پێنووس

هەڵبژاردن و تایبەتمەندییەکانی

قەرەنی قادری

لە جیهانی ئەمڕۆدا، هەڵبژاردن لە هەردوو سیستەمی “دیکتاتۆری” و “دیموکراتی”دا بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەوە خاڵی هاوبەشی ئەوان نییە؛ پێناسە و تایبەتمەندییەکانی هەڵبژاردنە، کە دیواری چین لە نێوان ئەم دوو سیستەمەدا هەڵدەچنێت.

دیموکراسی بەبێ هەڵبژاردن، هیچ مانایەک نادات. هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکوومەتێکی دیموکراتیک، دەبێ بنەماکەی لەسەر ویست و دەنگی هاووڵاتیانەوە بنیات بنێت. هەڵبژاردن مافی هاووڵاتیانە، هەروەها هەر بە ڕێگەی هەڵبژاردنەوەیە کە دەسەڵات لە کەشوهەوایەکی ئاشتییانە و هێمنانەدا دەستاودەست دەکرێت. ڕێک لەبەر ئەم مافە، نابێت پرسی هەڵبژاردن لە بارمتەی حزبە سیاسییەکاندا بێت؛ ئەوە دەبێ مافی پەرلەمان بێت، کە کات و شێوازی هەڵبژاردن بخاتە ناو چوارچێوەیەکی یاسایییەوە و کاتی هەڵبژاردنیش دیاری بکات. لەبەر ئەوە، هەڵبژاردن بەشێکە لە دیموکراسی و، لێی جیا ناکرێتەوە. هەر لەم ڕوانگەیەوە، هەڵبژاردن تاکتیک نییە، چونکە لە سیستەمێکی دیموکراتیدا هاووڵاتیان بە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پرسی دەسەڵات و کێشەکان یەکلا دەکەنەوە.

هەڵبژاردن ڕێککەوتنێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە لە نێوان حزبە سیاسییەکان و هاووڵاتیاندا، کە کێ و کام حزبی سیاسی دەتوانێت زیاترین ئاوەدانی، پێشکەوتن و خزمەتگوزاری و خۆشبژی پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات. بۆیە ئەوە ئەرکی حکوومەتە کە لە خزمەتی هاووڵاتیانیدا بێت و، حکوومەتیش بۆی نییە منەت بەسەر هاووڵاتیاندا بکات، یان ئەوەتا هاووڵاتی ناچار بکرێت کە سوپاسی حکوومەت بکات. ئەمانە پڕەنسیپی ژیانن و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا خۆیان بەباشی دەردەخەن و دەبنە پێوەر و پرسی ڕۆژ.

دەنگ لە بەرامبەر خزمەتگوازی، گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگە، ئەمانە دەبێ کاکڵی پرسی هەڵبژاردن بن. پێویستە ئەمە بەدامەزراوەیی بکرێت: “دەنگت پێ دەدەم، لە بەرامبەردا خزمەتگوزاری و ئاوەدانیم لێت دەوێت.” ڕێک لێرەدایە کە ئەم بەدامەزراوەییکردنە کۆتایی بە “ڕەوایەتیی شۆڕشگێڕی” (مشروعیت انقلابی/ الشرعية الثورية/Revolutionary legitimacy) دێنێت. ئەمەیش ڕێک بۆ بنەمایەکی زۆر سەرەتایی و سەرەکی دەگەڕێتەوە، ئەویش چونکە هەڵبژاردن ڕووی لە داهاتووە و لەو وەڵامانە دەگەڕێت کە چۆن دەبێ داهاتووی لەسەر ڕۆ بنێن، بەڵام “ڕەوایەتیی شۆڕشگێڕی” ڕووی لە ڕابردووە و بە ڕابردووەوە دەژیت. لە هەڵبژاردن و دیموکراسیدا، کام حزب چەندە خەباتی کردووە و چەندە ماندوو بووە، نە گرنگە و نە پێوەر، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە کە حزبێکی سیاسی لە هەڵبژاردن و بۆ حوکمرانی، چیی پێیە تا بە هاووڵاتیانی بدات.

لە سیستەمی دیکتاتۆرییشدا هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت، ئەویش تەنیا بۆ ئەوەیە کە هەم وەڵامێک بێت بۆ دەرەوە و هەمیش بەرهەڵستکارانی پێ بێدەنگ بکەن؛ هەروەها بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دەستکاریکردنی سندووقەکانی دەنگدانەوە متمانە وەرگرنەوە. بۆیە لە دیکتاتۆریدا هەڵبژاردن بە پێوەرە دیموکراتییەکان، کە ئامانجەکەی جێگۆرکێی ئاشتییانەی دەسەڵاتە لە کۆمەڵگەدا، بەڕێوە ناچێت، بەڵام دوو شت گرنگە بۆ دیکتاتۆرەکان: یەكەم ئەوەیە، کە چۆن بەپێی ویست و خواستی خۆیان چوار ساڵ جارێک هاووڵاتیان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕاکێش بکەن، دووەم هەنگاویش ئەوەیە کە هەر خۆیان دەنگەکان دەژمێرن. دەنگدان بۆ ئەوان گرنگە، بەڵام لەو گرنگتر ژماردنی دەنگەکانە. واتە “ئەوانەی کە دەنگ دەدەن، بڕیاردەر نین، بەڵکوو بڕیاری کۆتایی لای ئەوانەیە کە دەنگەکان دەژمێرن“؛ بۆیە ڕێک دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن جارێکی تر هاووڵاتیان ڕەوانەی ماڵەوە- تا چوار ساڵی دیکە خانەنشین- دەکرێن و، لە هەموو شتێکیان دادەبڕێنن. لە جیهانی ئەمڕۆدا، سیستەمی دیکتاتۆری هەڵبژاردنی قبووڵە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی لێ بەتاڵ دەکات.

هەڵبژاردن لە سیستەمی دیکتاتۆریدا، لە کۆڵانێکی بنبەست دەچێت کە هەر جارەی دوای هەڵبژاردن دەبێ هاووڵاتیان بگەڕێنەوە سەر خاڵی سەرەتا، چونکە لەو سیستەمەدا هەمیشە هەڵبژاردن لە نێوان دوو بەدیلی خراپ و خراپتردایە.

پێوەرەکانی هەڵبژاردنی کاریگەر، بڕیاردەر و دادپەروەرانە

ئەزموونی زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵەی دیموکراسی و ڕەوتی ئاڵۆز و گەشەسەندووی هەڵبژاردن، ئەوەمان پێ دەڵێت، كه‌ ئەم دوو چەمکە (دیموکراسی و هەڵبژاردن) پێکەوە جێبەجێ دەکرێن و گەشە دەستێنن. ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە لەسەر بنەمای دیموکراتیک دروست کراون و هەڵبژاردنەکانیش لە وادەی خۆیاندا بەڕێوە دەچن و دەوڵەمەند دەکرێن، هەروەها گەڵاڵەکردنی هزری هەڵبژاردن کە لەلایەن دامەزراوە جیهانییەکانەوە پوختە کراوە، باس لەوە دەکەن هەڵبژاردنێکی “ئازاد، بێگەرد و دادپەروەرانە”، لانی کەم بەپێی (٧) پێوەر بەڕێوە دەچێت:

١- وادەی هەڵبژاردن: ئەوەیان ڕێککەوتنە کە هەڵبژاردنەکان لە نێوان ٢، ٤، یان ٦ ساڵدا بەڕێوە بچێت. بەپێی یاسا، ئەم کاتانە دەستنیشان دەکرێن و هاووڵاتیان ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن و، دەسەڵات دەستاودەست دەکرێت.

٢- هەڵبژاردن، دەبێ گشتی و بە ئامار بێت: تۆماری دەنگدەران لەگەڵ ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە بواری یاسایییەوە مافی دەنگدانیان هەیە، ڕێک بێت. گشت ئەندامانی کۆمەڵگە، کە ده‌گه‌نه تەمەنی یاساییی دەنگدان، دەبێ مافی دەنگدانیان پارێزراو بێت. هیچ تاک، یان گرووپی کۆمەڵایەتی، ئایینی و نەتەوەیی، نابێت پەراوێز بخرێت؛ تەنانەت سندووقەکانی دەنگدان، دەبێت بچنە زیندانەکانیشەوە.

٣- هەڵبژاردن، دەبێ بێگەرد بێت: واتە، ئه‌نجامی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ تۆماری دەنگدەران یەک بگرێتەوە. بەو مانایەی کە ئەو دەنگانەی، هاووڵاتیان خستوویانەتە ناو سندووقەکانی دەنگدانەوە، دەبێ لەگەڵ تۆماری دەنگدەران و ڕێژەی بەشداربووان لە هەر ناوچە و بازنەیەکی هەڵبژاردندا یەک بگرێتەوە. دەسکارینەکردنی دەنگی ناو سندووقەکان، یەکێکە لە پێناسە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی بێگەرد.

٤- هەڵبژاردن، دەبێت ئازاد بێت: هەموو حزب و ڕێکخراو و گرووپە سیاسییەکان، هەروەها پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان بە بیروڕای جیاوازیانەوە، مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن (خۆپاڵاوتن و دەنگدان)دا هەبێت. هەروەها ئەم گرووپانە، بە نوێنەرانی ژن و پیاویانەوە و بە لیستی خۆیانەوە بۆیان هەبێت خۆیان بۆ پۆستە هەستیار و بڕیاردەرەکان (سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و…) کاندید بکەن.

٥- هەڵبژاردن، دەبێت دادپەروەرانە بێت: پێویستە دەرفەتی یاسایی بۆ پرۆپاگەندە لە گشت بوارەکانی وەکوو خۆپێشاندان، کۆڕ و کۆبوونەوە، ئەنجامدان و بڵاوکردنەوەی ڕاپرسی و، هەروەها باس و لێدوان لەسەر کاندید و بەرنامەکان لە کەرەسەکانی ڕاگەیاندندا، بڕه‌خسێنرێت. دادپەروەرانەبوون، ئەو مانایەیش دەبەخشێت کە حزب و لایەنە سیاسییەکان بواری ئەوەیان هەبێت تا بیروڕای خۆیان بەتێروتەسەلی بە هاووڵاتیان بگەیەنن.

٦- سەربەخۆیی و بێلایەنیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکات تا ئاکامێکی جێی ڕەزامەندیی گشتی بێنێتە دی، دەبێ سەربەخۆ و بێلایەن بێت. حکوومەت و دامودەزگه‌کانی، نابێت دەست لە کاروباری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن وەربدەن. کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەبێ بەرپرسی کاروباری تۆماری دەنگدەران، ناونووسکردنی حزب و لایەنه‌ سیاسییەکان بۆ دەنگدان و خۆپاڵاوتن بێت؛ هەروەها بە ڕێگەی ئەو کۆمیسیۆنەوە یاسا و ڕێساکانی هەڵبژاردن و بانگەشەکەی، بە ڕای گشتی ڕادەگەیه‌نرێت. ئەو کۆمیسیۆنە، دەبێت جێی متمانەی گشت حزب و لایەنە سیاسییەکان بێت و، دڵنیاییی هەڵبژاردنێکی پاک، بێگەرد و دادپەروەرانەیش بە هاووڵاتیان بدات، چونکە ئەوە سەرەکیترین ئەرکی کۆمیسیۆنە.

٧- ئازادیی دەستاودەستکردنی زانیاری لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا: بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن لە پرۆسەیەکی دادپەروەرانەدا بڕیار بدەن، دەبێ زانیاریی تێروتەسەڵیان لەسەر پاڵێوراوان، پلان و بەرنامەی ئەوانەوە پێ بگات. ئەمەیش تەنیا بە ڕێگەی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتییەوە دەکرێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا، هەڵبژاردن بەبێ ئامرازی ڕاگەیاندن هیچ مانایەکی نییە. ئاسایشی کارکردن بۆ کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران، بە گشت ڕەنگ و چەشنەکانیەوە، دەبێ لەلایەن یاساوە دابین بکرێت و، حکوومەتیش دەبێ پارێزگارییان لێ بکات. پێویستە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، ڕۆژی هەڵبژاردن و کاتی لێکجیاکردنەوەی دەنگەکاندا سەردانی هەموو کەلێن و قوژبنێک بکات بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئاگاداری ڕەوتی هەڵبژاردن بن، هەروەها خێرا لاری، فرتوفێل و ساختەکارییەکان لەقاو بدات. شک لەوەدا نییە کە ئەم کارەی ڕاگەیاندنەکان باشترین یارمەتی و دڵنیایییە بۆ هاووڵاتیان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و حزب و لایەنە سیاسییەکان. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، هێز و دەسەڵاتی هەیە.

هەڵبژاردن ئەو كاتە جێی متمانە دەبێت، کە سێ چەمکی ئازاد، بێگەرد و دادپەروەرانە لەخۆ بگرێت. ئەم سێ واتایە، کۆ و بنەمای هەڵبژاردنێکی دیموکراتیکن و، دەتوانن بە شێوەیەکی هێمنانە دەسەڵات دەستاودەست بکەن. ڕێکخستنی دیموکراسی، هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی زانیاری، دەبێ بە ڕێگەی یاساوە بێت؛ ئەمەیش مانای سەروەریی یاسا دەگەیه‌نێت.

گرنگیی چاودێرە ناوخۆیی و بیانییەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا

لە هەڵبژاردندا، چوار هاوکێشەی ناوخۆیی (هاووڵاتیان، حزبە سیاسییەکان، ڕاگەیاندن و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن) تەواوکەری یەکترین. بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆدا، هاوکێشەیەکی جیهانییش (چاودێرە بیانییەکان) تێکەڵ بەو پرۆسەیە بووە و، هەڵبژاردنە ناوخۆیییەکان بە ڕەوتی هەڵبژاردنی نێودەوڵەتییه‌وه‌ گرێ دەدات و، بە نۆرەی خۆی دەوڵەمەندی دەکات.

چاودێرە نێودەوڵەتییەکان لە بواری هەڵبژاردندا، بە “چاوی جیهان“یش ناویان دەرکردووە، کە بە وردبینی و لێهاتووییی خۆیانەوە بانگەشە، هەڵبژاردن و ئاکامەکانی دەخەنە ژێر چاودێریی خۆیانەوە. چاودێرە نێودەوڵەتییەکان، هاوکات کە لە نزیکەوە ئاگاداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەبن، دۆخی سیاسی و ئاستی دیموکراسی، هەروەها فرتوفێڵ و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بە ڕای گشتی ڕادەگەیه‌نن؛ کە ئەمەیش یەکێکە لە میکانیزمەکانی دڵنیایی لە هەڵبژاردن.

متمانەی هاووڵاتیان لە ڕۆژی دەنگدان و دڵنیایییان سەبارەت بە چارەنووسی دەنگەکانیان، کە یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنن، مەرجی سەرەکییە لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتیکدا. ئەو چاودێرانە ئەو ڕۆڵه‌ گرنگەیش دەگێڕن، کە جەخت لە پاکی و دڵنیاییی هاووڵاتیان سەبارەت بە دەنگەکانیان بکەنەوە، یان ئەوەی کە پێچەوانەکەی ڕوو دەدات. چاودێرە نێودەوڵەتییەکانیش کە دەبنە هاوکێشەی پێنجەم، تێکەڵ بە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی دەبنەوە، هەروەها میکانیزمێکی گونجاویشن بۆ ئەوەی ئاستی پاکی و بێگەردیی هەڵبژاردن پیشانی خه‌ڵكی جیهان بده‌ن.

سەرچاوەکان:

https://europarlamentti.info/pe/

https://aceproject.org/main/english/lf/lf22.htm

http://archive.ipu.org/cnl-e/154-free.htm

image_pdfimage_print