پێنووس
2024

ئاییندەى گۆڕاوە ستراتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەگەرى گەڕانەوەى ترامپ

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

ترامپ وەک مەتەڵێک بۆ ئەمریکییەکان

ترامپ چل و پێنجەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە 20/1/2017 – 20/1/2021، لە 14/6/1946 لەدایک بووە. کێشی (110 کلگم)ە. ساڵی 1964 ئەکادیمیاى سەربازیی تەواو کردووە. ساڵی 1967 بەکالۆریۆسی لە زانستەکانى ئابوورى لە کۆلێژى وارتۆن لە زانکۆى پێنسیلڤانیا بەدەست هێناوە. 3 جار هاوسەرگیریی کردووە؛ دووان لەوان مۆدێلیست بوون، ئەوى تریشیان ئەکتەر؛ لەو سییانە دووانیان خاوەنی ڕەگەزنامەى ئەوروپی بوون: چیک، سلۆڤینی. 5 منداڵی هەیە. نرخی کۆشکەکەى بە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێ. لە سەرەتاى هەڵمەتى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ڕای گەیاند کە خاوەنى نزیکەى 10 ملیار دۆلارە. ساڵانە نزیکەى 557 ملیۆن دۆلار قازانج دەچێتە سەر سەرمایەکەى. پیاوی کارە لە بوارى خانووبەرە و، بایەخیشی بە پیشەسازیی فڕۆکەوانى داوە. لەناودارترین باڵەخانەکانیشی، “ترامپی نێودەوڵەتی”یە کە لە 72 نهۆم پێک هاتووە و دەکەوێتە بەرامبەر بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان. فڕۆکە تایبەتییەکەى بەهاکەى 7 ملیۆن دۆلارە؛ هەندێ فڕۆکەى تریشی هەیە بەهاکەیان بە 35 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێ. ئەندامە لە لیستی فۆربس بۆ ملیاردێرەکان و ئەندامە لە سەندیکاى هونەرمەندانى شاشە. خاوەنى “ڕێکخراوى ترامپ”ە کە گرووپێک کۆمپانیاى ئەمریکیی نێودەوڵەتی لەخۆ دەگرێت؛ ساڵی 1923 لەلایەن باوکییەوە دروست کراوە، بارەگاکەیشی لەناوەندى گەڕەکى مانهاتنى بەناوبانگە لە شارى نیویۆرک. سەر بە “کەنیسەى ئینجیلی مەشیخی”یە و بە مەزهەب پرۆتستانتە، کە یەکێکە لەو ڕێچکانەى زۆر پابەندن بە ئینجیلەوە و ڕاستەوخۆ ڕێنمایی لە كتێبی پیرۆزەوە وەردەگرن. ترامپ زیاتر لە خانووبەرە و پیشەسازیی فڕۆکەوانى و گازینۆکان و شوێنەکانى ڕابواردن لەناو ئەمریکا و دەرەوە وەبەرهێنان دەکات. زیاتر گرنگى بە باڵادەستى و قازانج و دەسەڵات و چۆن دەوڵەمەندبوون دەدات، هەر بۆیە لەو 15 كتێبەی کە هەیەتى، زیاتر لەو بارەوەن.

ترامپ بۆ ئەمریکییەکان و تەواوى دونیا، سەرۆکێکی تا بڵێی سەمەرە و ئاڵۆزە! ئەو بیزنسمانە؛ بە زەینییەتی مامەڵە و قازانج بیر دەکاتەوە: بەوەى چەندی دەست دەکەوێ. ئارەزووى خۆدەرخستنى لە شاشەکانەوە زۆرە. تا بڵێی ڕاشکاوانە دەدوێ. یەکەمین سەرۆکی ئەمریکایە کە خزمەتى سەربازیی نەکردبێ. هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسیی نییە تا ساڵی 2000. کەسێکی پۆپۆلیستە، کۆنسێرڤاتیستە، گۆشەگیرە و تاقەتى کۆبوونەوە و گفتوگۆى درێژخایەنى نییە و حەوسەڵەى زۆر کەمە؛ ئارەزوو دەکا بەس گوێی بۆ بگیرێ نەک بەپێچەوانەوە. نەتەوەپەرستێکی توندڕەوە. ڕەگەزپەرستە و زۆر کەیفی بە کارکردن لەگەڵ ئافرەت نایەت. تا بڵێی چاوچنۆک و بەتەماحە. دانایی لە کارەکانیدا لاوازە. وەلائى بۆ هیچ کەسێک نییە تا ڕازییان بکات و، زووش بڕیار دەدات و ئامۆژگارییش قبووڵ ناکات. زۆر هەستیارە و بە بچووکترین شت تووڕە دەبێ. زۆر بوێرە و، هەمیشە عەوداڵی شکۆدارى و کارى مەترسیدار و ورووژێنەرە و ڕەخنەیش قبووڵ ناکات و، شەرمن نییە و، ترسی لە ڕووبەڕووبوونەوە نییە و، بایەخ بە هەست و سۆزی بەرامبەرەکەى نادات و هەمیشە بە دیدێکی دوژمنانەوە مامەڵە لەگەڵ ڕکابەرەکانیدا دەکات، یان هەر کەسێک کە لەگەڵیدا هاوڕا نەبێ. تەنیا بەرژوەندیی خۆى لا مەبەستە، هەر بۆیە لە سەرۆکایەتییش تەنیا بەرژەوەندیی ئەمریکاى دەویست و دروشمی “لە پێشدا ئەمریکا” کە بۆ دووەمین جارە لە دواى “فرانکلین ڕۆزڤێلت”، سی و دووەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە، بەکار دێتەوە.

کەسایەتیى ترامپ لەلایەن پسپۆرانى ئەمریکییەوە كۆمەڵێك لێکۆڵینەوەى لەسەر کراوە، هەر بۆیە زۆرێک لە “زانایان و مێژوونووسان”ی ئەمریکی، ترامپ بە یەکێک لە خراپترین سەرۆکەکانى ئەمریکا ئەژمار دەكەن. كتێبی “حاڵەتى ترامپی ترسناک”یش کە لەلایەن گۆڤارى “نیویۆرک تایمز”ەوە ئامادە کرابووو، یەکێک بوو لە پڕفرۆشترین كتێبەكانی ساڵی 2017؛ کە لە دووتوێیدا 27 ڕاپۆرت لەلایەن “پزیشک و پسپۆرانی دەروونی”یەوە ئامادە کرابوو و، تێیدا حاڵەتى دەروونیى ترامپ بە مەترسیدار دەبینن و پێیان وایە کاریگەریى نەرێنیى بۆ سەر ئەمریکاش لێ دەکەوێتەوە. هەر بۆیە بەهۆی ڕەفتارەكانییەوە بوو کە 37 تۆمەتى جیاجیاى بدەنە پاڵ، لەوانەیش: گلدانەوەى بەڵگەنامەى نهێنی بەبێ مۆڵەت، ئاستەنگنانەوە بۆ ڕەوشی دادپەروەرى، شاردنەوەى بەڵگەنامەکان، بڵاوکردنەوەى هەندێ نووسراوى ساختە لە بەردەم دامەزراوەکانى جێبەجێکردنى یاسا، گێچەڵی سێکسی، چەندان سەرپێچى و لادانى ئەخلاقی و ئابڕووبەرانە لە سەروبەندی پەیوەندییە لادەرەکانى لە دەرەوەى خێزان، تایبەت لەگەڵ ئەکتەرانى پۆرن.

ئەدى بۆچی سەربارى ئەوەیش هەر ڕکابەرێکی بەهێزە؟

سەربارى ئەو تۆمەت و هەڵسەنگاندنە نەرێنییانەى کە بۆ سەرۆک ترامپ کراوە و دەکرێ، بەڵام تا ئێستا لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمریکا، کاندیدێکی بێڕکابەرە لەسەر ئاستى حزبى کۆمارى و، سەرسەختێکیشە لە بەردەم ڕکابەرەکەى لە حزبی دیموکرات و، بە ڕکابەرێکی بەهێز ماوەتەوە چونکە:

  • تواناى بەرجەستەکردن و دەربڕینی پەیامی کۆمارییەکانى هەیە بەڕاشکاوى و ڕوون.
  • هەر لە خولی یەکەمى سەرۆکایەتییەکەیەوە تواناى بەرجەستەکردنى پەیامی کۆنسێرڤاتیستە ڕاستڕەوەکانى هەبووە، هەر بۆیە لەلایەن ڕاستڕەوەکانەوە پشتیوانیى لێ دەکرێ و هەوڵی سەرکەوتنى بۆ دەدەن؛ چونکە ئەو باشترین کاندیدە بۆ جێبەجێکردنى ئەجێنداى کۆنسێرفاتیستە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان؛ کە ئەمە خاڵێکی زۆر میحوەرییە بۆ ناوەوەى ئەمریکا.
  • جەختکردنەوەى لەسەر ناوخۆى ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانى، پێش هەموو لایەنێک.
  • لە سیاسەت و ستراتیژییەتەکانیدا پشتیوانیی تەواوى ئیسرائیل دەکات؛ بەمەیش سەرمایەدار و زۆرینەى میدیاى ئەمریکی دۆستیەتى.
  • بۆ دەرەوەى ئەمریکا تەنیا بایەخ بە مانەوەى ئەمریکا دەدات بە بەهێزی و دەستکەوتنى قازانجى زیاتر؛ هەر بۆیە زۆر بەکەمى جەخت لە دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ دەکاتەوە.

کۆنسێرڤاتیستە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و پڕۆژەى 2025

پرۆژەیەکى کرداریی هەڵسەنگێنراوى زۆر وردە و، لەلایەن 100 ڕێکخراوی ڕاستڕەوی كۆنسێرڤاتیستی لەڕاددەبەدەر توندڕەوی ئەمریکییەوە ئامادە کراوە، کە بە چاودێری و سەرپەرشتیی ڕێکخراوى کەلەپوور  (The Heritage Foundation)ئامادە کراوە. پوختەى پرۆژەکە ئەوەیە کە: سەرۆک ترامپ لە ماوەى سەرۆکایەتیى پێشوویدا نەیتوانی ئەمریکا بەرەو گۆڕانکاریى پێشبینیکراوى ڕێکخراوەکە ئاراستە بكات. بە ڕاى ئەوان: دەبووایە ترامپ زیاتر کۆنسێرڤاتیست و توندڕەو بووایە. بە لاى ئەوانەوە هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونى پلانێکی ڕوون و نەبوونى کەسانی تایبەت و بە ژمارە تەواو کە وەلائیان بۆ جێبەجێکردنى پلانەکە هەبێ.

پرۆژەکە جەخت لەسەر چارەسەرى چوار کەموکورتى دەکاتەوە، ئەویش لەنێو چوار فاکتەرى سەرەکییەوە:

  • بوونى ئەجێندایەکی سیاسیی ڕۆشنى تەواو کە دەبێ وەک پلان پەیڕەویی لێ بکرێ.
  • بوونى کارمەند و کاربەدەست کە وەلائى تەواویان بۆ جێبەجێکردنى پلانەکە هەبێت.
  • بوونى ئەکادیمیایەکى تایبەت بۆ ڕاهێنان لەسەر ئاستى سەرۆکایەتى، تا ئەو کارمەندانە سەرخستنى جێبەجێکردنى پلانەکە مسۆگەر بکەن.
  • بوونى كتێبێک کە تێیدا بەتێروتەسەلی ئاماژە بە ئەجێنداى تایبەت و تەواو دیاریکراو بدات کە دەبێ لە ماوەى 180 ڕۆژی سەرەتاى دەستبەکاربوونى ترامپ جێبەجێ بکرێن.

ئەو پرۆژە کۆنسێرڤاتیستە توندڕەوە، لە دادبینیی دادگەکانەوە لەلایەن دادوەرە ڕاستڕەوە کۆنسێرڤاتیستەکانەوە دەپارێزرێ، ئەویش لەلایەن دامەزراوەى کۆمەڵگەى فیدراڵییەوە (Federalist Society) سەرپەرشتی دەکرێ، کە زیاتر لە 100 هەزار پارێزەر و یاساییی تێدا ئەندامە؛ لە گەورەترین دەستکەوتەکانیشی ئەوەیە کە پێنج لە دادوەرانى دادگەى باڵاى وڵات (The Supreme Court)  لاى ئەوەوە دەرچوون: بریت کاڤانۆ، نیل گۆرساچ، ئیمی کۆنی باریت، کلارنس تۆماس، ساموێل ئالیتۆ. لەو دادوەرانە، سییانی یەکەم لەلایەن ترامپەوە کاتێک لە سەرۆکایەتیی وڵات بوو، دانراون.

ئەوەى کە جێی بایەخ و تێبینییە، ئەو پرۆژەیە زۆر گرنگی بە گۆڕانکاری لە بونیادی دەوڵەت و دامەزراوەکانى بەگشتی دەدات؛ ئەو گۆڕانکارییانەیش ڕەنگدانەوەى مەترسیدارى دەبێ لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوەى ئەمریکا بەگشتى و لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش بەتایبەتى. ئەو بیرۆکە و پلانانەیش لە كتێبێکى قەبارە گەورە لە دووتوێی 922 لاپەڕەدا بە ناونیشانی دەسەڵاتدان بە سەرکردایەتى: بەڵێنی کۆنسێرڤاتیستەکان (Mandate for Leadership: The Conservative Promise) باس و تۆمار کراون.

بەو پێیە بێت، ترامپ کارەکتەرێکی بەهێزی جێبەجێکردنى ئەجێنداى کۆنسێرڤاتیستەکانە و چاوەڕوانى قۆناغێکی توند و ئاشوب لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و چەندان گۆڕانکاریى بونیادی لە کۆمەڵگەى ئەمریکی دەکرێ. “جۆ بایدن”یش هەستى بەو مەترسییە کردووە و لە لێدوانێکیدا پێش زیاتر لە دە ڕۆژ لەمەوبەر سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیى مانگى نۆڤەمبەرى ئەمساڵ، ڕای گەیاند: چاوەڕوان دەکرێ ئەگەر ترامپ بدۆڕێ، بەرەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ نەکات، ئەوەیش کۆمەڵگەى ئەمریکی و ئەزموونى دیموکراسی و هەژموونى بەسەر دونیاوە، تەواو دەخاتە ژێر پرسیار و مەترسییەوە. هەر بۆیە گەڕانەوەى ترامپ ئەوەندەى کە لە بەرژەوەندیى کۆنسێرڤاتیستەکانى ئەمریکایە، هێندە لە بەرژەوەندیى هیچ لایەنێکدا نییە.

بنەماکانى پەیامی ترامپ: “یەکەمجار ئەمریکا” ئەوەیە: پاراستنى ئەمریکا لە هەموو مەترسییەک لە ئێستا و ئاییندە، پەرەدان بە خۆشگوزەرانیى ئەمریکا و لەپێشەنگدا هێشتنەوەى، پاراستنى ئاشتى لە هەناوی هێزەوە، پەرەدان بە کاریگەرى و هەژموونى ئەمریکا بەسەر دونیاوە. بەڵام خولی سەرۆکایەتییەکەى پێشوووى بەوە دەناسرایەوە: بێسەروبەرى و لاوازیى ڕێکخستن، جەمبوونى دەسەڵاتەکان لە خۆیدا و گوێنەگرتن بۆ هیچ کام لە ئەندامانى ستافەکەى (هەر بۆیە چەندان وەزیر لە سەردەمی ئەودا بەهۆى جیاوازیى بۆچوونەوە ناچارى وازهێنان کران لە کارەکانیان لەلایەن سەرۆکەوە)، دانانى چەندان کەسی نەشیاو لە شوێنی هەستیار، دانانى کەسانى میلیتار لە چەند پۆستێک لە حکوومەتەکەى، شپرزەیی و پەرتەوازەیی لە پرۆسەی دروستکردنى بڕیاردا، کە پێشتر ئەمریکا ئەو حاڵەى بەخۆیەوە نەبینیوە، کەمترین بایەخدان بە دیموکراسییەت و مافەکانى مرۆڤ، هەڵکشانی ڕەوتى کۆنسێرڤاتیست لەناو حکوومەت و کۆمەڵگەى ئەمریکی، ئەوپەڕی لایەنگیری بۆ بەرژەوەندییەکانى ئیسرائیل، کشانەوە لە دانوستانى بازرگانی بۆ شەراکەتى مەوداى زەریا، کشانەوە لە ڕێکكەوتننامەى پاریس سەبارەت بە گۆڕانکاریى ژینگە، کشانەوە لە ڕێکكەوتننامەى ناوکى لەگەڵ ئێران و هتد.

ترامپ باوەڕی بە بەکارهێنانى هێزی ڕەق (Hard power) هەیە؛ زۆر باوەڕی بە بەدەستهێنانى هێزی زبر یان ڕەق بۆ ئەمریکا هەیە و، بەردەوام هەوڵی بۆ دەدا، چونکە لە زەینييەتى سیاسيی ئەودا ئەو جۆرە لە هێز، ئەمریکا بەرەو بەدەستهێنانى هێزی ڕەها دەبا؛ بەو هێزە ڕەهایەیش سەرکەوتنى ڕەها و تەواو بەدەست دێت. باوەڕی وایە سیاسەتى نێودەوڵەتى، ململانێیە لە پێناو بەدەستهێنانى هێزى زیاتر و هیچی دیکە نا؛ ئەمریکاش لەو ڕووەوە پێویستیی بە دونیا نییە، بەڵکوو هەموو دونیا پێویستیى بە ئەو هەیە. هەر بۆیە لە ماوەى سەرۆکایەتییەکەى، خەرجیی بەرگریى وڵاتەکەى بە ڕێژەى 10% زیاد کرد، بەڵام لە بەرامبەردا بوودجەى تەرخانکراو بۆ دیپلۆماسییەت و پەرەپێدانی، بە زیاتر لە 30% کەم کردەوە. لەو ڕوانگەیەوەیش پێداچوونەوەى بە دوو دەیەى سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکادا کردەوە و تەنیا جەختى لەسەر ڕکابەریى نێودەوڵەتى دەکردەوە و تەنیا بەرژەوەندیى ئەمریکا جێی بایەخە و هیچی تر نا.

لەو باکگراوندە سیاسییەوە بۆمان دەردەکەوێ کە سەرۆک ترامپ هیچ بیرۆکەیەکی بۆ دەستێوەردانی مرۆیی نییە، مەگەر کارێک بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە؛ واتە بەرژەوەندیى لە سەروو پەیامی لیبرالییەت و دیموکراسییەتەوە دادەنا. لەوێیشەوە تەنیا پشتى بە ڕا و کارى کەسیی خۆی هەبوو و هەیە؛ ئارەزووى لە هیچ کارێکی بەکۆمەڵ نەبوو و نییە یو هیچ کۆمەکییەکی ئەوتۆشی بۆ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دابین نەکرد.

کەواتە تەنیا بۆچوونى نەتەوەییی “یەکەمجار ئەمریکا”، لە پێشەنگی کار و ئەجێنداکانیەتى. لەسەر ئاستى سیاسەتى دەرەوەیش گرنگى بە سیاسەتى مامەڵە دەدات و پشت بە تواناى کەسێتیی خۆى دەبەستێ نەک پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان؛ مەبەستی مامەڵەیەکی خێرایە و، هەروەها ئەوەی كە چەند قازانجی دەست دەکەوێ، نەک بونیادنانى پەیوەندییەکى درێژخایەن. هەر بۆیە تا بڵێی پۆپۆلیستە و تەنیا جەخت لەسەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا دەکاتەوە لە ناوەوە. پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى ئەمریکا لە سەردەمى ئەودا بەرەو داکشان چوون.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زەینییەتى سیاسیی ترامپدا

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی پڕبایەخ و ستراتیژییە بۆ دەوڵەتانى ڕۆژاوا، تایبەت بۆ ئەمریکا. ئەو ناوچەیە 5 دەریا و 6 کەنداو و 7 دوورگەى تێدایە و، 56.5% یەدەگى نەوتى خاو لە جیهاندا تەنیا لە دەوڵەتانى عەرەبیدایە؛ هەر بۆیە بە کلیلی ستراتیژى و جیۆپۆلیتیکی دونیا ئەژمار دەکرێ. ئامانجەکانى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست جەم بوون لە: بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، زاڵبوون بەسەر سەرچاوەکانى وزە، بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەى چەکی کۆمەڵکوژ، پاراستنى ئاسایش و هەژموونى ئیسرائیل، گەمارۆدانى ئەو هێزانەى کە دژن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا، بڵاوکردنەوەى بیر و کەلتوور و بەهاى ئەمریکی. بەڵام تا ئێستا ئەمریکا نەیتوانیوە ئەو ناوچەیە کۆ بکاتەوە و بیکاتە کوتلەیەکى یەکگرتوو و شوێنکەوتوو بۆ ستراتیژییەتى خۆى. لەوەیش خراپتر، لە سەردەمى ترامپ دووچارى لێکترازانى زیاتر و ئاشوب هات، چونکە تێڕوانینی ترامپ لە سێ ئامانجی سەرەکیدا خۆی دەبینییەوە: نابێ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ببێتە مۆڵگەیەکی هێور بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، ڕێنەدان بە هەژموونى ئەو هێزانەى کە دژى ئەمریکان لە ناوچەکە، بەتایبەت ئێران و ڕووسیا و چین، کارکردن لەسەر سەقامگیریی بازاڕی وزەى جیهانى.

بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجە ئەمریکا زۆرترین کۆمەکی بە دەوڵەتانى ناوچەکە داوە، بەتایبەت ئەوانەى کە ڕێکكەوتننامەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە؛ بۆ نموونە لە ساڵی 2021 زیاتر لە 15.6 ملیار دۆلار کۆمەکی ئەمریکایە بۆ جیهان؛ لەو بڕە، 6.5 ملیار دۆلارى بۆ دەوڵەتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە، واتە 41.6%؛ لە کۆى ئەو 6.5 ملیارە، بڕی 6 ملیارى بۆ تەنیا 3 دەوڵەتە (ئیسرائیل 3.3، میسر 1.4، ئوردن 1.3).

کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا بارودۆخی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دواى هاتنەوەى ترامپ بەرەو سەقامگیری دەچێ یان ئاشوب؟ وەڵامەکە ڕوونە، کە بەرەو ئاشوبە. کەواتە گەڕانەوەى ترامپ بۆ ناوچەکە چی دەگەیەنێ؟ زیاتر گوشارخستنە سەر فەڵەستینییەکان بۆ ئاشتى لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکاش وەک نێوانگیر (نێوبژیكار) ڕۆڵ بگێڕێ، بەردەوامبوونى جەنگ لە دژى داعش، نەگەڕانەوە بۆ ڕێکكەوتننامەى چەکی ناوکى لەگەڵ ئێران و زیاتر گوشارخستنەسەرى، هەڵکشانى توندوتیژى و ڕەوتى دیکتاتۆرییەت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، برەودان بە دووبەرەکى و ململانێ لە ناوچەکە، بەتایبەت لە نێوان سعوودیا و ئێران. هەر بۆیە لە 45%ی چەکی فرۆشراوی ئەمریکا لە جیهاندا بۆ دەوڵەتانى ناوچەکە بووە، چونکە ئەمریکا هیچ پرۆژەیەکی نییە بۆ بونیادنانەوەى دەوڵەتانى ناوچەکە لەسەر بنەماى دیموکراسییەت و فەرمانڕەواییی دروست. هەر بۆیە شەپۆلی پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ و داکشانی دیموکراسییەت ئەگەرێکی بەهێزە؛ سەرهەڵدانەوەى شەپۆلێکی ترى جەنگ لە یەمەن و، زیاتر گوشارخستنە سەر ئێران، هەوڵدان بۆ دابڕینی پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئێران و گورزوەشاندنى زیاتر لە ڕەوتە وەلائییەکانى سەر بە ئێران لە عێراق، برەوى زیاترى دەبێ.

کەواتە هیچ جۆرە چاکسازی و پرۆژەیەکی ئاسایشی هەرێمی و دیموکراسی لە ئارادا نییە و، تەواوى هەوڵەکانى چاکسازییش بێئاکام مانەوە؛ بۆ نموونە تەنیا لە 12/12/2002 – 30/6/2004 نزیکەى 13 پرۆژەى دەستپێشخەرى بۆ ڕیفۆرم لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست خرانە ڕوو، بەڵام هەموویان بێئەنجام بوون؛ هەموویان کۆک بوون لەسەر: پەرەدان بە دیموکراسییەت و فەرمانڕەواییی دروست، بونیادنانى کۆمەڵگەیەکی مەعریفی، فراوانکردنى دەرفەتە ئابوورییەکان. کەواتە ئەوەى کە بیست ساڵە کارى لەسەر دەکرا، لە سەردەمى فەرمانڕەواییی ترامپ بێهوودە کرا.

دەوڵەتانى کەنداو

گەڕانەوەى ترامپ لە بەرژەوەندیى زۆربەى دەوڵەتانى کەنداوە، وەک: سعوودیا، ئیمارات، بەحرێن، ئوردن، عوممان، وڵاتانى ترى عەرەبییش وەک میسر و سوودان و مەغریب سوودمەند دەبن؛ تەنانەت ترامپ بە سیسی، سەرۆکی میسری دەوت: دیکتاتۆرە دڵخوازەکەم! نیویۆرک تایمز ئەوەى ئاشکرا کرد کە ترامپ لە سەرەتاى مانگى چوارى 2024 پەیوەندیی بە شازادەى جێنشینی سعوودیاوە کردووە و باسیان لە پەیوەندییەکانیان کردووە لە داهاتوودا؛ پێشتریش هەر لە سعوودیا ترامپ بەشداریى لە لووتکەى عەرەبی-ئیسلامی-ئەمریکی کرد کە سعوودیا بۆ ئەمریکاى ڕێک خستبوو و توانیى 55 سەرکردەى جیهانی ئیسلامی و عەرەبی کۆ بكاتەوە. بۆ نموونە گەڕانەوەى ترامپ بۆ سەرۆکایەتى، ئەوە دەگەیەنێ بۆ سعوودیا: تەواوکردنى ئەو ڕێکكەوتنەى کردوویانە کە بڕەکەى زیاترە لە 460 ملیار دۆلار (لەو بڕە پارەیە زیاتر لە 110 ملیارى بۆ کڕینی چەکە لە ئەمریکا)، پشتیوانیکردنى سعوودیا دژ بە ئێران و حووسییەکانى یەمەن.

بەڵام پرسیارە هەستیارەکە ئەوەیە: ئایا لە دواى گەڕانەوەى ترامپ، کام دژوارى بۆ دەوڵەتانى کەنداو دێـتە ئاراوە؟

  • هەڵکشانى ململانێی ئێران و دەوڵەتانى کەنداو.
  • برەودان بە ئاساییکردنەوەى پەیوەندیی ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ ئیسرائیل. ئەنجومەنى هاریکاریى کەنداو شەشن: ئیمارات، سعوودیا، عوممان، قەتەر، کوێت، بەحرێن؛ لەو دەوڵەتانە تەنیا سعوودیا و کوێت پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل نییە.
  • دەبێ ئەو دەوڵەتانە سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیاندا بکەنەوە لەگەڵ چین و ڕووسیا. بۆ نموونە لە کۆتاییی ساڵی 2023، قەبارەى بازرگانیى نێوان چین و دەوڵەتانى عەرەبی، 431 ملیار دۆلار بوو؛ لەو ژمارەیە ڕێژەى 76.7%ی ئەو بازرگانییە لەگەڵ دەوڵەتانى هاوپەیمانانى ئەمریکا و ئیسرائیل بووە؛ بۆ نموونە تەنیا 384 ملیارى لەگەڵ سعوودیا، ئیمارات، عێراق، عوممان، کوێت، قەتەر و، میسر بووە.
  • هەڵکشانی زیاترى هاوکێشەى ململانێ لە نێوان ئەمریکا و چین و ڕووسیا لە کەنداو.
  • بەدەرکەوتنى فرەچەشنى لە هاوپەیمانێتییە سیاسی و ئاسایشییەکان لە ناوچەکە.
  • لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا؛ بەپێچەوانەوە دەوڵەتەکە مامەڵەى دوژمنى ئەمریکاى دەرهەق دەکرێ.

کەواتە گەڕانەوەى ترامپ هەندێ دژوارى بۆ دەوڵەتانى کەنداو دەنێتەوە، بەڵام هاتنەوەى مەترسیدار نییە لەسەریان، چونکە بەرژەوەندى و مانەوەى سیستەمە سیاسییەکان پارێزراوە.

ئێران

گەرچی لە سەرنجدان لە تەواوى هاوکێشەى ململانێی ناوچەکە، دەرکەوتووە ئەوەندەى کە ئێران هاوتەریب و هەماهەنگە لەگەڵ دەوڵەتانى ڕۆژاوا، ئەوەندە هاوپەیمانى ڕووسیا و چین نییە، بەڵام پەیوەندییە توندوتۆڵەکانى لەگەڵ ڕووسیا و چین، وەک کارتى گوشار وان بۆ سەر دەوڵەتانى ڕۆژاوا، تا لە ئاکامدا لەگەڵیدا ڕێک بکەون و قەرەبووى زیانەکانى گەمارۆکانى بۆ بکەنەوە.  بەڵام ململانێکان لەگەڵ ئێران دەگەڕێنەوە هەمان دۆخی جارانی سەردەمى ترامپی یەکەم، چونکە ئەوکات حکوومەتى ترامپ ئێرانی وەک دەوڵەتێک لە میحوەرى جەنگ ئەژمار کردبوو و وەک بەربەست و دوژمن وا بوو لە بەردەم بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. لە بەڵگەنامەى ستراتیژییەتى ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا بۆ ساڵی 2017ی حکوومەتەکەى ترامپ، 17 جار ناوى ئێرانى تێدا هاتبوو، وەک: پەرەپێدەرى چەکی ناوکی، پشتیوانی و داڵدەدانى تیرۆر، مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

کەواتە: ئایا ئێران لە بەرامبەردا چی دەکات؟ لە ڕووداوەکانى ساڵی ڕابردوو لە پەیوەندییە خراپەکانى ئەمریکا و ئێران، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە: ئێران تا بۆى بکرێ، خۆى لە خزانەناو جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەپارێزێ؛ تەنیا نمایشێک لە بەردەم ڕای گشتى بەسە کە گوایە دژ بەو دوو وڵاتەیە؛ کەمتر پەنا بۆ هەراسانکردنى ئیسرائیل دەبات. بەڵام لە ڕێگەى میلیشیا وەلائییەکانى سەر بە خۆى، هەوڵی گوشار بۆ سەر ئەمریکا دەدات، بەڵام کەمتر لە جاران. هەرچیشی بۆ بکرێ، هەوڵی وەستاندنی پەلامارى ئیسرائیل دژ بە حزبوڵڵا دەدات. خاڵە بەهێزەکانى ئێران لە دەرەوە زۆرترن وەک لە ناوخۆ، چونکە ئێران خاڵی بەهێزی لە ناوخۆدا زۆر کەم و لاواز بوونە. بەرەوپێشچوونەکانى ئێران بۆ ڕێکكەوتن لەگەڵ ئەمریکا، لە سەردەمی دیموکراتەکان زۆرتر بووە وەک لە کۆمارییەکان.

عێراق

پێگەى عێراق لە ستراتیژییەتى ئەمریکادا زۆر گرنگە؛ ئەوان بە یەکێک لە کلیلەکانى هەژموونى دەزانن بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق بەردەوام بوون، بەڵام کەم سات هەبووە بەردەوام بووبن لە سەقامگیری؛ هەڵبەزودابەزیان کردووە. ئەو گرنگییەیش زیاتر لە ساڵانی 2001 – 2015 زۆر بووە، بەڵام دواتر کەم بۆتەوە؛ بۆ نموونە بە سەرنجدان لە ناو و گرنگیی عێراق لە بەڵگەنامەى ستراتیژییەتى ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا لە ساڵی 2001 – 2021 کە دەکاتە بیست ساڵ، 112 جاران ناوى عێراق هاتووە و باس کراوە: سەردەمی بۆشى کوڕ 57 جار، ئۆباما 48 جار، ترامپ تەنیا 7 جار. هەر بۆیە لە سەردەمی ترامپ ئەوەندە بەبایەخەوە مامەڵە لەگەڵ عێراق نەکراوە. لەو 7 جارە، 6 جاریان لە بابەتى تیرۆر هاتووە، تەنیا یەک جار ناوی عێراق لەمەڕ پتەوکردنى پەیوەندیی هاوبەش هاتووە لەگەڵ عێراق. هەر لە ماوەى ئەو 20 ساڵەدا بۆش و ئۆباما و ترامپ بە 7 سەردان هاتوونەتە عێراق: 5 فەرمین ( بۆش 4 جار، ئۆباما 1)، 2 سەردانیشیان لەلایەن ترامپەوە بووە، کە هەردوو جارەکە نافەرمی بوون و تەنیا بۆ بەسەرکردنەوەى هێزەکانیان بووە لە عێراق.

هەر بۆیە ترامپ لە ماوەى سەرۆکایەتیى خۆى 4 ئامانجى لە عێراق هەبوو:

  • عێراق بەرەیەکی جەنگى ناوەندییە بۆ قەڵاچۆکردنى تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. کەواتە بەکارهێنانى هێز لە هاوکێشە سیاسییەکانى عێراق، ئەگەرێک و بژاردەیەکی بەهێز و چاوەڕوانکراوە.
  • پتەوکردنى پەیوەندییە هاوبەشە دوورمەوداکان لەگەڵ عێراق؛ ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێ کە ئەمریکا نیازی چۆڵکردنى عێراقی نییە.
  • سنوردانان بۆ هەژموونى ئیران لە عێراق بە هەر هۆکارێک بووبێت؛ کەواتە بۆ ئەو بابەتە هۆکارەکانى گوشار و بەکارهێنانى هێز چاوەڕوانکراوە دژ بە هەر گرووپێک کە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە.
  • بەرەنگاربوونەوەى هەژموونى چین و ڕووسیا بەسەر عێراقەوە؛ لەمەدا گوشارەکان زۆرتر دەبن و، پێویستە عێراق چاو بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ چین بخشێنێتەوە.

کەواتە ئەگەرەکانى هەڵکشانى هاوکێشەکان لە ساتى گەڕانەوەى ترامپ لە عێراق، بەرەو گرژى و بەکارهێنانى هێزی پتر دەبن.

ئیسرائیل

گەڕانەوەى ترامپ لە بەرژەوەندیى سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل “ناتانیاهۆ”یە. ئەو وا وەسفی ترامپ دەکات بەوەى گەورەترین دۆستى ئیسرائیلە لە کۆشکی سپی. بە گەڕانەوەى، هاوکێشەى غەززە بەرەو ئاقارێکی ترسناک دەچێ و هیچ نەرمییەک بەرامبەر فەڵەستینییەکان نانوێنێ؛ بۆ نموونە کاتێک دەسەڵاتى فەڵەستینی “مامەڵەى سەدە”ى ڕەت کردەوە، لە واشنتۆن دەری کرد؛ هەر ئەو بوو کونسوڵخانەى لە تەلئەبیبەوە گواستەوە قودس؛ لە سەردەمی ئەو بوو چوار دەوڵەتى عەرەبی (ئیمارات، بەحرێن، مەغریب، سوودان) بڕیارى بەستنى پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دا. کەواتە ئێستا ئیسرائیل بەئاشکرا پەیوەندیی لەگەڵ 7 دەوڵەتى عەرەبی هەیە، بە میسر و ئوردنیشەوە، ئەویش دواى 8 جەنگ و ململانێ. هەمیشە سەرۆکەکانى ئەمریکا بەبایەخەوە ڕوانیویانەتە ئیسرائیل؛ بۆ نموونە لە ماوەى 50 ساڵی پێشوو ( 1974 – 2024 )، 14 جار سەرۆکەکانى ئەمریکا سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە وەک پشتیوانیدەربڕین (نیکسۆن 1، کارتەر1، بیل کلینتن 4، بۆشی کوڕ 2، ئۆباما 2، ترامپ 1، بایدن 3).

کەواتە چی دەبێ؟

  • پاراستنى بەرژوەندییەکانى ئیسرائیل و برەوپێدانی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
  • وەستانەوە و بەرگریى سەرسەختانە لە ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل.
  • پاراستن و پتەوکردنى هەژموونى ئیسرائیل بەسەر دەوڵەتانى ناوچەکەوە لە هەموو ڕوویەکەوە.
  • یەکلاکردنەوەى هاوکێشەى فەڵەستین لە بەرژەوەندیى ئیسرائیل، ئەگەر بە گوشار بووبێ؛ بۆ نموونە لە مامەڵەى سەدەدا کە پێشنیارێکی ترامپ بوو بۆ دروستکردنى دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکان، گەرچی لەلایەن دەسەڵاتى فەڵەستینی و حەماسەوە ڕەت کرایەوە، بەڵام لەلایەن میسر و سعوودیا و ئوردنەوە کاردانەوەى ئەرێنییانەى دەرهەق کرا.
  • گوشارکردن بۆ بەستنى پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن دەوڵەتانى ترى عەرەبی، ئەویش بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستى نافەرمی بۆ ئاستى فەرمی لەسەر ئاستى حکوومەتەکان؛ بەمەیش مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتى جوولەکە لە ناوچەکە ئاسایی دەبێتەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیش لەگەڵیدا پتەوتر دەبن.

هەرێمی کوردستان

لە ڕوانگەى ئەو دیفاکتۆیەى کە باسمان کرد، دەتوانین ئەوەى کە پەیوەستە بە هەرێمى کوردستانەوە، وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتى، بڵێین:

  • دەبێ هەرێمی کوردستان لەوە حاڵی ببێ کە مامەڵە لەگەڵ کەسێکی پۆپۆلیستیدا دەکات. لەو بارەیەوە دوو هۆکار سەرەداوى بابەتەکەن: تەنیا بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا ڕەچاو دەکرێن؛ ئەمریکا لە ڕووی ئابوورى و ئاسایشەوە چەندی دەست دەکەوێ. لەو بارەیەوە گرنگیدان بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کارێکی دروستە.
  • خزاندنى هەرێمی کوردستان بەهۆى هاوکێشە دژوارەکانەوە بۆ ناو ململانێکان، ئەگەرێکی هەستیارە. دەبێ هەرێم داناییی خۆى بەکار بێنێ. هەرێم تەنیا دەبێ لە هاوکێشەى دژ بە تیرۆر چالاک بێت کە لە بەرژوەندیی هەرێمە و جێی مەترسیی دەوڵەتانى ناوچەکە نییە.
  • دەبێ هەرێمى کوردستان لە هەوڵی ئەوەدا بێت لە ڕووی دیپلۆماسییەوە ئەوە بە ئەمریکا بسەلمێنێ کە هەندێ لە بەرژەوەندییەکانى لە هەرێمی کوردستانن. هەر بۆیە نابێت پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا ڕوو لە ساردبوونەوە بکەن.
  • ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە ڕووی سیاسی و ئابوورى و ئاسایشەوە سەرلەنوێ ئەکتیڤ دەبنەوە؛ سەرلەنوێ ناساندنەوەى هەرێم بە ئەمریکا کارێکی پێویستە؛ دەنا پێوەرى دیموکراسی و مافی مرۆڤ هێندە لاى ترامپ بەبایەخ نییە.
  • هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم؛ چونکە ترامپ زۆر جەخت لەسەر سەقامگیریی بازاڕى وزە دەکاتەوە و گوشاریش دەکات بۆ دابەزاندنى نرخی نەوت.
  • پتەوکردن و گردبوونەوە و یەکڕیزى و یەکهەڵوێستیى نیشتمانى، کارێکی پێویستى قۆناغەکەیە.
  • بەردەوامبوون لە پرۆسەى چاکسازی لەسەر ئاستى دیموکراسی و دامەزراوەیییەوە کارێکی ئەرێنییە.
  • سەقامگیریی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، هاوتەریبە لەگەڵ سەقامگیریی پەیوەندییەکانى هەرێم لەگەڵ ئێران.
  • هەوڵدان بۆ بەئاکامگەیاندنى پرۆسەى هەڵبژاردن بە باشترین و سەرکەوتووترین شێوە؛ چونکە هەرێم لەوێوە دەتوانێ سەرلەنوێ: ڕەوایەتیى دەمەزەرد بکاتەوە، پشتیوانیی نێودەوڵەتى بۆ خۆى بەفەرمی بهێڵێتەوە، مانەوەى هەرێمی کوردستان وەک واقعێکی دەستوورى و پێویستیى نەتەوەیی بسەلمێنێتەوە.
  • ترامپ زۆر ئارەزووى مامەڵە لەگەڵ کەسەکاندا دەکات نەک دامەزراوەکان. ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم سەرلەنوێ دەبێ بەبایەخەوە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێ، چونکە دواى هەڵبژاردنیش پرسی پێکهێنانى حکوومەت لەبەر ململانێ و ناکۆکیی لایەنەکان کاتى زۆرترى لە جاران دەوێ، بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان.
  • بارودۆخى ناوچەکە و عێراق بەرەو هەڵکشان دەچێ؛ دەبێ هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە هۆشیار بێت و، پێگەى خۆى لەبەرچاو بێت.
  • هێشتنەوى پەیوەندییەکانى بەپتەوى لەگەڵ دەوڵەتانى کەنداو و ئوردن و تورکیا؛ کە هەموویان لە خولگەى سیاسیی ئەمریکا دەسووڕێنەوە.
  • ترامپ کەسێکی میزاجییە و تواناى دانیشتنى فەرمیی کەمە؛ هەر بۆیە هەرێم لە ساتی پەیوەندی لەگەڵیدا دەبێ دەرفەتى گونجاو بێنێ و زەمینەسازی بۆ بکات، بەو مانایەى دەبێ کۆدەکانى میزاجدروستیى ترامپ بدۆزێتەوە و لە دەرفەتی گونجاودا هەلەکان بقۆزێتەوە. بۆ نموونە کاتێک بازرگانێک دەبێتە سیاسەتمەدار یان سەرۆکی وڵات، دەبێ بە دواى چیدا بگەڕێت، یان بییەوێت چی دەست بکەوێت؟
image_pdfimage_print