پێنووس
2024

گۆڕاوە ستراتیژییەکانى سیاسەتى دەرەوەى ئێران دواى نەمانى ئیبراهیم ڕەئیسی

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

ئیبراهیم ڕەئیسی لە تەختى دەسەڵات نەما

چەندان لێکدانەوەى ستراتیژیى ناوخۆ و دەرەوەى ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ڕووداوى کەوتنەخوارەوەى هێلیکۆپتەرەکەى سەرۆککۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی، ئاسایی نەبوو؛ ئاماژەکان بۆ هۆکارى ئەنجامدەرى ناوخۆیی، زۆرترن لە دەرەکی. بەوەیش پانتایییەکی بەرفراوان لە دابەشبوونى دیدگەى ستراتیژیى ناوخۆى ئێران و ئایدیۆلۆژیاى حوکمڕانى لەو وڵاتە لە ڕووى کۆمەڵایەتى و سیاسی و تەنانەت چینایەتییش دەردەخا، کە بارودۆخى وڵاتەکە نەک هەر هاوسەنگیى لەدەست داوە، بەڵکوو بە شێوەیەک لاسەنگ بووە کە هەستانەوەى، پێ دەچێ بەو میکانیزمەى ئێستاى دەسەڵات ئەستەم بێت؛ ڕۆژ لە دواى ڕۆژ توندوتیژییەکان بەرەو هەڵکشان دەچن، بار و گوزەران خراپتر دەبێ، بەهاى تمەن لە دابەزینى مەترسیداردایە، دەسەڵات ناتوانێ نە لە قەیرانەکان خۆى قوتار بکات و، نە وەڵامی داخوازی و پێداویستییەکانى ژیانێکی ئاساییی خەڵک بداتەوە.

لە لایەکی ترەوە، کەوتنەخوارەوەى هێلیکۆپتەرەکەى سەرۆک کە لە جۆرى  “بێل” بوو و لە ساڵی 1979 لە ئەمریکا دروست کراوە، ئەو کۆپتەرەى کە کۆمپانیاکەى ئێستا حاشاى لێ دەکا و هیچ بەرپرسیارێتییەکى فڕینی هەڵناگرێ، بەڵام تا ئێستا بە فڕۆکەى تایبەتى سەرۆکی ئەو وڵاتە دادەنرێ کە بانگەشەى خستنەژێرهەژموونى تەواوى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕست بۆ خۆى دەکات، بەڵام ئەو وڵاتە کە ئێرانە و فڕۆکەکەى تێدا کەوتە خوارەوە، نەیتوانی بەبێ هاوکاریى دەرەکی تەنانەت تەرمی سەرۆکەکەیشی بدۆزێتەوە؛ ئەوە بوو کۆمارى ئیسلامی بە هاوکاریى تورکیا و یەکێتیى ئەوروپا، دواى نیو ڕۆژ تەرمەکەى دۆزرایەوە! ئەوەیش تێبینییەکى ستراتیژیی تر بوو لەسەر ئێران، کە هیچ مەبەستێک و توانایەکى ڕووبەڕووبوونەوەى ڕاستەوخۆى لەگەڵ ئەمریکا نییە و تەنیا وەک هێرشەکەى سەر ئیسرائیل لە نمایشێک زیاتر هیچی دی نییە!

ڕۆیشتنى ڕەئیسی، نیگەرانیی لاى بەرەى توندئاژۆى ئێرانى لێ کەوتەوە، بەڵام کۆستەکە لاى ڕیفۆرمخوازەکان کەمتر بوو، ئەوانەیش کە قوربانیى توندوتیژیى دەسەڵات بوون و زەبریان وێ کەتبوو، کەیفخۆش؛ چونکە ڕەئیسی یەکێک بوو لەوانەى کە جێی متمانە بوو لاى هەردوو ڕابەرى کۆمارى ئیسلامیی ئێران؛ خودی خومەینی و دواتریش لاى خامنەیی. ڕەئیسی زیاتر لە بوارى دادوەریدا شۆڕ ببووەوە و، ئەزموونی دەگەڕایەوە بۆ سەرەتاى ساڵی  1980 تا 1/7/2021. ساڵی 1988 لەلایەن خودی خومەینیى ڕابەرەوە ڕاسپێردرا بە دۆسیەى تیرۆر، کە مەبەست لێی بەرەنگاربوونەوەى حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانى ئێران بوو. داتاکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە “سەرۆک ڕەئیسی دەستى لە فەوتانى زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیى ئێرانیدا هەیە.” بۆ ئەو مەبەستەیش لەلایەن چەندان ڕێکخراوى نێودەوڵەتى بۆ مافەکانى مرۆڤ، “تۆمەتبارە بە تاوانى دژەمرۆیی و، پشتڕاست کراونەتەوە.” هەر لە سەردەمى ئەویشدا بوو کە توندوتیژترین خۆپیشاندان بەرپا بوون و هەر بە زەبرى هێزییش دامرکێنرانەوە.

ئەو هەموو حەشاماتەى کە لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمەکەیدا بەشدارییان كردبوو، بێجگە لە هەوادارانى خۆى، دیوەکەى ترى، سیناریۆى خودی دەسەڵات بوو بۆ گەواهیدانێک لەسەر نوێکردنەوەى ڕەوایەتیى سیستەمى سیاسی و پشتیوانیى گەل بۆى. لە لایەکى تریشەوە وێناکردنى تابلۆ نیشتمانییەکەیە، بەوەى کە هەمووان لەگەڵ بوونى ڕای جودا، یەکهەڵوێست و یەکڕیزن لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان.

چی لە هاوکێشە ناوخۆیییەکانى ئێران دەگۆڕێ؟

سیستەمى سیاسیی ئێران، سیستەمێکی وابەستە و تێکەڵاوى دامەزراوەیییە بەیەکەوە، کە لەلایەن خودی ڕابەرەوە سەرپەرشتى و بەڕێوە دەبردرێت و قسەى کۆتاییش هەر لاى ئەوە؛ بەڵام ئەو لە بەردەم هیچ کام لەو دامەزراوە سیاسی و یاسایی و دادوەرییانەوە بەرپرسیار نییە و دەسەڵاتى ڕەهای هەیە و قابیلی لێپێچینەوە نییە. کەواتە سەرۆکی وڵات لەو سیستەمەدا وەک سەرۆکوەزیران وایە لە سیستەمى سیاسیی فەڕەنسیدا کە تەنیا ڕۆڵی کارگێڕی دەبینێ و ڕۆڵی سەرکردەیی و کردارى و پێشەنگی دراوە بە ڕابەر. کەواتە هیچ گۆڕانکارى و کاریگەریى لەسەر پرۆسەى بەڕێوەبردنى وڵات نابێ. ئەمەیش یەکەمین لێدوانى خامنەیی بوو لە دواى کەوتنەخوارەوەى کۆپتەرەکەی سەرۆک ڕەئیسی؛ بەوەى ڕووداوەکە هیچ کاریگەریى لەسەر پرۆسەى حوکمڕانی لە ئێران نابێ و نییە. بەو لێدوانەیش ئەو پەیامەى گەیاند کە سیستەمى سیاسیی ئێران دامەزراوەیییە و تواناى پاراستنى ستراکچەر و بەئەنجامگەیاندنی ئەرکەکانى هەیە و لەسەر مانەوە و ڕۆیشتنى کەسەکان نەوەستاوە. لەوەیش زیاتر پەیامەکەى ئەوەى تێدا بوو کە جارێکی تر جەختکردنەوە بوو لەسەر ئەوەى کە لە ئێران چۆن حوکم دەکرێ، نەک کێ حوکم دەکات. ئەو گوتەیە بۆ سەرۆکی وڵات دروستە، بەڵام بۆ ڕابەر تەواو جیاوازە و وا بەو ئاسانییە ئێران لە قەیرانى نەبوونى ڕابەر قوتارى نابێ.

گەرچی زۆرێک لە گەلانى ئێران لە سەرۆک ڕەئیسی ڕازی نەبوون، بەڵام نەمانى ڕەئیسی ئاماژەیەکی دیارى بوونی قووڵایییەکى دژوارى ئایدیۆلۆژیاى فەرمانڕەوایییە لە ئێران و ڕکابەرییەکى سیاسیی مەترسیداریش لەو وڵاتەدا گوزەر دەکات، بەتایبەت کە سەرۆک ڕەئیسی لە نێوان توندئاژۆکان و ڕیفۆرمخوازەکاندا مۆدیلێکی نوێی حوکمڕانی بوو؛ هەر ئەویش بوو کە جۆرێک لە هاوسەنگی و ڕایەڵەى دروست كردبوو لە نێوان سوپای پاسداران و خودی ڕابەر. هەر بۆیە نەمانى ڕەئیسی بەتایبەت تا هاتنى سەرۆکی نوێ، جۆرێک لە پشێوی و ناسەقامگیری لەسەر ئاستى سیستەمى سیاسیی لایەنە ڕکابەرەکان بۆ شوێنگرتنەوەی بوونى دەبێت، چونکە هەر یەکە لە ڕەوتەکان مەبەستی قۆستنەوەى بارودۆخەکە دەدات، ئەمەش مەبەست لە ململانێی نەریتخواز و ڕیفۆرمخوازەکان نییە، بەڵکوو لەناو خودی ڕەوتى نەریتخوازەکان کە خۆى لە چەند ڕەوتێکی جیاوازدا دەبینێتەوە و مەبەستیانە ئیش لەسەر هەردوو حاڵەتى جێگرەوەى سەرۆککۆمار لە ئێستا و بۆ ئایندەیش جێگرەوەى ڕابەری گشتیى وڵاتیش بکەن. شرۆڤە ئەمریکییەکانیش لەو بارەیەوە نەرێنین؛ بەوەى ناسەقامگیریی زۆرتر دەکەوێتەوە لە ناوەوە و دەرەوەى وڵات و لەسەر ناوچەکەیش، چونکە ئەو ڕایەڵانەى کە ڕەئیسی بونیادی نابوون، لاى توندئاژۆکانەوە قبووڵکراو نەبوون، بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکا؛ ئەمەیش لەوانەیە بارودۆخەکە بەرەو هەڵکشان بەرێ و ڕێگرتن لێی ئاسان نەبێ. هەر بۆیە ڕابەرى گشتى بە هەموو توانایەکی خۆیەوە لەم قۆناغەدا ئامادەییی هەیە، ئەویش لەسەر دوو ئاست: لەسەر ئاستى بارودۆخى وڵات: مەبەستیەتى بەسەقامگیری بمێنێتەوە و هیچ پشێوى و گۆڕانکارییەك نەکەوێتەوە؛ لەسەر ئاستى هەڵبژاردنیش: کار لەسەر پاککردنەوە و ڕێگەخۆشکردن دەکات بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی كە سەرۆكی دواتر، وەک ڕەئیسی گۆێڕایەڵ و موریدێکی باشە و دەکرێ لە بەڕێوەبردنى کاروبارى وڵات و دۆسیەى سیاسەتى دەرەوە پشتی پێ ببەسترێ.

لەسەر ئاستى دامەزراوەیی و پرۆسەى دروستکردنى بڕیار پێ ناچێ هیچ گۆڕانکارییەک ڕوو بدات، چونکە سەرۆکی نوێ دەورە دراوە بە کۆمەڵێک دامەزراوە کە نەریتخوازەکانى سەر بە ڕابەر تێیاندا زاڵن؛ نەریتخوازە کۆنسێرڤاتیڤەکان لە کۆى 290 کورسیی پەرلەمان، 245یان بەدەستەوەیە، واتە 84.48%. حکوومەت هەر لە خۆیانە، دەسەڵاتى دادوەرى هەر ئەوانن، ئەنجومەنى پارێزەرانى دەستوور خۆیانن، کە ئەو جومگە سەرەکییانەى وڵات- بە پاسدرارانیشەوە- هەموویان سەر بە ڕابەرن و ئەو ئاراستەیان دەکات. کەواتە لەو قۆناغەدا سێ مەترسیی سەرەکی لە بەردەم ئێران هەن: تێکچوونى بارودۆخى سەقامگیریی وڵات، هەڵکشانی هاوکێشەکان لە ناوچەکە بەرەو خراپتر، مردنى ڕابەرى گشتى؛ هەر یەک لەو سێ مەترسییانە ببنە قەیران، قوتاربوون لێیان ئاسان نییە.

کێ دەبێتە جێگرەوەى ڕەئیسی؟

کێ دەبێتە سەرۆکی ئێران؟ دوو شێواز لە مەرج هەن: زۆربەیان ڕووکەشن و زۆرێک لە بەرپرسانی ئێرانی دەیانگرێتەوە، بەڵام یەک مەرجی سەرەکییشی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە کێ جێی ڕەزامەندیى خودی ڕابەرى گشتیی ئێرانە؛ کە ئەمەیان لە هەر دوازدە مەرجەکەى سەرەتا کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدەین، کاریگەرتر و یەکلاییکەرەوەترە. مەرجە ڕووکەشەکان ئەو مەرجانەن کە لە دەستووردا هاتوون، كە بریتین لەوەی: هاووڵاتیى ڕەسەنی ئێرانی بێت، نیشتەجێی وڵات بێت، تواناى کارگێڕیی هەبێ (بە لایەنى کەمەوە چوار ساڵ)، بەتەگبیر بێ، پەرێزپاك بێت (بەوەى پێشینەى تاوانى نەبێت و سزانەدراو بێت)، سپاردەپارێز بێت، بەتەقوا بێت، باوەڕی تەواوى بە پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران هەبێت، مەزهەبگەراى شیعیی دوازدە ئیمامی بێت (هەروەک لە ماددەى 12ی دەستوورى وڵاتدا هاتووە؛ بە جۆرێک کە تاهەتایە ناگۆڕدرێ)، بڕوانامەى ماستەر بەرەو سەرى هەبێت (ئەمە لە دەستووردا نەهاتووە)، سەر بە گرووپ و ڕێکخراوى نایاسایی نەبێت. ئەو مەرجانە هەموویان لە دەستووردا نەهاتوون، بەڵکوو نیوەیان ئەو مەرجانەن کە ئەنجومەنى پارێزەرانى دەستوورى ئێرانی لە ساڵی 2017 دایان نا، ئەویش بۆ كۆنترۆڵكردنی بەربژێرەکانى سەرۆککۆمارى و ئاراستەکردنى پرۆسەى هەڵبژاردنی؛ بەو مانایەى ئەوەى کە لە خولگەى ڕابەرى گشتیدا نەخولایەوە، نەتوانێ ببێتە سەرۆککۆمار؛ ئەوەیش دواى ئەزموونى سەرۆک محەممەد خاتەمى دروست بوو، کە سەرۆکێکی میانڕەو و کراوە بوو، بەتایبەت لەگەڵ ڕۆژاوا.

ئەوە مەرجە دەستوورییەكان و ئەوانەى ئەنجومەنى پارێزەرانى دەستووری ئێرانی بوون، کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە: کێ دەبێتە جێگرەوەى ڕەئیسی؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەتوانین بڵێین: لەپاڵ ئەو مەرجانەدا چەند مەرجێکی دی هەن کە ئەوانە زیاتر جێی بایەخن و دەبنە مایەى دیاریکردنى سەرۆکی نوێ، وەک:

  • لە کۆى هەشتا بەربژێر بۆ پۆستى سەرۆکی وڵات، تەنیا شەش کەس لە فڵتەرى ئەنجومەنى پارێزەرانى دەستوور دەرچوون.
  • لەو شەش کەسە پێنجیان نەریتخوازن: محەممەد باقر قالیباف، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاکانى، مستەفا پوورمحەممەدی، ئەمیرحوسێن قازیزادەى هاشمی. لەناویاندا تەنیا بەربژێرێكی ڕیفۆرمخواز هەیە کە ئەویش “مەسعوود پزشکیان”ە.
  • ئەوەى کە دەبێتە سەرۆککۆمار، لە پەیوەندییەکى باشدایە لەگەڵ ڕابەرى گشتى و، نەریتخوازە. کەواتە لە پێنج کەسە نەریتخوازەکە یەکێکیان دەبێتە سەرۆک.
  • هەرچەندە سوپاى پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند کە ئەوان لایەنگیریی هیچ کام لە بەربژێرەکانى سەرۆکایەتى ناکەن، بەڵام کەسێک دەبێتە سەرۆک کە گرفت لە بەردەمیان نەنێتەوە و ڕایەڵەیەکی باش بێت لە نێوان ئەوان و ڕابەر و هەر خۆیشی بەربژێرەکە، دەبێت پێشینەى سوپاییی هەبێت؛ کە نەریتخوازەکان ئەو مەرجەى پاسدارانیان تێدایە.
  • ئەوەى کە دەبێتە سەرۆکى نوێ، تێکەڵەیەکە لە: شوێنکەوتەى خامنەیی+ پێشینەى سوپایی+ دیپلۆماسی. ئەوەیش ئەو لۆژیکەیە کە ئێرانی هاوچەرخ پێویستییەتى.
  • ئەوەى کە دەبێتە سەرۆکی نوێ، هیچ بەرنامەیەکی نوێی نابێت، تەنیا ئەوەندە نەبێ کە درێژەپێدەرى سیاسەتى پێش خۆیەتى و، مشتومڕە سیاسییەکانى ناوەوە و دەرەوە کاریگەریى لەسەر نابێت؛ ئەو دۆسیانەیش تەواو دەکات کە لە سەردەمى ڕەئیسیدا زۆر بایەخی ڕژدیان هەبوو، وەک: سیاسەتى کرانەوەى بەپلان بە مەبەستى پاراستنى نفووزى ئێران لە ناوچەکە و کەمکردنەوەى کاریگەریى سزا و گەمارۆکانى ڕۆژاوا، چەکی ناوکی کە هەمیشە ئێران بە مافی خۆى دەزانێ و خەونى یەکەمین و کۆتاییى خامنەییشە، بەوەى پێش مردنى تاکە ئاوات کە لە زیهنییەتى سیاسی و مەزهەبگەراییدا هەیەتى، بەدەستهێنانى چەکی ناوکییە کە بە شکۆى دەوڵەتى شیعیی ئێرانی دەزانێ، دامرکاندنەوەى هەر یاخیبوونێک کە ڕوو بدات.

کەواتە جێگرەوەى ڕەئیسی توندڕەو دەبێت یان میانڕەو؟

پروپاگەندەى بەربژێرەکان بۆ خولی چواردەیەمی هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار لە 10 – 26/6  دەست پێ دەکات. ڕۆژى 28/6/2024 لەوانەیە یەکلاکەرەوە بێت، ئەگەرنا گەڕی دووەم دەکەوێـتە ڕۆژى 5/7/2024، واتە تەنیا دواى یەک هەفتە. ئەو ماوە کەمەیش لە نێوان گەڕی یەکەم و دووەم تەواو لە بەرژەوەندیى ڕابەرى گشتییە؛ ڕکابەرەکانى دی دەرفەتى خۆکۆکردنەوەیان لەو هەفتەیەدا نییە. هەر بۆیە ڕابەر تواناى كۆنترۆڵكردنی گەڕی دووەمی هەیە و دەتوانێ هەشتەم سەرۆکی وڵات دابنێ؛ ڕابەر هەر خۆیشی بوو کە لە ساڵی 1988ەوە دەسەڵاتەکانى سەرۆککۆمارى لە بەرژەوەندیى ڕابەر کەم کردەوە.

کەواتە تەواوى تایبەتمەندییەكانی سەرۆکی نوێ، دەبێ لەگەڵ خواستەکانى ڕابەر هاوتەریب بێت؛ ئەوەى کە دەبێتە جێگرەوە توندڕەو نییە، بەڵام نەریتخوازێکی پابەند بووە بە ڕێنمایییەکانى خامنەیی. لەو بارەیەوە پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا سەیر نییە کە سەر بە ڕابەر بێت و توندڕەو نەبێت؟ بەڵێ دروستە، چونکە ئەو بارودۆخە ناوخۆیی و دەرەکییەى کە لەم ساتەدا ئێرانی پێدا تێ دەپەڕێ، بە هیچ جۆرێک سەرۆکێکی توندڕەو قبووڵ ناکات؛ بەڵام ڕابەر نەریتخوازێکی تەواو پراگماتیستی توندی دەوێ. ئەوەیش پێ دەچێ “قالیباف” بێ، پێش بەربژێرەکانى دی.

بەڵام ماوەتەوە ئاماژە بەوە بدەین، دەبێ چاوەڕوانى ئەوە بین کە کێ دەبێتە جێگرەوە، چونکە جێبەجێکردنى ئاراستەکانى سیاسەتى دەرەوەى وڵاتى دەکەوێتە بەردەست، ئەویش بەو جۆرەى کە خامنەیی مەبەستیەتى. ئەوەى کە جێی ئاماژەیشە، خودی هەڵبژاردن پرۆسەى گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا خاو دەکاتەوە و، دوور نییە کەلێنیشى تێدا دەرکەون.

ستراتیژییەتى ئێران لە دواى ڕەئیسی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست

لەو بارەیەوە گۆڕانکاریى ئەوتۆ ڕوو نادات، بەڵام هاوکێشەکان گەرەنتییان نییە؛ ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕاوە سیاسییەکانى ناوچەکە، بەتایبەت لە لوبنان و عێراق، کە کاریگەریى ڕاستەوخۆ دەکەنە سەر ستراتیژییەتى ئێران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. ستراتیژییەتى ئێران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست جەم بووە لە: پشتبەستن بە ڕەوتە وەلائییەکان و جەنگى بریکارى کە میلیشیاکان بۆی ئەنجام دەدەن، خۆبەدوورگرتن لە پێکدادانى ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتى ناوچەکە و ئیسرائیل و ئەمریکا (لەو بارەیشەوە جۆرێک لە ڕێکكەوتن هەیە؛ نە ئەمریکا ئەوەى مەبەستە و دەیەوێ، نە ئێران)، قوتاربوون لەو قەفەسەى کە دەوڵەتانى ڕۆژاوا بەهۆى گەمارۆکانەوە بۆیان تەنیوە (لەو بارەیشەوە کار بۆ ڕێکكەوتن دەکات، بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتانى کەنداو)، هاتنەکایەى نەزمێکی نوێی سیستەمى هەرێمایەتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە ئێران تێیدا پێگەى پارێزراوە و، تەواو پاڵ نەدانە ڕووسیا (چونکە تا هەنووكەیش ئێران هەر چاوى لەسەر ڕێکكەوتننامەى ئەتۆمییە لەگەڵ وڵاتانى ڕۆژاوا)؛ ئەمەیش پانتاییی کارکردنى بۆ ئاسانتر کردووە و لەگەڵ خودی ئەمریکاش ڕایەڵەیەکی ئەرێنیی کردۆتەوە. ئەو گفتوگۆیانەى کە لە وڵاتى عومان دەگوزەرێن، گەواهیی ئەو وەرچەرخانە دەدەن، کە لە نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە هاوکێشەکانى ناوچەکە هەماهەنگیی تەواو هەیە و هیچ لۆژیکێکی دژبەرى تێدا نییە، چونکە ئێران کار لەسەر ئەو ساتەوەختە دەکات کە لەگەڵ ئەمریکا ڕێک دەکەوێ، چونکە لە دوو مۆتەکەى دژوار قوتارى بووە، کە لە دژى بەکاری ناهێنن: بەکارهێنان یان دەستوەردانى سەربازی، ڕووخان یان گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانی لە ئێران؛ بە جۆرێک کە هەڵوێستەکانى وڵاتانى ڕۆژاوا لە خۆپیشاندانەکانى ژینا ئەمینی، ئەوەى سەلماند کە بەناڕاستەوخۆیی لە بەرژەوەندیى ئێران کەوتنەوە و جەماوەرى ڕاپەڕیویان بێپشتیوان و نائومێد کرد. لە لایەکی تریشەوە ئێران لەسەر بنەماى بەرگریکارى مامەڵە ناکات و بەڵکوو لە ڕوانگەى قوتابخانەى ڕیالیزمى نوێوە لۆژیکی هێرشبەرانە پیادە دەکات.

لە بەرامبەر ئەو ستراتیژییەتەى ئێران، ئەمریکاش چەند پڕەنسیپێکی ستراتیژى لە دژی بەرپا دەکات: هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنى ڕێككەوتننامەیەکی چەکی ناوکی کە لە بەرژەوەندیی ئێران نەبێت و لە چاودێریی نێودەوڵەتى قوتارى نەبێت (چونکە خودی ڕێکكەوتننامەکە گۆڕینێکی نەرمی قۆناغبەندیی سیستەمى حوکمڕانییە لە ئێران)، پاڵپشتیکردنى زیاترى حکوومەتى عێراقى تا کاریگەریى ئێرانی بەسەردا کەم بکاتەوە، هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەى ئاشتییانە لە شەڕی ناوخۆى یەمەن (چونکە لەو ڕێگەیەوە نفووزى ئێران لەقاڵب دەدرێ و کەم دەبێتەوە)، سنووردارکردنى زیاترى کاریگەریى ئێران لە سووریا، پتەوکردنى زیاترى هەماهەنگی لە نێوان هاوپەیمانە هەرێمییەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە و کارکردن لەسەر هێنانەکایەى سیستەمێکی ئاسایشی ناوچەیی، دانانى بنەمایەکی پێویست بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە دەستێوەردانەکانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

ئەمە ئەو چوارچێوەیەیە کە ڕەئیسی کارى لەسەر دەکرد؛ ئایا جێگرەوەکەى دەتوانێ ئەو ڕیتمە بپارێزێ؟ وەڵامەکە ئەوەیە كە هیچ گەرەنتییەک نییە، چونکە بارودۆخی ناوچەکە لە خاوبوونەوەدا نییە، بەڵکوو بەردەوام بەرەو هەڵکشان دەچێ، بەتایبەت لەسەر ئاستى هاوکێشەى ئیسرائیل و حزبوڵڵا و، لە عێراقیش مقۆى هەڵبژاردنى پێشوەختەى پەرلەمان چۆتە قۆناغی ڕژدەوە و ئێران و مالیکی داکۆکیی لەسەر دەکەن؛ مەبەستیشیان ئەوەیە کە هاوکێشەکان لەوە زیاتر بۆ سەدر و سوودانى پێ نەگەن و، وایش گومان دەبەن بەپێی ئەو پەیوەندییە پتەوەى کە ئێستا لە نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و ئێران هەیە، پێ ناچێ پارتى وەک جارى پێشوو پشتیوانی لە سەدر بکات. هەر بۆیە پێ دەچێ سەرۆکی نوێ نەتوانێ ئەو هاوسەنگییە بپارێزێ و ئەگەر ڕێکكەوتنیش لەگەڵ ڕۆژاوا نەکرێ، ئەوا بارودۆخی ناوخۆى ئێران بەرەو هەڵدێری کۆتایی دەچێت. هەر بۆیە ئێستا ڕەشنووسی ڕێکكەوتنێکی نوێ بۆ چەکی ناوکى لەگەڵ تاران لەلایەن فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە ئامادە کراوە.

ستراتیژییەتى ئێران بەرامبەر دەوڵەتانى کەنداو لە دواى سەرۆک ڕەئیسی

سەرۆک ڕەئیسی لە سەردەمی خۆیدا زۆر لە هەوڵی ئەوەدا بوو تەوقی گەمارۆکان بشکێنێ، بۆ ئەو مەبەستەیش زۆر ڕێکكەوتننامەى ئابووریى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە بەست؛ لە سەرووى هەموویشیانەوە عێراق و تورکیا. وڵاتانى کەنداو ئامانجى ڕەئیسی بوون. لە هەوڵی بەردەوامدا بوو تا پەیوەندییەکى گشتگیری ئاسایی بونیاد بنێ؛ بۆ ئەو بابەتەیش وەزیرى دەرەوەى، هاوکارى بوو. ئەوە بوو بە نێوانگیریی چین گەیشتنە ئاکام. هەر لەو بارەیەوە تورکیا ئامانجێکی تری سەرەکییان بوو، کە وای بۆ دەچوون تورکیا، فریادڕەسیانە لەو بارودۆخەى کە تێیدان لە ڕووی ئابوورى و سیاسییەوە. بەتایبەت لە سووریا، باوەرى وا بوو کە دەکرێ لەگەڵ ئەمریکا بگاتە ڕێکكەوتن، هەڕەشەکانى سەر ئیسرائیل کەم بکاتەوە، میلیشیاکان بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا نەخەنە مەترسییەوە، دەکرێ لە بابەتى چاودێری بۆ سەر بنکە ناوکییەکان هەماهەنگییەک دروست ببێ، بە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانى کەنداو، قووڵاییی ستراتیژیى ئێران زیاتر دەبێ، نفووزى ئەمریکا سنووردار دەبێ، سیستەمێکی ئاسایشی ناوچەیی دێتە ئاراوە کە پێگەى ئێرانی تێدا پارێزراوە، دەتوانرێ لەگەڵ وڵاتانى کەنداو زۆرترین سوودمەند بن لە ستراتیژییەتە دژبەرەکان، وەک هەر یەک لە ستراتیژیەتیى چین، ڕووسیا و وڵاتانى ڕۆژاوا، کە ئێستا لە ململانێ و ڕکابەریدان بەرانبەر یەکدی، بەتایبەت چین و ڕووسیا کە مەبەستیانە شوێنگرەوەى وڵاتانى ڕۆژاوا بن لە کەنداو. ئێستا ئەو ئاراستەیەیش لە وڵاتانى کەنداو بەدەرکەوتووە، بەوەى لە یەک کاتدا چەندان ڕێکكەوتننامەى زەبەلاحی ئابوورى و سەربازییان لەگەڵ چین و ڕووسیا و وڵاتانى ڕۆژاوا بەستووە و، دەیانەوێ سوود لە هەمووان وەربگرن. سەرۆک ڕەئیسییش ئەو مەبەستەی هەبوو. لە لایەکی ترەوە ئامانج لەو هەوڵانەى ڕەئیسی، نەچوونە ناو خولگەى ئیسرائیل بوو لەلایەن دەوڵەتانى کەنداوەوە، بەتایبەت سعوودیا و ئیمارات؛ ئەگەر بشچن هاوسەنگ بن و مەترسییان بۆ سەر ئێران نەبێت و لە هاوکێشەکانى ناوچەکە بێلایەن بن، تا لەوێوە لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە گەمارۆ نەدرێ و بەرەکانى بەسەردا دانەخرێن و دوژمنەکانى زێتر نەبن. ئەوە بوو گەیشتە قۆناغی کردنەوەى باڵێۆزخانە لەگەڵ سعوودیا و، پەیوەندییەکانى تا ئەو ئاستە ئاسایی کردەوە کە ڕایەڵەیەکیشی لەگەڵ تەنانەت میسرییش دانا.

ئەوە میراتی سەرۆک ڕەئیسییە بۆ جێگرەوەکەى، کە دەبێ بنەماکانى ستراتیژییەتى ئێران بپارێزێ و لەگەڵ خودی ڕابەر هەماهەنگ بێت، چونکە کەسی دووەمى وڵاتە دواى ڕابەر. دەبێ دۆسیەى ناوکی بەزیندوویی بهێڵێتەوە، بەوەى کە بەدەستهێنانى چەکی ناوکى مافێکی ڕەواى ئێرانە و هیچ سازشێکی لەسەر ناکرێ؛ ئەوەیش کۆتا پرۆژەى ئایدیۆلۆژیى خودی خامنەیییە. دەبێ لە هەوڵی ڕێکكەوتندا بێت لەگەڵ وڵاتانى ڕۆژاوا، بەتایبەت ئەمریکا، جەنگە پرۆکسییەکانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەردەوام بێت، نابێ عێراق لەژێر چەپۆکی وەدەربێنن- لەو بارەیەوە دەکرێ هەماهەنگی لەگەڵ کورد و ئەمریکا بکرێ-، بەردەوام حکوومەتى عێراق دەبێ ئەو كۆنترۆڵی بکات، پەیوەندییەکانى لەگەڵ دەوڵەتانى کەنداو بەئاسایی بهێڵێتەوە، نابێ ببێتە هۆکارى گێچەڵنانەوە بۆ دەوڵەتانى کەنداو، گەورەترین قۆناغی پێشکەوتن بۆ سەرۆکی نوێ لەگەڵ کەنداو، دروستکردنى پەیوەندیی ئابوورییە، کە ئەمەیش قورسترین ئەرکە بۆ ئەو.

ستراتیژییەتى ئێران دواى ڕەئیسی بەرامبەر هەرێمی کوردستان

پرسیارە هەستیارەکە سەبارەت بە هەرێم ئەوەیە: ئایا جێگرەوەى ڕەئیسی لەسەر هەمان ڕیتمی ستراتیژیى پێش خۆى بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە؟ وەڵامەکە پێ دەچێ تا هەنووکە “بەڵێ” بێ، ئەگەر هەڵکشانى هاوکێشەکان دژوار نەبنەوە و پێکدادانى پرۆکسی و بارودۆخی سیاسیی عێراق دژوار نەبێتەوە، چونکە هەمیشە سێ فاکتەر کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانى هەرێم و تاران هەبووە: چۆنێتیی بارودۆخى پەیوەندییەکانى ئەمریکا و ئێران، پرۆسەى سیاسیی عێراق، پەیوەندیی هەرێم و بەغدا. لەو بارەیەوە دەتوانین بڵێین بۆچی تاران لە پەیوەندیی ئەرێنیدا لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەمێنێتەوە:

  • سەردانەکەى سەرپەرشتیارى وەزارەتى دەرەوەى ئێران بۆ عێراق و هەرێم و کۆبوونەوەکانى لە هەرێم و یەک پەیام بۆ هەولێر و سلێمانی، ئەوەى دەرخست کە بەرەنجامى سەردان و ڕێکكەوتنەکانى نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران، بەردەوامن.
  • سەردانەکە ئەوەى دەرخست کە کۆمارى ئیسلامی پێ دەچێ لە سەردەمى جێگرەوەى ڕەئیسی، هەمان سیاسەتى سەردەمى ڕەئیسی پیادە بکات. بەو شێوەیەیش لەوانەیە یەکەمین سەردانى سەرۆکى نوێ بۆ دەرەوەى ئێران، بۆ عێراق و هەرێم بێت.
  • پەیوەندییەکانى تاران لەگەڵ هەرێم و پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر تەواوى ئاستەکان ئاسایی بوونەتەوە، بەتایبەت سیاسی و ئابوورى و ئاسایش.
  • ئێران بەئەرێنی سەیری پێگە و ڕۆڵی پارتى دیموکراتى کوردستان دەكات، کە یەکلاکەرەوەى هاوکێشە سیاسییەکانە و، دەکرێ لێی سوودمەند ببێت.
  • هەرێمی کوردستان خاڵی بەیەکگەیشتنى ستراتیژییەتە دژبەرەکانە؛ ناکرێ ئێران لێی سوودمەند نەبێت.
  • هەرێم بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى ئێران لەگەڵ ڕۆژاوا و خودی ئەمریکا، دەکرێ کارئاسانی بکات.
  • سوودمەندبوون لەو پێگە جیۆپۆلیتیکییەى کە هەرێم لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە هەیەتى، کە هەرێم دەتوانێ بارى قورسی گەمارۆ ئابوورییەکان سووک بکات و تێچوویەکەشی کەم بکاتەوە؛ چونکە لە کۆى 12 مەرزى ئێران- عێراق، نزیکەى 7 لە هەرێمی کوردستانن. پارسەنگە ئابوورییەکانى ناکۆکییەکانى هەرێم و تاران لە ساڵی 2023 ئەوەى سەلماند کە هەرێم لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ ئێران چەند کاریگەرە.
  • ئێران گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەى کە دژایەتیى هەرێم، زیاتر لە ئەمریکا و وڵاتانى ڕۆژاواى نزیک دەکاتەوە؛ دژایەتییەکانى ساڵی 2023/2024 دژ بە هەرێم، ئەو ڕاستییەیان بۆ ئێران سەلماند. هەر بۆیە لەسەر ئاستى کۆمارى ئیسلامی و حکوومەتى عێراقی، کارئاسانی بۆ هەرێم کرا لە ڕێکكەوتن بۆ چارەسەرى ناکۆکییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، چونکە گرفتەکانى عێراق لە تارانەوە چارەسەر دەبن و گەرەنتییشیان زیاترە.

هەرێمى کوردستان: سیاسەتى هێلکە و سەبەتەکان یان پراگماتیزتیستبوون

زۆرێک لە سیاسەتمەداران هەن کە دەڵێن نابێ هێلکەکانمان هەمووی بخەینە ناو یەک سەبەتەوە، تا زایە نەبین، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە دەبێ هەموو سەبەتەکان هێلکەى تێدا بن و خودی ئەو هێلکانەیش هەڵبێن و ببنە جوجک! دەبێ هەرێمی کوردستان تەواو پراگماتیستی بیر بکاتەوە، بەوەى کە چۆن لە هەمووان سوودمەند دەبێ، چۆن بەرژەوەندییان دەپارێزێ، تا هەرێم ببێتە “سویسرا”یەکی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە سیاسەتى بێلایەنیدا. بەڵام ئەوەیش بە دیپلۆماسییەت و ڕێکكەوتن دەکرێ لەگەڵ لایەنەکان، بەتایبەت بەغدا. فاکتەرى کاریگەریش تەباییی ناوخۆیی و یەکڕیزی و یەکپاکێجییە؛ دەبێ لە هەوڵی ئەوەدا بین دامەزراوەکانى هەرێم بەردەوام بن و ڕەوایەتییان نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. هەر بۆیە دەبێ هەڵبژاردن بکرێ و لەسەر ئاستى ناوخۆى هەرێمی کوردستان، عێراق، ناوچەکە و دونیا، دۆستەکانمان زیاد بکەین. زۆرێک لەو کارانەش سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان و حکوومەت دەتوانن بیکەن. بەتایبەت دەتوانین جەخت بکەینەوە لەسەر ئەوەى کە نابێ سەرۆکایەتیی هەرێم بوار بدا کەلێنی نوێ بکەوێتەوە ناو پەیوەندییەکانى تاران و هەولێر، بە تایبەت دواى سەردانى نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران و ڕێککەوتن لەسەر چەندان بابەتى هەستیار، هەروەها دەبێ ئەو ڕایەڵەیە لەگەڵ جێگرەوەى “ئیبراهیم ڕەئیسی”یش هەر بەپتەوى بیهێڵێتەوە، گرنگتر بۆ سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان پەیوەندیی ئەرێنییەتى لەگەڵ خودی ڕابەرى گشتیى ئێران کە ئەو یەکلاکەرەوەى هاوکێشەکانە.

ئەدی دەبێ هەرێم خۆی لە چی بپارێزێ و چی بکات؟

  • لە پەرتەوازەییی زیاترى ناوماڵی کورد.
  • ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن؛ چونکە تەواوى پرۆسەى سیاسیی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
  • ڕێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا؛ بەڵام بەپێی دەستوور و دەستخستنى شایستە دەستوورییەکان.
  • پاراستنى هاوسەنگى و مامەڵەکردن بەهەستیارییەوە؛ بەتایبەت لەگەڵ بەرەى دژ بە ئێران و هێشتنەوەى ڕایەڵ و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێم.
  • دیپلۆماسییەتى گشتگیر و بەردەوام لەگەڵ بەرەى وەلائی سەر بە ئێران لە عێراق و لەگەڵ خودی تاران؛ نەک پەیوەندییەک لە بۆنەکاندا زیندوو ببێتەوە.
  • جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرى گرفتى مووچە و بوودجە و دابینکردنى باشترین ئاست لە خزمەتگوزارى.
  • خۆئامادەکردن بۆ هاوکێشەى نوێ و هەڵکشانى گرژییەکان؛ وەک هەڵبژاردنى پێشوەختە لە عێراق، جەنگى حزبوڵڵا و ئیسرائیل، حووسییەکان بخرێنە ناو لیستى تیرۆرەوە، دژواریى پەیوەندییەکانى ڕۆژاوا و ئێران.
image_pdfimage_print