پێنووس

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا خەریکە دەبێتە شتێکی حەتمی

نووسەر: ستیڤن ئەی کوک (Steven A. Cook)*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێنووس

ئەگەری هەیە لە شەش بۆ هەشت مانگی داهاتوودا شەڕ لە نێوان حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیلدا هەڵگیرسێت. گرنگە تا دەتوانین لەسەر ئەم پرسە بەرچاومان ڕوون و ئاشکرا بێت، چونکە لە هەر بابەتێکدا کە تا ئەمڕۆ لەسەر ئەم پرسە نووسراوە، باس لەوە کراوە کە حزبوڵڵا و ئیسرائیل شەڕیان ناوێت. ئەم بابەتانە بە پشتبەستن بە بارودۆخی ئێستا، هەڵسەنگاندن بۆ ئاییندە دەکەن، بەڵام پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر دینامیکین. ژیرانەیە شرۆڤەکاران و بەرپرسانی دەوڵەتان هەڵسەنگاندن بۆ گریمانەکانیان بکەنەوە و پێشبینییەکانیان نوێ بکەنەوە.

ڕاستە تا ئەمڕۆیش ئیسرائیل و  گرووپی چەکداری حزبوڵڵا لە لوبنان ململانێی خۆیان لەژێر ئاستى جەنگێکی تەواودا هێشتۆتەوە و شەڕی تۆڵەسەندنەوەیان پێ باشترە لە ئیستفزازی لایەنی بەرامبەر. بەڵام ئەم جۆرە خۆگرتنە ڕواڵەتییە بەو مانایە نییە کە حزبوڵڵا و ئیسرائیل شەڕیان ناوێت، بەڵکوو سەرکردایەتیی حزبوڵڵا و فەرماندەییی باڵای سوپای ئیسرائیل لە ئێستادا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کۆتوبەند بوونەتەوە کە پێشی جەنگی گرتووە. کەس نابێت حساب بۆ ئەم فاکتەرانە بکات- هەڵسەنگاندنە ستراتیژییەکانی سەرکردەکانی ئێران؛ ئیرادەی ئیدارەی بایدن بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێی ناوچەیی؛ دەرەنجامی جەنگی غەززە، بەتایبەت دوورخستنەوەی حەماس؛ هەروەها سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی ململانێکان لە ماوەیەکی درێژخایەندا. لە ڕاستیدا ئەم بەربەستانە خەریکە دەڕووخێن.

ئەو تێڕوانینەی کە حزبوڵڵا شەڕی ناوێت، وابەستەی ئەو بانگەشەیە کە ئێران لە پێکدادان و جەنگی نێوان ئەم هێزە پرۆکسییەی لەگەڵ ئیسرائیل دەترسێت. پێ دەچێت لۆژیکی پشت ئەم دوو ئارگیومێنتە قەناعەتپێکەر بێت: لەم ساڵانەی دواییدا حزبوڵڵا بووەتە هێزێکی گونجاو بۆ سوپای پاسداران، کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاڵپشتیکردنی بەشار ئەسەد لە پێکدادانە خوێناوییەکەی سووریا؛ لەگەڵ میلیشیاکانی لایەنگری ئێران هاوکاری دەکات و ڕاهێنان بە حووسییەکانی یەمەن دەکات. بەڵام حزبوڵڵا پێش ئەوەی قۆڵێکی سوپای پاسداران بێت، هێشتا بە یەکەم و گرنگترین بەشێکی کاریگەری سیاسەتی ڕێگریکەرانەی ئێران دادەنرێت. ئەم گرووپە کە خاوەن یەدەگی 100 هەزار یان زیاتری مووشەکە، بە دووەم توانای هێرشبەرانەی ئێران هەژمار دەکرێت. ئەگەر ئیسرائیل یان ئەمریکا بیانەوێت هێرش بکەنە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەوە جبەخانەی حزبوڵڵا گورزێکی وێرانکەر لە ناوەندەکانی دانیشتووانی ئیسرائیل دەوەشێنێت. سەرکردەکانی ئێران چەندە پێداگری لەسەر لەناوبردنی ئیسرائیل دەکەن، زیاتر لەوەیش خەمی مانەوەی ڕژێمەکەیانە و، نایانەوێت تواناى ڕێگریکەرانە و بەرپەرچدانەوەی خۆیان کە لە حزبوڵڵادا وەبەرهێنانیان کردووە، لەدەست بدەن. بەڵام زەحمەت نییە ساتێک بەخەیاڵتدا بێت کە ئێرانییەکان جڵەوى یەکەم هێزی پرۆکسیی خۆیان شل بکەن.

هەروەک حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەرى حزبوڵڵا، لە وتارێکی سەرەتای مانگی یەک (جانیوەرى)دا بە بیرهێنانەوەی ژیان و  کارەکانی جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی- فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران کە ئەمریکا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ لە هێرشێکی درۆنیدا کوشتی- ڕاشکاوانە گوتى، ئێرانییەکان کاتێکی بەرچاویان داناوە و، هەروەها وزە و  سەرچاوەگەلێک بۆ پەرەپێدانی ئەوەی پێی دەوترێت میحوەرى موقاوەمە (بەرخۆدان).

نەک هەر حزبوڵڵا، بەڵکوو حەماسیش بەشێکی گرنگی ئەم میحوەرەیە. هەروەها سەرەڕای ئەگەری ئاگربەستێک لە جەنگەکەدا لە هەفتەکانی داهاتوودا، ئیسرائیلییەکان بڕیاریان داوە سەرکردەکانی حەماس بگرن یان بیانکوژن و  ئەو  گرووپە وەک هەڕەشەیەکی ڕێکخراو بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل لەناو بەرن. ئەگەر سوپای ئیسرائیل پێداگری لەسەر بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بکات، پێ دەچێت ئێرانییەکان باشتر ببینن کە هەر کۆتوبەندێکیان بەسەر هێزەکانی ژێر فەرماندەییی سەید حەسەن نەسروڵڵادا سەپاندبێت، لا ببەن، نەک تەسلیمی لەناوبردنی حەماس ببن. وا دیارە ڕۆژێکی وا نزیک دەبێتەوە.

ئەگەر ئێران حزبوڵڵاى ڕاگرتووە، بەهۆی ئەوەوە بووە کە ئەمریکاش هەمان شتی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە. سەبارەت بە جەنگی غەززە، ئیدارەی بایدن پێداگریی لەسەر دوو پرس کردووە: یەکەم: دەبێت حەماس تێک بشکێنرێت. دووەم: ڕێگری لە شەڕی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل بکرێت. بەرپرسانی ئەمریکا بەڕوونی پێیان وایە کە شەڕی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل بەخێرایی دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی ناوچەیی؛ لە چوارچێوەی ئەو ململانێیەیشدا، ئەمریکا دەچێتە ناو شەڕێکەوە لەگەڵ ئێران.

نیگەرانییەکانی حکوومەتی ئەمریکا لۆژیکییە، بەڵام توانای سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ کاریگەری لەسەر ئیسرائیلییەکان سەبارەت بە سنوورەکانی باکووریان لاوازتر بووە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە حکوومەتی ئیسرائیل بڕیاری دا نزیکەی هەشتا هەزار دانیشتووی شارۆچکەکانی باکوور چۆڵ بکات وەک ئامادەکارییەک لە بەرامبەر پێکدادانێکی گەورە. لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، ئەم بەشەی وڵاتەکەیان چیتر جێگەی نیشتەجێبوون نییە و سەروەریی ئیسرائیل لەو ناوچانەدا لەرزۆکە. ئەم دۆخە بۆ حکوومەت – یاخود هەر حکوومەتێکى ترى ئیسرائیل-قبووڵکراو نییە و پێویستی بە وەڵامدانەوەی توند هەیە.

بەڵام بەو پێیەی ئیسرائیلییەکان دەستیان پڕ بووە لە غەززە، بەنابەدڵییەوە سەیری هەوڵە دیپلۆماسییەکانی فەڕەنسی و ئەمریکییەکان دەکەن. بەڵام نە واشنتۆن و نە پاریس پلانێکیان دانەناوە کە نە ئیسرائیلییەکان و نە حزبوڵڵای لوبنان ڕازی بکات. ئیسرائیلییەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە حزبوڵڵا بە پابەندبوون بە بڕیاری ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایش ساڵی (٢٠٠٦) بۆ ئەودیوی ڕووباری لیتانی کە هەژدە میل لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە، بکشێتەوە؛ داواکارییەک کە حزبوڵڵا ڕەتی دەکاتەوە.

هەروەها حزبوڵڵا دەیەوێت ئیسرائیل قەبارەی هێزەکانی لەسەر سنووری باکوور کەم بکاتەوە؛ ئەمەیش کارێکە ئیسرائیلییەکان نایکەن، بەتایبەتی دوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر. بە تێپەڕبوونی کات سەلمێنراوە کە دیپلۆماسی، بێئەنجامە و ئەگەر ئیسرائیلییەکان لە غەززە سەرکەوتوو بن، ئەوا سەرنجیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانیان لە باکوور دەگۆڕن. ئەمە پرسێکی وجوودییە ​​بۆ ئیسرائیلییەکان و هەر لەبەر ئەو هۆکارەیش ​​سەرەڕای چاوەڕوانییەکانی کۆشکی سپی، بەهاری داهاتوو یان هاوینی داهاتوو شەڕەکە دەگاتە ناو لوبنان.

دوا بەربەست بۆ سنووردارکردنی ئیسرائیلییەکان، بێکاریگەریى کۆنگرێسى ئەمریکایە. هەرچەندە بەگشتی ئەمە وا نەبووە، بەڵام جۆری ئەو جەنگەی کە ئیسرائیلییەکان لە ئێستادا تێیدا بەشدارن، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وابەستەی پشتیوانیی ئەمریکایە. گومانی تێدا نییە کە ئیسرائیل پیشەسازییەکی سەربازیی زۆر پەرەسەندوو و پێکهاتەیەکی سەربازیی پێشکەوتووی هەیە، بەڵام شەڕەکەی لە وەڵامی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس، لادانێکی گەورەیە لە دۆکترینی ستانداردی سوپای ئیسرائیل کە جەخت لەسەر شەڕە خێرا و وێرانکەرەکان دەکاتەوە لە دژی دوژمن.

ئەوەى ڕاستى بێت، ئێستا کە جەنگی غەززە خەریکە مانگی پێنجەمی خۆی کۆتایی پێ دێنێت، ئیسرائیلییەکان پێویستیان بە پڕکردنەوەی بەشێک لە کۆگەکانی تەقەمەنی هەیە. چونکە ئەگەر هاتە سەر شەڕ لەگەڵ حزبوڵڵا، ئیسرائیل پێویستی بە چەکی وردتر هەیە کە بتوانێت یەکلاکەرەوە بێت لە لەکارخستنی شوێنەکانی هەڵدانی مووشەکی حزبوڵڵا و خاڵە هەستیارەکانی دیکە. ئیسرائیلییەکان ناتوانن ئەم چەکانە بەدەست بهێنن بەبێ ئەوەی پاکێجی یارمەتیی زیادە، کە ئێستا لە کۆنگرێسدا گیر بووە، پەسند بکرێت و لە ئەنجامدا ئەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیەی کە گالانت پێشبینی دەکات بۆ دوورخستنەوەی حزبوڵڵا لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل، هێشتا ڕووی نەداوە.

ڕۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل لەم دوایییانەدا دانى بەو شتەدا ناوە. لە ڕوونکردنەوەی پێویستییان بە هاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمریکا، ڕای گەیاند: “چونکە زۆر گرنگە، وەک چۆن ئێمە خەریکى پلاندانانى خۆمانین. بیرتان نەچێت، ئێمە تەنیا ڕووبەڕووى بەرەیەک نابینەوە.” ئاماژەی بەوەیش کرد، “ئێمە تەنیا لەگەڵ حەماس سەروکارمان نییە، بەڵکوو لە باکووریش مامەڵە لەگەڵ حزبوڵڵا دەکەین.”

بەڵام لە شوێنێکدا کۆنگرێس ئەم یارمەتییانە پەسەند دەکات. ئیسرائیل لە کۆنگرێسدا لایەنگری زۆرە و ژماردنی دەنگەکانیش دەری دەخات کە یارمەتییە ئەمنییەکان بۆی پەسەند دەکرێن. بە لەبەرچاوگرتنی کێبڕکێی سیاسەتی دەسەڵات و جەمسەرگیریی سیاسی لە واشنتۆن، ئیسرائیلییەکان چاوەڕێی سەرکردە هەڵبژێردراوەکانن لە واشنتۆن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکە کە بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵەوە ئاڵۆز بوون. بەڵام دواجار کۆنگرە هەنگاو دەنێت و دواتر دوا بەربەستەکان بۆ سنووردارکردنی ئیسرائیلییەکان لا دەبرێت. ڕەنگە تا ئەو کاتە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە کەم ببنەوە و بتوانرێت بەتەواوی سەرنج بخرێتە سەر حزبوڵڵا.

لەگەڵ کاڵبوونەوەی سنووردارکردنی ئێستای حزبوڵڵا و ئیسرائیل، هەموو نیشانەکانی سەرزەوی ئاماژەپێدەرن بۆ جەنگ. هێرشەکانی حزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر بوێرانەتر دەبن و لە قووڵاییی ناوچەکانی هەردوو لا ڕوو دەدەن. ماوەیەک پێش ئێستا ئیسرائیلییەکان هێرشیان کردە سەر دۆڵی بیقاع، دوای ئەوەی یەکێک لە درۆنەکانیان لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە خرایە خوارەوە. پێش ئەوە حزبوڵڵا درۆنى ناردە ناو ناوچەی جەلیلی خواروو و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆگەکانی چەکی لە سیدۆن کردە ئامانج کە کەمتر لە سی میل لە بەیروتەوە دوورە.

هیچ چارەسەرێکی سیاسی بۆ گەمەی سفری و پەیوەندییەکانی حزبوڵڵا لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، بەتایبەتی کە سەرکردەکانی ئیسرائیل سوێند دەخۆن کە یاساکانی گەمەی بەرەی موقاوەمە بگۆڕن. بۆیە یان حزبوڵڵا فەرمان بە هێزەکانی دەدات لە باکووری ڕووباری لیتانی پاشەکشە بکەن، یان هێزەکانی ئیسرائیل پاشەکشەیان پێ دەکەن. حزبوڵڵا بەرەنگاری دەبێتەوە چونکە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی ناوخۆییی خۆی، ناچارە وا نیشان بدات کە بەرگری دەکات.  بۆیە بەدوور دەزانرێت لە ئێستادا ڕێگەیەک هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە روودانی شەڕ.

* ستیڤن ئەی کوک، ستووننووسی گۆڤاری فۆریەن پۆلیسی و شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقایە لە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە. نوێترین کتێبی بە ناوی: The End of Ambition: America’s Past, Present, and Future in the Middle East” لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا بڵاو دەکرێتەوە.

سەرچاوە:

https://foreignpolicy.com

image_pdfimage_print