پێنووس

ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ژینگەیییەکانی عێراق: گەشەی دانیشتووان

خالید سلێمان*

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: جەمال پیرە

چارەسەرکردنی قەیرانی دیمۆگرافیی عێراق لە هەردوو ئاستی دەوڵەت و تاکەکەسیدا پێویستیی بە ڕێکاری دەستبەجێ و گشتگیر و هەمەلایەنە دەبێت. بەبێ ئەم چارەسەرانە، مەترسی هەیە زیانێکی گەورە بە نەوەکانی داهاتوومان بگەیەنین.

ناوچەی سەدر قەره‌باڵغترین ناوچەی نیشتەجێبوونە لە بەغدای پایتەختی عێراقدا و ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە ڕووبەرێکی کەمتر لە 30 کیلۆمەتر چوارگۆشەدا. زۆربەی جار بەهۆی سنوورداریی داهات و کەمیی خانووبەرەوە چەند خێزانێك ناچار دەبن بەهاوبەشی لەناو ماڵێکدا بژین، هەروەها قەرەباڵغییەکەی گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر ژێرخانی ئابووری؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی کەمیی ئاو بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و تێکچوونی سیستەمی ئاوەڕۆ. هەر بەو هۆیەوە دەرفەتی ئابووری کەم دەبێت، بێکاری و هەژارییش لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەربڵاو دەبێت. بەڵام سەرەڕای ئەو گوشارە ڕوون و ئاشکرایانەی لە ئەنجامی قەرەباڵغیی دانیشتووانەوە دێنە ئاراوە، هێشتا ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی سەدر بەخێرایییەکی نیگەرانکه‌ر زیاد دەکات و لەو ناوچەیەدا بەرزترین ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختە و فرەژنی و لەدایکبوونی دەرەوەی هاوسەرگیری تۆمار دەکرێن. بەپێی لێکۆڵینەوەیەك کە لەلایەن “کۆمەڵەی ژنانی بەغدا” و ڕێکخراوی “مێرسی کۆر” ئەنجام دراوە، لە سەدا 10ی دانیشتووانی شاری سەدر پێش گەیشتن بە تەمەنی یاساییی 18 ساڵ، هاوسەرگیرییان کردووە؛ هەروەها ئاماژەیش دەدات بەوەی کە ڕێژەی فرەژنی دەگاتە 20%.

جێی باسە حاڵەتی ناوچەی سەدر لە ڕووی چڕیی دانیشتووانەوە ناوازە نییە؛ هەمان حاڵەت لە چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی هه‌ڕه‌مه‌كی لە بەسرە و باشووری عێراق و شارەکانی دیکەدا هەیە. ڕەنگە زۆر کەس پێی وابێت هاوسەرگیری و منداڵبوون پرسی تاکەکەسین، بەڵام ئەم دوو دیاردە کۆمەڵایەتییە بەگشتی کاریگەرییەکی قووڵیان له‌سه‌ر گەشەسەندن و ئاییندەی عێراقەوە هەیە. وڵاتێك کێشەی دابینکردنی خانووبەرە و خۆراك و خوێندنی هاووڵاتیانی هەبێت، بەرزیی ڕێژەی لەدایکبوون تیایدا ئەو کێشانە زیاتر دەکات کە ڕووبەڕووی حکوومەت دەبنەوە. لەو چوارچێوەیەیشدا شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەدەن ژمارەی دانیشتووانی عێراق ساڵانە یەك ملیۆن کەس زیاد دەبێت. لە ڕاستیدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی 2020دا، 1,258,028 منداڵی زیندوو لەدایکبووی تۆمار کردووە و پێشبینییش دەکرێت تا ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتووانەکەی بگاتە 80 ملیۆن کەس؛ ئەمەیش عێراق دەخاتە بەردەم لێواری دۆزەخێکی کۆمەڵایەتی-ژینگەیییەوە.

هەروەها چەند سەرچاوەیەکی دیکە ئەم پێشبینییە ترسناکەی حکوومەت پشتڕاست دەکەنەوە، لەوانە هۆبەی دانیشتووان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئاماژە دەدات بەوەی ڕێژەی گەشەی دانیشتووان لە عێراق لە ماوەی ساڵی 2023دا دەگاتە %2.27 و ژمارەی ئێستای دانیشتووان (45.4 ملیۆن کەس) تا ساڵی 2085 بۆ زیاتر لە دووهێندە زیاد دەبێت.

ئەم زیادبوونەی ژمارەی دانیشتووان، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشناییی ئەو کەمئاوییەی ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە و تا دێت کەمتر دەبێت. جێگەی نیگەرانییە. ئەو خاکەی کە سەردەمانێك بە مانگی کەوانەییی بەپیت ناسرابوو، بەخێرایی وشکتر و گەرمتر دەبێت و بەرهەمی کشتوکاڵی کەمتر دەبێت. لەو چوارچێوەیەدا، بە گوێرەی لێدوانێکی نوێنەری پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق ساڵانە زیاتر لە 100 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەویی کشتوکاڵی لەدەست دەدات؛ ئەمەیش ڕووبەرێکە لە بەغدا گەورەترە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە. ئەم واقعە خراپە ژینگەیییە، لە تەك ڕێژەی بەرزی بەپیتبوون و زیادبوونی ڕێژەی کەمئاویدا، ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکی دیکەیە لە بەردەم ئاودێریکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکاندا.

زیادبوونی دانیشتووان ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییە ژینگەیییانە زیاتر دەکات کە ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە. لە لایەك گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی ئەوەی ناوچە کشتوکاڵییەکان زیاتر وشك و بێبەرهەم بن و لە لایەکی دیکەیشەوە فراوانبوونی شار، ڕێژەیەکی زۆری زەوی دەبات بۆ لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زیاتری دانیشتووان.

جێی ئاماژەیە تەنیا لە شاری مووسڵ، لە ماوەی ساڵی 2022دا کەمیی خانووبەرە گەیشتووەتە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، دوای ئەوەی لە ساڵی 2012 تەنیا 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێویست بووە. بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانان لە مووسڵ، ئەم خێرایییە گەورەیەی گەشەی دانیشتووان، بە بڕی حەوت کیلۆمەتر پێویستیی بە فراوانکردنی شارەکە هەیە، لەسەر حسابی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە دەشتی نەینەوای دەوروبەری مووسڵ کە لە ڕابردوودا ناوچەیەکی بەرهەمهێنەری دانەوێڵە بووە.

مەترسیی قەیرانی خۆراك

هەرچەندە زیادبوونی دانیشتووان بۆ عێراق دیاردەیەکی زۆر مەترسیدارە، بەڵام دیاردەیەکی جیهانییە. قەیرانی داراییی ساڵی 2008 کاریگەریی کردە سەر زنجیرەی دابینکاریی خۆراکی جیهانی و، بووە هۆی زیاتر تێکچوونی ژینگە، لە ئەنجامی کردەوەی کشتوکاڵیی ناجێگیری وەك زیادەڕۆیی لە ئیستغلالکردنی زەوی و ماددە کشتوکاڵییە کیمیایییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستیی خۆراکی جیهانی. بەڵام هەڕەشەکانی برسێتی و نەبوونی ئاسایشی خۆراك، نەبوونەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی لەدایکبوونی ناجێگیر لەسەر ئاستی جیهاندا. لەو کاتەوە ساڵانە ژمارەی دانیشتووانی جیهان 80 ملیۆن کەس زیادی کردووە و بەتەنیا پشکی عێراق لەو منداڵە تازە لەدایکبووانە، یەک ملیۆن کەسە، سەرەڕای دابەزینی بێوێنەی دەرامەتە سروشتییەکان بەهۆی قەیرانی کەشوهەواوە.

لە کاتێکدا کاریگەرییەکانی زیادبوونی دانیشتووان لە سەرانسەری ناوچە و وڵاتاندا جیاوازن، ئەو وڵاتانەی کە پشت بە هاوردەکردنی خۆراک دەبەستن، بەتایبەتی دانەوێڵە و گۆشت، بە شێوەیەکی نەگونجاو کاریگەرییان لەسەرە.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانە. ژمارەی دانیشتووانەکەی 45 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و بە خێراترین گەشەی دانیشتووانی ناوچەکە دادەنرێت، بۆیە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە؛ بەو پێیەی زەوییە وشك و نیمچەوشکەکانی، توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووانیان نییە.

سەرەڕای ئەو مەترسییە ڕوون و لەئارایانەی کە بەهۆی زیادبوونی دانیشتووانەوە دروست دەبن، پێ ناچێت حکوومەتی عێراق بەنیازی ئەوە بێت پشت بەو سیاسەتە ڕادیکاڵانە ببەستێت کە بۆ گەرەنتیی خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنی بەردەوام پێویستن، تەنانەت ئەگەر سەقامگیریی ناوخۆش لە مەترسیدا بێت. لە وڵاتێکدا کە بەدەست کێشەی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، دەوڵەت گەورەترین سەرچاوەی هەلی کارە. لێشاوی هەزاران عێراقی ساڵانە بۆ ناو بازاڕی کار، ڕەنگە ببێتە سووتەمەنیی ململانێ ناوخۆیییەکان و مەترسیی تیرۆر زیاد بکات، ئەگەر سەلمێنرا کە حکوومەت ناتوانێت دەرفەتی ئابووری ڕەخسێنێت.

بەکورتی، لەژێر ڕۆشناییی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی دەرامەتەکاندا، ڕێڕەوی زاوزێ لە عێراقدا پێویستیی بە گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵی هەیە نەك تەنیا لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و گونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، بەڵکوو لە هەموو چالاکییەکانی مرۆڤدا، بە ڕەفتارەکانی زاوزێیشەوە.

لە جیهانی سروشتدا هەندێك جۆری بوونەوەر هەن، وەك پشیلە کێوی، خۆیان لەگەڵ ژینگەی گونجاوی بەردەستدا دەگونجێنن و لەو ژینگەیەی لە ڕووی بەردەستبوونی خۆراکەوە لەگەڵ گرووپی لۆکاڵیدا ناگونجێن لە زاوزێکردن بەدوور دەکەونەوە. عێراقییەکانیش پێویستە ئاگاداری سنووری ژینگەکانی دەوروبەریان بن، ئەگەرنا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی خۆراك و لەدەستدانی ژیان دەبنەوە.

چارەسەرکردنی قەیرانی دیمۆگرافیی عێراق لە هەردوو ئاستی دەوڵەت و تاکەکەسیدا پێویستیی بە ڕێکاری دەستبەجێ و گشتگیر و هەمەلایەنە دەبێت. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووان، هاوکاتە لەگەڵ نەبوونی تێبینیکراوی پەروەردەی سێکسی و پلاندانانی خێزان، ئەمەیش تەنیا لە ناوچەی سەدر نا، بەڵکوو لە سەرتاسەری وڵاتدا. ئەم زانیارییانە بۆ یارمەتیدانی خێزانەکان و دانانی پلانی گونجاو بۆ داهاتوو زۆر گرنگ و پێویستن. لێرەدا ئەوەی کە پەیوەندیی بە دەوڵەتەوە هەیە، پابەندبوونیەتی بە بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و وەبەرهێنان لە دامەزراوە پەروەردەیییەکان و کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیریی پێشوەختە و فرەژنی، لە ڕێگەی گرتنەبەری سیاسەتێکی بەیەکەوەگرێدراو لە بوارەکانی یاسا مەدەنییەکان و مافەکانی ژنان و چوارچێوەی کۆمەڵایەتی-ئابووریی وڵاتدا. جگە لەوەیش بەشداریکردنی ژنان لە بەڕێوەبردنی بەرپرسیارانەی ژینگەییی سەرچاوەکان، یارمەتیدەر دەبێت لە ڕێڕەوی زاوزێ و منداڵبوونی تەندروستدا. لە هەمان کاتدا، دەبێ ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانە ڕێک بخرێن کە بە شێوەیەکی سەرەکی تیشك دەخەنە سەر جێبەجێکردنی باشترکردنی ژینگەییی دیاریکراو، بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ ئەم ئامانجانەدا بگونجێن.

بەکورتی، گۆڕانکاری لە سیاسەتدا دەتوانێت کارەساتی چاوەڕوانکراو دوور بخاتەوە، بەهۆی بەرەوەپێشەوەچوون لە بواری تەندروستیی زاوزێ و کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیریی پێشوەختە و فرەژنی و بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەیی و دڵنیابوون لەوەی کە ژنان ئازادن لە بڕیاردانی منداڵبوون، ئەگەرنا مەترسیی ئەوەمان لەسەرە کە زیان  بە نەوەکانی داهاتوو بگەیەنین.

* نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی کوردی نیشتەجێی کەنەدایە.

سەرچاوە:

https://www.washingtoninstitute.org

image_pdfimage_print