پێنووس

دیپلۆماسی بە تامی وۆڵ ستریت (Wall Street)

یورۆنیوز

وەرگێڕان: پێنووس

گۆڕانی لەناکاوی شێوازی دەربڕین و بەکارهێنانی زاراوە پسپۆڕییەکانی بازاڕە دارایییە نێودەوڵەتییەکان لە هەژماری “محەمەدباقر قالیباف”، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شورای ئیسلامی) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X)، شەپۆلێک لە شرۆڤە و پرسیاری لە ناوەندە میدیایی و سیاسییەکاندا دروست کردووە. ئەم هەژمارە کە پێشتر فۆڵۆوەرێکی کەمی هەبوو، لە هەفتەکانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی ناوچەکە، لە چوارچێوەی باوی بەیاننامە فەرمییەکان دەرچووە و بە زمانێک قسە دەکات کە زیاتر لە هۆڵەکانی بۆرسەی نیویۆرک (NYSE) و ڕاپۆرتە شیکارییەکانی وۆڵ ستریتدا دەبیسترێت.

وەرچەرخان لە گوتاری شۆڕشگێڕانەوە بۆ زمانی بازاڕە جیهانییەکان

هەژمارەکەی قالیباف لە تۆڕی ئێکس، کە لە بەشی ناساندنەکەیدا (بایۆ)، خۆی وەک “سەربازی ئیمامی شەهیدی شۆڕش” ناساندووە، پێشتر بە شێوەیەکی نەریتی پۆستەکانی بە زمانی فارسی و سەبارەت بە بەها شۆڕشگێڕییەکان و سیاسەتە ناوخۆیییەکان بڵاو دەکردەوە. بەڵام لە کۆتایییەکانی مانگی ئازاری (٢٠٢٦)ەوە، ئەم شێوازە بە جۆرێکی سەرسوڕهێنەر گۆڕا. پۆستە نوێیەکان کە زۆربەیان بە زمانی ئینگلیزین، پڕن لە دەستەواژە پسپۆڕییەکانی بازاڕە دارایییەکان، وەک “چەماوەی داهات” (Yield curve)، “ڕێکخستنی نرخ” (Price adjustment)  و “تێکشکاندنی خواست” (Demand destruction).

شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم گۆڕانکارییە لە زمان و گوتاردا، هەوڵێکی هۆشمەندانەیە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کاراکتەرە نێودەوڵەتییەکان و کاریگەریدانان لەسەر هاوکێشەکانی قازانج و زیان لە پایتەختە ڕۆژاوایییەکاندا. بەکارهێنانی چەمکێکی وەک “جووڵاندنی بازاڕ لە ڕێگەی لێدوانەوە” (Jawboning)، نیشانی دەدات کە بەڕێوەبەرانی ئەم هەژمارە لە هەوڵی ناردنی پەیامی ئاماژەیین (Signaling) بۆ بازاڕەکانی وزە و وەبەرهێنەرە جیهانییەکان، لە نێوەندی قەیرانە دەریایییەکان و گرژییەکانی گەرووی هورمزدا.

پۆکەری دیپلۆماسی؛ کاتێک کارتەکان دەخرێنە ڕوو

بەرجەستەترین نموونەی ئەم وەرچەرخانە، لە پۆستەکەی شەوی (٢٦-٤-٢٠٢٦) بینرا. لەو تویتەدا، نووسەر بە بەکارهێنانی هاوکێشەیەکی ماتماتیکی و خوازەیەک لە یاریی پۆکەر (Poker)، ئاماژەی بە ململانێی نێوان “کارتەکانی خستنەڕوو”(Supply)  و “کارتەکانی خواست” (Demand) کردووە.

لە پۆستەکەدا هاتووە: “ئەوان لەبارەی کارتەکانەوە گه‌فان ده‌كه‌ن. با ببینین: کارتەکانی خستنەڕوو = کارتەکانی خواست. نووسەر بە ڕیزکردنی ئامرازە ستراتیژییەکانی وەک گەرووی هورمز (SOH)، گەرووی بابولمەندەب (BEM) و بۆرییە نەوتییەکان (Pipelines) وەک “کارتە یاریپێنەکراوەکانی” ئێران، لە بەرامبەر “خستنەبازاڕی یەدەگە ستراتیژییەکان” و “تێکشکاندنی خواست” لەلایەن ئەمریکاوە، بە جۆرێک هۆشداری دەدات کە تاران هێشتا کارتە براوەکانی خۆی ئاشکرا نەکردووە. تۆنی تانەئامێزی کۆتاییی پۆستەکە، کە ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی پشووە هاوینەیییەکانی ئەمریکییەکان دەکات، نیشاندەری جەنگێکی دەروونیی نوێیە لە چوارچێوەی دیپلۆماسیی دیجیتاڵیدا.

ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ترەمپ؛ واتای ڕاستەقینەی ”کۆڵکردن” چییە؟

وا دەردەکەوێت ئەم پۆستە پسپۆڕییانە، کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بن بۆ لێدوانەکانی ئەم دوایییەی دۆناڵد ترەمپ. ترەمپ لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دووبارەکردنەوەی گوتارە باوەکەی، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە “هەموو کارتەکان لەدەستی ئێمەدایە” و گوتبوویشی ئێرانییەکان هەر کاتێک بیانەوێت، دەتوانن پەیوەندی بکەن و “کۆڵ”  (Call)  بکەن.

لێرەدا تەڵەیه‌کی زمانەوانی و تەکنیکی هەیە. لە کاتێکدا ئەگەری هەیە ترەمپ وشەی  Callبە واتای گشتیی “تەلەفۆنکردن یان پەیوەندیکردن” بەکار هێنابێت، بەڵام هەژمارەکەی قالیباف مانای وشەکەی بردووەتە ناو کایەی یاریی پۆکەرەوە. لە یاریی پۆکەردا، “کۆڵکردن” بە واتای خۆبەدەستەوەدان نایەت؛ بەڵکوو بە واتای “قبووڵکردنی گرەوی رکابەری بەرامبەر و مانەوەیە لە یارییەکەدا” تا ئەو کاتەی کارتەکانی دواتر دەخرێنەوە ڕوو. خۆبەدەستەوەدان و کشانەوە لەم یارییەدا بە وشەی “فۆڵد” (Fold) دەناسرێت.

کەواتە پەیامی هەژمارەکەی قالیباف ڕوونە: ئێران نەک هەر مەبەستی “فۆڵد” (کشانەوە)ی نییە، بەڵکوو ئامادەیە بە “کۆڵکردن” و نیشاندانی کارتەکانی، ڕووبەڕووی بلۆف (گه‌ف)ەکەی بەرامبەر ببێتەوە. ئەم ئاستە لە تێگەیشتن و زاڵبوون بەسەر خوازە ستراتیژییەکانی ڕۆژاواییدا، گریمانەی بوونی تیمێکی ڕاوێژکاری پسپۆڕ لە کاروباری نێودەوڵەتیدا بەهێزتر دەکات.

کێ لە پشتی تەختەکلیلەکەوەیە؟

جیاوازییە گەورەکەی نێوان پۆستە فارسییە نەریتییەکان و شیکارییە تەکنیکییە ئینگلیزییەکان، گومان و گریمانەی جۆراوجۆری لێ کەوتووەتەوە. هەندێک پێیان وایە کە بازنەی ڕاوێژکارانی سەرۆکی پەرلەمان، فراوان بووە بۆ تیمێک لە پسپۆڕانی ئابووریی نێودەوڵەتی و بازرگانە پیشەگەرەکان (Traders)، کە ئامانجیان ئەوەیە لەگەڵ ڕۆژاوادا لەبری “ئایدیۆلۆژیا”، بە زمانی “بەرژەوەندی” قسە بکەن.

هەروەها ئەم ئەگەرەیش لە ئارادایە کە ئەمە ستراتیژییەکی هەماهەنگ بێت لە لووتکەی دەسەڵاتەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گێڕانەوەکانی میدیا دارایییە ڕۆژاوایییەکانی وەک بلۆمبێرگ (Bloomberg) و ڕۆیتەرز (Reuters)، تاوەکوو مەترسییەکانی وەبەرهێنان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێراندا بخەنە ڕوو.

ئەندازیاری تویتەکان؛ سێبەری مەیسەم زەمانئابادی بەسەر هەژمارەکەی سەرۆکەوە

لە نێوان گریمانە جیاوازەکاندا، ناوی کەسایەتییەکی میدیایی زیاتر لەوانی دیکە زەق بووەتەوە، ئەویش “مەیسەم زەمانئابادی”یە. ژمارەیەک لە چاودێران، زەما‌نئابادی (Meysam Zaman-Abadi) بە “مێشکی بیرکەرەوە” و ئەندازیاری سەرەکیی تویتەکانی ئەم دوایییەی قالیباف دەزانن. زاڵبوونی تەواو بەسەر ئەدەبیاتی بازاڕە دارایییەکانی ئەمریکا و بەکارهێنانی وردەکارییە که‌لتووری و زمانەوانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەو گریمانەیەی بەهێز کردووە کە ئەم هەژمارە نەک لەناو باڵەخانەی پەرلەمان لە گۆڕەپانی “بەهارستان”ەوە، بەڵکوو لە هەزاران کیلۆمەتر دوورترەوە ئاراستە دەکرێت. تەنانەت هەندێک پێیان وایە ئەم پۆستانە بە سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد (AI) داڕێژراون.

زەما‌نئابادی یەکێکە لە ڕاوێژکارە کۆن و جێمتمانەکانی محەمەدباقر قالیباف، کە پەیوەندییەکەیان بۆ سەردەمی فەرماندەییکردنی قالیباف لە هێزی پۆلیسی ئێران دەگەڕێتەوە. ئەو کە پێشتر ئەزموونی سەرنووسەریی ئاژانسی هەواڵی “ایپنا” و ڕۆژنامەی “پاس جوان”ی هەبووە، دواتر لە دامەزراوەی میدیاییی “همشهری” (هه‌مشه‌هری)دا ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا.

زەما‌نئابادی کە ئێستا نزیکەی دە ساڵە لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا دەژی، وەک یەکێک لە ئەندامانی بازنەی متمانەپێکراوی “نەوەی سێیەم”ی دەوروبەری قالیباف دەناسرێت. هەندێک لە چاودێران پێیان وایە، ناوبراو ئەرکی دووبارە بونیادنانەوەی براندی نێودەوڵەتیی محەمەدباقر قالیبافی پێ سپێردراوە. شوێنی نیشتەجێبوونی ئێستای لە کالیفۆرنیا، دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆی ئەو بە کەشوهەوای بازاڕە دارایییەکان و ترێندە میدیایییەکانی ڕۆژاوا ڕوون دەکاتەوە. تا ئێستایش ناوبراو هیچ وەڵامێکی ئەم گریمانانەی نەداوەتەوە و، پەیوەندییەکەی نە ڕەت کردووەتەوە و نە پشتڕاستیشی کردووەتەوە.

لە کۆتاییدا، چ ئەم تویتانە بەرهەمی ژیرییەکی دەستکردی پێشکەوتوو بن، یان کاری کەسێک بن لە تاران یان کالیفۆرنیا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئامادەن هەموو ئامرازێک بۆ کاریگەریدانان لەسەر نەیارەکانیان بەکار بهێنن.

دیپلۆماسی ئیتر تەنیا لەپشت دەرگه‌ داخراوەکاندا بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو گواستراوەتەوە بۆ سەر “مێزی پۆکەرێک”، کە هەر تویتێکی سەری، دەتوانێت نرخی جیهانیی نەوت بگۆڕێت. دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین لە قۆناغی کۆتاییی ئەم یارییەدا، کام لایەن “دەستی باڵا”ی دەبێت.

سەرچاوە:

https://parsi.euronews.com/2026/04/27/wall-street-diplomacy-whos-behind-ghalibafs-mysterious-x-posts

image_pdfimage_print