پێنووس

جەنگی ئێران پرۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوەی سیستەمی جیهانیی خستووەتە گەڕ

نووسینی: ڕاتکۆ ئێم. کینژۆڤیچ (Ratko M. Knežević) | Atlantic Council| March 30, 2026

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس

دەرهاوێشتە ستراتیژییەکان

  • پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وزەی کەنداو،دەری دەخەن کە “نادڵنیایی(Uncertainty) “—نەک تەنیا کەمبوونەوەی خستنەڕووی وزە — دەتوانێت شۆکێکی توند لە نرخەکانی بازاڕی جیهانیدا دروست بکات.
  • وزە لە کاڵایەکی ئابووریی ڕێکخراوەوە خەریکە دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی پێشووی وەک “چەکێکی جیۆپۆلیتیکی”؛ئەمەیش ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە لە کاتی قەیرانەکاندا هێزی ڕاستەقینە لە کوێدا چڕ بووەتەوە.
  • پێشبینی دەکرێت وڵاتانی کەنداو بەدوای خۆگونجاندنێکی تەواودا بگەڕێن لەگەڵ چەترە ئەمنییەکانی ئەمریکادا، لە کاتێکدا کە هەژموونی ئەمریکا وەک دەستەبەرکاری سەرەکیی وزە، سەقامگیریی دارایی و ئاسایشی جیهانی زیاتر دەچەسپێت.

جنێف — لە زانستی جیۆپۆلیتیکدا، چرکەساتگەلێک هەن کە تێیاندا سیستەمەکان بە شێوەیەکی پلەبەندی و هێواش گەشە ناکەن، بەڵکوو وەک بڵێی لە شەووڕۆژێکدا سەرلەنوێ دادەڕێژرێنەوە (Reset). پێ دەچێت ئێستا جیهان پێی نابێتە ناو چرکەساتێکی لەم شێوەیەوە. پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وزە لە عەرەبستانی سعوودی، کوێت و قەتەر، تەنیا لەبەر قەبارەی ئەو وێرانکارییە گرنگ نین کە لێیان کەوتووەتەوە، بەڵکوو لەبەر ئەو پەیامانە گرنگن کە هەڵیان گرتووە: وەک نیشاندانی ئەوەی کە سیستەمی وزەی جیهانی تا چەندە له‌رزۆك و هەستیار ماوەتەوە و، هەروەها جیهان بە چ خێرایییەک دەگەڕێتەوە سەر “بنەما سەرەتایییەکانی مانەوە” کاتێک ئەو سیستەمە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە.

بۆ چەندان ساڵ، بازاڕەکان وا مامەڵەیان دەکرد وەک ئەوەی وزە ماڵی یاخود “دەستەمۆ” کرابێت — واتە سەرچاوەکانی هەمەچەشن کرابن، ڕێکاری خۆپارێزییان بۆ داڕێژرابێت و، بەتەواوی خستبێتیانە ناو قاڵبی دارایییەوە. بەڵام ئێستا ئەو وەهمە خەریکە کاڵ دەبێتەوە. ئیتر نەوت تەنیا کاڵایەک نییە بۆ کڕین و فرۆشتن، بەڵکوو تا دێت زیاتر سیمای چەکێک و ئامرازێکی گەیاندنی پەیام وەردەگرێت. نەوت بەوردییەکی بێوێنەوە پێمان دەڵێت کە هێزی ڕاستەقینە هێشتا لە کوێدا نیشتەجێیە.

دروستبوونی شۆکێکی جیهانی، مەرج نییە پێویستی بە پچڕانی تەواوەتیی هێڵی دابینکردنی وزە هەبێت، بەڵکوو تەنیا پێویستی بە دروستکردنی “نادڵنیایی” هەیە. لە بازاڕیشدا، باجی نادڵنیایی زۆر قورستر و خێراترە لە باجی دەگمەنیی کاڵا. لە هەلومەرجێکی لەم جۆرەدا، نرخەکان بە شێوەیەکی هێواش بەرز نابنەوە، بەڵکوو باز دەدەن و زۆر جار سنووری بنەما ئابوورییەکان تێ دەپەڕێنن، چونکە بازاڕەکان هەوڵ دەدەن لە کاتی ڕاستەقینەدا تێچووی “مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان” بخەمڵێنن.

وڵاتانی کەنداو

وڵاتانی کەنداو بە شێوەیەکی خۆڕسک لەم ڕاستییە تێ دەگەن. بۆ چەندان ساڵ، هەندێک لەو وڵاتانە پەیڕەوییان لە سیاسەتێکی هاوسەنگیی زۆر هەستیار دەکرد؛ لە لایەکەوە پشتیان بە ئاسایشی ئەمریکی دەبەست و لە لایەکی تریشەوە پەیوەندییەکی پراگماتییان (بەرژەوەندیخوازانەیان) لەگەڵ ئێراندا دەپاراست، تەنانەت لەناو گێژاوی ئەو تۆمەتانەیشدا کە گوایە باڵگەلێک لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەدا چاوپۆشییان لە تۆڕە بریکارەکانی سەر بە ئێران کردووە یان بەناڕاستەوخۆ پاڵپشتییان کردوون. بەڵام ئەو ستراتیژییە ڕێک لەو ساتەدا دادەڕمێت کە ژێرخانی وڵاتەکانیان دەبێتە ئامانجی سەربازی. “سیاسەتی تەمومژاوی و ناڕوونی”، ئیمتیازێکە تەنیا لە سایەی سەقامگیریدا دەتوانرێت پەیڕەو بکرێت و؛ زۆر دەگمەنە بتوانێت لە کاتی بەرکەوتن لەگەڵ مەترسیدا خۆی بگرێت. ئەو دەوڵەتانەی کە گەشە و خۆشگوزەرانییان بەستراوەتەوە بە لێشاوی بێپچڕانی وزەوە، ناتوانن بەرگەی نادڵنیایییەکی درێژخایەن بگرن. لەبەر ئەوە، ئەوان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەچنە پاڵ تاکە تەلارسازییەکی ئەمنی کە سەلماندوویەتی توانای گەرەنتیکردنی سەقامگیریی هەیە، ئەویش تەلارسازییە ئەمریکییەکەیە.

ئێران
لە بەرامبەردا، ئێران لە سایەی ڕژێمی ئێستایدا، كه‌وتۆته‌ به‌رده‌م مه‌ترسیی “هەڵسەنگاندنێكی هه‌ڵه‌ی مێژووییییه‌وه‌”. لەمێژە ستراتیژیی ئەم وڵاتە لەسەر بنەمای ناهاوتایی (Asymmetry) بونیاد نراوە، واتە دروستکردنی گوشار بەبێ چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی گشتگیرەوە و، نانەوەی پشێوی بەبێ ئەوەی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە وەربگرێت. بەڵام سنوورێک هەیە کە گەر تێ بپەڕێنرێت، ئەم ستراتیژییە دەبێتە هۆی لەناوبردنی خودی بونیادنەرەکەی. بەئامانجگرتنی ئەو ژێرخانەی کە بڕبڕەی پشتی هێڵەکانی گواستنەوەی وزەی جیهانە، تێپەڕاندنی ئەو سنوورەیە. نەتەوەکان زۆر کەم بەهۆی نەبوونی هێزەوە تووشی داڕمان دەبن، بەڵکوو زیاتر بەهۆی هەڵەخەمڵاندنی دەرهاوێشتەکانی بەکارهێنانی هێزەوە شکست دەهێنن. ئەگەر ئێران تەنیا وەک ڕکابەرێکی ناوچەیی سەیر نەکرێت، بەڵکوو وەک تێکدەرێکی “سیستەماتیک”ی تۆڕی وزەی جیهانی وێنا بکرێت، ئەوا ئەو کاردانەوەیەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە کاردانەوەیەکی هەنگاو-بە-هەنگاو نابێت، بەڵکوو وەڵامدانەوەیەکی پێکهاتەیی و ڕیشەیی (Structural) دەبێت.

ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور

زۆر شت نووسراوە دەربارەی دروستبوونی ڕیزبەندییەکی نوێ لە نێوان ڕووسیا، چین، ئێران و کۆریای باکووردا، وەک تەوەرەیەکی دەرکەوتوو کە دژی ڕۆژاوا دەوەستێتەوە. بەڵام لە واقعیدا، ئەمە هەمیشە زیاتر لە خەیاڵێکی سیاسی چوووە تا ڕاستییەکی بەرجەستە. چین بەتوندی پشتی بە لێشاوی سەقامگیری وزەی کەنداو بەستووە. ڕووسیا سوودمەندە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان، بەڵام هاوکات بەدوای هاوسەنگیدا دەگەڕێت نەک پشێویی ڕەها. کۆریای باکووریش تەنیا پاشکۆیەکی شوێنکەوتووە، نەک سەرکردەیەکی ئاراستەکەر. کاتێک مەترسییەکان دەبنە ڕاستییەکی مەیدانی، ئایدیۆلۆژیا پاشەکشە دەکات بۆ بەرژەوەندی؛ لەو خاڵەیشدا بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتانە بەتەواوی لێک جیا دەبنەوە.

ئەوروپا
ڕەنگە ئەوروپا قوربانییەکی تری گەورەی ئەم هاوکێشەیە بێت. ڕێک لەو ساتەوەختەدا کە پێویستییەکی زۆر بە “هێزی ڕەق”، ئاسایشی وزە و ڕوونیی ستراتیژی هەیە، ئەوروپا دەبینێت کە بە شێوەیەکی فراوان لە گۆڕەپانەکەدا غائیبە. بۆ چەندان دەیە، ئەوروپا مۆدێلێکی بونیاد نا کە پشتی بە وزەی دەرەکی، ئاسایشی پشتپێبەستراو بە ئەوانی تر (Outsourced Security) و، ئەو باوەڕە دەبەست کە گوایە هێزی نەرمی ئابووری و پێوەرە ئەخلاقییەکان دەتوانن جێگەی هێزی جیۆپۆلیتیکی بگرنەوە. ئەم مۆدێلە ئێستا درزەکانی خۆی دەردەخات و، قەیرانێکی بەردەوامی وزە دەتوانێت ڕۆڵی جیۆپۆلیتیکی ئەوروپا هێشتا زیاتر پەراوێز بخات. بەبێ بوونی توانایەکی سەربازیی یەکگرتوو یان ئاسایشی سەربەخۆی وزە، ئەوروپا تا دێت زیاتر دەبێتە لایەنێک کە تەنیا کاردانەوەی بەرامبەر ڕووداوەکان هەیە لە جیاتی ئەوەی ئاراستەیان بکات. ئەوروپا بێدەنگانە، بەڵام بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر، لە “ئەکتەرێکی بڕیاردەرەوە” دابەزیوە بۆ تەنیا “گۆڕەپانێکی ململانێ”.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

لە پشت هەموو ئەمانەوە، حەقیقەتێکی قووڵتر هەیە کە ساڵانێکە لە زەینمدا ماوەتەوە. کاتێک لە قوتابخانەی بازرگانیی لەندەن (LBS) خوێندکار بووم، پرۆفیسۆرەکەم، بەڕێز ئەندرۆ سکۆت، تێبینییەکی کرد کە لە ڕواڵەتدا زۆر سادە دیار بوو: “نەوت و دۆلار، نەختینەیی (Liquidity) جیهانن.” ئەو ڕاستی دەکرد. نەوت وەک نەختینەییی فیزیکی بۆ ئابووریی جیهان دەمێنێتەوە. دۆلاریش وەک ئەو سیستەمە دارایییە دەمێنێتەوە کە نرخ لەسەر ئەم نەختینەیییە دادەنێت و سەقامگیری دەکات. سەرەڕای ساڵانێک مشتومڕی چڕ دەربارەی گواستنەوەی وزە بۆ سەرچاوەی جێگرەوە، دراوی ئەلتەرناتیڤ و، دروستبوونی جەمسەری نوێی جیۆپۆلیتیکی، چرکەساتەکانی وەک ئێستا دەری دەخەن کە لە بنەڕەتدا چەندە کەم شت گۆڕاوە. بزوێنەری سیستەمەکە هێشتا ئەو لێشاوی وزەیەیە کە نرخەکەی بە دۆلار دیاری دەکرێت. لە دواجاردا، “نەختینەیی” هیچ جێگرەوەیەکی نییە.

هەروەها لێکچوونێکی مێژوویی هەیە کە جێگەی سەرنجە. کاتێک سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆناڵد ڕەیگن، گەیشتە کۆشکی سپی، کۆمەڵێک ئەولەوییەتی ستراتیژیی کەمی دیاری کرد. ئەم ئەولەوییەتانە بریتی بوون لە گەڕاندنەوەی هێزی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێتیی سۆڤیەت. بەڵام سەبارەت بە هەر شتێکی تر، ئەو تەنیا کاردانەوەی هەبوو. ئەم ڕوونییە ستراتیژییە وای کرد ڕووداوەکان، کە زۆربەیان پێشبینینەکراو بوون، لە بەرژەوەندیی ئەودا بشکێنەوە. پێ دەچێت ئەمڕۆش هەمان داینامیک خەریکە دووبارە دەبێتەوە. دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی نەزمی جیهانی لە ڕێگەی قەیرانەوە دەستی بە کارەکانی نەکرد. بەڵام مێژوو پرسیاری ئەوە ناکات کە ئایا سەرکردەکان پلانیان بۆ ڕووداوەکان داڕشتبوو یان نا؛ بەڵکوو پرسیاری ئەوە دەکات ئایا ئەوان لە پێگەیەکی گونجاودا بوون بۆ ئەوەی قازانج لەو ڕووداوانە بکەن.

ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بتوانێت هێزی ئابووری، کارتی گوشاری وزە و متمانەپێکراویی سەربازیی خۆی بپارێزێت، ئەوا قەیران و شۆکی لەم جۆرە نەک پێگەکەی لاواز ناکەن، بەڵکوو قایمتری دەکەن. لەبەر ئەوەی کاتێک سیستەمێکی جیهانی ناسەقامگیر دەبێت، جیهان بەدوای “کۆدەنگی”دا ناگەڕێت؛ بەڵکوو بەدوای “نەزم و ڕێکخستن”دا دەگەڕێت. نەزمیش پێویستی بە “دەستەبەرکار” (Guarantor) هەیە.

لێرەدایە کە میراتی ڕاستەقینەی سەرکردەکان پێناسە دەکرێت — نەک لە ساتەکانی ئارامیدا، بەڵکوو لەو چرکەساتانەدا کە سیستەمەکە خەریکە درزی تێ دەکەوێت، کاتێک نادڵنیایی باڵ بەسەر هەموو شتێکدا دەکێشێت و بڕیارەکان دەبنە بڕیاری نەگەڕاوە. ڕەیگن لەمە تێ گەیشتبوو. ئەو کۆنترۆڵی ڕووداوەکانی نەدەکرد، بەڵکوو ئەو ژینگەیەی ئاراستە دەکرد کە ڕووداوەکانی تێدا دەقەوما. مێژووش پاداشتی ئەمەی دایەوە. ڕەنگە ترەمپیش لە هەلومەرجێکی هاوشێوەدا بێت. ئەگەر ئەم داینامیکەی ئێستا بەردەوام بێت، ڕەنگە ئەم قۆناغە تەنیا وەک زنجیرەیەک قەیرانی دابڕاو لە مێژوودا تۆمار نەکرێت، بەڵکوو وەک ئەو چرکەساتە سەیر بکرێت کە تێیدا “تەمومژاویبوونی جیهانی” هەرەسی هێنا و توانای ئەمریکا جارێکی تر خۆی سەپاندەوە — نەک لە ڕێگەی نەخشەسازییەکی پێشوەختەوە، بەڵکوو بە حوکمی “پێویستییەکی حەتمی”.

لە زانستی جیۆپۆلیتیکدا، پێوەری هێز ئەوە نییە کە کێ دەنگی لە هەمووان بەرزترە، بەڵکوو ئەوەیە کە “کێیە جێگرەوەی نییە”. لە جیهانێکدا کە جارێکی تر لە ڕێگەی وزە، ئاسایش و نەختینەیییەوە پێناسە دەکرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک هێزێکی حاشاهەڵنەگر و بێجێگرەوە (Indispensable) دەمێنێتەوە.

 

سەرچاوە:

The Iran war has set in motion a global realignment

 

image_pdfimage_print