موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
توركيا له هه‌شتاكانه‌وه ڕووبه‌ڕووی چه‌كدارانی په‌كه‌كه (پارتی كریكارانی كوردستان) بۆته‌وه، چه‌ندان ساڵه بوودجه‌ی زه‌به‌ڵاح بۆ بابه‌تی تیرۆر و نه‌هێشتنی په‌كه‌كه دابین كراوه و تا ئێستایش به‌ته‌واوه‌تی نه‌توانراوه “كۆتایی به‌م مه‌ترسییه بهێنرێت”؛ بۆیه ناوه به ناوه هه‌واڵه‌كانی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی سنووری توركیا له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه ده‌بینین. بێ گومان هه‌ر جووڵه‌یه‌كی سه‌ربازیی توركی له‌سه‌ر خاكی وڵاتانی دراوسێی توركیا، چه‌ندان كێشه و گرفتی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ته‌وه؛ گرنگترینیان به‌زاندنی سه‌روه‌ریی ئه‌م وڵاتانه‌یه؛ جگه له‌مه سوپای توركیا ژماره‌یه‌كی زۆری بنكه‌ی سه‌ربازیی له‌سه‌ر خاكی هه‌ر یه‌ك له عێراق و سووریا جێگیر كردووه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا جموجۆڵێكی فراوان له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان توركیا و عێراق (هه‌رێمی كوردستان) ده‌ستی پێ كردووه و كاردانه‌وه و مشتومڕی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنایه‌وه. له‌م بابه‌ته هه‌وڵ ده‌ده‌ین به شێوه‌یه‌كی گشتی هۆكار و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م جموجۆڵه سه‌ربازییانه بخه‌ینه ڕوو كه به‌رده‌وام له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت.
بۆچی لەم کاتەدا تورکیا جموجۆڵە سەربازییەکان و ژمارەی هێزەکانی لە سنووری عێراق و لە قووڵاییی هەرێمی کوردستان زیاد کردووە؟
سه‌ره‌تا با ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین كه ئه‌نقه‌ره له هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا كاری بۆ ئه‌وه كردووه بابه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی “په‌كه‌كه” و ئاسایشی ناوچه سنوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق، زه‌ق بكات و بیخاته ڕوو و په‌یامی ئه‌وه بنێرێ كه به‌ڕاستی توركیا به‌هۆی چالاكی و جموجۆڵه‌كانی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” ناڕازی و نیگه‌رانه. بۆیه ئه‌گه‌ر شرۆڤه‌یه‌كی گشتی بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆككۆماری توركیا “ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان” بۆ عێراق بكه‌ین، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه بابه‌تی سه‌ره‌كیی دانوستانه‌كان ڕه‌هه‌نده‌كانی ئاسایش بووه. توركیا، به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می ئاك پارتی (حزبی داد و گه‌شه‌پێدان) هه‌وڵی داوه له چوارچێوه‌ی سێ بابه‌تدا كێشه‌ی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” چاره‌سه‌ر بكات: یه‌كه‌میان، لایه‌نی سیاسییه. زۆر جار ده‌بیستین كه به‌رپرسه باڵاكانی توركیا له ڕێگه‌ی دیپلۆماسی و سیاسییه‌وه داوا له حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن سنوورێك بۆ چالاكییه‌كانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه دابنێن به‌ڵام گرفته هه‌ره گه‌وره‌كه له‌وه‌دایه كه عێراق تا ئیستا نه‌یتوانیوه وه‌كوو وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بڕیاری خۆی له‌م باره‌وه بدات. سه‌ره‌ڕای سستیی دانوستاندن و هه‌وڵه سیاسییه‌كانی نێوان توركیا و عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه، به‌ڵام ئه‌نقه‌ره هیچ كاتێك نه‌یویستووه ده‌رگەی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا دابخات. دووه‌میان لایه‌نی ئابووری و ئاوه. ئه‌نقه‌ره به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ كارتی ئاو و ئابووریی به‌رامبه‌ر به عێراق به‌كار هێناوه به مه‌به‌ستی گوشارخستنه سه‌ر به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م چاوپۆشی له ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی سوپای توركیا بكات بۆ گۆشه‌گیركردنی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له عێراق و هه‌رێمی كوردستان. بابه‌تی سێیه‌میش بریتییه له درێژه‌دان به ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان له خاكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه ڕۆژ له دوای ڕۆژ سوپای توركیا دخزێته قووڵاییی زیاتر له خاكی عێراق.
توركیا ئێستا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی، ڕووبه‌ڕووی گرفت و كێشه‌ی سياسی و ئابووری و داراییی زۆر بۆته‌وه به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌ی كه تا ئێستا ئاك پارتی و ئه‌ردۆغان په‌یڕه‌ویان كردووه، به‌تایبه‌ت له ڕووی ئابووری و دارایییەوە توركیا گه‌یشتۆته لێواری داڕمانی ئابووری. جگه له‌مه، بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌ری بیانی له‌م وڵاته‌دا، به‌تایبه‌ت په‌نابه‌ره سوورییه‌كان، ناڕه‌زایه‌تییه‌كی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه؛ ته‌نانه‌ت بۆ یه‌كه‌م جار له چه‌ند شارێكی توركیا ده‌ست كراوه به ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان له دژی په‌نابه‌ره بیانییه‌كان. هه‌روه‌ها له ڕووی سیاسییه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رۆككۆماری توركیا، ئه‌ردۆغان، چه‌ندان جار جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له توركیا ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵام ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانی له توركیا، ئاك پارتیی ده‌سه‌ڵاتداری، كردووه به حزبی دووه‌م و “جه‌هه‌په”یش بۆته حزبی یه‌كه‌م.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌كرێ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو وه‌كوو هۆكاره‌كانی ئه‌م جموجۆڵه سه‌ربازییه‌ی كه توركیا له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێ كردووه:
یه‌كه‌م: ئه‌ردۆغان بۆ سه‌رقاڵكردنی ڕای گشتی له توركیا، هه‌وڵ ده‌دات ژینگه‌یه‌كی وا دروست بكات، تیایدا وا وێنا بكرێت كه وڵات ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی بۆته‌وه؛ وا ده‌رده‌خات یه‌كێك له‌م مه‌ترسییانه‌یش مه‌ترسیی تیرۆره و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی توركیا ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی بۆته‌وه. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م مهترسییەیش چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” و هێزه نزیكه‌كانیه‌تی له عێراق و سووریا. بۆیه گۆڕینی بابه‌تی ڕۆژه‌ڤی توركیا به‌م بابهتەوه كه‌مێكیش بێت، سه‌رنجه‌كان بۆ سه‌ر قه‌یران و كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی دیكه‌ی ناوخۆی توركیا- تا ڕادده‌یه‌كیش بێت- كه‌متر ده‌كات.
با ئه‌وه له‌بیر نه‌كه‌ین ئه‌ردۆغان له دوای هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015 كه تیایدا ئاك پارتی نه‌یتوانی ئه‌و زۆرینه‌یه به‌ده‌ست بهێنێت، له ڕێگه‌یه‌وه بتوانێ به‌ته‌نیا كابینه‌ی حكوومی پێك بهێنێت، ڕاسته‌وخۆ ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی كرد له دژی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” و به شێوه‌یه‌كی فه‌رمییش كۆتاییی به پرۆسه‌ی ئاشتی هێنا له توركیا و، كه‌شوهه‌وایه‌كی ئاوای دروست كرد چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” مه‌ترسین و ده‌بێت حكوومه‌تێكی سه‌قامگیر هه‌بێت تا بتوانێ ڕووبه‌ڕووی ئه‌م مه‌ترسییه ببێته‌وه. ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌و كاته سه‌ری گرت و توانیی له هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2015 سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت و بتوانێ به‌ته‌نیا كابینه‌ی حكوومی پێك بهێنێت.
بۆیه ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه‌وا ئه‌م جاره‌یش ئه‌ردۆغان هه‌وڵ ده‌دات هه‌مان سیناریۆی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی حوزەیرانی ساڵی 2015 دووباره بكاته‌وه، به‌ڵام لێره پرسیاری ئه‌وه‌مان بۆ دروست ده‌بێت: ئایا له كه‌شوهه‌وای ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیی ئێستا، ئه‌ردۆغان له جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلان و ستراتیژییه‌ی، سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟
دووه‌م: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئاك پارتی له‌سه‌ره‌تای گه‌یشتنی به ده‌سه‌ڵات تا دوای ساڵی 2015یش هیچ كاتێك هه‌وڵ و ستراتیژییه‌تێكی ڕوون و ئاشكرای نه‌بووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆزی كورد، ته‌نانه‌ت هه‌وڵه‌كانی ئاك پارتی بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی، ته‌نیا بۆ ئه‌وه بووه ده‌نگی ده‌نگده‌ری كورد بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات و تا ڕادده‌یه‌كیش بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو توانیی ببێته تاكه حزبی سیاسی و بتوانێ له‌سه‌رانسه‌ری توركیا ده‌نگ بهێنێت. بۆیه ئاك پارتی‌یش (ئه‌ردۆغان) پلان و ستراتیژییه‌تێكی ڕاسته‌قینه و ڕوونی نه‌بووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆزی كورد له توركیا. له‌به‌ر ئه‌مه، ده‌كرێ بڵێین یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ئه‌م جموجۆڵه سه‌ربازییانه له چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته گشتییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان دێت، كه بریتییه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” له توركیا و ده‌ره‌وه‌ی خاكی توركیا. له لایه‌كی دیكه ئاك پارتی و مه‌هه‌په (حزبی نه‌ژادپه‌رستی توركیا) هاوپه‌یمانن؛ هاوپه‌یمانییه‌كی له‌م جۆرەیش ڕێگه به نزیكبوونه‌وه و ئاساییكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان نادات له‌گه‌ڵ كورد و به‌تایبه‌تی “په‌كه‌كه”.
سێیه‌م: یه‌كێك له شانازییه‌كانی به‌رپرسانی توركیا بریتییه له‌وەی كه ئێستا چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” زیاتر چالاكییه‌كانیان له ده‌ره‌وه‌ی خاكی توركیا به‌ڕێوه ده‌بەن و ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا یه‌كێك له پلانه ستراتیژییه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری و سوپای توركیا، كاركردنه بۆ له‌ناوبردنی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه”؛ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یش نه‌كرا، ئه‌وه لانی كه‌م ده‌بێ چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” له سنوور و خاكی توركیا دوور بخرێنەوە. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه ده‌بینین توركیا زنجیره ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی له خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست پێ كردووه به مه‌به‌ستی دوورخستنه‌وه‌ی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” له سنوور و خاكی توركیا. جگه له‌مه توركیا به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه به‌وه نادات قه‌ندیل به شهنگالەوە ببەسترێتەوە؛ هه‌روه‌ها كار بۆ ئه‌وه ده‌كات قه‌ندیلی دووه‌م له شه‌نگال دروست نه‌بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی “په‌كه‌كه” و هێزه نزیكه‌كانی لێی، چه‌ندان هه‌نگاوی جددییان بڕیوه له شه‌نگال.
چواره‌م: توركیا له بواری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه”، گۆڕانكارییه‌كی ستراتیژیی ئه‌نجام داوه. پێشتر ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای “هێرش به‌ره و بكشێوه” بوو. واتا ته‌نیا ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن بوو و دوای ئۆپه‌راسیۆنه‌كه ڕاسته‌وخۆ ده‌كشایه‌وه و له‌و شوێنه جێگیر نه‌ده‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی “چڕنووك” له مانگی مایسی ساڵی 2019 كه تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه، دوای ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان، له‌م شوێنانه ناكشێته‌وه كه هێرشی ده‌كاته سه‌ر، ئۆپۆزیسیۆن له ڕووی سه‌ربازییه‌وه له‌وێ جێگیر ده‌بێت. ئه‌مه ڕه‌هه‌ندی سه‌ره‌كیی گۆڕانكارییه‌كه‌یه.
ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی بریتییه له شێوازی سزادان؛ واتا هێرشكردنه سه‌ر هه‌ندێك خاڵ و ئامانجی دیاریكراو و دەستكردن به كوشتنی به‌رپرسه گرنگه‌كانی “په‌كه‌كه” و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵمه‌ته‌كانی ڕفاندن و له‌ناوبردنی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” و هاوكارانی. بۆیه ده‌كرێ دوایین جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كانی سوپای توركیا له خاكی عێراق له‌م چوارچێوه‌یه‌دا شرۆڤه‌ی بۆ بكرێت.
٢– ئایا تورکیا ده‌توانێ له ڕێگه‌ی ئه‌م جموجۆڵه سه‌ربازییانه‌وه كۆتایی به “پەکەکە” بهێنێت؟
پێش ئه‌وه‌ی ئاك پارتی له ساڵی 2002 له ئه‌نقه‌ره بگاته ده‌سه‌ڵات، ئامانجی ئه‌وه‌ی هه‌بووه به‌ته‌واوه‌تی “په‌كه‌كه” له‌ناو به‌رێت. به‌ڵام ئه‌زموون و واقعی سهرگۆڕهپان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ن كه ئه‌نقه‌ره بتوانێ به‌ئاسانی كۆتایی به بوونی “په‌كه‌كه” بهێنێت، چونكه ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه “په‌كه‌كه” ته‌نیا هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی چه‌كدار نییه له ناوخۆی توركیا؛ ئۆپۆزیسیۆن پهلیكێشاوهتهوه وڵاتانی دراوسێی توركیا و جگه له‌مه‌یش، به‌تایبه‌ت له سووریا، ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه پاڵپشتی ده‌كرێت. بۆیه له هاوكێشه ههرێمییهكانیشدا “په‌كه‌كه” به‌هۆی ئه‌و پاڵپشتییه هه‌رێمی و تا ڕادده‌یه‌كیش نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه هه‌یه‌تی، توانیویه‌تی ببێته هێزێكی چه‌كداری نه‌خوازراوی كاریگه‌ری ناوچه‌كه.
بۆیه پێ ناچێت توركیا بتوانێ به‌ته‌واوه‌تی كۆتایی به “په‌كه‌كه” بهینێت له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” وه‌كوو پێكدادانێكی دوو هێزی نیزامی نییه به‌ڵكوو “په‌كه‌كه” له چه‌ند ئاراسته و ڕووه‌وه هێرشه‌كانی خۆی ئه‌نجام ده‌دات؛ هه‌م له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی خاكی عێراق (هه‌رێمی كوردستان) و هه‌میش له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی خاكی سووریا؛ جگه له‌مه‌یش ئێستا ڕێژه‌كه‌ی كه‌میش بێت جاروبار هه‌ندێك چالاكی له‌ناو خاكی توركیاش ئه‌نجام ده‌دات. كۆتاییهێنان به هێزێكی چه‌كدار و پاڵپشتیكراو و مه‌شقپێكراوی وه‌كوو “په‌كه‌كه” كارێكی ئاسان نییه و پێویستی به جموجۆڵ و كاری زیاتر هه‌یه. واتا له گۆڕه‌پان زۆر سه‌خته كۆتایی به لایه‌نێك بهێنرێت چیا و خاكی وڵاتانی دراوسێی به‌كار بهێنێت.
دووه‌م: هاوكێشه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه جارێ ڕێگه به‌وه نادات “په‌كه‌كه” كۆتاییی پێی بێت، چونكه له لایه‌ك ئێران به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ پاڵپشتیی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” ده‌كات؛ ئه‌مه‌یش نیگه‌رانییه‌كی قووڵی به‌رپرسانی توركیای لێ كه‌وتۆته‌وه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زیری به‌رگریی توركیا “یه‌شار جووڵه‌ر” له چاوپێكه‌وتنێكی میدیایی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی سی ئێن ئێنی توركی ڕای گه‌یاند “له‌گه‌ڵ هاوڕێ ئێرانییه‌كانمان قسه ده‌كه‌ین و پێیان ده‌ڵێین: “سه‌یری كه‌ن، ئه‌وه له‌م خاڵه‌وه چه‌كدارانی په‌كه‌كه هاتنه نێو خاكی ئێران و ئێمه ده‌زانین كه هاتوونه‌ته كام شوێن.” شوێنه‌كه‌یان بۆ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین و ده‌یانده‌ینێ، چونكه له ڕێگه‌ی درۆنه‌وه چاودێرییان ده‌كه‌ین. هاوڕێ ئێرانییه‌كانمان وه‌ڵاممان ده‌ده‌نه‌وه و ده‌ڵێن: “ئێمه ته‌ماشای ئه‌و شوێنه‌مان كرد هیچ كه‌سی لێ نییه!” ئه‌مه هه‌ڵوێستێكی جوان نییه. بێ گومان نیگه‌رانین.
له لایه‌كی دیكه توركیا نیگه‌رانه به‌هۆی هه‌ڵوێستی وڵاتانی ڕۆژاوا له‌م بارەیه‌وه. “یه‌شار جووڵه‌ر” له هه‌مان چاوپێكه‌وتندا ڕای گه‌یاند: “له ڕاستیدا له‌م بابه‌ته‌دا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانمان ڕێك نه‌كه‌وتووین. هاوپه‌یمانانمان پێمان ده‌ڵێن، ئێمه له چوارچێوه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش یارمه‌تی پێشكه‌شی ئه‌و چه‌كدارانه ده‌كه‌ین كه له ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، ئێمه‌یش پێمان ڕاگه‌یاندووه ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه‌ی كه ئێوه ئاماژه‌ی پێی ده‌كه‌ن، ئه‌وه خودی په‌كه‌كه‌یه. ئێمه‌یش داوای ئه‌وه‌مان له هاوڕێیانمان كرد كه ئه‌گه‌ر ئێوه پاڵپشتییان ده‌كه‌ن به‌ئاشكرا ڕاگهیەنن كه پاڵپشتییان ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه ئێوه ڕاده‌گه‌یەنن و پێمان ده‌ڵێن ئێمه پاڵپشتییان لێ ناكه‌ین، ئه‌مه گاڵته‌كردنه به عەقڵمان!” بۆیه ده‌توانین بڵێین یه‌كێك له هۆكاره‌كانی كۆتاییپێنههێنان به “په‌كه‌كه” ئه‌م خاڵه بێت.
سێیه‌م: ڕه‌نگه ئه‌م خاڵه هه‌ندێك سه‌رنجڕاكێش بێت، به‌ڵام واقعه و ڕاستییه‌كی تاڵه كه توركیا چه‌ندان ساڵه به‌ده‌ستییه‌وه ده‌نالێنێت، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كە، خودی ئه‌و حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌منییه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بن به‌ته‌واوه‌تی كۆتایی به “په‌كه‌كه” بهێنرێت؛ چونكه هه‌م له ڕووی دابینكردنی بوودجه به مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌میش به‌كارهێنانی كارتی مه‌ترسیی بوونی “په‌كه‌كه” بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی توركیا له‌لایه‌ن لایه‌نه سیاسییه‌كان و لایه‌نه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانه‌وه، ئەم بابەتە بۆ پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بەكار هێنراوە.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی مێژووی سیاسیی توركیا بكه‌ین له كۆتاییی هه‌شتاكانه‌وه تا ئێستا، ده‌بینین هه‌میشه فاكته‌ری بوونی “په‌كه‌كه” له‌لایه‌ن سوپا و لایه‌نه ئه‌منییه‌كان و گرووپ و لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه به‌كار هاتووه، بۆیه پێ ناچێت تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی ده‌ركه‌وتبێت و كاری جددیی كردبێت بۆ كۆتاییهێنان به “په‌كه‌كه”. واتا به وشه‌یه‌كی دیكه، بوونی “په‌كه‌كه” هه‌م له ڕووی ماددییه‌وه و هه‌میش له ڕووی سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌منییه‌وه له‌لایه‌ن دامه‌زراوه و لایه‌نی سیاسیی جیاوازه‌وه به‌كار هێنراوه.
چواره‌م: بۆ كۆتاییهێنان به “په‌كه‌كه” ، ئه‌نقه‌ره پێویستی به هه‌ماهه‌نگیی ڕاسته‌قینه‌ی وڵاتانی دراوسێ و لایه‌نه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌یه؛ بۆ نموونه خودی حكوومه‌تی عێراق گه‌ر بیه‌وێت گوشار بخاته سه‌ر “په‌كه‌كه”، ئه‌وه به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان (به پارتی و یه‌كێتییه‌وه) ناتوانێت ئه‌م كاره به‌ته‌نیا ئه‌نجام بدات. به له‌به‌رچاوگرتنی هاوكێشه سیاسی، سه‌ربازی، ئه‌منی و ئابوورییەكانی ناوچه‌كه، ده‌توانین بڵێین ئه‌نقه‌ره ناتوانێت به‌ته‌نیا كۆتایی به “په‌كه‌كه” بهێنێت ئه‌گه‌ر وڵاتانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی ڕۆژاوا یارمه‌تیی نه‌ده‌ن. پێشكه‌شكردنی ئه‌م یارمه‌تییه‌یش بۆ قۆناغی ئێستا زه‌حمه‌ته، چونكه تێڕوانینی لایه‌نه‌كان بۆ “په‌كه‌كه” جیاوازییه‌كی زۆری له‌باره‌وه هه‌یه.
ئایا تورکیا له‌باره‌ی جموجۆڵه سهربازییهكانییەوە، لەگەڵ عێراق و ئێران ڕێک کەوتووه و گڵۆپی سەوزی لێیان وەرگرتووه؟
به‌رپرسانی توركیا به‌رده‌وام لهسهردانهكانیان بۆ تاران و به‌غدا جه‌خت له‌سه‌ر بابه‌تی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” ده‌كه‌نەوە، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌غدا. ئه‌نقه‌ره زۆر به‌ڕاشكاوانه داوا له عێراق ده‌كات كه ئاسایشی ناوچه سنوورییه‌كانی عێراق-توركیا بپارێزێت و ڕێگه به ئه‌نجامدانی چالاكیی سه‌ربازی بۆ سه‌ر خاكی توركیا نه‌درێت. ئه‌م داواكارییه‌ی توركیا بۆته ستراتیژییه‌تێكی بنه‌ڕه‌تیی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا.
له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 28ی مایسی ساڵی 2023، “هاكان فیدان” كرایه وه‌زیری ده‌ره‌وه و “ئیبراهیم كالن”یش كرایه سه‌رۆكی ده‌زگەی هه‌واڵگریی نیشتمانیی توركیا. پاش ئه‌م هه‌نگاوه جووڵه‌یه‌كی دیپلۆماسیی چڕ له نێوان ئه‌نقه‌ره و به‌غدا و هه‌ولێر ده‌ستی پێی كرد. ناوه‌ڕۆكی سه‌ره‌كیی ئه‌م هاتوچۆ دیپلۆماسییه، بریتی بوو له په‌یوه‌ندییه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره. ده‌ره‌نجامی سه‌ره‌تاییی ئه‌م جموجۆڵه دیپلۆماسییه‌ی ئه‌نقه‌ره به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی له 14ی ئازاری ساڵی 2024 به‌ده‌ركه‌وت، كه بڕیاره‌كه “په‌كه‌كه” به ڕێكخراوێكی قه‌ده‌غه‌كراو ناوزه‌د ده‌كات.
بێ گومان ئه‌مه ئامانجی كۆتاییی توركیا نییه، چونكه ئه‌نقه‌ره ده‌یه‌وێت عێراق وه‌كوو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وەیشدا ئه‌مه خۆی له خۆیدا هه‌نگاوێكی خراپ نه‌بوو بۆ ئه‌نقه‌ره؛ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی حكوومه‌تی عێراقی بێ گومان به‌بێ ئاماده‌كاری و ڕێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق و ئه‌نقه‌ره ڕانهگهیەنراوه به‌ڵكوو پاش هه‌وڵ و كۆششێكی زۆر ئه‌نجام دراوه.
بۆ وه‌ڵامی پرسیاری ئایا توركیا له‌گه‌ڵ عێراق و ئێران ڕێك كه‌وتووه و گلۆپی سه‌وزی لێیان وه‌رگرتووه؟ ده‌كرێ له ڕێگه‌ی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بگه‌ینه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره:
یه‌كه‌م: هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كرد، ئه‌م جموجۆڵه‌ی توركیا له‌خۆڕا نه‌هاتووه و تاكلایانه نییه. پێشتر چه‌ندان كۆبوونه‌وه‌ی له‌باره‌وه ئه‌نجام دراوه؛ سه‌ره‌تا له 19ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2023 له ئه‌نقه‌ره لووتكه‌یه‌كی ئه‌منی ڕێك خرا به به‌شداریی دوو شاندنی ئاستبه‌رزی عێراق و توركیا، كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، هاكان فیدان، سه‌رۆكایه‌تیی شاندنی توركیی ده‌كرد و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، فوئاد حوسێن، سه‌رۆكایه‌تیی شاندی عێراقیی ده‌كرد. به‌رپرسه باڵا ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی هه‌ردوو وڵات به‌شدارییان له شانده‌كان كرد. له خاڵی دووه‌می ڕاگه‌یەنراوی هاوبه‌شی هه‌ردوو شانده‌كه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه كه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌ماهه‌نگی له بواری ئه‌منی و كێشه‌ی ئاو و گرفته هه‌رێمییه‌كان، گرنگترین ئه‌و بابه‌تانه بوون كه هه‌ردوو لا دانوستانیان له‌باره‌وه كردووه. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه وه‌كوو بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی بوو بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه و لووتكه‌ی هاوشێوه‌ی دیكه له نێوان هه‌ردوو لا.
له 14ی ئازاری ساڵی 2024، شاندێكی ئه‌منی و دیپلۆماسی و سه‌ربازیی باڵای توركیا گه‌یشته به‌غدا كه پێك هاتبوو له: وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، هاكان فیدان و وه‌زیری به‌رگریی توركیا، یه‌شار جووڵه‌ر و سه‌رۆكی ده‌زگەی هه‌واڵگریی نیشتمانیی توركیا، ئیبراهیم كالن و، شانده‌كه‌ی عێراقیش به سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیری ده‌ره‌وه و جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، فوئاد حوسێن بوو و به‌رپرسانی ئه‌منی و سه‌ربازی و هه‌واڵگریی عێراق و نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستانیش له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماده بوو. گرنگترین هه‌نگاو له‌م لووتكه ئه‌منییه‌ی لایه‌نه‌كان ده‌رباره‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی “په‌كه‌كه”، خاڵی پێنجه‌می ڕاگه‌یەنراوی هاوبه‌شی هه‌ردوو لا بوو كه دوای كۆبوونه‌وه‌كان بڵاو كرایه‌وه. له‌م خاڵه‌دا هه‌ردوو لا گه‌یشتنه ئه‌وەی كه “په‌كه‌كه” مه‌ترسییه‌كی ئه‌منیی ئاشكرایه بۆ سه‌ر ئاسایشی عێراق و توركیا و، بوونی “په‌كه‌كه” له‌سه‌ر خاكی عێراق پێشێلكارییه‌كی ڕوونی ده‌ستووری عێراقه و، هه‌روه‌ها هه‌ردوو لا ڕاوێژیان كردووه ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕێكخراو و گرووپانەی، كه له‌سه‌ر خاكی عێراقه‌وه توركیا ده‌كه‌نه ئامانج.
دوای ئه‌م دوو لووتكه ئه‌منییه گرنگه، دوای 12 ساڵ سه‌رۆككۆماری توركیا “ئه‌ردۆغان” به سه‌ردانێكی فه‌رمی له‌گه‌ڵ شاندێكی فراوان- كه پێك هاتبوون له به‌رپرسانی ئه‌منی و سه‌ربازی و بازرگانی- له 22ی نیسانی ساڵی 2024 گه‌یشته به‌غدا. له‌م سه‌ردانه‌یش به هه‌مان شێوه بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره لایه‌نی ئه‌منی و بوونی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” بوو له‌سه‌ر خاكی عێراق. ڕێككه‌وتنی چوارچێوه‌ی ستراتیژیی نێوان عێراق و توركیا، گرنگترین ئه‌و بوارانه بوو كه هه‌ردوو لا له‌سه‌ری ڕێك كه‌وتن.
له ئه‌نجامی ئه‌م جموجۆڵ و هه‌وڵه دیپلۆماسییانه ده‌توانین بڵێین كه تا ڕادده‌یه‌كی باش ژێرخانی هه‌ماهه‌نگی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” له خاكی عێراق، دروست بووه.
دووم: ئێران سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نایه‌وێت به هیچ شێوه‌یه‌ك سوپای توركیا له خاكی عێراق جێگیر بێت و به‌رده‌وام دژایه‌تیی ئه‌م خاڵه‌ی كردووه، به‌ڵام پێ ده‌چێت تاران به‌هۆی هه‌ندێك ده‌سكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندی له سووریا و قه‌فقاز، به‌م هه‌نگاوه‌ی توركیا ڕازی بووبێت. جگه له‌مه هه‌وڵێكی جددی هه‌یه له نێوان ڕووسیا، توركیا، ئێران و سووریا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو پێك بهێنن و گرژییه‌كانی نێوان توركیا و سووریا نه‌هێڵن.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زیرانی به‌رگری و به‌رپرسانی ده‌زگەكانی هه‌واڵگریی هه‌ر چوار وڵات له مۆسكۆ له ڕێكه‌وتی 25ی نیسانی ساڵی 2023 كۆبوونه‌وه‌یه‌كی چوارقۆڵییان ئه‌نجام دا و، گرنگترین ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه چوارقۆڵییهكه بریتی بوو له ئاساییكردنەوەی ئاسایشی سووریا، ئاساییكردنەوەی په‌یوه‌ندییه‌كانی نیوان توركیا-سووریا، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرووپه تیرۆریستییه‌كان له سووریا و زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ گهڕاندنەوەی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان بۆ خاكی خۆیان. پاش ئه‌م كۆبوونه‌وه چوارقۆڵییه، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی چوارقۆڵی له مۆسكۆ به به‌شداریی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و توركیا و ڕووسیا و سووریا له ڕێكه‌وتی 10ی مایسی ساڵی 2023 ئه‌نجام درا و ئامانجی كۆبوونه‌وه چوارقۆڵییهكەی مانگی مایس بریتی بوو له هه‌نگاونان به‌ره‌و قۆناغی دووه‌م له پرۆسه‌ی ئاساییكردنەوەی په‌یوه‌ندییه‌كان و كاركردن به شێوه‌یه‌كی كردەیی له‌سه‌ر زەمینی واقعدا. ئه‌م كۆبوونه‌وه چوارقۆڵییانه له‌ژێر چاودێریی ڕووسیا به‌ڕێوه چوو.
ئه‌ردۆغان له ڕێكه‌وتی 7ی ته‌ممووزی 2024 له دوایین لێدوانی‌دا ڕای گه‌یاند كه په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا-ئێران، به‌تایبه‌تی دوای هه‌ڵبژاردنی “مه‌سعوود پزیشكیان” وه‌كوو سه‌رۆككۆماری ئیسلامیی ئێران كه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئازه‌رییه، به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات؛ هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرد كه له ناوچه‌كه توركیا تاكە وڵاته كه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران له باشترین ئاستیه‌تی. سه‌رجه‌م ئه‌م هه‌نگاو و لێدوان و كۆبوونه‌وانه ئه‌وه‌مان پێی ده‌ڵێ كه نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌یه له نێوان توركیا و ئێران، بۆیه ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تییش نه‌بێت، بۆ قۆناغی ئێستا له‌وانه‌یه ئێران ده‌رباره‌ی هێرش و جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له عێراق هه‌ندێك نه‌رمی بنوێنێت، چونكه له هه‌مان لێدوانه‌كه‌یدا ئه‌ردۆغان وتی “چاوه‌ڕێ بن له هه‌ر كات و ساتێك‌دا له‌گه‌ڵ پووتین بانگهێشتی به‌شار ئه‌سه‌د بكه‌ین بۆ توركیا.” ده‌كرێ ئه‌مه‌یش ببێته هۆكارێكی دیكه كه وا له ئێران بكات له بابه‌تی جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له هه‌رێمی كوردستان، به‌رامبه‌ر توركیا نه‌رمی بنوێنێت.
لێکەوتە و مەترسییەکانی ئەم جموجۆڵە سه‌ربازییه بۆ سەر هەرێمی کوردستان
بوونی هێز وسوپای وڵاتێكی بێگانه له هه‌ر وڵاتێكدا مایه‌ی نیگه‌رانییه، چونكه ئه‌مه پێشێلكارییه‌كی ڕاسته‌وخۆیه بۆ سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه؛ هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ی ئه‌م هێزانه بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌وانه‌یه كێشه و گرفتی زۆر به‌دوای خۆیدا بهێنێت. ده‌كرێ مه‌ترسی و لێكه‌وته‌كانی بوونی سوپای توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی ئه‌م چه‌ند خاڵه‌وه بخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: سه‌ره‌تا بوونی ئه‌م هێزه كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنیی ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت بۆ قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان. به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌به‌رچاو بگرین كه له ئه‌نجامیدا “دووئیداره‌یی”یه‌كی دیفاكتۆ له هه‌رێمی كوردستان هاتۆته ئارا، هه‌رێمی كوردستانی زۆر لاواز كردووه؛ ته‌نانه‌ت مه‌ترسییه‌كی گهورەیشی بۆ سه‌ر قه‌واره ده‌ستوورییه‌كه‌ی دروست كردووه. جگه له‌مه جێگیركردنی سوپای توركیاش بێته سه‌ر به قووڵاییی 30 تا 40 كیلۆمه‌تر له خاكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی لاواز ده‌كات و كێشه و گرفتی ئه‌منیی زیاتری بۆ دەخوڵقێنێت. ئه‌مه ده‌توانین بڵێین مه‌ترسیدارترین لێكه‌وته‌ی بوونی هیزی سه‌ربازیی توركییه له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان.
دووه‌م: بوونی هێزی سه‌ربازیی توركی له عێراق له ڕووی یاسایییه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێك نه‌خراوه، بۆیه له حاڵه‌تی بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه سه‌ربازییانه، چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی نییه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت؛ چونكه كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازیی بیانی له هه‌ر وڵاتێكدا به شێوه‌یه‌كی گشتی له ئه‌نجامی ڕێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان بڕیاری له‌باره‌وه ده‌درێت و كار و ئه‌رك و ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كان و یاسا به‌ركاره‌كان ده‌رهه‌قیان، له چوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و ڕێككه‌وتننامه‌ی كردنه‌وه‌ی بنكه‌كان ڕێك ده‌خرێن. ئه‌مه‌ی توركیا دووره له‌مه و، هیچ چوارچێوه و بنه‌مایه‌كی یاسایی‌ی نییه.
سێیه‌م: له‌وانه‌یه ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره له ئاستێكی باش‌دا بێت؛ به‌ڵام ئایا گه‌ره‌نتیی ئه‌وه ده‌كرێت كه په‌یوه‌ندییه‌كان به‌م شێوه‌یه بمێنێتەوە؟ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی تێك بچێت ئه‌وكات هه‌ڵوێستی هه‌ولێر به‌رامبه‌ر ئه‌م هێزانه چۆن ده‌بێت؟ بێ گومان ئه‌مانه پرسیاری گرنگن كه ده‌بێت له ئێستاوه كار بكرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی وڵامێكی گونجاو و لۆژیكی بۆیان؛ به‌پێچه‌وانه داهاتوو له‌م بارەیه‌وه هیچ ئومێدبه‌خش نابێت.
چواره‌م: له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی، بوونی هه‌ر هێزیكی بیانی له‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌دا، نیگه‌رانی و بێزاریی خه‌ڵكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه؛ هه‌رێمی كوردستانیش به‌ده‌ر نییه له‌مه. له‌گه‌ڵ هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی سوپای توركیا، نیگه‌رانی و بیزارییهكی جددی له‌نێو خه‌ڵكدا سه‌ر هه‌ڵده‌دا و ئه‌م پرسیاره دروست ده‌بێ كە: “ئایا بۆچی ئێمه باج و لێكه‌وته‌ی ئه‌و شەڕه بده‌ین كه ته‌ره‌ف نین تێیدا؟”
پێنجه‌م: ئه‌و ناوچانه‌ی كه شه‌ڕ و پێكدادانی تێدا ڕوو ده‌دات، دانیشتووانی سیڤیلی لێیه و به‌م هۆیه‌وه زیاتر له 600 گوند له ناوچه سنوورییه‌كاندا چۆڵ كراون و ناتوانرێ ئاوه‌دان بكرێنەوە. ئه‌مه‌یش زیانێكی ئابووری، جیۆسیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كشتوكاڵیی زۆری هه‌یه بۆ ناوچه‌كه؛ جگه له زیانی گیانی كه به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان و هێرشه ئاسمانییه‌كانه‌وه، چه‌ندان هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ست داوه.
كۆبه‌ند
جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له خاكی عێراق، چالاكییه‌كی نوێی سوپای توركیا نییه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی ئێستا ڕووی داوه گۆڕانكارییه له شێوازی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی “په‌كه‌كه”. جاران ته‌نیا هێرش ده‌كرا و دواتر هێزه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی جێگیر بكرێن ده‌كشانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ته‌نیا به هێرش و ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی كۆتاییی پێ نایە به‌ڵكوو هێزه‌كان له ناوچه‌كانی ئۆپه‌راسیۆن جێگیر ده‌كرێن. دیاره ئه‌م گۆڕانكارییه ستراتیژییه‌ی سوپای توركیا تا ڕادده‌یه‌كی به‌رچاو گوشاری خستۆته سه‌ر چه‌كدارانی “په‌كه‌كه”، بۆیه ده‌بینین “په‌كه‌كه” له‌م دوایییه‌دا په‌نای بردۆته به‌ر سووتاندنی بازاڕ و گوند و شوێنه بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مه‌یش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه گوشارێكی بێوێنه هه‌یه له‌سه‌ر چه‌كدارانی “په‌كه‌كه” و بارودۆخیان وه‌كوو جاران نه‌ماوه و ناتوانن ئازادانه جموجۆڵ بكه‌ن.
له لایه‌كی دیكه‌وە پێشبینیی ئه‌وه ده‌كرێت ڕێككه‌وتنێكی نهێنی و ناڕاسته‌وخۆ كرابێت له نێوان ئێران و توركیا و عێراق به ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌مریكا بۆ جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌م دوایییه‌ی توركیا. بێ گومان ئه‌م تابلۆیه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تیایدا “په‌كه‌كه” لاواز ده‌بێت به‌ڵام به‌شێكی گرنگ و ستراتیژیی خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته بەر مه‌ترسیی كۆنترۆڵكردنی له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه. كشانه‌وه‌ی ئه‌م سوپایهیش له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی دیكه ئاوا به‌ئاسانی نابێت؛ بۆیه پێشبینی ده‌كرێت له قۆناغه‌كانی داهاتوو ناوچه‌كه زیاتر جموجوڵی سه‌ربازی به‌خۆیه‌وه ببینێت و، دواجار هه‌رێمی كوردستان باج و زیانی شه‌ڕ و پێكدادانێك ده‌دات كه خۆی تیایدا ته‌ره‌ف نییه و ململانێیه‌كه له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی ئه‌نجام ده‌درێت.