ناساندنی کتێب؛ “دیوی تاریکی هۆگرانی ڕووناکی“
قەرەنی قادری ١٥-٦-٢٠٢٣
چۆن خۆمان بناسین؟ چی بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بۆ ناو جیهانی دەروونی خۆمان بگەڕێینەو؟” چی بکەین باش و باشتر بین؟ هەروەها چۆن بتوانین بەهێز بین و … دەیان باس، پرس و خاڵی گرینگی تر لەو بوارەدا، کە نووسەر “دێبی فۆرد” لە کتیبی “دیوی تاریکی هۆگرانی ڕووناکی” (The Dark Side of the Light Chasers) زۆر وەستایانە باسیان لێوە دەکات و هەوڵ دەدات و یارمەتیمان دەدات تا دیوە شاراوەکانی دەروونمان ببینین.
لە ناوەڕاستی کتێبی “دیوی تاریکی هۆگرانی ڕووناکی”دا، ڕستەیەک رووبەڕووت دەبێتەوە و زەینت داگیر دەکات: “ئێمە وای بۆ دەچین کە بەرانبەر دونیا تووڕەین و بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانمان دەمانەوێ جیهان بگۆڕین، بەڵام ئەوە ئێمەین کە پێویستمان بە گۆڕانکاری و وەرچەرخانە.” ڕێک لێرەدا خاتوو “دێبی فۆرد” فێرمان دەکات کە چۆن ئاوڕێک لە خۆمان، دەروون و ڕابردووی خۆمان بدەینەوە؛ واتە فێرمان دەکات کە بەهێز بین. ئەم ڕستەیەی خاتوو دێبی، منی بۆ بۆچوونە گرینگەکەی لێڤ نیکۆڵایێڤیچ تۆڵستۆی (١٨٢٨-١٩١٠) گەڕاندەوە کە دەڵێت: “هەموو لە فکری ئەوەدان کە مرۆڤ بگۆڕن، بەڵام بەداخەوە هیچ کەس لە فکری ئەوەدا نییە خۆی بگۆڕیت!” پرسی خاتوو “دێبی فۆرد”یش لەو کتێبەدا ڕێک ئەوەیە، کە چۆن خۆمان بگۆڕین.
بۆ ئەوەی خۆمان بناسین، دەبێ بۆ ناو ناخی خۆمان شۆڕ ببینەوە و گشت لایەنەکانی دروونمان بەخەبەر بێنین و لەگەڵیاندا بدوێین؛ ڕێک لێرەدایە کە چەشنێک لە پەیوەندیگرتن لەگەڵ دەروون دێتە کایەوە.
خاتوو “دێبی فۆرد” لە کتێبەکەیدا هەوڵ دەدات خوێنەر لەگەڵ نیوەی تاریکی خۆی کە بە سێبەر ناوی دەبات، ئاشت ببێتەوە و، قبووڵی بکات، چونکە ئەو لایەنەیش “سێبەر” (لاوازییەکان و خراپییەکان) بەشێکن لە ژیانی تاک. هەروەها دەڵێت: “چۆن دەتوانرێ بەبێ ناسینی خراپەکە، باشەکە دەسنیشان بکەین، یان بەبێ ئاشنایەتی لەگەڵ نەفرەت و بێزاری، عیشق هەستی پێ بکرێ و، یان بەبێ هەستکردن بە ترس، ئازایەتی بناسین؟”
خاتوو “دێبی فۆرد”، ئاوا پێناسەی “سێبەر” دەکات؛ “سێبەر ڕوخساری جۆراجۆری هەیە: ترسنۆک، تەماح، تووڕەوتوند، ڕقهەڵگر، پیس، خۆپەسند، فێڵباز، تەمبەڵ، دەسەڵاتخواز، دوژمنکار، ناشرین، لێنەوەشاوە، بێبەها، عەیبگر، وردبین ….” شک لەوەدا نییە کە دەکرێت ئەم لیستە درێژتر بکرێتەوە و شتی تریشی وەسەر خەین؛ دووڕوویی، درۆزنی، هزری گەندەڵ، لووتبەرز، کەللەڕەق، چەقبەستوویی، تۆڵەئەستێن، دڵناسکی، تۆران و …!
ناسینی خۆمان بۆ ئەوەیشە کە بتوانین باشتر ژیانی خۆمان بەڕێوەبەرین؛ واتە بتوانین بە شێوەیەکی باش سەرکردایەتیی هەست و هزری خۆمان بکەین تا “تاک”ێکی باشمان لێ دروست بێت و ڕەفتاری خۆمان بە شێوەیەکی دروست میقات بکەین، کە لە ئاکامی ئەوەیشدا ژیان ڕێک دەخرێت.
هەروەها خاتوو “دێبی فۆرد” پێمان دەڵێت کە چۆن ئەو لایەنە خراپ و لاوازانەی خۆمان کە لە دەروونماندا خۆیان حەشار داوە، قبووڵیان بکەین و بە شێوەیەکی عەقڵانی سەرکردایەتیی دەروونی خۆمان بکەین و، لانی کەم لە دەست بەشێک لە شەپۆلی کەفوکوڵ و گرژیی دەروونی ڕزگارمان بێت و بگەینە لێواری ئارامی و بەهێزی!
گەشە و پەروەردەکردنی تاکەکەسی، بنەمای کاری خاتوو “دێبی فۆرد”ە کە لەم کتێبەدا بە باشی و روونی خۆی دەر دەخات، جا بۆ ئەوەی بگەین بەو گەشە و پەرەوەردەیە (تاکی بەهێز و کراوە)، “دەبێ بەڵێن بدەین، کە سەردانێکی قووڵی دەروونی خۆمان بکەین، وەردی بدەینەوە و بەڵێن بدەین، کە بەڵێنیشمان دا، دەبێ جێبەجێی بکەین؛ ئەمەیە سەرەتای ئاڵوگۆڕ.” یان دەڵێت: “دەزانم کە بۆ زۆربەی ئێمە قبووڵکردنی ئەم چەمکە زەحمەتە، چونکە فێریان کردووین کە هیچ کاتێک بابەتە نيگەتیڤەکان لەبارەی خۆمانەوە نەدرکێنین.” بۆیە دەڵێت: “با ڕێگە بدەین جیهانی دەروونمان خۆی دەربخات.” ڕێک لەبەر ئەوە خاتوو “دێبی فۆرد” دەڵێت: “هەڵەکردن، بەشێکە لە مرۆڤبوون.”
بەڵێ، هەڵە بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ. “بێنجامین فڕانکلین” (١٧٠٦-١٧٩٠) دەڵێت: “مرۆڤ، کانگای ههڵه و لهبیرچوونهوهیه.” ژیانی بێ هەڵە، بوونی نییە. ئەوانەی پێیان وایە کە هەڵە ناکەن، بێ شک لە دەرەوەی جغزی ژیاندا دەخولێنەوە و تەنانەت دەوری کۆسپیش لە کۆمەڵگەدا دەگێڕن و نابنە سەرچاوە و داهێنەری شتی نوێ. هەر لەو بارەیەوە “ئهڵبێرت ئهنیشتاین” (١٨٧٩-١٩٥٥) دەڵێت: “ئهگهر کهسێک ههست بهوه بکات که ههرگیز له ژیانیدا ههڵهی نهکردووه، ئهوه بهو مانایهیە که هیچ کاتێک له ژیانیدا به دوای شتێکی نوێدا نەگەڕاوە.”
کاتێک باس لە چەمکی ئەزموون، پێداچوونەوە، بەخۆداچوونەوە، چاکسازی، پاکسازی و ڕەخنە دەکرێت، ڕێک ئاماژە بەوە دەکات، کە زەمان گۆڕاوە و پێوەرەکانی دوێنێ بۆ ئەمڕۆ وڵامدەر نین. ئەگەر لە ژیانی مرۆڤدا هەڵە نەبا، بێ شک ئەزموون، پێداچوونەوە و بەخۆداچوونەوە مانایان نەدەبوو. لەبەر ئەوە هیچ حزب، کەسایەتی، سەرکردە و سیاسەتوانێک ناتوانێت خۆی لە دەرەوەی جغزی هەڵەدا ببینێتەوە، چونکە هەڵە بەشێکە لە ژیانی ئەوانیش.
بەڵام لە پاڵ دیتنی خاڵە لاوازەکان، “دێبی فۆرد” باس لە دیوی دیکەی “تاک”یش دەکات و ئاماژە بەوە دەدات: “نەک تەنیا ئیشکالییەتی نییە کە شتی باش لەبارەی خۆمانەوە بڵێین، بەڵکوو ئەم کارە زەروورییشە! ئێمە دەبێ تواناکان و دیارییەکانمان بناسین. ئیمە دەبێ فێر بین کە بەها بۆ کارامەیییەکانی خۆمان قایل بین و ڕێزیان لێ بگرین.”
بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ناخی خۆمان، دەبێ بوێر بین و بەسەر ترسدا زاڵ بین کاتێک ئامانجمان ئەوە بێت، کە ئەژدیهای دەروونمان بەخەبەر بێنینیان یان ئەوەتا ناخمان بکێڵین. “دێبی فۆرد” دەڵێت: “ئەگەر ترس بەسەرتاندا زاڵە، دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ناخی خۆتان و بوێریتان بدۆزنەوە.”
بۆیە دەڵێت: “بۆ گۆڕینی تێڕوانینمان، دەبێ سات بە سات بە دوای ڕابردووماندا بگەڕێین تاکوو لێکدانەوەیەکی وزەبەخش وەربگرین کە یارمەتیمان بدات بەرپرسیارەتی بگرینە ئەستۆ.” هونەر و وردیی خاتوو “دێبی” لەوەدایە کە پێمان ناڵێت بە ڕابردووە بژین، بەڵکوو بە ڕێگەی “لێکدانەوەیەکی ئەقڵانیی دەروون و ڕەفتارمان” بۆ ئێستا و داهاتوو بژین و پلانمان بۆیان هەبێت، کە ئەمەیشیان هەر بۆ گەشە و پەروەردەکردنی تاک دەگەڕێنێتەوە.
بەر لەوەی دەوروبەرمان بگۆڕین، پێویستە هەر لە سەرەتادا لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین و دەستێک بە هەناو و مێشکماندا بێنین. ناکرێت داوای ئاڵوگۆڕ لەو جیهانە ناڕێکەدا بکەین، بەڵام پلانمان بۆ ئاڵوگۆڕی هزریی خۆمان نەبێت!؟
کتێبی “دیوی تاریکی هۆگرانی ڕووناکی”، ٢٣٢ لاپەڕەیە و کاکە “تەحسین تەها”یش بەوردی و کوردییەکی ڕەوان کورداندوویەتی و، خوێنەر بە دوای خۆیدا ڕادەکێشێت.