پێنووس

بنیاتنانی دەوڵەت یان نەتەوە؟

د. نەجات عەلی ساڵح، دکتۆرا لە ستراتیژی و ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پێشەکی

زۆر لە زانایان و شارەزایانی سیاسی و ناوەندە ئەکادیمییەکان باسیان لە بنیاتنانی دەوڵەت و نەتەوە کردووە. ڕاستییەكەی، بەهۆی پیشکەوتنەکانی زانست و تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی پەیوەندی، گۆڕانکاری بەسەر پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت و نەتەوەدا هاتووە. بەتایبەت ڕووداوەکانی ئەم دوایییەی سەدەی بیست و یەک، وای کرد خوێندنەوەیەکی فراوانتر و قووڵتر بۆ ئەم دوو چەمکە بکرێت. تا ئیستایشی لەگەڵدا بێت سنوورەکانی نێوان هەردوو چەمک ڕوون نییە، بەڵکوو زۆر جار وەک هاوواتا (synonym) بۆ یەکتر بەکار دێن.

ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ ئەم بابەتە بکەین، دەبینین دوو پرۆسەی لەیەکتر جیاوازن، بەڵام پەیوەندییەکی ئاڵۆز و نزیکیان لەگەڵ یەکتردا هەیە؛ زۆر جاریش سنوورەکانیان تیکەڵ و ئاوێتە دەبن. لە ڕاستیدا لە ڕووی تیۆرییشەوە ناڕوونییەک هەیە، هەرەوها لە ڕووی پراکتیکییشەوە نەتوانراوە پێناسەیەکی گشتگیر و جیاواز بۆ ئەم دوو چەمکە بکرێت. بەشێک لە سیاسەتمەدارەکان پێیان وا بووە پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە و بنیاتنانی دەوڵەت تەنیا ڕەهەندێکی سیاسیی هەیە، بۆیە لە یەک گۆشەنیگاوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسەدا کردووە. هەندێ لە سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارەکان لە زۆر شوێن و قۆناغی مێژووییدا سەبارەت بەو پرۆسەیە، سەرکەوتوو نەبوون.

 لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین لەژێر ڕۆشناییی پارادایمی گۆڕانکارییە خێراکان و ئەم قۆناغە نوێیەدا، خوێندنەوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە بۆ چەمکی بنیاتنانی نەتەوە یان دەوڵەت بکەین. هەوڵ دەدەین پرۆسەکە لە دیدگەیەکی فروانتر شی بکەینەوە، هەروەها کۆسپ و گرفتەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە دەستنیشان بکەین و بیخەینە چوارچێوەیەکی زانستییانەتر بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی واقعبینانەی لەگەڵدا بکەین.

  • بنیاتنانی نەتەوە

زۆربەی کۆمەڵناسەکان پێیان وایە مرۆڤ بە درێژاییی مێژوو هەوڵی داوە لە چوارچێوەی گرووپ، خیزان، بنەماڵە و خێڵ خۆی ڕێک بخات، ئەویش بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی و بۆ مانەوە و خۆپاراستن بووە لەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕووی بۆتەوە. لە لایەکی دیکەیشەوە، لەگەڵ پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی، گۆڕانکاری بەسەر شێواز و فۆرمی ئەو ستراکچەرەدا هاتووە کە کۆمەڵگەکان لەو ڕێگەیەوە خۆیان ڕێک خستووە. ئەوەی ڕاستی بێت، پرسی ناسنامە کرۆکی پێناسەی هەر گرووپێک یان ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی بووە. بە لای زۆر لە شارەزایان، نەتەوە بریتییە لە کەسانێک کە چەندان تایبەتمەندیی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە وەک: زمان، کەلتوور، جوگرافیا و، هەندێک جاریش ئایین وا دەکات ناسنامە و هەستێکی هاوبەشیان هەبێت.

 یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی بنەمایەکی بەهێزە بۆ بنیاتنانی هەر نەتەوەیەک، چونکە مێژوو ئەو ڕاستییەی سەلماندووە، کاتێک لێکترازانی کۆمەڵایەتی ڕوو دەدات، ڕاستەوخۆ دەرهاوێشتە و لێکەوتەی خراپی سیاسی، ئابووری، کەلتووری و ئاسایشیی لێ دەکەوێتەوە؛ هەندێک جاریش پرۆسەکە بەتەواوی لەبار دەبات. پرسی پەروەردە بۆ بنیاتنانی نەتەوە، داینەمۆی هەر پرۆسەیەکە کە کۆمەڵگە بیەوێت خۆی لە چوارچێوەی نەتەوەدا مانیفێست بکات. ئابووریناسان پێیان وایە ئابوورییەکی لاواز دواکەوتووییی کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە، دواجاریش پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوەیش دوا دەخات.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، بنەمای بنیاتنانی نەتەوە، فرەڕەهەندە و بە شیۆازێکی ئۆرگانی و دینامیکی لە بازنەیەکدا یەکتر تەواو دەکەن، هەروەها ئەو نەتەوانەی ڕووبەڕووی پەرتەوازەیی و لیکترازان بوونەتەوە، لە ڕاستیدا نەیانتوانیوە سەرچاوەکانی هێز لە خۆیاندا کۆ بکەنەوە و ناسنامەیەکی هاوبەش دروست بکەن. لە مێژووی هاوچەرخ، سەرکردە ناسیۆنالیستەکان ڕۆڵی کاریگەریان بینیوە لە ئاراستەکردن و مۆبیلیزەکردن (كۆكردنەوە و ئامادەسازی)ی تواناکانی نەتەوە، بەتایبەت لە قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزم؛ بەڵام هەندێک لەم سەرکردانەیش سەرکەوتوو نەبوون و شکستیان خوارد.

هەڵوەشانەوەی یۆگسلاڤیا نموونەیەکی دیارە کە سەرکردەکان نەیانتوانی بەردەوامی بە یەکگرتووییی ئەو وڵاتە بدەن، ئەویش بەهۆی مامەمەڵەیەکی نالۆژیکیی دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا. سویسرا نموونەیەکە لە سەرکەوتوویی، کە چەند پێکهاتەی جیاواز و بە زمانی جیاوازی کۆ کردۆتەوە و ناسنامەیەکی هاوبەشیان پێک هێناوە. بۆیە هەرچەندە پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە مانایەکی جیاوازی هەیە لە بنیاتنانی دەوڵەت، بەڵام بێ باسکردن لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت ناتوانین خوێندنەویەکی زانستی و بابەتییانە بۆ چەمکی بنیاتنانی نەتەوە بکەین، چونکە دوو چەمکن کە لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا یەکتر تەواو دەکەن.

  • بنیاتنانی دەوڵەت

 سەردەمی ڕێنسانس، ڕۆشنگەری، دواتریش شۆڕشی پیشەسازی لە ئینگلتەرا و، هەروەها شۆڕشی فەڕەنسا وای کرد، قۆناغی فیوداڵی، خێڵەکی، ئۆرۆستۆکراسی بە پشتیوانیی کەنیسە لە ئەوروپا کۆتاییی پێ بێت و دەوڵەتی مۆدێرن لەدایک بێت.

 دەوڵەتی مۆدێرن چەند ڕەگەز و تایبەتمەندییەکی هەیە، وەک: جوگرافیا، خاک، دانیشتووان و، سەروەری؛ لە هەمان کاتیشدا هەندێ لە شارەزایان پێیان وایە بنیاتنانی دەوڵەت واتە بنیاتنانی دامەزراوەکان، وەک: دامەزراوەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەری. ڕاستییەكەی، پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و زانست، هەروەها ئامرازەکانی پەیوەندی و میدیا، گۆڕانکاریی بەسەر ئەرکی دەوڵەتدا هێنا.

 لە ڕوانگەی لیبراڵەکان ئەرکی دەوڵەت، پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاکە و لەسەر بنەمای بەهاکانی؛ تاکگەرایی، پشتبەستن بە بازاڕە ئابوورییەکان، بەرگریکردن لە مافی خاوەندارێتی و دژایەتیکردنی دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری تاکەکان و کۆمەڵگە دامەزراوە. بەڵام لە ڕوانگەی ڕیالیستەکان ئەرکی دەوڵەت پاراستنی بەرژەوەندییە ئاسایشی و ئابوورییەکانی دەوڵەتە. لە لایەکی تر، هەندێک جار هەوڵیان داوە لە ڕێگەی دەستوەردانی هێزی سەربازییەوە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت ئەنجام بدرێت. بۆ نموونە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم لەلایەن ئەمریکاوە دەستوەردانی سەربازی لە ژاپۆن و ئەڵمانیا ئەنجام درا؛ هەروەها لە دوای ڕووداوکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، لە عێراق و لە ئەفغانستان. هەرچەندە ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام لە ژاپۆن و ئەڵمانیا سەرکەوتوو بوو، چونکە لە ئەڵمانیا و ژاپۆن پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە بە پرۆسەیەکی سروشتی، کە لە دەرەنجامی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، کەلتووری، ئابوورییەکانەوە ئەنجام درابوو و پێشتر خاوەنی دامەزراوە نیشتمانییەکان بوونە، تێ پەڕی، بەڵام عێراق و ئەفغانستان هێشتا لە قۆناغی دواکەوتوویی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی، دەمارگیریی ئیتنیکی، ئایینی، مەزهەبی و خێڵەکیدا مابوونەوە.

لە لایەکی تر لە وڵاتێکی وەکوو “چین” ئەگەرچی خاوەنی دامەزراوەی دیموکراسییش نین، کەچی پرۆسەی بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەسەرکەوتوویی ئەنجام دراوە. هەرچەندە لەلایەن ڕۆژاوایییەکان ڕەخنەی لێ دەگیرێت و پێیان وایە دەبێت چین ببێتە وڵاتیکی دیموکراسی، بەڵام چینییەکانیش هەوڵیان داوە بە میتۆدی خۆیان پرۆسەی بەمۆدێرنکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت ئەنجام بدەن، نەک بە مۆدیلی ڕۆژاوایی.

ئەزموونی دەوڵەتان دەری خستووە کە بەدامەزراوەییکردن ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لەسەر لاوازی و بەهێزیی دەوڵەت. ئەو وڵاتانەی لە پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن سەرکەوتوو نەبوونە، بەردەوام بەلاوازی ماونەتەوە و زۆر جاریش لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەیش ڕووبەڕووی کێشە و قەیران بوونەتەوە. لە وڵاتانی دواکەوتوو، پرسی: گەندەڵی، شەفافییەت و نەبوونی سەروەریی یاسا، گەورەترین کۆسپی بەردەم پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی مۆدێرنە.

کۆبەند

بەگشتی پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە، مێژوویەکی دوورتری هەیە لە مێژووی بنیاتنانی دەوڵەت؛ جگە لەمانەیش، بنەما و ڕەگەز و ڕەهەندەکانی نەتەوە، زۆر فراوانترە لە دەوڵەت. لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتدا پەیوەندیی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و سیستەمی سیاسی، گرنگیی هەیە، بەڵام لە پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوەدا پەیوەندیی هاووڵاتیان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و بەها و ناسنامەی هاوبەش، گرنگییان هەیە، چونکە زۆر دەوڵەت هەن بە پرۆسەیەکی سروشتی دروست نەبوونە، بەڵکوو لەلایەن فاکتەری دەرەکییەوە دروست کراون و تەنانەت بەسەر هاووڵاتیانیان سەپێنراون؛ بۆ نموونە وەک دابەشکردنی کورد بەسەر چوار دەوڵەتی هەرێمیدا کە سنوورە دەستکردەکانی دەوڵەت لەگەڵ ئەو بەها و نۆرم و هەستە هاوبەشانە یەکتر ناگرێتەوە، کە ناسنامەی نەتەوەییی کوردی پێک هێناوە. ڕاستییەكەیی، پرسی ناسنامە کرۆکی پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوەیە، بەڵام لە بنیاتنانی دەوڵەتدا، مەرج نییە ڕەچاوی بەها و هەست و ڕەگەزە ناسنامەییەکان و تەنانەت ئیرادە و خواستی پێکهاتە جیاوازەکان بكرێت. لە دەوڵەتی مۆدێرن گرنگییەكی زۆر بە پاراستنی سەروەریی دەوڵەت دەدرێت و پیرۆزیش دەکرێت و کراوە؛ تەنانەت لەلایەن وڵاتانی دیموکراسی و لیبراڵیش چاو لەو پێشێلکاری و سەرکوتکارییانە دەکرێت کە بە ناوی سەروەرییەوە دەکرێت. بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز، بەتایبەتی هەر پێنج دەوڵەتی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش، وای خواستووە کە سیستەمی نێودەوڵەتی ئەو ستراکچەرە بپارێزێت کە لە دوای جەنگە گەورەکان پێک هاتووە، کە بە سەرکەوتنی بەرەیەک و بە دۆڕانی بەرەیەکی تر کۆتایی هاتووە.

 بۆیە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت بەبێ پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە نەک پرۆسەیەکی ناتەواوە، بەڵکوو پرۆسەیەکی بێمانایە. بەم پێیەیش بۆ بنیاتنانی دەوڵەت، دەبێ لە بنیاتنانی نەتەوە دەست پێ بکرێت، ئەویش بە مۆبیلیزەکردنی ئەو سەرچاوانەی کە هەستێکی هاوبەش و ناسنامەیەکی یەکگرتوو دروست دەکەن. لە ڕابردوودا زۆر لەو دەوڵەتانەی کە نەیانتوانی پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدەن، چوونەتە ڕیزی دەوڵەتانی شکستخواردوو و بوونەتە هەڕەشە لەسەر هاووڵاتیانی خۆیان و، بگرە وڵاتانی تر.

image_pdfimage_print