پێنووس

ئایا ئێران زلهێزە نوێیەکەی ناوچەکەیە؟

میدڵ ئیست ئای (Middle East Eye)

نووسەر: کەیھان بەرزگه‌ر (Kayhan Barzegar)

جه‌نگی ئێران، کە لە مانگی شوبات بە هێرشێکی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا دەستی پێ کرد، وای لە تاران کردووە کە ستراتیژیی بەرپەرچدانەوەی دەرەوەی ناوچەییی خۆی لەگەڵ دۆکترینی بەرگریی ناوخۆییدا تێکەڵ بکات.

ئەو هاودەنگییە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە بەهێزەی کە دوای هەڵگیرسانی جه‌نگەکە دروست بوو – کە ڕەتکردنەوەیەکی ڕوونی جەماوەرییە بۆ دەستوەردانی دەرەکی – خاڵێکی بەهێزی گەورەی بە دەوڵەتی ئێران بەخشی.

ئەم دۆخە، ئاڵنگاریی بۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازیی دەستدرێژیکاران دروست کردووە. ئەمڕۆ هێڵی بەرگری لە خاکی ئێرانەوە دەست پێ دەکات و بۆ ناوچە فراوانەکەیش پەل دەهاوێژێت.

پێش هەردوو جه‌نگی ئێستا و جه‌نگە ١٢ ڕۆژییەکەی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ستراتیژیی بەرپەرچدانەوەی ئێران تا ڕاددەیەکی زۆر لەسەر بنەمای تێڕوانینی ”بەرگریی هێرشبەرانە” دامەزرابوو، کە پێک دەهات لە تۆڕێک لە دەرەوەی سنوورە نیشتمانییەکانی: ”تەوەری بەرەنگاری” (به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌) لە سەرتاسەری لوبنان، سووریا، عێراق و یەمەن.

بەڵام جه‌نگی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە ئێرانی نیشان دا کە هێشتا کارتی زیاتری لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بەکاریان بهێنێت: توانای ئەو وڵاتە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی هورمز و، بەوەیشەوە بەشێکی زۆری نەوتی خاوی جیهان، کارتێکی گوشاری یەکجار گەورە پێک دەهێنێت.

بەم جۆرەیش جەنگەکە وای لە ئێران کرد کە باشتر لە گرنگیی جوگرافیا و پێگە جیۆپۆلیتیکییە بەهێزەکەی خۆی تێ بگات. تاران لە ڕێگەی فراوانکردنی جەنگەکەوە بۆ ناوچەکە و هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە کەنداو، لاوازیی ئابووریی جیهانی زیاتر زەق کردەوە.

ستراتیژیی ئێران بەرگریی خاکی ناوخۆیی لەگەڵ بەرگریی پێشوەختەی دەرەکیدا تێکەڵ دەکات، بەڵام پێچەوانەی ڕابردوو، یەکەمین چینی بەرپەرچدانەوە لە خاکی ناوخۆوە دەست پێ دەکات و، چینی دووەمی تەواوکەریش لە کاتی پێویستدا پشتیوانیی هێزە هاوپەیمانە ناوچەیییەکان بەکار دەهێنێت.

بەرگریی ناوخۆیی

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەرپەرچدانەوەی کاریگەریی ناوخۆییی ئێران، بوێریی بە هاوپەیمانەکانی داوە تاوەکوو تواناکانی ئۆپەراسیۆنییان بونیاد بنێنەوە و درێژە بە شەڕی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بدەن.

بۆ چەندان ساڵ، ڕۆژاوا و هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی هەوڵیان دەدا ئەو پەیامە بگەیەنن کە وڵاتانی ”بەرەی بەرخۆدان” (به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌) تەنیا ئامرازی دەستی ئێرانن و ئەو وڵاتە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە نەتەوەیییەکانی خۆی بەکاریان دەهێنێت. بەڵام بەرگرییە ناوخۆیییەکەی ئێران لەم جه‌نگەی ئێستادا، شانبەشانی پشتیوانیکردنی بۆ حزبوڵڵا لە چوارچێوەی دانوستانە بەردەوامەکانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، نیشانی داوە کە ئێران تاچەند بەڕاستی بایەخ بە هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی دەدات.

نوێترین دەرکەوتەی ئەمەیش ڕۆژی دووشەممە بوو، کاتێک ئێران هەڕەشەی کشانەوەی لە دانوستانەکانی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا کرد ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر بەیرووت و ناوچەی زاحیەی باشووری؛ ئەمەیش بەو مانایەیە کە ئاگربەستەکە دەبێت سەرجەم بەرەکان بگرێتەوە.

دۆخەکە بە شێوەیەکی کاریگەر ئاستی ئێرانی ”بەرز کردووەتەوە” و ڕەهەندێکی جیهانیی بەخشیوەتە ڕۆڵە ناوچەیییەکەی. هاوکات، پرسیاری نوێ سەبارەت بە بەهای ڕاستەقینەی میوانداریکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی وڵاتانی کەنداو سەر هەڵدەدەن.

پێگەی ئیسرائیلیش لە هاوکێشەی هێزی ناوچەییدا گۆڕاوە. پێش جه‌نگەکە و، بەتایبەتی لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە، تەلئەبیب هەوڵی دەدا ببێتە هێزی هەژموونگەرای ناوچەکە. ئەو وڵاتە بەبێ ترس لە سزادان و بە پشتیوانیی ڕۆژاوا هێرشە هەڕەمەکییەکانی دەکردە سەر وڵاتانی دراوسێ لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەگەڵ ئەوەیشدا، بەرخۆدانی سەربازی و خۆڕاگریی ئابووریی ئێران، تەگەرەیەکی گەورەیان خستووەتە بەردەم ڕێڕەوی ئیسرائیل. تەنانەت دەکرێت بگوترێت کە ئێران- نەک ئیسرائیل- وەک زلهێزێکی ناوچەیی لەم ململانێیەدا دەرکەوتووە.

ئاسایشی بەکۆمەڵ

جه‌نگەکە بۆچوونە باوەکانی سەبارەت بە ”سیستەمی ئاسایشی بەکۆمەڵ” لە کەنداو لەرزۆک کردووە. پێش جه‌نگەکە، تێڕوانینی زاڵ ئەوە بوو کە سەقامگیری تەنیا لە چوارچێوەی دامەزراندنی سیستەمێکی لەو جۆرەدا بەدی دێت. جه‌نگەکە دژبەیەکییەکی لەم تێڕوانینەدا ئاشکرا کرد.

وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکە ئێستا ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی ئەمنیی نوێ بوونەتەوە: سەرەڕای ئەو تێچووە قورسانەی کە بە درێژاییی چەندان ساڵ بۆ میوانداریکردنی هێزەکانی ئەمریکا و کۆکردنەوەی کەلوپەلی سەربازی داویانە، ئەمریکییەکان نەیانتوانی ئاسایشیان مسۆگەر بکەن کاتێک فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆنه‌كان) و مووشەکەکانی ئێران بەلێشاو دەبارین.

دەوڵەتانی کەنداو ئێستا کار بۆ هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و ئەمریکا دەکەن. لە ئەنجامدا، هاوکێشەی سیاسی-ئەمنیی ناوچەکە بە شێوەیەکی قووڵ، پشتی بەستووە بەوەی کە لە داهاتوودا لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و ئەمریکادا چی ڕوو دەدات.

دەوڵەتانی کەنداو ناچارن یارمەتیی هەردوو لا بده‌ن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام، بۆ ئەوەی بەو شێوەیە خۆیان لە ناسەقامگیریی زیاتری ناوچەکە بپارێزن. ئەمەیش بەڕوونی لە داواکارییە دووبارەکانی سەرکردە عەرەبەکاندا دەرکەوتووە، کە هانی دۆناڵد ترەمپ(Donald Trump) ، سەرۆکی ئەمریکایان داوە ڕێککەوتنێکی ئاشتی قبووڵ بکات کە سازشکردن بەرامبەر بە ئێران لەخۆ بگرێت.

ڕەنگە لە کۆتاییدا ئەم جه‌نگە پێویست بووبێت بۆ ئاشکراکردنی هێز و توانا و پێگە ڕاستەقینەکانی سەرجەم ئەکتەرە بەشداربووەکان لە چوارچێوەی هاوسەنگیی هێزی ناوچەییدا. بێ گومان، جه‌نگەکە وای لە ئێران کرد کە هێزە سەربازییەکان و کۆتوبەندە ستراتیژییەکانی خۆی بناسێت.

گرنگتر لە هەمووی، ئەم ململانێیە سەنگ و قورساییی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی، لانی کەم لە مەودای کورتخایەندا، لە پرسی ئەتۆمییەوە گواستووەتەوە بۆ سوودە جیۆپۆلیتیکییەکانی لە ستراتیژیی بەرپەرچدانەوەدا.

image_pdfimage_print