ماڵپەڕی فۆربس (Forbes)
پۆڵ ئیدۆن (Paul Iddon)
ئیسرائیل وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغێکی دیکەی شەڕکردن لەگەڵ ئێران، کە ئەگەری زۆرە حەتمی بێت، بە شێوەیەکی بەردەوام توانا پێشکەوتووەکانی هێرشی مەودادرێژی خۆی پێش خستووە؛ لە هەمان کاتدا ڕێژەی بەکارهێنانی سیستەمە بەرگرییە مووشەکییە ستراتیژییە دژە-بالیستییە ئاستبەرزەکانی خۆی ڕێک خستووە و بەرهەمهێنانیانی خێراتر کردووە.
لە ٢٧ی ئایاردا، ئیسرائیل یەکەم تانکەری ئاسمانیی نوێی جۆری بۆینگ کەی سی-٤٦(Boeing KC-46)ی لە ئەمریکاوە وەرگرت، کە لە خزمەتی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل (IAF)دا ناوی ”گیدیۆن ”(Gideon)ی لێ نراوە. چاوهڕێ دهكرێت لە ساڵانی داهاتوودا لانی کەم شەش فڕۆکەی لەو جۆرە وەربگرێت. ئەم فڕۆکە نوێیانە جێگەی کەشتیگەلە کۆنەکەی تانکەرەکانی بۆینگ ٧٠٧ ”ڕیئێم ”(Boeing 707 Re’em)ی ئیسرائیل دەگرنەوە و، بە گوتەی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، لیوا عومەر تیشلەر (Maj. Gen. Omer Tischler)، ”سووتەمەنیی زیاتر، بارستەی زیاتر و، مەودایەکی دوورتر” دابین دەکەن.
ڕاپۆرتەکانی میدیای ئیسرائیل سەبارەت بە گەیشتنی فڕۆکەکە، بەبێ جیاوازی جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم کەشتیگەلە نوێیەی تانکەرەکان مەودایەکی زیاتر بە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دەدات بۆ لێدانی نەیارە دوورەکانی و، پشتبەستنی بە پشتیوانیی ئەمریکا کەم دەکاتەوە.
وتارێکی ڕۆژنامەی جێروزەلیم پۆست (Jerusalem Post) ئاماژەی بەوە کردووە: ”ئەم گەیاندنە دەتوانێت لە پێدانی سەربەخۆیییەکی زۆر زیاتر بە ئیسرائیل، گۆڕانکارییەکی گەورە دروست بکات؛ ئەگەر بڕیار بدات هێرش بکاتە سەر ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، حووسییەکان (Houthis) لە یەمەن (Yemen)، یان هەر نەیارێکی دیکەی دوورمەودای چاوەڕوانکراو لە داهاتوودا، تەنانەت ئەگەر ئیدارەیەکی دواتری ئەمریکا دژی هێرشێکی لەو شێوەیەیش بوەستێتەوە. ”
کاتێک ئیسرائیل یەکەم هەڵمەتی ئاسمانیی بەرفراوانی خۆی لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی شێری ڕاساو (Operation Rising Lion) دژی ئێران دەست پێ کرد، پشتی بە کەشتیگەلی ئاسمانیی جۆری ٧٠٧ی خۆی بەست بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی؛ لە کاتێکدا شەو و ڕۆژ هێرشی مەودادرێژیان بۆ سەر خاکی بەرین و بەرفراوانی ئێران ئەنجام دەدا. هەرچەندە ئەمریکا لە کۆتاییی ئەو جەنگەدا بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو (Operation Midnight Hammer) دژی وێستگە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران بەشداریی کرد، بەڵام بەفەرمی ڕەتی کردەوە کە لە ڕێگەی تانکەرەکانییەوە هاوکاریی سووتەمەنیپێدانی فڕۆکەکانی ئیسرائیلی کردبێت.
ئەنجامدانی هەڵمەتێکی ئاسمانیی مەودادرێژی بەردەوامی لەو شێوەیە، مەترسیی زۆری هەڵگرتبوو. فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف-١٦(F-16)ی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا کە یاوەریی بۆمبهاوێژە ستراتیژییە نەبینراوەکانی جۆری نۆرسرۆپ بی-٢ سپیریت (Northrop B-2 Spirit)یان دەکرد و له گهرمهی ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەودا هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکانی فۆردۆ (Fordow) و نەتەنز (Natanz)ی ئێران، بە سووتەمەنییەکی زۆر کەمەوە ئاسمانی ئێرانیان جێ هێشت. بێ گومان فڕۆکەوانە ئیسرائیلییەکان ڕووبەڕووی مەترسیی هاوشێوە بوونەتەوە؛ ئەمەیش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ئیسرائیل دوو بنکەی ئۆپەراسیۆنی شاراوەی لە ناوخۆی عێراق (Iraq) دامەزراند بۆ ئەوەی ئەگەر پێویست بکات هەر فڕۆکەوانێکی کەوتوو ڕزگار بکات، وەک چۆن ئەمریکا له نێوهندی ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی داستانی (Operation Epic Fury)ی ئەمساڵدا پێویستی بەم کارە بوو.
کاتێک ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر (Operation Roaring Lion)ی هاوشان لەگەڵ هەڵمەتی تووڕەییی داستانیی ئەمریکادا لە ٢٨ی شوبات دەست پێ کرد، دەیتوانی پشت بە یارمەتیی تانکەرەکانی ئەمریکا ببەستێت و، بەوەیش توانای پێکانی ئامانجەکانی لە قووڵاییی ئاسمانی ئێراندا زیاد کرد.
تیشلەر (Tischler)ی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کەی سی-٤٦ لە ٢٧ی ئایاردا گوتی: ”لێرە، لە ڕێڕەوەکانی بنکەی ئاسمانیی نەڤاتیم (Nevatim Airbase)، فڕۆکە سووتەمەنیپێدەرەکان نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر فڕین و، تەواوی هێزی ئاسمانیی خۆیان لەسەر باڵەکانیان بەرەو ئێران هەڵگرت. ”
ئیسرائیل ڕاشكاوانه هەوڵ دەدات توانای ئەنجامدانی هەڵمەتێکی لەو شێوەیەی بە سەربەخۆیی هەبێت؛ بەو تێگەیشتنەی کە لەوانەیە “ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی داستانی” و “ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر” دواجار لووتکەی کردەوەی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بن دژی ئێران.
کەمتر لە دوو هەفتە پێش گەیشتنی کەی سی-٤٦، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل گرێبەستێکی واژۆ کرد بۆ تەیارکردنی فڕۆکە جەنگییە هێرشبەرە نەبینراوەکانی نەوەی پێنجەمی ئیسرائیل لە جۆری ئێف-٣٥ئای ”ئەدیر”(F-35I Adir) بە تانکەری سووتەمەنیی دەرەکی بە مەبەستی درێژکردنەوەی مەودایان. ئیسرائیل وەک وڵاتێکی بێوێنە لە ناو بەکارهێنەرانی ئێف-٣٥، ڕێگەی پێ دراوە جۆرە تایبەتەکەی ئەدیر بە سیستەمە لاوەکییەکان و چەکە ناوخۆیییەکانی خۆی دەستکاری بکات. تانکەرە دەرەکییەکان دەبنە یەکەم جار کە تانکەری لەو شێوەیە لەسەر فڕۆکەی نەوەی پێنجەم جێگیر بکرێت و بەم شێوەیە لەوانەیە بەو مانایە بێت کە فڕۆکەکانی ئێف-٣٥ی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دەتوانن لە هاوتا ئەمریکییەکانیان زیاتر بفڕن بەبێ ئەوەی لە ئاسماندا سووتەمەنی وەربگرن. لەگەڵ ئەوەیشدا، ڕوون نییە کە ئایا ئەم تانکەرانە توانای خۆشاردنەوەی گرنگی ئێف-٣٥ کەم دەکەنەوە یان نا. پێشتریش ئاماژە هەبوون بەوەی کە ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢١ەوە هەوڵی داوە دەستکاریی فڕۆکەکانی ئێف-٣٥ بکات بۆ درێژکردنەوەی مەودایان.
تانکەرەکانی کەی سی-٤٦ شانبەشانی فڕۆکەکانی ئێف-٣٥ی مەودادرێژکراو، دەتوانن لە ساڵانی داهاتوودا توانایەکی باشتر بە ئیسرائیل ببەخشن بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی ئاسمانیی سەربەخۆتر و بەردەوامتر لە ئۆپەراسیۆنی شێری ڕاساو.
گەیشتنی کەی سی-٤٦ و گرێبەستی ئێف-٣٥، هاوکات بوو لەگەڵ ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە جێگیرکردنی فڕۆکە نەبینراوەکانی نەوەی پێنجەمی لۆکهید ئێف-٢٢ ڕاپتۆر (Lockheed F-22 Raptor) و فڕۆکەی سووتەمەنیپێدەری ئەمریکی لە ئیسرائیل. ئەمریکا لە سەروبەندی تووڕەییی داستانیدا فڕۆکەی ئێف-٢٢ی لە ئیسرائیل جێگیر کرد؛ ئەمەیش وای لە هەندێک کەس کرد بگەنە ئەو دەرەنجامەی کە ئیسرائیل ناوبانگی دەیان ساڵەی خۆی وەک کەشتییەکی هەڵگری فڕۆکەی ئەمریکیی نوقمنەبوو دەسەلمێنێت. لە کۆتاییی مانگی ئایاردا، ئاژانسی ڕۆیتەرز (Reuters) بڵاوی کردەوە کە فڕۆکەخانە سەرەکییەکەی ئیسرائیل، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بێن گوریۆن (Ben Gurion International)ە، لەوانەیە ڕووبەڕووی هەڵوەشاندنەوەی زۆری گەشتەکان ببێتەوە بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی تانکەری ئەمریکی لەوێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم سامانە ئەمریکییانە دەتوانن سوود بە ئیسرائیل بگەیەنن ئەگەر لە ماوەی هاویندا جهنگ لەگەڵ ئێران دەست پێ بکاتەوە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەوڵانە بۆ پێشخستنی توانا هێرشبەرییە مەودادرێژەکانی بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ، ئیسرائیل هەنگاوی ناوە بۆ بەهێزکردنی بەرگرییە مووشەکییە ستراتیژییەکانیشی. ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی ئاگربەستە ناسکەکەی ٨ی نیسان دوژمنكارییهكانی لە دوایین جەنگدا ڕاگرت، پلانێکی وەزارەتی بەرگری پەسەند کرا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی ئارۆو (Arrow)ی ئیسرائیل. ئارۆو ٣ (Arrow 3) مووشەکێکی دژە-بالیستیی دەرەوەی بەرگەهەوایە و، چینی هەرە سەرەوەی بەرگرییە ئاسمانییە فرەچینەکەی ئیسرائیل دادەپۆشێت. تێچووی هەر یەکێک لەم ڕێگرە پێشکەوتووانە بە ٢-٣ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
دوای جەنگە ١٢ ڕۆژییەکە، دەرکەوت کە ئەمریکا ١٥٠ مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی لە سیستەمی هاوتای ئارۆو، کە سیستەمی بەرگریی ناوچەییی بەرزی تێرمیناڵ (Terminal High Altitude Area Defense) ناسراو بە (THAAD)، تەقاندووە بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئیسرائیل. بە تێچوویەکی خەمڵێنراوی ١٢ بۆ ١٥ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مووشەکێکی بەرگری، ئەم ژمارەیە دابەزینێکی گەورەی لە کۆگهكانی چهكی ئەمریکادا دروست کرد لە کاتێکدا کۆمپانیای بەڵێندەری لۆکهید مارتن (Lockheed Martin) ساڵانە تەنیا نزیکەی ٢٠ مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی بەرهەم دەهێنا.
دوایین هەڵمەتی ئەمریکا و ئیسرائیل گوشارێکی زۆر زیاتری خستە سەر کۆگهکانی مووشەکی بەرگریی ئەمریکا. ڕاپۆرتێکی دوای جەنگ لە واشنتۆن پۆست (The Washington Post) ئاشکرای کرد کە ئەمریکا دوو هێندەی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئیسرائیل، مووشەکی ڕێگریی تەقاندووە، بۆ پاراستنی ئیسرائیل لە مووشەکە بالیستییە هێرشبەرەکانی ئێران. لە سەرتاسەری ئەو جەنگەی دواییدا، ئەمریکا نزیکەی ٢٠٠ ڕێگری تادی تەقاندووە، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی تەواوی کۆگهکانی. سەرباری ئەوەیش، ئەمریکا زیاتر لە ١٠٠ مووشەکی ڕێگری دەریاییی پێشکەوتووی جۆری ئێس ئێم-٣ (SM-3) و ئێس ئێم-٦(SM-6)ی لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل بەکار هێنا. ئێس ئێم-٣یەکان بە پشتبەستن بە جۆرە دیاریکراوەکانیان، دەکرێت لە نێوان ٩.٦٦ ملیۆن بۆ ٢٧.٩ ملیۆن دۆلار تێچوویان هەبێت، لە کاتێکدا تێچووی ئێس ئێم-٦ەکان نزیکەی ٩.٥ ملیۆن دۆلارە. لە هەمان کاتدا لەم ماوەیەدا، ئیسرائیل بەگشتی کەمتر لە ١٠٠ مووشەکی ڕێگری ئارۆو و نزیکەی ٩٠ ڕێگری لە سیستەمی قۆچەقانێی داود (David’s Sling) تەقاندووە. ئەم سیستەمەی دوایییان مووشەکی ستەنەر (Stunner) دههاوێژێت، کە زۆر هەرزانترن لە هاوتا ئەمریکییەکەیان کە پاتریۆت پاک-٣(Patriot PAC-3)یە.
ڕاپۆرتێکی دواتری سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان (Center for Strategic and International Studies) پێشبینی دەکات کە ئەمریکا نزیکەی دوو ساڵی دەوێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو مووشەکانەی ئێس ئێم-٣ و ئێس ئێم-٦ و، لانی کەم سێ ساڵیش بۆ گەڕاندنەوەی مووشەکەکانی تاد بۆ ئاستی پێش جەنگ. هەموو ئەمانەیش بەو گریمانەیەی کە جهنگ لەگەڵ ئێران بەم زووانە دەست پێ ناکاتەوە و ئەمریکا جارێکی دیکە ناچار نابێت مووشەکە ڕێگرە ئاستبەرزەکانی بە ڕێژەیەکی خێرا و نەگونجاو بەکار بهێنێت. ڕاپۆرتەکەی واشنتۆن پۆست لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە هۆشداریی دا کە لەوانەیە ئەمریکا ناچار بێت مووشەکی ڕێگری زیاتریش لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل بتەقێنێت ئەگەر جهنگ بەم زووانە دەست پێ بکاتەوە، چونکە هەندێک لە سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکیی ئیسرائیل لە ئێستادا لەژێر چاککردنەوەدان.
ڕۆژنامەی هائارێتس (Haaretz)ی ئیسرائیلی لەم دوایییانەدا باسی لەوە کرد کە چۆن پێنتاگۆن (Pentagon) بەڵگەنامەکانی لەسەر بەکارهێنانی ڕێگرە ئەمریکییەکان دزه پێ كردووه بۆ ئەوەی هەم ئاستی بەرگریکردنی ئەمریکا لە ئیسرائیل بە درێژاییی جەنگەکە ئاشکرا بکات و هەم هۆشدارییش بدات لەسەر تێچووەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ بۆ واشنتۆن.
ڕاپۆرتەکەی هائارێتس ئاماژەی بەوە کرد: ”هەردوو ڕاپۆرتەکە، کە لەو دەزگه میدیایییانەدا بڵاو کراونەتەوە کە پەیوەندییەکی نزیکیان بە هاوپەیمانان و سەرچاوەکانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ (Donald Trump)ەوە هەیە، جەختیان لەسەر ئارگیومێنتێکی هاوشێوە کردووەتەوە.” هەروەها دەڵێت: ”ئەمریکا لە کاتی جەنگەکەدا سامانێکی سەربازیی زەبەلاحی لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل خەرج کرد و، پیشەسازییە بەرگرییەکەی ڕووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە لە پڕکردنەوەی تەقەمەنییە گرنگەکان بەخێرایییەکی پێویست بۆ ململانێیەکی دیکەی درێژخایەن. ”لە درێژەدا ڕۆژنامەکە دەڵێت: ”لەگەڵ ئەوەیشدا، نوێبوونەوەی گفتوگۆی گشتی سەبارەت بە کەمیی مووشەکە ڕێگرەکان و ئامادەییی سەربازی، خۆی لە خۆیدا بەرهەمی دزەپێکردنی پلانبۆداڕێژراوە کە پێکەوە دەبنە پەیامێکی ڕوون لە ناوخۆی پێنتاگۆنەوە: هیچ ڕێگەیەکی ئاسان نییە بۆ دەستپێکردنەوەی جهنگ لەگەڵ ئێران، بەبێ خستنەمەترسیی هێزەکانی ئەمریکا، بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان و سامانە سەربازییە گرنگەکان، دوای ئەوەی ئەمریکا بەشێکی زۆری جەنگەکەی بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل تەرخان کرد. ”
لە هەمان کاتدا، ئیسرائیل پێ دەچێت حسابی ئەوە بکات کە پێویستە مووشەکەکانی ئارۆو بە دەستپێوەگرتنەوە بەکار بهێنێت، لە کاتێکدا زۆرترین ژمارەی نوێیان لێ بەرهەم دەهێنێت لە ئەگەری ئەوەی جارێکی دیکە بەتەنیا یان بە پاڵپشتییەکی زۆر کەمتر لە ئەمریکا، شەڕ لەگەڵ ئێران بکات. پێشتریش، فەرماندەییی بەرەی ناوخۆییی سوپاکەی، پێشبینیی ئەوە دەکات کە مووشەکە بالیستییەکانی ئێران لەوانەیە لە جەنگی داهاتوودا، بەراورد بە هەموو جەنگەکانی پێشوو، مەترسییەکی زۆر گەورەتر بۆ سەر ئیسرائیل دروست بکەن. بێ گومان تاران (Tehran) وانەی لە هەموو بۆردوومانە ڕاستەوخۆکانی وەرگرتووە کە لە یەکەم هێرشی ١٣ی نیسانی ٢٠٢٤ەوە ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج. سەرباری ئەوەیش، ئیسرائیل دەترسێت کە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمریکا و ئێران چارەسەری بەرنامە مووشەکییە بالیستییەکەی ئێران نەکات، کە تاران بەردەوام ڕەتی دەکاتەوە تەنانەت دانوستانیشی لەسەر بکات؛ ڕێک هاوشێوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی تەممووزی ٢٠١٥. بەمەیش ئیسرائیل لە داهاتوودا ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی مووشەکیی زۆر مەترسیدارتر دەبێتەوە.
پێشتر ئاماژەکان ئەوە بوون کە هەڵمەتە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا پاشەکشەی کاتییان بە کۆگه گەورەکەی مووشەکی ئێران کردووە. لە ٣١ی ئایاردا، تۆڕی سی ئێن ئێن (CNN) بڵاوی کردەوە کە وێنەکانی سەتەلایت ئاشکرایان کردووە ئێران لەدوای ئاگربەستەکەوە بە بەکارهێنانی شۆفڵ و کەرەستەی ئاسایی، لانی کەم ٥٠ لە کۆی ٦٩ دەروازەی شارە مووشەکییە ژێرزەمینییەکانی کردووەتەوە.
دوای جەنگە ١٢ ڕۆژییەکە، ئیسرائیل ڕای گەیاند کە هەنگاو دەنێت بۆ سەپاندنی باڵادەستییە ئاسمانییەکەی بەسەر ئێراندا و، بە شێوەیەکی کارا ڕێگری لە هەر پێشڕەوییەکی دیکەی مووشەکی و ئەتۆمیی ئێران دەکات. دوای ئەو جەنگە و دوایین هەڵمەتی ئەمریکا و ئیسرائیل، شرۆڤەکاران بەردەوام مشتومڕی ئەوەیان کردووە کە سیاسەتی ئیسرائیل بۆ ”بڕین” یان ئەوەی کە بە ”دوورینەوەی گژوگیا” (Mowing the Grass) بە شێوەیەکی خولی دەناسرێت، کە گوزارشتێکی لێچوواندنی مشتومڕاوییە بۆ هەڵمەتە سەربازییە پچڕپچڕەکانی پێش تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دژی حەماس (Hamas) لە کەرتی غەززەی بچووکی دراوسێ، ناتوانرێت بە شێوەیەکی کرداری لەسەر ئاستێکی زۆر فراوانتر دژی ئێران دووبارە بکرێتەوە.
هەرچییەک لە داهاتوودا ڕوو بدات، ئێستا ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی، لە جەنگێکی دیکەدا لەگەڵ ئێران، ناتوانێت بۆ دابینکردنی بەرگرییەکی هێندە بەرفراوان و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی دیکە، بەتەنیا پشت بە ئەمریکا ببەستێت. هەر بۆیە، ئەم دەرفەتەی ئارامیی ئێستا دەقۆزێتەوە بۆ تەیارکردنی خۆی بە هەرە پێشکەوتووەترین توانای هێرشبەریی مەودادرێژ و توانا بەرگرییە ئاڵۆزەکان؛ جا لە توانایدا بێت دروستیان بکات یان بیانکڕێت.
سەرچاوە:








