نووسەران: جۆن پاوڵ ڕاسبۆن و نێری زێڵبر
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێنووس
بۆ ماوەی دوو ساڵ، مەناخیم گیدا (Menachem Gida) لەگەڵ هەستێکی نیگەرانیدا سەبارەت بە پێشبینیکردنی ڕووداوە ناخۆشەکاندا دەژیا. مەناخیم بەشێک بوو لە تیمێکی خۆبەخش کە “کێڵگەیەکی سەتەلایت” (satellite farm)یان لە باشووری ئیسرائیل بەکار دەهێنا بۆ چاودێریکردنی تۆڕەکانی پەیوەندییەکانی غەزە و میدیا عەرەبییەکان و گواستنەوەی زانیاری بۆ سوپای ئیسرائیل.
بەڵام کاتێک چەند جارێک هۆشدارییان دا کە چەکدارانی حەماس مەشقی جهنگی ورد لە نزیک سنوور ئەنجام دەدەن، سیخوڕە خۆبەخشەکان دەرکران. مەناخیم ئاماژەی بەوە کرد کە ئەفسەرێکی سەربازیی ئیسرائیلی پێی گوتین: “کاری ئێوە گرنگ نییە، ئێمە پێویستمان پێتان نییه.”
ئەوە تەنیا مەناخیم نەبوو، هەروەها مایکل میلشتاین (Michael Milstein)، ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی سەربازی، هاوکارانی پێشووی ئاگادار کردبووەوە و چەندان بابەتی لە ڕۆژنامەکاندا نووسیبوو و ڕای گەیاندبوو کە ڕوانگەی ئیسرائیل سەبارەت بە حەماس دروست نییە و بەباشی کار ناکات؛ بەڵام کەس گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدا. میلشتاین، کە ڕاوێژکاری پێشووی ئیسرائیل بووە لە کاروباری فەڵەستین لە غەززە و کەناری ڕۆژاوا، وتی: هەموو شت زۆر ڕوون بوو، حەماس خەریکی ئامادەکاری بوو بۆ جهنگ.
تەنانەت هۆشدارییەکانی “فەیلەقی هەواڵگریی جەنگیی ئیسرائیل” ( Israel’s Combat Intelligence Corps,) کە چاودێریی سنوورەکانی غەززە دەکەن، پشتگوێ خران. نۆڤا مێلمان (Noa Melman)، سەربازێک لە هێزەکەدا، سەرەتای ئەمساڵ بە بەرپرسانی سەرووتری خۆی ڕاگەیاندبوو، کە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس مەشق دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر پهرژین (سیاج)ێکی ساختە و چەندان جار تەقاندنەوەیان ئەنجام داوە. دواتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا وتی “بەڵام هەمووان وەک شتێکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد، وەک ئەوەی شتێکی ڕۆتینی بێت.”
لە ٧ی ئۆکتۆبەردا حەماس هێرشێکی دەست پێ کرد کە تەنانەت لە خراپترین پێشبینییەکانی “گیدا و میلشتاین و مێلمان” خراپتر بوو. نزیکەی کاتژمێر ٦:٣٠ خولەکی بەیانی، زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ چەکداری بزووتنەوەی حەماس، لەژێر پەردەی هەڵمەتێکی مووشەکیی گەورەدا، پەیوەندییە سنوورییەکانی ئیسرائیلیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تێک شکاند و بەربەستە ئەمنییەکانیان بە بولدۆزەر لا برد و بە ماتۆڕسیكل و پاراگلایدەرەوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل. حەماس سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
ئەم هێرشە باوەڕ و متمانە بە خزمەتگوزارییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلی لەناو برد. چونکە ئەم دەزگهیانە نەک هەر نەیانتوانی بەدواداچوون بۆ پلانەکانی یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانیان بکەن، بەڵکوو چەندان هۆشدارییان پشتگوێ خست کە باس لەوە دەکەن حەماس سەقاڵی ئامادەکارییە بۆ هێرشێکی گەورە. ئیهود ئۆلمێرت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ڕای گەیاند، ئیسرائیل بەدەست “متمانەیەکی زۆرەوە دەناڵێنێت کە بووەتە هۆی خۆبەزلزانین و لەخۆڕازیبوون”. حەماس ئەو کارەی لەگەڵ ئێمە کرد کە ئێمە بە شێوەیەکی ئاسایی ئەنجامی دەدەین: خافڵگیری (ههڵكوتانهسهر)، زیرەکی، بیرکردنەوە لە دەرەوەی چوارچێوە و ڕێوشوێنە ئاسایییەکان.
زۆر هۆکار بەشدار بوون لەم شکستە. لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لە پێشێلکردنی داتاکان، دەتوانێت ساڵانێک بخایەنێت. بەڵام ئەو وانانەی کە بۆ لێفێربوون دەبێت، لێکەوتەکەی بۆتە هۆی گرتنەبەری هەڵمەتێکی سەربازی بۆ “لەناوبردنی” حەماس. ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، حەماس دوژمنێکە کە چیتر ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل دەڵێت: “تەنانەت لە شەوی هێرشەکەدا هەستمان بەوە کرد کە شتێک ڕوو دەدات، بەڵام لێکدانەوەکەمان ئەوە بوو کە ئەوە تەنیا مانۆڕێکی سەربازیی ئاساییی [حەماس] بووە”. ئاماژەی بەوەیش کرد: هێزی هەواڵگریمان بەدەست کەموکورتییەکی بنەڕەتییەوە دەناڵێنێت. ئەمەیش بەشێکی لەبەر ئەوە بوو کە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل توانای حەماسیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی وەها بەرفراوان، بەکەم سەیر کرد. ئۆپەراسیۆنێکی لەم شێوەیە پێویستیی بە ئاسایشی توندی زانیاری لە ئۆپەراسیۆنەکە، هەروەها پلاندانانی سیستهماتیک و زانیاری ورد لە دۆخی ناوخۆی ئیسرائیل هەیە، کە دەزگه ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێیان وا نەبوو حەماس توانای ئەوەی هەبێت.
سێر ئەلێکس یۆنگەر (Sir Alex Younger)، سەرۆکی پێشووی دەزگهی هەواڵگریی دەرەوەی بریتانیا (MI6) دەڵێت: “هۆشیاری و تێگەیشتن لە بارودۆخ شتێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە، بەڵام پێ دەچێت شکستە گەورەکەی [ئیسرائیل]، شکستی خەیاڵ (وێناکردن) بووبێت، وەک ئەوەی لە 11ی سێپتەمبەردا ڕووی دا.” ئاماژەی بەوەیش کردووە، “هەمیشە مەترسیی ئەوە هەیە کە ئەوەی دەتەوێت و حەزت لێیە، لەگەڵ ئەوەی لە ڕاستیدا هەیە تێکەڵ بکەیت… و ئیسرائیل هەستی کرد کە حەماس ئیتر مەترسی نییە.”
ئیسرائیل ڕێک 50 ساڵ لەمەوبەر پێش جهنگی یۆم کیپور دژی میسر و سووریا هەڵەیەکی هاوشێوەی کرد؛ ئیسرائیلییەکان لەو کاتەدا بەهەڵە پێیان وابوو کە بەهۆی هێزی باڵای سەربازیی ئیسرائیل، وڵاتانی عەرەبی هەرگیز هێرشی ناکەنە سەر. بەڵام خاڵێکی مێژوویی لە هێرشەکەی ئەمساڵدا هەیە، کە ئەویش ئەمەیە، ئیسرائیل زۆر جار بەراوردی کردووە بە هێرشە تیرۆریستییەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ بۆ سەر ئەمریکا.
گوتاری فەرمیی حکوومەتی ئەمریکا سەبارەت بە ڕووداوەکانی 11ی سێپتەمبەر ئاشکرای دەکات کە هیچ بەرپرسێکی ئەمنی، پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد کە تیرۆریستان بە فڕۆکە هێرش بکەنە سەر باڵەخانە گەورەکانی ئەمریکا؛ هەرچەندە زۆرێک دەیانگوت ڕۆمانی “تۆم کلانسی”یان کە لە ساڵی ١٩٩٤دا بڵاو کرایەوە، خوێندووەتەوە کە بە دیمەنێکی لەو شێوەیە دەگاتە لووتکەی خۆی. لەم پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە یادەوەریی ئاڤی ئیساچارۆف (Avi Issacharoff) پێش هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر بکەین، کە یەکێکە لە خوڵقێنەرانی زنجیرە تەلەڤزیۆنییە ورووژێنەرەکەی ئیسرائیل بە ناوی Fauda. ناوبراو پلانی سەرەتاییی بۆ یەکێک لە ئەڵقەکانی ئەم زنجیرەیە ڕەت کردەوە، کە تێیدا چەکدارانی حەماس هێرش دەکەنە سەر پهرژینهكانی سنوور و هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و تەنانەت پێی وابوو زۆر نامەنتیقییه. وا دیارە دەزگه ئەمنییەکانی ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە بیریان دەکردەوە. ئیساچارۆڤ بیری دێتەوە کە ئەوکات بە سیناریۆنووسەکانی گوتبوو: “ئەو دەرفەتانە چین کە دەیان کەس، چ جای هەزاران کەس، بتوانن ئەم کارە بکەن بەبێ ئەوەی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل، یان شین بێت [دەزگهی ئاسایشی ناوخۆ] پێی بزانن؟ با بەردەوام بین، بەڵام شتێکی ڕاستەقینەتر بدۆزینەوە!”
هۆکاری دووەمی شکستی ئیسرائیل ئەوەیە کە بەرپرسێکی ڕۆژاوایی بە “خۆبەزلزانینی تەکنەلۆژی” (technological arrogance) ناوی بردووە. باوەڕێکی کوێرکوێرانە هەیە کە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان، وەک ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە ڕێگە بە گوێگرتن لە غەززە دەدەن و ئەو پهرژینهی کە هەستەوەری تێدایە کە دەوری کەرتی غەززە دەدات، بە بەراورد بە حەماس کە تەکنەلۆژیای زۆر نزمتر و دواکەوتووتر بەکار دەهێنێت، دەبێتە هۆکاری باڵادەستیی ڕەهای ئیسرائیل.
بۆ چەندان ساڵ ئەم باڵادەستییە تەکنەلۆژییە یارمەتیی سوپای ئیسرائیلی دابوو بۆ پووچەڵکردنەوەی هەموو هەوڵەکانی دزەکردن بۆ ناو سنوورەکان. بەرپرسێکی دیکەی ئەمنیی ڕۆژاوا دەڵێت: “ئەمە هەستێکی ساختەی ئاسایشیی دروست کرد.” باڵادەستیی تەکنەلۆژیی ئیسرائیلی بە مۆبایلی ئایفۆن بەراورد کرد و وتی: کاتێک کار دەکات، شتێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە، بەڵام ئەگەر کار نەکات، لەناکاو تێ دەگەیت کە ناتوانیت هیچ بکەیت.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، یەکەی ٨٢٠٠ی ئیسرائیل کە بەرپرسیارە لە گوێگرتن و شکاندنی کۆدەکانی ئەلیکترۆنی، لەم دوایییانەدا گوێگرتن لە بێتەلە دەستییەکانی چەکدارانی حەماسی، کە بەکاریان دەهێنا وەستاند، بە پاساوی ئەوەی کە وتیان ئەم کارە تەنیا بەفیڕۆدانی کاتە. میلشتاین دەڵێت: “ئێمە گیرۆدەی تەکنەلۆژیا، زانستی ئەلیکترۆنی، داتا گەورەکان و… بووین.” بەڵام هەرزانترین و ئاسانترین زانیاری، وەک زانیاریی OpenSource، چاودێری و شوێنپێهەڵگرتنی پەیوەندییەکانی حەماس و تەنانەت گوێگرتن لە سەربازە ژنەکان کە چاودێریی سنوور دەکەن، لەبەرچاو نەگیرا.
کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە لە کاتێکدا شێوازە پێشکەوتووەکانی چاودێریکردنی ئیسرائیل دەتوانێت کۆگهیەک لە زانیاریی تاکتیکیی کوالیتیبەرز بەرهەم بهێنێت و بۆ نموونە شوێنی وردی مووشەکهاوێژێک دەستنیشان بکات، بەڵام لە ئاشکراکردنی ستراتیژی یان نییەت و مەبەستی سەرکردایەتیی لایەنی بەرامبەر کە جێگەی تەرکیزی سەرەکیی زانیارییە مرۆیییەکانە، زۆر لاوازە. هۆکاری سێیەمی پێشبینینەکردنی ئیسرائیل بۆ هێرشی حەماس ئەوە بوو کە ئەو گێژاوە سیاسییەی کە بەهۆی سیاسەتە ناوخۆیییە مشتومڕاوییەکانی “بنیامین ناتانیاهۆ”وە دروست ببوو، ئاسایشی نەتەوەییی لاواز کرد و تەرکیزی دەزگه هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلی تێک دا.
دەیڤید پێترایۆس (David Petraeus)، بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی (CIA) و جەنەڕاڵێکی ئەمریکی کە فەرماندەییی هێزی فرەنەتەوەی لە عێراق و ناتۆ و هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستانی لە ئەستو بووە، وتی: “تەرکیزی سەرەکیی شین بێت (Shin Bet) لەسەر پەرەسەندنی توندوتیژی لە کەناری ڕۆژاوا بوو، کە بە شێوەیەکی بەرچاو ببووە جێگەی ئاڵنگاریی ئیسرائیل.” حەماس کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە حوکمڕانیی غەززەی کردووە، سوودی لەم سەرقاڵکردنانە وەرگرتووە. هەروەها ئەو گرووپە خۆی لەگەڵ سیاسەتی بەهێزکردنی دەسەڵاتی حەماس لە غەززە لەلایەن نەتانیاهۆوە هەماهەنگ کرد، وەک میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی پێگەی دەسەڵاتی فەڵەستین لە کەرتی ڕۆژاوا.
تەنانەت لە کاتێکدا حەماس خۆی بۆ جهنگ ئامادە دەکرد، هێشتا ڕۆژانە لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ حکوومەتی ئیسرائیل لەسەر پرسە ئاسایییەکانی وەک پشکی هەناردەکردن و مۆڵەتی کرێکاران. چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی و نێودەوڵەتی پێیان وایە ئەو کرێکارانە هاوکار بوون لە کۆکردنەوەی زانیاری، لەوانەیش نەخشەی وردی کیبوتسەکان کە دواتر لەلایەن حەماسەوە هێرشیان کرایە سەر. جگە لەوەیش حەماس لە ڕێگەی ئەو کەناڵانەوە زانیاریی ناڕاست (misinformation)ی گواستەوە کە دەیزانی دەزگهی هەواڵگریی ئیسرائیل چاودێریی دەکات، لە کاتێکدا دانانی پلانی ڕاستەقینەی هێرشەکە لەلایەن گرووپێکی بچووک لە سەرکردەکانی حەماسەوە دادەنرا.
ئەو وانانەی بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل لە پێشبینینەکردنی ئەم هێرشە فێری بوون، دەرەنجامی کوشندەی لێ دەکەوێتەوە. دەرەنجامەکەیان ئەوەیە کە ئیسرائیل چیتر ناتوانێت پشت بە هەواڵگری و هێزی سەربازیی خۆی ببەستێت بۆ خۆپاراستن و ڕێگریکردن و، لە بری ئەوە دەبێت بە لەناوبردنی ڕاستەوخۆی هەڕەشەکان، ڕێگری لە مەترسییەکان بکات. بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل وتی: “تاکە چارەسەر ئەمەیە: واز لە پشتبەستن بە زانیاری بێنین. ئیتر ڕێگریکردن بەس نییە… ئەمە پارادایمێکی نوێیە.”
سەرچاوە: