پێنووس

پێـوەرە یاسایییەکانى ڕێکـلامە بازرگانییەکان

 

 

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشەکى

ڕۆژ دواى ڕۆژ لەگەڵ فراوانبوونى چوارچێـوەى پڕۆسەى وەبەرهێنان و بازرگانیکردن و بەرهەمهێنان لەسەر هەردوو ئاستى نێوخۆیى و دەرەکی، هەروەها هەمەجۆربوونى کاڵا بەرهەمهاتووەکان و خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان، ڕێکلامى بازرگانى، گرنگییەکەى زیاتر بووە، چونکە لە ئێستادا بازرگانەکان زیاتر پێویستییان بە ڕێکلامکردن هەیە بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان بە مەبەستى ساغکردنەوەیان و بەدەستهێنانى قازانج لەنێـو بازاڕێکى پڕ لە کاڵا و خزمەتگوزاریى هەمەجۆر و پڕ لە بازرگانى بەتوانا، کە لە کێبڕکێى سەختدان بۆ بەدەستهێنانى ڕەزامەندیى بەکاربەرەکان کە خاوەن بیـر و حـەز و ئارەزوو و داواکاریی جیاوازن بەهۆى جیاوازیى شێوە و شێوازى ژیـان لە سەردەمى تەکنەلۆژیادا.

ئێستا، بازرگانەکان پەنا بۆ ڕێکلامکردن دەبەن بۆ زیادکردنى ڕێـژە و قەبارەى فرۆشتن یان بەکارهێنانى کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان و، ئامانجیانە لە ڕێى ڕێکلامەوە پەیوەندی بکەن بە زۆرترین ژمارەى بەکاربەران و بگەنە دوورترین خاڵى جوگرافى بۆ پیادەکردنى کارى بازرگانییان. هەر ئەم گرنگییەى ڕێکلامکردنیشە، بووەتە هۆى دروستکردنى قەناعەتێک لە هزر و مێشکى زۆربەى سەرمایەدارانى جیهان کە لە هەر 100$ دۆلارێکى ئەمریکى کە بۆ وەبەرهێنان دیارى دەکەن، نزیکەى 85-99$ دۆلارى بۆ ڕێکلامکردن تەرخان بکەن!

لەبەر ئەوەى ڕێکلامى بازرگانى، پەیوەندیى ڕاستەوخۆى بە پڕۆسەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و دەستاودەستکردنى سەرمایە و ئابووریى وڵات و مافەکانى بەکاربەرەوە هەیە، بۆیە لە زۆربەى وڵاتان، بە عێراق و هەرێمى کوردستانیشەوە، بیر لە ڕێکخستنى ئەم کارە کراوە لە ڕێگەى دەرکردنى یاساى تایبەت بە ڕێکخستنى پڕۆسەى دروستکردن و بڵاوکردنەوەى ڕێکلامە بازرگانییەکان و دانانى پێوەرى گونجاو بۆ پاراستنى هەموو ئەو بەرژەوەندییە ڕەوایانەى کە بەم پڕۆسەیەوە بەندن.

ڕوونکردنەوەى ماناى چەمکى ڕێکلامى بازرگانى”

ڕێکلامى بازرگانى ئامرازێکى بازاڕگەرمکردنە (الترویـج) بۆ ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەى کە بازرگانەکان مەبەستیانە بە بەکاربەرانى بفرۆشنەوە یان هانیان بدەن بۆ بەکارهێنانى و، ئەم پڕۆسەیەیش لە چوارچێوەى ناردنى پەیامێکى ڕوونەوە دەبێت کە لە ڕێگەى ئامرازێکى ئەلیکترۆنى، یان دەزگەکانى ڕاگەیاندن و ئامرازەکانى ترى میدیاوە ئەنجام دەدرێت؛ جا چ پەیامێکى دەنگى یان ڤیدیۆیى یان نووسراو بێت، کە مەبەست لێى ناساندنى کاڵا یان خزمەتگوزارییەکى دیاریکراوە بەگشت بەکاربەران یاخود چینێکى دیاریکراو لە بەکاربەران بۆ ئەوەى سەرنجیان ڕابکێشێت و کاریگەریى هەبێت لەسەر بڕیارى کڕین یان بەکارهێنانى بەکاربەران کە بە ئاراستەى کاڵا یان خزمەتگوزاریى دیاریکراو بێت.

لەم بارەیەوە یاسای ڕێكخستنی ڕێـكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان ژمارە (4)ی ساڵی (2019) لە بڕگە (حەوتەم) لە ماددە (1)دا پێناسەى ڕێکلامى بازرگانیى کردووە و تیایدا هاتووە: “ڕێكلامی بازرگانی: خزمەتگوزارییەكە، لە ڕێی بەكارهێنانی ئامرازەكانی میدیا و ئامرازەكانی پەیوەندیكردن و هەر شێوازێك لە شێوازەكانی ڕاگەیاندن و هۆیەكانی گواستنەوەی زەمینی و ئاوی و ئاسمانی لە ڕێگەی تابلۆ و دیوار و سكرین، بە ئامانجی ڕەواجدان بە كاڵا یان خزمەتگوزاری یان بەرهەم، بۆ مەبەستی هاندانی بەكاربەر بۆ كڕینی یان بەكارهێنانی.”

زۆرن ئەو ئامانجانەى کەوا بازرگانەکان دەیانەوێت لە ڕێگەى ڕێکلامکردن بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان بەدی بهێنن؛ گرنگترینى ئەو ئامانجانە بریتین لە: گۆڕینى بۆچوونى بەکاربەران سەبارەت بەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەى کە قەناعەتیان بە کڕین یان بەکارهێنانى نییە بۆ ئەوەى ڕازى ببن بە کڕینیان یان بەکارهێنانیان و، ناساندنى کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە بەکاربەران لە ڕێگەى پێدانى زانیاریى تەواو سەبارەت بە کواڵێتى و پێکهاتە و چۆنێتیى بەکارهێنان و … و، دۆزینەوەى بازاڕى نوێ بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و، بەرزکردنەوەى ڕێژەى بەدەستهێنانى قازانج لە ڕێگەى بەرزکردنەوەى ئاست و ڕێژەى فرۆشتن یان بەکارهێنان و، دروستکردنى جۆرێک لە متمانە لە نێـوان بەکاربەر و کاڵا و خزمەتگوزارییە دیاریکراوەکان، هەروەها جوانکردنى وێنەى پڕۆژە بازرگانییەکان لەنێـو بازاڕى پڕ لە کێبڕکێدا و هتد.

بەبازرگانى ناساندنى کارى ڕێکلام

کارى ڕێکلام پێشکەوتنى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا کۆمپانیا و دەزگەى تایبەتمەند هەن کە تەنیا بە شێوەیەکى پڕۆفیشناڵانە کارى ڕێکلام ئەنجام دەدەن. بێ گومان یاسادانەر پێشبینیى ئەم گرنگى و پێشکەوتنەى ڕێکلامە بازرگانییەکانى کردووە، بۆیە دەمێکە کارى ڕێکلام بە کارێکى بازرگانیى هەژمار کردووە. بە واتایەکى تر، ئەوەى کارى ڕێکلام ئەنجام بدات، سیفەتى بازرگان وەردەگرێت و هەموو ماف و ئەرکەکانى بازرگانى دەبێت، بێ گومان ئەمەیش پاڵپشت بە بڕگە (پێنجەم) لە ماددە (5) لە یاساى بازرگانیى عێراقى ژمارە (30)ى ساڵى (1984)ە کە لە هەرێمى کوردستانیش تاوەکوو ئێستا بەرکارە. پاڵپشت بەم ماددەیە و ماددە (7) لە هەمان یاسادا، هەر کەسێک، چ کەسێکى سروشتى (مرۆڤ) بێت یاخود کۆمپانیاکان، بە ناوى خۆى و بۆ بەرژەوەندیى خۆى کارى ڕێکلام بە شێوەیەکى بەردەوام پیادە بکات، ئەوا بە بازرگان هـەژمار دەکرێت.

بۆیە لە ئێستادا کۆمپانیاى تایبەتمەند دەبینرێت کە تەنیا کارى ڕێکلام بۆ کاڵا و خزمەتگوزارى و پڕۆژە بازرگانییەکان ئەنجام دەدات و لە زۆربەى یاساکانیش بە وشەى ڕێکلامکار (المعلن) ناو دەبرێن و، چەندان ئەرک و پابەندیى یاسایییان لەسەر شانە کە دەبێ جێبەجێى بکەن و، پێوەیان پابەند بن بۆ پاراستنى بەرژەوەندیى گشتى و مافەکانى بەکاربەر.

چـوارچێـوەى یاساییى کـارى ڕێکلام لە هەرێمى کوردستان

ئەوەى لە هەرێمى کوردستان تێبینى دەکرێت ئەوەیە، کەوا کارى ڕێکلام بە شێوەیەکى پەرتوبڵاو لە چەندان یاسا و ڕێنمایى ڕێک خراوە؛ وەک:

  1. یاساى پاراستنى بەكاربەرى عێراقى ژمارە (1)ی ساڵی (2010) کە لە هەرێمى کوردستان بەرکار کراوە بەپێی یاسای ژمارە (9)ـی ساڵی (2010).
  2. یاسای ڕێكخستنی ڕێـكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان – عێراق ژمارە (4)ی ساڵی (2019).
  3. یاساى سزادانى عێراقى ژمارە (111)ى ساڵى (1969)، بەتایبەت هەردوو ماددەى (466-467).
  4. یاساى کێبڕکێ و قەدەغەکردنى قۆرخکارى، ژمارە (3)ى ساڵى (2013).
  5. ڕێنماییى تایبەت بە کارى میدیایى لە هەرێمى کوردستان ژمارە (1)ى ساڵى (2023) کە وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان دەری کردووە.

ئەم پەرتوبڵاوییەى دەقە یاسایییەکانى تایبەت بە ڕێکخستنى کارى ڕێکلام، ڕەنگە هۆکارى سەرەکى بێت بۆ نەبوونى چاودێرییەکى تۆکمە لەسەر ئەو ڕێکلامە بازرگانییانەى کە لە هەرێمى کوردستان ئارستەى بەکاربەرەکان دەکرێـن کە ئاست و کواڵێتیى هەندێکیان یەکجار نزمە؛ چونکە بەپێى یاسای ڕێكخستنی ڕێـكلامی بازرگانی، تەنیا وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان بەرپرسە لە ڕێکخستن و چاودێریکردنى ڕێکلامە بازرگانییەکان لە هەرێمى کوردستان، کەچى بەپێى یاسای ژمارە (9)ی ساڵی (2010) ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر، بەرپرسە لە چاودێریکردنى ڕێکلامە بازرگانییەکان بە مەبەستى پاراستنی مافەکانى بەكاربەر لە هەرێمى کوردستـان.

 

کارى ڕێکلام لە یاسای ڕێكخستنی ڕێكلامی بازرگانی([1])

دەرکردنى ئەم یاسایە هەنگاوێکى گرنگ بوو بۆ زیاتر ڕێکخستنى ڕێکلامە بازرگانییەکان لە هەرێمى کوردستان و، هەروەک لە هۆیەکانى دەرچوواندنى هاتووە کە ئەم یاسایە دەرکراوە لەبەر گرنگیی ڕێكخستنی ڕێكلامى بازرگانى بۆ خزمەتكردنی بەكاربەر و گەشەپێدانی ئابووری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە هاووڵاتیان و، دروستكردنی كێبڕكێی دروست بۆ بەبازاڕكردن و، كەمكردنەوەی لایەنە خراپ و زیانبەخشەكانی ڕێکلامە بازرگانییەکان.

دیارترین ئەو حوکمە یاسایییانەى کە لەم یاسایەدا هاتووە و تێبینییەکانمان لەم خاڵانەى خوارەوە دەخەینە ڕوو:

  1. بەپێى بڕگە (سێیەم) لە ماددە (1)ى ئەم یاسایە، مەبەست لە وشەى “وەزیر”، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان -عێراقه. ئەوەى تێبینى دەکرێت کە لەنێـو یاساکە هیچ ڕۆڵێکى ڕوون و ئاشکرا بۆ وەزیر و وەزارەتى ڕۆشنبیری و لاوان دیارى نەکراوە. بە هەمان شێوە هەندێ وشە پێناسە کراوە، کەچى لە یاساکە پێناسە نەکراوە، وەک هەردوو وشەى “هەرێم” و “حکوومەت”.
  2. بەپێى بڕگە (یەکەم) لە ماددە (2)، پێویستە هەموو ڕێكلامێكى بازرگانى مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیدارى بە بەرهەمەكە هەبێت، پێش بڵاوكردنـەوەی. کێشەى ئەو بڕگەیە ئەوەیە ڕوون نییە ئەو لایەنە پەیوەندیدارە کێیە؟ ئایا لایەنێکى فەرمییە یان نافەرمى؟ هەندێ بەرهەم هەیە سەر بە چەند لایەنێکە یان هەندێ بەرهەم ڕەنگە سەر بە هیچ لایەنێک نەبێت و ئەم حاڵەتە چۆن چارەسەر دەکرێت؟ ئایا میکانیزمى وەرگرتنى ئەو مۆڵەتە چۆنە؟ ئەمە جگە لەوەى وەرگرتنى مۆڵەت لە چەند لایەنێکى جیاجیا، ئەرکى سەرشانى ڕێکلامکار گرانتر دەکات و خێراییى پڕۆسەکە کەمتر دەکاتەوە و لێکەوتەى نێگەتیڤى لەسەر چۆنێتیى چاودێریکردنى ڕێکلامەکان دەبێت.
  3. هەندێ دەستەواژە زۆر گرنگن، کەچى لە یاساکەدا پێناسە نەکراون و ئاماژەیان بۆ نەکراوە؛ بۆ نموونە: ڕێکلامکار کێیە؟ ڕێکلام ئاراستەى کێ دەکرێت؟ ڕێکلامى چەواشەکار کامانەن؟ و هتد.
  4. بەپێى بڕگە (دووەم) لە ماددە (2)، پێویستە پەیامی ڕێكلامى بازرگانى، ڕاستگویانە و ڕوون و ڕەوان بێت. ئەگەرچى ئەمە پابەندبوونێکى یاسایییە بەڵام هەموومان ئەوە دەزانین کە ڕێکلامکار هەموو ڕاستییەکان نادرکێنیت یاخود لایەنى نێگەتیڤى بەرهەمەکە نیشان نادات، بۆیە پێویستە پێوەر هەبێت بۆ ئەوەى نەدرکاندنى ڕەوا و ناڕەوا لە یەکتر جیا بکرێتەوە و بەڕوونى دیار بکرێت کامەن ئەو زانیارییانەى کە کاریگەرییان دەبێت لەسەر بڕیارى بەکاربەر بە کڕین یان بەکارهێنانى کاڵا یان خزمەتگوزارى و، پێویستە ئەم زانیارییانە لە ڕێکلامدا بەڕوونى ئاماژەیان بۆ بکرێت.
  5. بەپێى بڕگە (سێیەم) لە ماددە (2)، لە كاتی بەكارهێنانی توێژینەوە زانستییەكان، پێویستە سەرچاوە بەكارهێنراوەكان، ئەكادیمی و پشتڕاستكراوە بن. لەم بارەیەوە ڕوون نییە چ جۆرە توێژینەوەیەکى زانستى مەبەستە؟ کێ بڕیار دەدات ئەم توێژینەوەیە زانستییە؟ کێ دەبێت ئەم توێژینەوەى ئەنجام دابێت؟ کێ بڕیار دەدات سەرچاوە بەکارهێنراوەکان ئەکادیمی و پشتڕاستکراوەن؟ ئایا هێنانى دکتۆرێکى پسپۆڕى ددان بۆ قسەکردن و نیشاندانى باشیى کواڵێتیى هەویرى ددان (معجون الاسنان)ێک، بەسە بۆ ئەوەى بڵێین ئەم بڕگەیە هاتۆتە دی؟
  6. بەپێى بڕگە (چوارەم) لە ماددە (2)، ڕێكلامى بازرگانى لەسەر هۆیەكانی گواستنەوە بە ڕەزامەندیی خاوەنەكەی یان نوێنەری خاوەنی هۆیەكانی گواستنەوە، ئەنجام دەدرێت.
  7. هەر لەم یاسایەدا ڕاددەی تیشكی ڕووناكیی سەر شاشەكانی ڕێكلامی ئەلیكترۆنیی سەر شەقامەكان دیاری کراوە، کە لە ڕۆژدا لە (5000) لۆكس (لومنز/ م2) زیاتر نەبێت و لە شەوانیشدا لە (200) لۆكس (لومنز/م2) زیاتر بێت. ئەمەیش پاڵپشتە بە بڕگە (پێنجـەم) لە ماددە (2). لاى ئێمە ڕوون نییە ئەم پێوەرانە بە هەماهەنگى لەگەڵ دەستەى ژینگە، بە پێوەرە زانستییە باوەڕپێکراوەکان دانراوە یاخود نا؟
  8. بەپێى بڕگە (شەشەم) لە ماددە (2)، لەسەر ئامرازەكانی میدیا (وەک تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و تۆڕ و ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكان و ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپكراوی دیكە) پێویستە، ڕێكـلامی هۆشیاریی نیشتمانی و ڕۆشنبیری و تەندروستی و هاتوچۆ و ئەو ڕێكلامانەی كە تایبەتن بە پاراستنی مافی مرۆڤ و ژنان، بێ بەرامبەر بڵاو بكەنـەوە. پرسیار دەکەم تاوەکوو ئێستا دەزگە فەرمییە پەیوەندیدارەکان تا چەند سوودیان لەم بڕگە یاسایییە بینیوە؟
  9. بەپێى ماددە (3)، نابێت ڕێکلامێکى بازرگانى بڵاو بکرێتەوە کە پێچەوانەی سیستەمی گشتی و ئادابی گشتی و ئاسایشی گشتی و تەندروستیی گشتی و مافەكانی مرۆڤ بێت لە هەرێمی كوردستان. بە بۆچوونى ئێمە، لە نێـوان ساڵانى (2019-2023) چەندان ڕێکلامى بازرگانى لە هەرێمى کوردستان بڵاو کراونەتەوە کە مەترسین لەسەر ئاسایشى خۆراک و نەتەوەیى و کۆمەڵایەتیمان (هەروەک لە دواییدا قسەى لەسەر دەکەین)، کەچى ڕێکارى یاساییى پێویستیان لە بەرامبەردا نەگیراوەتە بەر.
  10. بەپێى ماددە (4)، هەموو ڕێکار و سزا و پێبژاردنەكان دیاری کراون کە لە ئەنجامى سەرپێچیکردنى یاساى ئاماژەپێکراو دەگیرێنە بەر یاخود دەسەپێندرێن. لە یاساى تریش ڕێکار و سزا و پێبژاردنى تر دەستنیشان کراون. بۆیە بابەتى سەپاندنى سزاى پێویست، ڕەنگە لە بەردەم دادگەکاندا کێشەى پراکتیکیى لێ بکەوێتەوە.

کارى ڕێکلام لە یاسای پاراستنى بەکاربەر

ئامانج لە بەرکارکـردنى یاساى بەکاربـەرى عێراقى لە هەرێـمى کوردستان، بریتی بووە لە دەستەبەركردن (ضمان)ی مافەكانی بەكاربەر و، پاراستنی بەكاربەر لە هەموو ئەو فێل و چەواشەكارییانەی كە ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبێـتەوە لە كاتی كڕین یان بەکارهێنانى كاڵا و خزمەتگوزارییەكان، هەروەها ڕێگریكردن لە هەموو ڕەفتارێك كە ببێتە هۆی چەواشەكردنی بەكاربەر. بێ گومان لەم یاسایەدا كۆمەڵە ڕەفتارێك دیاری كراوە كە پێویستە ڕێكلامكارەکان (المعلن) خۆیان لێی بەدوور بگرن، چونكە ڕەفتارێكە دەبێتە هۆی چەواشەكردنی بەكاربەر و لە كۆتاییشدا بەرپرسیارێتیی یاسایی دروست دەبێت بۆ قەرەبووكردنەوەی بەكاربەر لە بەرامبەر هەر زەرەر و زیانێك كە پێ بگات.

بەپێى بڕگە (حەوتەم) لە ماددە (1) لە یاساى ئاماژەپێکراو، ڕێکلامکار هەموو كەسێكی سروشتی یان واتایى دەگرێتەوە كەوا ڕێكلام بۆ كاڵایەك یان خزمەتگوزارییەك دەكات، چ بە خۆی یان لە ڕێگەی كەسانی ترەوە؛ جا بەهەر ڕێگەیەك بێت. لەم بارەیەوە ڕێكلامكار مامەڵە لەگەڵ دابینكار (المجهز) دەكات و ڕێکلامیش بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکانى ناوبراو دەکات، بەڵام ڕێكلامەكانی ئاراستەی بەكاربەرەکان دەكات. هەر بەپێى بڕگە (شەشەم) لە هەمان ماددە و یاسا، دابینکار (المجهز) هەموو كەسێكی سروشتی یان واتایى دەگرێتەوە كە بەرهەمهێنەر (منتج) بێت یان هەناردەكار (مصدر) یان هاوردەكار (مستورد) یان دابەشكار (موزع) یان فرۆشیاری كاڵا (بائع السلعة) یان پێشكەشكاری خزمەتگوزاری (مقدم الخدمة)، جا ئەو كەسە چ ڕەسەن (أصیل) بێت یان نێوەندگیر (وسیط) یان بریكار (وكیل).

یاسـاى پاراستـنى بەکاربەر لە ماددە (7)دا چەند ئەركێكی خستۆتە سەر شانی ڕێكلامكار کە پێویستە لە کاتى دروستکردن و بڵاوکردنەوەى ڕێکلامى بازرگانیدا پێوەی پابەند بێت و جێبەجێیان بکات؛ گرنگترینى ئەم ئەرکانە بریتین لەمانەى خوارەوە:

  1. دڵنیابوون لە هەبوونی گشت زانیاریی پێویست و تایبەتمەندییەكان (مواسەفات) و پێكهاتەكان لەسەر ئەو كاڵایەی كە دەیەوێت ڕێكلامی بۆ بکات.
  2. نابێت ڕێکلامێک دروست بکرێت یان بڵاو بکرێتەوە بۆ کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک کە تایبەتمەندییە پێوانەیییە عێراقییەكان (المواصفات القیاسیة العراقیة)ی تێدا نەبێت.
  3. پێویستە ڕێکلامکار خاوەنی ناو و ناونیشانی بازرگانیی تایبەت بە خۆى بێت و لەلایەن دەسەڵاتە تایبەتمەندەكانەوە تۆمار كرابێت.

هەر بەپێى ماددە (9) لە هەمان یاسا، پێویستە ڕێکلامکار خۆى بەدوور بگرێت لە پیادەکردنى ئەم ڕەفتارانەى خوارەوە:

  1. پیادەکردنى چـەواشـەكردن یان فێـڵكردن یان شـاردنەوەی ڕاستیی ئەو پێكهاتانەی كە كاڵا یان خزمەتگوزارییەكەی لێ پێك هاتووە.
  2. ڕێكلامكردن بۆ كاڵایەك یان خزمەتگوزارییەك كە پێچەوانەی سیستەمی گشتی یاخود ئادابی گشتیی كۆمەڵگە بێت.
  3. ڕێكلامكردن بۆ كاڵایەك كە لە بەرگی دەرەوەیدا بەڕوونی ئاماژە بە پێكهاتەكانی نەكرابێت، یاخود ئاگاداركردنەوەكان (تحذیرات)ی تێدا نەبێت، یاخود ڕێكەوتی بەرهەمهێـنان و ئێكسپایـەربوونی تێـدا نەبێت.

بۆیە جێبەجێکردن و چاودێـریکردنى جێبەجێکردنى ئەم یاسایە، بە ئەنجومەنى پاراستنى بەکاربەر سپـێـردراوە و ئەم ئەنجومەنەیش بەرپرسە لە داڕشتنی سیاسه‌تی گشتی و بەرنامەی كار بۆ پاراستنی مافی به‌كاربه‌رەکان له‌ هه‌رێمی كوردستان و، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی به‌كاربه‌ره‌كان بۆ مافه‌كانیان و چۆنێتیى پیاده‌كردنیان و، وه‌رگرتنی سكاڵای به‌كاربه‌ره‌كان و گرتنه‌به‌ری ڕێكاری یاساییی پێویست له‌ دژی هه‌ر دابینكارێك یان ڕێكلامكارێك كه‌ مافه‌كانیان پێشێل بكات.

سەرەڕاى گرنگـیى ئەم دەزگە فەرمییە (ئەنجومەنى پاراستنى بەکاربەر)، بەڵام تاوەکوو ئێستا لە هەرێمى کوردستان ئەم ئەنجومەنە پێک نەهێنراوە و کارا نەبووە، بۆیە هەرچى پەیوەستە بە مافەکانى بەکاربەر و پابەندبوونى ڕێکلامکارەکان بە پێوەرەکانى ڕێکلامکردن، لە یاساى پاراستنى بەکاربەر بەناکارایی ماونەتەوە و نەچوونەتە بوارى جێبەجێکردنى فیعلى لە واقعدا.

کـارى ڕێکلام لە ڕێنماییى تایـبەت بە کـارى میدیایـى

لەم دوایییەدا، وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە بڕیارى ژمارە (2115) لە ڕێکەوتى (25/04/2023)، ڕێنماییى ژمارە (1)ى ساڵى (2023) تایبەت بە کارى میدیاییى دەرکرد کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (305) لە ڕێکەوتى (23/05/2023) بڵاو کرایەوە. بەپێى ماددە (15)ى ئەم ڕێنمایییە، وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان (بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە)، لایەنى سەرەکییە کە چاودێـریى جێبەجێکردنى ناوەڕۆکى ئەم ڕێنمایییە دەکات و، بۆ ئەم مەبەستەیش چەند لێژنەیەکى چاودێرى و بەدواداچوون پێک هێنراوە.

لە هەردوو بڕگەى (یەکەم) و (سێیەم) لە ماددە (16)ى ئەم ڕێنمایییە، پێوەرە گشتییەکانى ڕێکلامى بازرگانى دیاری کراون کە بەم شێوەى خوارەوەن:

  1. نابێت ماوەى ڕێکلام لە (10%)ى هیچ بەرنامەیەک و درامایەک زیاتر بێت.
  2. پێویستە گرنگى بە کواڵێتى و جوانیى ڕێکلامەکە بدرێت و، نابێت ئاستى هونەرى و تەکنیکیى نزم بێت.
  3. پێویستە ڕێکلام، کاریگەریى نەرێنیى نەبێت لەسەر ئاشتەواییى خێزان و کۆمەڵگە و، پێویستە گوتارى نێو ڕێکلامەکان پاراو بن و لە چوارچێوەى نەریتى گشتى بن و جنێو و قسەى نەشیاویان تێدا نەبێت.
  4. نابێ ڕێکلام بۆ کاڵایەک یان کۆمپانیایەک یان مۆڵ یان بازاڕێک و… لەسەر حیسابى شکاندن یان ناشرینکردنى کاڵایەک یان کۆمپانیایەک یان مۆڵ یان بازاڕێک و… تر بێ.
  5. لە ڕێکلامدا نابێ سیمبولى نیشتمانى و نەتەوەیى و ئایینى و شوێنە گشتییەکان و دامودەزگەى حکوومەت و ئەو جێگە و باڵەخانانەى کە موڵگى گشتین و شوێنە ئایینییەکان و ناوچە شوێنەوارى و کەلوپوورییەکان بەکار بهێنرێت؛ هەروەها نابێت لە ڕێکلامدا مۆنۆمێنت و باخچە گشتییەکان بەبێ ڕەزامەندیى لایەنى پەیوەندیدار بەکار بهێنرێت.
  6. نابێ لۆگۆى هیچ کاڵایەک یان کۆمپانیا و… بەکار بهێـنرێ کە ئاماژەى جیاکاریى نەتەوەیى و ئایینى و ڕەگەزیى تێدا بێت، یان ئاماژە بۆ ئەم جیاکارییانە لە دەق و وێنە و نواندنى ڕێکلامەکەدا هەبێ.

هەروەها لە بڕگەکانى (دووەم) و (چوارەم) و (پێنجەم) لە ماددە (16)ى ئەم ڕێنمایییە، ئەو ڕێکلامانە دیاری کراون کە ڕێگە بە بڵاوکردنەوەیان نادرێت و، ئەمانەى خوارەوە گرنگترینیانن:

  1. ناکرێت ڕێکلام بۆ بەرهەمێک بکرێت کە بەپێى یاسا و ڕێنمایییە بەرکارەکان ڕێگە بە بەرهەمهێنان یان بازرگانیپێکردن یان هاوردەکردنیان نەدراوە، یاخود ئەم بەرهەمانە بە “کواڵێتى کۆنتڕۆڵ”دا تێپەڕ نەبووبن.
  2. ئابڕوو و ناوبانگى پیشەییى کەس، یان توێژێک بزڕێنێت، یان لە ڕێگەى بەراوردى نادروستەوە لە نرخى بەرهەمەکانى خەڵکانى تر کەم بکاتەوە.
  3. ببێتە هۆى ڕوودانى کردەیەک یان کۆمەڵێک کردە لە دژى یاسا و ڕێنمایییەکانى هەرێم.
  4. ئەو پڕۆژانەى کاریگەریى خراپـیان لەسەر ژینگە هەیە و، ناکۆکن لەگەڵ یاسا و ڕێنمایییەکانى دەستەى ژینگە لە هەرێم.
  5. بەکارهێنانى سیمبول و سروودى نیشتمانى.
  6. تێکدانى ئاشتەوایى لە نێـوان پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان.
  7. سووکایەتیکردن بە ئایینەکان و ئەدەب و هونەر و پرسە نەتەوایەتییەکان لە هەرێم.
  8. پێشێڵى مافى خاوەندارێتیى داهێنان و هزرى بکات.
  9. بانگەشە بۆ جیاکاریی ڕەگەزى (جێندەرى) بکات.
  10. بەرهەمى نێوخۆیى، بە خراپ و بێکەڵک ناو ببات.
  11. بەکارهێنانى چەک و تەقەمەنى و، پیشاندانى دیمەنى توندوتیژى.
  12. بێڕێزى بەرامبەر سەرپەرشتیارانى منداڵان.
  13. ناشرینکردنى جلوبەرگى کوردى و جلوبەرگى نەتەوەکانى دیکەى کوردستان.
  14. ڕێکلامکردن بۆ نێرگەلە و جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان و ماددەى هۆشبەر یان ئەو ماددانەى هەمان کاریگەریى ماددەى هۆشبەریان هەیە.
  15. ناکرێت ڕێکلام لە بوارى تەندروستى و دەرمان بکرێت بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندیى نووسراو و پێشوەختەى وەزارەتى تەندروستى.
  16. ناوهێنانى ناوەندێک، یان دەزگەیەکى زانستى بۆ یەکلاییکردنەوەى باشیى کاڵاکە، بەبێ ئەوەى لەلایەن سەرچاوەیەکى فەرمى، پشتگیرى کرابێت و ڕەزامەندیى ناوەندەکە وەرگیرابێت.
  17. ناوەڕۆکى ڕێکلامەکە، چ بە نووسین یان بە وێنە، ئاماژە بە ئازاردانى ئاژەڵان بکات.
  18. بەکارهێنانى مرۆڤ وەک کاڵا لە ڕێکلامدا.
  19. پـۆڕنـۆ و کـارى لەشـفرۆشى و نیشاندانى جەستە بە مەبەستى ورووژاندن.
  20. بەکارهێنانى ئاوازى فۆلکلۆرى و گۆرانى و بەرهەمى دیکەى هونەرمەندان (وەک پارچە موزک یان تابلۆ یان گرتەیەک لە دراما و فیلم و شانۆ و…) لە کارى ڕێکلام بەبێ ڕەزامەندیى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان و سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان و خودى هونەرمەندەکە، یان میراتگرانى.

لە بوارى ڕێکلامـکردن، چى لە هەرێمى کوردستان دەگوزەرێت؟

هەرێمى کوردستان پـڕیەتى لە ڕێسا و یاساى جوان و مانابەخش و بریقـەدار، بەڵام کە دێینە سەر بوارى جێبەجێکردنى ئەم ڕێسا و یاسایانە، دەبینین یان جێبەجێ ناکرێن یان بەشێکى جێبەجێ دەکرێن یان وەکخۆیان جێبەجێ ناکرێن و لە ماناکەى بەتاڵ کراونەتەوە یان ماوەیەک جێبەجێ کراون و لە دواییدا پشتگوێ خراون یان لە شوێنێک جێبەجێ دەکرێن و لە شوێنى تر جێبەجێکردنى پشتگوێ خراوە. بێ گومان وڵات و نیشتمان بەم شێوەیە نە بونیاد دەنرێت و نە پێش دەکەوێت.

هۆکارى سەرەکیى جێبەجێنەکردنى ڕێسا و یاساکان، بۆ نەبوونى بەدواداچوونى بەردەوام دەگەڕێتەوە، چونکە لەسەر کەسەکانى نێو کۆمەڵگە پێویستە یاساکان جێبەجێ بکەن و لەسەر دەزگە فەرمییەکانیش پێویستە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنى یاساکان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردن. هەر کاتێک دەزگە فەرمییەکان لە چاودێریکردنى جێبەجێکردنى یاساکان نەرمییان نواند، ئەوا بێ گومان پەتى جێبەجێکردنى یاساکان هێندە شل دەبێتەوە کە هەموو کەسێک لە توانایدا دەبێت پەتى یاسا بۆ خۆى ڕابکێشێت و ئاڕاستەکەى بگۆڕێت.

هەموو ئەو ڕێسا و یاسایانەى کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێی داوە و تایبەتن بە ڕێکخستنى کارى ڕێکلامکردن لە هەرێمى کوردستان ڕێسا و یاساى جوانن، بەڵام پرسیارى سەرەکى و بەردەوامى ئێمە ئەوەیە: چەندى لێ جێبەجێ کراوە؟ دەتوانین کارى ڕێکلام لە هەرێمى کوردستان، بکەین بە سێ بەشى سەرەکییەوە: یەکەمیان ئەو ڕێکلامانەیە کە بە نووسین ئەنجام دەدرێن و لە دیوار و تابلۆکان هەڵدەواسرێن یان بە نامەى ئەلیکترۆنى ڕەوانە دەکرێن. دووەمیان ئەو ڕێکلامە دەنگییانەیە کە لە ڕادیـۆکان بڵاو دەکرێنەوە. سێـیەمیان ئەو ڕێکلامانەیە کە بە ڤیدیۆ دەگیرێن و لە تەلەڤزیۆن و پەیجە ئەلیکترۆنییەکان بڵاو دەکرێنەوە. لەم بارەیەوە، تا ڕاددەیەکى زۆر تێبینى لەسەر ئەو ڕێکلامە بازرگانییانە هەیە کە بە ڤیدیۆ گیراون و بڵاو کراونەتەوە، چونکە هەندێ لەو ڕێکلامانە لە ڕووى ناوەڕۆک و تەکنیک و نمایشەوە ئاستیان یەکجار نزمە و پێچەوانەى ڕێسا و یاساکانى تایبەت بە کارى ڕێکلامن. بۆیە بەپێویستى دەزانین تیشک بخەینە سەر هەندێ نموونە لەم جۆرە ڕێکلامە ئاستنزمانە، وەک بەڵگەیەک بۆ جێبەجێنەکردنى ڕێسا و یاساکانى ڕێکلام لە هەرێمى کوردستان:

  • لە ڕێکلامێکدا چەند تاکێکى کوردستانى بە جلى کوردییەوە لە یەکێک لە گوندەکانى کوردستان بە شێوەیەکى ناشرین و گاڵتەجارییانە ڕادەکەن و خۆیان بەیەکدا دەکێشن و دەکەونە سەر زەوى و جلى کوردییەکەیان بە تۆز دەبێت و، هەموو ئەو نمایشە بێبەهایە و خۆبەکەمزانینە بۆ ئەوەیە ماستێکى ئێرانى بکڕن، کە هاتۆتە گوندەکەیان. ئەو ڕێکلامە پەیامێکى ئابووریى یەکجار مەترسیدارى تێدایە لە دژى هەرێم و، کەمکردنەوەیە لە شکۆى تاکى کوردستانی و، سووکایەتیکردنە بە جلى کوردی و، نیشاندانى پێویستبوونى گەلى کوردستانە بە کاڵا و بەرهەمى ئێرانی و، لێدانە لە بەرهەمى خۆماڵى و، تەمبەڵکردنى تاکى کوردستانییە کە پشت بە خۆى نەبەستێت.
  • لە ڕێکلامێکى تردا، تاکێکى کوردستانى بە جلوبەرگى کوردییەوە لە یەکێک لە گوندەکانى کوردستان شیرى ئاژەڵێک دەدۆشێ بۆ ئەوەى ماستى لێ دروست بکات و، لە پڕێکدا کەسێکى لێ پەیدا دەبێت و جلوبەرگى کوردیى جوانتر و پۆشتەترى لەبەردایە و پێى دەڵێت “کەى مۆدێلى دۆشینى ئاژەڵى خۆماڵى مایە بۆ ئەوەى ماستى لێ دروست بکەى؟ بڕۆ ماستى …….. بکڕە و حازرە و بێ ماندووبوونە و زۆر باشترە و زۆر بەتامترە.” ئەمەیشیان ڕێکلامێکە بۆ ماستێکى ئێرانى. ئەم جۆرە ڕێکلامانە، لێدانە لە ئابووریى تاک و خێزان و کۆمەڵگە و هەرێم، هەروەها پەیامێکى یەکجار مەترسیدارە کە هانى تاکى کوردستانى دەدات واز لە خواردنى بەرهەمى دەستى خۆى بهێنێت و پشت بە بەرهەمى ئێرانى ببەستێت.
  • لە ڕێکـلامێکى تردا ئافرەت وەک ئاژەڵى مانگا نیشان دەدات و، بگرە ئاماژەیشى تێدایە بۆ ئەوەى ئافرەت لەش و لارى تێک نەچێت، دەبێت شیرى خۆى نەدات بە منداڵەکەى. بە دیدى ئێمە ئەم ڕێکلامە لە بەهـاى ئافرەت و گرنگیى شیرى دایک بۆ گەشەى منداڵەکەى کەم دەکاتەوە و، دەبوایە هەمووان بێنە دەنگ بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە ڕێکلامانە؛ ئەمەیش لە کاتێکدایە لە وڵاتى کۆریاى باشوور لەسەر وێناکردنى ئافرەت وەک ئاژەڵى مانگا، کۆمپانیاى شیرەمەنیى “سول ميلك” بە پێبژاردن سزا درا، هەروەهاکۆمپانیاى دایک کە خاوەنى کۆمپانیا سەرپێچیکارەکەیە و ناوى “سول ديری كوبيراتيف”ە، ناچار کرا کە داواى لێبووردن بڵاو بکاتەوە لەبەر ئەوەى ڕێکلامەکەى بێڕێزیى تێدا بووە بۆ چینى ئافرەتان([2]).
  • لە دوو ڕێکلامى جیا کە بۆ دوو برنجی جیاواز کراوە، ڕەفتارى ڕفاندن ئەنجام دەدرێت. لە یەکێکیان ڕفاندنەکە هیچى لێ بەرهەم نایەت، بەڵام لەوەى تر ڕفاندنەکە ئەنجامى باشى لێ دەکەوێتەوە و پێمان نیشان دەدەن ئەگەر ڕفاندنەکە نەبوایە، نهێنیى برنجەکە ئاشکرا نەدەبوو. بێ گومان بەپێى ماددەکانى (421-427) لە یاساى سزادانى عێراقى، ڕەفتارى ڕفاندن تاوانە و سزاى بۆ دەستنیشان کراوە و، نیشاندانى ئەو ڕەفتـارە لە ڕێکلامدا پێچەوانەى یاسا بەرکارەکانە و، بگرە ڕێکلامیشە بۆ ڕەفتارى ڕفاندن.
  • لە ڕێکلامێکدا پیاوێک کە جلوبەرگى کوردیى لەبەردایە، لە ئافرەتەکەى خۆى دەدات و توندوتیژى لە بەرامبەردا ئەنجام دەدات، لەبەر ئەوەى ئاوى تەماتە لە تەماتەى خۆماڵى دروست دەکات. دراوسێیەکەى دێتە ژوورەوە و بۆ ئەوەى کێشەکە چارەسەر بکات پێیان دەڵێت “کەى مۆدێلى ئەوە ماوە ئاوى تەماتە لە ماڵ دروست بکەى؟ بڕۆ ئاوى تەماتەى …… بکڕە چونکە باشترە و بەتامترە و ئەو سەرئێشەى ناوێت.” ئەمەیش ڕێکلامێکە بۆ جۆرێک لە ئاوى تەماتەى تورکى و، لێدانە لە ئابووریى هەرێم و، تەمبەڵکردنى تاکى کوردستانییە.
  • لە ڕێکلامێکدا دوو دراوسێ کە جلوبەرگى کوردییان لەبەردایە، لەسەر شەربەتێکى تورکى دەبێتە شەڕیان و تێر جوێن بە یەکتر دەدەن، لە پاشاندا هەر ئەو شەربەتە تورکییە دەبێتە هۆى پێکهێنانەوەیان و، لە کۆتاییى ڕێکلامەکە پێکەوە بەدڵخۆشى شەربەتەکە دەخۆنەوە. ئاخۆ دەبێ چ پەیامێکى شاراوە لە پشت ئەم ڕێکلامە بێئاستە بێت؟
  • لە ڕێکلامێکدا کە بۆ خواردنى سەروپێ لە چێشتخانەیەکى عەرەبى لە هەولێر کراوە، پیاوێک بە جلوبەرگى کوردییەوە نیشان دەدات و بە عەرەبییەکى سەقەت و گاڵتەجاڕییەوە قسە دەکات و شێوەى دەموچاوى و جووڵەى زمانى بە شێوەیەک نیشان دەدات کە میللەتى کورد مرۆڤى برسى و تێنین و دونیانەدیتەن! نەک هەر ئەم ڕێکلامە، بەڵکوو بە دەیان ڕێکلام لە کوردستان بڵاو کراوەتەوە و تیایدا تاکى کوردستانى، کە جلوبەرکى کوردییان لەبەردایە، وەک برسى و تێنى نیشان دەدەن.
  • لە ڕێکلامێکى تردا، خێزانێکى کوردستانى نیشان دەدات کە ژن و مێردێکن و گفتوگۆ لەگەڵ یەک دەکەن و، گفتوگۆکەیان هێندە ئاستنزمە کە پڕیەتى لە بێمتمانەیى و درۆکردن و خۆبەزلزانین و سەختەچیاتى و، بگرە لە دیمەنێکدا سەرپێچیى یاساى کارى عێراقییشى تێدایە، چونکە کرێکار (کە مێردەکەیە لە ڕێکلامەکە) بە شێوەیەکى یەکجار ناشرین لە کارەکەیدا دەردەکرێت. ئـەم ڕێکلامە بۆ ماددە وزەبەخشەکانە و پەیامى ئەوەى تێدایە پیاوى کورد هێندە بێهێزە، دەکرێت بەم جۆرە ماددە وزەبەخشانە بەهێز ببێت.
  • لە نموونەیەکى ترى ڕێکلامدا، خێزانێکى کوردى بە جلوبەرگى کوردى نیشان دەدات؛ تیایدا لە کاتى پەردەبەستندا خەزوورى زاواکە بەردەبێـتەوە و ئازارى پێ دەگات و لە ڕێگەى گەیاندن، زاواکە بەگاڵتەجاڕییەوە سووکایەتى بە خەزوورەکەى دەکات و لە کاتى لێخوڕینى ئۆتۆمبێل و گەیاندنى بۆ دوکانى پەردەفرۆش، سەرپێچیى چەندان ڕێنماییى هاتوچۆ دەکەن. ئەم هەموو گاڵەجاڕییە و خۆبەکەمزانینە، ڕێکلامێکە بۆ پەردەیەکى تـورکى!
  • لە ڕێکلامێکى تردا زاوا و خەزوور لەسەر شێوازى ئاهەنگێڕان بەشەڕ دێن و چەندان دیمەنى توندوتیژیى تێدایە و لە کۆتاییى ڕێکلامەکەیش برنجێکى هیندى کۆیان دەکاتەوە و دەبێتە هۆکارى ئاشتبوونەوەیان و ئیدى ئاهەنگ دەگێڕن.

لەم سۆنگەیەوە دەپرسم: ئەم ڕێکلامانە بە هەر کەسێکى بیانیى پسپۆر لە بوارى ڕێکلامدا نیشان بدرێت، ئاخۆ چ بۆچوونێکى نێگەتیڤى لەسەر تاک و کۆمەڵگەى کوردستانى دەبێت؟! بەداخەوە ئەم چەند نموونەى سەرەوە و چەندانى تریش کە بەبەردەوامى لە تەلەڤزیۆن و پەیجە ئەلیکترۆنییەکان پەخش دەکرێن، کارەساتێکى نەتەوەییى گەورەیە و، پێویستە بە زووترین کات ڕابگیرێت و سنووردار بکرێت.

کۆبەنـد

هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێی دا، ڕێکلامى بازرگانى بە گرنگترین ئامراز و ڕێگە بۆ ساغکردنەوەى بەرهەم و کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە جیهاندا هەژمار دەکرێت و، لەم ڕێگەیەوە بازرگانەکان دەگەن بە ژمارەیەکى یەکجار زۆر لە بەکاربەران لە هەر شوێنێکى جیهاندا بن. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، ناکرێت ڕێکلامى بازرگانى ببێتە ئامرازێک بۆ تێکدانى شیرازەى کۆمەڵایەتى و خۆبەکەمزانینى تاک و ناشرینکردنى کۆمەڵگە و خراپ نیشاندانى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لێدان لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانى نیشتمان و خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانى بێگانە و هتد.

ئەوەى لە بوارى ڕێکلامى بازرگانیدا لە کوردستان دەگوزەرێت، مایەى نیگەرانییە و، پێویستە وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان لەسەرى بوەستێت و هەوڵ و هەنگاو بنرێت بۆ ڕاستکردنەوەى لارییەکان و باشترکردنى کواڵێتیى ڕێکلامەکان لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ ئەوەى پەیامى ڕێکلام ڕوون و ڕاستگۆیانە بێت و، ببێتە دروستکردنى پردى متمانە لە نێـوان بەکاربەرەکان و بەرهەم و کاڵا و خزمەتگوزارییە خۆماڵییەکان و، هەروەها خزمەت بە خاک و نیشتمان و تاک و کۆمەڵگەى کوردستانى بکات و، نەبێتە مایەى چەواشەکردن و فێڵکردن و لەناوبردنى متمانە لە بازاڕدا و، وێنەیەکى جوان نیشانى دەرەوەى هەرێم بدات؛ چونکە بە بۆچوونى ئێمە ڕێکلامى بازرگانى یەکێکە لە پێوەرەکانى نیشاندانى ئاستى ڕۆشنبیریى تاک و کۆمەڵگە و شار و نەتەوە و هتد. بۆیە هەرچەند ڕێکلامە بازرگانییەکان کواڵێتییان بەرز بێت و پەیامەکەیان ڕوون و بونیادنەر بێت، ئەوا ئەو کۆمەڵگە، یان ئەو شارە، یان ئەو نەتەوەیەى کە ڕێکلامە بازرگانییەکەى لێ بەرهەم هاتووە، ئاستى ڕۆشنبیریى بەرزە و، پێچەوانەکەیشى هەر ڕاستە.

بەپێى بڕگە (ج) لە ماددە (17) لە ڕێنماییى ژمارە (1)ى ساڵى (2023) تایبەت بە کارى میدیایى لە هەرێمى کوردستان، ماوەى 3 (سێ) مانگ بۆ دەزگەکانى میدیاى بیستراو و بینراو و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمپانیاکانى ڕێکلام دیاری کراوە بۆ ئەوەى خۆیان لەگەڵ حوکمەکانى ئەم ڕێنمایییە بگونجێنن؛ بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووى سزا دەبنەوە. لێرەدا هیوادارم وەزارەتى ڕۆشنبیرى، تا کۆتایى چاودێریى ئەم پڕۆسەیە بکات و وازى لێ نەهێنێت و، بگرە پێداچوونەوەیش بە هەموو ئەو ڕێکلامانە بکات کە پێش دەرچوونى ئەم ڕێنمایییە بڵاو کراونەتەوە بۆ ئەوەى ئامانج لە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییە بێتە دى و، ڕێکلامە بازرگانییەکانى هەرێمى کوردستان دوور بن لە خۆبەکەمزانین و سووکایەتیکردن و لێدان لە ئابووریى هەرێم و توندوتیژیى خێزانى و خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانى بێگانە!

[1]. لەم بەشەدا سوود لەو بۆچوون و پێشنیارە پڕبەهایانە وەرگیراوە کە لە توێژینەوەیەک ئاماژەیان بۆ کراوە بە ناونیشانى “ملاحظات نقدية بشأن قانون تنظيم الإعلان التجاري في إقليم كوردستان-العراق رقم 4 لسنة 2019” کە لە نووسینى هەر یەک لە بەڕێزان (د.عدنان باقي لطیف – د.بختیار صدیق رحیم -م.ئاوێستا برهان محمود) و لە ژمارە (2)ى کانوونى یەکەمى ساڵى (2021) لە گۆڤارى “درسات قانونیة و سیاسیة” لە لاپەڕەکانى (165-213) بڵاو کراوەتەوە کە کۆلێژى یاسا لە زانکۆى سلێمانى دەری دەکات و لەم لینکەى خوارەوە بەردەستە:

10205 – Journal of Legal and Political Studies (google.com)

[2]. دیتەیل لەم دوو لینکەى خوارەوە بەردەستە:

شركة ألبان في كوريا الجنوبية تعتذر إثر إعلان يصور النساء كأبقار – BBC News عربي

إعلان تجاري لشركة حليب في كوريا الجنوبية يثير الغضب على مواقع التواصل – YouTube

image_pdfimage_print