: توركیا سه‌ره‌ڕای ئه‌م گرژی و ئاڵۆزییانه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نه‌بچڕاندووه، چونكه توركیا له‌سه‌ر ئاستی ڕاوێژكاریی میت و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه، به‌رده‌وامه له په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و حه‌ماس. بۆیه ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه‌كی تره كه توركیا كار بۆ ئه‌وه ده‌كات له نێوان هه‌ردوو لا ناوبژی بكات.
حه‌وته‌م: له ئه‌نجامدا ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه‌وا ئه‌م جه‌نگه ئاوا به‌ئاسانی وا له توركیا ناكات واز له ئیسرائیل بهێنێت و له هه‌مان كاتیش‌دا به‌هۆی گوشاره ناوخۆیییهكانیش، ناتوانێ واز له لایه‌نه فه‌ڵه‌ستینییه‌كان و حه‌ماس بهێنێت. بۆیه ده‌بینین توركیا له ناوهڕۆك و بنه‌ڕه‌تدا زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر چه‌مه‌كانی به‌رقراركردنی ئاشتی و ڕاگرتنی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان و گه‌یاندنی یارمه‌تیی مرۆیی بۆ غه‌ززه، ده‌كات.
ئایا پاش ئەم جەنگە، تورکیا دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس بەردەوام بێت؟
په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و حه‌ماس ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی 2000. پێش ئه‌وه‌ی تیشك بخه‌ینه سه‌ر ئایینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و حه‌ماس، پێویسته ئاماژه به‌و بنه‌مایانه بده‌ین كه په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و حه‌ماسی له‌سه‌ر بنیات نراوه، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا گرنگترین ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و حه‌ماسی له‌سه‌ر بنیات نراوه، ده‌كرێ به‌م شێوه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: بنه‌مایه‌كی ئایدیۆلۆژی هه‌ردوو لا كۆ ده‌كاته‌وه، چونكه هه‌ردوو لا نزیكن له ئایدیۆلۆژیای ئیخوان موسلمین. ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی دامه‌زرێنه‌رانی حه‌ماس بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه سه‌رجه‌م دامه‌زرێنه‌ران پرۆگرام و ئایدیۆلۆژیای ئیخوان موسلمین په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن. به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یش، هه‌رچه‌نده ”ئاك پارتی” به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كانی توركیا حزبێكی موحافهزهكاری دیموكراته، به‌ڵام به نزیكی له ئیخوان ناسراوه و ئه‌م نزیكییه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له په‌یوه‌ندی و سیاسه‌ته‌كانی چه‌ندساڵه‌ی ڕابردووی توركیا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره ده‌بینین ئه‌نقه‌ره زیاتر له حه‌ماس نزیكتره، به‌راورد به ڕێكخراوی ڕزگاریخوازی فه‌ڵه‌ستین (فه‌تح).
دووه‌م: توركیا، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می “ئاك پارتی”، هه‌وڵی داوه ببێته هێزێكی هه‌رێمیی كاریگه‌ر؛ ئه‌مه‌یش به بێ ڕۆڵوهرگرتن له كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین مه‌حاڵه بێته دی، چونكه كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین، كێشه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تییه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. بۆیه توركیا هه‌میشه دانانی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و لایه‌نه فه‌ڵه‌ستینییه‌كانی كردۆته یه‌كێك له ئامانجه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی. واتا هه‌رچه‌نده ئه‌نقه‌ره ڕاسته‌وخۆ پشتیوانی له حه‌ماس ده‌كات به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌وڵی داوه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نه‌گاته بنبه‌ست؛ به‌پێچه‌وانه‌وه له ڕووی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازییه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی تا ڕادده‌یه‌ك باشی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا هه‌یه و تا ئێستایش به‌رده‌وامه.
سێیه‌م: پێش ئه‌وه‌ی “ئاك پارتی” له ساڵی 2002 بگاته ده‌سه‌ڵات، نزیكبوونه له ڕۆژاوا و دانانی په‌یوه‌ندیی باش له‌گه‌ڵ وڵاته ئه‌وروپییه‌كان، یه‌كێكه بووه له ئامانجه هه‌ره گرنگه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا. به‌ڵام دوای گه‌یشتنی “ئاك پارتی” به ده‌سه‌ڵات، ئه‌م سیاسه‌ته گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تیی به‌سه‌ردا هات، چونكه به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی توركیا، “ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو”، توركیا جۆره كرانه‌وه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تیی به‌خۆیه‌وه بینی به‌رانبه‌ر به وڵاتانی عه‌ره‌ب و موسڵمان. واتا ئه‌نقه‌ره هه‌ستی به‌وه كرد له جیاتی ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌رگه‌ی ئه‌وروپا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا به‌بچووكی بمێنێته‌وه، باشتره بۆی ببێته سه‌ركرده له‌نێو وڵاتانی عه‌ره‌بی و موسڵمان. جا بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م كرانه‌وه‌یه به‌ڕووی وڵاتانی عه‌ره‌ب و موسڵمان، مه‌رجه په‌یوه‌ندییه‌كانی، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه فه‌ڵه‌ستینییه‌كان باش بێت.
بۆیه به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌توانین ئه‌وه بڵێین كه‌وا توركیا له قۆناغی داهاتوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حه‌ماس نابچڕێنێت و به‌رده‌وام ده‌بێ له پێشكه‌شكردنی یارمه‌تییه‌كان بۆ كه‌رتی غه‌ززه و حه‌ماس. چونكه پێشبینی ده‌كرێت ئه‌نقه‌ره ده‌ستبه‌رداری حه‌ماس نه‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵیدا درێژه پێ بدات؛ به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندییه له چوارچێوه‌ی پارێزگاریكردن ده‌بێت له هاوكێشه و هاوسه‌نگیی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی.
هه‌ڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا به‌رانبه‌ر به جه‌نگی ئیسرائیل – حه‌ماس
ئۆپۆزیسیۆنی توركیا به شێوه‌یه‌كی گشتی پاڵپشتی و پشتگیری له مافه ڕه‌واكانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ده‌كات، به‌ڵام تێڕوانین و میكانیزمی ئه‌م پاڵپشتییه له‌نێو لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن جیاوازه و، ده‌كرێ به‌م شێوه‌یه‌ی خواروه بیانخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا (جه‌هه‌په) هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پاڵپشتیی خۆی بۆ فه‌ڵه‌ستین ده‌ربڕیوه و پێی وایه بژارده‌ی بنیاتنانی دوو ده‌وڵه‌ت، تاكه چاره‌سه‌ره بۆ كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین. هه‌روه‌ها “جه‌هه‌په” زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا ده‌بێ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی ڕزگاریخوازی فه‌ڵه‌ستین بێت، نه‌وه‌ك حه‌ماس و گرووپه چه‌كداره‌كانی دیكه. واتا یه‌كێك له ڕه‌خنه‌كانی گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆن بۆ حكوومه‌ته‌كه‌ی ئاك پارتی ئه‌وه‌یه كه، نابێت ده‌وڵه‌تێكی وه‌كوو توركیا له‌گه‌ڵ ڕێكخراوێكی چه‌كدار په‌یوه‌ندی ببه‌ستێت. بۆیه له ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین كه‌وا گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆن له توركیا (جه‌هه‌په) ڕاسته‌وخۆ دژایه‌تیی خۆی له دانانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حه‌ماس ڕاگه‌یاندووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پاڵپشتیی خۆی بۆ مافه ڕه‌واكانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ڕاگه‌یاندووه و له هه‌مان كاتیش‌دا له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری بنیاتنانی دوو ده‌وڵه‌ته له فه‌ڵه‌ستین. جگه له‌مه‌یش توركیا له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی “جه‌هه‌په” دانی به ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ناوه. بۆیه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و تێبینییانهی سه‌ره‌وه، جه‌هه‌په له‌گه‌ڵ درێژه‌دانه به په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.
دووه‌م: ئه‌و حزبانه‌ی ئۆپۆزیسیۆن كه له‌لایه‌ن ئه‌و سه‌ركردانه‌وه دامه‌زراون كه پێشتر له ئاك پارتی بوون (وه‌كوو حزبی داهاتوو و حزبی ده‌وا/ Demokrasi ve Atılım Partisi – Deva Partisi)، ئه‌وانه زیاتر سیاسه‌تیان به‌رانبه‌ر به دۆخه‌كه له ئاك پارتی ده‌چێت و ته‌نانه‌ت داوا ده‌كه‌ن هه‌ڵوێستی توركیا توندتر بێت. حزبه نهتهوهیییهكانیش به هه‌مان شێوه پاڵپشتیی خۆیان بۆ دۆزی فه‌ڵه‌ستین ڕاگه‌یاندووه، به‌ڵام شێوازی پاڵپشتیكردنی حزبی باش (İyi Parti) جیاوازه له هی “مه‌هه‌په”، چونكه سه‌رۆكی حزبی باش، “مه‌راڵ ئاكشهنار”، دوای ڕووداوه‌كانی 7ی تشرینی یه‌كه‌م له كۆبوونه‌وه‌ی گرووپی حزبه‌كه‌ی له په‌رله‌مانی توركیا ڕاسته‌وخۆ ڕای گه‌یاند، “ئێمه چۆن له دژی ئه‌و تیرۆره ده‌وه‌ستین كه حه‌ماس په‌یڕه‌وی ده‌كات، ئه‌وه‌هاش له دژی تیرۆی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلیش ده‌وه‌ستین.” كه‌واته یه‌كێك له حزبه گرنگه‌كانی توركیا و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان دژی ئه‌و سیاسه‌ته‌ن كه ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ حه‌ماس په‌یڕه‌وی ده‌كات؛ واتا تێبینیی ئه‌م لایه‌نه سیاسییانه زیاتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه نابێت ده‌وڵه‌ت له پرسێكی ئه‌وها هه‌ستیار ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوێك ببه‌ستێت كه زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانی به تیرۆریستی ده‌بینن. ته‌نانه‌ت “مه‌هه‌په”یش، كه له‌گه‌ڵ ئاك پارتی هاوپه‌یمانه، له‌سه‌ر زاری سه‌رۆكی حزبه‌كه (ده‌وڵه‌ت بهخچهڵی) ڕای گه‌یاند “مه‌هه‌په به‌رگری له كرده‌وه‌كانی حه‌ماس ناكات به‌ڵام ئه‌وه‌یش ناشارمه‌وه كه‌وا من زۆر بێتاقه‌ت و نیگه‌رانم به‌رانبه‌ر ئه‌م دیمه‌نه نامرۆیییانه و گیانله‌ده‌ستدانی كه‌سانی سڤیل.”
كه‌واته به‌گشتی ده‌توانین بگه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ی، كه حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن پاڵپشتی له مافه ڕه‌واكانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ده‌كه‌ن، به‌ڵام به شێوه‌یه‌ك ئه‌م پاڵپشتیكردنه پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بێت نه‌وه‌ك پشتگیریی لایه‌ك له دژی لایه‌كی دیكه. واته ئۆپۆزیسیۆن زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه‌وا نابێت توركیا ببێته ته‌ره‌ف له‌م قه‌یران و جه‌نگه‌دا، چونكه به‌گشتی له توركیا بیرۆكه‌یه‌ك هه‌یه كه ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه له دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌مه‌وه چه‌ندان شه‌ڕ و پێكدادان له ناوچه‌كه ڕوویان داوه، توركیا توانیویه‌تی خۆی له‌م قه‌یران و جه‌نگانه بپارێزێت؛ بۆیه له‌مه‌ودوایش نایه‌وێت خۆی تووشی ئه‌م قه‌یرانانه بكاته‌وه. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا نه‌خشه‌ی خواره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه تا ئێستا چه‌ندان جه‌نگی كاریگه‌ر له ده‌وربه‌ری توركیا سه‌ری هه‌ڵداوه و توركیا توانیویه‌تی خۆی لێیان ڕزگار بكات یاخود به كه‌مترین زیان ڕزگاری بێت. بۆیه ئۆپۆزیسیۆن پێی وایه، نابێت توركیا خۆی بكاته ته‌ره‌ف له هیچ كێشه و قه‌یرانێكی ناوچه‌كه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره له هه‌ر قه‌یرانێك یاخود جه‌نگێك له ناوچه‌كه‌دا تێوه بگلێت، ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ ئه‌نقه‌ره باش نابێت.
كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م جه‌نگه بۆ سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركیا
ڕووداوێكی گرنگی وه‌كوو جه‌نگی ئیسرائیل و حه‌ماس، بێ گومان كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت بۆ سه‌ر توركیا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌كیدا، به‌ڵام به‌گشتی ده‌توانین گرنكترین ئه‌م كاریگه‌رییانه به‌كورتی به‌م شێوه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: ئاك پارتی، به‌تایبه‌ت “ئه‌ردۆغان”، لێزانانه توانیویه‌تی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ سوودی باش له‌م بابه‌ته ببینێت و، بۆ مه‌رامه سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌كاری بهێنێت. واتا ئه‌م كه‌یسه‌ی، كردۆته ئامرازێكی به‌هێزی ناوخۆ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر له توركیا بۆ خۆی ڕابكێشێت. با له‌یادمان نه‌چێت ڕووداوه‌كه‌ی داڤۆس، پێگه‌ی ئه‌ردۆغانی به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ جێگیرتر كرد. بۆیه پێشبینی ده‌كرێت ئه‌ردۆغان درێژه به‌م سیاسه‌ته‌ی خۆی بدات و زیاتر كار له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئه‌م بابه‌ته بكات وه‌ك ئامرازێكی ڕاكێشانی ده‌نگده‌ر له توركیا. چونكه له توركیا له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ردا هاوسۆزییه‌ك به‌رانبه‌ر به دۆزی فه‌ڵه‌ستین هه‌یه.
دووه‌م: له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كییش هه‌ڵوێستی توركیا گرنگه، به‌تایبه‌ت له ڕووی پێگه هه‌رێمییه‌كه‌ی، كه ئه‌نقه‌ره نایه‌وێت له هاوكێشه‌كه دوور بخرێته‌وه. واته ویستی توركیا زیاتر به‌ڕووی ئه‌وه ده‌شكێته‌وه كه ئه‌نقه‌ره پێویسته ببێته وڵاتێكی بڕیارده‌ر نه‌ك بڕیاری لایه‌نه‌كانی تر جێبه‌جێ بكات. دیاره له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵێك هه‌یه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی توركیا له هاوكێشه‌كه و هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی جه‌نگه‌كه، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا ویستی ڕۆڵ نه‌داته توركیا، به‌ڵام ئه‌نقه‌ره زۆر به‌چڕی كار بۆ هاتنه‌ناو هاوكێشه‌كه ده‌كات. هه‌رچه‌نده ئێستا لێدوانه‌كانی ئه‌ردۆغان و ناتانیاهۆ دژیه‌كن و وا ده‌بینرێت په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا – ئیسرائیل گه‌یشتۆته بنبه‌ست، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو لا درێژه‌ی هه‌یه و تا ئێستا به‌رده‌وامه.
سێیه‌م: پێشبینی ده‌كرێت ئه‌گه‌ر ئێران به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌شداری له جه‌نگه‌كه‌دا بكات (كه ئه‌مه‌یش بۆ قۆناغی ئێستا دووره)، ئه‌وكات كاردانه‌وه‌ی جه‌نگه‌كه به شێوه‌یه‌كی چڕتر بگاته سووریاش. هه‌رچه‌نده ئێستا له سووریا هێزه‌كانی ئه‌مریكا كراوه‌نه‌ته ئامانج و به‌رارود به پێش كاتی جه‌نگه‌كه هێرشه‌كان زیادیان كردووه، به‌ڵام جارێ نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كه كاریگه‌ری بكاته سه‌ر جه‌نگه‌كه. بێ گومان حكوومه‌تی ئه‌سه‌د نه ئه‌و توانایه‌ی ماوه و نه دهیشیهوێ له قۆناغی ئێستادا به‌شداری له جه‌نگه‌كه‌دا بكات؛ چونكه سووریا له ساڵی 2011وه به‌ده‌ست قه‌یران و جه‌نگ و ناسه‌قامگیریی ئه‌منی و سیاسی و سه‌ربازییه‌وه ده‌ناڵێنێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م تێبینییانه، پێشبینی ده‌كرێت ئه‌گه‌ر ڕێژهكهیشی كه‌م بێت، سووریا ده‌ست به هه‌ندێك جموجۆڵ بكات.
چواره‌م: له هه‌موو باردا توركیا نایه‌وێت بارودۆخی ناوچه‌كه له‌مه زیاتر ناسه‌قامگیر بێت و تێك بچێت، چونكه توركیا هه‌رده‌م بانگه‌شه‌ی چه‌سپاندنی ئاشتی ده‌كات و، كار ده‌كات كۆتایی به شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان بهێنرێت به‌ڵام به شێوه‌یه‌ك خۆی تیایدا ڕۆڵی هه‌بێت و له هاوكێشه سیاسی، ئه‌منی، سه‌ربازی و ئابوورییه‌كانی ناوچه‌كه دوور نه‌كه‌وێته‌وه. بۆیه پێشبینی ده‌كرێت له قۆناغی داهاتوودا توركیایه‌ك ببینین كه هه‌وڵ بۆ چه‌سپاندنی ئاشتی و كار بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل بكات و پێشه‌نگایه‌تیی هه‌ڵمه‌ته‌كانی گه‌یاندنی یارمه‌تی بۆ كه‌رتی غه‌ززه بكات؛ ئه‌مه جگه له هه‌وڵه سیاسی و دیپلۆماسییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی.
كۆبه‌ند
توركیا هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی خۆی له سه‌رووی هه‌موو شتێك داده‌نێت، به‌ڵام نه‌ریتێك هه‌یه له توركیا، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه لایه‌نه مرۆیییهكان پێگه‌ی تایبه‌تیان هه‌یه له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی توركیا و، ئه‌م نه‌ریته‌یش له كۆنه‌وه له ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه بۆیان ماوه‌ته‌وه. واته هه‌رچه‌نده ئه‌نقه‌ره كار بۆ جێبه‌جێكردنی ستراتیژییه‌تی باڵای وڵات ده‌كات، به‌ڵام ڕه‌هه‌ندی مرۆیی، پێگه و شوێنی خۆی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیادا هه‌بووه و ده‌بێت. جگه له‌مه ده‌بینین توركیا هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی جه‌نگی حه‌ماس – ئیسرائیل، هه‌رچه‌نده ڕه‌خنه‌ی توندیش له ئیسرائیلی گرتبێت، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین سیاسه‌تێكی هاوسه‌نگی په‌یڕه‌و كردووه به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ستیاریی بابه‌ته‌كه له لای خه‌ڵكی توركیا. واته پێ ناچێت ئه‌نقه‌ره ئاسته‌كه بگه‌یه‌نێته ڕادده‌یه‌ك، په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ببچڕێنێت به‌ڵكوو په‌یوه‌ندییه‌كان ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی باڵایش نه‌مینێت بۆ كاتێكی دیاریكراو، ئه‌وه ئێستا له‌سه‌ر ئاسته‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه و ده‌زگه‌كانی هه‌واڵگری درێژه‌یان پێ ده‌درێت. هه‌روه‌ها پێ ده‌چێت توركیا وانه‌ی له ڕابردوو‌و وه‌رگرتبێت و پێش ڕووداو و پێشهاته‌كان نه‌كه‌وێت و؛ كار بۆ ئه‌وه ده‌كات بارودۆخه‌كه به‌ته‌واوه‌تی بخوێنێته‌وه، ئینجا هه‌نگاو بنێت.