د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
پێشەکی
لە کاتێکدا هێشتا دیار نییە کە ئایا دۆناڵد ترامپ دووبارە لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ شانسی وەرگرتنی سەرۆکی ئەمریکای دەبێت یان نا، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئایا ترامپ بەتەواوی سیاسەت و ڕەفتارەکانی پێشووی دووبارە دەکاتەوە ئەگەر دیسان هاتەوە بۆ کۆشکی سپی؟ بۆ ئەمە، دەکرێت ڕەفتار و و لێدوانەکانی ساڵانی ٢٠١٧-٢٠٢١، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- بەتایبەتیش عێراق، ئێران، سووریا و فەڵەستین- ڕێگەیەک بێت کە بتوانین هێڵە گشتییەکانی سیاسەتەکەی بخوێنینەوە.
هەڵبەتە، ئەگەر ترامپ ببێتە چل و حەوتەمین سەرۆك، وەک بەشێک لە ڕاپرسییەکان ئاماژەی پێ دەدەن، ئەوا پێ دەچێت بە ستایلی تایبەتی خۆی وڵات و سیاسەتی دەرەوە بەڕێوە ببات؛ ڕوانگەیەک کە بریتییە لە بیرکردنەوەی بازرگانییانە، بە پێوەری “قازانج و زەرەر-profit and loss” نەک بوونی ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژی یان قوتابخانەیەکی سیاسەتی دەرەوە. ترامپ لە ڕاستیدا هیچ نموونە و میراتێکی سیاسیی ڕاستەقینەی نییە، بەڵکوو لە چاویلکەی ڕێککەوتنەکانەوە (deal-making) سەیری پرسە جیهانییەکان دەکات.[1]
لەم سۆنگەیەوە پێشبینی دەکرێت کە گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر عێراق، ئێران، سووریا و فەڵەستین هەبێت، کە پرسی کورد و هەرێمی کوردستانیش بەشی خۆی پڕوشکی ئەو دیدگەیەی ترامپی بەردەکەوێت. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین هێڵە گشتییەکانی ئەم سیاسەتە و لێکەوتەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان دیاری بکەین.
تێگەیشتن لە ڕوانگە و جیهانبینی سیاسیی دۆناڵد ترامپ
بۆ تێگەیشتن لە جیهانبینیی ترامپ، دەبێت ڕەچاوەی دوو تایبەتمەندیی سەرەکی بکەین:
یەکەم/ ڕێبازی واقعیی هێرشبەری – offensive realism: ترامپ لە ڕەفتاری پەیوەندییەکانی دەرەوەدا دەچێتە خانەی ڕێبازی “ڕیالیزمی هێرشبەر”. ڕیالیزمی هێرشبەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکیی هەر دەوڵەتێک ئەوەیە کە زۆرترین دەسەڵاتی هەمەلایەنەی خۆی، ئینجا ماددی بێت یان مەعنەوی، زیاتر بکات. واتا ئەمە بۆ هێزێکی گەورەی وەک ئەمریکا، دەبێت هێرشبردن بێت نەک بەرگری. ئەم تیۆرییە باوەڕی وایە کە جەوهەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە کێبڕکێ و ململانێدایە[2]. بەپێی ئەم بۆچوونه، دەسەڵات به توانای ڕاستەوخۆی دەوڵەت دیاری دەکرێت، نەک بە پشتبەستن بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ دەوڵەتانی تردا. ئەم ستراتیژییە هێرشبەرییە پێشوەختەیە، هەوڵ دەدات بەردەوام و بەسەربەخۆیی تواناکانی دەوڵەتێک(state’s capabilities) زیاتر بکات، بەتایبەتیش ئەگەر دەوڵەتەکە زلهێزێک بێت (Great power) بەبێ پشتبەستن بە سیاسەتی هاوسەنگی نێودەوڵەتی[3].
دووەم/ ڕێبازی مامەڵەیی (Transactional approach) لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: ترامپ لە چاویلکەی “مامەڵە”ەوە سەیری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کە ڕەنگدانەوەی پێشینەی خۆیەتی وەک بازرگانێک[4]. ئەو هاوشێوەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیایەک سەیری حوکمڕانی و دەوڵەتداری دەکات و، بە پێوەری “قازانج و زەرەر” شتەکان دەبینی؛ بەتایبەت زیاتر بە دوای دەسکەوتی ماددیی کورتخایەندا دەگەڕێت نەک بەهاکانی تری وەک بەهای جیهانی و ئینسانی و ئایدیۆلۆژی و پرەنسیپی مرۆیی و هتد. ئەم ڕوانگەیەی ترامپ ئامانجی ئەوەیە زۆرترین قازانج بە کەمترین تێچوو بەدەست بهێنێت ئەگەر لەسەر حسابی کۆمەڵیک بەها و بەرژەوەندیی هاوبەشیش بێت.
لەسەر ئەم بنەمایە ترامپ پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەڵەستینییەکان کەم کردەوە، یارمەتیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی عەرەبیی دا، لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە و لە بری ئەوە سزاکانی سەپاند، لە ڕێکكەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا (Parisclimate accord) كشایەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەنداو، بەتایبەتی سعوودیا لە پێشینەی کارەکانیدا بوو. هەر لەسەر ئەم بنەمایەیش لە ڕووی شوێنپێی سەربازیی ئەمریکاوە، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تاڵیبان کرد بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، هەروەها ویستی لە سووریاش بکشێتەوە؛ لە هەمان کاتدا هەوڵی دا ڕێگر بێت لە بەردەم ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی[5].
ڕوانگەی ترامپ لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئەگەر سەیری پڕۆژەی ٢٠٢٥ (project 2025) بکەین کە لەلایەن کۆنسێرڤەتیڤەکان و بەشێک لە کۆمارییەکانەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا داڕێژراوە، کە چەندان دەزگە و ناوەندی توێژینەوە لە ئەمریکا بەشدارییان تێدا کردووە، بە ئەگەری زۆر دەبێتە ستراتیژیی ترامپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا و مامەڵەکردن لەگەڵ جیهان. لەم پرۆژەیە دەتوانین ڕوانگەی ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوونتر ببینین. کریس میلەر کە بەشێکی زۆری ستراتیژیی بەرگریی بۆ “پرۆژەی ٢٠٢٥” نوسیووە و لە ساڵی ٢٠٢٠ وەک دوا وەزیری بەرگریی ترامپ کاری کردووە، پێشنیاری کردووە کە وڵاتانی کەنداو، بە تاک و بە کۆمەڵ، “هاوکاری ئەمریکا بن لە دابینکردنی بەرگریی وشکانی و ئاوی و ئاسمانی و مووشەکیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.” ئەمەیش هاوکار دەبێت کە ئەمریکا بەشی پێویست هێزی لە ئاسیادا جێگیر بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین و، بە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرقاڵ نەبێت. میللەر دەڵێت واشنتۆن پێویستە ئامێری پێشکەوتووتر بە هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی بفرۆشێت بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانیان؛ ئەمەیش سوودی بۆ کەرتی پیشەسازی و کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش دەبێت.
بە لەبەرچاوگرتنی پرۆژەی ٢٠٢٥ کۆماریخوازە پارێزگارەکان و بەشێک لەوانەی کە پێشتر و لە ئاییندەیش بەشێک دەبن لە ئیدارەی ترامپ، وەک مایک پۆمپیۆ و تیلەرسۆن و میلەر و…، ترامپ هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی کارکردنی درێژخایەنی لەگەڵ بازنەکانی دەسەڵات لە وڵاتانی کەنداو هەبێت. سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خولی دووەمی ئیدارەی ترامپدا، پێ دەچێت جەخت لەسەر چەند تایبەتمەندییەک بکاتەوە:
- ئیدارەی ترامپ دەسەڵاتی سەربازی و “هێزی ڕەق” دەخاتە پێش “هێزی نەرم” و لە نزیکەوە کار لەسەر سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیییەکان دەکات. ئەم هاوبەشانە لە کەنداودا ئیمارات و سعوودیا دەبن؛ ئەمریکا گەرەنتیی ئەمنییان دەکات، لە بەرامبەردا ئەوانیش هاوکاریی ئەمریکا دەکەن لە پرسەکانی وەک گرووپە ئیسلامییەکان و دژایەتیی ئێران. بەڵام ئیدارەی ترامپ خوازیارە هاوبەشە ناوچەیییەکان تێچووی ئاسایش لە ئەستۆ بگرن – وەک هاوبەشەکانی ناتۆ لە ئەوروپا – لەگەڵ ڕێبازی “ئەمریکا یەکەم”دا یەک دەگرێتەوە کە سەرۆک ترامپ پاڵپشتیی دەکات؛ هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا ڕەنگە سنووردارکردنی مافی مرۆڤ لەسەر فرۆشتنی چەک بە بەحرێنیش هەڵبگرێت[6].
- پێ دەچێت گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران زیاتر بێت و ئەگەری هەیە ترامپ سزاکانی سەر ئێران چڕتر بکاتەوە؛ دەشێت پاڵپشتیی ئێران لە ڕێکخراوە دژەئیسرائیلییەکان و دابینکردنی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بۆ ڕووسیا لە کاتی جەنگی ئۆکرانیا وەک هۆکار بهێنێتەوە. هەروەها ڕەنگە ترامپ گوشار بخاتە سەر وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەوەی خۆیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران بەدوور بگرن. عێراق بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئێران و ڕۆڵی بەشێک لە کوتلە عێراقییەکان لە دژی ئیسرائیل، دەکەوێتە بەر گوشاری ئەمریکا.
- ترامپ ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی مافەکانی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیل و ڕەتکردنەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی. ئەم پرسانە هاوئاهەنگیی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئەمریکا ئاڵۆزتر دەکەن، بەتایبەت کە ئێران خۆی وەک لایەنگری مافەکانی فەڵەستین دەناسێنێت[7].
- لە کۆتاییدا لەوانەیە ستراتیژیی ئەمریکا زیاتر لەژێر کاریگەریی فاکتەری ناوخۆدا بن، بەتایبەتی ئەو هێزە دامەزراوەیی و سیاسی و فیکرییانەی کە کار لەسەر دامەزراندنی سیاسەتی دەرەوە دەکەن. ئەمەیش ڕوانگەی قوتابخانەی نیوڕیالیستیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕەت دەکاتەوە کە کاروباری ناوخۆیی، کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوە هەبێت. بەڵام ڕەنگە پاڵنەرە ناوخۆیییەکان لەوە گرنگتر بن کە توێژەر و ئەکادیمییەکان هەندێک جار حسابی کەمی بۆ دەکەن[8].
پێشبینیی سیاسەتی ترامپ بەرامبەر عێراق لەبەر ڕۆشناییی سیاسەتەکانی پێشووی
ترامپ لە یەکەم هەڵمەتی کاندیدبوونیدا ڕەخنەی لە لەشکرکێشییەکەی “جۆرج بوش”ی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دژی عێراق گرت و بە سەرچاوەی “پشێوی و ئاژاوەگێڕی” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی برد و دژایەتیی خۆی بۆ جەنگی عێراق ڕاگەیاند. بەڵام لەگەڵ ئەمەیش ترامپ وازی لە عێراق نەهێنا؛ ترامپ بەخێرایی هەڕەشەی “گەمارۆی توندی” لە دژی حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی و پەرلەمانی عێراق کرد، دوای ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق تاوتوێی کۆتاییهێنان بە بوونی هێزی بیانی لە خاکی عێراقدا کرا. ئەمەیش دوای ئەوە هات کە فەرمانی بۆ هێرشە ئاسمانییەکەی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا دەرکرد کە بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و جێگری بەرپرسی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەبومەهدی موهەندیس. هەڵبەتە، ئەم ڕووداوە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراقی لە قۆناغێکی نیمچەسەقامگیرییەوە، گۆڕیی بۆ قۆناغێکی دژوار، کە دواتر بووە هۆی پەرەسەندنی هێرشەکانی لایەنە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی سووریا[9].
ئەم ڕەفتارەی ترامپ گەرچی ڕەخنەی زۆری لێ گیرا بەڵام لە ڕاستیدا توانیی سنووریک بۆ ئێران و پرۆکسییەکانی دابنێت کە دواتر بووە هۆی چاوترساندنیان. ئەم سیاسەتەی ترامپ، دواتر “بایدن”یش سوودی لێ بینی بۆ بەرەنگاربوونەوەی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران؛ نەک تەنیا لە عێراق بەڵکوو لە سووریا و یەمەنیش. ئەم سیاسەتە حکوومەتی عێراقیشی ناچار کرد کە گوشاری زیاتر لە هێزە میلیشیاکان بکات، دواتریش خۆی لەگەڵ ئەم سیاسەتەی ئەمریکا بگونجێنێت. ترامپ بەر لە خولی یەکەم و لە ماوەی خولی یەکەمیشدا ستراتیژیی جۆراوجۆری هەبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی عێراق؛ بۆ نموونە زۆر جار هەڕەشەی “تۆڵەی گەورە”ی لە ئێران دەکرد ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق بکاتە ئامانج. جگە لەوەیش، سیاسەتی ترامپ زیاتر ئامانجی دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق بوو لە ڕێگەی سنووردارکردنی نفووزی ئێران لە عێراق و بەرزکردنەوەی ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا و دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی سووریا. هەروەها بەڵێنی دا لە ماوەی 100 ڕۆژدا داعش لە عێراق نەهێڵێت و ژمارەی سەربازەکان زیاد بکات و پاڵپشتیی حکوومەتێکی دۆست لە بەغدا بکات. ئەم ڕوانگەیە، بەشێک دەبێت لە سیاسەتی ئیدارەی ترامپ بەرامبەر عێراق لە ئەگەری هاتنە سەردەسەڵاتی کۆمارییەکان.
دوای چەند مانگێک لە تیرۆرکردنی سولەیمانی و ئەلموهەندیس بەتایبەتی، لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەوکات، داوای “دیالۆگی ستراتیژی”ی لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا کرد. ئەمەیش بریتی بوو لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و عێراقی بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی پەیوەندییەکانیان. لە ڕاستیدا نزیکبوونەوەی ترامپ لە عێراق پەیوەندیی زۆری بە هەڵوێستی ترامپەوە هەبوو بەرامبەر ئێران.
سەبارەت بە ڕوانگەی ترامپ لەبارەی دەرچوونی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا و لە ئەفغانستانیش، ڕوونە؛ ڕەنگە تەنانەت دەرچوونێکی هەمیشەیی لە ئارادا بێت. لە کاتێکدا دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ تالیبان بەردەوام بوون، لە ٢ی شوباتدا دۆناڵد ترامپ سەرنجی خۆی خستە سەر ململانێی سێیەم لە ناوچەکەدا کە ئەویش عێراق بوو. بەڵام ئەم جارەیان لە بری ئەوەی باس لە کشانەوە بکات، ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “سی بی ئێس فەیس دی نەیشن” ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە سەربازانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە- نەک تەنیا بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی، یان داعش، بەڵکوو بۆ ئەوەی “چاودێریی ئێران بکەن.” ترامپ پێشنیاری کرد کە بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق وەک بنکەیەکی دەرەوە بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی تاران کە پەیوەندییان بە “چەکی ئەتۆمی یان شتی دیکە”وە هەیە، کار بکەن[10]. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ڕوانگەی ترامپەوە پەیوەندیی بە ململانێ لەگەڵ ئێران و نەیارانی ئەمریکا هەیە، بەتایبەت گرووپە تیرۆریستییەکان.
ترامپ سێ هەڵمەتی سەرۆکایەتیی لەسەر بنەمای “چیتر نامانەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ بکەین” بەڕێوە بردووە. لە ڕووی سەربازییەوە دوور نییە سەرۆکایەتیی ترامپ، ئەمریکا لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق بکشێتەوە، لە هەمان کاتدا بوونی ئەمریکا لە شوێنەکانی دیکەی جیهان درێژە پێ بدات. لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی وەک ئیسرائیل و سعوودیا کار دەکات بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگرییان لە بواری مووشەک و درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)، لە ڕێگەی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی دژەئێران.[11]
سیاسەتی داهاتووی ترامپ بەرامبەر ئێران
ترامپ بە کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان لە ٨ی ئایاری ٢٠١٨، گرژییەکانی لەگەڵ ئێران گەیاندە لووتکە. تڕەمپ پێی وابوو ڕێککەوتنی ئەتۆمی بووەتە هۆکاری پێشخستنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ڕێککەوتنێکی نوێ پێویستە بۆ جێگرتنەوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە باراک ئۆباما دای ڕشتووە. سەرەڕای ئەوەیش ڕەنگە ترامپ و جێگرەکەی، ڤانس، پەیوەندییەکانی داهاتووی ئەمریکا لەگەڵ تاران دابڕێژن. هەرچەندە ڕێککەوتنی ئەتۆمی زیندوو نەکرایەوە، بەڵام ئێران لە دوای کشانەوەی ساڵی ٢٠١٨وە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو پێش خستووە و بەشێکی زۆری پێگەی ئابووری و داراییی خۆی وەرگرتەوە[12].
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە کاتێکدا ڕەنگە ئەمریکییەکان ترامپ بۆ کۆشکی سپی هەڵبژێرنەوە، کەچی ئێران کاندیدێکی چاکسازیخوازیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵبژاردووە. تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ترامپ سیاسەتی “زۆرترین سزا”ی خۆی لەسەر تاران دەست پێ دەکاتەوە یان بیر لە بانگەوازەکانی ناو حکوومەتی ئەمریکا دەکاتەوە بۆ پێدانی دەرفەت بە ڕێبەری نوێی چاکسازیخوازان لە ئێران. لەم دوایییانەدا ڤانس لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕای گەیاند کە لە کاتێکدا پشتگیری لە سیاسەتەکانی خولی یەکەمی ترامپ دەکات، بەڵام پێی وایە ڕووبەڕووبوونەوەی کردەوە دوژمنکارانەكانی ئێران پێویستی بە “چەقۆیەکی بەهێزتر هەیە.” ئەگەر بڕیارە مشتێک لە ئێرانییەکان بدەیت، ئەوە دەبێت بەتوندی مشتێکیان لێ بدەیت”.[13]
ترامپ و ڤانس لایەنگرییەکی بەهێزیان بەرامبەر ئیسرائیل نیشان داوە؛ ئەمەیش لە لێدوانەکانیاندا دەردەکەوێت. لە کاتی جەنگی غەززەدا، ترامپ هیچ ڕەخنەیەکی ڕوونی لە ئیسرائیل نەگرت و داوای ڕاگرتنی ئەو کارانەیشی نەکرد کە زۆرێک لە دەزگە نێودەوڵەتییەکان بە کۆمەڵکوژی لە دژی فەڵەستینییەکان سەیری دەکەن. لە دیبەیتەکەیدا لەگەڵ سەرۆک بایدن، تەنانەت بەهۆی هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر ململانێکان بایدنی تۆمەتبار کرد بە “فەڵەستینی”.
دوای كۆمەڵێك گونجان و دەستپێکردن، ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەمریکای لە ڕێککەوتنەکە کشاندەوە و دەستی کرد بە ستراتیژیی “زۆرترین گوشار” دژی ئێران کە لە ئەنجامدا شەپۆلێکی سزای نوێ و توندوتیژ دژی قەوارە ئێرانییەکانی لێ کەوتەوە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو گەمارۆیانە، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بوو، کە ئیدارەکەی بە “ڕێکخراوی تیرۆریستیی بیانی” ناساند، بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە گرووپەکانی دژەئیسرائیل و دژەئەمریکا کە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چالاکی دەکەن؛ لەنێویاندا لە عێراق، لوبنان، سووریا و یەمەن.
لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ ئیدارەی بایدن و ئێران ڕێککەوتنێکیان كرد کە تێیدا شەش ملیار دۆلار لە پارەی بەستووی ئێرانی کە لە کۆریای باشوور هەڵگیرا بوو، بۆ بانکەکانی قەتەر ئازاد بکرێت، لە بەرامبەر ئازادکردنی پێنج ئەمریکیی دەستبەسەرکراو لە ئێران. کۆمارییەکان بەتوندی ڕەخنەیان لە ڕێککەوتنەکە گرت و ڕایان گەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە یارمەتیی ئێران دەدات بۆ دابینکردنی بوودجەی تیرۆر؛ هەرچەندە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن گوتوویانە کە ئەو پارەیە بۆ هیچ شتێکی تر جگە لە کاڵای مرۆیی بەکار ناهێنرێت.[14]
ئیدارەی داهاتووی ترامپ و کۆمارییەکان بە ئەگەری زۆر داوای سەپاندنی سزای توندتر دەکەن بەسەر تاران. ستراتیژیی دیپلۆماسی لە “پرۆژەی ٢٠٢٥”دا داوای پشتیوانی لە “گەلی ئێران” دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئازادی لە وڵاتەکەدا. پڕۆژەکە داوا لە ئیدارەی نوێی ترامپ دەکات واز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەهێنێت و، هۆشداری دەدات لەوەی کە ناوچەکە “ڕەنگە بخزێتە ناو ئاژاوەی زیاترەوە لە بەرژەوەندیی نەیارانی ئەمریکا” ئەگەر ئەمریکا دەستبەرداری ڕۆڵی سەرکردایەتییەکەی بێت. ستراتیژییەکە پێشنیاری پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی چوارقۆڵیی نوێ دەکات بۆ ڕاگرتنی ئێران، هاوشێوەی هاوپەیمانیی ئەمریکا، ژاپۆن، کۆریا و هیندستان کە ئامانجی، ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی چینییە. بۆیە وای دەبینم پرۆژەی ٢٠٢٥ ڕەنگدانەوەی زۆری هەبێت لەسەر ستراتیژیی ترامپ و کۆماریخوازەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ستراتیژییە ڕوانگەیەکی خۆبەدوورگرتن نییە لە ڕووداوەکان بەڵکوو ستراتیژییەکی بەشداریکارە لە داڕشتنی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بەڵام مەرج نییە ئەمە بەڕاستەوخۆ بێت بەڵکوو وەک پرۆژەکەیش ئاماژەی پێ دەدا، دەکرێت لە ڕێگەی هاوکارەکانی ئەمریکا بێت لە ناوچەکە.
پێگەی تورکیا و سووریا لە پڕۆژەی ٢٠٢٥دا
بۆ تێگەیشتن لە پرسی کورد لە سیاسەتی داهاتووی تڕامپدا، گرنگە بزانین پێگەی تورکیا و سووریا لە ستراتیژیی دیپلۆماسیی “پڕۆژەی ٢٠٢٥” چییە. وەک دەزانین ئەم پڕۆژەیە پێشنیاری کەمکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیای کردووە. پڕۆژەکە وای دەبینێت، لەبەر ڕۆشناییی کێبڕکێی جیهانیی نێوان ئەمریکا، ڕووسیا و چین، دەبێت ئەمریکا دڵنیا بێت لەوەی تورکیا لە بەرەی ڕۆژاوادا بمێنێتەوە. لە پلانەکەدا دان بەوەدا دەنێت کە ئەمە ڕەنگە پێویستی بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەنقەرە هەبێت کە واشنتۆن پشتگیرییەکانی بۆ یەپەگە/پەکەکە ڕابگرێت، کە ئەنقەرە پێی وایە “مەترسیی وجوودی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست دەکات”. بۆیە بە ئەگەری زۆر دۆخی ڕۆژاوای کوردستان لە سەردەمی ترامپ باش نابێت و، دەبێتە قوربانیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆن.
هەرچەندە ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨دا دوای دەستبەسەرداگرتنی دوایین مۆڵگەی داعش، ویستی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بکشێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری، قەناعەتیان پێ کرد کە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا نابێت و کاریگەریی دەبێت لەسەر پێگەی مەعنەویی ئەمریکا بەرامبەر هاوپەیمانەکانی. بۆ ئەمەیش ترامپ بەشیک لە هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا هێشتەوە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ترامپ و هاریسدا
ئەگەر بەدواداچوون بۆ کامالا هاریس بکەین، دەبینین کە دەستوەردانی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنووردار بووە. وەک جێگری سەرۆککۆمار، سەرنجی بە پلەی یەکەم لەسەر پرسە ناوخۆیییەکان بوو، لە کاتێکدا بایدن قەیرانەکانی ئیسرائیل، غەززە، یەمەن، لوبنان و ناوچەکانی دیکەی بەڕێوە برد. هەرچەندە هاریس سەردانی ئەفغانستان، عێراق، ئیسرائیل، ئوردن و ئیماراتی کردووە، بەڵام ئەم سەردانانە بۆ ئەزموونی قووڵی سیاسەتی دەرەوە بەس نین. بە بەراورد لەگەڵ بایدن، ئۆباما، کلینتۆن، بوش، یان سەرۆکەکانی دیکەی پێشوو، هاریس ئەزموونی سیاسیی بەرفراوانی نییە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت سیاسەتی دەرەوەی ئەو لەگەڵ سیاسەتە گشتییەکانی حزبی دیموکرات و سیاسەتەکانی هەردوو ئۆباما و بایدن هاوتەریب بێت.
سەبارەت بە غەززە، هاریس هەڵوێستی ئیدارەی بایدنی سەبارەت بە بەرقەرارکردنی ئاسایشی غەززە و ئیسرائیل دووپات کردەوە، هەروەها ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردنی غەززە دوای جەنگ. ئەو جەخت لەسەر پێویستیی دیدێکی سیاسیی ڕوون دەکاتەوە بۆ دەوڵەتێکی داهاتووی فەڵەستین لەژێر چاکسازیکردن لە دەسەڵاتێکی فەڵەستینیدا؛ ئەمەیش ئاماژەیە بۆ پشتگیریکردنی لە چارەسەری دوو-دەوڵەتی.
سەبارەت بە ئێران، هاریس ڕەخنەی لە بڕیارەکەی ترامپ گرت بۆ کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ و بە “بێباکانە” ناوی برد. لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠١٩دا، بەڵێنی دا جارێکی دیکە پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکەوە بکاتەوە. هاریس هەروەها دژی تیرۆرکردنی ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی لەلایەن ئیدارەی ترامپەوە وەستایەوە و جەختی لە پاراستنی سەربازانی ئەمریکا و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.[15]
ئیدارەی بایدن، دانی بە کەمبوونەوەی پێویستیی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ناوە و بیر لە کشانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە. هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ زیادبوونی کاریگەریی ئێران لە ناوچەکەدا و سیناریۆیەکی نیگەرانکەر بۆ واشنتۆن بخاتە ڕوو کە پڕە لە دەرەنجامە پێشبینینەکراوەکان.
پێشبینیی لێکەوتەکانی سیاسەتی ترامپ لەسەر هەرێمی کوردستان
ڕوانگەی ئەمریکا، ئینجا چ ترامپ بێت یان هاریس، پشت بە چەند فاکتەرێک دەبەستێت کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و عێراق ڕەچاوی دەکات، کە بریتین لە سێ پرسی سەرەکی:
یەکەم/ شەڕی دژەتیرۆر
سەرەکیترین گرنگیی هەرێمی کوردستان بۆ سیاسەتی ئەمریکا لە ڕوانگەی شەڕی دژەتیرۆرەوە دەبێت؛ ئەوان هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراو دەبینن کە لە عێراق زیاتر جێگەی متمانەن بۆ ئەمریکا؛ سەڕی ڕمی ئەو سیاسەتەیش بریتییە لە بوونی هێزەکانی پێشمەرگە. ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانانی ئەمریکاش تا ئێستا وەبەرهێنانی زۆریان لە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و، پڕچەکیان کردوون؛ ئیدارەی ترامپیش هەر لەسەر ئەم هەماهەنگییە بەردەوام دەبیت. بۆیە گرنگە لە هەرێمی کوردستان هێزەکانی پێشمەرگە بەنیشتمانی بکرێن و لە دەستی حزب و کەسەکان بێنە دەرەوە، ئەگینا هاوپەیمانان و ئەمریکاش ئەوکات پشت بە پێشمەرگە نابەستن و جیاوازیی پێ ناکەن لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی کە وەلای شەخسی و مەزهەبییان هەیە نەک دامەزراوەیی و نیشتمانی.
دووەم/ مەلەفی ناوکیی ئێران و چاودێریکردنی ئێران
تا مەترسیی ئێران هەبێت ئەمریکییەکان دەیانەوێت لە عێراق بمێننەوە، چونکە وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، نەمانی ئەوان واتا بەهێزبوونی ئێران لە عێراق و دەوروبەری عێراق واتا لوبنان و سووریا، هەروەها دروستکردنی کێشە بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا. بۆیە هەتا لە سەردەمی تڕامپیش ئەمریکا عێراقی جێ نەهێشت، هەر لەبەر مەترسیی ئێران. لە عێراقیش ئەمریکییەکان گەر گوشاریشیان لەسەر بێت، ئەگەری هەیە پاشەکشە بکەن بۆ هەرێمی کوردستان؛ كونسوڵخانەی ئەمریکا لە عێراق ساڵێکی تر تەواو دەبێت و بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەمریکا، چ ڕاوێژکار و چ هێزی سەربازی، بە ئەگەری زۆر لە و كونسوڵخانەیە جێگیر دەکرێن. ئەم فاکتەرەیش کاریگەریی هەیە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، هەرچەندە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە پرسی گوشارخستنە سەر ئێران؛ ئەمریکییەکانیش ئەو چاوەڕوانییەیان نییە لە هەرێم. ئەمە هەندێک جار دەبێتە سەرئێشە بۆ هەرێمی کوردستان بەڵام وەک وتم ئەمە لەدەست هەرێم نییە. بژاردەی هەڵبژاردنی ئەمریکا یان ئێران، بۆ هەرێمی کوردستان بژاردەیەکی سەختە.
سێیەم/ ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا
بەشێک لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر عێراق و بە ئاستێکی کەمتر بەرامبەر هەرێمی کوردستان، پەیوەستە بە ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا، بەتایبەت هەڕەشەی ئێران و پڕۆکسییەکانی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە. بۆیە تا ئەم هەڕەشەیە هەبێت، هەر یەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێک دەبن لە گرنگیی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئیدارەی ترامپیش ناتوانێت ڕەچاوی ئەو بنامەیانە نەکات لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. ڕۆژهەلاتی ناوڤین و عێراق بەردەوام سەرچاوەی کێشە و مەترسین و، لە هەمان کاتدا دەرفەتیشە بۆ ئەمریکا بۆیە ناتوانێت بە ئاسانی فەرامۆشی بکات.
پرسێکی تر ئەوەیە کە ترامپ هەوڵ دەدا چارەسەرێک بۆ کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل بدۆزێتەوە ئەگەرچی لایەنگری تەواوی ئیسرائیلە، بەڵام کۆتاییپێهێنانی جەنگی غەززە دەسکەوتێکە ترامپیش چەندان جار ئاماژەی پێ داوە کە گەر هاتە سەر حوکم، ئەوە کۆتایی بە جەنگی غەززە دەهێنێت. چارەسەکردنی دۆخی فەڵەستین بۆ پرسی کورد باش دەبێت. کورد ئەگەر بتوانێت قەناعەتێک لای ترامپ دروست بکات، ئەگەر کێشەی فەڵەستین چارەسەر بکرێت، دەبێت کێشەی کوردیش چارەسەر بکرێت. ڕەنگە هەر یەکە لە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوکات پرسی کورد وەک کارتێک دژی تورکیا و ئێران و سووریا و عیراقیش بەکار بهێنن.
دەرەنجام
ئەمریکا یان ئیدارەی ترامپ سیاسەتێکی ڕاستەخۆی نییە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەڵکوو ئەوەی هەیە زیاتر پەیوەستە بە مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ ئەکتەرەکانی تر لە ناوچەکەدا کە پەیوەستە بە پرسی کورد؛ ئەمەیە لە ڕاستیدا لە سیاسەت و ڕوانگەی ئەمریکاوە گرنگی بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەدات.
ئەکتەرەکانی تر، مەبەستم عێراق و تورکیا و ئێران و سووریان لە ناوچەکە، مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ ئەم چوار وڵاتە کاریگەریی دەبێت لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان. دوای ٢٠١٤ فاکتەرێکی گرنگی تریش هاتۆتە ناو هاوکێشەکە، کە ئەویش شەڕی دژەتیرۆر و مەترسی گرووپە تیرۆریستییەکانە لە ناوچەکەدا، ئینجا لە ئیدارەی ترامپ بێت یان کەمالا هاریس- هەرێمی کوردستان بە هاوکارێکی گرنگ دەبینێت بۆ دژایەتیی تیرۆر لە عێراق و سووریا. بۆ ئەم مەبەستەیش تا ئێستا هەماهەنگی و ڕێکكەوتن لە نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە. بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان و چاکسازیی باش بکات لە وەزارەتی پێشمەرگە کە جێگەی متمانەی ئەمریکا بێت بۆ کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەکان:
[1] Shafaq News, 2024. Trump’s Middle East strategy: past policies and future prospects. Available at: https://shafaq.com/en/Report/Trump-s-Middle-East-strategy-past-policies-and-future-prospects#:~:text=Moreover%2C%20Trump%20aimed%20to%20reshape,movement%2C%20including%20in%20eastern%20Syria [Accessed 11 August 2024].
[2] Mearsheimer, J.J., 2014. John Mearsheimer’s theory of offensive realism and the rise of China. Available at: https://www.e-ir.info/2014/03/06/john-mearsheimers-theory-of-offensive-realism-and-the-rise-of-china/ [Accessed 11 August 2024].
[3] Future UAE, 2024. Future outlook: will Trump 2.0 handle Middle Eastern issues differently? Available at: https://futureuae.com/en-US/Mainpage/Item/9478/future-outlook-will-trump-20-handle-middle-eastern-issues-differently [Accessed 11 August 2024].ی
[4] Strategy+Business, 2024. A transactional approach to power. Available at: https://www.strategy-business.com/blog/A-transactional-approach-to-power [Accessed 11 August 2024].
[5] Al Majalla, 2024. The effects of a Trump or Harris presidency on the Middle East. Available at: https://www.almajalla.com [Accessed 11 August 2024].
[6] Orient XXI, 2024. U.S. policies in the Middle East under the Trump presidency. Available at: https://orientxxi.info/magazine/u-s-policies-in-the-middle-east-under-the-trump-presidency,1808 [Accessed 11 August 2024].
[7] Future UAE, 2024. Future outlook: will Trump 2.0 handle Middle Eastern issues differently? Available at: https://futureuae.com/en-US/Mainpage/Item/9478/future-outlook-will-trump-20-handle-middle-eastern-issues-differently [Accessed 11 August 2024].
[8] Carnegie Endowment for International Peace, 2024. Strategic change in US foreign policy. Available at: https://carnegieendowment.org/research/2024/07/strategic-change-us-foreign-policy?lang=en [Accessed 11 August 2024].
[9] Shafaq News, 2024. Trump’s Middle East strategy: past policies and future prospects. Available at: https://shafaq.com/en/Report/Trump-s-Middle-East-strategy-past-policies-and-future-prospects#:~:text=Moreover%2C%20Trump%20aimed%20to%20reshape,movement%2C%20including%20in%20eastern%20Syria [Accessed 11 August 2024].
[10] Iraq Oil Report, 2024. Trump’s Iraq strategy is foolish. Available at: https://www.iraqoilreport.com/daily-brief/trumps-iraq-strategy-is-foolish-37019/ [Accessed 11 August 2024].
[11] Shafaq News, 2024. Trump’s Middle East strategy: past policies and future prospects. Available at: https://shafaq.com/en/Report/Trump-s-Middle-East-strategy-past-policies-and-future-prospects#:~:text=Moreover%2C%20Trump%20aimed%20to%20reshape,movement%2C%20including%20in%20eastern%20Syria
[12] Iraq Oil Report, 2024. Trump’s Iraq strategy is foolish. Available at: https://www.iraqoilreport.com/daily-brief/trumps-iraq-strategy-is-foolish-37019/ [Accessed 11 August 2024].
[13] Al Majalla, 2024. The effects of a Trump or Harris presidency on the Middle East. Available at: https://www.almajalla.com [Accessed 11 August 2024].
[14] NBC Washington, 2024
[15] Daily News Egypt, 2024. Opinion: Trump vs Harris – Middle East faces stark choices in upcoming US elections. Available at: https://www.dailynewsegypt.com/2024/07/31/opinion-trump-vs-harris-middle-east-faces-stark-choices-in-upcoming-us-elections/ [Accessed 11 August 2024].