پێنووس

پاڵنەر و لێكەوتەكانی “غەزای كنتاكی” لە بەغدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

پاش ماوەیەك لە ئۆقرەییی ئەمنی و تا ڕاددەیەك سیاسی، ژمارەیەك براند و ماركێت و شوێنكاری پەیوەست بە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بریتانیا لە پایتەختی عێراق كرانە ئامانج. ئەم پێشهاتە نوێیە كە كۆتا زنجیرەی گرژییەكانی عێراقە، ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و پاڵنەر و لە هەمان كاتدا لێكەوتەی جۆراوجۆریشی هەیە. ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات تیشك بخاتە سەر وردەكارییەكانی ئەو دۆسیەیە.

سروشتی شوێنە بەئامانجگیراوەكان

لە سەرەتای ئەم مانگەوە (حوزەیرانی 2024) براند و خواردنگە ئەمریكییەکان لە شەقامی فەڵەستین و گەڕەكی جادرییەی بەغدای پایتەختی عێراق، ڕووبەڕووی چەند هێرش و پەلامارێك بوونەوە و وێنە و گرتە ڤیدیۆیییەكانیشیان لە سەكۆكانی سۆشیال میدیا نمایش كران[1]. بەپێی ئەو زانیارییانەیشی بڵاو كراونەتەوە، هێرشەكان زیاتر چەند چێشتخانە و كافێیەكی گرتووەتەوە، لەوانەیش: “کنتاکی”، “فرێد چیکن”، “چیلی هاوس”، “لایز” و “چۆکلێت بار”. ئەم خواردنگانەیش بە شێوازی ئەمریكی و ڕۆژاوایی كار دەكەن و خواردن پێشكەش بە كڕیارەكانیان دەكەن؛ لەنێو ئەمانەیشدا “كنتاكی” و “پیتزا هت” ڕاستەوخۆ سەر بە گرووپی “ئەمریكانا”ن كە خاوەنی ئیمتیازی ئەم براندەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا[2]. جگە لەوانەیش هێرشەكان پەلی كێشا بۆ كۆمپانیا و پەیمانگە پەروەردەیییە ئەمریكی و بریتانییەكان (كاتربلەر و كامبریدج)[3]. لە هەندێك ڕووماڵی میدیاییشدا هێرشەكان بە “غەزای كنتاكی” ناسێنران[4]؛ ئەمەیش وەك جۆرێك لە گاڵتەكردن و ناڕەزاییدەربڕین لەو هێرشانەی زیانی بۆ ئاسایش و وێنەی عێراق هەیە.

لە بەرامبەریشدا بەرگریكارەكانی پێیان وایە هێرشەكان كاردانەوەیەكی خۆڕسكانەیە دژ بە سیاسەتی ئەمریكا لە پشتیوانیكردنی ڕەهای ئیسرائیل لە جەنگی غەززە؛ ئەمە لە كاتێكدا بەپێی لێدوانی كۆمەڵەی چێشتخانەكانی عێراق، مەرج نییە ئەو خواردنگە و شوێنكارانە ئەمریكی بن؛ هەیانە ئوردنییە، لەوانەیش “چیلی هاوس” كە تەنانەت لقێکی لە شاری “ڕامەڵڵا”ی پایتەختی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستینی هەیە و بەبێ كێشە لەوێ كار دەكات، تەنیا ئەوە هەیە كە سەرەتا لە ئەمریکا تۆمار کراوە[5]. هەروەها لەنێو ئەو كۆمپانیایانەی بەر هێرشەكان كەوتوون، هەیانە عێراقی و ناوخۆیییە[6]، ئەوانەیشیان كە بیانین، وەبەرهێن و كرێكار و ستافەكانی هەر عێراقین.

هێرشبەران كارمەندی ئەمنی بوون

بەهۆی ئەوەی هێرشەكان كتوپڕ و بێپێشەكی بوون، بوونە هۆی كەوتنەوەی زیانی ماددی و دروستكردنی ترس و تۆق لای كڕیارەكان و خەڵكی ئەو شەقامانەی كە كرانە ئامانج؛ بە دوای ئەوەیشدا حكوومەت بەخێرایی كەوتە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی و بڵاوكردنەوەی هێز بۆ پاراستنیان. بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆش؛ لە ئۆپەراسیۆنێكدا بۆ ڕاوەدوونانی هێرشبەران 3 كەس بریندار بوون و 12 كەسیش لە هێرشبەرەكان گیراون كە بە “دەرچوو لە یاسا” پۆلێن كراون؛ بە شێوەیەكی فەرمییش دۆسیەی تیرۆریان ڕووبەڕوو كراوەتەوە بەپێی ماددەی 4ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

 هەر وەزارەتی ناوخۆ ئەوەیشی ئاشكرا كردووە لە سەروبەندی لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە لەنێو هێرشبەراندا “كارمەندی سەر بە یەکێک لە دەزگە ئەمنییەکان” هەن، بەبێ ناوبردن و ئاماژەكردن بە باكگراوندیان[7]. ئەمەیش لە میكانیزمی كاری وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا تا ڕاددەیەك باوە؛ بەو پێیەی دەوڵەت ناتوانێت ڕووبەڕووی هێزە هێرشبەرەكان ببێتەوە، چونكە زۆر جار ئەگەرچی دژی دەوڵەتیش كار دەكەن، بەڵام لەناو دەوڵەتدا قووڵایی و پشتیان هەیە، بەتایبەت كە لەم هێرشانەی دواییدا چەند شرۆڤەكار و كەسایەتییەك لە میدیا جۆربەجۆرەكانی عێراقەوە دەركەوتن و هێرشەكانیان پەیوەست كردەوە بە پەرچەكرداری دژ بە سیاسەتی پشتیوانیی ڕەهای ئەمریكا لە ئیسرائیل؛ هەروەها چوواندیان بە خۆپیشاندانەكانی لەندەن و زانكۆكانی ئەمریكا لە دژی جەنگی غەززە[8].

لە دەرەوەی گێڕانەوە فەرمییەكانی حكوومەتیش، لايەنێكی نوێ كە ناوی خۆی ناوە “گەنجانی شۆڕشگێڕی قودس”، ناڕاستەوخۆ چووەتە پشت هێرشەكان. گرووپە نەناسراوەكە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەوە تۆمەتبار دەكات کە فەرمانی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە، بۆ ئەوەی فیشەک ئاراستەی هێرشبەرانی سەر لقی خواردنگە ئەمریکییەكان بكەن. ئەم گرووپەیش كە باوەڕ وایە سەر بە هێزە وەلائییەكانی شوێنكەوتەی ئێران بێت، هۆشداریی ئەوەیش دەدات بە حكوومەتی عێراق، “پێویستە بزانێت، بڕیاری ئەوان كۆتاییهێنانە بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا-ئیسرائیل لەسەر خاکی عێراق”؛ هەروەها جەخت لەوە دەكاتەوە ئەوان ڕێگە نادەن خاكی عێراق ببێتە پڕۆژەی وەبەرهێنان بۆ پڕچەککردنی ئیسرائیل[9].

شێوازی كاری ئەم لایەنەیش نزیك و هاوشێوەی كاركردنی گرووپی پێشووی “ربع الله”یە كە لە سەردەمی حكوومەتی كازمی (2020_2022) هێرشیان دەكردە سەر بازاڕ و نووسینگەی میدیاكان؛ دواتریش چەند بەڵگەیەك دەركەوتن كە گرووپی “ربع الله” لقێکی “كەتیبەكانی حزبوڵڵا”ن و كاری گرووپەكەیش ڕێپێوان بوو لە بەغدا و، هەڕەشەیان لە سەرۆکوەزیران و بەرپرسە باڵاکانی ئەمنییش دەکرد[10].

پاڵنەری هێرشەكان و باكگراوندی هێرشبەران

هەرچەندە لە پاش هێرشی 7ی ئۆكتۆبەری حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشی ئەو وڵاتەیش بۆ سەر غەززە، بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییە ڕۆژاوایییەكان لە ناوچەكە، بووەتە شتێكی باو بۆ پشتگیریكردن لە فەڵەستینییەكان، بەڵام لەم پێشهاتەی عێراقدا، ئامانجەكە تەنیا پشتیوانیی غەززە نییە و هەندێك وردەكاری و هاوكێشەی نێوخۆیی هەن كە جێگەی هەڵوێستەكردنن، لەوانەیش:

_ هێرشەكان هاوكات بوون لەگەڵ بانگەوازی بەرپرسێكی كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراق (ئەبو عەلی عەسكەری) بۆ دەركردنی كۆمپانیا و براندە ئەمریكییەكان[11]. بەرپرسەكەی حزبوڵڵا داوای هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكانی عێراقیش كرد بەهۆی ئەوەی بەرەنگاری هێرشبەران بوونەوە بە پاساوی ئەوەی “پاشكۆی داگیركەرن”. نەك هەر ئەوە بەڵكوو داوای ئەوەیشی كرد چاودێریی جووڵەی باڵیۆزەکان بكرێت لە پارێزگاکان[12]؛ ئەمەیش ئاماژەیە بۆ بێزاریی ئەم هێزە لە سەردان و جموجۆڵەكانی باڵیۆزی سعوودیا “عەبدولعەزیز شەممەڕی” لە نەجەف و كەربەلا و گفتوگۆكردنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هەندێك لە مەرجەع و ڕێبەرە ئایینییەكانی حەوزەی شیعە لەم دوو شارە پیرۆزە. 

_ دەشێت ئەم هێرشانە بۆ هێشتنەوەی جەماوەری گرووپە چەكدارەكان بێت لە حاڵەتی جۆش و خرۆشدا؛ ئەمەیش پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا كەوتنە حاڵەتی خامۆشی، بەهۆی درێژەكێشانی جەنگی غەززە و تاقیكردنەوەی بێهوودەی سەرجەم بژاردەكان، لەوانەیش هاوێشتنی مووشەك و درۆن بۆ سەر بنكە ئەمریكییەكان.

_ بۆچوونێكی تر هەیە پێی وایە هێرشەكان لێدانن لە پرۆژەی سیاسی و حوكمڕانیی سوودانی، کە لە گۆڕەپانی هەڵمەتی پێشوەختەی هەڵبژاردنی داهاتوودا دەستی کردووە بە ڕکابەریکردن لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی گرووپە چەكدارەكان[13].

_ ماوەیەك بەر لە ئێستا موقتەدا سەدر داوای “دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق”ی كرد، بە پاساوی ئەوەی پاڵپشتی ئیسرائیلی پاوانخوازە، بەڵام بە شێوازی “دیپلۆماسی و ڕێكخراو و بەبێ هیچ خوێنڕشتنێک”[14]. ئەم هەنگاوەی سەدریش هەر لە چوارچێوەی كێبركێكانی ناوخۆی شیعەیە بۆ خۆدەرخستن بە پاڵپشتیی فەڵەستین؛ ڕكابەرەكانیشی هان دەدات سەقفی چالاكی و جموجۆڵییان بەرزتر بكەنەوە، لەنێویشیاندا دروستكردنی گرژیی ئەمنی. 

_ كێبركێ و ململانێی نێوخۆییی هێزە شیعەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، بەدوور نییە لەم جۆرە گرژییانە، چونكە ئەم چوارچێوەیە ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا یەكگرتووە، بەڵام بەپێی پۆلێنەكان لە ناواخندا بەسەر جەمسەرەكانی توندڕەو و پراگماتی و كراوەدا دابەش دەبن[15]. ئەم ڕكابەرییانەیش نزیك لە هەڵبژاردن، گەرمتر و فراوانتر دەبن، بەتایبەت خۆنمایشكردنی باڵە چەكدارەكان بەسەر لایەنە سیاسییەكاندا. بەهۆی ئەوەیشی هیچ لایەنێكی شیعی باڵادەست نییە بەسەر دۆخی ئەمنی، دەرفەتی مانۆڕ و خۆنواندن بۆ گرووپە چەكدارەكان زیاترە.

_ هەندێك زانیاریی تر هەن باس لەوە دەكەن، گرووپێكی چەكدار ویستوویەتی دەرفەتێكی “ناوازە”ی وەبەرهێنان لە بەغدا دەست بخات، بەڵام سەرۆكوەزیران سوودانی، ڕەتی كردۆتەوە و داویەتی بە لایەنێكی تر؛ ئەوانیش لە پەرچەكرداردا بۆ ئیحراجكردنی سوودانی ئەو هێرشانەیان لە بەغدا كردووە[16]. ئەم لێكدانەوەیەیش هەندێك ئاماژەی پشتیوانیی هەیە، لەوانەیش هێرشەكان تەنیا پەیوەست نەبوون بە براند و ماركە ئەمریكییەكان، بەڵكوو كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی ماستی نێوخۆییی گرتەوە ( كارگەی ماستی كانون)[17].

_ دەشێت كێبركێی ئابووری، هۆكاری ئەو هێرشانە بن؛ بەو پێیەی ململانێیەکی توندی نێوان گرووپەكان بۆ قازانجکردن لەو پڕۆژانە هەیە؛ قازانجەكەیش لە ڕێگەی ناچاركردنی خاوەن پڕۆژەكانە بە هاوپشكی یان سەرانەدان. ئەم ئەزموونەیش لە مەیخانە و یانە شەوانەكانی بەغدا زەقە، كە بەپێی لێكگەیشتن و پارەدان بە گرووپی چەكدار كار دەكەن[18].

_  هەندێك لایەنی “مەدەنی”ی نێو پەرلەمان، پێیان وایە جگە لە لایەنی نێوخۆیی، لایەنی دەرەكییش هەن هاندەری هێرشەكانی سەر شوێنكارە بیانییەكانی عێراقن و “دەیانەوێت ئاسایش و سەقامگیریی بەغدا تێک بدەن”[19]. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ بەرەی “موقاوەمە” كە تاران سەرۆكایەتیی دەكات و لە بەرەی یەمەن و لوبنانیشەوە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گرژییەوە، لە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیلدا پشتیوانیی غەززە بكات.

_ دەشێت ئێرانییەكان خۆشحاڵ بن بەم هێرشانە و، لە ڕێگەی ئەوەوە پەیامی ئەوە بدەنە ئەمریكییەكان كە لە شەقامی عێراقیدا بێزراون. ئەوەیشی پشتیوانیی ئەم لێكدانەوەیە دەكات ڕێكخراویی هێرشەكانن كە بە ئۆتۆمبێلی جۆری تاهۆ ئەنجام دراون و هێرشبەران لە ڕووی تفاق و لۆجستییەوە پۆشتە و پەرداخن.  

لێكەوتەی هێرشەكان

ئەنجامدەرانی هێرشی سەر براند و ماركێتە ئەمریكییەكان هەر كەس و لایەنێك یان هەر هاندەرێكی لەپشت بێت، ئەنجام و لێكەوتەكان تا ڕاددەیەكی زۆر هاوشێوەن و، دەكرێت بەم جۆرە ئاماژەیان بۆ بكرێت:

_ پیشاندانی لاوازیی حكوومەت كە بەفەرمی ناتوانێت ئەنجامدەرانی ڕاستەقینە و هاندەرەكانی هێرشەكان ئاشكرا بكات و بەهۆی ئەوەی لەنێو دەوڵەتی عێراقدا پێگەیان هەیە، دەیشتوانن بەئاسانی لە سزا دەرباز بن.

_ ڕووگیركردن (ئیحراجكردن)ی سوودانی بەرامبەر ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا؛ بەتایبەت كە باڵیۆزخانەی ئەمریكا وێڕای ئیدانەكردنی توندی هێرشەكان، داوای لە حکوومەتی عێراق كرد سەرباری لێكۆڵینەوە، “بەرپرسانی ئەو هێرشانە بگەیەننە دادگە و ڕێگری لە هەر هێرشێکی تر بكات لە داهاتوودا”[20].

_ هێرشەكان وێنەیەكی نەرێنی و خراپیش لەسەر كەشی وەبەرهێنان لە عێراقدا لە دنیای دەرەوە دروست دەكات. ئەمەیش بەڕوونی لە بەیاننامەی باڵیۆزخانەی ئەمریكادا هاتووە كە باس لەوە دەكات لێكەوتەی هێرشەكان لاوازكردنی توانای عێراقە لە “ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی”. ئەمە لە كاتێكدا وەبەرهێنان یەكێكە لە بەرنامەكانی حكوومەتی سوودانی بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی عێراق، بەتایبەت لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە كەرتی وزە و گازی سروشتی، بەتایبەت كە عێراق گرێبەستی كردووە.

_ دەشێت هێرشبەرەكان بیانەوێت دەستكەوتەكانی سەردانی ئەم دوایییەی سوودانی بۆ ئەمریكا پووچەڵ بكەنەوە، بەتایبەت كە سوودانی بانگهێشتی كۆمپانیا ئەمریكییەكانی كردووە، بێن لە عێراق وەبەرهێنان بكەن.

_ ئەم هێرشانەیش لە كاتێكدایە عێراق بەنیازە “ڕێگەی گەشەپێدان” لە بەسرەوە تا توركیا جێبەجێ بكات و وڵاتانی كەنداو بە ئەوروپاوە گرێ بدات. لەم ڕووەیشەوە دەكرێت هێرشەكان هەڵگری پەیامێكی نەرێنی بن و گرووپەكان بیانەوێت لەم ڕێگەیەوە توانا و ئامادەییی خۆیان پیشان بدەن بۆ هێرشی هاوشێوە هەر كات و ساتێك بڕیار بدەن.

پوختە

بەئامانجگرتنی شوێنكار و كۆمپانیا ئەمریكی و بریتانییەكانیان لە بەغدا، بەشێكە لە لێكەوتەكانی جەنگی غەززە و دەچێتە چوارچێوەی قۆستنەوەی ئەم ڕووداوە بۆ گەیاندنی مەسێجی تایبەت و تەسفیەكردنی حسابی لابەلا لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق لەلایەن بەرەی ئێرانییەوە. ئەنجامدەرانی ئەم گرووپە كەڵك لە پەیكەری شلۆق و لەرزۆكی حكوومەتی عێراق وەردەگرن و دەیانەوێت سەرۆكوەزیرانی ئێستا؛ محەمەد شیاع سوودانی، بێدەسەڵات پیشان بدەن و لە هەمان كاتیشدا باسكی هێزی خۆیان نمایش بكەن. هێرشەكان لێكەوتەی خراپیان دەبێت لەسەر وێنەی دۆخی عێراق لە بواری وەبەرهێنان لەسەر ئاستی دەرەوە، هەروەها دەشێت لە كەرتی وزە و “ڕێگەی گەشەپێدان”یشدا پێشهاتی هاوشێوە دووبارە ببنەوە، بەتایبەت كە ماوەیەكە سعوودیا لە باشووری عێراق لە جموجۆڵدایە و، ئەگەر هەیە هەوڵ بدات پرۆژەی وەبەرهێنان وەرگرێت.

[1]  https://bit.ly/3wVwTHP

[2]  https://bit.ly/4eoUz8r

[3]  https://bit.ly/3yXIg2k

[4]  https://bit.ly/3x44cbG ؛

https://bit.ly/3V6kDvS

[5]  https://bit.ly/3yN6a0H

[6]  https://bit.ly/4c5TCzI

[7]  https://bit.ly/4eoUz8r

[8]  https://bit.ly/3Rdf0v2 ؛

https://bit.ly/3RgVxcE

https://bit.ly/3RjMF69

[9]  https://bit.ly/3Vvx4Tt

[10]  https://bit.ly/45gNjXG

[11]  https://bit.ly/4bQDC54

[12]  https://bit.ly/4bQDC54

[13]  https://bit.ly/3x9IpPR

[14]  https://bit.ly/3VdOFhr

[15]  https://bit.ly/3VvrsZu

[16]  https://bit.ly/4bEhf2x

[17]  https://bit.ly/4c5TCzI

[18]  https://bit.ly/3x5m5Xw

[19]  https://bit.ly/3yRva6X

[20]  https://bit.ly/3Ktlke5

image_pdfimage_print