نووسەر: ناسر کەرەمی
وەرگێڕان: پێنووس
وا دیارە لە ئەوروپا، با ئاڵای حزبە ڕاستەکان دەشەکێنێتەوە. لە ساڵی ڕابردوودا، لە چەند وڵاتێکی ئەوروپیدا، نەک هەر لایەنە ڕاستڕەوەکان بەختی زیاتریان هەبووە لە ڕاکێشانی دەنگی هاووڵاتیان، بەڵکوو لە حاڵەتەکانی وەک هۆڵەندا و فەڕەنسا، وا دیارە تەنانەت ڕەوتە توندڕەوەکان توانیویانە ڕەوتە میانڕەوترەکان بۆ دواوە پاڵ بنێن و شەنسی بەدەستهێنانی دەسەڵات بەدەست بهێنن. لەودیو زەریای ئەتڵەسی، لە ئەرجەنتین، ڕاستڕەوێک چۆتە کۆشکی سەرۆکایەتی و هەمان چارەنووس بۆ هەندێک وڵاتی دیکەی ئەم ناوچەیە پێشبینی دەکرێت. لە ئەمریکا، تەنانەت سەرەڕای هەڵمەتی بەردەوامی میدیاکان و دادگەکان و کەسایەتییە ناودارەکانی هۆلیوود، هێشتا ترامپ شەنسی بەرچاوی بۆ گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکای هەیە و ئاماژەکان دەری دەخەن کە لە کەنەدا، جاستن ترودۆ لە بەرامبەر ڕکابەرە ڕاستڕەوەکانی دەدۆڕێت.
لێرەدا پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە بۆچی ڕۆژاوا و بەتایبەتی ناوچەی زەریای ئەتڵەسی و بەتایبەتیتر ئەوروپا، ڕوویان لە ڕاست کردووە؟ ئەمە پرسیارێکە زۆر جار لەلایەن میدیاکانەوە دەکرێت و پێ دەچێت بابەتێک بێت کە ڕای گشتیی تووشی سەرسوڕمان کردبێت. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ڕووداوەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕووی نەداوە و لانی کەم بۆ جوگرافیاناسان و کەشوهەواناسەکان، ئەم پرۆسەیە لەمێژە پێشبینی کراوە. بۆ نموونە ئەم دوو توێژینەوەیەی سەبارەت بەم پرسە کە لە ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٩ بڵاو کراونەتەوە. بەسادەیی دەتوانین بڵێین، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا پێمان دەڵێن، ناوچە لەبارەکان بۆ ژیان لە باشوور کەم بوونەتەوە و زیاتر کەم دەبنەوە و، بۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو جۆرە بارودۆخانە، ملیۆنان کەس هیچ بژاردەیەکیان نابێت جگە لە کۆچکردن بۆ ناوچە لەبارترەکان، کە لە دۆخی ئێستای جیهاندا ئەو ناوچانە کە بوونەتە شوێنی مەبەست، بریتین لە: ناوچەی باکوور، بە شێوەیەکی سەرەکی ئەوروپای ڕۆژاوا و، هەروەها لە سەرانسەری ناوچەی زەریای ئەتڵەسی و ئەمریکا و کەنەدا. بۆ ملیۆنان کەسی هەژار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کۆچکردن بۆ ئەوروپا ئاسانترە و ئەگەری زیاترە و بەهۆی ئەمەوە کۆچبەرانی کەشوهەوا، زیاتر بوونەتە جێگەی نیگەرانیی ئەوروپا؛ وەک لە ئەمریکای باکووریش هەر بەم شێوەیە.
ڕاستییەكەی، پەیوەندییەکەی بە سەرهەڵدانی ڕاستگەرایییەوە ئەوەیە کە گوشاری کۆچبەران پەرە بە ململانێ و لێکترازان و ناکۆکیی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتوورییەکان دەدات و وردە وردە هاووڵاتیانی ناوچەی باکوور بڕیار دەدەن شوێنی نیشتەجێبوونیان لە بەرامبەر ئەم میوانە زۆر جار بانگهێشتنەکراوانە، بپارێزن. ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایییەی یەکێتیی ئەوروپادا ڕووی دا، دەرەنجامی “برێگزیت”ێکی کیشوەرییە و، بێ گومان فۆرمێکی شارستانیی هەوڵدانە بۆ هێشتنەوەی خەڵكی بیانی (بێگانەكان) لە پشت دیواری شارەوە (ئەوروپا).
کۆچبەرەکان کێن و لە کوێ دێن؟
وێنا و دەربڕینی چیرۆکەکە لە چوارچێوەی گۆڕانی کەشوهەوادا ئەوەیە کە کۆچبەران لە پشتێنەی ناوچە گەرمەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە دێن. واتە هەمان بیابان و شریتی وشکی زەوی کە بەڕێکەوت سەرچاوەی شارستانییەتە گەورەکان بووە و هەندێک جاریش ئەو ئیمپراتۆرییەتانەی لەم ناوچەیەوە سەریان هەڵداوە حوکمڕانیی جیهانیان کردووە. بەڵام گۆڕانی وردە وردەی کەشوهەوا وای کردووە شەنس و بەخت پشت لە خەڵکی ئەم ناوچەیە بكات و ئێستا لە خاکێكی وشک و کەمتر بەپیتدا بژین کە بێبەشە لە سەرچاوەکانی ژیانی بایۆلۆژی و، بە پلەی یەکەم ئاو بۆ دانیشتووانەکەی. بەهۆی هەندێک هۆکاری کەشوهەوا، پشتێنەی ناوچە گەرمەکان، لەچاو ناوچەکانی دیکەی جیهان ناسكتر و زەرەرمەندترە لە بەرامبەر گەرمای جیهانی. بۆ نموونە لە کاتێکدا تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهانی، 1.1 پلەی سەدی بووە، ئەم ناوچەیە بەتێکڕا 1.5 پلە و لە هەندێک ناوچەدا تا 2 پلە گەرم بووە؛ ئەمەیش بە واتای وشکبوون و بەبیابانبوون، بەهۆی کەمبوونەوەی بارانبارین و زیادبوونی هەڵمبوون و هەڵمژین و بەرزبوونەوەی خێراتری کەمبوونەوەی سەرچاوە سنووردارەکانی ئاو لەو ناوچەیە دێت.
لە ڕۆژهەڵاتەوە، ئەفغانستان و پاکستان و پاشان ئێران و، لەولاتریشەوە، تورکیا و سووریا، عێراق، لوبنان و ئیسرائیل و لە خوارەوە تا دەگاتە یەمەن و وڵاتانی قۆڕنی ئەفریقا و هەموو وڵاتانی باشووری دەریای ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا تا دەگاتە مەغریب و مۆریتانیا، لەم بازنەیەدا بەشدارن. بە شێوەیەکی سروشتی، وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت وەک کوێت، ئیمارات، قەتەر، بەحرێن و سعوودیا بەهۆی سامانە گەورەکەیانەوە زۆر کەمتر بەرەوڕووی گۆڕانی کەشوهەوا دەبنەوە و حسابەکەیان لەم ڕوانگەیەوە جیاوازە. بەپێچەوانەوە وڵاتانی ناوچەی ساحل و قۆڕنی ئەفریقا زیاترین زیانیان بەرکەوتووە و لە نموونەی وەک سوودان و سۆماڵدا، لە داڕووخانی ژێرخانی سیاسی و ئابووری نزیك بوونەتەوە. لە هەندێک لەو وڵاتانەدا، وەک ئێران، ئەفغانستان، سووریا، عێراق، حوکمڕانیی خراپ بووەتە فاکتەرێکی یارمەتیدەر لەپاڵ هۆکارەکەدا؛ بە جۆرێک کە بەم هۆیەوە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا چڕتر و توندتر دەبنەوە و تەنانەت پرۆسەی لەناوبردنی سامانە سروشتییەکان، خێراترە لە پرۆسە وێرانکەرەکانی کەشوهەوا. لەم نێوەندەدا بێ گومان کۆچکردن بۆ ئەوروپا کەوتۆتە ژێر فاکتەری گەورەی دەستپێڕاگەیشتن. بۆ نموونە وڵاتانی باکووری ئەفریقا بەهۆی دەستپێڕاگەیشتنیان بە دەریای سپیی ناوەڕاست، زیاتر و بێ ترس کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپا.
بۆچی ئەوروپییەکانیان ترساندووە؟
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پرسێکی بچووکتر لەم بابەتەدا، سنوورداربوونی شوێنی ژیانە. بەڵام تەنانەت وەرگرترین وڵاتانی ئەوروپییش توانای وەرگرتنی کۆچبەرانیان سنووردارە و زیاتر لەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و گرژی. لەم نێوەندەیشدا، گرنگترین بابەت نەگونجانی کەلتوورییە، کە زیاتر لەنێو موسڵماناندا باو بووە. ژمارەی کۆچبەرانی چینی و هیندی لە ئەوروپا زۆرە، بەڵام کەمتر هەواڵی نەرێنی دەبیستین سەبارەت بە گرژیی نێوان چینی و هیندییەکان لەگەڵ هاووڵاتیانی ئەوروپیدا، چونکە کۆچکردن لەم دوو وڵاتە نەریتێکی لەمێژینەی هەیە وەک شێوازێک بۆ مانەوە و، تەنانەت بەشێکی زۆریان پسپۆری و کارامەییی پێویستیان بۆ کۆچکردن لە وڵاتی خۆیانەوە بەدەست هێناوە و، هەروەها ئامادەییی ئەوەیان تێدایە کە ئەم ڕاستییە قبووڵ بکەن کە بڕیار وا نییە ئەوروپییەکان ببنە پاشکۆ و شوێنکەوتووی کەلتووری ئەوان و، بۆیە ئامادەن ڕێز لە کەلتووری وڵاتانی خانەخوێ (ئەوروپا) بگرن. بەڵام هەندێک لە موسڵمانان، بەتایبەت هەندێکیان کە لە ناوچەی دەریای ناوەڕاستەوە دێن، زۆر دواتر، هەندێک جار تەنانەت تا نەوەی سێیەم و چوارەم، بۆ قبووڵکردنی مەرجە کەلتوورییەکانی وڵاتانی خانەخوێ، دەبێت چاوەڕێ بکەن. بەم شێوەیە تێکەڵەیەک لە ململانێی بایۆلۆژی و کەلتووری، ئەوروپییەکان بەرەو فۆرمێکی ناسیۆنالیزم دەبات، کە لایەنی سیاسییەکەی لەلایەن ڕەوتی ڕاستڕەو و هەندێک جاریش دژەکۆچبەران نوێنەرایەتی دەکرێت.
ئەم دۆخە تا چەند درێژە دەکێشێت و تا کوێ دەچێت؟
ئەمە تەنیا سەرەتای چیرۆکەکەیە. لە ڕاستیدا کۆچی کەشوهەوا تازە دەستی پێ کردووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و شەپۆلە سەرەکییەکان هێشتا ماویەتی. بۆ نموونە توێژینەوەیەک ئەوە دەردەخات کە ژمارەی کۆچبەرانی کەشوهەوا ٦٠٠ ملیۆن کەس بووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەیان بگاتە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن کەس. پرسەکە ئەوەیە کە زۆربەیان ٦٠٠ ملیۆن کۆچبەری ناوخۆیین؛ لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر ڕۆیشتوون. وەک زۆرێک لە گوندنشینانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئێران کە بەناچاری کۆچیان کردووە بۆ شارەکان. بەڵام لە زۆربەی وڵاتان شوێنەکانی کۆچی ناوخۆیی، گەیشتوونەتە ئاستی تێربوون و شەپۆلەکانی داهاتووی کۆچکردن بە شێوەیەکی سەرەکی لە سروشتدا نێودەوڵەتی دەبن. بۆیە پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا، کە زۆر دوور نییە، لە ئاییندەیەکی نزیکدا شەپۆلی کۆچکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە بەرەو ئەوروپا چڕتر ببێتەوە.
ئەوروپییەکان بۆ پاراستنیان لەم کۆچبەرانەی کەشوهەوا کە لە گەشەکردندان، ڕوویان لە سیاسەتمەدارانی ڕاستڕەو کردووە. ئەمە ڕوونکردنەوەیەکی کەشوهەوای سادە و ڕاستەوخۆیە بۆ ڕەوتی بەرەو ڕاست لە ئەوروپا؛ بە پشتبەستن بە هەموو ئەو داتایانەی کەشوهەوایش کە پشتگیریی ئەم ڕوونکردنەوەیە دەکەن، سەردەمی ڕاستەکان تازە دەستی پێ کردووە. ئەوروپا زیاتر دوژمنایەتیی بیانییەکان دەکات و لایەنی نامرۆڤانە لەگەڵیدا بڵاو دەبێتەوە. بەڵام با لەبیرمان نەچێت کە پاراستنی ژینگە و ناوچەی ژیان بۆ مرۆڤەکان، کاری لەپێشینە و یەکەم مەرجی مانەوەیە. هەر بۆیە ڕاستڕەوە توندرەوەکان بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی سیاسیی خۆیان، پشت بەم ئەولەوییەتە دەبەستن.
سەرچاوە:
https://www.independentpersian.com