پێنووس
2024

هاوکێشە سیاسییەکانى ناوچەکە دواى کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا

(خوێندنەوەیەکی ستراتیژییانە بۆ لێکەوتە و سیناریۆکان)

 

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

داهاتووی حزبوڵڵا دواى کوژرانی یەک دەرزەن لە سەرکردەى باڵا + ئەمیندارى گشتى

حەسەن نەسروڵڵا، ئەمیندارى گشتیى حزبوڵڵاى لوبنانى، ئیوارەى ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى 27/9/2024 لە هەڵمەتێکی بەئامانجگرتن لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، کە تێیدا وردترین زانیاریى هەواڵگرى و گونجاوترین کات و شوێن و پێشکەوتووترین چەکی تێدا بەکار هات، کە 85 بۆمب بوو؛ هەر یەکەیان کێشەکەى نزیکەى یەک تەن دەبوو. یەکێک لەو بۆمبە مووشەکییانە ساڵی 2009 لەلایەن ئەمریکاوە درابووە ئیسرائیل، کە پێشتر بۆ جەنگى کەنداو لە دژى سەددام دروست کرا بوو، کە تواناى بڕینى 50 مەتر لە خاک و 5 مەتر لە کۆنکرێتی هەیە. زانیارییەکە زۆر بۆ ئیسرائیلییەکان بەنرخ بوو، کە ئاماژەى بەوە دەدا، کە ئەمیندارى گشتیى حزب و 12 سەرکردەى سەرەکیی حزب بەشدارن لەو کۆبوونەوەیە، کە کۆى سەرکردە کوژراوەکانى، زیاترن لە 20. ئەوە بوو مووشەک و بۆمبەکان وەشێندران و، ئامانجەکانى خۆیشیان پێکا؛ نەک تەنیا هەر ئەوە، بەڵکوو ئیسرائیلییەکان ئەوەندە لە کارەکەى خۆیان دڵنیا بوون کە پێش حزبوڵڵا هەواڵی کوشتنەکەیان بڵاو کردەوە.

حەسەن نەسروڵڵا کە نازناوى پێشەوا و سوارچاکی گۆڕەپانی بەرگرى بوو دژی دەوڵەتى ئیسرائیل. وەک سەرۆکی هەمان حزبەکەى کە لە ساڵی 1992 لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، ئەمیش دواى 32 ساڵ لە دوژمنایەتیی ئیسرائیل هەمان چارەنووسی هەبوو.

کوژرانى ئەمیندارى گشتیى حزب و دەرزەنێک لە سەرکردەکانى، بووە هۆى هەڵتەکانى بنیاتی سیاسی و سەرکردایەتیى حزب، کە شوێنگرتنەوەیان ئەوەندە کارێکی ئاسان نییە؛ چونکە تەواوى ئەو سەرکردانە، خاوەن ئەزموون و پلان و زۆرزانیى حزبی و سیاسی بوون. ئەوەیش بۆشایییەک لەسەر ئاستى دەسەڵات لەناو حزب دەنێتەوە؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە ئیسرائیل توانیى زەرەرێکی کەمەرشکێن لەسەر سێ ئاست لەو حزبە بدات: کوشتنى 12 سەرکردە و ئەمیندارى گشتییەکەى، تێکدانى سیستەمى پەیوەندییەکانى حزب کە ئامێری پەیجەر و وکی توکی بوون، لەناوبردنى زۆرێک لە ژێرخانى سەربازی و بەرگریى حزب. ئەو سێ ئاستە ئەوەندە کاریگەرن کە وا بەئاسانی حزبوڵڵا ناتوانێ ڕیزەکانى خۆى ڕێک بخاتەوە؛ ئێرانیش بەو پەلەیە ئەو توانایەى نییە ئەو کارەیان بۆ بکات، چونکە هاوکێشەکان و وادەکە لە بەرژەوەندیى ئەو نین تا بەو ئاسانییە خۆى بخزێنێتە ناوەوە. ئێران هەر لە بنەڕەتەوە لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکان نەبوو و لە پەیامێکی بۆ حزبوڵڵا ئەوەى پێ ڕاگەیاندن: کە کاتەکە بۆ بەرەنگاربوونەوە گونجاو نییە.

بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە حزبوڵڵا بەو ئاسانییە دابڕووخێ و لە گۆڕەپان وەدەربنرێ. ئەو خاوەنى مێژوویەکە لە ئەزموونى سیاسی و چەکدارى و بەرگرى و جەنگ، خاوەنى تەرسانەیەکە لە چەک و مووشەک کە بە نزیکەى 150 – 200 هەزار مووشەک و قازیفە دەخەمڵێندرێت، کە دەتوانێ لە دژى ئیسرائیل هەڕەشەى پێ بکا، بنکەیەکی جەماوەریى تۆکمەى هەیە، ئەو حکوومەتى لوبنانى لە ڕووى سیاسییەوە ئاراستە دەکات، نزیکەى 100 هەزار هێزى چەکدارى هەیە، کە لەلایەن ئێرانەوە مەشقی باشیان پێ کراوە. هەر بۆیە لەو سۆنگەیەوە سەرکردایەتیى نوێی حزب لەسەر هەمان پەیڕەوى پێشوو دەڕوا و هەوڵی سەرلەنوێ ڕێکخستننەوەى ڕیزەکانى دەداتەوە؛ ئەوەندەیش تەرسانەى هەیە کە بتوانێ بەرگرى لە خۆى پێ بکات و بە بکەرێکی سەرەکیی بەرەى بەرگرى لە دژى ئیسرائیل بمێنێتەوە.

بەڵام ئیسرائیل ئەو ماوەیە بە حزبوڵڵا نابەخشێ بۆ بیرکردنەوە و خۆڕێکخستنەوە؛ بەردەوام هێرشە ئاسمانییەکان گورز لە ئامانجەکانیان لە لوبنان دەوەشێنن، لەسەر ئاستى وشکانیش لە باشوورى لوبنان هێرشی زەمینى بەدوور نازانرێ بۆ دەرکردن و خاپوورکردنى پێگەکانى حزبوڵڵا لە باشوورى لوبنان تا ڕووبارى لیتانی. بەڵام ئایا ئیسرائیل ئەو کارە بەبێ کۆمەکى هێزی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمریکا و فەرەنسا ئەنجام دەدات؟ بۆ ئەو ویست و ئامانجەیش ئیسرائیل، ئەمریکا و هەندێ لە دەوڵەتانى ئەوروپای لە هێرشە زەمینییە سنووردارەکە ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام ئاڵنگارییە جددییەکە بۆ حزبوڵڵا ئەوەیە کە ئایا بەو زووانە دەتوانێ خۆى ڕێک بخاتەوە و میراتی سەرکردەکانى پێشووى لەلایەن نوێکانەوە بپارێزێ؟ یان بەو ئاسانییە دەتوانن لەسەر بنیاتێکی سیاسی و ستراتیژى و دەسەڵات بۆ حزب ڕێک بکەون؟ ئەوەى کە پەیوەستە بە ئێرانیشەوە، بۆ گەیشتنە ئەو مەبەستە و ڕێکخستنەوەى ڕیزەکانى حزبوڵڵا لەسەر سێ ئاست کار دەکات: هەوڵدان بۆ ڕازیکردنى حزبوڵڵا بەو خەسارەتە (ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێ کە حەسەن نەسروڵڵا وەک قوربانییەکى هاوکێشەکە ئەژمار بکرێ)، نەچوونە ناو جەنگەکەوە بەڕاستەوخۆیی کە لە بەرژەوەندیی ئەو ناکەوێـتەوە (چونکە بەڕاستەوخۆیی سیستەمی سیاسیی ئێران دەکەوێتە مەترسییەوە)، خاوکردنەوە و ڕێگرتن لە هەڵکشانی زیاترى گرژییەکان تا لەدەست دەرنەچن و جەنگەکە تەواوى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بگرێتەوە و کاولکارییەکى بێشومار بە دواى خۆیدا دێنێت و نزیکەى 25 دەوڵەت لەو حاڵەتەدا تێوە دەگلێن.

لەسەر ئاستى لوبنانیش، ئیسرائیل مەبەستیەتى ژێرخانى لوبنان داڕووخێنێ و بارودۆخی سیاسییش لە نێوان لایەنە سیاسییەکانى بشڵەقێنێ و لە دژى حزبوڵڵا هانیان بدات، بەوەى کە حزبوڵڵا لە ساڵی 1992وە هۆکارى سەرەکی و ڕاستەوخۆى خاپوورکردنى لوبنانە. لە لایەکی تریشەوە مەبەستیەتى لە ڕێگەى ئەو گوشارانەوە حزبوڵڵا ناچار بکات بە ڕازیبوون و جێبەجێکردنى بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایش ژمارە 1701 کە پەیوەستە بە کشانەوەى هێزەکانى حزبوڵڵا لە باشوورى لوبنان تا دواى ڕووبارى لیتانی، کە ئەو پانتایییەیش نزیکەى 1100 کلم چوارگۆشە دەبێت.

کاریگەریى لەسەر جەنگى غەززە

جەنگی غەززە بە بارودۆخێکی ناوخۆیی لەسەر ئاستى سیاسەتى نێودەوڵەتى ئەژمار دەکرێ؛ جەنگە لە نێوان گرووپێک و دەوڵەت؛ لەسەر خاک و، هەر یەک لە ئەوان ئەوی دی ڕەت دەکاتەوە. شەڕی 7/10/2023 تواناکانى سەربازیی ئیسرائیلی خستە ژێر پرسیارەوە، بەوەى کە لە مێژووى ئیسرائیل بۆ یەکەم جارە گرووپێک بتوانێ ئەوەندە سەرباز لە سوپاى ئیسرائیل بکوژێ و دزەیش بکاتە ناو سیستەمى بەرگرییەکەى؛ بە شێوەیەک کە کاریگەریى نەرێنیی لەسەر ئابڕووى ئەو وڵاتە دروست کرد. دواى سنووربەزاندنى ئیسرائیل بۆ هەموو بنەما یاسایییە مرۆیییە نێودەوڵەتییەکان و تەواوى داواکارییەکان بە وەستاندنى جەنگ، نەیتوانى ئەو گرووپە لەناو بەرێت و، تەنیا لەقاڵبی دان؛ بەڵام لە بەرگرى دژی سوپاى ئیسرائیل هەر بەردەوامن. سەرۆکەکەیان تا لە غەززە بوو، دەرفەتى کوشتنى نەدا بەدەستەوە، بەڵام لە ئێران ئەو کارە کرا. ئێستا بەرەى جەنگ گوازراوەتەوە دژ بە حزبوڵڵا لە لوبنان، نەک دژ بە دەوڵەتى لوبنانى. هەر بۆیە دەوڵەتى لوبنان بیر لە بەرگرى ناکاتەوە؛ تەنیا ئەوەندە نەبێ باس لە وەستاندنى جەنگ و جێبەجێکردنى بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایش ژمارە 1701 دەکات.

ئەو جەنگە هەندێ گوشارى ئیسرائیلی لەسەر حەماس کەم کردەوە، بەڵام دەرفەت ناداتە حەماس بۆ پێشڕەویکردن. گەمارۆ و نەهامەتییەکانى خەڵکی غەززە بەردەوامن. هەوڵی وەستاندنى جەنگ و ئازادکردنى بارمتەکان و بیرۆکەى دوو دەوڵەتى، هەنووکە بێبازاڕ کەوتۆتەوە. جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانیش لەو بارەیەوە وەستاون. پەیوەندیی ئێران و حزبوڵڵا لەگەڵ حەماس لە دۆخی وەستاندایە، چونکە بارودۆخەکە تەواو ڕوو لە شڵەژانە و ئێران تا دێ بەهەستیارییەوە ڕەفتار دەکا. بەڵام هێرشەکانى شەوی سێشەممەى یەکی ئۆکتۆبەر، دەشێ پارسەنگی هاوکێشەکان بگۆڕێ، چونکە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر مژدەى ڕزگارکردنى گەلی ئێرانیان لە ڕژێمەکەى پێ دان. بەڵام ئەو وەرچەرخانە لە بارودۆخ و هاوکێشەکان، ئەوە ناگەیەنێت کە گوشار و مەترسی لەسەر حەماس نەماوە، بەڵکوو مەترسییەکانى لەناوبردنى پێگە و ژێرخانى سەربازی و کوشتنى سەرکردەکانى هەر لە ئارادایە. لە لایەکی تریشەوە چالاکییەکانى لە لوبنان وەستاون؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە تەواوى جووڵەکانى حەماس لەم بارودۆخەدا بۆ دەوڵەتانى ناوچەکە وەستاون. ئەوەى کە ماوەتەوە بۆ حەماس، تەنیا خۆڕێکخستنەوەیە و لەوانەیە هەندێ هەوڵی تۆڵەکردنەوەیش بدات لە ئیسرائیل، لە کاتێکدا کە بە جەنگی لوبنان و بەرپەرچدانەوەى هێرشەکانى ئێرانەوە خەریکە.

 ئایا کاریگەریى لەسەر بەرەى گرووپە وەلائییەکانى سەر بە ئێران چی دەبێ؟

لەو نێوەندەدا کە ئێران تا پێی دەکرێ نایەوێ گرژییەکان بەرەو هەڵکشان بچن، تەنیا بۆ ڕای گشتى و وەك خاوەن هەژموون، هەندێ کاردانەوەى بەرانبەر ئیسرائیل دەبێت، دەنا نیازی جەنگی نییە، ئەگەر نەتانیاهۆ دۆخەکە زیاتر لە پەرچەکردارى ئێران بەرەو هەڵکشان نەبا؛ کە ئەوە ویستى ئەوە دژ بە ئێران و تێوەگلاندنى دەوڵەتانى ئەوروپا و ئەمریکا. کەواتە گورزە توندەکە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە دژ بە گرووپە وەلائییەکان دەبێ. ئێرانیش هەر ئەوان بۆ کاردانەوە لە دژى ئیسرائیل و ئەمریکا هان دەدا. ئەوە بوو ئیسرائیل دواى حەماس لە بەهێزترینیانەوە دەستی پێ کرد کە حزبوڵڵایە. دواتریش لەسەر شێوازی دۆمینۆ، یەک لە دواى یەک گورزیان بەردەکەوێ؛ ئیدی دیار نییە سووریا پێش عێراقە، یان بەپێچەوانەوە، دواتریش یەمەن؛ دەشێ بە هاوبەشیکردنى دەوڵەتانى کەنداویش بێت وەک سعوودیە و ئیمارات، یان لەو قۆناغەدا تەنها بریتانیا و ئەمریکا ئەرکی بەرگرى و پاراستنى ئیسرائیل جێبەجێ بکەن، بەڵام پێ دەچێ گرووپە وەلائییەکان لە عیراق بۆ تێوەنەگلانی حکوومەتى عیراقی تەنها هەندێکیان ئەو کارە بگرنە ئەستۆ.

 وەک: حزبوڵڵا، چونکە لایەنە سەرەکییەکانیان لە حکوومەتى عێراقی بەشدارن و بە کاردانەوەیان حکوومەتى عێراق دووچارى هەڵوێستێکی دژوارى سەربازی و سیاسی لەمەڕ بارودۆخەکە دەکەن، کە لە بەرژەوەندیى عێراق ناکەوێـتەوە… بەڵام ئەوەى کە لێرە گرنگە ئاماژەى پێ بدرێ ئەوەیە: بەرەى گرووپە وەلائییەکانى عێراق لە ڕووی لۆجستی و دارایییەوە پشتیوانی ئەوانی تر دەبن، تایبەت لە سووریا و یەمەن.

بارودۆخەکە لەگەڵ ئەجێنداى پزیشکیان یەک ناگرێتەوە

گەرچی پەرلەمانى ئێران لە کاتى پەسەندکردنى کابینەکەى پزیشکیان، جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە نابێ هیچ کام لە بەرپرسانی کابینەکەى، لە هەوڵی دانانى ڕایەڵەى پەیوەندیدا بن لەگەڵ وڵاتانى ڕۆژاوا، بەڵام خودی هەڵبژاردنی پزیشکیان وەک ئەجێندایەکی ئێرانی وایە بۆ کرانەوە و قوتارکردنى ئەو وڵاتە لە دابڕان و جەنگ و گەمارۆکان. ئەو ڕۆڵەیش بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەى پەیوەندییەکان دێت لەگەڵ دەوڵەتانى ئەوروپی و ئەمریکا. لەو بارەیشەوە پزیشکیان لە نیویۆرک چەندان پەیامی ئەرێنیی بۆ ئەمریکا و دەوڵەتانى ئەوروپا نارد، بەتایبەت بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکكەوتننامەى ئەتۆمی. ئەمەیش ئەرکێکی قورسە بۆ پزیشکیان، چونکە مەبەست لەو جووڵە و ئەجێندایە، قوتارکردنى ڕژێمى سیاسیی ئێرانە لە ڕووخان و سەرلەنوێ پاراستنى و جۆشدانی، لە لایەکی تریشەوە خۆلادان لە هەر هەوڵێک بۆ تێوەگلاندنی لە جەنگێکی سەرتاسەرى کە ئاکامەکەى لەناوچوونى حوکمڕانیی ئێستاى ئێرانە؛ هەر کاردانەوەیەکیش کە ئەنجامی بدا، لە سنوورى دیاریکراو تێ ناپەڕێ و لە توانایدا نییە.

ئێران لە هەوڵدا دەبێت کە لە ڕێگەى گرووپە وەلائییەکانییەوە بۆ تۆڵەکردنەوە، هێرشەکانی زیاتر بکات؛ لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل گورزى خۆى لە تەواوى ئەو گرووپانە- لە هەر شوێنێک بن- دەوەشێنێ، تا هەرچیی کردووە تواناى سەربازییان لاواز بکات و مەترسییەکانى سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل کەم بکاتەوە. هەرچەندە ئێران لە پێناو حزبوڵڵا نەچووە ناو جەنگەکەوە؛ ئەوەى کە ڕووی دا تەنیا پەرچەکردار بوو وەک نمایشێک لە بەردەم ڕای گشتى و، نمایشێک بوو تەواو بوو. بەڵام تاکە پێوەر بۆ هەڵنەکشانى گرژییەکان، هەڵوێستى نەتانیاهۆیە، بەوەى کە ئایا وەڵامی توندى دەبێ دژی هێرشەکانى ئێران یان نا؟ ئەوەیش کاتژمێرەکانى داهاتوو یەکلاییی دەكاتەوە. لە لایەکی تریشەوە ئیسرائیل جەخت لەسەر لێدانی پێگە ستراتیژییەکانى ئەو گرووپانە لە لوبنان و سووریا و عێراق و یەمەن دەكاتەوە، بۆ نموونە لە یەمەن لە پارێزگاى “حودەیدەى”دا، کە لە 70% پێداویستییەکانى حووسییەکان لەو بەندەرەوە بۆیان دێت، ئەمەیش یەمەن لە بەردەم کارەساتێکی مرۆییدا دەبینێتەوە. لە عێراقیش پێ دەچێ یەکێك لە ئامانجەکانى ئیسرائیل، لێدان لە پارێزگاى بەسرە بێت، کە شادەمارى ئابووریى عێراقە. ئەودەمیش عێراق دووچارى قەیرانێکی داراییی قووڵ دەبێتەوە و لە هەمان کاتیشدا دەبێتە لایەن لە جەنگەکە و ئاکامەکەیشی لە بەرژەوەندیى ئەو ناشکێتەوە.

ئیسرائیل لە هێرشەکەى سەر لوبنان ئابڕووى خۆى کڕییەوە، بەڵام ئێرانیش کە هێرشەکەى پێشووترى بۆ سەر ئیسرائیل وەک نمایش و ئابڕووبەرانە بوو، ئەوەى سەرەتاى ئۆکتۆبەرى توندتر بوو. ئیسرائیل هەمان سیناریۆى غەززە لە باشوورى لوبنان دووبارە ناکاتەوە، تا سەرکەوتنى کردارى گەرەنتى نەکات، هەرچەندە ئێستا ئیسرائیل بەهێزترین دەوڵەتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە لە ڕووی سوپا و جۆرى چەکەوە، بۆ نموونە: بوودجەى سوپا 24.3 ملیار، 39 فڕۆکەى F35، 175 فڕۆکەى F16، 66 فڕۆکەى F15، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە سیستەمێکی بەرگریى بێهاوتاى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەیە، وەک: کڵاوەى ئاسنین، سلینگی داوود (David’s sling)، تیر، سیستەمی مووشەکی پاتریۆت؛ ئەمە سەرەڕاى تەواوى هاوکاری و پشتیوانیی ئەمریکا و دەوڵەتانى ئەوروپا بۆ ئیسرائیل لە ڕووى دارایی و سەربازی و دیپلۆماسییەوە.

کەواتە ئێران لەسەر ئاستى سەرۆکایەتى بەنیازی هیچ جۆرە کاردانەوەیەک نەبوو؛ ئەوەى کرا بڕیارى سوپا و ڕابەرە؛ ئاکامەکەیشی لەلایەن ئیسرائیلەوە بێوەڵام قوتارى نابێ. بەڵام پێوەرى ڕاستەقینە ئەوەیە کە نەتانیاهۆ بەنیازی وەستانی جەنگە یان نا؟ ئایا هێرش دەکاتەوە سەر ئێران؟ بەڵام پێ ناچێ وەک ئێرانییەکان ئەگەر هەندێ خەسارەتیش بدەن وەڵام بدەنەوە، چونکە بارودۆخەکە لەوە زیاتر بەرەو هەڵکشان بچێ کۆنترۆڵ ناکرێ و لە بەرژەوەندیشیاندا نییە. لەلایەکی تریشەوە ئەمریکا ماف بە ئیسرائیل دەدات لە سنوورێکی دیاریکراو وەڵامى ئێران بداتەوە، بەڵام لە هەوڵدا دەبێت گرژییەکان هەڵنەکشێن و ئەویش لە جەنگ تێوە نەگلێندرێ.

کاریگەریى لەسەر عێراق

حەسەن نەسروڵڵا پەروەردەى حەوزەى نەجەف بوو، پێش ئەوەى ببێتە وەلائییەکى ئێران. کوژرانی، داخ و کەسەرێکی زۆری لاى گرووپە وەلائییەکان دروست کرد. چەندان هوتافی تۆڵەکردنەوەیان دا، بەڵام تەنیا گرووپە بچووکەکان نەبێ، پەرچەکردارێک نەبوو. گرووپە وەلائییەکان و حکوومەتى عێراقی و ئێران بەهەستیارییەوە ڕەفتار دەکەن. حکوومەتى عێراقی گەرچی لەژێر گوشارى زۆرى گرووپەکاندایە و ئەوان بڕیارى سیاسی لە عێراق ئاراستە دەکەن و یەکلاییشی دەکەنەوە، بەڵام حکوومەت تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی تۆڵەکردنەوەى نەنواندووە. کەواتە هەڵوێستى فەرمیی حکوومەت تێوەنەگلانە لەو جەنگە و خۆپارێزییە؛ تەنیا ئەوەندە نەبێ کە بڕیاری داوە کۆمەکى و هاوکاریى مرۆییی گەلی لوبنان بکەن. بەڵام گرووپە وەلائییەکان و تەنانەت “سەدر”یش لە هەوڵی ئەوەدان کە هەڵوێستێکی جەماوەرى بۆ بابەتەکە دروست بکەن، تا لەوێوە گوشار بخەنە سەر حکوومەت بۆ هەڵوێستنواندن دژ بە ئیسرائیل و دەرفەتێکیش بۆ دەرکردنى هێزی هاوپەیمانان لە عێراق.

کەواتە دوو هەڵوێست لە عێراق هەن: هەڵوێستى حکوومەت کە خۆپارێزییە و بۆ ئەو مەبەستەیش لەگەڵ ئەو گرووپانە کۆ بۆتەوە کە پەرچەکرداریان نەبێ و هێرشەکانیان بوەستێنن. هەڵوێستى گرووپە وەلائییەکانیش کە دوو بەشن: هەندێکیان کە سەرەکین تەنیا بەنیگەرانى و ناڕەزایی هەڵوێستیان گرتووە، ئەوانى تریش بەکردار لە هەوڵی تۆڵەکردنەوەن بۆ حەسەن نەسروڵڵا. بەڵام تا ئێستا بەو شێوە کاریگەرە نییە کە ببێتە مایەى هەڵوێستنواندن لەلایەن ئیسرائیلەوە وەک پەرچەکردار دژ بەو گرووپانە و بەئامانجگرتنى پێگە و دامەزراوە ستراتیژییەکانى ئەو گرووپە و حکوومەت. ئەویش بە هەمان شێوەی ئێران، ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی توندى ئێران بداتەوە، ئەوا ئەو گرووپانەیش هێرشەکانیان چڕتر دەکەنەوە و لەلایەن ئیسرائیلیشەوە کاردانەوە دەبێت.

ئەوەى کە حاشاهەڵنەگرە لەو بارەیەوە، کە عیراق کاردانەوەى ڕووداوى کوژرانی حەسەن نەسروڵڵای لەسەرە، بەڵام سنووردارە و پەیوەستە بە هەڵوێستى ئێرانەوە، چونکە تا هەنووکە ئێران بەنیازی تێوەگلان نییە، ناشی هەوێت چالاکیی ئەو گرووپانە لەم قۆناغەدا توندتر بکاتەوە. خۆ ئەگەر گرووپەکان هەڕەشەکانى ئیسرائیل بە هەند وەرنەگرن و هێرش بکەن، ئەوا گومانى تێدا نییە عیراق زۆر بە ئاسانی تێوە دەگلێ و باجی قورسیش لەو بارەیەوە دەدات، بەڵام هاوکێشەکان ئێستا لە ڕووداوى کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا تێپەڕیوە بۆ بارودۆخە پڕمەترسییەکەى نێوان ئیسرائیل و ئێران.

هەڵوێستى ئەمریکا لەو بارەیەوە ئەوەیە، کە هەوڵی ڕاگرتنى جەنگ دەدات، بەڵام نەتانیاهۆ ئەو دەرفەتەى نەهێشتۆتەوە و سوورە لەسەر ئەجێنداکەى؛ تەنانەت گەیشتۆتە ئەو قۆناغەى کە ئەمریکاى هێناوەتە سەر خەت کە چۆن وەڵامی هێرشەکانى شەوی یەکى ئۆکتۆبەرى ئێران بدەنەوە و هەماهەنگییان هەبێ. بەڵام ئەمریکا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەیشدایە تێوە نەگلێ. هەمیشە لە ڕووداوەکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕای گەیاندووە کە هیچ کام لە هێزەکانمان لەلایەن ئێرانەوە بەئامانج نەگیراون، بەڵام ئیسرائیل مافی بەرگریى لە خۆى هەیە و ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی لێ دەکەین. هەر بۆیە گرووپە وەلائییەکانى ئێرانیش لە عێراق وازیان لە دژایەتیى ئەمریکا و هێرشکردنە سەر هێزەکانى هێناوە و ئێستا تەنیا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن. بەڵام لەلایەن ئەمریکاوە هەر هێرشێک لە هەر شوێنێکی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە بکرێتە سەر ئیسرائیل، ئەوان لە بەرەى بەرگریدا دەبن لەگەڵ ئیسرائیل. لەوێوە ئەگەری تێوەگلانى ئەمریکا زێتر دەبێت و ئاکامەکەیشی بۆ عێراق ئەرێنی نابێت. باڵیۆزی ئەمریکاش لە بەغدا هۆشداریى توندی دایە ئەو گرووپانە تا هێرش نەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانى وڵاتەکەى؛ بەپێچەوانەوە لەلایەن وڵاتەکەیەوە ڕووبەڕووی کاردانەوەى توند دەبنەوە.

کەواتە لە کۆتاییدا سیناریۆ و ئەگەرەکان چی دەبن؟

لەو بارەیەوە هەندێ ئەگەر و سیناریۆ هەن و قابیلی ڕوودانن، لەوانەیش:

  • سیناریۆى دانبەخۆداگرتن؛ تا چیدی گرژییەکان هەڵنەکشێن و نەبێتە جەنگێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. بەڵام ئەو ئەگەرە لە دواى هێرشەکانى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لاواز بووە.

دانبەخۆداگرتنى ئێران بۆ وەڵامى ئیسرائیل دژ بە ئەو؛  ئەویش لە پێناو ئەوەى جەنگى گەورە نەکەوێتەوە. ئەمریکا و دەوڵەتانى ئەوروپا و ناوچەکە ئەو ئەركە لە ئەستۆ دەگرن، بەوەى ئێران وەڵامی تری هێرشەکانى ئیسرائیل نەداتەوە و ئیسرائیلیش تەنیا هێرش بۆ چەند دامەزراوەیەک بکات لە ئێران، بەو مەرجەى دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران نەگرێتەوە، ئەویش بۆ ئەوەی ئێران خۆى لە جەنگ بەدوور بگرێ. بەڵام هێرشە سەرەڕۆیییەکان لەلایەن گروپە وەلائییەکانەوە هەر بەردەوام دەبن، بەڵام ئەو ئەگەرەیش بۆ ئێران کارێکی ئاسان نییە، بەوەى گرووپە وەلائییەکان شەڕ بۆ ئەو بکەن و هەر ئەویش بیانکاتە قوربانی تا لە جەنگ تێوە نەگلێ و خۆیشی دەستەوەستان دانیشێ. هەر بۆیە ئێران نەیتوانی ئەو هەڵوێستە وەرگرێ و، لە دووى ئۆکتۆبەر وەک تۆڵەسەندنەوە بۆ هەنییە و حەسەن نەسروڵڵا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.

  • ئیسرائیل بەردەوام دەبێ لە هێرشەکانى، تا ئەو کاتەى قووڵاییی ئاسایشی نەتەوەییی خۆى پتەو دەکات و دوژمنەکانى تەواو لاواز دەکات لە لوبنان و فەلەستین و یەمەن و سووریا و عیراق و، مەترسییەکانى سەر دەوڵەتى جوولەکە لە سنورەکانى دوور دەخاتەوە. ئەو دەمیش بارودۆخێکی نوێ لە پەیوەندییەکان و سیستەمى هەرێمایەتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دێتە کایەوە. بۆ ئەو مەبەستەیش لەوانەیە هێرش بکاتە سەر باشورى لوبنان و وەدەرنانى چەکدارانى حزبوڵڵا بۆ دواى سنوورى ڕووبارى لیتانی و ناچارکردنى دەوڵەتى لوبنان بە چەکداماڵینی حزبوڵڵا و چۆڵکردنى باشوورى لوبنان تا ڕووبارى لیتانی لە چەکدارانى حزبوڵڵا و جێگیرکردنى هێزی نێودەوڵەتى وەک فەڕەنسی و ئەمەریکی لە باشوورى لوبنان، بەمەبەستى جێبەجێکردنى بڕیارى 1701ى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى. لەو حاڵەتەدا حزبوڵڵا دەبێتە هێزێکی لاواز لەناو لوبنان و سەرلەنوێ دوبەرەکیی سیاسیی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا سەرهەڵدەداتەوە، چونکە جۆرێک لە هاوسەنگیی نێوان هێزەکان لە لوبنان دەگەڕێتەوە و هێزێکی چەکدارى باڵادەست لە دەرەوەى دەوڵەت ناتوانێ ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل.
  • سیناریۆیەکی تر ئەوەیە کە لەسەر هەموو ئاستەکان ئەوەندە گوشار بخەنە سەر ئێران، تا ناچارى ڕێکكەوتن و قبووڵکردنى مەرجەکانى ئیسرائیل و ڕۆژاوا ببێت. لەو حاڵەتەیشدا ئێران دەچێتە خولگەى سیاسەتى ئەمریکاوە لە ناوچەکە و بە لاوازکردنى ئێران، جۆرێک لە هاوسەنگییش بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەگەڕێتەوە و مەترسییشی بۆ سەر ئیسرائیل نامێنێت. ئەم ئەگەرە کاتێک ڕوو دەدا، کە ئەو سازشەى ئێران بۆ دەوڵەتانى ڕۆژاوا و ئیسرائیل لە بەرانبەر مانەوەى سیستەمى حوکمڕانیی ئێراندا بێت.
  • سیناریۆى کۆتایی ئەوەیە کە نەتانیاهۆ قسەى خۆى بباتە سەر، کە پێش چەند ڕۆژێک هەڕەشەى ڕووخاندنى ڕژێمی سیاسیی ئێرانی کرد و مژدەى بە گەلانى ئێران دا کە بەم زووانە ڕزگارییان دەبێ. لەو حاڵەتەدا گرژییەکان تا دێ بەرەو هەڵکشان دەچن و بازنەى جەنگ فراوانتر و توندتر دەبێت، بەڵام ئەگەرى هێرشی زەمینى بۆ سەر ئێران بەدوور دەگیرێ، تەنیا ئەوەندە نەبێ هێرشەکان ئاسمانى دەبن و تەواوى دامەزراوەکانى ئێران خاپوور و وێران دەکەن و زەمینە خۆش دەکەن بۆ ڕاپەڕینی جەماوەرى و پشتیوانیکردنى لەلایەن دەوڵەتانى ڕۆژاواوە تا سیستەمەکە بەدەستى خۆیان بڕووخێنن.

ئەدی کاریگەرییەکانى لەسەر هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

  • بەردەوام هەڵوێستى سیاسیی هەرێمی کوردستان تووشی ڕووگیری (ئیحراجی) دەکەن؛ لەوانەیشە پەرچەکرداریان بەرانبەر ئەو هەڵوێستانەى هەرێم هەبێ، بەوەى گرفت بنێنەوە لە بابەتى مووچە و هەندێ گرفتى یەکلانەبووەوە لەگەڵ بەغدا. هەر بۆیە سەرۆکایەتیى هەرێم دەبێ هەڵوێستى هەبێ و حەکیمانەیش دەریان ببڕێ.
  • هەرێم پێویستیى بە ئامادەباشی هەیە لەسەر بەرزترین ئاست، چونکە هاوکێشەکان دژوار دەبن و گرژییەکان ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بەرەو هەڵکشان دەچن. هەرێمی کوردستانیش دەکەوێتە ناو جەرگەى هاوکێشە و گرژییەکانەوە، لە ساتی ڕوودانى جەنگ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هەڵبژاردنەکەى پەرلەمانى هەرێم، نزیک دەبێتەوە لە مەحاڵ.
  • بەئامانجگرتنى هەندێ پێگەى هێزەکانى ئەمریکا لە هەرێم؛ لە لایەکی تریشەوە لەوانەیە لە کاتى هێرشەکانى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە کاتى تەشەنەسەندنى گرژییەکان، هێزەکانى ئەمریکا لە هەرێمەوە بەرگرى لە ئیسرائیل بکەن؛ ئەمە بێجگە لەوەى بە ناوى بوونى مۆساد لە هەرێم، ئێران هێرش بکاتە سەر هەندێ شوێن و دامەزراوە لە هەرێم.
  • بوونى دوو هەڵوێستى جیاواز لە هەرێم؛ زۆنی کەسک تەواو پشتگیریی گرووپە وەلائییەکان دەکات و پایتەختیش لە هەولێر تەواو خۆى دەپارێزێ کە لەو هاوکێشە و شەڕانە تێوە نەگلێ. بەڵام لەو بارەیەوە گوشارەکان بۆ سەر حکوومەتى هەرێم و پارتى دیموکراتى کوردستان زۆر دەبن.
  • جووڵەى دیپلۆماسیی بەردەوام لەگەڵ ئێران و سەردانى بەردەوامى بەغدا؛ تا بوارى هیچ کەلێنێک نەدرێ کە لەوە زیاتر گرفت بۆ هەرێم دروست ببێ.
  • پاراستنى سەقامگیریی هەرێم، بەتایبەت لەم ساتە هەستیارەدا كە پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان تەواو نزیک بۆتەوە؛ چونکە هەندێ لایەنى سیاسیی سەرەکیی هەرێم بۆیان دەرکەوتووە کە بەرەنجامەکان لە بەرژەوەندییان ناکەوێتەوە، هەر بۆیە مەبەستیانە بارودۆخەکە بشڵەقێنن تا پرۆسەکە ئەنجام نەدرێ؛ ئەو هەڵبژاردنەى کە تەواوى دونیا چاودێریى دەکا.

image_pdfimage_print