پێنووس
2024

کۆڕاییی واشنتۆن دەربارەی چین؛ گفتوگۆیەکی قووڵتری لەپشتەوەیە

نووسەر: پۆڵ پۆست*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کۆڕایییەک لە دامەزراوەی سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکادا هەیە دەربارەی ئەوەی ئەمریکا و چین لە “کێبڕکێی زلهێزەکان” (Great Power Competition)دان، كە ئێستا لە گوتاری واشنتۆندا، هەروا بەسادەیی بە “GPC” ئاماژەی بۆ دەکرێت. وا دیارە ئیمڕۆ ئەم کێبڕکێیە هەموو شتێکی گرتۆتەوە؛ هەر لە وردەپارچەی کۆمپیوتەرییەوە (semiconductors) تا دەگاتە باتری و ئۆتۆمبێلی کارەبایییەوە تا دەگاتە مومارەسەکردنی دەسەڵات و کاریگەریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، بۆ داڕشتنی یاساکانی سیستەمی جیهانی و بردنەوەی زۆرترین میداڵیای ئۆڵۆمپیاد.

ئەم کێبڕکێیە، ئەو ترس و لەرزانە پەرچ دەکاتەوە کە سەبارەت بە هەڵکشانی چین لە ئارادایە و ئێستا لە واشنتۆن و ئەوروپا و ئاسیادا تەشەنەی کردووە، تەنانەت ڕێگەی خۆی کردۆتەوە بەرەو گفتوگۆکانی گرووپی لووتکەی حەوت (G7). ئەم ترسانەیش بوونەتە هۆی گەرمکردنی کۆمەڵێک گفتوگۆی پلە دوو، وەک قەبارەی ڕاستەقینەی بوودجەی سەربازیی چین، حاڵەتی ئابوورییەکەی، بەردەوامبوونی نیزامی ناوخۆیی، کە تێکەڵەیەکە لە کۆنترۆڵی ستەمکارانە و سەرمایەدارانەی بازاڕی ئازاد. بگرە هەندێک پرسیار دەربارەی ئەوەی ئایا لە ئێستادا چین لە قۆناغی لێژبوونەوەی کردەییدایە، نەک بەردەوام بێت لە هەڵکشان.

بەڵام چ شتێك هەموو ئەم بێزارییە بەرامبەر هەڵکشانی چین، لێک دەداتەوە؟ ئایا هەڵکشانی چین هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ئەمریکا، یان ئەم ترس و لەرزانە تەنیا لە کەللەی دروستکەرانی سیاسەتی ئەمریکادایە، شێوەیەکی بەدفەڕی بیرکردنەوەی بەكۆمەڵە؟ یەکێک لە ڕێگەکانی داڕشتنی ئەم پرسیارە، وەک یانەی کاروباری دەرەکیی ئەمریکا، لەم دوایییانەدا گوزارشتی لێ كرد، ئەوەیە بپرسین: “ئەمریکا چیی لە چین دەوێت؟ داڕشتەیەکی دیکەیش هەیە کە ڕەنگە زیاتر ڕوونی بکاتەوە، ئەویش ئەوەیە بپرسین “کۆتا ئامانجی واشنتۆن چییە؟” چونکە بێ زانینی ئەمە، مەحاڵە ئەمریکا بزانێت ئایا لە کێبڕکێکەدا لە چینی بردۆتەوە یان نا.

شتێکی سەرنجڕاکێش دەبێت ئەگەر گفتوگۆی دەربارەی هەڵکشانی چین بخەینە چوارچێوەی گفتوگۆی نێوان ئەوانەی هەست بە نیگەرانی لە گۆڕانی چین بۆ هێزێکی جیهانی، دەکەن و ئەوانەی لەوە نیگەران نین. بەڵام وا دیارە گفتوگۆی ئێستا لە بازنەکانی سیاسەتدا، بە شێوەیەکی وردتر لە چوار گۆشەنیگا یان تەنانەت چوار کەمپ پێک دێت.

لای کەمپی یەکەم، سەرکەوتن نەک هەر شیاوە، بەڵکوو پێویستیشە. ئەمە ئەرگومێنتی “مات پۆتینگەر” و “مایک گاڵاگێر”ە. لە دیدی ئەمانەوە پێویستە ئەمریکا تێ بکۆشێت نەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و جڵەوگرتنی چین، بەڵکوو بشبێتە هۆی هەرەسهێنانی حزبە کۆمۆنیستەکەی و ڕژێمەکەیشی. بەپێی ئەم ئەرگومێنتە، تاکە ئەنجامی پەسەند بۆ ئەم “جەنگە ساردە نوێیە” لە نێوان چین و ئەمریکادا، ئەوەیە کۆتایییەکەی هاوشێوەی “جەنگی ساردی کۆن” بێت کە لە نێوان ئەمریکا و سۆڤیەتدا بوو: خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتیی نەیارەکەی واشنتۆن.

کەمپی دووەم، کەمتر گرنگی بە بردنەوە دەدات و زیاتر هەست و سەرنجی لەسەر ڕێگریکردنە لەسەر ئەوەی چین خراپترین لێکەوتەی بۆ ئەمریکا هەبێت، بەتایبەتی هەوڵدانی بۆ داگیرکردنی تایوان بەزۆر. لای ئەم تێڕوانینە، توانای سەربازیی لایەنە کێبڕکێکەرەکان وەڵامدانەوەیەکی پێویستە بۆ هەڵکشانی چین. بەڵام ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە هێزی سەربازی، تەنیا بۆ بەرپەرچدانەوەی شەڕەنگێزیی چین بەکار بهێنرێت، بێ ئەوەی هەوڵ بدرێت بەرەو هەرەسهێنان ببردرێت. بەپێی قسەی یەکێک لە لایەنگرانی پێڕەوەکە، ئێڵبیریج کۆڵبی، ئەم ستراتیژە پشت بە نکۆڵیکردن دەبەستێت. بەپێی ئەم کەمپە، ڕەنگە سەرکەوتن مومكین نەبێت، بەڵام بەزینیش هەر شتێکی حەتمی نییە. بۆیە باشترین ئەنجام جۆرە ئاشتییەکی نەرێنییە، بە جۆرێک هەردوو نەیارەکە چەکدار بن، بەڵام هەرگیز جەنگ ڕوو نەدات.

کەمپی سێیەم، جەخت لەسەر چەماندنەوەی چین دەکات، نەک ڕاگرتنی. ئەم کەمپە، وەک لە زاری “ڕاش دۆشی”یەوە هاتووە، چین گەمەیەکی “درێژخایەن” دەکات و، لەو ناوچاوانەدا فراوانخوازی دەکات کە ئەمریکا ماوەیەکی زۆر فەرامۆشی کردوون. ئەمەیش لە پێدانی قەرز بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئەو دەوڵەتانەی ناتوانن لە ڕێگەی بانکی نێودەوڵەتیی ژێر هەژموونی ئەمریکاوە، پارە بەدەست بهێنن، تا دەگاتە یاریدەدانی حکوومەتەکان لە بواری ئاسایشی ناوخۆدا. ئەم کەمپە پێی وایە ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا و چین هاوکاری بکەن، بەڵام هێشتا هەر هەست بە نیگەرانی دەکات بەرامبەر ئەوەی تێکۆشانی چین بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی، دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەبێت و لەبەر ئەوە پێویستە بەرەنگاری ببنەوە. بەڵام ئەوانەی لایەنگری ئەم پێڕەوەن، خۆلادان لە ئەنجامە خراپەکانی کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و چین، پێویستیی بە سەرنجی زیاتر هەیە لەسەر قەڵەم نەک لەسەر شمشێر. ئەمەیش مانای ئەوەیە نەک تەنیا دەرفەت بە دیپلۆماسی بدرێت، بەڵکوو لێ گەڕێن ئەو سەرکردایەتی بکات. لەمەیشەوە دەبێت دروستکەرانی سیاسەت خۆیان بەدوور بگرن لە هەڵوێستی ڕووبەڕووبوونەوە لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەدا؛ لە جیاتی ئەوە سەرنج بخەنە سەر ئامانجە سەرەکییەکە کە بریتییە لە سەرکەوتن لە کێبڕکێکەدا. پیڕەوی سەربازی، وەک دوو کەمپەکەی دیکە بانگەشەی بۆ دەکەن، تەنیا ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە زیاتر دەکات، کە هیچ کام لە دوو لایەنەکە بەسەرکەوتوویی لێی دەرناچن.

لە کۆتاییدا کەمپی سازان دێت، کە داوا لە هەمووان دەکات هەوڵی “هێورکردنەوە” بدەن. لای ئەم کەمپە، کاتێک بەرژەوەندییەکانی چین و واشنتۆن لێک دوور دەکەونەوە، ئیتر هیچ پێویستییەکی ڕاستەقینە بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ چیندا لە گۆڕێ نییە؛ بۆیە زیادکردنی ئەگەرەکانی ململانێ باش نییە و پێویستیش نییە. لایەنگرانی ئەم پێڕەوە، سەبارەت بە خواستەکانی چین، گۆشەنیگایەکی میانڕۆتریان هەیە. لە بری هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە زۆر پەڕگیرەکان، وەک خستنی ئەمریکا و دوورخستنەوەی لە سیستەمی جیهانی، چین دەیەوێت ئەوپەڕەکەی، ببێت بە سەرکردەیەکی هەرێمی. ئەمریکاش پێویستیی بەوە نییە ئیدارەی چین بکات یان ئاڕاستەی بکات. شرۆڤەكارانی وەک “جێسیکا چێن وێیس” دەڵێن ئەگەر بەوریایییەوە مامەڵە نەکەین، ڕەنگە لە ململانێوە تێوە بگلێین.

چۆن بیر لەم مشتومڕە بکەینەوە؟ تێڕوانینێکی ئەرێنییانە بۆ هەڵکشانی چین ساویلکانەیە؛ ڕەنگە سەرۆکی چین، شی ژینپینگ، بڵێت هەژموونکردن لە دی ئێن ئەی چینییەکاندا نییە، بەتایبەتی چین بە سەرکردایەتیی پارتی کۆمۆنیست. بەڵام ئەوانەی لە هۆنگ کۆنگ و تایوان دەژین، لەگەڵیدا کۆک نین. ڕەنگە چین هەوڵ بدات یان هەوڵ نەدات هەژموونێکی جیهانیی هەبێت، بەڵام بەدڵنیایییەوە هەژموونی هەرێمایەتی لەسەر مێزی گفتوگۆ هەیە. ئەوەی ڕاستی بێت، چین گرنگیی دەدات بەوەی ببێتە هێزی خاوەن هەژموون لە هەرێمەکەی خۆیدا، ئەمەیش سەپاندنی شێوازی خۆی لە ململانێ هەرێمییە جۆراوجۆرەکانیدا لەگەڵ دراوسێکانی، دەگرێتەوە.

لەسەر ئاستی جیهانی، پەکین وەها دەردەکەوێت کە ناڕازی بێت لە سیستەمی سیاسی و ئابووریی ئێستا کە ڕۆژاوا سەرکردایەتیی دەکات. بەڵام پێ ناچێت بیەوێت بەتەواوەتی لەم سیستەمە جیا ببێتەوە. بەڵام دەیەوێت زیاتر دەستی بڕوات و لە چۆنێتیی کاری ئەم سیستەمەی ئێستا، قسەی زیاتر بخوات. ئەمەیش قابیلی تێگەیشتنە.

ڕاستییەكەی، چین لەم بارەیەوە هیچ شتێکی دەگمەنی نییە. زلهێزەکان خۆیان ئاوان؛ هەمیشە هەوڵ بۆ یەک شت دەدەن: دەسەڵات. هەموو زلهێزێك دەیەوێت سیستەمەکە بەو جۆرە کار بکات کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەکات. هێزێک ئەگەر سوودیش لە ڕێساکانی ئێستا وەربگرێت، هێشتا هەر دەیەوێت لە ڕەوشێکدا بێت بتوانێت ئەو ڕێسایانە بگۆڕێت- بگرە هەندێ جار پشتگوێیان بخات- ئەگەر لە بەرژەوەندیی خۆی نەبوو. ماوەیەکی زۆر دوور نییە، کە ئەمریکاش هەمان شتی دەویست. كە دەرفەتی بۆ ڕەخسا ئەوە بکات، قۆستییەوە؛ هەرچەندە  لە کێشمەکێشەکەیدا لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتیشدا هەر دەیویست هەمان شت بکات.

ڕاستە، هەوڵدان بۆ دەسەڵات و ئازادی لە دیاریکردنی ڕێساکانی سیستەمی جیهانیدا، دەبێتە هۆی ململانێ و کێبڕکێ و ئەگەری جەنگیش لە ئارادا دەبێت؛ بەڵام وەک ئەم گفتوگۆیەی ئێستا لە واشنتۆن ڕوونی دەکاتەوە، ئامڕازەکان زۆرن و زلهێزەکان دەتوانن بەهۆیانەوە کێبڕکێ بکەن. جێگەی داخە کە ڕێگەیەکی پێشوەخت نییە تا بزانین کامیان باشتر ئامانجەکان بەدی دەهێنێت و چۆن خۆمان لە خراپترین لا بدەین؛ ئەمەیش مانای ئەوەیە گفتوگۆکردن دەربارەی وەڵامدانەوەمان بۆ هەڵکشانی چین لە ئاییندەیەكی نزیك و چاوەڕوانكراودا، بەردەوامیی دەبێت.

  • پۆڵ پۆست مامۆستای یاریدەدەرە لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی شیکاگۆ و هاوڕێیەکی نانیشتەجێیە لە ئەنجومەنی شیکاگۆ بۆ کاروباری نێودەوڵەتی.

https://www.worldpoliticsreview.com

image_pdfimage_print