پێنووس

سعوودیا لە بەرامبەر ئیماراتدا؛ ڕەهەندە نادیارەکانی قەیرانی کەنداو

نووسەر: “محەمەد ئەیوب” (Mohammed Ayoob)*

وەرگێڕان و ئامادەکردن: پێنووس

لە کاتێکدا ئەگەری بەرپابوونی پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوان عەرەبستانی سعوودی و دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی تا ئاستێکی زۆر کەم و دوورە، بەڵام ئەو ڕکابەرییە نوێیەی کە لە نێوان ئەم دوو ئەکتەرەدا سەری هەڵداوە، خەریکە بە شێوەیەکی ڕیشەیی سیمای جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە. لە هەلومەرجێکدا کە کەشتیگەلە جەنگییە گەورەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداودا جێگیر کراون و گوتاری توند و تەحەدداکەرانەی تاران پانتاییی ناوچەکەی تەنیوە، زۆربەی شرۆڤەکارە ستراتیژییەکان هەموو سەرنج و توانای خۆیان لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و نەخشاندنی لێکەوتە و دەرهاوێشتە مەترسیدارەکانی ئەو پێکدادانە چڕ کردووەتەوە، کەچی لە هەمان کاتدا قەیرانێکی دیکە لەناو جەرگەی ناوچەی کەنداودا خەریکە گەشە دەکات و، پێ دەچێت زۆر زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرێت بتەقێتەوە.

هەرچەندە ئەم قەیرانە نوێیە ڕەنگە وەک ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان واشنتۆن و تاران ڕەهەندی کارەساتبار و جەنگی لێ نەکەوێتەوە، بەڵام بێ گومان توانای ئەوەی هەیە سەقامگیریی ئەم ناوچە دەوڵەمەند بە وزەیە، تێک بدات و دەرەنجامی قورسی بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەبێت. ئەم تەنگژە چاوەڕوانکراوە پەیوەندیی بە تێکچوونی ڕایەڵەکانی پەیوەندیی نێوان دوو هاوپەیمانی هەرە نزیکی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەیە، کە بریتین لە سعوودیا و ئیمارات؛ قەیرانێک کە کاریگەرییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی ناوچەکەدا کورت نابنەوە، بەڵکوو دەگەنە دوورترین خاڵەکانی جیهان و ڕاستەوخۆ دەست دەخەنە سەر نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەمریکا، بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا و تەنانەت کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکانیشدا دەبێت.

تا ماوەیەک لەمەوبەر، زۆربەی چاودێرانی سیاسیی کاروباری کەنداو، وایان دادەنا کە سعوودیا و ئیمارات بە هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ واشنتۆن کار دەکەن بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا و، هەروەها پاراستنی هاوسەنگیی نرخی نەوت و ئاستی بەرهەمهێنان، بەتایبەت لە ماوەی دەیەی ٢٠١٠دا و دوای سەرکەوتنی محەمەد بن سەلمان بۆ لووتکەی دەسەڵات لە ڕیاز و چەسپاندنی پێگەی شێخ محەمەد بن زاید وەک فەرمانڕەوای ئەبوزەبی و سەرۆکی ئیمارات، هەر بۆیە وا دەردەکەوت کە ئەم دوو دەوڵەتە لەسەر لە پێشینەبوونی پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە، گەیشتوونەتە جۆرێک لە یەکگرتنی نائاسایی.

هاوکارییە نزیکەکانی سعوودیا و ئیمارات لە جه‌نگی یەمەن، وەستانەوەی هاوبەشیان دژی بزووتنەوەی ئیخوان و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دوای بەهاری عەرەبی، ئاماژەیەک بوون بۆ دەرکەوتنی “جەمسەرێکی نوێی کەنداو” کە توانای گۆڕینی هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەیە. بەڵام لەپشت ئەم پەردە جوانەی یەکگرتوویییەوە، هەردوو دەوڵەت لە هەمان کاتدا خەریکی داڕشتنی ئەجێندایەکی گەورەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری و دەسپێشخەری بوون بۆ فراوانخوازی لە بواری سیاسەتی دەرەوە، کە بە تێپەڕبوونی کات، هەر یەکەیانی بەرەو ئاراستەیەکی لێکجیاواز برد.  ئەگەرچی پەیوەندییە دیپلۆماسییە فەرمییەکان تا ئێستایش بەبەهێزی ماونەتەوە و کەناڵەکانی پەیوەندی لە نێوان سەرکردایەتیی هەردوو وڵاتدا دانەخراون، بەڵام بناغە پێکهاتەیییەکانی هاوبەشیی نێوان سعوودیا و ئیمارات بەرەو لاوازی ڕۆیشتوون. ئێستا شرۆڤەکاران بە شێوەیەکی فراوانتر باس لەوە دەکەن کە ئەم پەیوەندییە چیتر هاوپەیمانییەکی پتەو نییە، بەڵکوو “ڕکابەرییەکی کۆنترۆڵکراوە” کە تێیدا ململانێکان لە ڕێگەی وابەستەییی دوولایەنە، سنووردارکردنی دامەزراوەیی و ویستێکی باڵا بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بەڕێوە دەبردرێن.

بۆ نموونە، دوای ساڵی ٢٠١٥، هەردوو دەوڵەت گۆڕانکاریی ناوخۆییی قووڵیان بەسەردا هات؛ سعوودیا پڕۆژەی “دیدگه‌ی ٢٠٣٠”ی ڕاگەیاند کە پلانێکی گەورە بوو بۆ گۆڕینی ئاراستەی ئابووریی وڵاتەکە لە پشتبەستن بە نەوتەوە بەرەو ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و بوونی ”ڕیاز” بە مەڵبەندێکی بازرگانیی جیهانی، لە کاتێکدا ئیمارات مۆدێلی مێژووییی خۆی وەک ناوەندێکی بازرگانی و خزمەتگوزاریی فرە-ڕەهەند بە چڕکردنەوەی سەرنجی لەسەر دوبەی و ئەبوزەبی قووڵتر دەکردەوە. سەرەتا وا دەردەکەوت کە ئەم دوو ئاراستەیە تەواکەری یەکتر بن، بەڵام لەگەڵ گەیشتن بە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٠، دژایەتییەکانی نێوان ئەم دوو دیدگه‌یە بەڕوونی دەرکەوتن، چونکە هەردوو وڵات ئامانجیان ئەوە بوو کە ببنە مەکۆی سەرەکیی کۆمپانیا فرەنەتەوەیییەکان و وەک ناوەندێکی گەورەی گەشتی ئاسمانیی جیهانی و ڕێڕەوێکی لۆجستی کە ئەوروپا بە ئاسیا و ئەفریقاوە دەبەستێتەوە، ڕۆڵ بگێڕن.

گەرچی هەردوو ئابوورییەکە تا ئاستی جیاواز هێشتا بەستراوەی نەوتن، بەڵام هەوڵیان داوە کەرتی ئابووری و وزەی خۆیان فرەچەشن بکەن و، کاتێک هەردوو دەوڵەت ویستیان ئابوورییەک بنیات بنێن کە توانای ڕکابەریی لە ئاستی جیهانیدا هەبێت، ئاراستەکانیان لە هەماهەنگییەوە گۆڕا بۆ ڕکابەرییەکی پێکهاتەیی و، کەرتی ئابووری بوو بە مەیدانێکی سەرەکیی ململانێکانیان. ئاشکراترین خاڵی تەقینەوەکە لە بواری ئابووریدا لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١-٢٠٢٢دا بوو، کاتێک سعوودیا بڕیاری دا گرێبەستە حکوومییەکان تەنیا بەو کۆمپانیا بیانییانە بدات کە بارەگای سەرەکیی ناوچەییی خۆیان دەگوازنەوە بۆ ناو خاکی سعوودیا؛ کە ئەمەیش وەک ئاڵنگارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ پێگەی دوبەی لێک درایەوە کە ساڵانێکی درێژە مەڵبەندی بێڕکابەری کۆمپانیا جیهانییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئیمارات ئەم سیاسەتەی وەک هەوڵێک بۆ لێدانی بەرژەوەندی و سوودە ڕکابەرییەکانی لە بوارەکانی دارایی، لۆجستی و خزمەتگوزاریی بازرگانیدا لێک دایەوە و، سعوودیاش بەڕوونی ئاماژەی بەوە کرد کە دەیەوێت لە پێگەی ناوەندی دارایی لە کەنداودا پێش ئیمارات بکەوێت.

سەرەڕای ئەمانە، دامەزراندنی کۆمپانیای “ڕیاز ئایر” (Riyadh Air) و پەرەپێدانی فڕۆکەخانەکان بە ملیاران دۆلار لەلایەن سعوودیاوە، بەئاشکرا بۆ ڕکابەریکردنی کۆمپانیاکانی ئیمارات، وەکوو؛ ئیتیحاد (Etihad Airways) و فلای دوبەی (flydubai) بوو، چونکە ئامانجی ڕیاز، گۆڕینی پایتەخت و شاری “جەددە”یە بۆ وێستگەیەکی گەورەی فڕۆکەوانی کە ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا پێکەوە گرێ بدات؛ واتە هەمان ئەو ڕۆڵەی کە ماوەیەکی درێژە دوبەی دەیگێڕێت. بە هەمان شێوە، پڕۆژە گەشتیارییە زەبەلاحەکانی وەک؛ نیۆم (NEOM)، زە لاین (The Line)، پڕۆژەی دەریای سوور (RED SEA PROJECT) و گەشەپێدانی “ئەلعولا” ( Al-Ula development)، مەبەست لێیان نیشاندانی سعوودیایە وەک مەڵبەندێکی گەشتیاریی جیهانی کە ڕاستەوخۆ دەست دەخاتە سەر باڵادەستیی ئیمارات لە کەرتی گەشتیاری، بەتایبەت گەشتیاریی لوکس.

 جیاوازییەکانی نێوان ڕیاز و ئەبوزەبی لە بواری ئاسایشی ناوچەییشدا بەڕوونی بەرجەستە بوو؛ بوارێک کە ستراتیژییە جیۆپۆلیتیکییەکانیان بەتوندی لێک جیا بوونەوە و ئاشکراترین نموونەی ئەم دابەشبوونەیش لە گۆڕەپانی یەمەندا بینرا. گەرچی لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی “گەردەلوولی یەکلاکەرەوە” ( Decisive Storm) لە ساڵی ٢٠١٥دا هەردوو وڵات بە هەماهەنگییەکی توند بۆ گەڕاندنەوەی حکوومەتی شەرعیی یەمەن دژی حووسییەکانی سەر بە ئێران دەستیان پێ کرد، بەڵام لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩دا ئامانجەکانیان گۆڕانکاریی بەسەردا هات.

لە کاتێکدا پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی باکووری یەمەن، پاراستنی یەکپارچەییی خاکی ئەو وڵاتە لەژێر سایەی حکوومەتێکی ناوەندیدا و بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکان لە پێشینەترین کارەکانی سعوودیا بوو، بەڵام ئیمارات زیاتر بایەخی بە کۆنترۆڵکردنی خاڵە ستراتیژییە دەریایییەکان وەک؛ باب المندب (Bab al-Mandab)، عەدەن (Aden)، موکەلا (Mukalla) و، هەروەها بەهێزکردنی بریکارە ناوخۆیییەکانی وەک ئەنجومەنی ئینتیقالیی باشوور و لێدان لە حزبی “ئیسڵاح”ی سەر بە ئیخوان دەدا. ئەمەیش وای کرد کە ئیمارات هەژموونی خۆی لە باشوور و کەناراوەکان بچەسپێنێت، لە کاتێکدا سعوودیا لە جه‌نگێکی درێژخایەن و پڕتێچوو لەگەڵ حووسییەکان لە باکووردا گیری خواردبوو، کە دەرەنجامەکەیشی دروستبوونی پێکدادان بوو لە نێوان هاوپەیمانە ناوخۆیییەکانی هەردوو لادا.

ئەم ململانێیانە کاتێک گەیشتنە لووتکە، کە ئەنجومەنی ئینتیقالیی باشووری سەر بە ئیمارات پێشڕەویی گەورەی لەسەر حیسابی حکوومەتی فەرمیی سەر بە سعوودیا لە باشووری یەمەن بەدەست هێنا؛ ئەمەیش وای کرد سعوودیا ڕاستەوخۆ دەستوەردان بکات بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگییەکە و تەنانەت هێرشی کردە سەر ئەو بارە چەکانەی ئیمارات کە بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی ئەنجومەنی ئینتیقالی نێردرابوون. لە دوای ئەم ڕووداوانە، ئیمارات کشانەوەی خۆی لە گۆڕەپانی یەمەن ڕاگەیاند و پڕۆژە هاوبەشەکەی نێوان ڕیاز و ئەبوزەبی بەتەواوی لێک هەڵوەشایەوە. بەڵام یەمەن تەنیا شوێنی ململانێکان نییە، بەڵکوو ئیمارات پەیوەندییەکی ستراتیژی و ئابووریی زۆر بەهێزی لەگەڵ ئیسرائیل بنیات ناوە، لە کاتێکدا سعوودیا، سەرەڕای پەیوەندییە نهێنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، زۆر بەوریایییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانیان دەکات، چونکە دەترسێت پێگەی سەرکردایەتییەکەی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا لەکەدار بێت. ئەم جیاوازییە بۆ پێکهاتەی دیمۆگرافیی هەردوو دەوڵەتیش دەگەڕێتەوە، چونکە نزیکەی ٩٠٪ی دانیشتووانی ئیمارات بیانین، لە کاتێکدا لە سعوودیادا ئەم ڕێژەیە تەنیا ٤٢% بۆ ٤٤٪ە؛ ئەمەیش وای کردووە ئیمارات کەمتر لە پەرچەکرداری ناوخۆیی بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بترسێت، بەپێچەوانەی سعوودیا کە دەبێت زۆر هەستیار بێت بەرامبەر ڕای گشتی و دامەزراوە ئایینییە وەهابییەکان کە پایەیەکی گرنگی دەسەڵاتن لەو وڵاتەدا.

وڵاتی سوودانیش خاڵێکی سەرەکیی تێکهەڵچوونی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەیە، کە تێیدا سعوودیا و میسر پشتیوانی لە حکوومەتە سەربازییەکەی سوودان دەکەن، لە کاتێکدا ڕاپۆرتە پشتڕاستکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیمارات بەنهێنی چەک بۆ هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF) دەنێرێت؛ هۆکاری ئەم جیاوازییەیش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی کارکردنیان لە کەناراوەکانی دەریای سوور، قۆچی ئەفریقا (Horn of Africa) و ناوچەی ساحل (Sahel)، کە تێیدا سعوودیا پشتگیری لە حکوومەتە فەرمییە دانپێنراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بەڵام ئیمارات زیاتر حەز بە کارکردن لەگەڵ میلیشیا و گروپە یاخیبووەکان دەکات، بەتایبەت ئەوانەی دەتوانن دەستڕاگەیشتن بە بەندەرەکانی بۆ دابین بکەن، وەک ئەوەی لە قۆچی ئەفریقا دەیبینین کە سعوودیا پشتگیریی حکوومەتی سۆماڵ دەکات و ئیماراتیش بە هاوکاریی ئیسرائیل پشتیوانی لە قەوارەی جیابووەوەی سۆماڵیلاند (Somaliland) دەکات.

سەبارەت بە ئێرانیش، گەرچی هەردوو لا نەیاری تارانن، بەڵام شێوازی مامەڵەیان جیاوازە؛ سعوودیا تا ماوەیەکی درێژ ئێرانی وەک هەڕەشەی سەرەکی دەبینی و تەنانەت فەرمانڕەواکانی پێشووی سعوودیا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە “سەری مارەکە” وەسف دەکرد، بەڵام ئیمارات بەهۆی بوونی ڕەوەندێکی گەورەی ئێرانی لە دوبەی، پەیوەندییەکی بازرگانی و پراگماتیی پڕقازانجی لەگەڵ تاران پاراستووە. لە لایەکی دیکەیشەوە، ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠٢٣ی نێوان سعوودیا و ئێران بە ناوبژیوانیی چین، گۆڕانکارییەکی ستراتیژی بوو بەبەراورد بە ساڵانی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوانیان، بەڵام هێشتا گومانەکان ماون و ئیماراتیش بەوریایییەوە دەڕوانێتە ئەم نزیکبوونەوەیە و، دەترسێت ببێتە هۆی پەراوێزخستنی هەژموونی خۆی.

لە لایەکی تریشەوە، پەیوەندییە کەسییەکانی نێوان بن سەلمان و بن زاید کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەم هاوکێشەیە هەبووە، بە جۆرێک کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨ بن زاید وەک “مامۆستا و ڕێپیشاندەر”ی بن سەلمانی گەنج دەردەکەوت، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٩وە بن سەلمان وەک کارەکتەرێکی سەربەخۆ و خاوەن متمانەبەخۆ دەرکەوتووە کە دەیەوێت سعوودیا بکاتە هێزی یەکەمی ناوچەکە. ئەمەیش لێکترازان و گرژیی زۆری دروست کردووە، چونکە هەردوو سەرکردە ئامانجیان ئەوەیە دەوڵەتەکەیان لە کەنداو هێزی باڵادەست بێت.

سەرەڕای هەموو ئەم ململانێ و ڕکابەرییە ئابووری و سیاسییانە، هیچ کام لەم دوو دەوڵەتە لە ئێستادا ئارەزووی ئەوەیان نییە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان بگەیەننە خاڵی شکان و بنبەستی تەواو، ئەویش بەهۆی وابەستەییی ئابووری و نیگەرانییە ئەمنییە هاوبەشەکانیان بەرامبەر بزووتنەوە ئیسلامییەکان، بەتایبەت ئیخوان موسلمین، کە هەڕەشەن بۆ سەر رەوایەتیی هەردوو دەوڵەتەکە. هەروەها هەردوو دەوڵەت خاوەن رژێم یاخود سیسته‌مێکی پاشایەتین، بەرژەوەندییان لە پاراستنی سەقامگیرییەکی پاوانخوازانەدایە و پشت بە گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا دەبەستن کە وەک “ڕایەڵەیەکی ستراتیژیی کۆکەرەوە” ڕێگری لە تەقینەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان دەکات.

وێڕای ئەوانەیش، بەپێچەوانەی هاوکێشەی نێوان سعوودیا و ئێرانەوە، جەمسەرگیریی ئایدیۆلۆژی وەک فاکتەرێکی جەوهەری لە پەیوەندییە ڕکابەرییەکەی نێوان سعوودیا و ئیماراتدا بەدی ناکرێت، بەڵکوو چەقی ناکۆکیی بەرژەوەندییەکانیان لەسەر کۆمەڵێک هۆکاریی ماددی و پراگماتی بونیاد نراوە کە وای کردووە ململانێکە تا ئاستێکی بەرچاو دەرفەتێکی زیاتری بۆ بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردن هەبێت؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، نابێت بە هیچ کلۆجێک مەترسیی سەر‌هەڵدانی قەیرانێکی کتوپڕ، بەتایبەت لە چوارچێوەی جه‌نگی ناوخۆی یەمەندا، بەکەم سەیر بکرێت یان هەر لەبەرچاو نەگیرێت، چونکە هەر جۆرە تەقینەوەیەکی سیاسی لەو چەشنە، دۆخە پڕ لە گرێ و شڵەژاوەکەی ئێستای ناوچەی کەنداو و پانتایییە فراوانەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاڵۆزییەکی قووڵتر و تەڵەزگەیەکی بێبن ڕاپێچ دەکات.

دەربارەی نووسەر:

* محەمەد ئەیوب، هەڵگری نازناوی زانستیی پرۆفیسۆری نایاب و خانەنشینە لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ویلایەتی میشیگان و توێژەری باڵایە لە ناوەندی سیاسەتی جیهانی. کتێبە دیارەکانی بریتین لە: “ڕوخسارە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسی” (چاپخانەی زانکۆی میشیگان، ٢٠٠٨)، “ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێک هەڵدەوەشێت؟” (٢٠١٤) و، نوێترین بەرهەمیشی بە ناونیشانی “لە ئاسایشی ناوچەیییەوە بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییە جیهانییەکان: گەشتێکی فیکری” (٢٠٢٤). هەروەها وەک سەرپەرشتیاری ئامادەکردنی کتێبی “هەڵسەنگاندنی جه‌نگی دژی تیرۆر” (٢٠١٣) ڕۆڵی گێڕاوە.

سەرچاوە:

Ayoob, M. (2026) ‘Saudi Arabia vs. the UAE: The Other Gulf Crisis’, The National Interest, 10 July. Available at: https://nationalinterest.org/blog/middle-east-watch/saudi-arabia-vs-the-uae-the-other-gulf-crisis (Accessed: 17 February 2026).

image_pdfimage_print