پێنووس

ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق: پاڵنەر و لێکەوتەکان

د. پەرویز ڕەحیم قادر، دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای زانکۆ

پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێرش و گوشاری هێزە میلیشیایییەکان و هێزە سیاسییە شیعییەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر حکوومەتی سوودانی بە مەبەستی دەرکردنی ئەمریکییەکان لە عێراق، زیادی کردووە. ئەمەیش لە لایەک بەهۆی کاردانەوە و وەڵامدانەوەی سەربازیی ئەمریکا بوو لە هەمبەر هێرشەکانی ئەم گرووپانە کە بە “لەیاسادەرچوو” دەناسرێن و، لە لایەکی تریشەوە پەیوەندیی بە هاوکێشە سیاسی و سەربازی و ئاسایشییەکانی ناوچەکەوە هەیە. لەم نێوەندەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا بەڕاستی ئەمریکا لە عێراق دەکشێتەوە و ئەم گوشارانەی لایەنگرانی ئێران کاریگەریی لەسەر ئەم بڕیارەی ئەمریکا هەبووە و لەمەیش گرنگتر، ئایا ئەمریکا عێراق و تەنانەت سووریا بۆ ئێران و بەرەی ناسراو بە “خۆڕاگری” جێ دێڵێت؟

  • ڕوانگە جیاوازەکانی عێراق و ئەمریکا بۆ پرسەکە

لە ڕێکەوتی 24ـی کانوونی دووەمی 2024 وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕای گەیاند، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆ بووەوە و نامەیەکی گرنگی لێ وەرگرت کە لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە بۆ حکوومەتی ناوەندیی عێراق نێردراوە. ئەم نامەیە زنجیرەک ڕوونکردنەوە و ڕاگەیەندراوی بە دوای خۆیدا هێنا لە هەردوو لایەن و تەنانەت لەلایەن هێزە شیعییەکان، بەڵام ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە دوو ڕوانگە سەبارەت بەم لێدوان و ڕاگەیەندراوانە هاتۆتە ئاراوە: یەکەمیان باس لە گفتوگۆ بۆ دانانی خشتەیەکی زەمەنی بە مەبەستی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات و، دووەمیان باس لە دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەکات. بۆ نموونە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا  پێی وایە دیاریکردنی کاتی گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا بە بڕیارێکی سادە نابێت، بەڵکوو بە چەند قۆناغێک دەبێت و، بەند دەبێت لەسەر سێ بنەما کە بریتین لە: “قەبارەی هەڕەشەی داعش، هەلومەرجی کارکردن و ژینگەیی، ئاستی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.” تەنانەت به‌پێى به‌یاننامه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگریی ئه‌مریكا؛ “له‌ قۆناغى داهاتوودا هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیدا به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ عێراق، درێژه‌ به‌ شه‌ڕى دژى داعش ده‌ده‌ن له‌ عێراق و سووریا.” هەروەها لە ڕێکەوتی 27-01-2024، ئالینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت: “عێراق و ئەمریکا تاوتوێی ئەوە دەکەن چۆن ئەرکی هاوپەیمانیی دژ بە داعش بە تێپەڕبوونی کات، دەگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی ئەمنیی دوولایەنە.”

لە بەرامبەریشدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕای گەیاندووە، بەغدا ئامانجییەتی “خشتەیەکی ورد و ڕوون بۆ دیاریکردنی ماوەی مانەوەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دابنێت” تاوەکوو هاوپەیمانییەکە “دەست بە کشانەوەی بە قۆناغی ڕاوێژکارەکانی لە خاکی عێراقدا بکات.” هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت کە ئامانج لەو کارە کۆتاییهێنانە بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و، هەروەها “هەنگاوێکە بەرەو پەیوەندیی دووقۆڵیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ وڵاتانی نێو هاوپەیمانییەکە.” لە لایەکی تریشەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: “پسپۆڕانی سەربازیی هەردوو لا بەرپرسن لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ ئەوەیش 10 ساڵ دوای دەستپێکردنی ئەو ئەرکە و بەدیهێنانی سەرکەوتنی گەورە بەهاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق.”[1]

هەموو ئەمانەیش دەرخەری ئەوەیە کە ناکۆکی هەیە لە نێوان ڕوانگە و ئامانجی ئەمریکا لە لایەک و حکوومەتی عێراق و هێزە شیعییەکانی لایەنگری ئێران لە لایەکی دیکەوە. هەرچەندە حکوومەتەکەی سوودانی هەم لەژێر گوشار و تەنانەت هەڕەشەی هێزە شیعییەکاندایە و هەمیش لەژێر کاریگەریی لێکەوتەکانی گوشارخستنە سەر ئەمریکادایە بۆ دەرچوون لە عێراق. بەم پێیەیش دەبینین کە هەم حکوومەتی بەغدا و هەمیش بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا، خۆیان لە لێدوانێک کە ببێتە هۆکاری ورووژاندنی میلیشیاکان دەبوێرن، چونکە لە لایەک ئەگەری هێرشی دووبارە بۆ سەر ئەمریکییەکان و لە بەرامبەریشدا کاردانەوەی سەربازییان لە ئارادایە و لە لایەکی تریشەوە، گوشارخستنە سەر ئەمریکا بە دەرچوونێک هاوشێوەی ئەفغانستان لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و لەئارادابوونی جەنگی حەماس و ئیسرائیل، کاردانەوەی توندی سیاسی و تەنانەت سەپاندنی سزا و گەمارۆی ئابووری و داراییی ئەمریکای لێ دەکەوێتەوە؛ لە ئەنجامیشدا بارودۆخی لەرزۆکی ئەمنی و سیاسی و ئابووریی عێراق زیاتر بەرەو شڵەژان و ناسەقامگیری دەڕوات و تەنانەت ئەگەری ڕووخانی کابینەکەی سوودانی بەهێز دەبێت.

پاڵنەر و هۆکارەکانی گوشاری شیعەکان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان

لە پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ ئاستی بارگرژی و پێکدادانەکان لە نێوان لایەنگرانی ئێران و هێزەکانی ئەمریکا بەدیاریکراوی لە 17ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023وە لە عێراق بەرز کردەوە و، بووە هۆی زنجیرەیەک هێرشى درۆنی و مووشەکی بۆ سەر هێز و بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و تەنانەت سووریا، کە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتییەکەی وەئەستۆ گرت. لە دوایین گۆڕانکارییەکانیشدا، هەر ئەم هێرشانەیش کاردانەوە و وەڵامی سەربازیی ئەمریکای لێ کەوتەوە کە بووە هۆی دەڕبرینی ناڕەزایەتیی میلیشیاکان و هێزە شیعییەکان و تەنانەت حکوومەتى بەغدا و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و ئەو ڕۆڵ و ئەرکەی کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پێناویدا لە عێراقن و، تەنانەت ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران (٥-١-٢٠٢٠)ى کرد بۆ دەرکردنی تەواوەتیی هێزە بیانییەکان لە عێراق؛ کە بە وتەی پەرلەمانی عێراق، بوونیان هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و سەلامەتیی گەلەکەی دەکات.

ئەمەیش بەهۆی کاردانەوەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر هێرشەکانی گرووپە چەکدارە میلیشیایییەکانەوە ڕووی دا، بەتایبەتی لە پاش ئەوەى کە لە ٤-١-٢٠٢٤ بارەگای لیوای ١٢ى بزووتنەوەی نوجەبا سەر بە حەشدی شەعبی، لە ناوەڕاستی بەغدا بۆردوومان کرا و بەهۆیەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدا لە حەشدی شەعبی، موشتاق تاڵب سەعیدی ناسراو بە “ئەبو تەقوا” لەگەڵ یەکێک لە پاسەوانەکانی کوژران و پێنج چەکداری دیکەیش بریندار بوون. هەروەها لە ٤-١-٢٠٢٤ کوشتنی مەمدووح لۆلۆ، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی جیهادی ئیسلامی لە غەززە و پاشان  لە ڕێکەوتی  ٨-١-٢٠٢٤ کوژرانی وەسام تەویڵ، فەرماندەی باڵای یەکەی ڕەزوانی حزبوڵڵای لوبنان، لە ٢٤-١-٢٠٢٤یش بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و لە تۆڵەی هێرشی سەر بنکەکەیان لە عەین ئەسەد، هێزەکانی ئەمریکا سێ بنكە و بارەگای کەتائیبی حزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبییان لە پارێزگاکانی بابل و ئەنبار لە عێراق بۆردوومان کرد؛ بۆردوومانەکەیش کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق و بەرەی موقاوەمی ئیسلامی لە عێراق و تەنانەت بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، نەیانشاردۆتەوە کە ئەم هێرشانە بۆ سەر ئەمریکییەکان پەیوەندیی بە جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە هەیە.

ڕاستییەکەى، ئێران دواى هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە مەبەستی لەناوبردنی حەماس و، هەروەها پاش کوژرانی سەیید ڕەزی مووسەوی، فەماندەی باڵای سوپای قودس، لە ڕێکەوتی ٢٥ی دێسەمبەری ٢٠٢٣ لە  سووریا و، هەروەها لە ڕێکەوتی ٣٠ی دێسەمبەری ٢٠٢٣ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەلەب و لە هەمان ڕۆژ هێرشی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی لە دێرەزوور و پاشان لە ڕێکەوتی ٢-١-٢٠٢٤ کوژرانی ساڵح ئەلعاروری جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە لوبنان و، تەنانەت هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن، کۆماری ئیسلامیی ڕووبەڕووی ڕەخنە و گوشارێکی زۆر، چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی لایەنگرانی لە بەرەی ناسراو بە بەرەی خۆڕاگری (محور مقاومت) کردۆتەوە؛ چونکە پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچوون کە هەم حزبوڵڵای لوبنان وەکوو بەهێزترین و نزیکترین هێزی پرۆکسیی ئێران لە ناوچەکە و تەنانەت خودی ئێرانیش لە بەرامبەر ئیسرائیل کاردانەوەی سەربازیی هەبێت، بەڵام دەبینین کە هەم ڕێبەری باڵای ئێران، ئایەتۆڵڵا خامنەیی و هەمیش بەرپرسانی باڵای سەربازی و دیپلۆماسیی ئەو وڵاتە، خۆیان لە بەرزکردنەوەی بارگرژییەکان و ئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و بەتایبەتی ئەمریکا دوور خستۆتەوە.

بۆیە کۆماری ئیسلامی هەم دەیەوێت وەڵامی لایەنگرانی لە ئاستی ناوخۆیی بداتەوە کە بەرپرسانی ئێران بەردەوام باسیان لە لەناوچوونی ئیسرائیل کردۆتەوە و هەمیش لە ئاستی ناوچەکە هێزە پرۆکسییەکان و بەتایبەتی حەماس و بەرەی موقاوەمە ڕازی بکەن کە ئێران پاڵپشتییان دەکات. لەم چوارچێوەیەیشدا ئێران و پرۆکسییەکانی پێویستیان بەوە هەبووە کە بەبێ ئەوەی ئێران لە جەنگەوە تێوە بگلێت، هەم پێکدادان و بارگرژییەکان لەژێر ئاستی جەنگی ڕاستەوخۆ (below the threshold of war ) ڕابگرن، هەمیش گوشارەکانی لەسەر حەماس کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی نەبێتە هۆکاری شکستی یەکجاریی حەماس و، ئەمەیش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە هەبێت.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئێران دەیەوێت گوشارەکانی سەر حەماس لە ڕێگەی کردنەوەی بەرەی دیکە و گوشار بۆ سەر خودی ئەمریکا کەم بکاتەوە، بەو ئامانجەی کە ئەمریکا گوشار لە ئیسرائیل بکات بۆ وەستانی شەڕەکە؛ چونکە بەرپرسانی ئێران خوێندنەوەیان ئەوەیە کە ئەمریکاش وەکوو ئێران بەرفراوانبوونی جەنگی ناوێت و لە ڕوانگەی ئەمریکییەکان ئەوە ڕووسیا و چین قازانج دەکەن لە تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگێکەوە لە ناوچەکەدا. چونکە ئەمریکا سەرنجی زیاتر لەسەر کۆنترۆڵکردنی چین لە باشووری ئاسیا و، هەروەها جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینایە. جگە لەمانەیش، ئیدارەی بایدن خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ چوونە ناو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لەمساڵدا و، بەم پێیەیش کاتەکەی بۆ دیموکراتەکان زۆر هەستیارە و تێوەگلان لە جەنگ بۆ دیموکراتەکان بە واتای شکستیان دێت لە بەرامبەر دۆناڵد ترامپ. هەروەها ڕای گشتیی ئەمریکاش پشتیوانی لە هیچ جەنگێک ناکات کە جارێکی دیکە ئەمریکا بەشداریی تێدا بکات. هەر بۆیە ئێران هەوڵی داوە لە ڕێگەی حووسییەکان لە دەریای سوور و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر بازرگانیی نێودەوڵەتی لە گەرووی بابئەلمەندەب و، هەروەها هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان لە عێراق و سووریا و تەنانەت هێرشی سنوورداری حزبوڵڵا لە بەرەی باکووری ئیسرائیل، ئەم گوشارانە کەم بکاتەوە.

لەم چوارچێوەیەیشدا بوو کە چەند جارێک بەرپرسانی ئەمریکا و بەتایبەتی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشانە وەڵامێکی ڕاستەوخۆن بۆ زنجیرەیەک هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا لەلایەن ئەو هێزانەوە کە ئێران سپۆنسەریان دەکات. بۆیە ئەمریکییەکان وشیارن بەوەی کە هەر دەرچوونێک لەم کاتەدا ئامانجەکانی ئێران و لایەنگرانی دێنێتە دی و، تەنانەت ئەوانیش نایانەوێت ڕاستەوخۆ ئێرانییەکان بکەنە ئامانج؛ بەڵام کێشەیەکی سەرەکییان ئەوەیە کە کاتێک هێرشیان دەکرێتە سەر، ئەوە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتییەکەی دەگرێتە ئەستۆ، کە لە ڕاستیدا ئەمریکییەکان دەزانن هەمان هێزەکانی حەشدی شەعبین کە بەرگی موقاوەمەی ئیسلامییان بەبەر خۆیاندا کردووە و، تەنانەت کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق و نوجەبا بەرپرسیاریێتی خۆیان لە هێرشەکاندا ڕاگەیاندووە، بەڵام کاتێک وەڵامی سەبازییان دەدەنەوە، ئەوە هەم حکوومەتی سوودانی لەژێر گوشاری ئەو هێزە میلیشیایییانە و هەم هێزە شیعییەکان بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و ڕێککەوتنی ئامادەییی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و بەپێچەوانەی ڕۆڵ و ئەرکی ئەو هێزانەی هەژمارى دەکەن.

لە لایەکی دیکەیشەوە، ئەگەر وەڵام نەدەنەوە ئەوە لە ناوخۆی ئەمریکا و لە ئاستی ناوچەیی لەلایەن هاوپەیمانانیانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی جددیی ئاشکرا و نهێنی دەبنەوە و ئەمریکا بەلاواز دەردەکەوێت کە توانای پاراستن و بەرگریکردن لە خۆیشی نییە و، هەر ئەمەیش ورە و وزەی پرۆکسییەکانی ئێران بەرز دەکاتەوە. هەر بۆیە وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت: “ئێمە بەتەواوی ئامادەین بۆ گرتنەبەری ڕێکاری زیاتر بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان و بنکەکانمان.” بۆیە داوا لەو گرووپانە و لە “پاڵپشتیکارەکەیان کە ئێرانە” دەکات، “دەستبەجێ هێرشەکان بوەستێنن.” جگە لەمانەیش، بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئێران بەردەوام ڕایان گەیاندووە، کە بەرزترین و بەهێزترین تۆڵەکردنەوەی بەرەی موقاوەمە سەبارەت بە کوشتنی قاسم سولەیمانی، بریتییە لە دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە و، ئێستا و لەم بارودۆخە بە باشترین دەرفەت دەزانن. هەر بۆیە ئەگەر بتوانن ببنە هۆکاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە- تەنانەت ئەگەر تەنیا گۆڕینی ئەرک و لە چوارچێوەی ڕاگەیەندراوی فەرمییش بێت-ئەوە هەم گوشارەکانی ناوخۆیی و دەرەکیی لایەنگرانیان کەم کردۆتەوە و هەمیش لە ئاستی فەرمی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە کۆتاییدا توانییان تۆڵەی کوشتنی سولەیمانی لە زلهێزترین وڵاتی جیهان بکەنەوە و، وەکوو لە ئەدەبیاتی ئێرانییەکان باوە دەتوانن بڵێن کە ئەمریکا “بە سەڕشۆڕی” عێراق و ناوچەکەی جێ هێشت!

کاریگەری و لێکەوتەکانی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق

لەم قۆناغەدا ئەگەر لەژێر گوشاری میلیشیا چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، ئەمریکا دەربچێت و ناچار بە پاشەکشەی سەربازی بێت، ئەوە بەدڵنیایییەوە ئەمریکا لە سووریا ناچار دەبێت بکشێتەوە و، هاوپەیمانانیش لە عێراق و فەرەنسایش لە سووریا پاشەکشە دەکەن. لەم حاڵەتەدا ئێران بەتەواوی لە ناوچەکەدا باڵادەست دەبێت. ئەمەیش هاوکێشە جیۆسیاسییەکان لە بەرژەوەندیی ئێران و لایەنگرانی و لە زیانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و بەتایبەتی ئیسرائیل دەگۆڕێت. ئەوەی کە گرنگە و ئاماژەکان دەری دەخەن ئەوەیە، ئەمریکا نایەوێت هاوشێوەی ئەفغانستان پاشەکشەیەک بکات کە هەم لە ئاستی ناوخۆیی و هەمیش لە ئاستی هاوپەیمانەکانی ڕووبەڕووی ڕەخنە ببێتەوە. لە لایەکی تریشەوە سوودانی دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە گوشاری لایەنگرانی ئێران کەم بکاتەوە و ڕێگەیش لەوە بگرێت کە ئەمریکا کاردانەوەی توندی سیاسی و ئابووریی هەبێت و، بەم پێیەیش عێراق ڕووبەڕووی سزای هاوشێوەی ئێران ببێتەوە؛ چونکە لەم حاڵەتەدا بەتەواوی ئابووریی عێراق کە بە زیاتر لە ٩٣% پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە، دادەڕمێت و ئەمریکا دەتوانێت هەم دەست بەسەر پارەکانی فرۆشتنی نەوتی عێراقدا بگرێت لەژێر پاساوی جۆراوجۆر و، هەمیش چیتر ڕێگە لە سکاڵا نێودەوڵەتییەکان لە دژی عێراق نەگرێت؛ تەنانەت لەمەیش مەترسیدارتر ئەوەیە کە دەتوانێ هاوشێوەی ئێران سزا بەسەر فرۆشتنی نەوتی عێراقدا بسەپێنێت. هەرچەندە بەهۆی بارودۆخی ئاسایشی وزە لە پاش هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و، هەروەها هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و جەنگی ئیسرائیل-حەماس، ئەم بڕیارەی سەپاندنی سزا بەسەر فرۆشتنی نەوتی عێراق لە ئێستادا ئەگەرێکی ئەستەم و دوورە.

جگە لەمانەیش، دەرچوونی لەناکاوی ئەمریکا لە عێراق، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جەنگی دژی داعش دەبێت و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان لە عێراق و سووریا بەرز دەبێتەوە و، هەروەها داهاتوووی ئیدارەی ڕۆژاوای کوردستان ناڕوون دەبێت و ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان دێتە ئاراوە. هەروەها ڕووسیا لە ڕێگەی ئێران و لایەنگرانی، پێگەی لە ناوچەکەدا قایمتر دەبێت و هاوسەنگیی هێز لە قازانجی چینیش دەگۆڕێت. بەڵام ئەمریکا بۆ ئەوەی ئەم سیناریۆیە ڕوو نەدات، دەیەوێت تاوەکوو پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و یەکلایییبوونەوەی جەنگی حەماس-ئیسرائیل، قۆناغ بە قۆناغ یان ئەرکی هێزەکانی بگۆڕێت بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر حکوومەتی سوودانی و، هەروەها ڕێگریکردن لە هێرشەکانی لایەنگرانی ئێران لە عێراق و سووریا، یان ئەوەی کە ڕێککەوتنێکی نهێنی لەگەڵ ئێران بکات بۆ ئەوەی کە هەم گوشارەکانی سەری کەم بکاتەوە و هەمیش پێکدادان لەگەڵ ئێران ڕوو نەدات؛ چونکە ئەمریکا پێی وایە کە ئەگەر لە جەنگێکەوە بگڵێت، جگە لە قازانجی ڕووسیا لە بەرەی ئۆکراینا و دروستبوونی هەڕەشە بۆ ئەوروپا، ئەوە چینیش دەرفەتەکە دەقۆزێتەوە و ئەگری هەیە هێرشی سەربازی بکاتە سەر تایوان و بەتەواوی هاوکێشەکانی باشووری ئاسیا لە زیانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بگۆڕدرێت.

جگە لە فاکتەر و هۆکارە ناوخۆیییەکان، ئەمریکا نایەوێت ئامادەییی هێزەکانی لە عێراق ببێتە هۆکارێک بۆ پێکدادان لەگەڵ ئێران و، لە بەرامبەریشدا ئێرانییەکان ئەم ڕاستییەیان درک پێ کردووە و ئاستی گوشارەکانیان بۆ سەر ئەمریکا بەرز کردۆتەوە. لە لایەکی تریشەوە، ئەمریکا ترسی ئەوەی هەیە کە هەر بارگرژییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێران بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بڕوات و دۆخەکە بەتەواوی لە کۆنترۆڵی ئەمریکا دەربچێت. هەروەها ئەمریکا نایەوێت لەم دۆخەی ئێستادا بمێنێتەوە کە هێزەکانی ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە، بەڵام نایەوێت ناچار بە وەڵامدانەوەی سەربازی و کوشتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بێت و لەم ڕێگەیەوە کابینەی سوودانی کاردانەوەی تونتری هەبێت و ناچار بێت داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکات لە بری گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ ڕێکخستنەوەی ڕۆڵ و ئەرکی ئەم هێزانە و گواستنەوەی هاوبەشیی دوولایەنە لەگەڵ ئەمریکا بۆ بوارەکانی ئەمنی و سیاسی و ئابووری و کەلتووری و…، هەروەکوو حکوومەتی عێراق ڕای گەیاندووە. هەروەها دەرچوونی ئەمریکا هاوشێوەی ئەفغانستان، لە ئاستی ناوخۆییی عێراقیش جارێکی دیکە هاوسەنگیی هێز لە قازانجی لایەنگرانی ئێران و میلیشیاکان دەگۆڕێت و سوننە و کورد زیاتر لە ساڵی ٢٠١١، ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و ئێران بەتەواوی زاڵ دەبێت و ئاڵقەی پێکەوەبەستنەوەی هیلالی شیعی لە ڕێگەی عێراقەوە بۆ دەریای سپیی ناوەڕاست دەکەوێتە دەست ئێران و، بەم پێیەیش گواستنەوەی چەک و هێزە میلیشایییە بیانییەکانی وەکوو زەینەبیۆن و فاتمیۆن و…، بۆ یارمەتیدانی حزبوڵڵای لوبنان وەکوو گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل، دەبێتە مەترسییەکی وجوودیی گەورەتر لە حەماس بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. بەم پێیەیش، کۆی ناوچەکە دەچێتە جەنگێکی گەورەترەوە کە جارێکی دیکە ئەمریکا ناچار دەکات کە بە هێزی سەربازییەوە بەرەوڕووی مەترسییەکان ببێتەوە.

کۆبەند

هاوکێشەکە بەم شێوەیەیە، کە هەرچەندە ئێران لە ڕێگەی پرۆکسییەکانییەوە لە لوبنان و سووریا و عێراق و یەمەن هێرشی بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە، بەڵام ئێران دڵنیایە لەوەی کە جەنگ بەرفراوان نابێت و، هەروەها ئاستی کاردانەوەکانی ئەمریکا تاوەکوو ئێستا بەقەد قەبارەی گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان لە ناوچەکە و تەنانەت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەرپرسانی ئێرانی و گرووپەکانی موقاوەمە نییە؛ بەڵام ئەم دۆخە بە تێپەڕبوونی کات دڵنیا و جێگیر نییە. هەر بۆیە دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەتوانێت دڵەڕاوکێى ئاسایشی و وجوودییەکانی ئێران بڕەوێنێتەوە و جگە لەمەیش لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتیدا وەکوو سەرکەوتنێکی گەورە وێنای بکات، بەتایبەتی لە پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە ساڵی ٢٠٢٠.

واقعیترین سیناریۆ بۆ عێراق و ئەمریکییەکان ئەوەیە کە ڕێگە لە هێرشی میلیشیاکان  و کاردانەوەی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەریان بگرن لە ڕێگەی دانوستان بۆ گۆڕینی ئەرک و ڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا و، لە بەرامبەریشدا پێ دەچێت ئەمریکا تا یەکلاییبوونەوەی جەنگی حەماس-ئیسرائیل و ڕەواندنەوەی هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیل بەردەوام بێت و، تەنانەت ئەگەر بڕیار بدات کە جێگۆڕکێ بە هێزەکانی بکات (چونکە ئەمریکا لە ناچەکەدا ئامادەییی سەربازیی هەیە)، ئەوە قۆناغ بە قۆناغ بێت و وەکوو پێش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتنێکی نهێنی و نافەرمییش لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەک و یەکلاییبوونەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە. هەروەها پێ دەچێت لە لایەک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئامادەییی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا یەکلایی دەکاتەوە و، لە لایەکی تریشەوە چارەنووسی ڕێککەوتن و پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، فاکتەرێکی کاریگەرە لەسەر بڕیاری ئەمریکا.

جگە لەو خاڵانەی سەرەوەیش، ئەمریکا نایەوێت ئێران بەتەواوی لە عێراق باڵادەست بێت، لە کاتێکدا دڵنیا نەبێت لە توانای هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق و پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان. هەروەها چۆنێتیی بەردەوامبوونی پەیوەندیی ئەمریکا و هێزەکانی پێشمەرگە لە لای پێنتاگۆن پرسێکی هەستیارە و، ئەمریکا دەیەوێت ئەمە یەکلایی بکاتەوە کە بە چ شێوەیەک دەبێت؛ چونکە لە پاش ڕوودەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، ڕۆڵ و پێگەی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە هاوکێشە سەربازی و ئاسایشییەکانی ناوچەکە، جارێکی دیکە بەرز بووەوە کە دواى شکستی داعش، بەرە بەرە ئەو ڕۆڵە نزم ببووەوە. لە لایەکی تریشەوە، ئەمریکا کارتی شەقامی عێراقی و بەشێکی سەرەکی لە سوننەکان و، هەروەها لەناو شیعەکان “موقتەدا سەدر”ی بەدەستەوەیە و دەتوانێت لە بەرامبەر شیعەکان بەکاری بێنێت، ئەگەر لایەنگرانی ئێران گوشاری زیاتری لێ بکەن. چونکە ڕوانگەیەکی تا ڕاددەیەک دروست هەیە کە دروستبوونی پشێویی ئاسایشی لە عێراقێکی سزادراو و گەمارۆدراو لەلایەن ئەمریکاوە (هاوشێوەی ئێران)، بەهۆی بارودۆخی ئابووری و ئاسایشیی ئێرانەوە لە زیانی خودی تارانە. ئەوەی کە گرنگە، ئەمریکا نایەوێت وەکوو ئەفغانستان بکات و پێکهاتە و هەڵکەوتی عێراقیش ئەفغانستان نییە! بۆیە لە کورتمەودادا گۆڕینی ئەرک و ناونیشانی و بەم پێیەیش پێناسەیەکی نوێی یاسایی بۆ ئامادەییی ئەمریکا لە عێراق، نزیکترین سیناریۆیە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق.

[1] – لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “کاری لیژنەی باڵای سەربازی دوای ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر ئاستی سێ تیم دەست پێ دەکات کە ئەرکیان بریتی دەبێت لە: هەڵسەنگاندنی هەڕەشەی داعش، هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق.” هەروەها دەڵێت: “لەژێر رۆشناییی ئەم پێداچوونەوەیەدا، خشتەیەکی کاتی دادەڕێژرێت بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان و هەنگاونان بۆ رێکخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هاوبەشی هاوپەیمانییەکە. هەروەها عێراق پابەند دەبێت بە چوارچێوەی ستراتیژی کە لە ساڵی 2008 لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆ کرا؛ پابەندیش دەبێت بە دابینکردنی سەلامەتی بۆ راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ماوەی قۆناغی دانوستاندندا لە سەرانسەری وڵات”.

image_pdfimage_print