پێنووس

هەڵسەنگاندنێکی بەراوردییانەی سیاسەت و تواناکانی هەرێمی کوردستان لە دۆخی ئاڵۆزاوی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران

پوختە

ئەم نووسینە بە چاوێکی ڕیالیستی، لە چوارچێوەی “تیۆریی ئاڵۆزی” Theory Chaos))دا کە لە سیستەمە ئاڵۆزەکان دەڕوانێت، سێرە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئەو گۆڕانەی کە لە ئەلگۆریتمی سیستەمی جیهانیدا ڕوویان داوە، دەگرێت. لەو کۆلانکەوە، لە کەشی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناڤینەوە، سەیری دوورەدیمەنی داهاتوو دەکات و بە مێتۆدی شیکاری-وەسفی، سیاسەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕوویەکەوە لەگەڵ تواناکانی خۆی و هێزە وێکچووەکان لە ناوچەکەدا بەراورد دەکات. هەروەها هەوڵ دەدات وێنەیەکی دروست، بە ئامانجی دانانی سیاسەتێکی نوێ، وێنا بکات. لە ئاکامدا دەگاتە ئەوەی کە کورد بە گۆڕینی ڕەفتار و چەند کارێکی بچووک، دەتوانێ کاری کاریگەرانە بکات.

پرس

سیستەمی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و قووڵاییی قەیرانەکانی ئەمڕۆکەی جیهان شتی ئاڵۆزاو و پێچەڵپێچن، کە پێشبینییان کارێکی ئاسان نییە. بەتایبەتی لە دوای جەنگی سارد، کە سیستەمی نێودەوڵەتی بەهۆی فرەگۆڕاوییەوە (Variables) ئاڵۆزییەکی بەرچاوی تێ کەوتووە، ئیشی شیكاری (ئانالیز)یشی ئەستەمتر بووە. لەم کەشە تۆزاوی و ئاڵۆزەی سیاسەتی جیهانیدا، دەستوەردانی زیاتر لەناوخۆی وڵاتان و دروستبوونی ئەکتەری نادەوڵەتی لەناو یەک دەوڵەتدا و داهێنانی نوێ و گلۆبالیزەیشن (بەجیهانیبوون)، بوونەتە هۆی تەماویبوونی پتری سیاسەتی نێودەوڵەتی. لەو ناوەدا ئاڵۆزی و پێچەڵپێچی بۆتە ماڕکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و تێیدا کێشە و قەیرانە ئەمنییەکان، کە هۆیەکی ستراکچەرییان هەیە، بوونەتە دیاردەیەکی چەرخەیی و پێریۆدیک (خولی)ی ناوچەکە. لەو ئاڵۆزییەدا گرینگە وڵاتێک بتوانێ “بەڕی خۆی لە ئاو بێنێتە دەرێ” و تەکووز بە ژیانی سیاسی و ئابووریی خۆی بدات. جێی سەرنج ئەوەیە کە هەندێک وڵات و نەتەوەی پەرەنەسەندووی ناوچەکە هەن کە وێڕای داماوی و کێشە زۆروبۆرەکانیان لە بۆرانی سیاسەتدا، هەر ڕاوەستاو ماون و تەنانەت لە هەندێک بواردا “دەراوی ڕوونیان دیتۆتەوە” و بە کارێکی بچووک کاریگەرییەکی گەورەیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هێناوەتە دی.

بە ئاوڕدانەوەیەک لە ڕابردوویەکی نزیک دەر دەکەوێ، کە خاکی کوردستان لە ئاکامی گۆڕانی ژیۆپۆلیتیکییەکەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم خاکی لێ پارچە پارچە کرا. بەڵام، لە گۆڕانە جیۆپۆلیتیکەکەی دوای جەنگی سارد، لە دوای جەنگی یەکەمی کەنداو، لەوپەڕی بێتەکووزی و ئاڵۆزیی ناوچەکەدا، وەک یەکەیەکی سیاسی و ئەکتەرێکی کاریگەر هاتە کایەوە و بە چەند توانایەکی نزمەوە تەکووزێکی نوێی ناوچەییی داهێنا. وێڕای هەموو مەترسییەکان، ئەم تەکووزەی کە لەناو تەمومژی بێنەزمیدا پەیدا بووە، دەکرێ ببێتە وانەیەک بۆ ئەوەی لەم بشێوییەی ئێستای سیاسەتی جیهانی و شێواویی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، کورد تواناکانی خۆی بەپێی سیناریۆکانی ئاییندە وەگەڕ بخات بۆ ئەوەی نەک هەر بمێنێتەوە، بەڵکوو وەک ئەکتەرێکی کارا و کاریگەر بەرەوپێش بچێت.

ئەگەر بەراوردێکی واقعیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تواناکانی خۆی و نەتەوە گرفتارەکانی هاوشێوە بکەین، دەبینین کە کورد بە گوێرەی تواناکانی، دەیتوانی و دەتوانێ لە هەندێک بواردا باشتر بێت. لەم نووسینەدا بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسیارەی کە “هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێ لە بێتەکووزیدا بەرەو نەزمێکی کارا بڕوات؟” ئەم گریمانەیە، لە چوارچێوەی تیۆریی ئاڵۆزیدا بە میتۆدی شیکاری و وەسفی، تاوتوێ دەکرێ کە کورد دەتوانێ بە سیاسەتی بەراوردکردنەوە ئەزموونی بەجێ لە ڕابردووی خۆی و نەتەوە تێکەوتووەکانی هاوشێوەی خۆی وەربگرێت. بەو ڕێڕەوەدا نووسینەکە دەیەوێ بگاتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو شێواوییەی ئێستا لە سیاسەتی جیهانی، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، هەیە، ئەگەر بە پشتبەستن بە زانست، لۆژیک، ئەزموون و وانەوەرگرتن هەنگاوی بچووکیش بنرێت، لە گۆڕانکارییەکانی ئاییندەدا کاریگەریی گرینگی دەبێت.

بونیادی تیۆریک

بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاییندەدا، پێویستە مۆدێلە ڕەفتارییەكانی سیستەم لە ئاستی گشتی و باڵادا بناسرێن، بۆیە گرینگە ناوکی تیۆریی ئاڵۆزی (Chaos Theory) ببینرێت. گرینگیی ئەم تیۆرییە لەوەدایە کە تیۆرییەکی ئاڵۆزاوی بیرکارییە و لە هۆکارە بچووکەکان بۆ ڕاڤەی ڕووداوە پڕپێچ و لەناکاوییەکان، کە کاریگەرییان لەسەر ڕەوت و ئامانج و ئاکام هەیە، دەڕوانێت. تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کە جۆرە کاملبوونێکی بەرەبەرەیی، گۆڕانی قۆناغ بە قۆناغی پێوەیە.

ئاڵۆزی وەک وشە بە مانای بێتەکووزی و ناڕێکییە، بەڵام لەناو زانستدا، بە دیدێکی فراکتالی (Fractal)، بە مانای نەزمێکی نادیار لەناو بێنەزمیدا دێت. (Moshiri, 2001: 30) ئەم بێنەزمییە لەناو سیستەمەکانی دینامیکی و سیستەمی خەتی و بزۆکیشدا دەدیترێت، کەچی جۆرە نەزمێکی دەروونییشیان پێوە دیارە. (Maan,1992:58) بەپێی یاسای دووەمی تێرمۆدینامیک دۆخی ئانترۆپیش (Entropy)، کە ئەوپەڕی بێنەزمییە، بە گوێرەی پاڕادایمی خۆسازدانەوە، خاڵی هاوسەنگیی تێدایە؛ بۆیە نەزم و بێنەزمی بەسەختی لێک جیا دەکرێتەوە.

ئێستا لە چوارچێوەی بیرکردنەوەیەکی پۆزیتیڤیستیدا (Positivism)، گۆڕینی ڕێڕەوی بیرکردنەوە لەناو پاڕادایمی کلاسیکیی نیۆتۆنیدا، کە پێی وایە سیستەمەکان یاساوەرگر، ڕێک و ڕەها و شیاوی پێشبینین، بۆ بیرکردنەوەیەکی کوانتۆمی، کە نەزم و بێنەزمی بە تەواوکەری یەکتر دادەنێت، گۆڕاوە. لە پاڕادایمی نیۆتۆنیزمدا هەموو ڕووداوێک هۆکارێکی خەتی و دیاری هەیە؛ لە پاڕادایمی کوانتۆمییشدا جگە لە هۆکار و بەرهۆی زیاتر (Causality) بە شێوەیەکی ناخەتی ڕەنگە بزاوتێکی بچووکیش لێکەوتی گەورەی هەبێت. (Sahfie and Motaqi, 2021: 208) واتە، وەک یاساکانی تێرمۆدینامیکی، ناکرێ شتی بەڕێکەوتیان تێدا بێت، چونکە پاڕامەترە سەرەتایی و سەرەکییەكان کاریگەرییان لەسەر ڕێڕەوە ئاڵۆزەکان هەیە و لەوانەیە گۆڕینی خێرا و شۆڕشئاسای بەدوادا بێت.

تیۆریی ئاڵۆزی لەناو بیرکاری و فیزیا و زانستی سروشتیدا، بە کەمێک جیاوازییەوە، خزاوەتە ناو زانستە پڕاکتیکی و مرۆیییەکان کە شتێکی پڕدینامیک و “زۆر ئاڵۆزترن لەچاو سیستەمی فیزیکی.” (White ad ed, 1997) لە زانستی مرۆییدا، ئاڵۆزی، مۆدێلی ڕەفتارێکی ناهاوسەنگ و ناڕێکخراوی پچڕپچڕی ناخەتییە کە لەناو سرشت و کۆمەڵی مرۆڤدا هەیە و بەهۆی جۆراوجۆربوونی سیستەمەکان و خێرا گۆڕینیان پێشبینییان ئەستەمە. (Stacey, 1993: 13) بۆیە ناکرێ بە دیدێکی دێتێرمینیستی، پێشوەختە دیاری بکرێن و مەرج نییە هەمیشە ڕووادوەکان گرێدراوی دۆخی ڕابردوو بن. ئاڵۆزی وەک تیۆرێکی سیاسەتی گشتی، تاوتوێی سیناریۆکانی داهاتوو و شرۆڤەی کاریگەریی هۆکارە بچووکەکان و ڕاڤەی ڕووداوە پڕپێچ و لەناکاوییەکان، کە کاریگەرییان لەسەر دەرەنجام هەیە، دەکات. (Faber and Koppelaar, 1994: 421) بەتایبەتی لە کاتی قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا تێگەیشتنێکی وردتر و ڕوونترمان پێ دەدات.

بەپێی ئەو ئاڵۆزییەی کە لە دوای جەنگی سارد لەناو سیستەمی نێودەوڵەتیدا، بەتایبەتی لە ناوچەی جیۆستراتیژیکی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، پەیدا بووە، هەروەها بەو ڕوانگەیەی کە دۆخی سیاسیی کورد، هەروەک سیستەمی نێودەوڵەتی، بە شێوازی خەتی ناخوێنرێتەوە، ئەم تیۆرییە وەک میتۆدێکیش بۆ شیکاریی درێژمەودا بەکار دێت و دیدگەیەکی دیکە بۆ ئانالیزی سیاسەت و ستراکچەری هێز دەکاتەوە.

شێوازی بەراوردکاری

بەپێی مۆدێلی ئاڵۆزی، گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە گوێرەی کات و شوێن و بەستێن دەگۆڕدرێن و، ناکرێ لەناو دونیای مۆدێرنیتەدا یەک فۆڕمۆڵی گشتی و جیهانی بۆ شیکردنەوەی هەموو شوێن و شتێک دابنرێت. چونکە دۆخ و هەلومەرجی جوگرافی، مێژوویی، بایۆلۆژی، ئەتمۆسفێر (كەشوهەوا)  و فەرهەنگی کۆمەڵگەکان لەیەکتر جیاوازن. بەو نیگایە، پێویستە هەر وڵاتەی بەپێی ستراکچەر، پۆتانسیەل (توانای پەنگخواردوو) و دوورەدیمەنی عەقڵانیی خۆی سیاسەت دابڕێژێت؛ هەرچەندە لە هەندێک شتی جیهانپێوی گونجاودا نیگای بەراوردکارانە دەرگەی نوێ بۆ ئانالیز دەکاتەوە. بۆیە هەندێک جار پێویستە زانستی سیاسەتی بەراوردی، نموونەسازی بکرێت.

لەو ڕێگوزەرەدا، زۆر جار ئاڕمانگەرایان بەراوردی وڵاتانی ناهاوشێوە بە شێوەیەکی ئایدیالیستانە دەکەن. بۆ نموونە بەشێک لە ڕووناکبیرانیش بەهەڵە هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی پەرەسەندووی ڕۆژاوادا بەراورد دەکەن کە مێژووی هزرییان چەندسەد ساڵە. ئەوان لە کەشی بەجیهانیبووندا ئاگایییەکی ڕواڵەتییان لە پێشکەوتنی ئێستای ئەوان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی زانستیی سیستەماتیک و خوێندنەوەی ڕەخنەیی و گوماندار لە تڕانسفۆرماسیۆن و ستراکچەری مێژوویی کۆمەڵگەکە و دیاگڕامی دێموگڕافیک و چۆنێتی و ڕێڕەوی سەرکەوتنیان قووڵ نەبوونەتەوە.

هەندێک جاریش، لە بەراوردێکی ناڕیالیستیدا، دۆخی ئێستای وڵاتێک لەگەڵ دۆخی پێشتری خۆی بەراورد دەکەن. لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتان بە بەراورد لەگەڵ ڕابردووی خۆیاندا قۆناغێک بەرەوپێش چوون. دروستەکەی ئەوەیە ئاستی پێشکەوتنەکە بەپێی توانا و سەرمایەی دەورەیەکی دیاریکراوی وڵاتەکە لەگەڵ توانا و سەرمایەی ئێستایدا بەراورد بکرێت. هەروەها دەبێ توانا و داهاتی وڵاتێک، لە سەردەمێکی دیاریکراودا، لەگەڵ توانا و سەرمایەی وڵاتێکی وێکچوو، لە هەمان کات و دۆخدا، بەراورد بکرێت؛ یان لانی کەم بوارێکی وڵاتێکی هاوشێوە لەگەڵ بوارێکی خۆتدا لە یەک بارودۆخدا بەراورد بکەی. بۆ نموونە دەکرێ بڵێین بۆچی لە وڵاتی کوێت لەو سەردەمەدا، کە هەمان فەرهەنگی عەڕەبیی تێدا زاڵە، پۆزیسیۆن (Position/ دۆخ/ حاڵەت) و ئۆپۆزیسیۆن (opposition) بەیەکەوە ژیانی سیاسییان بەبێ کێشە دەبەنە سەر.

لە مەیدانی ئابوورییەوە، بەراوردێکی واقعییش لەلایەن “مایکڵ پۆرتر” خراوەتە ڕوو. لەو بەراوردەدا، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو تواناکانی خۆت، بەهێزترین خاڵی ڕکەبەرایەتیی خۆت لەگەڵ تواناکانی دیکەتدا بەراورد دەکەیت (Competitive Advantage) بۆ ئەوەی بزانی لە کام بواردا خاڵێکی ستراتیژیک هەیە کە دەبێتە هۆی پێشکەوتن. (Porter, 1985) جگە لەم بەراوردانە، لە بەراوردێکی وانەیی و وێنەسازدا وڵات و کۆمەڵگە و حکوومەتێک لەگەڵ وڵاتێکی هاوشێوەدا بەراورد دەکرێت بۆ ئەوەی جگە لە ئەزموونوەرگرتن، تواناکانی گۆڕینیش دەرکەون.

نموونەی بەراوردێک

لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا ئیسرائیل لە ڕووی هێز و گەشەسەندنەوە شیاوی تێبینی و توێژینەوەیە. بەڵام، زۆر کەس لە بەراوردێکی نادروستدا دۆخی کورد لەگەڵ چۆنێتیی داکەوتن و سەرکەوتنی ئیسرائیل، کە لە دۆخێکی ئاڵۆزدا هەستانەوە سەر پێ، بەراورد دەکەن؛ لە کاتێکدا ستراکچەر و بەستێن و توانای پێگەیشتنی ئەوان لەگەڵ زەمینەی مێژووییی کوردستان جیاوازە. جوولەكەكان (یەهوودییەکان) لەمێژە لە ڕۆژاوا و زۆر وڵاتی بەهێزی جیهاندا دەژین و ئەزموونی شارنشینی و فرەکەلتوورییان تێدایە. بەشێکی زۆری فەیلەسووف و زانایانی دونیا جوولەكە بوون و ئێستا خاوەنی 12 خەڵاتی نۆبڵن. بەر لە جەنگی جیهانیی دووەم، ئەوان کێشەیەک بوون بۆ بەشێک لە وڵاتانی جیهان، بەڵام بە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ ئیسرائیل، هەم کێشەی جوولەكە لە ڕۆژاوادا چارە کرا، هەم لە گۆڕانێکی جیۆپۆلیتیکیدا بەرەی ڕۆژاوا لە ناوچەکەدا بەهێز کرا. تەنانەت یەکێک لە مەبەستە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پاراستنی ئیسرائیلە. دەوڵەتی ئیسرائیل لە ڕووی پێگەی جیۆپۆلیتیکییەوە لە ئاستی جیهاندا هێزێکی بڕیارسازە. لە ڕووی پەرەسەندنەوە، ئەزموونی دیموکراسیی ئیسرائیلی و پێشکەوتنیان، لە وارگەلی پیشەسازی، کشتوکاڵ، ژینگە، پزیشکی، توێژینەوەی زانستی و داهێنان، نوخبەپەروەری و ڕاکێشانی زانایان، ئامادەکردنی هێزی کاری لێزان، گەشەی ئابووری، هێزی سەربازی و سیاسەتی دەرەوە، جێی سەرنجە.

بەو هەڵسەنگاندنە، ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەئاسانی شیاوی بەراورد نییە. ڕەنگە بە گوێرەی کەلتوور، بەستێنی مێژوویی، هەڕەمی دێموگڕافی، پەرەنەسەندوویی و تەوژمی قەیرانەکان ئێستا کورد زیاتر لەگەڵ فەڵەستینییەکان بچێتە تەرازووی بەراوردەوە. گەلی فەڵەستینی وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و کێشەیەکی زەقی نێودەوڵەتی، لەگەڵ دەوڵەتێکی بەهێزدا شەڕیان هەیە کە زلهێزێکی هەژموونگەڕای وەک ئەمریکایان لەپشتە. بەشێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکانیش چاویان بڕیبووە خاکەکەیان و هەندێک لەو دەوڵەتانەی کە بەڕواڵەت خۆیان بە پشتیوانی فەڵەستین دادەنێن، ڕێگە نادەن ئاوارەیەکی فەڵەستینی بچێتە وڵاتەکەیان و تەنانەت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان سوود لە پرسی فەڵەستین وەردەگرن.  

فەڵەستینی لەناو خۆیاندا نەک هەر بوونەتە دوو پارچە، بەڵکوو جگە لەوەی بەشێک لە فەڵەستینییەکان لەناو دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەژین، خاکی ناوچەکانی غەزە و لای ڕۆژاوا بەسەریەکەوە نییە. لە ڕووی ئابوورییەوە، وێڕای گەندەڵییەکی سیستەماتیک و ناشیاوگەری و بەشینەوەی پۆست لە نێوان خزم و دۆستان، بەشێکی ئابوورییە ڕانتییەکەیان گرێدراوی ئیسرائیلە و بەشێکی دیکەی لەلایەن یەکێتیی عەڕەب و یەکێتیی ئەوڕوپا و ئەمریکا دابین دەکرێت کە نەبۆتە هۆی پێشکەوتنیان، بەڵکوو پێ دەچێت زیاتر چووبێتە بواری سەربازی. بەشێکیش لە هێزە پڕۆکسییەکەیان، کە بەرەو توندڕەوی چوون و سیاسەتی مەعنەوییان بردە پێش و لە ئاکامدا خاک و دەسەڵاتیان لەدەست دا. بەو تێڕوانینەوە، “کەشتییەک ئەگەر نەزانێ بەرەو کام کەنار دەڕوا، هەر بایێ بۆی دەبێتە بەڵایێ.”

سەرەڕای ئەو هەموو لاوازی و هەڵەڕۆیی و شکستە، ئەگەر بە چاوێکی بەراوردکارانە لێی بڕوانین، دەبینین ئەوان لەناو تۆف و کڕێوەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا زۆر جار هەنگاوی ئەرێنی و کاریگەر و کارا داوێن و لانی کەم لە هەندێک بواردا توانیویانە بەرەوپێشەوە بڕۆن. ڕاستە فەڵەستین پشتیوانییەکی ناوچەیی، هەر لە جووڵانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و لە هیند تا پاکستان و ئێران و وڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامیی هەیە، بەتایبەتی لە دوو ناوچەی جیۆستراتیژیکی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، واتە میسڕ بە پشتیوانی لە گرووپی فەتح و حکوومەتی خۆبەڕێوەبەر و، هەروەها ئێران بە پشتیوانی لە گرووپی حەماس و جیهادی ئیسلامی، کاریگەرییان لەسەر پرس و ڕەوتەکانی فەڵەستین هەیە، بەڵام لە کار و کردەوە و سیاسەتە خۆکردەکانی خۆیان، لە ناوەوە و دەرەوەدا، هەنگاوی جێی سەرنجیان هەڵێناوە.

وێڕای بینینی ڕەهەندە جیاوازەکان، بەتایبەتی پێگەی جیۆپۆلیتیکیی فەڵەستین، دەبینین ئەوان لە ئاوارەییدا ئەدەبیاتی بەرخۆدان و بەرگریی نۆڕمئاسا باو کردووە. لە حکوومەتی ناوچەییدا دەستووریان داناوە و کورسییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یۆنسکۆدا هەیە و بوونەتە خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. لە هەمووی کاریگەرتر، پەیوەندییەکی بەرچاویان لەگەڵ ڕێکخراوە نادەوڵەتییە نێونەتەوەیییەکان (NGO) هەیە و دەیان دامەزراوەیان لە ئەوروپادا هەیە. لە واری زانستیدا ڕکەبەری دەوڵەتانی عەڕەبین. بەشێکی بەرچاوی قوتابیانی فەڵەستینی لە دەرەوەدا کەسی پێگەیشتوون. ئەوان بە پارە، یان بە هەر شێوەیەک بێت، هێزێکی زانکۆیییان لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە کە نموونەکەی لە زانکۆکانی ئەمریکادا دەبینین. ڕیزبەندیی هەندێک لە زانکۆکانی فەڵەستین (2024) لە زۆر زانکۆی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لەسەرترە. نوخبەکان (بژاردەكان)ی دەرەوە و فەڵەستینییەکانی (1948)، کە لەناو سیستەمی ئیسرائیلدا خوێندوویانە، بوونەتە ڕاوێژدەری حزب و دەسەڵاتی فەڵەستین. لە ڕووی سەربازییەوە، هێزی چەکداری خۆیان باوەڕمەند کردووە و بۆ گەیشتن بە ئامانج، ئامادەن هەر تێچوویەک بدەن. سەرەڕای شەڕی ناوخۆیی، لە تەنگاویدا تواناکانیان یەک دەخەن.

لێکدانەوە

لە مەیدانی کۆمەڵناسیدا، بەتایبەتی لە ڕوانگەی ڕەفتارناسییەوە، خاڵە لاوازەکانی کورد جێی باسن. کورد لەمێژە هزری سیاسیی هاوردە کردووە، بەڵام چونکە هەموو شتێک بە سفڕ یان سەد دەبینێت، کورد پتر لەوەی کێشەی زانستی سیاسی هەبێت، کێشەی ڕەفتاری هەیە. کورد لەمێژە لەگەڵ هزری سیاسیدا ئاشنایە، کەواتە ئەوەندەی کێشەی ڕەفتاری هەیە ئەوەندەی کێشەی دەستگەیشتن بە زانستی سیاسی نییە. بۆیە لە دوای نیزامی پارتیزانی و شۆڕشی کوردی، کاتێک دۆخێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان هاتە دی، لە ناوخۆدا وەک نیزامی حوکمڕانی ڕێک نەخراوە. یەکێک لە هۆیەکانی ئەو لاوازییانە، سپاردنی مەیدانی ئاڵۆزی سیاسەتە بە ڕووناکبیران و بڕوانامەداران و شۆڕشگێڕان.

کورد لەگەڵ دەوڵەتانێکی لەرزۆک و لاوازدا، کە هێشتا نەیانتوانیوە لە پڕۆسەی دەوڵەت – نەتەوەسازیدا سەر کەون، کێشەی هەیە. ئەو دەوڵەتانە خۆیان ناسەقامگیر، پەرەنەسەندوو، گۆشەگیر، ناپەسەند، ئایدیۆلۆگ و ڕووخەکن (زووڕووخان). بەڵام چونکە هاوبیری و هاوهەنگاوی لەناو کوردستاندا کزە، کورد نەیتوانیوە دەرفەتی لاوازبوونی ئەوان بقۆزێتەوە. تەنانەت لە کاتی بەرینبوونەوەی کێشەکان لەگەڵ هاوسێیاندا، هەرێمی کوردستان لە مەیدانی دیپلۆماسیدا، لە پاراستنی شوناسی سەربەخۆیییانەی خۆیدا پێداگر و وردەکار و بەمشوور نییە. لە کاتێکدا کە کورد هاوڕێی ڕۆژاوایە، دەتوانێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی ستراتیژیک کار بکات و لە ئاستی هەرێمیدا لەگەڵ هێزە ناوچەیییەکان، بە ڕاگرتنی باڵانس و شکۆی نەتەوەییی خۆی، هاوکارییەکی تاکتیکی بکات.

لەو پەیوەندییەدا، ئەگەر پەنێلی شارەزایانی پسپۆڕ-تەوەر ڕەوتی پەرەسەندنی وڵاتان و ستراكچەری هێز و دەسەڵاتی جیهانی بناسن، کورد بەرپێی خۆی باشتر دەبینێت. هەرچەندە شایستەبژێری و پسپۆڕسالارییش بەتەنیا ناتوانێ کێشەکان چارە بکات، چونکە لەناو ستراکچەری دامەزراوە پێنەگەیشتووەكان و بیرۆکراسییەکی گەشەنەسەندوودا “نەشتەری کەسی شیاویش کۆڵە”. لەگەڵ ئەوەدا، پێویستە وزەی ڕاکێشەری حکوومەت پتر بێت بۆ ئەوەی ئێلیت (Elite)ە هزرییە ڕاستەقینەکانی کورد ڕێی هەندەران هەڵنەبژێرن.

هەرێمی کوردستان بە گۆڕینی نیگای ئەمنییەتییەکی سادە و ڕەق بۆ نیگای ئاسایشی نەتەوەیی و پەرەسەندن، دەتوانێ وەک دەرفەت و خەزێنەیەکی مەزن بەبێ تێچوو سوود لە ئێلیتەکانی کوردی دەرەوەی هەرێم، کە لەناو سیستەمی پێشکەوتووتر و فەرهەنگی جیاواز و دۆخی دێموگرافیکی چاکتردا پێ گەیشتوون، وەربگرێت. تەنانەت دەتوانێ وەک جەمسەرە باوەڕپێکراوەکانی شاران بیانکاتە دیواری ئەمنی بۆ خۆی، بۆ ئەوەی نەیاران نەتوانن جگە لە دانانی سنووری دەستکردی سیاسی، لە دانانی سنووری زەینی و فەرهەنگیدا سەر کەون و لە کاتە هەستیارە مێژوویییەکانیشدا کاری چارەنووسساز و ئاییندەساز بکەن.

گرینگە کورد پسپۆڕانە لە ستراکچەری سیاسەتی نێودەوڵەتی بڕوانێت و خۆی بەهێز بکات. بەتایبەتی، لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا کە جەنگی بەوەكالەت و ڤێتنامیزاسیۆن بۆتە دیاردەی ئەو هێزانەی کە بەرژەوەندی و خاڵی هاوبەشیان تێدایە، کورد بە جۆرە هێزێکی پڕۆکسیی بەرەی ڕۆژاوا دێتە هەژمار و دەتوانێ لە ئاستی وردتردا هێزی پڕۆکسیی خۆی هەبێت. بەتایبەتی، لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە خاکی کوردستان بەسەریەکەوەیە؛ کە ئەمە تواناکەی، وەک ناوەندی سیستەمی کوردی، دەباتە سەرێ. هەرچەندە جیۆپۆلیتیک خاڵی بەهێزی کوردە، بەڵام لە ڕووداوەکانی داهاتوودا ئابووری کاریگەریی لەسەر سیاسەت و جیۆپۆلیتیک دەبێت. بۆیە گرینگە هەرێمی کوردستان بتوانێ لانی کەم لە ڕووی ئابوورییەوە بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکات بۆ ئەوەی لە کاتە تەنگانەکاندا خۆڕاگر بێت و وەها گرێدراو نەبێت کە لەو کەلێنەڕا درز بخرێتە نێوان حکوومەت و خەڵک و، بە بەشدارینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا ڕەوایەتی لە حکوومەت بسەندرێتەوە.

هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە خۆی بە ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکان (NGO)، وەک کارێکی سەرەکی کە کاریگەری و کارایییەکی باشی دەبێت، ببەستێتەوە. ڕاستییەکەی لە ڕێگەی ئێلیتە زانا، ژیر و خاوەن پڕەنسیپەکانەوە دەشێ چالاکیی نێونەتەوەیی بکرێت، بەو مەرجەی کەسانی پسپۆڕ و دڵسۆز کار بکەن، چونکە ئەو کارە کارێکی پسپۆڕانەیە و پڕە لە شایستەیی. لەو ڕێگەیەوە دەتوانێ دەیان ڕێکخراو لە وڵاتانی ڕۆژاوادا دامەزرێنێت و بە نیگایەکی نەتەوەیی، زۆر شت لە یۆنسکۆدا لەسەر ناوی کورد تۆمار بکات و کاری گرینگ لەسەر زانکۆ باڵاکانی دەرەوە بکات.

“کورد وەک هێزێکی کاریگەر لەسەر دۆخی نوێی جیۆپۆلیتیکی لە دوای جەنگی سارد لە کەشێکی شێواو و ئاڵۆزدا بە دوای شوناس و ئاسایش و دەسەڵاتی خۆیەتی” (Brzinski, 2016)؛ بۆیە دەبێ لە ئاستی ورد و ناوخۆییدا ئاسایشی خۆی لەسەر میکانیزمەکانی کۆمەڵایەتی دابین بکات کە ئەمە گرینگترین نیشاندەری حکوومەتی بەهێزە. بەو ڕوانگەیەی کە “کامڵبوون بەرهەمی کامڵبوونی ناوخۆیییە” (Modelski, 1996: 323)، هەر کاتێک وڵات لە ناوخۆدا بتوانێ بەرەو تەکامول بچێت، لەو ئاڵۆزییەی جیهانیشدا دەتوانێ بگاتە واقعێکی نوێ و دەتوانێ لەگەڵ تۆڕەکانی جیهانیدا جۆرە نەزمێک ساز بکات. بۆ وێنە، بەو چاوەی کە بابەتی بەرگری لەناو کورددا شتێکی کاتی و هەستەکییە و زوو دادەمرکێتەوە، ئەگەر ڕێبەرایەتیی کورد و کاربەدەستان بابەتی بەرگری وەک دامەزراوە و نۆڕم بنەجێ بکەن و بتوانن شوناسی لۆکاڵی بکەنە شوناسێکی نەتەوەیی و، هەروەها دیسکۆڕسی ژیانی شەڕافەتمەندانە بکەنە دیسکۆڕسی سەردەست، دەرکەی نفووزیش لەسەر ناحەزان دادەخرێت و کوردستان دەبێتە ماڵی ئەهوەنی هەمووان و بەهێزیش دەبێت.

دەرەنجام

تیۆریی ئاڵۆزی بە لێکدانەوەیەکی کوانتۆمی، وانەی ئەوە دەخاتە ڕوو کە دەکرێ بە لێکدانی باڵی پەپوولەیەک لە “پەکین”، تۆفانێک لە “تۆڕنتۆ” هەستێ. کەواتە، لەو دۆخە ئاڵۆزەی سیاسەتی جیهانی و مشتومڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، کورد دەتوانێ بە دووبارەکردنەوەی ئیرادەی ڕابردوو و دۆزینەوەی توانا دەروونی و هەنووکەیییەکانی و بە بەراوردی وڵات و نەتەوە هاوشێوەکانی ناوچەکە، هانگاوی بچووک و کارا بەرەوپێش بهاوێژێت. ئەمەیش بە پشتبەستن بە زانست و لۆژیک و ئەزموون و وانەوەرگرتن دێتە دی. بەتایبەتی ئەگەر کورد کێشە ڕەفتارییەکانی خۆی چارەسەر بکات، پێ دەچێت بتوانێ تواناکانی خۆی باشتر بناسێت و لەو مژەدا ڕێوار بدۆزێتەوە.

سەرچاوەکان

Bozorgmehri, Majid & alireza Mohamad khani (2011), “Palestinian Issue and the Security Council of UN: Use of Veto Prevents the Establishment of International Peace”, Geopolitics Quarterly, Volume: 7, No 4, winter 2011, Pp 78-99.

Brzinski, Zbigniew (2016), “Syria in Crisis”, National Security Council, No. 4203 Memorandum for declassified document.

Faber, J. and Koppelaar, H. (1994). Chaos theory and social science: a methodological analysis, Quality & Quantity, 28, pp.421-433.

Maan, R.S (1992).”Chaos theory and strategic thought”, Availbler: https:// blackboard.angelo.edu/bbcswebdav/institution/LFA/CSS/Course%20Material/ISSA%206301/Readings/Chaos%20Theory.pdf.

Michael E. Porter (1985), “Competitive Advantage: Creating and Sustaining Superior Performance. New York: Free Press.

Modelski, G (1996), “Evolutionary paradigm for global politics”, International Studies Quarterly, 321-342.

Moshiri, Said (2001), An overview of chaos theory and its applications in economics, Economic researches of Iran, Allameh Tabatabai University, No 12. (Parsiyan)

Rosenau N James (1990), Turbulence in World Politics: A Theory of Change and Continuity, Princeton University Press.

Shafie N and Motaqi I (2021), Theoretical analysis of chaos management model in global geopolitics, Geopolitics Quarterly, year 17, N 2. (Parsiyan)

Stacey, R. (1993). Strategy as Order Emerging from Chaos, Long Range Planning, 26(l), pp.10–17.

White M.C., Marin D.B., Friedman W.; The evolution of organizations: suggestions from complexity theory about the interplay between natural selection and adaptation; Human Relations, No. 10, 11, 1997.

image_pdfimage_print