پێنووس
2024

پارسەنگی ئەگەرى کردنەوەى بارەگاى حەماس لە عێراق

(خوێندنەوەیەکی ستراتیژییانە بۆ لێکەوتەکانى لەسەر بەغدا و هەولێر)

 پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

فەڵەستینییەکان و حەماس؛ دوو کەیسی جودا لە عێراق

دواى دروستكردنى دەوڵەتێک بۆ جوولەکەکانى دونیا لە فەڵەستین لە ساڵی 1948، ئیدی فەڵەستینییەکان لەژێر زەبروزەنگدا دەستیان بە پرۆسەى کۆچ بۆ ناوەوە و دەرەوەى وڵاتەکەیان کرد. جوولەکەکان پڕەنسیپی وڵاتێکی بێگەل (فەڵەستین) و گەلێکی بێوڵات (جوولەکەکان)یان جێبەجێ کرد. یەکێک لەو وڵاتانەى کە پەنایان بۆ برد، عێراق بوو. پرۆسەى کۆچکردن بەرەو وڵاتى عێراق هەر لە ساڵی 1948 – 2003 بەردەوام بوو.  بەپێی داتاکانى کۆمیسیۆنی کاروبارى پەنابەران: تا ساڵی 2003 نزیکەى 34 هەزار هاووڵاتیى فەڵەستینی لە عێراق هەبوون، بەڵام ئەو ژمارەیە دواى ڕووخانى ڕژێمی بەعس، کەم بووەوە بۆ نزیکەى 13 هەزار؛ لەناویشیاندا پشکی هەرێمی کوردستان لەو ژمارەیە تەنیا 562 کەسە. هەرچەندە وڵاتى عێراق هەر لە مێژووی خۆیدا یەکێک نەبووە لەو وڵاتانەى کە پەسەندى ڕێکكەوتننامەى جنێڤی ساڵی  1951 کردبێ کە تایبەتە بە پاراستنى پەنابەران و، هەرگیز فۆرمێکی یاساییی نەبەخشیوەتە فەڵەستینییەکان، بە ئێستایشەوە. هەر بۆیە ئەوان بێجگە لە پەنابەر هیچ سیفەتێکی دیکەیان نییە. پەنابەرانی فەڵەستینی هەمووویان شوێنکەوتووى ئایینی ئیسلام نین، بەڵکوو هەندێ شوێنکەوتووى ئایینی مەسیحیشیان تێدایە؛ بەڵام ڕێژەیان زۆر کەم بوو و لەوانەیە ئێستا بەهۆى گوشارى ڕەوەتە شیعییەکانەوە دواى 2003 کەسیان لە عێراق نەمابێ.

پەنابەرە فەڵەستینییەکان هیچ پەیوەندییەکى فەرمی یان شوێنکەوتەییی سیاسییان لەگەڵ حەماس نەبووە، بەڵکوو نەک هەر ئەوەیش، هیچ ڕێکخراو یان حزبێکی سیاسی، بەفەرمى بارەگا و ڕێکخستنى لەناویاندا نەبووە؛ کە ئەو بارودۆخەى ئێرە لەوەى کە لە لوبنان هەیە جودایە. هیچ کاتێکیش نەمابیستووە لایەنێکی فەڵەستینی هەوڵی کردنەوەى بارەگاى لە عێراق دابێ. کەواتە کەیسی پەنابەرانی فەڵەستینی لە کەیسی حەماس لە عێراق جودایە؛ بەڵام بە کردنەوەى بارەگاى حەماس لە بەغدا، دەبنە یەک کەیس و هەمان ئەزموونى ئوردن دوبارە دەبێتەوە.

بزووتنەوەى بەرهەڵستکارى ئیسلامیی فەڵەستین کە ناسراوە بە حەماس، وەک کیانێکی سیاسیی چەکدار، دەگەڕێتەوە بۆ مانگی دێسەمبەرى ساڵی 1987، بەڵام ناوەکەى لە مانگی یەنایەرى ساڵی 1988 بەفەرمی ڕاگەیەنرا. بنەچەى حەماس دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵی ئیخوان موسلمین (برایانی موسڵمان/ الاخوان المسلمون). ئەو کۆمەڵەیە هەر لە 25/11/1946 بارەگایەکی سەرەکییان لە فەڵەستین کردەوە، هەرچەندە پێشتر بارەگایەکیان لە قودس لە ساڵی 1945 کردبووەوە؛ واتە سێ ساڵ پێش دروستبوونى دەوڵەتى جوولەکە. ئەودەم لە ڕێگەی کەتائیبی شەهید قەسام کە باڵی چەکداری کۆمەڵەکە بوو لە فەڵەستین لە سەردەمى پێشەواى کۆمەڵەکە، حەسەن بەننا، دژی دروستبوونى دەوڵەتى جوولەکە شەڕیان دەکرد. ئێستایش حەماس باڵە چەکدارەکەى هەر بەو ناوەوە ناو ناوەتەوە.

دواى دروستبوونى دەوڵەتى ئیسرائیل، کۆمەڵەى برایانی موسڵمان هەڵمەتى چەکدارانەیان لە دژى دەوڵەتى جوولەکە نەبووە؛ تەنیا دەستیان بە کارى خێرخوازییەوە گرتبوو تا ساڵی 1987. گرفتى حەماس لەگەڵ ئیسرائیل، سیاسی نییە، یان باوەڕ و ئایین نییە. وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن: گرفتیان ململانێیە لەسەر بوون نەک لەسەر سنوور؛ فەڵەستینیش تەنیا لە ڕیگەى خەباتی چەکدارییەوە ڕزگار دەکرێ نەک شتێکی دی.

بزووتنەوەى حەماسی فەڵەستین هەر لە ساڵی 2001 لەلایەن زیاتر لە 70 دەوڵەتی دونیا بە گرووپێکی تیرۆریست ناوزەد و پۆلێن کراوە، کە 62 دەوڵەتیان ڕۆژاوایین و لەناویاندا هەرسێ دەوڵەتەکەى خاوەن ڤیتۆى تێدایە کە بریتانیا و فەڕەنسا و ئەمریکایە. ئێستا ئەو بزووتنەوەیە لە جەنگێکی توندایە لەگەڵ ئیسرائیل و نۆ مانگی ڕەبەقیشی تێ پەڕاند. دواى ئەوەى ئیسرائیل ئامانجەکانى خۆی بەدی هێنا و پێشێلی چەندان ڕێساى یاساى نێودەوڵەتى و مرۆییشی کرد و دووچارى بەرهەڵستکارییەکی توندیش بووەوە لەگەڵ حەماس، ئەو دوو لایەنە بەشەڕهاتووە خەریکە دەگەنە بنەمایەک بۆ ڕێکكەوتن و وەستاندنی جەنگ؛ چونکە ئیسرائیل پلانی شوێنێکی دیی هەیە، کە ئەویش حزبوڵڵاى لوبنانە.

پێویستە ئەو زانیارییەیش بدەین کە لە عێراقیش دواى ڕووخانى ڕژێمی بەعس، دوو جاری دیكە ناوى حەماس لە کردەوەى چەکدارى بەکار هاتووە؛ ئەوە بوو هەمان ناو لە ساڵی 2003 لەلایەن گرووپێکى سوننیی چەکدارەوە لە دژى سوپاى ئەمریکا خۆیان ئاشکرا کرد و خۆیان بە باڵی چەکدارى ئیخوان موسلیمین دەزانی، بەڵام هیچ کات کۆمەڵەى ئیخوان موسلیمین لە عێراق نە دانیپێدانان نە ئەو زانیارییەى پشتڕاست کردەوە و جیاوازییەکی زۆریشیان لە ڕووى پرۆگرام و پەیڕەوەوە لەگەڵ حزبی ئیسلامی هەبوو. کردەوەى چەکداریى ئەو گرووپە لە ناوچەکانى بەغدا و ئەنبار و سەڵاحەددین و دیالە و مووسڵ هەبوو، بەڵام پچڕپچڕ. دوایەمین چالاکییان لە مانگی دێسەمبەرى 2017 بوو.

هەر ئەو ناوە ئێستا لەلایەن هەندێ ڕەوتى شیعییەوە بەکار دەهێنرێ بە ناوى میحوەرى بەرهەڵستکاری لە عێراق دژى ئەمریکا و ئیسرائیل و لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە و پشتیوانییان لێ دەکرێ. گرووپە عێراقییەکان ئەمانەن: ڕێکخراوى بەدر، کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی، عەسائیبى ئەهلی هەق، بزووتنەوەى نوجەبا ( لیواى چەکدارى 112ی ناو حەشدى شەعبییە)، کەتائیبی سەییدوشوهەدا ( لیواى چەکدارى 114ی ناو حەشدى شەعبییە). کەواتە میحوەرى بەرهەڵستکار تەواو لەناو حکوومەتدا جێگەیان هەیە و کاریگەرن و خاوەنى ئەمانەن: وەزیر، بەرپرسى جۆراوجۆر، ئەندامى پەرلەمان، سەرۆکی ئەرکانى هێزەکانى حەشد لەناو وەزارەتى بەرگرى و هتد.

ئێستا دەنگۆى ئەوە هەیە کە سەرکردەکانى حەماس بیر لەوە دەکەنەوە کە بەرەو بەغدا بگوێزرێنەوە و وڵاتى قەتەر جێ بهێڵن. یەکەم جار هەواڵەکە لەلایەن ڕۆژنامەى The National  لە 24/6/2024 بە زمانى ئینگلیزی بڵاو کرایەوە؛ ئەوان بە مانشێتێکی گەورە نووسیبوویان:

 Hamas plans to leave Qatar for Iraq, as pressure from Doha and the US mounts on the group’s political leaders to show greater flexibility in talks for a Gaza ceasefire.

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکانیش هەمان مانشێتیان بەو مانایە بە شێوەیەکی دی دووپات کردەوە، بۆ نموونە: Israel National News – Arutz Sheva

Report: Hamas planning to leave Qatar for Iraq

Hamas planning to leave Qatar due to US pressure; Iran to take responsibility for Hamas leaders’ security.

Tziki Brandwine

  Jun 24, 2024, 10:32 PM (GMT+3)

ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێ کە هەواڵەکە بنەمایەکی دروستى هەیە، بەڵام تا هەنووکە لە واقعدا ئەکتیڤ نەبووە، هەرچەندە زیاتر لە سەرچاوەیەکی میدیایی و چەندان بەرپرس و ئەندام پەرلەمانى عێراق و چەند سەرکردەیەکی باڵاى شیعە، بەتایبەت میحوەری بەرهەڵستکاری، ئەو دەنگۆیەیان پشتڕاست کردەوە. بۆ ئەو مەبەستەیش شاندی حەماس بە سەرۆکایەتیى محەمەد ئەلحافی لە ڕۆژى 27/10/2023 بە بانگهێشت لەلایەن ڕەوتە وەلائییەکانى شیعییەوە سەردانی عێراقیان کردووە، ئەویش بە مەبەستى کردنەوەى دوو نووسینگە بۆ حەماس لە بەغدا: بارەگاى نوێنەرایەتیى مەکتەبی سیاسی و، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیى حەماس. شاندەکەیش هیچ کەسێکیان لە حکوومەتەکەى “سوودانى”ی نەبینیوە، بەڵام بە ئاگاداریى حکوومەتى عێراقی هاتوونەتە ناو وڵات، بەڵام ئەوانەى کە دیداریان لەگەڵدا کردوون ئەمانە بوون: ئەبو فەدەک، ئەمیندارى پێشوووى حزبوڵڵاى عێراق، کە ئێستا سەرۆکی ئەرکانى هێزەکانى حەشدی شەعبیی عێراقە، لەگەڵ سەرۆکی ڕەوتى عەسائیبى ئەهلی هەق. لەوەیش زیاتر سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە گوایە “ئیسماعییل هەنییە” لەو بارەیەوە لەگەڵ سوودانى گفتوگۆیان کردووە و تێگەیشتن لەو بارەیەوە کراوە و، هەندێ سەرچاوەیش دەڵێن کە گوایە حکوومەتى عێراقی ڕازییە.

ئایا ئەو دەنگۆیانەی گواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆ بەغدا ڕاستن؟

پێویستە دوو هەواڵ لە یەکدی جیا بکرێنەوە: هەواڵی گواستنەوەى سەرکردەکانى حەماس بۆ بەغدا، لەگەڵ هەواڵی کردنەوەى بارەگا بۆ حەماس لە بەغدا. دووەمیان دروستترە لە یەکەم؛ هەواڵی یەکەم لەلایەن هەردوو لایەنەوە ڕەت کراوەتەوە، بەڵام بۆ هەواڵی دووەم، کۆمێنت و لێدوان لەسەرى نییە. هەر بۆیە پێ دەچێ دووەم، هەواڵێکی دروست بێ و کارى لەسەر بکرێ.

کەواتە تا ئەم ساتە ئەوەندەى کە ئاماژەکانى هەواڵەکە بۆ هاتنى حەماس بۆ بەغدا دروستن- ئەگەرچی لە ڕێگەى کردنەوەى بارەگایشەوە بێت- پێچەوانەکەى ئەوەندە دروست نییە.

دەکرێ لەو بارەیەوە بپرسین، ئەگەر ئەم هەواڵ و دەنگۆیانە ڕاست بێت، هۆکار و پاڵنەرەکانی چین؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەتوانین چەند ئاماژەیەک بدەین:

  • لەسەروو هەمووویانەوە ئەمریکا خۆیەتى، بۆ ئەوەى گوشار لەسەر حەماس دروست بکات تا بە ڕێکكەوتنەکە ڕازی بێ؛ لەسەرووى هەمووو بەندەکانییەوە، ڕزگارکردنى بارمتەکانە.
  • برەودان و فراوانکردنى میحوەرى بەرهەڵستکارى لە دژى ئەمریکا و ئیسرائیل؛ کە لە ڕووی لۆژیستییەوە ڕەوتە شیعییەکانى سەر بە ئێران ئەرکی بەجێگەیاندنى ئەو بابەتەیان لە ئەستۆیە. ئەودەمیش میحوەرى بەرهەڵستکاری تەنیا لە گرووپەکانى شیعەدا جەم نابێ، بەڵکوو سوننەیشی تێکەڵ دەبێ؛ بەڵام تەواو لە بەرژەوەندیى پرۆژەى “أم القرى”ی ئێرانە.
  • خودی ئێران کە زۆر پاڵپشتیى ئەو بابەتە دەکات، ئەویش لە پێناو پتەوکردنى بیرۆکەى بەرگرى لە ئێران لە دوورەوە؛ بەوەى پشتێنەى بەرگریى نزیک بە قووڵاییی وڵات نەبێـتەوە. تەنانەت سەرچاوەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەو پرۆسەیە: گواستنەوەى سەرکردایەتى یان کردنەوەى بارەگا، کە هەردوو بیرۆکەکە لە بەرژەوەندیى ئێرانە، بە سپۆنسەر و پاراستنى ئاسایشیی خودی ئێران دەبێ؛ ئێرانیش لەو بارەیەوە دڵنیاییی داوەتە حەماس.

هەڵوێستى لایەنە عێراقییەکان لەمەڕ بابەتەکە کۆدەنگ نییە

لەبەر ئەوەى حکوومەتى عێراق لەژێر دوو جۆر لە هەژمووندایە: هەڵوێستى نەرمە و بیرۆکەى کردنەوەى بارەگاى لا پەسەندە؛ بەڵام گواستنەوەى سەرکردایەتى بابەتێکی گەلێک ئاڵۆزە. حکوومەتى عێراقی لە لایەک تەنراوە بە ڕەوتە وەلائییە چەکدارەکانى سەر بە ئێران و ڕێژەیەکی زۆر لە ڕەوایەتیى حوکمى لەوانەوە وەرگرتووە؛ لە حکوومەتدان، لە پەرلەمانن، لە هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەتیشدان؛ کەواتە سوودانى بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ دژیان بوەستێ. لە لایەکی تریشەوە حکوومەت بەئاشکرا و ڕاستەوخۆ لەژێر هەژموونى ئێراندایە و هەر لەلایەن ئەویشەوە ئاڕاستە دەکرێ؛ بیرۆکەکەیش لە بەرژەوەندیى ئێرانە. کەواتە هەڵوێستى حکوومەتى عێراقی سەبارەت بە بابەتەکە ئەرێنییە.

هەرچی پەیوەندیی بە لایەنە شیعییەکانەوە هەیە، ئەوانیش دوو گرووپن: ئەوانەى کە لە بەرەى بەرهەڵستکاری دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا پۆلێن کراون، بزوێنەرى بیرۆکەکەن و لایان پەسەندە. ئەوانى تر لەگەڵ پشتیوانیى حەماسن بەڵام نەک کردنەوەى بارەگا بۆیان لە عێراق، چونکە وا دەبینن کە قەیران و ناسەقامگیری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ و عێراق دەکاتە بەشێک لەو جەنگەی کە ئێستا لە غەززە هەیە. سوننەکان گەرچی خۆیان بە پشتیوانى ڕاستەقینەى حەماس و گەلی فەڵەستین دەزانن، بەڵام بە چاوی گومانەوە دەڕواننە بابەتەکە، چونکە پێیان وایە هاتن و کردنەوەى بارەگا، لە بەرژەوەندیى سوننە و حەماس نییە، ئەوەندەى لە بەرژەوەندیى شیعە و ئێرانە.

کورد لەو نێوەندەدا نیگەرانە، چونکە دڵنیایە لەوەى کە کردنەوەى بارەگاى حەماس لە بەغدا، عێراق دەکاتە بەشێک لەو هاوکێشە گرژ و ناسەقامگیرەى کە لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدایە؛ ئەوەندەى خزمەت بە پرۆژەى ئێران دەکات، تەنانەت ئەوەندە لە بەرژەوەندیى حەماسیشدا نییە. بەڵام تا ئێستا هیچ لێدوانێک لە هیچ بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانەوە لەو بارەیەوە ڕانەگەیەنراوە.

کەواتە تەنیا ئەوانەى کە بەدواى بابەتەکەوەن، تەنیا گرووپە پرۆکسییە شیعییەکانى سەر بە ئێرانن.

ئەگەر ئێران بەدواى بیرۆکەکەوە بێت، بەرژەوەندیى تێدا چییە؟

هەمووو سەرەداوەکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ئێران لەپشت بیرۆکەکەوە وەستاوە، چونکە مەبەستیەتى کە:

  • لەبەردەم ڕای گشتیى جیهانی ئیسلامیدا ئەوە بسەلمێنێ کە تەنیا خۆى هەڵگرى دروشمی ڕاستەقینەى بەرهەڵستکارییە لە دژى دوژمنانى ئیسلام.
  • ئێران مەبەستیەتی کە بەرەى بەرهەڵستکارى لە دژى ئسرائیل و ئەمریکا فراوانتر بکات بە هاتنەناوەوەى حەماس بۆ بەرەى بەرهەڵستکار؛ ئەو کاتە لەبەردەم ڕای گشتیی ئیسلامی تەنیا مۆرکی شیعەگەریى پێوە نامێنێ.
  • هێڵی بەرگرى لە قووڵاییی ئێران و سەر سنوورەکانى دوور دەخاتەوە و شەڕ و پێکدادانەکان دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل بە گرووپە پرۆکسییەکانى دەکات. ئەمەیش تا ئێستا لەلایەن حەماسەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە کە دەبنە بەشێک لەو میحوەرە، بەڵام ئیسماعیل هەنییە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیاییی ڕووداو لە 1/4/2022 بەم شێوەیە دوا:

ڕووداو: پێتان ناخۆش نییە ئێوەیش ناوتان بچێتە ناو ئەو “فەسائیلانەی” کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وەکووو “پرۆکسی”ى ئێران شەڕ دەکەن؟  ئیسماعیل هەنییە: نەخێر ئێمە لە فەڵەستین، جەنگمان لە دژی داگیرکاریی زایۆنیزمی ئیسرائیلە و لەگەڵ هیچ دەوڵەتێک نەچووینەتە سەنگەرەوە لە دژی دەوڵەتێکی دیکە. لە هیچ میحوەرێکدا نین لە دژی میحوەرێکی دیکەی ناوچەکە.

  • لە ڕێگەى هێزە پرۆکسییەکانییەوە دەتوانێ هەژموونى خۆى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیاتر بکات و ئەمریکا ناچار بکات لەگەڵیدا ڕێک بکەوێ و سزاکانى لەسەر هەڵبگرێ و جارێکی دی بگەڕێنەوە بۆ ڕێکكەوتننامەى ئەتۆمی، کە هەر گەڕانەوەیەک بۆ ڕێکكەوتننامە ئەتۆمییەکە لە ڕووى سزاکانەوە لە بەرژەوەنديى ئێرانە و هەڵوێستى دەوڵەتانى ڕۆژاواییش سەبارەت بە چۆنێتیی مامەڵەیان لەگەڵ ئێران پەرت دەکات، ئەویش لە بەرژەوەندیى ئێرانە.
  • ئێران لاى ڕۆشنە کە ئەمڕۆ بێت یان سبەى، پێکدادان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ڕوو دەدات؛ سەرەداوەکانی هاوکێشەکەیش تا دێ ڕوونتر بەدەردەکەون. ئەوەیش لاى ئێران سەلمێنراوە کە ئەمریکا لە پارسەنگی سزاکان لە دژی، بێهیوا بووە و خەریکن هەنگاوی تر دەنێن، ئەویش لە ڕێگەى پەڕوباڵکردنى کۆمارى ئیسلامیی ئێرانەوە لە گرووپە پرۆکسییەکانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؛ ئەویش لە دوو بەرەى سەرەکییەوە دەست پێ دەکات: لوبنان بە لێدانی حزبوڵڵا و، عێراق بە دوورخستنەوە و کەمکردنەوەى هەژموونى ئێران بەسەرییەوە. ئەوەیش پێداچوونەوە و پلانی نوێی دەوێت بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەى پرۆسەى سیاسی لە عێراق. ئێران وا دەبینێ کە ئەمریکا دەستى بە هەنگاوەکانى کردووە لە دژى.
  • دەرکردنى کارتى گوشارى حەماس دەرهەق بە ئیسرائیل لە دەستى دەوڵەتانى کەنداو.

پێ دەچێ ئێران خۆى بۆ جەنگ ئامادە بکات؟

وەڵامەکە “بەڵێ”یە، بەڵام ئەو جەنگە نییە کە لەسەر ئاستى ئێران و ئەمریکا، یان ئیسرائیل و ئێران ڕوو دەدا، بەڵکوو جەنگەکە سنووردارە و ڕاستەوخۆ نییە لەگەڵ ئێران؛ لەپێشینەیان جەنگى حزبوڵڵا و ئیسرائیلە. ئەمریکا و دەوڵەتانى ئەوروپا گلۆپى سەوزیان بۆ جەنگێکی سنووردار بۆ ئیسرائیل لە دژى حزبوڵڵا هەڵکردووە و هەوڵی تەواویش دەدەن کە نەهێڵن ئێران یان گرووپە پرۆکسییەکانى سەر بە ئێران بخزێنە ناوى، تا ئەو جەنگە فراوانتر نەبێ و گرژییەکانى بەرەو ناوچەکانى تر هەڵنەکشێ. کەواتە ئەمریکا لەسەر دوو ئاست جەنگەکە بەڕێوە دەبات: لەسەر ئاستى لوبنان، لەسەر ئاستى عێراق. بەڵام لەم قۆناغەدا بە هیچ شێوەیەک بێجگە لە تەمێکردن دەست بۆ حووسییەکان نابەن. هێنانی حەماسیش بۆ عێراق تەنیا بۆ مەبەستى فراوانکردن و تۆکمەکردنى بەرەى بەرهەڵستکارییە دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا. سەرچاوەکان ئەوەیش دووپات دەکەنەوە کە هەمان بیرۆکە بۆ کردنەوەى بارەگا بۆ حووسییەکان لە عێراق هەیە؛ بەمەیش عێراق تەواو تێوە دەگلێ.

 

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا جەنگی سنووردار دژ بە حزبوڵڵا چی دەگەیەنێ؟

کرۆکی جەنگەکە بۆ وەدەرنانى هێزەکانى حزبوڵڵایە لە باشوور و سەر سنوورەکانى ئیسرائیل تا دواى ڕووبارى لیتانی لە باشوورى لوبنان. ئەمەیش بیرۆکەیەکی ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیلە هەر لە ساڵی 1948. ئیسرائیل ئامادەباشیی بۆ ئەو شەڕە کردووە و بە درێژاییی 10کم سنوورەکانى خۆى لەگەڵ لوبنان لە دانیشتووانى چۆڵ کردووە، کە ژمارەیان زیاترە لە 80 هەزار کەس. لە بەرى ئیسرائیل 5 فیرقەى سەربازی لە حاڵەتى ئامادەباشیدان لە بەرانبەر 6 کەتیبەى هێزەکانى حزبوڵڵا. ئەو ڕووبەرەى کە ئیسرائیل دەیەوێ بە هێزەکانى حزبوڵڵای چۆڵ بکات تا ڕووبارى لیتانی 30 کم بە قووڵاییی ناو لوبنان لە سنوورى ئیسرائیلەوە و درێژیەکەیشی زیاترە لە 40 کم. کەواتە ئیسرائیل مەبەستیەتى زیاتر لە 1300 کم دووجا لە باشوورى لوبنان لە چەکی هێزەکانى حزبوڵڵا داڕنێ، تا مەترسییەکانى ئاسایشی نەتەوەییی خۆى بەهێز بکات. لە شوێن چەکدارانى هێزەکانى حزبوڵڵا، سەربازی لوبنانى و فەڕەنسی لەو ناوچەیە جێگیر دەکرێن و لە بەرى ئیسرائیلیش هێزى ئەمریکی.

ئەو پلانەیش لەلایەن ئەمریکاوە داڕێژراوە بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى 1701ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو مەبەستە. چەندان جار بۆ ئەو مەبەستە نوێنەرى سەرۆکی ئەمریکا، ئامۆس هوکشتاین، چۆتە لوبنان و ئیسرائیل، بەڵام لەلایەن حزبوڵڵا ڕەت کراوەتەوە؛ ئێستایش هیچ ڕێگەچارەیەک نەماوە بێجگە لە جەنگ. بەڵام جەنگەکە ئەم ئامانجە دیاریکراوانەى هەیە و جەنگێکی کراوە نییە، كە بریتین لە: زانینى تواناى حزبوڵڵا و لەناوبردنى، وەدەرنانى چەکدارانى حزبوڵڵا بۆ دواى سنوورى ڕووبارى لیتانى، بەکێشەکردنى حزبوڵڵا لەناو لوبنان بەوەى کە هۆکارى ناسەقامگیری و ئاشوب و وێرانکردنى وڵاتە (چونکە لەو جەنگەدا تەواوى ژێرخانى لوبنانیش دەکەوێتە بەر هێرش و مەترسی و بۆردوومان)، هاتنەناوەوەى هێزی نێودەوڵەتى، بەتایبەت فەڕەنسی، دەستێوەردانی نێودەوڵەتى بە مەبەستى چارەسەرکردنى قەیرانی لوبنان کە یەکێک لە مەرجەکانى داماڵینی چەک دەبێت لە حزبوڵڵا؛ بەو هەنگاوەیش هەژموونى ئێران لە ناوچەکە بەرەو لاوازى دەچێت.

هەرێمی کوردستان لە پەرچەکردارى ئەو جەنگە لەلایەن گرووپە وەلائییەکان دەکرێتە ئامانج، بەڵام وەک بەرەى جەنگ ئەگەر هاوسەنگى بپارێزێ، تێوە ناگلێ، چونکە ئەمریکا و دەوڵەتانى ئەوروپا لە هەوڵی ئەوەدا دەبن تەشەنە نەکات و بەر بە تێوەگلانی ئێران و گرووپە وەلائییەکانى دەگرن. بەڵام پێویستە هەرێم بەرژەوەندییەکانى ئێران لەبەرچاو بگرێ و لەگەڵ بەغداش لە پەیوەندیی باشدا بێ و بگاتە ڕێکكەوتن، تا ئەزموونى پێشوو دووبارە نەبێتەوە.

لە لایەکی ترەوە دەکرێ ئەو پرسیارە بکەین کە، ئایا ئەمریکا بەو بیرۆکەیە نیگەران نییە؟

بەپێچەوانەوە ئەمریکا لەو بارەیەوە سوودمەندە، چونکە:

  • گواستنەوەى سەرکردەکانى حەماس لە قەتەرەوە بۆ بەغدا، ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنى گوشارەکانى دەرهەق بە حەماس؛ بەوەى ئەگەر بە مەرجەکانى ڕازی نەبێ، لە قەتەر دەردەکرێ.
  • دەبێتە هۆى دوورکەوتنەوەى حەماس لە قووڵاییی پشتیوانیى دەوڵەتانى سوننى؛ چونکە ئەوکات حەماس وەک گرووپێکی پرۆکسیی سەر بە ئێران مامەڵەى لەگەڵ دەکرێ و هیچی تر و، لێدانیشى لە هەر شوێنێک بێت ئاسانتر دەبێت؛ بەتایبەت چۆن ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر گرووپێکی شیعی، هەر ئاوایش هێرش دەکاتە سەر بارەگاکانى حەماس لە عێراق.
  • هەر نزیکبوونەوەیەکی زیاتری حەماس و بوون بە گرووپێکی پرۆکسی بۆ ئێران، حەماس دەخاتە بەرەى دژ بەو دەوڵەتانەى کە لە ململانێی ڕاستەقینەدان دژ بە هەژموونى ئێران لە ناوچەکە، وەک: ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا، دەوڵەتانى کەنداو و چەندان دەوڵەتى ترى ئیسلامی.

با پرسیارەکە نزیکتر بکەینەوە: ئایا ئەو گواستنەوەیە لە بەرژەوەندیى خودی حەماسە؟

بێ گومان نەخێر، چونکە هەر هاتنێکی حەماس بۆ عێراق لە بەرژەوەندیی ئێران تەواو دەبێ و تا دی زیاتر لە قووڵاییی جیهانی سوننە دوور دەکەوێتەوە و پشتیوانییەکانى کەم دەبنەوە؛ بگرە بەهۆى نزیکبوونەوەى لە ئێران دوژمنانیشی زێتر دەبن و ئەودەم لە ئێستا زیاتر گەمارۆى دەخرێتە سەر و جووڵە دیپلۆماسییەکانیشی نامێنن و کارئاسانییشی لەلایەن دەوڵەتانى ناوچەکەوە بۆ ناکرێ، چونکە وەک ڕەوتێکی وەلائیی سەر بە ئێران مامەڵەى لەگەڵ دەکرێ و هیچی تر. ئەمە بێجگە لەوەى کە گوزەران لە غەززە دووچارى تراژیدیا دەبێ، چونکە بە گواستنەوەى سەرکردەکانیان لە قەتەرەوە بۆ بەغدا، تەواوى کۆمەکییەکانیان بە گوشارى ئەمریکا لەلایەن قەتەرەوە لێ دەبڕدرێ؛ ئەو دەوڵەتەى کە هەر لە ساڵی 2016 تەواوى مووچەى فەرمانبەرانى غەززە لەلایەن ئەوەوە دابین دەکرێ، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە حەماس دووچارى گۆشەگیری دەکات. ئەوان لە قەتەر دەتوانن بەناڕاستەوخۆیی لەگەڵ دونیاى ئیسلامی لە پەیوەندیدا بن، بەڵام بەهاتنیان بۆ عێراق ئەو شانسەیان کەمتر دەبێتەوە.

ئەگەر بیرۆکەکە جێبەجێ کرا، ئایا لێکەوتەکانى لەسەر عێراق چی دەبن؟

لە دواى حەماس، دەوڵەتى عێراقی ئەو لایەنەیە کە گەورەترین باج دەدات؛ هیچ سوودێکی دیپلۆماسی و سیاسی و فەرهەنگی و ئابوورى و سەربازیی چنگ ناکەوێ، چونکە پارسەنگەکەى بەم شێوەیەیە:

  • هەڵوێستى نیشتمانیى عێراقی بەرانبەر حەماس و پرسی فەڵەستین، پەرت دەکات. ئەو پەرتبوونەیش لە ئەرزی واقع کاردانەوەى لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەت لەلایەن ئەو ڕەوتە پرۆکسییانەى کە پشتیوانى لە پرۆسەکە دەکەن.
  • زۆربوونى چالاکیی هەواڵگریی دەوڵەتان لە عێراق و تیرۆر؛ بەتایبەت هەواڵگریی دەوڵەتانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل و ئیران و تورکیا. ئەمەیش پێکدادانى هەواڵگریی لێ دەکەوێتەوە و وڵات دووچارى ناسەقامگیری دەکات.
  • کردنەوەى چەندان سەربازگەى ڕاهێنان بۆ حەماس لەلایەن ئێران و حکوومەتى عێراقەوە؛ ئەوەیش دەبێتە مایەى ئەوەى کە حەماس دەکاتە گرووپێکی پرۆکسیی ئێران و زۆر لە یەکتر نزیکتر دەبنەوە و ئەجێنداى ئێران بەسەر حەماسەوە هەژموون پەیدا دەکا. ئەو بەبارەگاکردنەیش حەماس وا لێ دەکات کە بەئاسانی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەئامانج بگیرێ؛ ئەودەمیش پێشێلکردنى سەروەریى دەوڵەتى عێراقی لێ دەکەوێتەوە و هەمان ئەزموونى سووریا لێرە دووبارە دەبێتەوە و وڵات دەکاتە فەزایەکی کراوەى ململانێ و پێکدادان.
  • ئەو پرۆسەیە زیاتر عێراق لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ناوچەیی گۆشەگیر دەکات؛ دووریش نییە عێراق بگێڕێتەوە بۆ ژێر بەندی حەوتەمى میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ویسایەى نێودەوڵەتى.
  • حەماس لەلایەن زیاتر لە 70 دەوڵەتى ڕۆژاوایی، هەر لە ساڵی 2001وە، بزووتنەوەى حەماسیان وەک گرووپێکی تیرۆریستی ئەژمار کردووە، ئەو دەوڵەتانەیش کاریگەرن لەسەر ناوەندەکانى دروستکردنى بڕیارى نێودەوڵەتى، بە سێ دەوڵەتە خاوەن ڤیتۆکەیشەوە. بوونى حەماس لە عێراق، “ئەو وڵاتە دەخاتە ڕیزی ئەو دەوڵەتانەى کە پشتیوانیی تیرۆر دەکات”، ئەوەیش عێراق دووچارى چەندان جۆر لە گەمارۆى ئابوورى، سیاسی، دیبلۆماسی و سەربازیی دەکاتەوە.
  • قووڵکردنەوەى ناکۆکییەکانى نێوان عێراق و ئەمریکا و دەوڵەتانى ئەوروپی؛ چونکە بەو هەنگاوە عێراق زیاتر دەچێتە ناو میحوەرى بەرهەڵستکاریى دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل.
  • شانسەکانى سوودانى لە پشتیوانیی ئەمریکا و ئەو لایەنانەى عێراقی کە لەگەڵ بیرۆکەکە نین کەم دەکاتەوە؛ چونکە ئەو هەنگاوەى حکوومەتى عێراقی وا لە سوودانى دەکات کە گەمەیەکی مەترسیدار بکات و بەفەرمی عێراق لە میحوەرى بەرهەڵستکارى نزیکتر دەکاتەوە و عێراق دەبێتە گۆڕەپانی پاکتاوکردنى سیاسی.
  • هەنگاوەکان بۆ لەقاڵبدانى حکوومەتى عێراقی و کەسایەتییە سیاسییەکانى لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە ئەکتیڤتر دەکرێن؛ بۆ نموونە ئەو پرۆژەیەى کە لەلایەن سیناتۆرى ئەمریکى لە حزبى کۆماری، “مایک واڵتز”ەوە پێشکەش بە کۆنگرێس کراوە، کە تیایدا پۆلێنی سەرکردەکانى عێراق دەکات کە تا چەند بوونەتە میکانیزمێک بۆ هەژموونى ئێرانی لە عێراق، ئەویش لەسەر هەرسێ دەسەڵاتەکە؛ لەناویشیاندا دامەزراوەى دادوەری، بە سەرۆک و ئەندامەکانییەوە.
  • تێوەگلاندنى کورد و سوننە لە ململانێیەک کە تێیدا براوە نین و سوودیان پێ ناگەیەنێ لە عێراق؛ چونکە نیشتەجێکردنیان زیاتر دەکەوێتە ناوچەکانى سوننەنشین و ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەت بارەگاکانى مەشق و ڕاهێنانى حەماس، تا لە کاتى هێرش و بۆردوومان زیاتر ناوچە سوننی و کوردییەکان دووچارى زەرەر ببن.

هەرچی پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە لەو بارەیەوە، دەکرێ بڵێین:

  • کاریگەرییە نەرێنییەکانى دژ بە هەرێم تەنیا لە دوو ڕووەوەیە: نیشتەجێکردنیان لە ناوچە جێناکۆکەکان و کردنەوەى بارەگاى مەشق و ڕاهێنان بۆیان و نیشتەجێکردنیان لەو ناوچانە کە دواتر گرفتى گۆڕینی دیمۆگرافیای لێ دەکەوێتەوە. لە لایەکی ترەوە ترس لەوە هەیە کە هەمان ئەزموونى موجاهیدینى خەلقی ئێران دژ بە کورد دووبارە ببێتەوە و لەلایەن ئێران و گرووپە پرۆکسییەکانییەوە ئاڕاستە بکرێن.
  • گوتارى سیاسیی هەرێمی کوردستان دەبێ بەو ئاڕاستەیە بێت کە کردنەوەى بارەگا بۆ حەماس، زیاتر لەوەى ئێستا عێراق دەکاتە بەشێک لەو ململانێ توندەى کە لە ناوچەکە هەیە و پەیوەندییەکانى وڵات لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتانى ئەوروپی دووچارى قەیران دەکات، بەڵام زەرەرى بۆ ناو هەرێم بەدوور دەزانرێ. ئەگەر حکوومەتى عێراقیش سوورە لەسەر ئەوەى بارەگایان بۆ بکاتەوە، با بارەگاکە لە پایتەخت بێ و لەسەر بنەماى ڕێکكەوتنێکی سیاسی- نیشتمانی بێت، نەک هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتى گرووپە وەلائییەکانى سەر بە ئێران.
  • دەکرێ هەرێمی کوردستان لەو پرۆسەیە سوودمەند ببێ، چونکە پارسەنگەکەى ناسەقامگیری و چوونەناو میحوەرى بەرهەڵستکارییە لەلایەن عێراقەوە؛ ئەمەیش زیاتر کورد لە ئەمریکا و دەوڵەتانى ئەوروپا نزیکتر دەکاتەوە. بەڵام ئەوەى کە لێرە گرنگە ئەوەیە کە هەرێم دەبێ لەسەر ئاستى عێراق و دەوڵەتانى ناوچەکە و دونیا، هاوسەنگیی خۆى بپارێزێ.
  • لە کاتى هەڵگیرسانى جەنگ لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل، هەرێمی کوردستان پریشکی زۆرى بەرناکەوێ، تەنیا پەرچەکردار نەبێ؛ بەڵام نابێ بخزێ و تێوە بگلێ؛ دەبێ بێلایەن و هاوسەنگى بپارێزێ، چونکە ئەو جەنگە ئاماژەى سەوزى لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە بۆ ئیسرائیل هەڵکراوە، ئەویش بەو مەرجەى کە جەنگەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە سنووردار بێ و هەڵکشان تێیدا ڕوو نەدات. بەڵام لە بەرانبەردا ئێران مەبەستى هەڵکشانى هەیە تا حزبوڵڵا لە شکست قوتار بکات.
image_pdfimage_print