پێنووس

سوودانی لەناو بەرداشی ململانێکانی ئێران و ئەمریکادا: شرۆڤەیەک بۆ لێکەوتە و ئەنجامەکانی سەردانی سوودانی بۆ ئەمریکا

د. پەرویز ڕەحیم قادر/ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان-دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی/مامۆستای زانکۆ

بڕیارە 15ی نیسانی ٢٠٢٤، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی کۆ ببێتەوە. ئەو سەردانە سەرەڕای ئەوەی کە بۆ سوودانی و عێراق لە چەندان ڕەهەندەوە گرنگە، هەر ئەوەندەیش بۆ ئەمریکا. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە عێراق چیی لە ئەمریکا دەوێت و بۆچی سوودانی و ناوەندەکانی سیاسی و ڕاگەیاندنی عێراقی بەگرنگییەوە دەڕواننە ئەو سەردانە و، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا چیی لە سوودانی دەوێت؟ هەروەها ئەم پرسیارەیش هەر لە جێگەی خۆی دەمێنێتەوە کە ئایا ئەم سەردانە هیچ دەسکەوتێکی بۆ عێراق لێ دەکەوێتەوە و سوودانی بەدەستی پڕەوە لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە؟ لەم نووسینەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو سەردانە، بەڵام بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییە ناوخۆیییەکانى عێراق و ئەمریکا و، هەروەها ئاڵوگۆڕە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان. بە شێوەیەکی گشتی لە ئێستادا بەردەوامیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا پەیوەندیی بە ٦ پرسی سەرەکییەوە هەیە:

یەکەم- سنووردارکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەمکردنەوەی نفووزی لە عێراق؛ دووەم- پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان لە ناوچەکەدا؛

سێیەم- پاراستنی سوودە ئابوورییەکانی نەوتی عێراق و کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لەم وڵاتەدا ئامادەیییان هەیە؛

چوارەم- ڕێگریکردن لە دروستکردنی پەیوەندییەکی زەمینی لە نێوان ئێران، عێراق، سووریا و دەریای ناوەڕاست؛

 پێنجەم- ڕێگریکردن لە باڵادەستیی ڕووسیا و بەتایبەتی چین لە ناوچەکەدا لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە؛

شەشەم- دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و پاراستنیان؛

حەوتەم- کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی سووریا و بەردەوامی بە جەنگی دژی داعش، پوختەی ئامانجەکانی ئەمریکایە بۆ ئامادەبوونی سەربازی لە عێراق.

لە بەرامبەردا، سوودانی بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەسەر چەندان پرس و دۆسیەى وەکوو؛ داهاتووی  ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، پرسی بانکی و بابەتە دارایی و ئابوورییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و تەنانەت پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە ڕوانگەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە عێراق و پەیوەندییەکانی عێراق و چین و… سەردانی ئەمریکا دەکات، بەڵام گرنگترینیان بریتین لە؛ داهاتووی ئامادەییی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، چونکە ئەم دۆسیەیە لە ئێستادا یەکێک لە گرنگترین و ئاڵۆزترن پرسەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆنە. چونکە هەم بۆ ئەمریکا و هەمیش بۆ حکوومەتی عێراق کە لەلایەن هێزەکانی نزیک لە ئێران کۆنترۆڵ کراوە و خودی “محەممەد شیاع سوودانی”ش لەلایەن ئەوانەوە بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێردراوە، پرسێکی هەستیار و چارەنووسسازە. لەو ڕووە ئەم پرسە هەستیارە، چونکە ئەگەر سوودانی ئەمریکا ناچار بکات کە بەهۆی گوشاری هێزە شیعەکانی لایەنگری ئێران و میلیشیاکان عێراق جێ بێڵێت، ئەوە سوودانی دەزانێت کە پاڵپشتیی ئەمریکا لەدەست دەدات و لەوانەیشە حکوومەتەکەی سوودانی و عێراق ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی گەورەتر لە بوونی ئەم هێزانە ببێتەوە؛ چونکە جگە لەوەی کە هێزە چەکدار و ئاسایشییەکانی عێراق ئامادەییی پاراستنی سەروەری و ئاسایشی عێراقیان نییە، لە هەمان کاتیشدا خودی میلیشیاکانیش دەتوانن هەڕەشەیەکی جددی بن بۆ سەر سەروەری و کۆی پرۆسەی سیاسی و ئاسایشی لە عێراقی فرەپێکهاتەدا. لە لایەکی تریشەوە، هەر ناسەقامگیری و نائاسایشییەک لە عێراق کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوسەنگی و ئاسایشی هەرێمایەتی هەیە؛ ئەمەیش ئەو خاڵەیە کە هەم ئەمریکا و هەمیش دراوسێکانی نیگەران دەکات.

لە ڕوانگەیەکی ترەوە، بۆ ئەمریکا لە ئێستادا کە هاوپەیمانێکی گرنگی وەکوو ئیسرائیل لە پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ لە جەنگ لەگەڵ ئەکتەرێکی نادەوڵەتیدایە کە پشتیوانیی ئەکتەرێکی دەوڵەتیی وەکوو ئێرانی دوژمنی ئیسرائیل و ئەمریکای هەیە، پاشەکشە بە واتای تێکچوونی هاوسەنگیی هێزی هەرێمایەتی لە قازانجی نەیار و دوژمنەکانی دێت؛ ئەمە جگە لەوەی کە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی دیکەی وەکوو حزبوڵڵای لوبنان و میلیشیاکانی ئێران لە سووریا و عێراق و حووسییەکانی یەمەنیش پاڵپشتی لە حەماس دەکەن و لانی کەم چوار بەرەی جەنگیان لەودیوی کەرتی غەززە کردۆتەوە.

ڕەهەندێکی دیکە ئەوەیە کە ئەم پرسە پەیوەستە لە لایەک بە ململانێ ناوخۆیییەکانی شیعەکان لە عێراق و لە لایەکی دیکەوە بە نیگەرانییەکانی سوننە و کوردەوە؛ بەم واتایە کە مانەوە و بەردەوامیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان جگە لەوەی کە لە ڕووی ئاسایشییەوە متمانە بە حکوومەت دەدات کە میلیشیاکان بەتەواوی باڵادەست نەبن، لە هەمان کاتیشدا توانای حکوومەتی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان بەرز دەکاتەوە. هەر ئەم خاڵەیش وا دەکات کە ئەکتەر و فاکتەری هەرێمایەتی بێتە ناو هاوکێشەکەوە، چونکە بەشێکی زۆر لەم هێزە میلیشایییانە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و باڵی سیاسییان لە حکوومەتی عێراق هەیە و، بەم پێیەیش ئێران دەتوانێت لە ڕێگەیانەوە نفووزی خۆی دەستەبەر بکات. بەڵام لە ئامادەیی و بوونی ئەمریکا لە عێراق، ئەو هێزانە ڕۆڵ و نفووزیان کەمتر دەبێتەوە و لە ئەنجامیشدا ئەوە ڕۆڵ و نفووزی ئێرانە کە لەقاڵب دەدرێت.

 هەر بۆیە دەرچوونی ئەمریکا لە عێراق جگە لەوەی کە بۆ ئێران لە ڕووی سیاسییەوە بە دەسکەوتێکی ئایدیۆلۆژی دادەنرێت- چونکە بەرپرسانی ئێرانی لە چەندان بۆنە ڕایان گەیاندووە کە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە تۆڵەی خوێنی “قاسم سولەیمانی”یە- لە هەمان کاتیشدا، ئەم دەرچوونە ئەگەر لە چوارچێوەی ناچاری و دەرکردن بێت، ئەوە ڕۆڵ و پێگەی ئێران وەکوو ئەکتەری ئاسایشی لە عێراق، بەرز دەکاتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە تەنیا ناوەستێتە سەر عێراق، بەڵکوو بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی عێراق، بۆ ناوچەی کەنداو و، هەروەها سووریا و لوبنان و “دەریای سپیی ناوەڕاست”یش شۆڕ دەبێتەوە. ئەمە ئەو خاڵەیە کە ئەمریکا و هاوپەیمانە هەرێمایەتییەکانی ئەمریکا، وەکوو وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی ئیسرائیل، نیگەران دەکات. چونکە ئەو کاتە حکوومەتی سوودانی بە شێوەیەکی ناچاری بۆ پاراستنی خۆی و دەستەبەرکردنی سەقامگیرییەکی ڕێژەیی، پەنا دەباتە بەر ئێران و هێزە میلیشیاکانی لە عێراق و، هەر ئەمەیش وا دەکات کە عێراق بە دەوڵەتێکی لەرزۆکەوە، بەتەواوی پەیوەست بێت بە پرۆژە و ستراتیژییە هەرێمایەتییەکانی ئێران لە ناوچەکە کە خۆی لە دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەبینێتەوە.

لە لایەکی تریشەوە، ئەم باڵادەستییەی ئێران کۆمەڵێک ناسەقامگیریی ناوخۆیی و هەرێمایەتیی گەورەتری لێ دەکەوێتەوە، بۆ نموونە؛ ئیسرائیل کە لە ئێستادا لە جەنگێکی پڕمشتومڕدایە لەگەڵ حەماس و بەناڕاستەوخۆش لەگەڵ حزبوڵڵا و میلیشیاکانی ئێران لە عێراق و سووریا و یەمەن، ئەو کاتە بۆ دەربازبوونی خۆی لە دڵەڕاوکێی ئاسایشی و وجوودییەکان بە ئەگەری زۆرەوە پەنا دەباتە بەر هێرشکردنە سەر حزبوڵڵا و تەنانەت ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دژی بنکە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لەناو خاکی ئێران. ئەمەیش ئاگری جەنگێکی هەرێمایەتی لە ناوچەکەدا هەڵدەگیرسێنێت، کە نە ویستراو و خوازیاری حکوومەتەکەی سوودانییە و نە ئەمریکاش ئەوەی دەوێت.

هەر بۆیە سوودانی و حکوومەتەکەی سەرەڕای پێداگری لەسەر کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی سەربازیی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ئاستی میدیایی، لە هەمان کاتیشدا باس لە گۆڕینی ئەرکی ئەو هێزانە دەکەن، نەک دەرکردن یاخود دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا.

لە ڕاستیدا ئەم پرسە بۆ ئەمریکاش بە هەمان ئاست و ڕاددە هەستیارە، چونکە ئەمریکای ئیدارەی بایدن نە دەیەوێت بە مانەوەی هێزەکانی بەم شێوەیەی ئێستا ڕووبەڕووی هێرشی کوشندە وەکوو هێرشەکەی ڕێکەوتی ٢٨-١-٢٠٢٤ بۆ سەر بورجی ژمارەی ٢٢ لە ئۆردن  لەلایەن گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق نزیک لە حەشدی شەعبی، کە بووە هۆی کوژرانی ٣ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی زیاتر لە ٤٠ کەس، ببێتەوە و نە ئەوەی توانای خۆی بە پاشەکشە لە ناوچەکەدا لەدەست بدات. هەر بۆیەیش لە پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکا بە ڕەوانەکردنی نزیکەی ١٥ هەزار سەرباز، ژمارەی هێزەکانی لە ناوچەکەدا بەرز کردەوە بۆ ئەوەی ڕێگە لە دروستبوونی جەنگێکی سەرتاسەری لە ناوچەکەدا بگرێت. هەروەها لە ساڵی هەڵبژاردندا؛ ئیدارەی بایدن نایەوێت لە لای هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بەلاوازی دەرکەوێت، چونکە ئەزموونی لانی کەم دەیەی ڕابردوو نیشانی داوە کە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە لاوازیی ئەمریکا لە ناوچەکە نیگەرانن و بۆ پاراستنی خۆیان بەپێچەوانەی پێشبینییەکانی ئەمریکییەکان، زیاتر لە ئێران نزیک بوونەوە و گۆڕانکارییان بەسەر ستراتیژییە نەریتییەکەیان هێنا کە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان تەنیا پشت بە پاراستنی سەربازیی ئەمریکا ببەستن.

 ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هیوادار بوو کە ترس لە ئێران و دەستوەردانەکانی وا بکات کە ئەم دەوڵەتانەی ناوچەکە زیاتر لە ئەمریکا و بەتایبەتی ئیسرائیل نزیک ببنەوە و رێککەوتنی ئیبراهیم لە نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی هەر لەم ڕوانگەیەوە سەرچاوەی دەگرت. بەڵام ئەم دەوڵەتانە هاوکات لەگەڵ دانوستان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لە ئاستی هەرێمایەتی لە ئێران و لە ئاستی نێودەوڵەتییش لە چین و ڕووسیا نزیک بوونەوە کە نفووز و کۆنترۆڵیان لەسەر ئێران هەیە. ئەمەیش بەرپرسانی ئەمریکای نیگەران کردووە و هەر بۆیە لە ئێستادا پاش ئەزموونی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و، هەروەها ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیا بە ناوبژیوانیی چین، بەهەستیارییەوە دەڕواننە ئامادەییی هێزەکانیان لە ناوچەکەدا.

لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی سوودانی، دەیەوێت بە گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی لە عێراق ڕێگە لە هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی بگرێت، چونکە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی و لە ئەنجامدا ببێتە هۆی کوژرانی سەربازانی ئەمریکا، ئەوە ئیدارەی بایدن ناچارە هێرشی هاوشێوەی 07-02-2024،  کە بووە هۆی کوشتنی فەرماندەیەکی کەتائیبی حزبوڵڵا بە ناوی  “ئه‌بو باقر ساعیدی” ئەنجام بدات، یان ئەوەی کە وەکوو ئەمریکییەکان چەندان جار هەڕەشەیان کردووە، راستەوخۆ هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئێران. لە سیناریۆی یەکەمدا، ڕاستە ئەمریکا هێرشەکانی میلیشیاکانی لایەنگری ئێرانی لە دژی ئەمریکییەکان ڕاگرت، بەڵام بووە هۆکاری ئەوەی کە لە ئاستی عێراق ناڕەزایەتیی توند لە دژی بوونی هێزەکانی ئەمریکا دەڕببردرێت و، سوودانی ناچار ببێت هۆشداری بدات لە ئەگەری تێوەگلانی عێراق لە پێکدادانی نێوان ئێران و ئەمریکا و، بەهۆی گوشاری هێزە شیعییەکانەوە ئەمریکا تۆمەتبار بکات بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و؛ بۆیە داوای کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکات. هەروەها لە سیناریۆی دووەمیشدا، ئەمریکا ناچار دەبێت لە جەنگی ئیسرائیل-حەماسەوە بگلێت و بەم پێیەیش پێکدادان لەگەڵ ئێران دەبێتە ئەگەرێکی حەتمی. ئەم سیناریۆیەیش خراپترین سیناریۆیە بۆ ئەمریکا لە ساڵی هەڵبژاردن و هیچ پاڵپشتییەکی ناوخۆییشی نییە لە ئەمریکا و، لە هەمان کاتیشدا بەپێچەوانەی ستراتیژیی ئەمریکایە لە ئاستی نێودەڵەتی و لە قازانجی ڕووسیا و پاشا چین دەشکێتەوە.

هەر بۆیە دوورکەوتنەوە لە پێکدادان لە عێراق لەگەڵ میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، دەتوانێت یارمەتیی ئەمریکا بدات کە هەم جەنگی ئیسرائیل-حەماس لە سنووری تەسکی خۆیدا بهێڵێتەوە و دڵنیا بێتەوە کە هاوسەنگیی هێز لە قازانجی ئێران و پرۆکسییەکانی ناگۆڕدرێ و هەمیش خۆی لە پێکدادان لەگەڵ ئێران بەدوور دەگرێت. ئەمەیش بەوە دەکرێت کە لە ڕێگەی حکوومەتەکەی سوودانییەوە ئەرکی هێزەکانی بگۆڕێت کە هەم گوشار لەسەر کابینەی سوودانی کەم ببێتەوە و لایەنگرانی ئێران وەکوو دەسکەوت وێنای بکەن و هەمیش ناچار نەبێت کە بە پاشەکشەکردن لە عێراق، لە ئاستی هەرێمایەتیدا وەکوو ئەکتەرێکی لاواز و دۆڕاو، بۆشایییەکەی لەلایەن ئێران و میلیشیاکان و پاشان ڕووسیا و چین پڕ بکرێتەوە و هاوپەیمانەکانی ئەوەندەی دیکە لە ڕووسیا و چین و ئێران نزیک ببنەوە. بۆیە لە نێوان بەردەوامیی سەربازی و پاشەکشەدا، ئەمریکا دەیەوێت سوودانی بەهێز بکات بۆ ئەوەی هەم بەناڕاستەوخۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق بپارێزێت بۆ ئەوەی ئێرانیش ناچار بێت کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەستەبەر بکات و لە لایەکی تریشەوە، ڕێگە لە باڵادەستیی تەواوەتیی ئێران، چ لە ئاستی عێراق و چ لە سووریا و ناوچەکە بگرێت کە ناسەقامگیریی کۆی ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە و لەمەیش مەترسیدارتر بۆ ئەمریکا، بە واتای باڵادەستیی چین و ڕووسیا دێت. هەروەها بڕیاری نوێکردنەوەی لێخۆشبوونی ١٢٠ ڕۆژەی عێراق بۆ پێدانی پارەی کارەبا بە ئێران لەهەمان چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق شرۆڤە دەکرێت و لە هەمان کاتیشدا، پاڵپشتییە لە حکوومەتەکەی سوودانی لە عێراق.

عێراق وەک حاڵەتێکی دەگمەن هاوپەیمانی هەردوو ئەکتەری دژبەیەک، واتە ئەمریکا و ئێرانە. زیاتر لە 100 ملیار دۆلار یەدەگی دراوی بیانیی لە ئەمریکا هەیە و هەر بۆیە زۆر پشت بە پشتیوانیی واشنتۆن دەبەستێت بۆ دڵنیابوون لەوەی دەستڕاگەیشتن بە داهاتی نەوت و سەرچاوە دارایییەکان ڕێگریی لێ نەکرێت. بۆ نموونە، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە ژێر ناوی “بۆچی هاوبەشیی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق گرنگە بۆ خەڵکی عێراق؟”، بەرگریی لە بوونی وڵاتەکەی لە عێراق کرد و هاوکات ئامار و زانیارییەکانی ئەم هاوبەشییەی لە بوارە جیاجیاکاندا خستە ڕوو و، لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ وڵاتێکی تر ناتوانێت جێگرەوەی خزمەتکردنی ئەمریکا بێت بۆ عێراقییەکان.

لەم ڕوانگەیەوە، ڕێککەوتنی سوودانی و ئیدارەی بایدن سەبارەت بە پرسە بانکی و ئابوورییەکان جگە لەوەی پێگەی سوودانی بەهێز دەکات، لە هەمان کاتیشدا بەشێکە لە ستراتیژیی ئەمریکا لە عێراق و تەنانەت پەیامە بۆ ئێران بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە پێکدادان لە عێراق و ڕێگریکردن لە بەرفراوانبوونی جەنگی حەماس-ئیسرائیل و، هەروەها بە بڕوای ئەمریکییەکان کاریگەریی لەسەر پرسەکانی دیکەى نێوان ئێران و ئەمریکاش، بەتایبەتی لەسەر دانوستانە ئەتۆمییەکان دەبێت.

سەبارەت بە پرسی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداش، پێ دەچێت ئەمریکا گوشار لە سوودانی بکات بە ئاراستەی کەمکردنەوەی بارگرژییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەرچەندە ئەمریکا ئەوە باش دەزانێت کە ئەو لایەنەی کە گوشار دەکات سوودانی نییە، بەڵکوو ئەوە لایەنگرانی ئێرانن لە عێراق کە بە پاڵپشتیی ئێران هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەدەن؛ بەڵام گوشارخستنە سەر سوودانی لەسەر ئەم پرسە لەلایەن ئەمریکاوە پەیوەندیی بە دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی ئاسایشی عێراقەوە هەیە. بەم واتایە کە ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی کابینەی سوودانی و، هەروەها لاوازکردنی هێزە شیعەکانی لایەنگری ئێران پێویستی بە پەیوەندییەکی سەقامگیر لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە، هەروەها ئەمریکا دەزانێت کە بێ بەشداریی کورد و سوننە لە بەغدا، ناتوانێت ئەم سەقامگیرییە دەستەبەر بکات. بۆیە لە لایەک دەیەوێت حکوومەتی سوودانی جێگیر و بەردەوام بێت و لە لایەکی دیکەیشەوە ڕۆڵ و نفووزی ئێران لە بەغدا هاوسەنگ بکاتەوە، چونکە ئەمریکا ئاگادارە کە ئێران لە عێراق خاوەن نفووزێکی باڵایە؛ بەڵام لەم ڕێگەیەوە لانی کەم لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە عێراق، ئەم ڕۆڵە هاوسەنگ دەکاتەوە. هەر بۆیە پرسی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی بایدندا، پرسێکی دابڕاو و سەربەخۆ نییە و پەیوەستە بە هاوکێشە سیاسییەکان و، هەروەها هاوسەنگیی هێز لە ناوخۆی عێراق؛ چونکە سەقامگیریی عێراق و، هەروەها ئاراستەی سیاسەتی عێراقیش کاریگەری لەسەر کۆی هاوکێشەکانی ناوچەکە دادەنێت.

جگە لە پرسی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە، ئیدارەی بایدن لە بەرامبەر پاڵپشتییە سیاسی و دارایی و ئابوورییەکانی لە سوودانی و تەنانەت گۆڕینی ئەرکی هێزە سەربازییەکانی بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر حکوومەتەکەی، داواکاریی لە سوودانی هەیە کە گرنگترینیان دەتوانێت پرسی ڕێگریکردن لە هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و، هەروەها ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بێت. سەبارەت بە پرسی یەکەم، پێ ناچێت سوودانی بەبێ وەرگرتنی پاڵپشتی و ڕەزامەندیی ئێران بتوانێت کارێکی ئەوتۆ بۆ ئەمریکا ئەنجام بدات، چونکە ئێرانیش چاوەڕێیە کە سوودانی لەم گەشتەدا چ دەسکەوتێکی دەبێت کە لە قازانجی لایەنگرانی دەبێت و بەناڕاستەوخۆش لە بەرژەوەندیی ئێراندا بێت؛ بەڵام سەبارەت بە پرسی دووەم، سوودانی دەتوانێت بە پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێران لە عێراق، گوشارە سەربازییەکانی ئێران کەم بکاتەوە و لەم ڕێگەیشەوە هاوسەنگییەکی ڕێژەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بپارێزێت، چونکە ئەمریکا هەر ئەمەی دەوێت کە ئێران لە عێراق بوەستێنرێت و عێراق نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

جگە لەمانەیش، پرسی جێبەجێکردنى پرۆژەى رێگەى گەشەپێدان كە بەندەری فاو لە ڕێگەی توركیاوە بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە، بۆ عێراق پرسەکی ستراتیژییە، چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی سیاسی و ئاسایشییەوە. جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە وا دەکات عێراق ببێتە ئاڵقەی پێکگەیشتی کەنداو بە دەریای سپیی ناوەڕاست و ئەوروپا لە ڕێگەی تورکیاوە، ئەمەش پێگەی عێراق لە هاوکێشە جیۆسیاسی و جیۆئێکۆنۆمی و تەنانەت جیۆستراتیژییەکان بەرز دەکاتەوە و، لەم رێگەشەوە عێراق دوور دەکەوێتەوە لە ململانێی نێوان ئەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان و دەبەسترێتەوە بە ئابووری و ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە. عێراق دوور دەکەوێتەوە لە ململانێی نێوان ئەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان و بە ئابووری و ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە دەبەسترێتەوە. چونکە لەم سیناریۆیەدا سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەبێتە ئەولەویەتی هەموو ئەکتەرە ناوچەیی و سەرووهەرێمایەتییەکان. لەم نێوەندەیشدا، وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەمریکا و پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ ئەم پرۆژەیە زۆر گرنگ و هەستیارە، چونکە لە لایەک بەبێ بوونی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش لە عێراق ئەم پرۆژەیە سەرکەوتوو نابێت و لە لایەکی دیکەوە ئەگەر عێراق لەلایەن ئەمریکاوە سزا بدرێت یاخود بکەوێتە ژێر ئابڵووقە و گەمارۆکانی ئەمریکاوە، ئەوە وڵاتان ئامادە نین وەبەرهێنان لە عێراق و ئەم پرۆژەیەدا بکەن؛ هاوشێوەی سیناریۆی ئێران کە لە زۆربەی پرۆژەکانی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان پەراوێز خراوە، سەرەڕای گرنگی و بایەخی پێگە جوگرافییەکەی بۆ ئەم پرۆژە نێودەوڵەتییانە. تەنانەت ئەم پرۆژەیە پەیوەستە بە رۆڵی چین لە عێراق و لە دوای جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و دروستبوونی کێشە بۆ ڕێڕەوی نێودەوڵەتیی باکوور لە پرۆژەی ڕێگەی نوێی ئاوریشمی چین، دەتوانێت بەشێکی تەواوکەر و نوێ  بێت بۆ پرۆژەی BRIی چین کە ڕێڕەوەی وشکانیی باشوور یاخود تەنانەت ڕێڕەوی دەریاییی پرۆژەکە لە هێڵی “یەک پشتێن-یەک ڕێگە” بە ڕێڕەوی ناوەڕاست (“Middle Corridor”)ی پرۆژەکە دەبەستێتەوە.

لە ساڵی 2019 عێراق بووە یەکێک لە هاوبەشەکانی چین لە دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگەوبان و، هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکیان لەو بارەوە واژۆ کرد (ئاوەدانکردنەوە لە بەرامبەر نەوت). ئامانجی دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگەوبان، دروستکردنی پرۆژەی ژێرخانی دەریایی و وشکانییە کە چین بە ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا ببەستێتەوە، بەڵام ڕۆژاوا وەک ئامرازێک بۆ زیادکردنی نفووزی چین لە وڵاتە هەژارەکاندا دەیبینێت و بەتایبەتی دژایەتیی دەکات؛ چونکە ئەم پرۆژانە قەرزی گەورە بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنن و، هەروەها ڕۆژاوایییەکان گومانیان هەیە لە بوونی گەندەڵی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، چین ملیارەها یوان وەبەرهێنانی لە پرۆژە جیاجیاکانی عێراقدا کردووە، لەوانە: وزەی سەوز و وێستگەی کارەبا، هەروەها دروستکردنی ڕێگەوبان و قوتابخانەکان. بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری دارایی و گەشەپێدانی سەوز لە زانکۆی “فودان” لە شاری شەنگەهای چین، لە دوای ڕووسیا و پاکستان، عێراق بووەتە سێیەم هاوبەشی دەستپێشخەریی “پشتێن و ڕێگا” لە بواری وزەدا. پێشووتریش لە ساڵی 2008 کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی چین، گرێبەستێکی بەرفراوانی بەرهەمهێنانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژۆ کرد، کە یەکەم کۆمپانیای بیانی بوو لە دوای جەنگەوە ئەو کارە بکات.

لە ساڵی ٢٠١٣ چین نزیکەی نیوەی بەرهەمی نەوتی عێراقی کڕی. لەم ساڵانەدا عێراق فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ی لە چین کڕی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، هەروەها پاڵپشتیی یاسای “ئاسایشی نیشتمانیی هۆنگ کۆنگ”ی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و بەرگریی لە مامەڵەی چین لەگەڵ موسڵمانان لە شینجیانگ کرد. عێراق هەوڵ دەدات ڕۆڵی کۆمپانیا چینیییەکان لە ژێرخانی وزەی وڵاتەکەدا زیاد بکات. لەم ڕووەوە بەغدا دەرفەتی پێویستی بۆ بوونی زیاتری کۆمپانیا چینییەکان دابین کردووە. بە گوتەی باڵیۆزی چین لە عێراق، بەغدا گەورەترین وڵاتە بۆ لایەنی چینی لە ڕووی گرێبەستەوە و هاوکات هاوبەشی دووەمی نەوت و بازرگانیی چینە لە ناوچەکەدا. وەبەرهێنانی چین لەو وڵاتانەی کە لەسەر ڕێڕەوی “رێگای ئاوریشمی نوێ”ن، وای کردووە عێراق ڕۆڵێکی گرنگ لە سیاسەتی ناوچەییی چین بگێڕێت. لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022، عێراق ڕێککەوتنێکی لەگەڵ دوو کۆمپانیای گەورەی “پاوەرچینا” و “سینۆتێک” واژۆ کرد بۆ دروستکردنی هەزار قوتابخانە و فڕۆکەخانەیەک لە عێراق کە تێچووی ئەو ڕێککەوتنە لە ڕێگەی داهاتی فرۆشتنی نەوتەوە دابین دەکرێت.

جگە لەوانەی سەرەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندان گرێبەست لە نێوان چین و عێراق واژۆ کراون، لەوانە: دروستکردنی وێستگەی کارەبای ئەلخەیرات لە پارێزگای کەربەلا، ئاوەدانکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناسریە و پەرەپێدانی کێڵگەی غازی مەنسووریە لە نزیک سنووری ئێران.

   لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو، بەرپرسانی عێراق و چین لە ڕیاز کۆ بوونەوە. لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی چین، محەمەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لە خواستی بەغدا کردەوە بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ چین لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی نوێ و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی عێراق. یەکێک لە پلانە ستراتیژییەکانی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی پێگە و ڕۆڵی عێراق لە پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی نوێی چین، پلانی ستراتیژیی پەرەپێدانی “بەندەری فاو”ە. بەڵام ئەمریکا بەتوندی دژی ئەم پرۆژەیە و، هەروەها ڕۆڵ و نفووزی چینە لە عێراق و ناوچەکە و چەندان جار هۆشداریی داوەتە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل سەبارەت بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ چین و بەشداری لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە و، هەوڵی داوە بە پرۆژەی جێگرەوە (India-Middle East-Europe Corridor) شکست بە پرۆژەکە بهێنێت؛ تەنانەت دواجار ئیتاڵیاش وەکوو تاکە دەوڵەتی ئەوروپی لەژێر گوشارەکانی ئەمریکا لەم پرۆژەیە کشایەوە. لەم چوارچێوەیەدا، حکوومەتی عێراق دەیەوێت لە ئەگەری دووبارە هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ، چەند دەسکەوتێک سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین دەستەبەر بکات و خۆی دوور بخاتەوە لە سزا و گەمارۆکانی تایبەت بەم پرسە  و، وەکوو لە ساڵی ٢٠١٩ ڕووبەڕووی کاردانەوەی ئەمریکا نەبێتەوە.

کۆبەند

هەرچەندە ئەم سەردانەی محەممەد شیاع سوودانی دەتوانێت پێگەی ناوبراو بەهێزتر بکات و ئەم بانگهێشتکردنە بۆ کۆشکی سپی وەکوو پاڵپشتییەک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقی دەبینرێت، بەڵام هەر کامە لە عێراق و ئەمریکا نیگەرانی و ئامانجی تایبەتی خۆیان هەیە کە لە هەندێ خاڵدا هاوبەشن و لە بوارەکانی دیکەدا جیاواز و تەنانەت پێکناکۆکن. بۆ نموونە؛ سەقامگیریی عێراق و ڕاگرتنی پێکدادانی میلیشیاکان و هێزەکانی ئەمریکا و، هەروەها گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق دەتوانێت ئەو بوارانە بن کە هەردوو لایەن لەسەری کۆکن و بەرژەوەندیی هاوبەشی حکوومەتی سوودانی و ئیدارەی بایدنن. بەڵام لە عێراق ئەوە سوودانی نییە کە قسەی کۆتایی دەکات؛ هەر بۆیە ئەگەر لێکەوتەی ئەم سەردانە بەپێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی قووڵ یاخود ئێران و لایەنگرانی بێت، ئەوە سوودانی جگە لە دیدارێکی پرۆتۆکۆڵی، شتێکی ئەوتۆی دەست ناکەوێت.

بەرژەوەندی ئەم گرووپانەش لە کۆتاییهێنانی ئەرکی سەربازیی ئەمریکییەکان لە عێراق و خستنەڕووی وەکوو دەسکەوتێک و دوورخستنەوەی کەرتی دارایی و ئابووریی عێراق لە سزاکانی ئەمریکا و، هەروەها بەپێچەوانەی بانگەشەکانیان خۆی لە پاڵپشتیی سیاسیی ئەمریکا لە عێراق دەبینێتەوە، چونکە هەم بۆ گرووپە شیعییەکان و هەمیش بۆ ئێران گرنگە کە عێراق دوور بێت لە سزاکانی ئەمریکا و لە ڕێگەیەوە سزاکانی سەر ئێران بشکێنرێت. جگە لەمانەیش، ئێران خۆی بەدوور دەگرێت لە پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، چونکە ئەمە بە پلانی ئیسرائیل دەزانێت و ئەگەریش لێدانی سەربازیی ئەمریکییەکان لە گرووپەکانی بەرەی موقاوەمە بەردەوام بێت و ئێران پاڵپشتییان نەکات، ئەوە دووبارە ئێران بەلاواز دەردەکەوێت. جگە لەوەیش، پاراستنی ئەم گرووپانە بەشێکە لە دۆکترینی بەرگری-سەربازی و سیاسەتی ڕێگریکردنی ئێران (deterrence policy) لە ئاستی هەرێمایەتی.

ڕاستییەکەى، شیعەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی حکوومەتی سوودانییەوە هاوسەنگی و پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا بپارێزن و لەم ڕێگەیەوە بەرژەوەندییەکانیان دەستەبەر بکەن. هەروەها سوودانی دەیەوێت یان ئەمریکا چەکی پێشکەوتووی پێ بدات، یان ئەوەتا ڕێگە بدات لە وڵاتانی دیکە وەکوو ڕووسیا و فەڕەنسا چەک و کەرەستەی سەربازی بکرێت. ئەم پرسە بۆ ئەمریکا لە ئێستادا هێڵی سوورە، چونکە ئەم بوارە بەشێکە لە گەرەنتیکردنی نفووز و باڵادەستیی ئەمریکا بەسەر عێراق لە ناوچەکەدا. لە لایەکی تریشەوە، نابێت ئەوە فەرامۆش بکرێت کە گوشاری هێزە میلیشیایییەکان، سەرەڕای مەترسییەکانی بۆ سوودانی، دەتوانێت تاکە کارتی بەهێزی سوودانی بێت لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا؛ بەم واتایە کە سوودانی بە ڕێگریکردن لە هێرشی میلیشیاکان و لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا بە دوورکەوتنەوە لە پێکدادان لەگەڵ پرۆکسییەکانی ئێران، دەتوانێت بیگۆڕێت بۆ دەستکەوتی سیاسی. چونکە ئەمریکا نایەوێت بەهۆی ناچاربوون بە کاردانەوە بەرامبەر هێرشی میلیشیاکان، لەگەڵ ئێران تووشی پێکدادانی سەربازی بێت. هەر ئەمەیش پێگەی سوودانی بەرامبەر بە ئەمریکا بەرز دەکاتەوە.

پێویستە ئەوەیش بگوترێت کە مەترسی و تەڵەی ئەم سەردانە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە پێش سەردانەکە لە ڕووی میدیایییەوە وا وێنا بکرێت کە بەغدا لە هەوڵی چارەسەری جددیی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندایە، بەڵام پاش کۆتاییهاتنی سەردانەکە و دەستخستنی دەسکەتی دوولایەنە، ئەوە دووبارە کێشەکان بەبێ چارەسەری وەکوو خۆی بمێننەوە. هۆکاری ئەمەیش دووبارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سوودانی و حکوومەتی عێراق بڕیاردەر نین و ئەوە هێزە شیعەکانی لایەنگری ئێران و تەنانەت خودی ئێرانە کە بەسەر بڕیارەکانی عێراقدا باڵادەستن.

بۆیە ئەو خاڵەی کە گرنگە بوترێت ئەمەیە کە نابێت ئەم سەردانە لە قەبارەی خۆی زیاتر گەورە بکرێتەوە. لەم چوارچێوەیەیشدا پێویستە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک سیاسەت بکات کە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا، ئەوە حکوومەتی عێراق نەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن پتەو و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بپارێزێت؛ بەم واتایە کە پێویستە هەرێمی کوردستان تەوەر یاخود پرسێکی سەرەکی بێت لە ئەجێندای پەیوەندی و دانوستانەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا.

image_pdfimage_print