پێنووس
2024

ئایا سەردانەکەی سوودانی دەتوانێت سەرەتای قۆناغێکی نوێ بێت لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا؟

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

پێشەکی

لە دوای ٢٠٠٣ تا ئێستا وەک نەریتێکی لێ هاتووە، كە هەر سەرۆکێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت دوای دەستبەکاربوونی- ئەگەر بۆ جارێکیش بێت- دەرگەی کۆشکی سپیی بەسەردا بکرێتەوە. ئەمە بۆ ئێرانیش وایە کە هەر زوو دوای دەسبەکاربوونی سەرۆکەکانی عێراق پێش هەموو شوێنێک سەردانی تاران دەکەن، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە دەرگەی کۆشکی سپی بەقەد دەرگەی تاران بەسەر سەرکردە سیاسییەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا کراوە نییە، چونکە هەمیشە هەلومەرجی سیاسی، داواکاری، حساباتی ناوخۆیی و هەرێمی ئاراستەی دەکەن. “سوودانی”یش وەک زۆربەی سەرۆکوەزیرانی تری عێراقی دوای ٢٠٠٣ دوای چەند جارێک دواکەوتنی سەردانەکەی، بەڵام دواجار لە ١٥ی نیساندا دەرگەی کۆشکی سپیی بەڕوودا کرایەوە.

چەند هۆکارێک هەن کە وا دەکات ئەم سەردانەی سوودانی گرنگ و تایبەت بێت، بەڵام لەبەر دوو هۆکار ئەم سەردانەیان تا ڕاددەیەک جیاوازە لە سەردانی سەرۆکەکانی پێشوو: یەکەم، سوودانی دەیەوێت پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ؛ دووەم، سوودانی دەیەوێت ئەم سەردانەی بۆ دەسکەوتی سیاسیی خۆی لە ناوخۆی عێراقدا بەکار بهێنێت، کە دوور نییە دواجار کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و ململانێ ناوخۆیییەکانی نێوماڵی شیعەیش جێ بهێڵێت.

  • هەڵکشانی کاراکتەری سیاسیی سوودانی

سوودانی بە شاندێکی گەورە و فرەپسپۆری، سەردانی ئەمریکای کردووە، کە بە بەراورد بە سەردانی سەرۆکەکانی پێش خۆی لە ڕووی ژمارە و پسپۆڕییەوە فراونترینە. شاندەکەی سوودانی لە ١٣٦ کەس پێک دێت؛ شەش کەرتی گرنگی حکوومەتی لەخۆ گرتووە کە ڕوانگەیەکی پڕۆفیشناڵانەتری داوەتە سەردانەکەی سوودانی. ئەم سەردانەی سوودانی تا ئێستا (18) یاداشتی لێكتێگه‌یشتن له ‌نێوان كه‌رتی حكوومی و تایبه‌تی عێراق و كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كانی لێ کەوتۆتەوە؛ زۆرینه‌ی یاداشته‌كان له‌ بواری په‌ره‌پێدانی كه‌رتی نه‌وت و غازدان. كۆمپانیای “كار”یش كه‌ كۆمپانیایه‌كی كوردییه‌ و خاوه‌نی 40%ی بۆڕیی نه‌وتی كوردستانه، (4) یاداشتی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان له ‌بواری په‌ره‌پێدانی كێڵگه‌كانی نه‌وت واژۆ کردووە. چاوەڕێ دەکرێت لەسەر ئاستی ئەمنی، ئابووری، زانستی، وەبەرهێنان و چاکسازیی بانکییش ڕێککەوتنی هاوشێوە هەبێت.

بێجگە لەوە، شاندەکە لیژنەکانی سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی جۆری ئەو ڕێککەوتنانەیشی کە لە واشنتۆن واژۆ دەکرێن، لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەوەی کاتێک ئەنجومەنی نوێنەران دواتر پەسەندیان دەکات ئاسان و ڕوون بن. ئامانجێکی سەرەکیی ئەم سەردانەی سوودانی ئەوەیە کە یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی HCC))ی هاوبەش لە نێوان ئەمریکا و عێراق بە ئامانجی بەردەوامبوون لە چالاککردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی، بواری  وزە، هاوکاریی بانکی و دارایی، گواستنەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق و کەرتی بازرگانی، هەروەها بوارەکانی پەروەردە و ڕۆشنبیری ئەنجام بدات. مەبەستیشی ئەوەیە کە پرسی کشانەوە یان ڕێکخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەو لیژنەیە بسپێرێت و، بیگۆڕێت بۆ ئەرکێکی ناسەربازی. خۆیشی لە سەردانەکەی لە دیمانەیەکدا وتی: “ئەمریکا هێزی سەربازیی لە عێراقدا نییە تا بکشێتەوە.” ئینجا سەردانەکەی سوودانی چەندان دیداری لەگەڵ زانکۆکان و دەزگەکانی ڕاگەیاندن و ناوەندەکانی توێژینەوەی لەخۆ گرتووە، نەک هەر ئەوە بەڵکوو لەگەڵ دیاسپۆرای عێراقیش لە ئەمریکا دیداری هەبووە. ئەمەیش دەکرێت وەک ئامادەکارییەک بێت بۆ کەسایەتیی سیاسیی سوودانی و هاتنەناو کایەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بە قەبارەیەکی گەورەتر لەو قەبارە سیاسییەی کە ئێستا هەیەتی. 

بەدەستهێنانی پاڵپشتیی بەردەوامی ئەمریکا بۆ گەشەی ئابووریی عێراق، دەکرێت ئەو دەروازەیە بێت کە سوودانی دەیەوێت لە ئاییندەدا بتوانێت بەهێزتر لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا دەرکەوێت. بۆ ئەمەیش هەنگاوی سەرەتا ئەوەیە کە سوودانی، عێراق لەو فۆڕمە کلاسیکییە سیاسییەی  گۆڕەپانی ململانێی هەمیشەییی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕزگار بکات. بەڵام سوودانی ئەم پرسە لە کاتێکدا دەورووژێنێت کە ڕەخنەی دژە-ئەمریکا لە عێراق لە لووتکەدایە، بەتایبەت لە دژی هەڵمەتی سەربازیی ئیسرائیل لە غەززە. بەڵام پاڵپشتیکردنی ئەمریکا لە بەرقەراربوونی ئاگربەست لە غەززە دیسان لە بەرژەوەندیی سەردانەکەی سوودانیدایە. بۆیە دەتوانین بێژین کە ئامانجەکانی سوودانی لەم سەردانەدا، دژبەر نین لەگەڵ ئامانجەکانی ئیدارەی بایدن. سوودانی دەیەوێت ئەمریکا تەنیا لە چاویلکەی سیاسەتی ئێرانەوە سەیری عێراق نەکات، بەڵکوو ڕوانگەیەکی گشتگیر و دامەزراوەیی پەیڕەو بکات (٣٦٠ پلە) کە لایەنە ناسەربازییەکانی وەک بازرگانی، پەروەردە، وزە و کەشوهەوایش بگرێتەوە.

لە بەرامبەریشدا سەرۆک بایدن پێویستی بە کۆنگرێس و پاڵپشتیی خاڵکی ئەمریکا دەبێت، كە قەناعەتیان پێ بکات کە پاڵپشتیی ئەمریکا لە سوودانی، پەیوەستە بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی پەرەسەندنی ئێران و گەندەڵیی بەربڵاو لە عێراق و ئامادەبوونی بەغدا بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ هێز و کۆمپانیا ئەمریکییەکان. بۆ نموونە بایدن نەیدەتوانی پێشوازی لە سوودانی بکات ئەگەر پڕۆکسییەکانی ئێران بەردەوام بوونایە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا. بەڵام هێشتا ئەم گرووپانە خاکی عێراق بەکار دەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکا، لەوانەیش ئیسرائیل، بۆیە هێشتا کاری زۆر ماوە کە هەر یەکە لە بایدن و سوودانی ئەنجامی بدەن تا بتوانن ئەو زەمینە لەبارە دروست بکەن، کە فۆڕمێکی تازە دابڕێژنەوە بۆ پەیوەندییەکانی هەردوو لا. بە واتەیەکی تر ئایا ئەمریکا ئەو متمانەیەی بە سوودانی هەیە کە بتوانێت کاری لەگەڵدا بکات و لە ڕووی سیاسییشەوە لە ئاییندەدا پاڵپشتیی بکات؟ لەوانەیە هێشتا زوو بێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، بەڵام بەدڵنیایییەوە سوودانی بە دوای ئەو متمانەیەی ئەمریکییەکاندا دەگەڕێت و ئێستایش لە هەر کاتێک زیاتر پێویستیی پێیە.

لای ئەمریکا و ئەوانی تریش پێگەی سیاسی و هەژموونی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر حکوومەتەکەی سوودانی وای کردووە گومان لەوە بکرێت کە سوودانی بتوانێت سیاسەتێکی هاوسەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا پەیڕەو بکات. سوودانی تا ئێستا ئامرازی گوشاری پێویستی لەبەردەستدا نییه کە بتوانێت ئەو هاوسەنگییە دروست بکات، بەتایبەت لە بەرامبەر لایەنگرانی هەژموونی ئێران لە عێراقدا؛ کەچی لە بەرامبەردا هەر یەکە لە ئێران و ئەمریکا کارتی گوشاری زۆریان لەبەردەستە لەسەر حکوومەتەکەی سوودانی، کە دەتوانێت گوشارێکی گەورە لەسەر هەر حکوومەتێکی عێراقی دروست بکات.

  • دۆسیەی سەربازی و ئەمنی

 یەکێک لە سەرەکیترین هەروەها سەختترین پرسەکانی ئەو سەردانەی سوودانی بۆ ئەمریکا، یەکلاییکردنەوەی چەند پرسێکی ئەمنی و سەربازییە، بەتایبەت پرسی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە دەکرێت خاڵی بەهێز و لاوازی سەردانەکەی سوودانی بێت لە یەک کاتدا. دیارە سوودانی ئامانجی گواستنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکایە لەبەر ڕۆشناییی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی کە لە ٢٠٠٨ لە نێوان عێراق و ئەمریکا پەسەند کراوە وەک میکانیزمێک بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی سەربازی و ئەمنی لە نێوان هەردوو لادا. واتە گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکان کە نوێنەرایەتیی شێوازی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات بۆ بوارێکی فراوانتر، لەوانەیش هاوکاری لە بوارەکانی وزە، گەشتیاری، ڕۆشنبیری، کشتوکاڵ و وەبەرهێنان.

هەرچەندە سوودانی چەند جارێک وتوویەتی کە عێراق کێشەی سوپا و دەزگە ئەمنییەکانی نەماوە، بەتایبەت مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش، بەڵام ئەمریکییەکان هێشتا نیگەرانی مەترسیی داعشن لە عێراق، بەتایبەت ئەوان وردتر ئاگاداری دامەزراوەی سەربازیی عێراقن. ئەلینا ڕۆمانۆفسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق چەند هەفتەیەک پێش سەردانەکەی سوودانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە. مەترسیی ئەمریکا تەنیا لە ترسی سەرهەڵدانەوەی داعش نییە، بەڵکوو لە ترسی مامەڵەکردنی سوپا و هێزەکانی حەشدیشە لەگەڵ داعش؛ بە جۆرێک کە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی چەکداریی تائیفی لە عێراق و دواتریش تەشەنە بکات بۆ وڵاتانی دراوسێ.

ئەمە جگە لەوەی مەترسی هەیە ئەگەر ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا کۆتایی بێت، کاریگەرییە سیاسییەکەیشی زۆر لاواز بێت. ئەمەمان لە کاتی هاتنی داعش لە ٢٠١٤ەوە بینی، كە بوونی سەربازیی ئەمریکا دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەپێدانی توانای پیشەییی دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی لە عێراق کە لە دەرەوەی سیاسەت بمێننەوە. بەغدا توانا و هاوسەنگییەکی لەرزۆکی هەیە لەو بوارەدا، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی زۆری گرووپ و هێزی چەکدار هەن کە لەژێر کۆنترۆڵی دامەزراوەی سەربازی و سوپای عێراق نین. بۆیە ئەمریکا لە ڕێگەی پەیوەندیی سیاسی و ئەمنی لەگەڵ دەزگە ئەمنییەکانی عێراق، دەیەوێت ئەو هاوسەنگییە بپارێزێت و ڕێگە نەدات گرووپە چەکدارەکانی ئێران کۆنترۆڵی ئەو دوو دامەزراوەیە بکەن. واژۆکردنی گرێبەستی سەربازی بە بڕی 550 ملیۆن دۆلار لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە، دەکرێت بچێتە خزمەت ئەو ئامانجەوە؛ ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەمریکا زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلاری بۆ بنیاتنانەوەی هێزەکانی ئاسایشی عێراق تەرخان کردووە. ئەمریکا پێداویستییە گرنگەکانی وەکوو چەکی پێشکەوتووی فڕۆکەی ئێف 16 و زرێپۆشی جەنگیی ئەبرامز و، هەروەها ڕاهێنانی پیشەیی بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی ئاسایشی عێراق پێشکێش دەکات.

  • زاڵکردنی پەیوەندیی ئابووری بەسەر پەیوەندیی سیاسی و سەربازی

شارەوا نییە کە ئابووریی عێراق ئابوورییەکی سەقامگیر نییە، چونکە ٩٠٪ی داهاتی حکوومەت سەرچاوەکەی لە “فرۆشتنی نەوت”ەوەیە، بە جۆرێک ئەگەر نرخی نەوەت بگاتە ٦٠ دۆلار ئەوا ئابووریی عێراق تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێت. بۆیە لەم ڕووەوە عێراق پێویستیی زۆری بە ئەمریکا هەیە. ئەمریکا هێشتا گەورەترین کۆمەکبەخش و پاڵپشتی عێراقە. لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی(USAID)  زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری ئەمریکیی وەک کۆمەکی گەشەپێدان بۆ باشترکردنی کۆمەڵگەی عێراقی پێشکێش کردووە بۆ هاوکاریکردنی عێراق کە بووەتە هۆی دامەزراندنی سەدان بزنس و دروستکردنی هەزاران هەلی کار و بنیاتنانی 150 قوتابخانەی نوێ و 25 بنکەی خزمەتگوزاریی تەندروستی و 130 پڕۆژەی ئاو. لە ساڵی 2014وە ئەمریکا زیاتر لە 3.6 ملیار دۆلاری دابین کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوارە عێراقییەکان و پەنابەرانی کەمدەرامەت لە بوارەکانی چاودێریی تەندروستی و دەرمان و ئاوی پاکی خواردنەوە و ئاوەڕۆی باشتر. لە ساڵی 2017وە ئەمریکا بە بڕی157 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەرجی لە پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە کردووە بۆ زیاتر لە 12 ملیۆن عێراقی.

ئەمریکییەکان لە ڕاستیدا گلەییی زۆریان هەیە کە ئەوان وەک پێویست لە وەبەرهێنان و گەشەکردنی ئابووریی عێراق سوودمەند نین؛ واشنتۆن لە ٢٠١٤ تا ئێستا زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلاری تەنیا وەک هاوکاریی مرۆیی پێشکێش بە عێراق کردووە. باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە نووسینێکدا ئاماژەی بەوە دا: “بێ گومان وڵاتانی دیکەیش هەن لە دەرگەی عێراق دەدەن و بانگەشەی جێگرەوەی ئەمریکا دەکەن، بەڵام من نابینم هیچ یەکێکیان ئەوەندەی ئەمریکا کۆمەکی دارایی و هاوکاریی مرۆیییان پێشکێش بە عێراق کردبێت.” کەچی ئەوانەی سوودمەندی زیاترن لە ئابووریی عێراق، نەیارانی ئەمریکان وەک چین و ڕووسیا و ئێران. بۆیە سوودانی دەیەوێت لەم سەردانەدا جۆرێک لە هاوسەنگیی ئابووری لەگەڵ ئەمریکییەکان دروست بکات کە جێگەی ڕەزامەندیی ئەمریکا بێت؛ لە لایەکی تریش پەیوەندیی ئەمریکا و عێراق تەنیا لە ڕوانگەی سەربازییەوە سەیر نەکرێت. بۆیە ناکرێت ئەمریکییەکان پارە لە عێراق سەرف بکەن و داهاتەکەیشی بۆ نەیارانی ئەمریکا بێت.

کاتێک ئەمریکییەکان باسی عێراق دەکەن سەرنجی زۆربەی خەڵکی عێراق لەسەر نەوتە، بەڵام لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەمریکایە، لە عێراق دەرچوو و، کۆمپانیای پتڕۆ چاینای چینی جێگەی گرتەوە. ئەم ڕۆیشتنەی ئێکسۆن مۆبیل چاوەڕوانیی کۆمپانیاکانی دیکەی ئەمریکا بۆ کارکردن لە عێراق کەم دەکاتەوە. سوودانی لە سەردانەکەیدا دەیەوێت بە هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ڕاکێشانیان بۆ عێراق ئەم کەلێنە ئابوورییەوە پڕ بکاتەوە.

بازرگانیی ئەمریکا و عێراق ڕوو لە گەشەکردنە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەمریکا 897 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە کردووە، کە بەرهەمی سەرەکی، ئۆتۆمبێل بووە. عێراقیش لە بەرامبەردا 10.3 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی ئەمریکا کردووە کە زۆربەی نەوتی خاو بووە. سەرەکیترین پڕۆژەی ئابووریی حکوومەتەکەی سوودانی بریتییە لە ڕێگەی گەشەپێدان کە تێچووی ١٧ ملیار دۆلارە، بەڵام کۆمپانیا ئەمریکییەکان کەمترین بەشدارییان لەم پرۆژە زەبەلاحەدا هەیە.

هەر بۆیە سوودانی لە سەردانەکەیدا بەشێكی زۆری بۆ دیداری لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و گەنجینەی ئەمریکا، هەروەها ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ژووری بازرگانیی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای کۆمپانیا نەوتی و پیشەسازییەکان تەرخان کردووە. گرنگیدان بە ڕەخساندنی دەرفەت بە کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا کە بتوانن لە پڕۆژە گەورەکانی گەشەپێدانی ستراتیژی لە عێراق بەشداری بکەن، جا چ لە ڕێڕەوی گەشەپێدان بێت یان بە شێوەیەکی تر، بەتایبەت لە بوارەکانی وزەی نوێبووەوە، غاز، تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی، پڕۆژە فیدراڵییەکان، بوارەکانی گواستنەوە، پەیوەندییەکان، کشتوکاڵ، خوێندنی باڵا و وەبەرهێنان لە سەرچاوە سروشتییەکان و…، ئامانجی سەردانەکەی سوودانین.

لە ڕاستیدا لایەنی ئابووری (وەبەرهێنان، گەشەپێدان و دارایی) “بۆ یەکەم جارە لەم فۆرمە فراوانەی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیدا چالاک دەکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ داتا و بەرنامەی حکوومەتدا بگونجێت، کە بتوانێت خزمەت بە بەرژەوەندی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی ئابووریی عێراق بکات.”

پرسێکی تر کە ئەمریکا و ئیدارەی بایدن لەبارەی ئابووریی عێراقەوە بە گرنگی دەزانن، ڕێگریکردنە لە ئێران کە بتوانێت سیستەمی داراییی عێراق بۆ خۆڕزگارکردن لە سزاکانی ئەمریکا بەکار بهێنێت. بۆیە دەستڕاگەیشتن بە پارەکانی عێراق لە ئەمریکا سنووردار دەکات بۆ نەهێشتنی “سپیکردنەوەی پارە”، کە تا ئێستا لە بەرژەوەندیی ئێران و سوریادا بووە. هەر بۆیە یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا سنووردارکردنی توندی بۆ گواستنەوەی دۆلاری نێودەوڵەتی بەسەر بانکە بازرگانییەکانی عێراقدا سەپاندووە. واشنتۆن داوای لە بەغدا کردووە چاکسازی لە سیستەمی داراییی خۆیدا بکات بۆ ئەوەی ئێران سوودی لێ وەرنەگرێت. دیارترین چاکسازییە پێویستەکان بریتین لە: باشترکردنی چاودێریی گواستنەوەی دراو، ڕێگریکردن لە دابینکردنی داراییی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و بەرزکردنەوەی شەفافییەت لە سیستەمی ئابووریدا. حکوومەتی عێراق بەڵێنی داوە ئەو چاکسازییانە جێبەجێ بکات، بەڵام تا ئێستا پێشکەوتنێکی کەم بەدی هاتووە.

ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر حکوومەتی بەغدا کە بە زووترین کات هەنگاو بنێت، بەتایبەت لە بواری دابینکردنی کارەبا کە پشت بە ئوردن و وڵاتانی کەنداو ببەستێت نەک تەنیا ئێران. لەم ڕووەوە سەردانەکەی سوودانی بەرهەمدار بووە، دامەزراوەی داراییی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا (مؤسسة التمويل الدولية للتنمية) ڕەزامەند بووە کە بە بەهای 50 ملیۆن دۆلار قەرزێک بدات بۆ پاڵپشتیکردنی پەرەپێدانی بزنسی تایبەتی لە عێراق. ئەم قەرزە لەلایەن ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ بانکی نیشتمانیی عێراق ئاسانکاریی زۆری بۆ دەکرێت لە کاتی دانەوەی، وەک پشتگیرییەک لە پێدانی قەرز بە کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان. بەردەوامیی ئەو هەوڵانەی ئەمریکا و حکوومەتەکەی سوودانی ئەگەر بەربەستی بۆ دروست نەکرێت، دەکرێت ڕەنگدانەوەی دیاری هەبێت لە ژینگەی وەبەرەهێنان و بووژانەوەی ئابووریی عێراق.

  • پرسی ئێران و میلیشیاکان

پرسی ئێران و پرۆکسییەکانی، خاڵێکی لاوازی ئەجێندای سەردانی سوودانین بۆ ئەمریکا. تا پێش جەنگی غەززە ئەم هێزانە زیاتر لە 170 هێرشیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ئەنجام دا، ئەمریکاش بەردەوام وەڵامی داوەتەوە. ئەمە تەریقبوونەوە (ئیحراجی)یەکی زۆری بۆ حکوومەتەکەی سوودانی دروست کردبوو. ئەمریکا دەزانێت کە لەو بوارەدا دەستی سوودانی زۆر کراوە نییە تا بتوانێت سنوورێک بۆ ئەو هێزانە دابنێت، بەڵام دەیانەوێت لە ڕێگەی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان و بەهێزکردنی سیستەمی بانکییەوە ئەو هەژموونەی ئێران و میلیشیاکان کۆنترۆڵ بکەن. ئەمریکییەکان بۆ لێدان و لاوازکردنی میلیشیاکان پشت بە خۆیان دەبەستن نەک حکوومەتەکەی سوودانی. محەممەد شیاع سوودانی بەختی هەبوو کە هێرشەکانی میلیشیاکان وەستان و جەنگی ئێران و ئیسرائیلیش لەوە زیاتر تەشەنەی نەکرد، ئەگینا سەردانی سوودانی زیاتر دوا دەکەوت و ئەو گرنگییەی پێ نەدەدرا.

پرسێکی تر لە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا، کە بە ئەگەری زۆر باس دەکرێت، پرسی ڕفاندنی “ئەلیزابێس تسورکۆڤ”ە کە خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی پرینستۆن لە ئەمریکا؛ بە پاسپۆرتە ڕووسییەکەیەوە هاتۆتە ناو عێراق و ئاشکرای نەکردووە کە هاووڵاتیینامەی ئیسرائیلییشی هەیە و پێشتریش لەگەڵ هێزە دێرینەکانی بەرگریی ئیسرائیل کاری کردووە. تسورکۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن کەتائیبی حزبوڵڵایەوە لەناو بەغدا ڕفێندرا. بنەماڵەی تسورکۆڤ دەیانەوێت ئیدارەی بایدن، عێراق وەک سپۆنسەری دەوڵەتی تیرۆر دەستنیشان بکات بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە ئازادکردنی مسۆگەر بکات.

هەرچەندە سوودانی پێش دەستبەکاربوونی، سەروکاری زۆر لەگەڵ دۆسیەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق نەبووە، بەڵام بەباشی لە ئاڵنگارییە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق تێ دەگات و، هەوڵ دەدات هاوسەنگی لە نێوان تاران و واشنتۆندا بکات. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە سوودانی وەک سەرۆکەکانی پێش خۆی زیادەڕۆییی لە دابینکردنی سەرچاوەکانی داهات بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی و هاوپەیمانی ئێران لەسەر حیسابی هێزە ئەمنییەکانی عێراق نەکرد، هەرچەندە هەردوو قەوارەکە بەفەرمی لەژێر دەسەڵاتی ئەودان. بۆ ئەم مەبەستە سوودانی هەوڵی داوە هێزەکانی حەشد لەناو سوپا و دەزگە سەربازییەکانی عێراقدا جێگە بکاتەوە.

ئەوەی لەم قۆناغەدا بایدن لە سوودانیی دەوێت ئەوەیە کە جەخت لەسەر پابەندبوونی حکوومەتەکەی بکاتەوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمریکی، لەوانە: پاراستنی باڵیۆزخانەی واشنتۆن لە بەغدا و دروستکردنی کەشێکی سەلامەت بۆ ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان. جگە لەوەیش پێ دەچێت سوودانی جەخت لەسەر هاوکاریی حکوومەتەکەی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وزە (وەک تۆتال و جەنەراڵ ئەلیکتریک) و تۆڕەکانی وزەی ناوچەکە بکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە هاوردەکردنی کارەبا و گازی سروشتیی ئێران. ئەمانە ئەو میکانیزمانەن کە دواجار لە ڕوانگەی ئەمریکاوە دەبنە هۆکاری دوورخستنەوەی عێراق لە ئێران و میلیشیاکانی، بەتایبەت لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و یەدەگی فیدراڵی بە ئامانجی چاکسازی لە کەرتی دارایی و کەمکردنەوەی ڕۆیشتنی نایاساییی دۆلار بۆ ئێران.

  • پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا

زۆربەی سەرۆکوەزیرەكانی عێراق کە لە دوای ٢٠٠٣ هاتوون، داواکاریی ئەوەیان هەبووە کە سوپای ئەمریکا، عێراق بەجێ بهێڵێ. ئیبراهیم جەعفەری، یەکەمین بانگەوازی ئاشکرای کرد بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٥، دواتر نووری مالیکی لە ساڵی ٢٠٠٨، عادل عەبدولمەهدی لە ساڵی ٢٠٢٠ و محەمەد شیاع سوودانییش کە ئێستا لە پۆستەکەیدایە، هەموویان داواکاریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان کردووە؛ بەڵام ڕاستییەكەی، کەسیان داواکاریی خۆیان نەبووە بەڵکوو لەژێر گوشاری گرووپ و میلیشیا عێراقییەکان بووە، کە پاڵیان بە سەرکردە سیاسییەکانەوە ناوە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بکەن.

هەرچەندە دانوستانە دووقۆڵییەکانی ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو، بوونی سەربازیی ئەمریکای لە عێراقدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە، چونکە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە، ١٧٠ هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراق جێگیر بوون وەک بەشێک لە بەرەنگاربوونەوەی “قاعیدە” و پشتگیریکردنی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کە هێشتا لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا بوون دوای ئەوەی ئەمریکا هێزی پۆلیس و سوپای وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٠٣ هەڵوەشاندەوە. سەرۆک باراک ئۆباما تا کۆتاییی ساڵی ٢٠١١ سەرجەم سەربازەکانی ئەمریکای کشاندەوە، بەڵام سێ ساڵ دواتر لەسەر داواکاریی عێراق ٣ هەزار سەربازیان ناردەوە بۆ شەڕکردن لە دژی داعش لە ٢٠١٤ کە تا ئێستایش هەر لە عێراقن. ئەمڕۆ ئەمریکا بە دوو هەزار و پێنج سەد سەرباز لە عێراقە. ئێستا ئەو مەترسییەی کە قاعیدە و داعش لە عێراقدا دروستی دەکەن، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و کردەوەی توندوتیژیی گەورەی دەگمەنەیش کەمی کردووە، ئەمەیش بوونی هێزەکانی ئەمریکا کەم دەکاتەوە.

هەڵبەتە سەرەڕای داواکارییەکانی عێراق بۆ دەرچوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، بەڵام دوو هۆکار وا دەکەن کە ئەمریکییەکان لەمساڵدا هیچ پلانێكیان بۆ جێهێشتن یان سنووردارکردنی هێزەکانیان لە عێراقدا نەبێت: یەکەم، لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبەری سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بایدن نایەوێت لەو ماوەیەدا هیچ بڕیارێکی زۆر گرنگ لەو بارەیەوە بدات؛ دوومیش تا ململانێی ئێران و ئیسرائیل توند بێت لە ناوچەکەدا، ئەمریکا عێراق جێ ناهێڵێت. بەتایبەت کە ئەمریکا ڕۆڵی هەبوو لە بەرپەرچدانەوی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ١٣ی نیسان، کە وای کرد ئەمریکا هەست بە گرنگیی مانەوەیان بکەن لە عێراق، بەتایبەت لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیستەمی بەرگریی ئەمریکا (MIM-104 Patriot missile defense system) لە هەرێمی کوردستان؛ هەرچەندە هێشتا زانیاریی تەواو نییە لەم بارەیەوە.

پرسێکی تر ئەوەیە کە داواکاریی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا تا ئێستا زیاتر داواکاریی هێزەکانی نزیک لە ئێرانە؛ نە کورد و نە سوننە سەرەڕای هەڵوێستە فەرمییەکانیان، بەڵام ترسیان لە ڕۆیشتنی ئەمریکا هەیە. بێجگە لەوە وڵاتانی وەک تورکیا و ئوردن و کەنداویش مەترسییان هەیە لە کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق. بەڵام بەگشتی ڕوانگەیەک هەیە لە ئەمریکا کە لەگەڵ پێداچوونەوەدایە بە بوونی هێزە سەربازەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەتایبەت کە وای دەبینن تێچووی زیاترە لە دەسکەوت. بۆ نموونە دەیڤد شەنکەر لە ڕاپۆرتێکدا وای دەبینێت کە جێهێشتنی عێراق بۆ ئەمریکا باشترین سیناریۆیە (Leaving Iraq May Be Washington’s Wisest Choice)، چونکە ئەمریکا بارگرانیی زۆری لەسەر لا دەچێت و دەتوانێت باشتر یارمەتیی عێراق بدات؛ ئەوکات بە “پێشێلکردنی سەروەریی عێراق”یش تاوانبار ناکرێت؛ چونکە دەرکەوتووە کە کێشەکە پەیوەندیی بە خودی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکاوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئەو بە “عەقڵییەتی قەڵا” ناوی دەبات، واتە بەکارهێنانی هێزی دیپلۆماسی بۆ خۆپاراستنی سەربازی، کە ئەمەیش تێچووی زۆر بەسەر دیپلۆماسییەتی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا دەسەپێنێت؛ بۆ نموونە تێچووی کارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، چونکە باڵیۆزخانەکە وەک قەڵایەکی سەربازی وایە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و، فرەئەرکە.

ئەم ڕوانگەیە وای دەبینێت کە گواستنەوەی زۆرینەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دەتوانێت پێگەی واشنتۆن لە چاوی حکوومەتی عێراقی و باڵادەستیی ئێران باشتر بکات- بەتایبەت ئەگەر هێزەکان لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، کە دژایەتیی بوونی ئەمریکا ناکرێت. چونکە کاتێک واشنتۆن لە نیگەرانییەکانی پاراستنی هێزەکانی ڕزگاری دەبێت، مەودای زیاتری دەبێت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ عێراق سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، پێشێلکردنی سزاکان و گەندەڵیی سەرکردە عێراقییەکان. لە کاتێکدا سەقامگیری و سەروەریی عێراق وەک ئەولەوییەتێك بۆ ئەمریکا دەمێنێتەوە، واشنتۆن ناچار دەبێت پشت بە ئامرازەکانی تری دەسەڵاتی نیشتمانی ببەستێت – بەتایبەتی کاریگەریی ئابووری – ئەگەر بیەوێت لە قۆناغی داهاتوودا پاڵپشتیی بەرژەوەندییەکانی لە عێراق بکات.

قۆناغ بە قۆناغ کۆتاییهێنان یان کەمکردنەوەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا بە مانای کۆتاییهاتنی جەنگی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە، یان ڕازیبوون بە هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا نییە. وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا، سوودانی لەم سەردانەیدا گفتوگۆ لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناکات و ئەمەی جێ هێشتووە بۆ لیژنەی هەماهەنگیی سەربازیی باڵای نێوان هەردوو وڵات کە پێداچوونەوە بە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا بکەن. بەڵام دوای سەردانەکەی سوودانی چ گەرەنتییەک هەیە ئەم پرسە دیسان نەکرێتە کارتێکی گوشار و دژی سوودانی بەکار نەیەت- بەتایبەت زۆر هێزی سیاسی هەن کە دڵخۆش نین بە دەسکەوتەکانی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا و هەڵکشانی پێگەی سیاسیی سوودانی لە عێراقدا؟

  • هەرێمی کوردستان لە کوێی سەردانەکەی سوودانیدا بوو؟

ئەم سەردانەی سوودانی چەند بۆ عێراق و خودی کەسایەتیی سیاسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرنگ بوو، ئەوەندەیش بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ بوو. هەرێمی کوردستان لە ڕاستیدا ئامادەباشیی زۆری هەبوو لە چاوپێکەوتنە فەرمییەکانی  سوودانی و شاندەکەی لەگەڵ سەرۆک بایدن و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا؛ ئەو لێدوانە فەرمییانەی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەش بەڵگەی ئەو پێگە گرنگەن کە هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی واشنتۆن لە پرسی عێراقدا هەیەتی. هەڵبەتە سوودانی پێشوەختە دەیزانی کە دەبێت بە دەستێکی پڕەوە بچێتە واشنتۆن و بەتایبەت لەگەڵ هەرێمی کوردستانەوە، هەر بۆیە بەشێک لە کێشەکانی مووچە و پرسی بوودجەیش نیمچەڕێکكەوتنێکی لەسەر کرابوو پێش دەسپێکی سەردانەکەی سوودانی بۆ کۆشکی سپی.

یەکێک لە پرسە هەرە سەرەکییەکان، “پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان” بوو، کە تەوەرێکی سەرەکی بوو لە سەردانەکەدا. لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڕوونی باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە شاندەکە کردووە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە. ئەنتۆنى بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای کرد هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەست پێ بکاتەوە؛ بۆیە زۆری نەبرد وەزیری نەوتی عێراق  وتی “ئێمە بەفەرمی داوامان لە هەرێمی کوردستان کردووە  بۆ ئەم مەبەستە هاوکاریمان بکات.” ئەوە کاریگەریى لەسەر کارکردنى کۆمپانیاکانى بوارى نەوت دەبێت لە هەرێمى کوردستان و عێراق. دوای سەردانەکەی سوودانی پێ دەچێت پێشکەوتنی بەرچاو ڕوو بدات و ئەو پرسە چارەسەر بکرێت، بەتایبەت کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا (٢٢ نیسان) ئەردۆغان بەنیازە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، کە تەکانێکی تر دەدات بە چارەسەکردنی کێشەی ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمە دواجار کاریگەریی لەسەر پەسندکردنی پرۆژەیاسای بوودجەیش دەبێت کە بەنیازن لە چەند مانگی داهاتوودا بیخەنە بەردەم پەرلەمان، چونکە ئەوکات هەرێمی کوردستان داهاتێکی دەبێت کە دەتوانێت لەگەڵ بەغدا سەودای پێ بکات، نەک بە دەستی بەتاڵەوە بەشدار بێت.

ئەمریکییەکان لەوە تێ گەیشتوون کە بەردەوامیی کێشەکانی بەغدا و هەولێر دواجار سەر دەکێشن بۆ ناسەقامگیریی سیاسی لە عێراق و لێکەوتەیشیان دەبێت لەسەر ئاڵۆزبوونی ململانیێ نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چونکە ئەمە وا دەکات هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە دوای هاوپەیمانی تردا بگەڕێن بۆ سووککردنی گوشارەکانی بەغدا؛ ئینجا ئەم گەڕانە چ لە ناوخۆی عێراق بێت یان دەستبردن بۆ هاوکاریی وڵاتانی هەرێمی، کە لە هەردوو دۆخدا پرۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵۆز دەکات.

لەم سەردانەی سوودانیدا دەرکەوت کە بەغدا ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی بەردەوام بێت لە پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە لە ساڵی ٢٠٢٢وە بەغدا لە ڕێگەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردن و لەقاڵبدانی هەرێمی کوردستان دەدا. واشنتۆن گوشاری دیپلۆماسیی خستووەتە سەر هەولێر و بەغدا بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک کە ڕۆیشتنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە دەست پێ بکاتەوە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو نەوتە ڕێژەی 0.5%ی دابینکردنی نەوتی جیهانی پێک دەهێنێت بەڵکوو ئەو چەقبەستوویییە بەردەوامە بۆتە هۆکارێک بۆ ئاسایینەبوونەوەی پەیوەندییەکانی  هەولێر و بەغدا. ئەمەیش ڕاستییەکەی، کێشە بۆ ئامانجە ئەمنییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا دروست دەکات.

هەرچەندە نابێت ئەو ڕوانگەیەیش نادیدە بگرین، کە ئەم سەردانەی سوودانی دەکرێت ببێتە هۆکارێکیش کە دوای ماوەیەکی کورت بەغدا دەست بە گوشارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بکاتەوە، بەتایبەت کە لەم سەردانەدا بەغدا چەندان ڕێکكەوتنی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووە بۆ کڕینی چەک  و نۆژەنکردنەوەی توانای سەربازی و ئەمنی و ژێرخانی عێراق. ئەم دۆخە دەبێت مایەی خێر بێت بۆ هەرێمی کوردستانیش، بەڵام لە وڵاتێکی وەک عێراقدا کە هێز تەنیا لە دەستی حکوومەتدا نییە، دەکرێت دەرەنجامی پێچەوانەی هەبێت. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، ئەم کاریگەرییە بەئاشکرا لەسەر پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبووە، کە تا ئێستایش بەردەوامیی هەیە. بەڵام ڕاستییەکەی سیناریۆی بەهێز ئەوەیە کە دوای ئەم سەردانە قۆناغێکی سەقامگیر لە پەیوەندییەکانی هەرێمی و کوردستان و بەغدا دروست بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی کە نوخبەی سیاسیی عێراق و ئاراستەی لەقاڵبدانی هەرێمی کوردستان بۆیان دەرکەوت کە ئەم سیاسەتەیان ناتوانێت لە عێراقدا سەرکەوتوو بێت.  

image_pdfimage_print