پێنووس

باسێک دەربارەی کتێبی “قۆناغەکانی پەروەردە”ی مۆریس دبس

نووسەر: د. عەلیمحەمەد کاردان (٢٠٠٧-١٩٢٧) دکتۆرای فەلسەفە و دەروونناسی و مامۆستای بەشی پەروەردەی زانکۆی تاران

وەرگێڕانی (لە فارسییەوە): کیشوەر پیرۆتی

هەموو ساڵێک لە بواری پەروەردە و ڕاهێناندا کۆمەڵێک کتێب دەنووسرێت و زانایانی ئەوروپی و ئەمریکی بەپێی بواری لێکۆڵینەوە و خولیای خۆیان، بابەتی جۆراوجۆر و فرەچەشن تاوتوێ دەکەن. کەواتە تاکوو ئێستا کۆمەڵەبەرهەمێکی گرینگ لەبارەی فەلسەفە و ژێرخانی دەروونی و کۆمەڵایەتیی پەروەردەوە نووسراوە، بەڵام کێشەی زۆربەی ئەو بابەتانە ئەوەیە کە یان لەڕاددەبەدەر گشتی و زەینی (ئەبستراکت)ن و تەنیا گرووپێکی تایبەت دەتوانن کەڵکیان لێ وەربگرن، یان لەڕاددەبەدەر بە وردەکارییەکانەوە خەریک دەبن؛ بە شێوەیەک کە خوێنەر لە تانوپۆی بابەتەکانی ڕۆژ، فەرهەنگ و شێوازەکانی ڕاهێنان و پەروەردەوە وەردەدرێت و لە گرینگیدان بە بابەتە گشتی و گرینگەکانی پەروەردەدا تووشی ئاستەنگ دەبێت و دەکەوێتە سەر ئەو بیرەی کە پەروەردە و ڕاهێنان بنەمایەکی زانستی و پتەوی نییە و تەنیا کۆمەڵێک تەکنیکی سادە و ساکارە کە بەر لەوەی شیاوی فێربوون بێت، شیاوی تاقیکردنەوەیە و هەر کەسێک بگەڕێتەوە سەر بیرەوەرییەکانی منداڵیی خۆی، یان ماوەیەک بە کاری پەروەردەوە خەریک بێت، هەر لەخۆوە فێری ئەو تەکنیکانە دەبێت.

زۆر ڕوونە کە پەروەردە و ڕاهێنان بەر لە هەموو شتێک کارێکی مرۆڤانەیە و بە مەرجێک دەگاتە ئەنجامێکی دڵخواز کە لەسەر تیۆرییەکی ڕوون دەربارەی سروشت و چارەنووسی مرۆڤ دانرابێت. ئەو تیۆری و ڕوانینەیش بەوە دەکەوێتە بەردەست کە کەسی پەروەردەکار هەم لە پەروەردە و ڕاهێناندا ئەزموونی باشی هەبێت، هەم بە شێوەی زانستی بیری لە ئەزموونەکانی خۆی کردبێتەوە. بەکورتی هەم ئەزموونی کردەکیی هەبێت، هەم تیۆریی بەدەستەوە بێت. مۆریس دبس١ یەکێکە لە بیرمەندان و زانایانی ئەم سەردەمە، کە لە بەرهەمەکانی خۆیدا سەبارەت بە پەروەردە و ڕاهێنان، ئەزموون و بیرکردنەوەی تێک هەڵکێشاوە و کتێبێکی نووسیوە کە هەم سوودی بۆ مامۆستایان هەیە و دەتوانن سوودێکی زۆری لێ وەربگرن، هەم بۆ لایەنگرانی پەروەردە بەرچاوڕوونییەکی زۆر باشە. لەم کتێبەدا کە لەسەر قۆناغەکانی پەروەردە، یان پەروەردە و ڕا‌هێنان نووسراوە، لە ناوەکەیەوە دیارە کە پەروەردە و ڕاهێنان لە بواری “جینیتیکەوە” تیشکی خراوەتە سەر و گرینگیی پێ دراوە، بەتایبەت چەمکی “قۆناغ” گرینگیی تایبەتی پێ دراوە. دبس لە پێشەکیی چاپی دووەمی کتێبەکەی (قۆناغەکانی پەروەردە)دا، خۆی بە لایەنگری پەروەردەی جینیتیکی دەزانێت و دان بەوەدا دەنێت کە ئەم بیرۆکەیە، بیرۆکەیەکی نوێ نییە و ئەنجامی ئەو ئیلهامەیە کە “ئێمیل” بە مامۆستایانی جیهانی پێشکەش کردووە.

بەڵام سەبارەت بە قۆناغەکانی پەروەردە لە “ئێمیل”ی “ژان ژاک ڕۆسۆ”وە تا کتێبەکەی “ماریا مۆنتێسۆری” دەربارەی قۆناغەکانی پەروەردە، لێکدانەوە و بۆچوونی جۆراوجۆر سەبارەت بە تاکە بنەمایەکی دەروونی و پەروەردەیی خراوەتە ڕوو. مۆریس دبس هەوڵ دەدا، ئەو نەریتەی دراوەتە پاڵ ڕۆسۆ، لە لاڕێبوون ڕزگار بکات. لەم بارەیەوە دەنووسێت: “ڕاستە لەم لێکۆڵینەوەیەدا زۆر زۆر قەرزباری ڕۆسۆم، بەڵام لە زۆرینەی بابەتەکاندا هەنگاوم لە نەریتی ڕۆسۆ واوەتر ناوە. ڕێبازی ڕۆسۆ لە سەردەمی خۆیدا شۆڕشێک بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئیتر ئەوە شتێکی تازە نییە. ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە بیانووی ئەوەی کە نووسەری ئێمیل بە پێشڕەوی شۆڕشی پەروەدەی نوێ دەزانن، خۆیان بە ڕۆسۆوە هەڵواسن، کارێکی بێهوودە و مەترسیدار دەکەن. باشترین شێوازی ڕێزلێنان لە ڕۆسۆ –کە بۆ ئێمەیش جێی ڕێز و پێزانینە- تاریف و پێداهەڵگوتنی ڕۆسۆ نییە. ڕێزلێنانی ڕاستەقینە لە ڕۆسۆ ئەوەیە کە بە سوودوەرگرتن لە کتێبەکەی، هەنگاوێکی نوێ بنێین. دبس هەمان شێوازی بیرکردنەوەی ئازاد دەربارەی نووسەران و زانایانی دیکە و بەتایبەت هاوچاخەکانی خۆی بەکار دێنێت. بۆ نموونە، قۆناغی بنەڕەتی کە خەڵکی دیکە بە قۆناغی بەر لە سەرهەڵدانی بابەتەکان٢، یان قۆناغی بەر لە دەرکەوتنی چەمکە گشتییەکانی٣ دادەنێن، دبس بە قۆناغی دەرکەوتنی چەمکە پاژەکی و سەرەتایییەکانی٤ لە قەڵەم دەدات و، کۆمەڵێک هۆکاری نوێیشی بۆ ئەم ناولێنانە هەیە کە پتەوییەکەی گومانی تێدا نییە.

بە ڕای نووسەری کتێبی “قۆناغەکانی پەروەردە”، گەشەی منداڵ لەو ڕۆژەوە کە لەدایک دەبێت تا بەتەواوی پێ دەگات، بە کۆمەڵە قۆناغێکی دوابەدوای یەک و دانەبڕاودا تێپەڕ دەبێت، کە دەکرێت بە بەشە دیاریکراوەکانی مێژوویەکی تایبەتیان دابنێین. هەر هەبوویەکی گەشە دەکات چەند قۆناغێکی دیار دەبڕێت. هەر کام لەم قۆناغانە پێکهاتەیەکی دەروونیی تایبەتیان هەیە و ئەم پێکهاتە تایبەتە لەو ڕەفتارەدا کە تایبەتی ئەو قۆناغەیە، ڕەنگ دەداتەوە. کەواته‌ پەروەردە تا ئەو جێیەی دەکرێت، دەبێت لەسەر بنەمای قۆناغە دەروونییەکانی گەشە بێت و تەنیا لەم حاڵەتەدا هەموو به‌هره‌ و تواناكانی قوتابی دەردەخات. پەروەردەیەکی وەها، ڕێک وەکوو جلەکانی پەیکەرە داتاشراوەکانی پەرستگەی پارتێنۆن٥ وایە کە لەبەر ئەوەی جوانییەکەی لەگەڵ بەرزی و نزمیی لەشی پەیکەرەکەدا ڕێک خراوە، جوانتر بەرچاو دەکەوێت.

بە ڕای مۆریس دبس لە ڕووی هۆکارە سەرەکییەکانی فراژیبوون (جینیتیک)ەوە دەتوانین قۆناغەکانی پەروەردە لێک جیا بکەینەوە. لە هەر قۆناغێکی گەشەدا کۆمەڵە چالاکییەکی دیاریکراو بناغەیە و ڕاهێنەر بۆ ئەوەی لە کارەکەی خۆیدا سەرکەوتوو بێت، دەبێ گرینگی بەو هۆکارە سەرەکییانە بدات، چونکە کار و کردەوەکانی دیکە لە چوارچێوەی ئەم هۆکارانەدا ڕێک دەخرێن. “دەتوانین بڵێین قۆناغێکی تەمەن تا ڕاددەیەک قۆناغی یاریکردنە و قۆناغیکیش قۆناغی لەبەرکردن و قۆناغی سێیەم قۆناغی خووگرتوویی و قۆناغی چوارەم قۆناغی کوڵوکۆ و هه‌یه‌جانه‌.”٦ کەواته بە ڕای مۆریس دبس، هەر کام لە قۆناغەکانی گەشە وەکوو گشتێک وایە کە پاژەکانی یەکێتییەکی ڕاستەقینەیان هەیە. کەواته ناکرێ و نابێ وەکوو ئەوەی کەسانێک پێیان وایە لایەنە جۆراوجۆرەکانی پەروەردە وەکوو بەشی جەستەیی و عەقڵانی و ئەمانە لە یەک جیا بکرێنەوە و گەشەی هەر کام لەم قۆناغانە دەبێت بەجیا گرینگیی پێ بدرێت. ئەمڕۆ زیاتر وا باسی بابەتەکانی پەروەردە دەکرێت وەک بڵێی بۆ هەموو قۆناغەکانی منداڵی دەشێن و ڕاستن، بۆیە کاتێک ڕێگەچارەیەک پێشنیاز دەکرێت، گۆڕان و فراژیبوون (هەراشبوون)ی توانایییەکان لە ڕەوتی کاتدا لەبەرچاو ناگرن، واته‌ بۆ بابەتێکی کە خۆی دەگۆڕێت، ڕێگەچارەیەکی تاک و چەقبەستوو پێشنیاز دەکرێت. بۆ نموونە، دەربارەی پەروەردەی یادگە بەگشتی قسە دەکەن، کەچی یادگە لە هەر قۆناغێکدا کارێکی تایبەتی هەیە. واته‌ لە منداڵی شێرەخۆرەدا دیار دەکەوێت و شتێك نییه‌ جگه‌ لە پشتیوانێکی سست و لەرزۆکی ڕەفتار، بەڵام لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا بە کردەوەی سەرەکی و بنەڕەتیی مێشک و زەین هەژمار دەکرێت. لە ١٥ ساڵییشدا دەبێتە یەکێک لە کەرەستە هۆشەکی (عەقڵانی)یە لاوەکییەکان و بە شوێن هۆشی تیۆری دەکەوێت. کەواته چۆنێتیی پەروەردەکردنی یادگە تەنیا لە ڕووی ڕۆڵی تایبەتی لە کردەوەکانی مێشک و زەین لە هەر قۆناغێکی گۆڕانیدا دیاری و پێناسە دەکرێت.

بەڵێ، بە ڕای مۆریس دبس کاتێک پەروەردە لە ڕووی قۆناغەکانییەوە لەبەرچاو بگرین، زۆربەی کێشمەکێش و ناکۆکییەکانی پەروەردە چارەسەر دەکرێن. بۆ نموونە، لەم ڕێگه‌یەوە کێشمەکێشی نێوان لایەنگرانی پڕجۆش و خرۆشی پەروەردەی شاد٧، هەروەها پەروەردە لەسەر بنەمای هەوڵ و تێکۆشان، یان مشتومڕی بێپایانی نێوان لایەنگرانی پەروەردەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و ڕاهێنانی تیۆریک و کەسایەتی کۆتاییی دێت. “کە ئەم پرسانە لە ڕوانگەی فراژیبوونی دەروونییەوە لەبەرچاو بگرین، ڕێگەچارەکانیان دەدۆزرێتەوە.”

ڕاستە ئامانجی نووسەری ئەم کتێبە ئەوەیە کە “خشتەیەکی گشتگیر لە قۆناغەکانی پەروەردە ڕێک بخات کە لە لایەکەوە دەروونناسیی هاوچەرخ و لە لایەکی دیکەوە بۆچوونێکی تایبەت سەبارەت بە مرۆڤ تێیدا تێکەڵ بووبێتن.” کەواته بەپێچەوانەی کەسانێکی وەکوو “ستیوارت میل”ەوە کە پەروەردە و کاریگەریی بەردەوامی ژینگە لەسەر تاک تێکه‌ڵ به‌یه‌ك دەکەن و، ئەو کاریگەرییە بەسەر هەموو قۆناغەکانی ژیاندا بڵاو دەکه‌نەوە، نووسەر تەنیا قووڵبوونەوە لە قۆناغی گەشە و بنەماکانی پەروەردە دەخاتە بەر سەرنج؛ یانی مرۆڤ لە ڕۆژی لەدایکبوون، یان کەمێک پێشترەوە لەبەرچاو دەگرێت و لە نزیک بیست ساڵیدا وێڵی دەکات، چونکە باوەڕی وایە کە مرۆڤ لە کۆتاییی ئەم قۆناغەوە دەتوانێت تا ڕاددەیەک لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت.

مۆریس دبس بیست ساڵی سەرەتای ژیان لە ڕووی هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ژیانی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە بە پێنج قۆناغ دابەش دەکات کە بریتین لە:

١-‌ قۆناغی یەکەمی منداڵی (لەدایکبوون تا سێ ساڵی).

٢-‌ قۆناغی دووەم (لە سێ ساڵییەوە تا حەوت ساڵی).

٣-‌ قۆناغی سێیەم یان منداڵی هەراش (لە ٦-٧ تا ١٣-١٤ ساڵی).

٤-‌ قۆناغی مێرمنداڵی (لە ١٣ تا ١٦ ساڵی).

٥-‌ قۆناغی لاوی (گەنجی) (لە ١٦ تا ٢٠ ساڵی).

دواتر پوختەی تایبەتمەندییە دەروونی و پەروەردەیییەکانی ئەم قۆناغانە بەم شێوەیە کورت دەکاتەوە:

“یەکەم قۆناغی پەروەردە، یان قۆناغی شێرەخۆری، قۆناغی پەرستاریکردن لە منداڵە. مەبەستم ئەوەیە تەنانەت منداڵێک کە پەرستاری نییە، دەبێ لە ماڵێک، واتا لە ژینگەیەکدا بژی و پەروەردە بکرێت کە لەگەڵ چالاکییەکانی ده‌گونجێت. ئەم قۆناغە تا ئەو کاتەی دەست بە قسەکردن دەکات، بەردەوامە. کاری سەرەکی و چالاکیی هەستۆکی-بە جموجۆڵی منداڵ لە نێوان دۆزینەوەی بەرەبەرەی جەستە و کەشی دەوروبەری و کەشێکی دیکە کە پاش پێگرتنی پەیدا دەبێت، بەرچاو دەکەوێت. لەم قۆناغەدا دەستتێوەردان و لەزارنان و هەڵساوینی شتەکان بە پاڵپشتی سەرەکیی پەروەردەی عەقڵانیی منداڵ دادەنرێت. لە لایەکی دیکەوە، لەم قۆناغەدا ڕێکخستنی کاروباری پەیوەندیدار بە جەستە و گرتنەوەی لە مەمکی دایک و پاکوخاوێنی و ئەو جۆرە کارانە لە گۆڕانی شەرمێونانەی داهاتووی منداڵی ساوادا زۆر کاریگەرن و وەپێش پەروەردەی ئەخلاقی دەکەون. لە تەمەنی سێ ساڵییەوە تا حەوت ساڵی کە منداڵ لەو ماوەیەدا بووەتە بینەرێکی لێهاتوو، ڕاستەقینە و داهێنراوەکانی خەیاڵی خۆی تێکەڵ دەکات. منداڵ لەو تەمەنەدا لەگەڵ شتەکاندا ئاوێتە دەبێت و دەچێتە قاڵبی شتەکانەوە و دەکرێ ڕۆحیەی، بە ڕۆحیەی خودای شەراب، یان دیونیسیوس، بچوێنین. لەبەر ئەوە من ئەم قۆناغە بە قۆناغی هاروهاجی و چالاکی ناو دەبەم. کاری هەرە سەرەکیی ئەم قۆناغە یارییە، کە وێنایەکە لە تێکەڵەی فکری منداڵ. لە باری ئەخلاقییەوە قۆناغی “خووە باشەکان”ە کە کەسانی دەوروبەری منداڵ هەوڵ دەدەن لە ناخی ئەودا وەک هەویر هەڵیشێلن و لەم ڕێگه‌یەوە هێزە ناڕێک و پەرتوبڵاوەکانی ڕێک بخەن و بێسەروبەرییەکەی بگۆڕن بۆ تەکووزی و ڕێکوپێکی. لەم قۆناغەدا بەهەڵە ئەخلاقی بەرز (فەزیلەت) لە جێی گوێڕایەڵی دادەنرێت، کەچی هێشتا بە لانی زۆرەوە لەرزۆکە و بەتەواوی خۆی نەگرتووە.

قۆناغی سێیەم، قۆناغی سەرەتایی (بنه‌ڕه‌تی)یە. یادگە لەم قۆناغەدا پشکی سەرەکیی پێ دەدرێت و ئەگەر لە ڕاهێنانیدا سەرنجی نەخرێتە سەر، ئەگەری زۆرە پەروەردەی عەقڵانیی منداڵ بەفیڕۆ بچێت. زانیاریی منداڵی سەرەتایی لە چەند چەمکی بنەڕەتیدا خۆی دەبینێتەوە. لەم قۆناغەدا تێپەڕبوون لە فکری منداڵانە بەرەو فکرێک لەسەر بنەمای چەمکە لاوەکییەکان، بە شێوەیەکی هەستپێکراو منداڵ لە بیرکردنەوەی ژیرانە نزیک دەکاتەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەخلاقی لەم قۆناغەدا “ڕێسا”یە. ڕێسا لەمەودوا دەبێتە بناغەی ژیانی کۆمەڵایەتیی بەرین و پڕ لە چاوەڕوانی. بەڵام ئەم ژیانە هێشتا هەر ڕێک نەخراوە و چاولێکەری پشکێکی بەرچاوی تێیدا هەیە.

 قۆناغی ڕەسین (بلوغ)، “من”، یان “کەسایەتی” لە ڕیزی یەکەمی بابەتی پەروەردەدا دادەنێت. گەڕان و دۆزینەوە لەم قۆناغەدا، وەک قۆناغی دووەم، لە سەرەتاوە دەست پێ دەکاتەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا مرۆڤ لە هەموو کاتێک زیاتر بە دوای دۆزینەوەی خۆیدا وێڵە. جیاوازیی نێوان ئاکارەکان لەم قۆناغەدا زۆر بەجوانی دیار دەکەوێت. لەژێر گوشاری کوڵوکۆ و خەیاڵدا، هەستیاری دەبێتە کاری سەرەکیی ئەم قۆناغە، ئەو ڕێسا ئەخڵاقییەی تا دوێنێ لە دەرەوە و بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی قوتابیی بنەڕەتیی دەخستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، لەم قۆناغەدا شوێنی خۆی دەدات بە سەرمەشق و کەسایەتییەکان. مێرمنداڵ لاساییی ئەو سەرمەشقانە دەکاتەوە و لە ڕووی ئەو سەرمەشقانەوە بناغەی کەسایەتیی خۆی، کە ناپایەدارە، دادەڕێژێت. تەمەنی ڕەسین، تەمەنی هەراسانی و نیگەرانییە. پەروەردە لەم قۆناغەدا زۆر دژوارە.

لە قۆناغی پێنجەمەوە، بەناچاری دەبێت کوڕ و کچ بەجیا لەبەرچاو بگرین. سەرەڕای ئەوەی لە کچ و لە کوڕیشدا حەز و ئارەزووکانیان پەرە دەستێنێت و کەسایەتییان ڕەگ دادەکوتێت، ژیانی نوێ چوارچێوەی منداڵانە لە هەموو لایەکەوە لەبەریەک هەڵدەوشێنێتەوە. هەڵپەهەڵپ و کەیفخۆشی شوێنی هەراسانی دەگرێتەوە و، دەبێت لەم قۆناغەدا لە هەڵپەهەڵپ و کەیفخۆشی بۆ ئاشناکردنی گەنجەکان بە زانیاریی ڕووناکیدەر و مرۆڤانە کەڵک وەربگیرێت و ڕێکوپێک بکرێت.

نووسەر هەر کام لەم قۆناغانە لە بەشێکی جیادا باس دەکات و لە هەر قۆناغێکدا سەرەتا تایبەتمەندیی دەروونیی هەر کام لەم قۆناغانە ڕوون دەکاته‌وه‌، پاشان بنەماکانی پەروەردەمان پێشان دەدات. یانی بابەتەکانی پەروەردە بەپێی قۆناغەکەی تاوتوێ دەکات و ڕێکارەکانی بەو شێوەیەی کە پێویستن و دەلوێت، باس دەکات.

هەرچەند مۆریس دبس پێی وایە پەروەردە بەردەوام ئەو کارانە لەخۆ دەگرێت کە ئەنجامەکانی پێشبینی ناکرێت و “وەکوو مێژوویەکی بەردەوام وایە”، کەواته ناتوانین لە پێشدا بینووسینەوە، بەڵام بە وردبینییەکی توێژەرانە کە لە هەر بەشێکدا لەسەر بارە دەروونییەکانی مرۆڤی کردووە و بنەما تیۆری و کردەکییەکانی لە ڕووی هۆشەکی و بە تیشکی ئەزموون خستووەتە ڕوو، بەبێ هیچ ترسێک دەتوانین بڵێین کتێبێکی گشتگیر و بەنرخی لە دنیای پەروەردە و ڕاهێناندا پێشکەش کردووە کە دەتوانێت لەم بوارەدا ببێتە سەرمەشقی نووسەران و ڕێبەر و ڕێنوێنی قوتابییەکانیش بێت.

پەڕاوێز:

  • Maurice Debesse
  • Precategoriel
  • Preconcepptuel
  • Notionnel
  • Parthenon یەکێک لە پەرستگە بەناوبانگەکانی ئەسینا (ئاتێن).
  • کتاب “مراحل تربیت”، فصل اول، صفحە ١.
  • Education attrayante

سەرچاوە:

http://ensani.ir

 

image_pdfimage_print